لەو کاتەوە خۆمم ناسیوە و بیستومە، کوردان وتویانە و ئێژن “خوا خراوی خراوتر لادا” ئەم وتەیە، واتایەکی زۆر پڕ نیوەڕۆکی هەیە و ئێمەی کورد هەمیشە دەبێ تێوە فکرین و دەرسی لێ وەرگرین.
چۆن دەرسی لێ وەرگرین؟ بۆئەوەی تووشی خراوتر نەبین، پێویستە خۆمان لە خراو بپارێزین. خراو چۆن خراوتر دەبێ؟ بێگومان، بیری تۆڵەسەندنەوە، هەردەم خراوەکان خراوتر و گۆمەکە قوڵتر دەکا. بەداخێکی گرانەوە چەند ڕۆژ پێش بیستمان، کە لە نێوان خزمانمان لە دەشتی زەهاو بە هٶی کێشەیەکی بنەماڵەیی، چەند گەنجێک تەقە لە ژمارەیەک خەڵکی خزمی خۆیان دەکەن و لە ئاکامدا، بریندار و کوشتەشی لێدەکەوێتەوە. دیارە هیچ پاساوێک ناتوانێ ڕەوایی بە کوشتنی مرۆڤەکان بەگشتی و خزمان و دۆستان و ڕۆڵەی کورد بەتایبەتی بدا، بەڵام خراوتر لەوە، بیری تۆڵەسەندنەوەیە. لەدرێژایی مێژوودا ئەو ڕاستییەمان بۆ سەلماوە، کە هەمیشە تۆڵەسەندنەوە، تۆڵەسەندنەوەی بەدوادا هاتووە و کێشەکەی زۆر و زۆرتر کردۆتەوە. سەرەڕای سەلماندنی ئەو ڕاستییە لە لایەنی مێژووەوە، بزانین زانایان چیمان پێ ئێژن.
“گاندی” گەورە ڕێبەری هیندوستان، لەڕێگەی سەربەخۆیی وڵاتەکەیدا، ستراتیژی نەهێشتنی توندوتیژی لەپێش گرت. ئەو باوەڕی وابوو کە “توندوتیژی هیچکاتێک توندوتیژی لەبەین نابا، بەڵکوو زۆر و زۆرتری دەکا”
“ئاتوون”، کە خوای سەردەمی فیرعەونەکانە، ئێژێ ” نابێت بە خوێنڕشتن تۆڵە بسنرێتەوە، چوونکە ئەگەر لەبری کوشتنی یەکێک یەکێکیتر بکوژرێتەوە، هیچکاتێک ڕق و کینە و لاساری لەناو ناچێت”
لە “ئینجیلی مەتا”دا، هاتووە، کە پەیامبەر “عیسا” وتویەتی ” شمشێرەکەت بخەرە نێو کێلانەکەوە، چوونکە ئەوەی بە شمشێر دەکوژێ، بەشمشێر دەکوژرێتەوە”
بێگومان لە “قورئان”یشدا، بەهەمان شێوە پێ لەسەر بەخشین و چاوپۆشیکردن داگیراوەتۆ و ئێژێ “چاوپۆشی بکەنە ڕەوشت” نموونەکان لەم بارەوە گەلێک زۆرن، کورد وتەنی “مشت نموونەی خەروارە”
کەوایە، لەم ڕێگەیەوە داوا لەو خزمانە دەکەم، کە تاوان باران لە ڕێگەی یاساوە بدرێنە دادگا و بە هیچ شێوەیەک بیر لە تۆڵەسەندنەوە نەکەن. بێگومان دوژمنی خاک و نیشتمان و گەلەکەشمان، وەک عادەتی هەمیشەییان، کە هەوڵیان ئەوە بووە لە ئاوی لێڵ ماسی بگرن، هیچ دوور نییە ئاگری ڕق و تۆڵەسەندنەوە خۆشتر بکەن. داوام ئەوەیە، گوێ بۆ قسە و قسەڵۆکە بێ بنەواکان نەگرن و هەمیشە بیری ئەرێنی لەسەر یەکتر بکەنەوە، نەک نەرێنی.
بێگومان، گەلی کوردیش بۆ سەندنەوەی مافی زەوتکراوی خۆی هەردەم سیاسەتی ئاشتی و تەبایی لە پێش گرتووە.
لەکۆتاییدا، لە خوای مەزن داواکارم، جێگەی خوالێخۆش بوو، بەهەشتی بەرین بێ و برینی بریندارانی ئەو ڕووداوەش ساڕێژ بکاتەوە.
مەجید پاڵانی، نۆروێژ