لە ساڵەکانی دوای 1360ی هەتاوی دا باو بوو کە کۆمیتە ناوچەکانی حیزبی دێمۆکڕات لە مەڵبەندی پیرانشار و شوێنەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵێ جارێک کۆنفرانسی ساڵانەیان دەبەست،

لە پیرانشار پێنج کۆمیتەی ناوچە هەبوون کە سەر بە کۆمیتەی شارستانی پیرانشار بوون، کۆمیتەی ناوچەی پیرانان یەکێک بوو لەو کۆمیتە ناوچەیانە، بە ئاگاداری کۆمیتەی شارستان، لەڕێکەوتی ٧/٧/١٣٦٠ی هەتاوی لە گوندی گرشهیتان لە ناوچەی بەریمێرگان کۆنفرانسی ساڵانەمان گرت، کاک ئەبووبەکر هیدایەتی لە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزب بۆ سەرپەرەستی (چاوەدێری) کۆنفرانسی کۆمیتەی پیرانان هاتبوو، بەهۆی ئەوەی کۆمیتەکەمان یەکێک بوو لە کۆمیتە بەهێزەکانی حیزب و کەوتبووە سەر ڕێگای جادەی سەردەشت ــــ پیرانشار و ئەو ناوچەیە نووکی هێرشی دوژمن بوو، وە هەروەها بۆ ئەو کۆنفرانسە چەند ئەندامێکی نەهێنی شارەدێی شیناوێن بەدەمووچاوی شاراوە بۆ ئەو کۆنفرانسە بانگ کردبوون. کۆمیتەی شارستانی پیرانشار ئەو مافەی بە کۆمیتەکەمان دابوو کە کاک ئەبووبەکر هیدایەتی کۆنفڕانسەکە بەڕێوەبەڕێ. لەو کۆنفرانسەدا ٧ ئەندامی ئەسڵی و ٣ کەس وەک کادری تەشکیلاتی و جێگر هەڵبژێران.(١)

کاک ئەبووبەکر دوای هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەی تازە و لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا لەسەر ئەرکی ئەندام و ناوەرۆکی کۆنفرانسەکە بەوردی قسەی کرد، کاک ئەبووبەکر لەناو قسەکانیدا وتی: کۆنفرانسێکی بە دیسپیلین و بەهێزی حیزب بوو، بۆ من وەک نوێنەری کۆمیسیۆن جێگای شانازییە کە لەوەها کۆنفرانسێکدا بەشدار دەبەم کە ئەندامانی نەهێنی حیزب بە دەمووچاوی شاراوە لە ناو کۆنفرانسدا دەبینم، کە ئەو ئەندامانە بێبەش نەکراون لە بەڕێوەبردنی کار و ئەرکی حیزبیان.
لەسەرەخۆیی و وشە بە ئەدەبەکانی و لێوە هەمیشە بەبزەکانی کاک ئەبووبەکر سەرنجی ئەندامانی بەشدار لە کۆنفرانسی بۆ لای خۆێ ڕاکێشا، بە شێوەیەکی حیزبییانە و بەرپرسانە ئەو کۆمیتەیەی تەشویق کرد، بۆ ئەوەی مافی ئەندامانی حیزب کە لە ژێر دەسەڵاتی دوژمنن نەفەوتا بوون، چەند جارێک لە ناو کۆنفرانسدا دەستخۆشی لە ئەندامان و کادر و پێشمەرگەکانی ناوچەی پیرانان کرد.
کاک ئەبووبەکر هیدایەتی لە ١٧ی یانواری ١٩٩٤ی زایینی لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆمبێکی نامەییان بۆ هاوسەرکەی”پەروین حەسەنخاڵی” نارد بوو کە بەداخەوە لەکاتی کردنەوەی نامە بۆمبیەکەدا، دەدەستەکانی کاک ئەبوبەکردا دەتەقیتەوە و زۆر بە سەختی بریندار دبێ، دوای ماوەیەک بەهۆی برینە سەختەکانی لە ڕێکەوتی ٦/٧/١٩٩٦ی زایینی شەهید دەبێ و دەچێتە ناو کاروانی شەهیدانی کوردستان.
شەهید ئەبووبەکری هیدایەتی ئەوکات ئەندامی کۆمیتەی سویدی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بوو و زۆر چالاکانە و زانایانە لە وتووێژ دەگەڵ رادیۆ کوردی و فارسیەکان بەشداری دەکرد و پارێزەری مافی خەڵکی کورد و سیاسەتەکانی حدکا بوو.
کاربەدەستانی کۆماری تێرۆریست پەروەری ئێران توانی بیستنی ڕاستییەکانیان نەبوو و پلانیان بۆ شەهید کردنی دانا، سەرەڕای زامە بەژان و ئۆڤ و ئازارەکانی شەهید ئەبووبەکر بە برینداریش بە ڕووحییەکی گەورەوە درێژەی بە وتوێژەکانی دەدا.
تێبینی:
هەرکەس موشتاقی خەبات و ڕابوردووی پڕ لە شانازی شەهید ئەبووبەکری هیدایەتییە دەتوانن بابەتێکی پڕ ناوەرۆک و دەوڵەمەند کە لە لایەن بەڕێز حەسەن قارەمانی کادری دڵسۆزی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بە ناوی ” ژیانێک لەخزمەتی ئازادی کورد: خەباتی کاک کامڕان ( ئەبوبەکر) هیدایەتی” بخوێننەوە کە لە ڕێکەوتی ٥/٧/٢٠٢٥ی زایینی لە کوردستان مێدیا و ماڵپەری پێشمەرگەکان و گیاڕەنگ و مێدیاکان بلاو کراوەتەوە.
سڵاو گیانی پاکی سەید ئەبوبەکری هیدایەتی و هەموو شەهیدانی کوردستان.
(١)یەکێک لەوان ئێستاش پێشمەرگەیە”حەسەن ئەبرووزەنی” ، بەشداری ئەو کۆنفرانسە بوو.
سەید عەلی هاشمی
2025-10-02
بابەتی پەیوەندی دار
وتووێژی نەمر کامڕان ( ئەبوبەکر) هیدایەتی لە گەڵ رودیۆ پژواک دوای ترۆر کردنی بە فارسی، ساڵە نەڵۆسی