لەم بابەتانەدا هەوڵ دەدەم کە کاریگەرییەکانی ئۆجەلان لەسەر کێشەی کورد لە بەشەکانی کوردستان شی و شرۆڤە بکەم و ئاوڕێک لە فەلسەفەی ئۆجەلان و هزری ئەو کەسایەتییە بدەمەوە.
لەم خوێندنەوەیەدا ئۆجەلان و پارتی کرێکارانی کوردستان وەک دوو کایەکەر و ئەکتەری سیاسیی جیاواز دەردەکەون کە هەرکامەیان خاوەن تاکتیک و بۆچوونی سیاسیی جیاواز و تاییبەت بەخۆیە.
ئۆجه‌لان و پێگه‌ی له ئاڵوگۆڕه‌كانی باكوور دا؛
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه به‌ڕێز ئۆجه‌لان ماوەی پتر لە پانزە ساڵە له یەکێ لە به‌ندیخانه‌کانی توركیه و له دوورگه‌یه‌كی دووره‌په‌رێزدا به‌ند كراوه، كه‌چی تاكوو ئیستاش هێز و پێگه‌ی خۆی پاراستووه و بگره بهندكردنهكهشی لەوە ڕێگر نه‌بووه كه جوڵه به گه‌ل و كۆمه‌ڵگای باكووری كوردستان بكات و بنه‌ماکانی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیشی هه‌میشه و هه‌رده‌م یارمه‌تیده‌ری شوێنكه‌وتووانی بووه و هاوكات زۆر كه‌سی دیكه‌ش له ده‌ره‌وه‌ی ڕێكخستنه‌كانی په‌كه‌كەدا توانیوێتی له وته و نووسراوه‌كانی ئۆجه‌لان كه‌ڵكی باش وه‌ر بگرێت. به‌ڕێز ئۆجه‌لان به‌ندكردنه‌كه‌ی به‌گۆشه‌گیری سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی تێپه‌ڕ نه‌كرد و به هه‌لێكی هه‌ڵكه‌وتوو و به‌رده‌ست ئه‌ژماری كرد كه له قۆناغی شۆڕش و خه‌بات و تێكۆشانیدا ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆ نه‌ڕه‌قساوه كه كاتی گونجاو و پێویست بۆ كۆڵینه‌وه له ڕووداوه‌كانی مێژووی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوەڕاست و زاگرۆس ته‌رخان بكات و خوێندنه‌وه‌ی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی بۆ قۆناغ و بڕگه‌كانی مێژووی شاراوه‌ی زاگرۆس و مێزوپۆتامیا بكات، بۆیه له‌و كاته‌وه كه به‌ندكراوه، هه‌موو هه‌وڵ و تێكۆشانی خۆی خستووەتەگهڕ به مه‌به‌ستی ئه‌وه‌كه خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێ بۆ شارستانییه‌تی كۆنی كوردستان بكات و ڕووداوه‌كانی شارستانییه‌تی سوومێر و مێدیا و كوردستان پێكه‌وه گرێ بدات و ڕه‌وتی ڕووداوه نوێكان به مێژوو ببه‌ستێته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه به‌ڕێز ئۆجه‌لان ده‌ستی به هه‌موو چه‌شنه سه‌رچاوه‌كانی مێژوو و زانست له ده‌ره‌وه‌ی به‌ندیخانه نه‌ده‌گه‌ییشت، به‌ڵام خوێندنه‌وه‌كه‌ی ڕهئالیستییانه بوو و به درووستی شرۆڤه و شیكاری پێویستی بۆ دۆخی سیاسیی مێژووی كورد و ڕووداوه نوێكان كرد و لەو پێوەندییەدا توانی هه‌ڵێنجانێکی زانستیی و مێژوویی و پێویست به ئه‌نجام بگه‌ێنێت.
ئۆجه‌لان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی میت و سیسته‌می ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستی توركیه‌دا به‌ند كراوه، به‌ڵام تاكوو هه‌نووكه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر سیاسه‌تی قه‌ندیل و باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان و له هندێك دۆخی تاییبه‌تیشدا له‌سه‌ر باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش هه‌یه و هاوكات بۆچوونه‌كانی بوونه‌ته پردی پێوه‌ندی نێوان به‌شێك له پارچه‌كانی كوردستان و به تاییبه‌ت باكوور، ڕۆژئاوا، “قه‌ندیل” و باشووری كوردستان. ئه‌مه‌ش به‌و واتایه دێت كه به‌ندیخانه نه‌یتوانیوه پاشه‌كشه به هزر و فه‌لسه‌فه‌ی ئۆجه‌لان بكات و وه‌ك هه‌وری ڕه‌ش ڕێ له ڕووناكی خۆر بگرێت. هاوكات هه‌ڵوێست و كاریگه‌ری بۆچوونه‌كانی به‌ڕێز ئۆجه‌لان بووه هۆی ئه‌وه‌كه ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی توركیه و به‌تاییبه‌ت پارتی دادوگه‌شه‌پێدان، گۆڕانكاری قووڵ له به‌شێك له سیاسه‌ت و ئیستراتیژییهكانی خۆیدا پێك بهێنێت و بره‌و به كرانه‌وه‌ی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابووری بدات و به‌كرده‌وه هه‌نگاو به‌ره‌و چاره‌سه‌ریی كێشه‌ی سیاسیی كورد بنێت، له‌وه‌ش گرینگتر ئه‌وه بوو كه ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی له توركیه خۆنه‌ویستانه ده‌ستپێ كردنی وتووێژ له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئۆجه‌لان به به‌شێك له پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ی كورد گرێدا و سه‌ركه‌وتنی پڕۆسه‌ی دیموكراسی له‌و وڵاته به‌سته‌وه به وتووێژ و پێكهاتن له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئۆجه‌لان دا، ئه‌مه‌ش به واتای ئه‌وه دێت كه ئه‌گه‌ر بێتوو و كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌وا له ئازادكردنی به‌ڕێز ئۆجه‌لانه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات و په‌ل ڕاده‌كێشێت بۆ پرسه‌كانی سیاسیی پێوه‌ندیدار به باكووری كوردستان. دیاره ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی توركیه هیچكات ئه‌وه‌ی پێ درووست نه‌بووه كه له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئۆجه‌لاندا بكه‌وێته دیالۆگ و وتووێژه‌وه، هۆكه‌شی ئه‌وه‌یه كه له ئاكامدا ئۆجه‌لان ده‌بێته ماندێلای كورد و ڕۆژهه‌لاتی نێوه‌ڕاست و ته‌نانه‌ت جیهانیش، ئه‌مه‌ش له قازانجی توركیه و به‌گشتی حوکوومەتی تورك نییه، چونکە ئەو کەسایەتییە بەندکراوی سیاسیی ئەو وڵاتە بووە، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌كه هه‌نگاوه‌كانی كرانه‌وه‌ی سیاسیی له باكووری كوردستان گشتگیر بێت و له‌لایه‌ن خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگای باكووری كوردستانه‌وه باییخ و گرینگیی پێ بدرێت، ده‌بوو كه ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی توركیه و بەتاییبەت پارتی دادوگەشەپێدان ئه‌و هه‌نگاوه مه‌زنه بهاوێژێت.
دیاره ئه‌گه‌ر پارته‌كانی دیكه‌ی ڕهگهزپهرەستی وه‌ك جه‌هه‌په و مه‌هه‌په ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی توركیه‌یان به‌ده‌سته‌وه بووبایه، ئه‌وا ئه‌و كرانه‌وه له‌و ئاسته به‌رز و بهرفهراوانهدا ڕووی نه‌ده‌دا و نه‌ده‌هاته كایه‌وه، بۆیه ده‌كرێت بڵێین كه ئاكه‌په پارتیش به‌به‌شێك له چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ی كورد ئه‌ژمار ده‌كرێت و ده‌بێ كورد له چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌م كێشه قووڵ و ئاڵۆزه‌دا هاوكاریی ئه‌م پارته بكات و هاوكات پشتیوانی ئەو بەشە لە هه‌ڵوێستەکانی ئه‌م حیزبه بكات كه له قازانجی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد ده‌یهێنێته گۆڕێ، لانیكه‌م تاكوو هه‌نووكه سیاسه‌ته‌كانی ئه‌م پارته بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌كه كرانه‌وه‌ی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی له باكووری كوردستان بێته كایه‌وه و ئازادییه كولتوورییه‌كانی كورد له‌و وڵاته دەستبەر بێت و په‌ره بستێنێت، ئه‌مه‌ش ده‌ستكه‌وته، دیاره هاوكات خه‌بات و تێكۆشانی كورد له‌و وڵاته و هه‌ستانه‌وه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستان له دژی ڕژیمی توركیه به هۆكاره‌كانی هاتنه كایه‌ی ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ی ئه‌مڕۆی گۆڕه‌پانی سیاسیی ئه‌و وڵاته پێناسه ده‌كرێن، بۆیه ده‌ڵێم هه‌نووكه كاتی ئه‌وه‌یه كه كورد له‌م قۆناغه‌دا پتر دان به‌خۆدا بگرێت و ئیزن به‌له‌بار بردنی ئه‌و ده‌رفه‌ته نه‌دات كه هه‌نووكه هاتووەتە پێش، هەروەها پێویسته كه كورد له باكووری كوردستان ئه‌م هه‌له به‌باشی بقۆزێته‌وه و له به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌كه‌مان كه‌ڵكی لێوه‌ر بگرێت، تاكه هه‌ڵه‌یه‌ك كه هه‌نووكه له گۆڕه‌پانی سیاسیی باكووری كوردستان و توركیه‌دا خۆ ده‌نوێنێت ئه‌وه‌یه كه به‌ده‌په و هێزه كوردییه‌كان وه‌ك پارته‌كانی دیكه‌ی جه‌هه‌په و مه‌هه‌په له‌یه‌ك ئاستدا دژایه‌تی ئۆردۆغان و ئاك پارتی ده‌كه‌ن، دیاره ڕه‌خنه‌گرتن به به‌شێك له پڕۆسه‌ی دیموكراتی ئه‌ژمار ده‌كرێت و به‌تاییبه‌ت پێش به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن و له‌كاتی پڕوپاگه‌نده‌دا بڵاو بوونه‌وه‌ی ده‌نگی دژبه‌یه‌ك به پرسێكی ئاسایی پێناسه ده‌كرێت و سیستەمی دیموکراتیش بەبێ بوونی ڕەخنە سەرکەوتوو نابێت، به‌ڵام نابێ ئه‌و ڕه‌خنانه ئه‌وه‌نده قووڵ و كاریگه‌ر و گورزوه‌شێن بن كه كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی كرانه‌وه‌ی سیاسیی له‌و وڵاته دابنێت، چونكه به‌شێكی زۆر له دژایه‌تی كردنه‌كه‌ی پارته‌كانی ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستی وه‌ك جه‌هه‌په و مه‌هه‌په له پێوه‌ندی بەو کرانەوە سیاسییەیە كه ئاك پارتی بۆ چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ی سیاسیی كورد هێناوێتییه گۆڕێ، ئه‌و پارتانه پێیان وایه كه ئه‌و كرانه‌وه بنه‌ماكانی كۆماری توركیه كه كۆمارێكی سیكولاری ڕه‌گه‌زپه‌ره‌سته و ئاماژه به یه‌ك نه‌ته‌وه و یەک ئاڵا له‌و وڵاته ده‌كات، ده‌هه‌ژێنێت و سه‌ره‌تایه‌كی نوێ له‌و وڵاته ده‌ست پێ ده‌كات، ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی ئاوه‌ڵا بوونی ڕێ بۆ گه‌شه‌سه‌ندن و پێشكه‌وتن له چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ی كورد كه له ئاكامدا به قازانجی نه‌ته‌وه‌ی كورد كۆتایی پێ دێت.
به‌ڕێز ئۆجه‌لان هه‌ستی به‌و ڕاستییه كردووه كه ئاك پارتی تاكه پارتێكی سیاسیی و هاوكات ئۆردۆغان تاكه كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسیی ئه‌و وڵاته‌یه كه لەم قۆناغەدا ده‌توانێت به‌بێ ترس ئه‌و هه‌نگاوه مه‌زنانه بنێت، ئه‌وه‌مان له‌بیر نه‌چێت كه پێشتر كه‌س و كه‌سایه‌تیی گه‌لێكی دیکە هه‌بوونه و ته‌نانه‌ت یەکێ لە سه‌رۆك كۆمارەکانی توركیه کە ناوی خەلیل تورگوت ئۆزال Halil Turgut Özal بوو و لە بنەڕەتدا کورد و خەڵکی شاری چەرمووک و دایکیشی خەڵکی دێرسیم بووە و كاتی خۆی ویستی كه پرسی كورد چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام لە ڕێکەوتی ١٧ی ٤ی ١٩٩٣ی زایینی به چه‌شنێكی گوماناوی گیانی له‌ده‌ست دا، دواتر ڕوون بووه‌وه كه له‌لایه‌ن میت و توركه ڕهگهزپهرهستهكانهوه ژه‌هرخوارد كراوه، خەلیل تورگوت ئۆزال هەشتەمین سەرۆک کۆماری تورکیە بوو و باییخی زۆر بە چارەسەری کێشەی کورد دەدا و پلانی ئەوەی هەبووە کە لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلاندا کێشەی کورد چارەسەر بکات. بۆیه دۆخی سیاسیی توركیه دۆخێكی هه‌ستیاره و پێویسته كه هه‌م ده‌سه‌ڵات و هه‌م كورد به ئه‌سپایی هه‌نگاو هه‌ڵنێنه‌وه، لەبەر ئه‌وه‌كه ده‌رفه‌ته‌كه له‌بار نه‌چێت.
من پێم وایه ئەگەر ئۆجه‌لان و ئۆردۆغان به‌م چه‌شنه كه تاكوو هه‌نووكه هاتوونه‌ته پێشه‌وه هه‌نگاو بنێن، كێشه‌ی سیاسیی كورد چاره‌سه‌ر ده‌كرێت و په‌روه‌رده‌ی ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستیی له توركیە له چاڵدا ده‌نێژرێت. ئه‌و چاره‌سه‌رییه‌ش كه له‌و وڵاته‌دا دێته كایه‌وه كاریگه‌ری ئه‌رێنی له‌سه‌ر وڵاتانی ناوچه‌كه و به‌تاییبه‌ت داگیركه‌رانی كوردستان داده‌نێت و ئه‌وانیش خۆنه‌ویستانه ده‌بێ لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ له پێوه‌ندی به چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ی كورد هه‌ڵبده‌نه‌وه. هه‌روه‌ك له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێدا، چه‌نده ئه‌گه‌ری چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ی كورد له باكووری كوردستان له ئارا دایه، ئه‌وه‌نده‌ش ئه‌گه‌ری تێكچوون و له‌بار بردنی پڕۆسه‌كه له ئارادا هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه نه‌یاری چارسه‌ر كردنی كێشه‌ی كورد له توركیه زۆره و ته‌نانه‌ت وڵاتێكی وه‌ك كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه و بەبەردەوام هەوڵیش ده‌دات كه كۆرپه‌ی چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ی كورد له باكووری كوردستان له‌بار ببات.
لە کۆتایی بەشی یەکەمی ئەم وتارەدا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بەوە بکەم کە تێکڕای ئاڵوگۆڕەکانی باکووری کوردستان لەژێر کاریگەری هزر و فەلسەفەی ئاپۆدا دێتە کایەوە و تەنانەت ئەو شەپۆلانەش ڕۆژئاوای کوردستانی گرتووەتەوە و گریمانەی ئەوەش دەکرێت کەلە داهاتوودا ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بگرێتەوە، هەر وەک چۆن دەسەڵاتی سیاسیی لە باشووری کوردستان کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەفەرمی دانی پێدا نراوە، ناتوانێت بەبێ لەبەرچاو گرتنی ڕای ئۆجەلان گوتارێکی نەتەوەیی پێوەندیدار بەدۆخی سیاسیی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان مسۆگەر بکات.
درێژەی هەیە…