"an independent online kurdish website

لە حەوت کەژەوە بڕیارمان دا تۆڵەی یەک رۆژی تەواو ئامادە باشیی، لە پادگانەکەی شاخی گاڕێ بکەینەوە. بۆ ئەم مەبەستە، دەبوو هەوڵ بدەین، بە یەک شەو خۆمان بگەیەنینە نیزیک ئەو پادگانە،

 ئەو رێگایە پێشتر بە نیزیک دوو شەو توانیبوومان بیبڕین. پاش زیاتر لە دوو کاتژمێر بە تەنیشت تازەئاوادا تێپەڕین. لەو کاتە دا کەوتمە بیری ئەو دوو مندالە خوێن شیرینەی کە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لامان مابوونەوە و سەرەرای ئەوەی پاش ئەوەی رۆیشتنەوە، دەیانتوانی ئاشکرامان بکەن، کە چی وەک چۆن لە قسەکانیاندا دیار بوو، دوو مێرمنداڵی خاوەن هەڵویست و قسەی خۆیان بوون. ئەوان راستە تەمەنیان لە دەوروبەری ١٠ بۆ ١٢ ساڵان بوون، کە چی لە پێشمەرگە و شۆڕش ئاگادارن بوون.

بۆ ئەوانەی کە شارەزای ئەو ناوچەیەن، دەزانن کە ناوچەکە، بە کەوەلە و دۆڵو شیوی زۆر داپۆشراوە. لە بەدبەختی ئێمە، رێگاکەمان هەڵە کرد و زیاتر لە کاتژمێرێک هەر بە دەوری خۆماندا دەخولاینەوە، لەم دۆڵ سەر دەکەوتین و لەو دۆڵ سەرەوخوار دەبووینەوە. راستە هەم کاتژمێرێک رێگا چوونمان لە کیس چوو و بە راستیش ماندوو بووین، بەڵام لە کۆتاییدا رێگاکەمان دۆزیەوە و ئەم جار تووندتر بۆی کەوتینە ڕێگا بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو کاتژمێرەش بکەینەوە. خەریک بوو لە گاڕێ و لە پادگانەکە نیزیک دەبووینەوە. ناوچەکە، بە داخەوە بە دەست بێ ئاوییەوە دەناڵێنێ. لە شیوێک ئاومان دۆزیەوە و ویستمان مەتارەکانمان پڕ کەین، نەمانزانی دەنگی زەردەواڵە بوو یان مێشهەنگ، کە شارێکیان لە نیزیک ئاوەکە بوو. بە پەڵە مەتارەکانمان پڕ کرد و دوور کەوتینەوە. گەیشتینە بناری شاخی گاڕێ و لە مەودایەکی ٤ بۆ پێنج کیومتری لە پادگاکەوە و لە نیزیک رێگاکە ماینەوە. وتیان با هەر یەکەو بڕێک لەقو پۆپی داربەڕوو بێنین و خۆمانی پێ ئیستیتار بکەین. لە رێگاکەوە زۆر نیزیک بووین، بەڵام نەماندەتوانی رێگاکە ببینین. لە ماوەی رۆژەکەدا چەند جارێک دەنگی ماشینی پادگانەکە کە بەوێدا هاتووچۆیان دەکرد دەبیست. گاڕێ لە گەرمەسێر هەڵکەوتوە و وەک بەنیگەز نییە و زۆر گەرمە. هێندێک ماسی نێو قووتوومان پێ بوو، وتمان بۆ بیبەینەوە بۆ بەمۆ و با بیخۆین. کە ماسیمان خوارد، تینوویەتی زۆری بۆ هێناین و ئەو ئاوە گەرمەش نەک یارمەتی نەدەداین و بگرە زیاتریش تینوومان دەبوو.، کە مەمانخواردەوە. دوو کاتژمێرێک پێش خۆرئاوابوون، رۆیشتینە سەر رێگاکەوە چاوەنواڕی ئەوە بووین تۆڵەی یەکەم رۆژمان و ئەو هەموو دڵەڕاوکێەمان لە پادگانەکە بکەیەنەوە. خۆر ئاوا بوو، بەڵام لە هاتنی ماشینی پادگان هیچ خەوەرێک نەبوو. فەرماندەکەمان وتی پێم وانییە پاش ئەوەی خۆرئاوابوو، ئیدی ماشینی پادگان هاتووچۆ بکات. داوای لە ئیسمائیل رەحیمی کرد کە مەتارەکان ببات و بچێ لە شیوێک کە لەو دیومانەوە بوو، مەتارەکان پڕ بکات لە ئاوی فینکتر و بێتەوە. منیش وتم دروست نییە ئیسمائیل بە تەنها بچێ. بە چوون و هاتنەوە، نیو کاتژمێرێ رێگا بوو. ناوچەکەش ناوچەیەکی نیزامی بوو و زۆریش لە پادگانەکەوە دوون نەبووین. وتیان ئەگەر دەتوانی، تۆش لە گەڵی بچۆ. ئێمە دوو کەسی رۆیشتین بۆ ناو دۆلەکە، کە گەیشتینە سەر ئاوەکە، دەستمان کرد بە ئاو خوارد و لە پڕ دەنگی هاژەهاژ دۆڵەکەی پڕ کرد. زانیمان ئەو هاژەهاژە دەنگی رەگبارە و لە دۆلەکە دەنگ دەداتەوە. خێرا مەتارەکانمان پڕ کرد و لە کاتێکدا کە میعدەمان وەک مەشکە دەشلەقا، بە راکەراکە بەرەو سەرەوە کە‌ڵکشاین. گەیشتینە جێگای کەمینەکە، کەسمان نەبینی، گوێمان لێ بوو لە سەرەوەتر دەنگی هاوڕێکانمان دەهات و بانگیان کردین. رۆیشتین بۆ لایان و هەڵکشاین بۆ سەر شاخەکە. وتیان تۆلەی خۆمان کردەوە. پیکابێکی پادگانەکەمان بە وێرانی بەرەو خوارەوە بەڕێ کرد. هەواکە خەریک بوو تاریک دادەهات و چوونە سەر ماشینەکە مەترسیدار بوو. لە لایەکی دیکەشەوە، لە پادگانەکەوە نیرووی پشتیوانیان بەرەو شوێنی رووداوەکە بەڕێ کرد و دەستیان دابوە تەقەی وێڵ بەملاو ئەولادا.

گەیشتینە سەر گاڕێ و کەمێکیش بیرمان لەوە دەکردەوە کە مادام مەسیرەکەمان بۆ رێژیم ئاشکرا بوە، لەوانەیە لە نیزیک سنوور، کەمینمان بۆ دابنەینەوە. زۆری پێ نەچوو، لە رێگای بێتەلەوە، نازیمان کە دەستەیەکی دیکەی پێشمەرگەکانی هێزی شاهۆ و داڵاهۆ، لە پێشمانەوەن. ئەو پێشمەگانە بە فەرماندەیی عەبە رەش جوانڕۆیی، واتە عەبدوڵا ئەڵایاری ئەو ئێوارەیە لە چۆمی میرکی گروگەشتییەکیان تووش بوە، کوژراوێک و دیلیکیان کەوتۆتە بەر دەست. پاش کەمتر لە کاتژمێرێک گەیشتینە ئەو پۆلە پێشمەرگە و بە دیلێکەوە بە قڵا گەوریدا سەرکەوتین و درنگانێکی شەو گەیشتینە باخان لە شاخی بەمۆ. بەم جۆرە کۆتا تیمەکانی هێزەکانی شاهۆ و داڵاهۆ، کە ئەو ساڵە پێکەوە حەرەکەتمان کرد، ناوچەمان بە جێ هێشت و گەڕاینەوە بنکەکانمان. دیارە دواتر تیمێکی هێزی داڵاهۆش گەڕانەوە ناوچەی دالا‌ۆ و پاش ئەوەی لە داڵاهۆ، زەربەی باشیان لە دوژم دابوو، بە داخەوە لە گەڕانەوەیاندا لە چۆمی میرکی هەر لە نیوەڕۆوە، لە لایەن هیزێکی زۆری سپای پاسدارانەوە گەمارۆ  درابوون. پاش چەند کاتژمێر شەڕی دەستەو یەخە، توانییان گەمارۆکە تێک بشکێنن و بۆ جاری چەندەم، ئەو ساڵە تامی شکست بە رێژیم بچێژین.

تێبینی: فەرهاد شەبرەندی، ساڵی دواتر لە گەمارۆ ٤ رۆژییەکەی دۆڵی دەرە، بە بریندای کەوتە دەست دوژمن و وێرای هاوڕێکانی دیکەی، لە سێدارە دراو شەهید کرا. ناوبرا سەرپەلی یەکێک لە پەلەکانی هێزی بیستوون لە مەڵبەندی ٣ی جنووبی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بوو. ئیسمائیل رەحیمی، چەند ساڵ دواتر لە ناوچەی مەڕەخێڵ بە هۆی مینەوە گیانی لە دەست دا و شەهید بوو. عەبە رەش جوانڕۆیی، وەک جێگرلکی یەکێک لە لکەکانی هێزی بێستوون، ساڵی دواتر لە کوڕەی میانەی مەریوان، شەهید بوو.

رۆحی هەموو شەهیدەکان شاد و یادیان بە خێر.

پاش ئەم بیرەوەرییە، دەست دەکەین بە درێژەی گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانی ساڵی ١٩٩٠ی زایینی ناوچەکانی مەریوان، سنە و کامیاران. ئەو ساڵە مەڵبەندەکانی ١ و ٣ ی جنووب پێکەوە حەرەکەتمان کرد. سەرەتا لە دۆڵی دەرە گەمارۆ دراین. پاش ٤ رۆژ، توانیمان گەمارۆکە تێک بشکێنین و دواتر گەڕاینەوە بۆ ناوچەکانی مەڵبەندی ١.

چاوەنواڕ بن.

بابەتی پەیوەندی دار

لە بەرەبەری ٢٦ی سەرماوەز، رۆژی پێشمەرگەی کوردستان، بەشی 2، عەزیم ئەلیاسی

لە بەرەبەری ٢٦ی سەرماوەز، رۆژی پێشمەرگەی کوردستان، بەشی 1، عەزیم ئەلیاسی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی