هەڵبەت پێویست بە کوتن ناکات کە ئەگەر بەشێکی بچوک لە مافەکانمان لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بێتە دەی،
ئەوە بە نیشانەی کورددۆستی و مرۆڤدۆستی کۆماری ئیسلامی ئێران نییە و بەڵکو بەرهەمی خوێن و خەبات و ئارەقەی شۆڕشگێڕان و هەڵسوڕاوانی کورد و ئاڵوگۆڕییە ناوچەییەکانە و هەر بۆیەش بە وەدیهاتنیان خۆشحاڵین و بە مافی خۆشمانی دەزانین کە ستاندوومانە نەک دابیانینێ بە خێر.
بەڵام ئەوەی کە لەمەڕ ئیزنی خوێندنی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆکانی ئێران و بەتایبەتی زانکۆی کوردستان، دێتە بەرچاو، سیاسەتی بانێک و دوو هەوای ڕژێمە لەم بارەوە. لەلایەکەوە ئەو ئیزن و مۆڵەتە یاساییە دەردەچێت و لە لایەکی تریشەوە بەرپرسانی زانکۆ، باس لەوە دەکەن کە وزەی مرۆیی تەواویان نییە بۆ دانانی ئەم بوارە لە خوێندن لەو زانکۆیانەدا.
ئایا بەڕاستی لە ناو ئەو هەموو چالاکی پسپۆری زمان و ئەدەبی کوردی و ئەو هەموو دوکتورا و پسپۆرەی بواری زمان و زمانی کوردی، هێشتاش رۆژهەڵات، دۆش داماوە بۆ دابین کردنی هێزی تایبەت و پسپۆڕ بۆ وتنەوەی وانەکان لەم بوارەدا. ئایا دابین کردنی کەسێکی پسپۆڕ (دوکتورا) و دوو کەسی ڕاهێنەر (ماستەر) لە بواری زمان و زمانی کوردیدا، بابەتێکی زۆر ئەستەمە لە رۆژهەڵاتدا.
لە لایەکی تریشەوە گومان دەخرێتە سەر بڕیارەکەی حکومەت، ئایا دەوڵەت بەر لە دەرکردنی بڕیار و مۆڵەتەکە، هەڵسەنگاندنیکی مەیدانیانەی کردووە بۆ بڕیارەکەی یان ئەوەی کە پێش بینی کردووە کە بە سەرنجدان بەوەی کە خوێندن بە زمانی کوردی سەرەڕای هەبوونی مادەی یاسایی لەم بارەوە، ڕێگری لێکراوە، دەبێت چ بکات و ئایا هیچ بوودجە و ڕێگای تایبەتی بۆ داناوە و پێش بینی کردووە؟ یان ئەوەی کە ئەو بەڕێزانە تەنیا بە دەرکردنی یەک مۆڵەت کە بۆخۆشیان دەزانن هەنجەتی پێویست هەیە بۆ ئەوەی کە تۆز لە سەر بڕیارەکە بنیشێت و مایە پووچ بمێنێتەوە.
حکومەتەکەی ڕوحانی کە بە درووشمی (بەرابەری و هیوا) و بە هێمای کلیلێک هاتە سەر کار و لەو دەرفەتە دژە ئەحمەدی نەژادیەی کە لە گۆڕەپانی ئێراندا لە ئارادابوو، هاتە سەر کار و لەم ناوەشدا زۆر درووشمی ڕەنگاوڕەنگی دان و خەڵکی پی کاڵ و کرچ کرد، یەکێک لەو درووشمانە کە زۆرێک لە ڕێفۆرمخوازانی ناوخۆ و کورد، بە شان و باڵیاندا هەڵکوت و کردیانە ئەستێرەی سیوەیل، بریتی بوو لە دانی مافی کەمینەکان، هەر بۆیەش ئێستا دەیانهەوێت بە چەند فەرمان و بانگەشەی کاڵ و کرچ بیکەنە بەفری دەمەو بەهار و خەوی شیرینی پیرەپیاوێی بە تەمەن.
پێویستە ئەو دەرفەتە بە هەوڵ و ماندووی کەسانی بەرپرس و نەتەوەخواز و نیشتماندۆست لە زانکۆکاندا کە دڵنیام بوونیان هەیە و کەمیش نین و ئەو بڕیارەش لە ژێر گوشار و خەباتی واندا، دەرکراوە، ڕوخساری کرداری بە خۆیەوە ببینێت و هیزی مرۆیی شیاو و تەواوی بۆ پەیدا بکرێت و ئەو بوارە لە خوێندن ببێتە ئاسۆیەکی نوێ بۆ بەرهەم هێنانی هێزی مرۆیی کوردیزان بۆ پاشەڕۆژیکی نزیکی نیشتمان.
ئەگینا حکومەتێک کە لە لایەکەوە دانمان پێدا دەنێت و لە لایەکی تریشەوە بە ئاشکرا دەڵێت ئێران پێکهاتوە لە چەند قەوم و کۆیەکەشیان دەبێت پارس، ناتوانێت بڕوای بە مافی ئێمە ببێت.
بەو هیوایەم کە ئەو بوارەی کە بەتایبەتی لە زانکۆی سنە (کوردستان) رەخساوە، بە هەوڵی کەسانی وڵات پارێزی ناو ئەم زانکۆیە، ببێتە هەوڵ و هێمایەکی نوێ و مایە پووچ نەمێنێتەوە و لە بیرمان بێت کە مەزنترین خەبات، خەباتە لە پێناو زماندا کە هۆکاری هزر و بیرە.
عومەر (هەڵمەت) مەعرووفی