"an independent online kurdish website

دوێنێ یەکشەممە ٣ی مارسی 2024، سەد ساڵ بەسەر دەرکردنی فەرمانی قەدەغەکردنی قوتابخانە و کۆمەڵە و میدیای کوردی لەلایەن حوکوومەتی تورکیا تێ پەڕی.

لە ٣ی مارسی ١٩٢٤ەوە تاکوو ئێستا تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات کە زمانی کوردی تەنیا زاراوەیەکی زمانی تورکییە. هەر لەو ڕۆژەدا یەکەمین دەستووری کۆماری تورکیا پەسەند کرا کە نکۆڵی لە بوونی زمانی کوردیی کرد.

لەو ڕۆژەی کە کۆماری تورکیا دامەزراوە و سەد ساڵی تێ پەڕاندووە تاکوو ئێستا بۆ کوردانی ئەو وڵاتە پڕ بووە لە ئازار و فرمێسک و هەڵاواردن و تواندنەوەی کولتووری و نکۆڵیکردن لە ناسنامەی نەتەوەیی و داپڵۆسین و قەدەغەکردنی زمان.

دوای شەهیدکردنی شێخ سەعیدی پیران و هاوڕێکانی لەلایەن دەوڵەتی مستەفا کەماڵ ئەتاتورک، پلانی تواندنەوەی کوردان لە تورکیا دەستی پێ کرد و هەتاکوو ئێستاش بەردەوامە. لە هەمان کاتدا هەوڵی بڵاوکردنەوەی زمانی تورکی لە باکووری کوردستان درا و گرنگی بە کەرتی پەروەردە و فێرکردن بە تورکی درا.

دەوڵەتی تورکیا پلانێکی داڕشت بە ناوی “چاکسازیی ڕۆژاوا” کە ئامانجەکەی ڕەتکردنه‌وه‌ی گەلی کورد و قەدەغەکردنی زمانی کوردی بوو. دروشمی پلانەکەیان ئەمە بوو: “شێرە تورکەکان بەسەر کوردایەتیدا سەر دەکەون” و بەو دروشمە دەوڵەتی تورکیا هەموو دەرفەتێکی بەکار برد بۆ تواندنەوەی زمان و کولتووری گەلی کورد. بەپێی بڕیارەکە هەموو ناوەندێکی حوکوومەت، شارەوانی و بازار و خوێندنگەکان بۆیان نەبوو بە زمانی کوردی قسە بکەن. تەنانەت لە گوندەکانیشدا بنکەی فێرکردن و پەروەردە دەبوو بە تورکی بێت و هەر کەسێکیش بە پێچەوانەی ئەو بڕیارە هەڵسوکەوتی بکردایە سزا دەدرا. هەوڵی دەوڵەتی تورکیا ئەوە بوو کە زمانی تورکی وەک زمانێکی شارستانی و پیرۆز و زمانی کوردی وەک زمانێکی دواکەوتوو نیشان بدات! هەروەها منداڵانی کورد لە زمانی دایک دوور بخرێنەوە.

ئەوەی کە لە ماوەی ئەم سەد ساڵەدا پەیوەندیی بە زمانی کوردییەوە هەبووە ئەمە بووە کە:

– بەکارهێنانی زمانی کوردی ڕێگەپێنەدراو بووە.

– زمانی کوردی و ئەوەی کە پەیوەندیی بە زمانی کوردییەوە هەبووە، بە شێوەیەکی سیستماتیک سەرکوت کراوە.

– فێرگەی کوردی داخراوە.

– مۆسیقا و شانۆی کوردی قەدەغە کراوە.

– لە ماوەی ئەم سەد ساڵەدا لە دیدی دەوڵەتی تورکیا دەبێت ناونانی کوردی لە منداڵان قەدەغە بکرێت؛

– میراتی کولتووریی کوردەکان لەناو ببرێت.

– ناوی گوند و شارە کوردنشینەکان بگۆڕدرێن بۆ تورکی.

– باسی ناسنامە و کولتووری کوردی نەمێنێت.

لە دەستووری ساڵی ١٩٨٢ی تورکیا هاتووە: زمانی دەوڵەت تورکییە”. هیچ کەسێک ناتوانێت بیروڕای خۆی بە زمانێکی قەدەغەکراو دەر ببڕێت یان بڵاوی بکاتەوە.  “جگە لە زمانی تورکی، هیچ زمانێکی دیکە وەک زمانی دایکیی هاووڵاتیانی تورک لە دامەزراوەکانی فێرکردن و فێربووندا ڕێگەپێدراو نییە”.

ئامانجی دەوڵەتی تورکیا هەتاکوو ئێستا ئەمە بووە:

یەک زمان، یەک نەتەوه‌، یەک دەوڵەت و یەک ئاڵا.

بۆیە ڕێگە بە خوێندنی زمانی کوردی بە شێوەیەکی فەرمی نادات و ئەمە بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی دەوڵەتەکەی دەزانێت و هێندە لەم بارەیەوە بەتوندی دژی کوردەکان وەستاوە و هەڵوێستی توندی هەبووە کە تا ئێستاش بەردەوامە و دەوڵەتی تورکیا دژی خوێندن و فێربوونی زمانی کوردییە.

لە پەرلەمانی تورکیا کاتێک پەرلەمانتاران بە کوردی قسە دەکەن، لە پرۆتۆکۆلی پەرلەماندا بە (X) تۆمار دەکرێت، بەو پێیەی تورکیا بەفەرمی، دان بە بوونی زمانی کوردی نانێت.

دەوڵەتی تورکیا ئینکاری ئەو ناوانەی کورد دەکات کە پیتەکانی (x و w و q)ی تێدایە چونکە ئەو پیتانە لە ئەلفبێی کوردیدا هەن و لە ئەلفبێی تورکیدا نییەن. هەر بۆیە کورد بەهۆی قسەکردن بە زمانی زگماکی لە شەقام یان گۆرانیوتن لە ئاهەنگی هاوسەرگیریدا دەکوژرێت و ناوی کوردیی شوێنەکان و خەڵک کراون بە تورکی.

لەم پرۆسەیەدا و لە خەبات دژ بە دەوڵەتی داگیرکەری تورک، هەزاران گەنجی کورد کوژراون، سیاسەتمەدارانی کورد زیندانی کراون و کۆمەڵگای کوردی تووشی زۆرداری و ناخۆشی بوونەتەوە؛ کەچی زمانی کوردی دوای سەد ساڵ هێشتا زیندووە. سەرەڕای هەموو هەوڵێکی دەوڵەتی تورکیا بۆ سڕینەوەی کورد و زمانی کوردی، بەختەوەرانە زمانی کوردی گەشە دەکات.

لە سایەی ئینتەرنێتدا – تورکیا هەرگیز لە کوشتنی کورد سەرکەوتوو نابێت. لە ئەوەی کە ٢٠ میلیۆن کورد لە ئێران و عێراق و سوریا دەژین، گەرەنتیی بوونی زمانی کوردییە و زمانەکە لە هەموو کاتێک زیندووترە.

کورد نیشانی داوە کە دەسەڵاتی ستەمکار و داپڵۆسێنەر، هەرگیز دوا قسەیان دەست ناکەوێت.

هەر بەم بۆنەیەوە و بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە زمانی کوردی لە تورکیا، ئەمڕۆ دووشەممە ٤ی مارس لە کتێبخانەی کوردی لە شاری ستۆکهۆڵم، سمینارێک ڕێک خرا. ئەم سمینارە لەلایەن ڕۆژنامەنووس و نووسەری بەناوبانگی سویدی-کورد، بەڕێز کوردۆ باکسی بە هاوکاریی فیدراسیۆنی نەتەوەییی کورد و یەکێتیی ژنانی کوردستان بەڕێوە چوو. لەم سمینارەدا کۆمەڵێک نووسەر و نوێنەرانی (PEN)ی سویدی و هەندێ ڕێکخراوی تر وتاریان پێشکەش کرد و پەیامی ناوەندی نووسەرانی سویدیش خوێنرایەوە. هەندێک لەو وتاربێژانە بریتی بوون لە:

پاتریک هادنیوس (Patrik Hadenius) زمانزان و بڵاوکەرەوە

مارتین کاونیتز (Martin Kaunitz) چاپکەر

ئەلیزابێس لۆفگرێن (Elisabeth Löfgren) سەرۆکی لیژنەی نووسەرانی زیندانیکراو. (PEN)ی سویدی

کەماڵ گۆرگو (Kemal Görgü) ئەکتەری سویدی-کورد

سەیران دوران (Seyran Duran) سەرۆکی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان

بەرزان کۆچکایا (Berzan Koçkaya) سەرۆکی فیدراسیۆنی نەتەوەییی کورد

ڤیلدان تانریکولو (Vildan Tanrikulu) وەرگێڕی فەرهەنگی سویدی-کوردی

سەرکان بیروسک (Serkan Birûsk) نووسەر و نوێنەری (PEN)ی کوردی لە وڵاتی سوید

وێنە: ئیدریس هاشمی و کوردۆ باکسی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی