"an independent online kurdish website

رۆمـانی (کـۆشـان و چـۆڕاوگەی چـێـژ) لە نـووسـینی نـووســەر و رۆژنـامـەنـووس و تێکـۆشەری ناسراوی گەلەکەمان کاک (دارا خـونچـە) یە. رۆمـانەکە لە (٤٥٢) لاپەڕە پێکهاتووە. لە ساڵی (٢٠٢٢) دا لە چاپخانەی (کتێبخانەی فێربوون) دا چاپی یەکەمەی کـراوە و بڵاوکراوەتەوە،

تیـراژی (٥٠٠) دانـە. دەرهـێنانی هـونەریی (رۆژ دیزایـن)ە.

هـەڵسەنگانـدنی رۆمـانی چـۆڕاوگەی چـێژ، لە رووی: ناوەڕۆک، داڕشتـنی وێـژەیی و هـونـەری، رێنـووسی، زمـانەوانی، هـزری، پەیـام و ئامـانجـەکانی، لە خـۆم رانـابینـم باس لەسەر هەمـوو ئەولایەنـانەی بکەم. ئەمـە بە کاری رەخـنەگـرێکی شارەزای ئەو بوارانە دەزانـم، کە بە شێوەیەکی دروست و بێ لایـەنـانە ئەم رۆمانە هەڵـبسەنگـێنێت.
بەڵام وەک خوێنەرێک، هـەر خوێنەرێکیش بە پێی تێگەیشتنی، راو و بۆچوونی خۆی هەیە، دەشێت هاواڕام نەبێت و هەمان را و بۆچوونی منی نەبێت. ئەمەش سروشتییە.
بە تەنها جارێکی خوێندنەوەش، ناکـرێت بە پوختی و بە درێـژی مافی خۆی بدەیـتێ و بە کامی دڵ باس لە هەمـوو چـیرۆکەکان و بەسەرهـاتەکانی ناو ئـەم رۆمانە بکـرێـت. رەنگە بە نووسـینی پەرتـووکێکـیش کـۆتـایی بە هەڵـسەنگانـدنی ئەم رۆمـانە نەیـات. بـۆیـە زۆر بە کـورتی و بـە چـڕوپـڕی سەرەنج و را و بۆچـوونەکانـم دەخـەمـە روو.  

من پێموایە ئەم رۆمانە، رۆمانێکی تـازە و نـاوازەیە. هەرە زۆری جورەکانی رۆمانی لەخۆگرتووە، وەک: شـۆڕشگـێری و نیـشـتمانی، رامیـاری، مـێژوویی، کۆمـەڵایـەتی، ئەڤـینـداری، یـادەوەری، بیـۆگـرافی، کـۆمیـدی، رەخـنەیی،… تـد.

رۆمانی کۆشان و چۆڕاوگەی چێژ، لە رووی داڕشتن ویژەیی و هونەری و رێزمانی و هـەڵەی رێنـووسی و جـوانکاری و رەوانبیژی و خاڵـبەنـدییـەوە، مەگەر بە دەگـەمـەن هەڵەی تێـدا بێت، ئەمەش توانـا و بەڵـەدی و ئەزموونی دوورودێـژی رۆمـاننووس لە زمانی کوردی و هـونەری نووسین و داڕشتن دەسەلمێنێت. بەڵام نووسەر تا رادەیەک شـێوە زارێکی ناوچەیی باشووری کوردستانی لە نووسینی رۆمـانەکەی بەکارهـێناوە. هـیچ شاکارێکی وێـژەیی جیهـانیش پێـرفـێکـت نییە و هـەڵـەی تێـدا هـەیە. رۆمـانەکە کـراوتە (٧) بەشـەوە، هـەمـووشیان بەیەکـەوە گـرێـدراون. چەنـدیـن بەسـەرهـات و کارەسات و چـیرۆک و کـێـشە و بابـەتی هـەمـەجـۆرەی چـێژبـەخـش و خەمبـەخـشی لەخۆگرتوون، خەنـدە و فـرمێسک، شادی و خەم، تێکەڵ بە یەکـری دەبـن. ئەکـتەرە سەرەکی و لاوەکـییەکان لە هـەردوو رەگەز زۆرن. بەڵام خـودی نـووسـەر، ئەکـتەری سـەرەکی و دینەمـۆی رۆمـانەکەیەتی. زۆر راسـتگـۆیانە و بـوێـرانە بەسەرهـاتەکان و خۆشی وچـێژە سێکسییەکان دەگێڕێتەوە. کە لە ئاین و داب و نەریتی کۆمەڵگای ئیمەدا، رەنگە بڤـە و سنوور بەزانـدن بن. بەڵام نووسەر بە مافی ئازادی هەر تاکێکی دەزانێت. بـڕواشی بـەو قـسانەی هـەیە کە دەیـانـڵـێـت. بـەو کـردانەش کە کـردوونی و دەیـانکات. نەک هەر خۆێ، بەڵکو زۆربەی ئەندامان و لایەنگران و بەرپـرسانی رێکخـراوەکەیـان. بەرپرسەکانیـشیان لەم رووەوە، پێشەنگ و سەرمەشقـن. ئامانجیشیان هـۆشیارکـردنەوە و گۆڕانگارییە لە ژیانی ئەمـڕۆ و داهاتووی کۆمەڵ و پووچەڵکـردنەوەی، ئەو ئەفـسانە  باوە نەریتییە دواکەوتووانەی، کە لە ئەمـڕۆدا، بوونەتە لەمپەر لەڕێی ئازادی و گـۆڕان و چاکـسازیـدا. کە تەنیا کەسانێکی چاوچـنـۆک و دز و پارپـەرسـت و دەسەڵات پەرسـت لـێی سوودمەنـدن. چـالاکـییەکـانی رێـکخـراوەکەشـیان، بە زۆری لە لە وڵاتـانی دەرەوە دایە، چـونکە ئازادیییەکی زیـاتر هـەیە. زۆربـەی ئەنـدامـان و لایەنگـرەکانیشـیان، لەو کەسانە کە وازیـان لە پارتییەکان هـێناون و لە کـۆنـدا پێـشمەرگە و شۆڕشگـێڕ بوون. یان لەو کچ و ژنانەن، کە لە ترسی چالاکییەکان و کێچەڵکـردنی سێکـسی هەڵهاتـوون.

 رۆمـاننووس بە خەبـاتی پارتـایەتی و رێـکخـراوەیی نهـێـنی ناو شـار، دژ بە رژێـمی ستەمکار و سەرکـوتکەر و داپـڵـۆسێـنەر دەسـت پێـدەکات. کە ئاشکـراش دەبێـت. بـۆ درێـژەدان بە تێکۆشـان و بەرخـودانی، لە پێناوی رزگـارکردنی نیشتمانەکەمان و مافە رەواکانی گەلەکامان. دەچـێتە ناو شۆڕش و دەبێتە پێشمەرەگەیەکی دلـێر و و نەبـەرد. دەبێتە پێـشمەرگەیەکی چەک هـەڵگر و بە سەرکردەیەک لە هـێزێکی پێـشمەرگەدا، لە چەندین داستانی نەبەردیی دەستەویەخەی شەڕ لە دژی رژێـمی دیکتاتۆری، بەشداری دەکات وەک کادرێکی رامیاریش، گوندنشینەکانیش هـۆشیار دەکاتەوە. سەرسەختانەش داکۆکی لە مافەکانی چـینی چەوسـاوە و مافـخـورا و سەرکوتکـراو و دەمکـوتکـراوان و ژنان دەکات. وەک نووسەر و رۆژنامەنووسێکی بە ئەزمۆنیش، بەسەر هـیچ کارەسات و هەڵـوێست و چالاکی و چـیرۆک و سەرگـوزشتە و گـێڕانەوەیەک، بازی نەداوە کە بە چاوانی خـۆی بینیویانی، یا خـۆي بەشـداریی تێـدا کـردوون. یـان بۆیـان گـێڕاونـەتـەوە. بەبێ ئارایش و تیفـتیفەدان، تـرش و خوێ پێوەکردن، وەک مێـژوونووسێکی راستگـۆ، لە تێـنووسی بیـرەوەرییـەکانیـدا تـۆمـاری کـردوون. بـوونـەتە ئـیـلهـام و هـەوێـن و لە چـوارچـێوەی ئـەم رۆمـانەیـدا، بـە شـێوەیــەکی وێـژەیی و هـونـەری دایـانی ڕێـژاون.
بە تونـدی و بێ سازشکردن، رەخنەی لە هـەمـوو ئەو گەنـدەڵی و دزی و قـورخکردن و خـۆخـۆی و بـەرژەوەنـدپـەرستی و هـەلـپەرسـتی و بـێـسەر و بـەرەییـانە دەگـرێـت، کە لە نـاو شـۆڕشـدا هـەبـوون. پـێـگە و پـایـەی بـڵـنـد و بەرپـرسیارێـتـیی هـەستیار و چارەنووسساز کەوتبوونە بن دەستی کەسانێکی هەلپەرست و بەرژەوەنـدی پەرست و نابـەڵـەد و گەلحـۆ و هـەرزەگـۆی هـیچ لەبـار، کـە لـەولای هــیچەوە لـۆقەیان دەکـرد. کـەسی شـیاو نەبـوون لـە شـوێـنی شـیاودا. کەسـانـێکی دەربـەگ و کـۆنەپـەرسـت و هەلـپەرسةت و بەرژەوەنـدی پەرسـت بــوون. فـڕیـان بەسـەر شــۆڕش و رامیـاری و رێکخـستنەوە نەبـوو. کەسانێکی کاسەلـێس و پێـڵاودانـەر و مەسینەهـەڵگـر و تـەشی رێـس و شانتەکـێن و دەڵـەچە و یان کۆڵکە رۆشنبیریان لە خۆیان کۆکـردبوونەوە، بۆ ئەوەی بە شان ۆ شکۆیاندا هـەڵبدەن. کرمی باڵ باڵـێـنەوە و خـزمخـزمـێنە و پاشکۆیی و ناوچەگەری و خـێـڵەکی و بنەمـاڵەیی، جەستەی لە شـۆڕشیان کـرمـۆڵ کردبوو. فـرە کوێخایی و جیاوزی و دووبەرەکی مـلمـلانێ و جـیابوونەوە بـراکـوژی سەریان هـەڵـدا.  
بە سەدان پێشمەرگەی ئازا و دڵسۆزیان، لە خشتەبردن و لە شەڕی نەفرەتی براکوژیدا بە کوشتیان دان. کە تا ئەمڕۆش هەنـدێکیان گۆڕنادیارن. دوایش سەرکردەکانی شەڕی براکوژی، وەک نە بایـان دیتـبێ و نە باران، ئەوەی بە بیریـانـدا نەیەت ئەو پێشمەرگە کوژراوانەی شـەڕی بـراکـوژیـن. هـەزاران تـف و نەفـرەت لە شـەڕی بـراکـۆژی بێـت. ئەو پێـشمەرگە و رابـەرە رامیـارە دڵسـۆزانەی ناو شـۆڕش، یـان دەبـوایە قـوڕوقـەپی لێبکەن ـ ئەمەش ناکرا ـ یان تومەتێکیان بۆیان هەڵدەبەست و داوێکیان بۆ دەنایەوە و لە ناویان دەبردن، یا ئەوەبوو کە ناچار دەبوون، چەک دابنێن و سەری خۆیانهەڵبگرن و نیشـتمانەکەیـان جـێبهـێـڵـن ببنە پەنابەری وڵاتـان. 
نووسـەر دێتە سەر نوشستی شۆڕش و داگیرکردنەوەی زۆربەی ناوچەکانی نیـشـتمان لەلایەن رژێمـەوە. تا دەگـاتە راپەڕیـن خەڵـکی لە دژی رژێـمە داگـیرکەری خـوێـنڕێـژ.

دەسەڵاتی بەڕێـوەبـردن دەکـەوێتـە دەستی پارتـییە خـۆسەپـێـنەکان. لە دوژمـن خـراپـتر سەرکـوت و دەمکـوتی خـەڵـکی رەش ورووت و بـرسی و بێ دەرتـانی نیشـتمانەکەمان دەکەن و تا دێت بەری ئازادی و یەکسانی تەسکتر دەبێتەوە. بە هەزاران لاوی جوانمان بێزاربوون و لە ترسی رۆحیان و لە بێ هـیواییـدا سەری خۆیان هـەڵگرت و نیشتمانیان بەجـێ هـێشت. بە شـێکیان بـوونە خـۆراکی ماسیی دەریـاکان. بە شـێکـیشیان بـوونـەتە پەنابەرانی وڵاتان. بەشێکی زۆر لەو جاشانەی کە ببوونە چاوساغی دوژمن، لە جیاتیی سزادانیان. کەچی رێـزیان لێدەگرن و کاربەدەستن و لە پێگە و پایەی باڵای دەسەڵاتدان، شوێنیان کـردوونەتەوە و یاری بە چارەنـووسی گەل و نیشتمانەوە دەکەن. رۆماننووس بە راشکاوی و بەبێ تـرس، بە بەڵگە و نمـوونەوە، باسی لـەم گەنـدەڵـییانەی کـردووە.

نووسەر دێتە سەر باسی خەبـاتی رێکخـراوە چاکـسازی و راستکـردنەوەکەیـان، کە لە نیشـتـمان و لە دەرەوەی نیـشـتـمانـدا دایـان مەزرانـدووە. لە پێنـاوی داکـۆکـیکردنێکی سەرسەختانە لە مافەکانی سەرکوتکراوان و چەوسێنەران و مافەکانی ژنان و یەکسانی بوونیان لە هەموو مافێکـدا لەگەڵ پیاوان. چونکە کچان و ژنان لە هـیچ روویەکەوە لە پیاوان کەمتر نین. مەگەر لە کۆمەكگایەکی پیـاوسالاری و نێرسالاری و ئاین سالاری و کۆنەپەرستدا نەبێـت. کە وا لە ژنـان دەڕوان، کاڵایەکی بازرگانین و کڕین و فـرۆشتنیان پێوە دەکرێت و تەنیا بۆ دامـرکاندنی خرۆشی ناوگەڵیان، چـێژ لە جەستەیان وەردەگـرن. یەکسانیان لەگەڵ نێردا هـێڵی سوورە. هەر ئەم کۆنەپەرستانە تا ئەمڕۆش، کە خێزانێک چەنـد کچـێکی هـەبێـت و کوڕیـان نەبـێـت. بە وچـاخ کـوێـر نـاوی دەبـەن. ئـەم مـێـشک پـووچـانە، بیـر لەوە ناکـەنەوە، کە هـاوسەرەکانیـان ژنـن و دایکـانیان ژنـن و لـە ژنـان لەدایک بوونە و بەبێ ژن ناتوانن بـژیـن. ئەوەتا ژن ژیـان ئـازادی، بوونە بە دروشمی شـۆڕشی نـوێی ژنـان لـە کوردسـتان و لـە دەرەوەدا. رێکـخـراوەکەیـان سـەرسـەخـتانە داکـۆکی لە مـاف و لە ئازادییەکانی ژنـان دەکـەن. بە چـاوی یەکـسانی و هـاومـافـییەوە، سەیـری پیاوان و ژنـان دەکـەن. هـەرەس بە دیـواری جیـاوازی دەهـێـنن. رێکخراوەکەشیان کراوە و بێ سنوورە، ئەندام و لایەنگرەکانشیان لە هەموو نەتەوەکان پێکهـاتـوون، کە بـڕوایان بە ئـازادی و بە یەکـسانی هـەیە.

شایەنی باسیشە رۆماننووس ناوی ئاشکرای هیچ کەس و شوێن و پارتییەکی نەهێناوە. بەڵکـو هەر ئەکـتەرێک لە ئەکـتەرەکانی رۆمانەکەی، نناوێکی خـوازراوی گونجاوی بۆ دانـاون. وک: کـیژە رووگەش و قەشـەنـگەکە، بەڕێـوەبەری گـەورە، هـاوڕێ هـێـستر، هـاوڕێ سی سی، خـانـمی تـاقـانە، شـیـنە شـاهـۆ، بـاش باخـەوان، بـابی ئامـۆزا، کـیژە تـاوس ئاساییـەکە، هـاوڕێ کڵاوقـوت، هـاوڕێ رۆژهـەڵاتی، مـامـۆسـتای مـۆسیقـاژەن، خانی کوڕانی، کاکە کـیژانی، کیژی ئەندام پەڕلەمان، خوشکێ، سەرتۆپ، کوریکەسۆر، خـونچـە، شـەکـرسـتانی، ئامـۆزا، چـاو گـەش و شـتەکە،… تـد. 

بە کورتی تا رۆمانی (كۆشـان و چـۆڕاوگەی چـێژ) ی کاک (دارا خـونچە) نەخـوێـننەوە ناتوانـن ئەو پەیـام و مەبەست و ئامانجـە نـزیک و دوورانەی هـەڵـبهـێجـێنـن و چـێژ و سوودی لێوەربگـرن. ئێـوەش سەرنـج و رەخـەنە و بۆچـوونەکانی خـۆتان بخەنە روو. تێـشدەگەن کە ئەم رۆمـانە چ ئامانجـێکی: رامیـاری و کۆمەڵایەتی و مافـەکانی مـرۆڤ بە ژنـان و پیاوانەوەی لەخۆگرتـوون. بۆ یەکەم جاریشە سنووری بـڤـەکان دەبەزێنێـت. بە راشکاوی و بـوێـرییـەوە، باس لە بەسەرهـات و چـیرۆک و لە چـێژی دامـرکـانـدنی خـرۆش و ئارەزووی نێـوان ژنـان و پیـاوان دەکات. بـە گـرنگـیشی نازانـێـت، کە وەک هـەر سەرکـێشییەکی داهـێنان و تازەگـەری، کە رۆمـانەکەی چی رەخـنە و مشـتومـڕ و دژایـەتیکـردنـێک بە دوای خـۆیـدا دەهـێـنـت. پێـمـوایە نـووسـەری راســت و ئـازا، یا نابـێـت بنـووسێـت، کـە نـووسـیشی نابـێـت بتـرسـێـت.

لە کۆتاییدا، جـوانتریـن پیـرۆزبایی و دەستخـۆشی لە کاک دارا خونچـە دەکەم. بۆ ئـەم رۆمانە مۆدێـرن و ریچکەشکـێن و ناوازەی. مـن وەک خوێـنەرێک، لە زۆر رووەوە، چـێـژ و خۆشی و سـوودێـکی زۆرم لێوەرگـرت. چەنـد وشەیەکی تازەش بەرچاوکەت.

رەزا شـوان

دوبـەی: ٢٠٢٥

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی