Hoppa till innehåll
Hem » پەیامی ساڵی نوێ و خوێندنەوەیەک بۆ دۆخی کوردستان، ساڵە نەڵۆسی – سایتی پێشمەرگەکان

پەیامی ساڵی نوێ و خوێندنەوەیەک بۆ دۆخی کوردستان، ساڵە نەڵۆسی – سایتی پێشمەرگەکان

ساڵی نوێی میلادیتان پیرۆز بێت،  ئەوە ساڵی ٢٠٢٥ی میلادیمان بەڕێ کرد و سایتی ”پێشمەرگەکان” هێشتا لە دنیای ئینتەرنێتدا بە چالاکی ماوەتەوە. بەداخەوە، کاناڵی یوتیوبی چەند ساڵەی سایتەکەمان لەلایەن کۆمپانیای یوتیوبەوە سڕایەوە؛ ئەمە ڕووداوێکی زۆر ناخۆش بوو بۆ من و هیچیشم پێ نەکرا بۆ گەڕاندنەوەی.

ساڵی ٢٠٢٥ ڕۆیی و کوردستان هێشتا نەیتوانیوە بگاتە سەربەخۆیی. ڕۆژهەڵات و باکوور هەروا لەژێر دەستی داگیرکەراندان. لە باکووری کوردستان، بەهۆی پرسی چەکدانان و تەسلیمبوونی پەکەکە لەسەر بنەمای بڕیارەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، چارەنووسی کورد ناڕوونە و داهاتوو نادیارە.

لە ڕۆژئاوای کوردستان، حکومەتێکی خۆسەر هەیە، بەڵام بەداخەوە داهاتووی ئەویش هێشتا لێڵە. ئۆجەلان لە زیندانەوە بۆ ڕۆژئاواش پلانی خۆبەدەستەوەدانی هەیە، کە لە پەیامی ساڵی نوێیدا بە ڕوونی دیارە. ئۆجەلان لە دەسپێکی پەیامەکەیدا دەنووسێت:

”لە سەدەی ڕابردوودا، هێرشە ئیمپریالیستییەکان و پەرەسەندنی ناسیۆنالیزم، پێکەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان خستە نێو شەڕ و ئاژاوەی دژوارەوە. ئەم شەڕە ڕێگەی بۆ وێرانکاری و داڕمانی کۆمەڵایەتی خۆش کرد. ئەو تایفەگەری و ناسیۆنالیزمە نەژادییەی ئەمڕۆ هەرێمەکەی داگرتووەتەوە، ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەم مێژووە نزیک و پڕ ئازارە. بەداخەوە، ستراتیژی ’پەرتکە و زاڵبە’ی سیستەمی هەژموونخواز هێشتا بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوامە. ڕێک لەبەر ئەم هۆکارە، دیدگای ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە ئێمە پێشنیارمان کردووە و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ی ئادار، ڕێخۆشکەرە بۆ خێراکردن و بەرەوپێشبردنی ئەم پرۆسەیە.”

ئۆجەلان هێرش دەکاتە سەر ئیمپریالیستەکان و پێی وایە پەرەسەندنی ناسیۆنالیزم هەڵەیە؛ لە کاتێکدا ئێستا ئەگەر ڕۆژئاوا توانایەکی هەبێت و حکومەتی خۆسەری ڕاگرتبێت، ئەوە بە پشتیوانیی ئیمپریالیستەکانە. هەروەها ئەو ناسیۆنالیزمەی لە تورکیا و وڵاتانی داگیرکەردا دژی کورد هەیە، لە ناوچەکانی تردا نییە. بۆیە داهاتووی کوردی ڕۆژئاوا بە ناڕوون دەبینم.

باشووری کوردستان لەمێژە فیدراڵییە و خزمەتی زۆری لێ کراوە، بەڵام بەداخەوە کێشەی پارتی و یەکێتی لەسەر پێکهێنانی حکومەت، دروستنەکردنی هێزی پێشمەرگەی یەکگرتوو، پەنابردن بۆ حکومەتی ناوەندی بۆ مووچە و ڕادەستکردنی نەوتی هەرێم بە بەغدا، حکومەتی هەرێمی زۆر لاواز کردووە. ئەوە ساڵی ٢٠٢٦ هات، بەڵام هێشتا ڕوون نییە کەی ئەم هێزە سەرەکییانە ڕێک دەکەون.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەوتووەتە ژێر فشار و زوڵمێکی زۆر؛ ڕۆژانە سەدان لاوی کورد دەخرێنە ناو چاڵە ڕەشەکانی کۆماری ئاخوندیی ئێران، هەزاران لاوی کورد لە سێدارە دراون یان ناچار بوون وڵات بەجێ بهێڵن. لاوەکان هێشتا بە گیانی خۆیان لە مەیدانەکەدان و حیزبە سیاسییەکان، لەوانە حیزبی دێموکرات، لە مەیدانی خەباتدا ماونەتەوە و کۆڵیان نەداوە. بەڵام یەکگرتوویی لەنێوان هێزەکانی ڕۆژهەڵاتدا تا ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی نییە و پلانێکی توکمە بۆ دوای ڕووخانی ڕێژیم لە ئارادا نییە.

ئێرانی ئاخوندی دوای شۆڕشی ”ژینا” خۆی نەگرتووەتەوە. هەر ئێستا کە ئەمە دەنووسم، لە تاران و چەندین شاری تری ئێران خۆپێشاندان دژی ڕێژیم و دژی گرانی بەردەوامە؛ نرخی یەک دۆلار چووەتە سەرووی ١٤٠ هەزار تمەن. لە ئێران کێشەی ڕێبەری لەنێوان دوو هێزی دیکتاتۆری وەک ”موجاهیدین” و ”سەڵتەنەت تەڵەب”دا هەیە. من وای بۆ دەچم لە داهاتووی ئێراندا ئەم دوو هێزە دەکەونە گیانی یەکتر و شەڕی دەسەڵات ڕوو دەدات.

هەموو هەوڵی فارسەکان ئەوەیە کە ئێران پارچەپارچە نەبێت. هیوادارم ئەم پارچەبوونە ڕوو بدات، بە مەرجێک کورد و نەتەوەکانی دیکە وەک هاوڕێیانی باشوور بۆ دانانەوەی حکومەتی دژی خۆیان نەچنە تاران و ئاشتیان نەکەنەوە؛ بەڵکو لەبری ئەوە، خۆیان ڕێک بخەن و حکومەتی کوردستان پێک بهێنن.

بەم هیوایە، ساڵی ٢٠٢٦ ساڵی ڕووخانی دیکتاتۆرەکان و یەک لەوان حکومەتی ئاخوندیی ئێران بێت، و ساڵی ئازادیی کوردستان بێت.