"an independent online kurdish website

سەردەم، کات، شۆێن، هەل و مەرج مرۆڤەکان لە قاڵب دەدەن. لە دەرفەت، هەلومەرج و کاتە ئاستەمەکانا کەسایەتی گەلێک ڕوڵ و کاریگەری تایبەتیان هەیە.

لە قوناغی تێکۆشانی تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەردەمی بەرەنگار بوونەوەی داگیرکاریەکانی ڕژیمی حاکم دا کەسانێک هاتنە مەیدان کە لەوانەیە باسکردنیان ئاسان نەبێ.

دەکرێ باسی مرۆڤێک بکەین و هێندێکی پێدا هەڵبڵێین و بە کورتی پێناسەیەکی بۆ وەسەریەک خەین بەڵام کەسانێک هەن تا لە نێزیکەوە لەگەلیانا نەبی ئاستەمە بیانناسێنی یان بتوانی پێناسەیەکیان بۆ وەسەر یەک خەی بە کۆمەڵگە، خۆێنەر و دەروبەری بناسێنی  و بزانن باسی کێ دەکەی.

شەمسوڵا خەراجیانی پێشمەرگەی هێزی بێستون یەکێک لەو مرۆڤە تایبەتانەیە کە ئاستەمە بە ئاسانی بتوانین بڵێین کێ بۆ؟ ئاخر ئازایەتی و کوڕە خاسەیی جۆری هەیە، جۆرەکانی ئازایەتی و تایبەتبوون لە کات، سەردەم و قوناغی تایبەتا دیار دەکەون.

شەمسەڵا موزەفەری ناسراو بە شەمە خەراجیانی مرۆڤێک بوو لە قسە کردنا خۆشوێژ، لە سەنگەرا بە ورە و لە تەنگانە دا هێز.

هێزی بێستون لە ناوچەکانی کامیاران و کرماشانا تێدەکۆشا، ئەو هێزە یەکێک لە هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوو کە لە ناوچەیەکی ستراتیژی و هاوکات ناوچەیەکی پڕ لە مەترسیدا تێدەکۆشا. پێشمەرگە، کادر، فەرماندە و بەرپرسەکانی هێزی بێستون لە جۆڕێکی دیکە و لە ڕۆحێکی دیکە بوون.

هێزی بێشتون خاوەن نێزیکەی 150 شەهیدە، شەهیدەکانی هێزی بێستون بۆخۆیان و هەر کامەیان کتێبێکن، چیروکی نەنوسراوی ئازایەتی و کتێبی نەخۆێندراوی ورە و جوامێرین.

شەمە خەراجیانی یەکێک لەو پێشمەرگە، فەرماندە و دواتر شەهیدانەی هێزی بێستونە کە کەم ژیا بەڵام خۆەش ژیا، سەربەرز و ئازاد ژیا.

لە بنەماڵەیەکی هەژارا لە دایک بوو بەڵام بە دەوڵەمەنی ژیا و بە دەوڵەمەنی شەهید بوو. شەمسوڵا یان شەمە خەراجیانی جوانچاک، بە هێز لە بواری فیزکی، قسە خۆش و خۆێن شیرین بوو.

هێزی بێستون و کومیتەی شارستانی کرماشان  لە بواری ڕێکخستنی سەربازی و سیاسیەوە لە سێ لک و سێ کومیتەی ناوچە پێکهاتبوون. فەرماندەی هێز و بەرپرسی کومیتەی شارستانی هەبوو، کومیتەکانی کامیاران، رەوانسەر و ژاوەرۆ و هەروەها لکەکانی شەهید نادر، شەهید حەمەشەریف و شەهیدان هەرکامە خاوەن بەرپرس و جێگر بوون. لکەکان هەرکامە لە سێ پەل پێکهاتبوون و هەر پەلەی لە نێوان 12 بۆ 21 کەس بوو.

شەمسولا خۆێندەواری نەبوو بەڵام لە بواری سەربازیا بە جەسارەت و ئازا بوو، هەربۆیە کرابویە سەرپەل و بەڕاستی حەقی خۆشی بوو.

ناوی شەمە خەراجیانی بۆ خەڵکی ناوچەکانی کامیاران ناوێکی ئاشا و تایبەت بوو. بێگومان بێجگە لەوەی ئازا، جوانچاک و قسە خۆش بوو هێزی تایبەتی فیزیکیشی هەبوو، بە بەژن و باڵا مامناوەندی بوو، لەش و لاری لاواز دیار بوو بەڵام جەستەیەکی وەرزشی و پڕ لە ماسولکەی هەبوو.

   پارەیەکی ئاسنین هەبوو یان دوو تمەنی یان پێنج تمەنی بوو، شەمسوڵا ئەو پارە ئاسنەی بە دوو پەنجە یان قامکی دەستی واتە بە قامکی گەورە و قامکی ئیشارە دەنوشتانەوە. ئەو کارەی شەمسوڵا لە ناو خەڵکا دەنگی دابویەوە و وەک شتێکی تایبەت باس دەکرا و دەچووە هەر گوندێک خەڵک لێی کۆ دەبونەوە و دەیانویست کە بە چاوی خۆیان ئەو هێزە خۆەزایی و سێحراویەی شەمسوڵا ببینن و ئەویش زۆر بە ئارامی و لەسەرە خۆ پارە ئاسنەکەی دەنوشتانەوە و لە لایەن خەڵکەوە پێشوازەی وپشتیوانی لێدەکرا.

شەمسوڵا لە ناو هاوسەنگەرەکانیدا خۆشەویست بوو، هەموو پێشمەرگە، کادر و فەرماندەکانی هێزی بێستون خۆشیان دەویست، هەروەک وتم لە ناو خەڵکیشا خۆشەویست و بە ناوبانگ بوو، هەم وەک فەرماندەیەکی ئازا و هەم وەک پێشمەرگەیەکی قسە خۆش، خاوەن هێزی زۆری فیزکی و خەڵکی بوو.

شەمسوڵا موزەفەری لە شەڕا ئازا بوو، لە ڕێگە ڕوشتنا خێرا و لە گەشت و جوڵانا ماندوویی نەناس بوو. لەوکاتە دا کە پێشمەرگە دەگەیشتنە گوند یان شۆێنێک بۆ حەوانەوە شەمسوڵا خۆی یەکەم کەس بوو دەبووە نیگابان و پارێزگاری لە هاوڕێکانی دەکرد.

لە چەندین هێرش بردنە سەر موڵگەی دوژمن و لە چەندین کەمین دانانەوەدا بۆ داگیرکەران و هەروەها لە چەندین بەرەنگار بونەوەی هێرشی چەکدارانی ڕژیم دا خۆی نیشان دابوو، پێشمەرگەکان وەک هێزی پشتیوان چاویان لێدەکرد و لە هەر شەڕێکا بایە ورەی پێشمەرگە و هاوسەنگەرەکانی دەبردە سەر. لە زوربەی ئەو شەڕانە دا کە شەمسوڵا بەشدار بووە سەرکەوتن بە پێشمەرگەکان بووە.

 شەمە خەراجیانی لە هێنانی بریندرا و جەنازەی شەهیدەکانا لە کاتی شەڕا بە دەست و برد بوو و هەروەها چونکە هێزی فیزیکیشی هەبوو ڕوڵی زیاتری دەگێڕا.

کاتێک لکی شەهید حەمە شەریف لە نێوان کامیاران و کەنولە و لە شۆێنکی حەساسا کەوتنە بەر هێرشی دوژمن و ڕەحیم مەنبەری ناسراو بە ڕەحیم هەژار بریندار بوو، شەمسوڵا وەک هەڵۆیەکی تیژباڵ  دایە بەشانا و لە ژیر ئاگری گوللەی دوژمنا نەجاتی دا، کارێک کە باسکردنی تەنیا بە  خۆێندەوە ئاسانە و لێ تێگەیشتنی لەو کاتەدا نەبێ ئاستەمە.

بێننە بەرچاوی خۆتان، ژمارەیەک مرۆڤی شۆڕشگێڕی بێ ماوە و جێگەی مانەوە ماوەی یەک حەتویە لە شەڕ و هەڵهاتن دان، ناوچە هەمووی بە هێزی زۆری دوژمن تەنراوە و دەرفەتی پێشمەرگەکان یەکجار کەمە، هەروەها بەهۆی ئەوەی لە ماوەی یەک حەوتو دا دەرفەتی پشوودانیان نیە لە دەشتێکی بەرەهوت و لە ناو قوڕ و چڵپاوا توشی شەڕ بوون، لە وەها کاتێک دا کە زیاتر وەک خەونێکی ئاڵۆز دەچێ  و مرۆڤ تەنیا بیر لە خۆ ڕزگار کردن دەکاتەوە، لە کات و ساتێکی ئاوا دا پێشمەرگەیەک گوللە بەر قاچی دەکەوێ، ئێسقانی دەشکێی و ناتوانێ بجوڵی، ئازایەتی، مرۆڤایەتی، بەرپرسیارەتی و جەسارەتێکی گەورەیە بگەڕێیتەوە سەری و هەوڵی ڕزگار بوونی بدەی.

بەڵێ ئەوەی باسی دەکەم لە کات و ساتێکی ئاو دا بوو کە شەمسوڵا گەڕایە دواوە و بریندارەکەی هێنا و شەپێکی لە مردن و داگیرکەران هەڵدا.

زستانی ساڵی ١٣٦٢ هێزی بێستون لە ناوچەی دیواندەرە گیرسانەوە و ژمارەیەک پێشمەرگە بۆ عیلاج و پەروەردە ڕوویان لە ناوچەی سەقز و سەردەشت کرد. شەمسولا بۆ عیلاجی دەرمانی چوو بۆ نەخۆشخانەی حیزب کە لە گوندی حاجی ئەول، کاک کاوەی بەهرامی بەپرسی ئەو نەخۆشخانەیە بوو. لەوێ لەگەل هێزی شەهید عەزیز یوسفی و بەتایبەت فەرماندەی ئەو هێزەدا ئاشنا دەبێ و ناوچەکەی بە دڵ دەبێ و حەز دەکا لەوێ درێژە بە پێشمەرگایەتی بدات.

بەهاری ساڵی ١٣٦٣ ڕژیم هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ناوچەکانی ژێر دەستی پێشمەرگە و گوندە ئازادەکانی دەڤەری دیواندەرەی داگیر کرد. هەروەها لە ڕێگەی هێندێ لەو کەسانەی کە پێشمەرگە بوون و تەسلیم بە حکومەت ببونەوە و تێکەڵ بە خەیانەتکاری  ببوون و هەروەها بە هاوکاری چەکدارانی قیادە هێڕشیان کردە سەر نەخۆشخانەی حیزب لە حاجی ئەول.

لەو کاتەدا پێشمەرگەیەکی برینداری هێزی بێستون لەو نەخۆشخانەیە دا بوو، کاتێک هێرشی دوژمن قورس و ژمارەی پێشمەرگە کەم و بەشێکی زۆری بریندارەکان برینەکانیان قورسە شەمسوڵا و هاوڕێکانی مەقاومەت دەکەن و پێش لە خەساری زیاتر بە هاوسەنگەرەکانیان دەگرن.

شەمسوڵا و چەند هاوڕێیەکی لە دواین کاتەکانا پاشەکشە دەکەن و دەیانەوێ بگەنە لای ئەوانیتر، بەڵام پێشمەرگە بریندارەکەی هێزی بێتسون ناتوانێ هەڵێ و خۆی دەرباز بکات بویە بانگ دەکا لە پێشمەرگەکان و لەو کاتەدا بانگ لە شەمسوڵاش دەکات کە بە هانایەوە بچێ، شەمسوڵا بە بیستنی دەنگی ئەو پێشمەرگە بریندارە کە ناتوانێ خوی نەجات بدات خێرا دەگەڕێتەوە و بە سەر شانی دا دەدا و دەیهێنێتە شوێنی ئەمن، کاتێک لە تەپۆڵکەیەکەوە ئاودیو دەبن و پێشمەرگەکەی بە سەر شانەویە تەقەیان لێ دەکەن، شەمسوڵا پێشمەرگەکە بە دیوی هاوڕێکانی دا شوڕ دەکاتە و نەجاتی دەدا و خۆی هەوڵ دەدا کە وەڵامی تەقەی دوژمن بداتەوە کە بەداخەوە گوللەیەک بەر سەری دەکەوەێ و دەست و بە جێ شەهید دەبێ.

شەهید شەمسوڵا خەراجیانی بە شەهید بوونی خۆی خەمێکی گەورەی خستە هەناوی هاوسەنگەرەکانی و بۆشایەکی پڕ نەکراوەی لە سەنگەری بەرخۆدانی ئازادی کوردستانا تۆمار کرد.

یاد و ناوی هەرمانە و هەتا ئێستاش هاوڕێکانی، هاوسەنگەرەکانی، ناسیاو و دۆستەکانی باسی تایبەتمەندیەکانی شەمسوڵا دەکەن و بۆ نەوەکانی دوای خۆیانی دەگێڕنەوە.

شەمسوڵا مرۆڤێکی سادە و ساکار بوو، بێ فیز و دڵ فراوان بوو، ئازا و چاونەترس بوو،  لە تەنگانە و لە کاتە پڕ مەترسیەکانا بۆ هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانی فەرماندەیەکی  دڵنێا کەرەوە، ورە دەر و وزە بەخش بوو.

دەنگی خۆش بوو، بەژن و باڵای ڕێک و چاوەکانی پڕ بوون لە ئازایەتی، لە کاتی پشوو دا بە قسەی خۆش و هۆرەی جافی دڵی هاوڕێکانی خۆش دەکرد، لە شەڕ و تەنگانەدا دەبووە چەتری پاراستن و سەنگەری دەکردە چاوگەی بەرخۆەدان.

نازانم چۆن بتوانم باسی شەمسوڵاتان بۆ بگێڕمەوە، تەنیا ئەتوانم بنووسم، ئەوەی لەگەلیا نەبوبێ و ئەوەی لە شەڕا لە پەنایا نەبوو بێ، ئەوەی لە کۆڕی یارانا گوێی لە دەنگی نەبوو بێ و ئەوەی لە ناو خەڵکا لە کاتی دوو تەمەنی نوشاتنەوەدا نەیدیبێ نازانێ من باسی کێ دەکەم .

شەمسوڵا وەک هەموو شەهیدەکانی دیکەی هێزی بێستون و خەباتی ئازادی کوردستان  تایبەت و خاوەن تایبەتمەندی یەکجار تایبەت بوو.

شەمسوڵا موزەفەری مرۆڤ بوو، کورد بوو، پێشمەرگە بوو، ئەو لە قۆناغێکی تایبەتا، لە سەردەمێکی دیاریکراوا، لە ناوچەیەکی گرینگ و لە هێزێکی بە هێزا سەری هەڵدا و گەشەی کرد و مێژوویەکی لە ئازایەتی و خۆشەویستی تۆمار کرد.

یادت بەخێر کاکە شەمسوڵا، ئەی پاڵپشتەکەی ڕۆژی تەنگانە، ئەی پێشمەرگە ئازاکەی دیمۆکرات و ئەی مرۆڤە جوانچاکەکەی خەراجیان.

شەمسوڵا موزەفەری ساڵی 1337 لە گوندی خەراجیان لە نێزیک شاری ڕەوانسەر لە دایک بووە. ناوی دایکی عەینا و ناوی باوکی لوتفوڵایە، ساڵی 1359 بوەتە پێشمەرگە و بەهاری ساڵی 1363 لە گوندی حاجی ئەول لە ناوچەی سەرشیوی سەقز شەهید بوو.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی