"an independent online kurdish website

بەرێز سکرتێری ک.ز.ک کاک عۆمەر ئیلخانیزادە           ١٩/٠٣/٢٠١٤   

سڵاو و رێز.ko_mele

مەبەست لە نووسینی ئەم نامەیە بە پلەی یەکەم باسێکە لە موناسەباتی ناتەندروست و مەحفەلی ناو کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە ناو ئۆردوگای ”بانەگەورە“، و کاردانەوەی ئەم موناسەباتە لەسەر منداڵان، کچان، کوڕان، ژنان و پیاوانی چەکدار و بێ‌چەکی ناو ئۆردوگاکە. بە پلەی دووهەم ئاگادارکردنەوەی ئەندامانی ک.ز.ک ـە لە بارودۆخی ناهەمواری تەشکیلات.

بەرێز کاک عومەر، ئاگاداریت کە ئێمە زۆرجار نامەمان لەسەر کەم و کوڕییەکان/ لەسەر کار و هەڵسوکەوتی بەدەر لە ئەساسنامە بۆ خۆت و بۆ کۆمیتەی ناوەندیی و ئەندامانی تەشکیلاتەکە نووسیوە و تەنانەت رەخنەی تووندمان گرتووە. دەزانین کە جەنابت لەدڵەوە هیچ بەو وەزعە خۆشحاڵ نەبوویت، بەڵکو زۆرجار عاجز بوویت. ئێمەیش دیارە هەر لە بەر هەستی دڵسۆزیی و لە پێناو حیزب و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بە هۆی ئەو بەرپرسایەتییەوە کە لە سەر شانمانە، ناچاربووین بێدەنگ نەبین، و لە پێناو گەورەکردنەوەی کۆمەڵە کە هەمیشە یەکێک لە هیوا و ئاواتەکانمان بووە خەبات بکەین و لەو رێگایەدا بە لەش و رۆح و ماڵ کۆتاییمان تێدا نکردووە.

لەو ماوەدا لەناو ئۆردوگا لەگەڵ زۆربەی هاورێیان لە سێلف سرویس، لە ماڵان لە پایەگاە، لەبەردەم واحدی ئامادە، لە گەڵ منداڵان و شۆفێری ماشێنەکان و… زۆر قسەوباسمان کردووە. لەقسەکاندا کەش و هەوای نائومێدیی، بێ‌ئێعتمادیی و نائەمنیی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی لەم ئۆردوگایەدا لە ئاستێکی باڵادایە/ نائەمنییەتیەکە وەها زاڵە کە کاتێک تاکەکان دەکەونە ژێر تەوهین و ئیهانەتی بەرپرسی ئیجرایی ئۆردوگاکە، ناوێرن راشکاوانە رەخنەکانی خۆیان باس بکەن، و لە ترسی نان‌بڕین و دەرکردن توانای دیفاعیان لە خۆیان لێبڕاوە.

ئەوان دەڵێن “ئێمە زۆرمان بە چەندین کەسی کۆمیتەی ناوەندیی ناشکێت کە پێکەوە باڵیان بەسەر ئیجرائیاتی ئۆردوگاکەدا کێشاوە، لە بەشی ماڵیەوە بگرە تا دەگاتە هاتنی میوانێک بۆ ئۆردوگا.”. زۆربەیان دەپرسن: “جا ئەوە باسیشمان کرد چ‌سوودێکی هەیە؟

ئێمە بۆ دروستکردنی حیزبێکی باشتر لەوەی کە حەوت ساڵ پێش ئێستا تێدا بووین لەو دابڕانەدا بەشدار بووین، کەچی ئێستا نەک پێشکەوتنێک بەدی ناکرێت بەڵکو سەدان کوڕ و کچی ئەم گەلە بە شێوەی جۆراوجۆر تێدا بوون بەقوربانیی.

خەڵکەکان دەڵێن تا ئێستا بە دەیان جار سکاڵا و رەخنە گیراوە، بە دەیان و سەدان جار تاکەکانی ناو ئەم ئۆردوگایە شکایەت و داواکاریان بە کەتبی و دەمیی گەیاندوەتە دەستی کاربەدەستانی ئەم حیزبە، هەر لە تۆوە تا کەسانی دیکەی بەرپرسیار، بەڵام وەڵام بە هیچ پرسیار و داوایەک نەدراوەتەوە، بەڵکو زیاتر و زیاتر لە بەرچاوی کاربەدەستانی حیزبیی تاڵ و رەش دەبین! فەرموون ئەوە چەند نموونەیەک:

١ـ بەرپرسی ئیجرایی دەستوری داوە کە هیچ ماشیننێک جگە لە ماشینەکانی تەشکیلات ئیجازەی نییە بێتە ناو ئۆردوگا. بەڵام هەمووان دەبینن کە “تاکسی لە پاڵ ماڵەکانی کۆمیتەی ناوەندیی پارک کراوە و دەکڕێت، ئێمە دەبینین کە ماشین بە کەلوپەلی فرۆشەوە دەرواتە پاڵ ماڵەکانی ک.ن و تەنانەت پەنا دیوار ماڵی سکرتێر. دیارە ئەندامانی ک.ن خۆیان کڕیاری کەل و پەلی دەسفرۆشە گەڕۆکەکانن چون خەڵکی خوارەوەی ک.ن توانای کڕینی شتومەکی وایان نییە. کەواتە ئەو بڕیارە سەبارەت بە نەهاتنەوەژوورەوەی ماشین بۆ ناو ئوردوگا لە ڕاستییدا تەنها بۆ “غەیرە خودیەکانە.

٢ـ دەڵێن ئایا ئەو جێگا و شوێنانەی کە کاک…. وەکوو مەئمووری ئاساییش لە ئۆردوگا تێیدا دێت و دەچێت، ئێمە وەکوو پێشمەرگە و نیگابانانی کۆمیتەی ناوەندیی دەتوانین بەبێ گرفت هاتوچووی تیادا بکەین؟ یان تێیدا بحەسێینەوە؟

٣ـ ئایا پرسگە کە وەکوو یەکەم پۆستی رووبەڕووبوونە لەگەڵ خەڵکی دەرەوەی حیزبەکە و شوێنی دانیشتنی لانی کەم پێنج یا شەش کەس پێشمەرگەی حیزبەکە، پاش ٦ ساڵ دەتوانن لانی کەم بە نیوەی ئەو ئیمکاناتەی کە بۆ هۆڵە تازەکانی کۆمیتەی ناوەندیی (مۆکەتی تازە، تەلەفزیون، دەبڵ سپلیت، یەخچاڵ، کۆمود، مۆبلێمان، ژووری نووستنی جیاواز و سرویسی پێویست) بەهرەمەند بێت؟ ئەو هەڵاواردن و بێ عەدالەتیە بۆ “غەیرە خودی”ـەکان گشتگیرە و تەنانەت ئەندامانی “غەیرە خودی”ی ک.ن یش دەگرێتەوە.

بە چەپ و بە ڕاست کەڵک وەرگرتنی بەجێ و نابەجێی کۆمەڵێکی دیاریکراو لە هەموو ئێماناتێکی حیزبی رەوا بوون بۆ ئەوان (خودیەکان) و بێبەش بوونی کەسانێکی تایبەت (غەیرە خودیەکان) تەنانەت ئەگەر بەکارهێنانی ماشینێک بێت بۆ گواستەوەی نەخۆشێک بۆ نەخۆشخانە یان مانەوەی سەر جادەو تێپەڕبوونی ماشێنیکی خاڵیی تەشکیلاتی لە پەنای کەسەکاندا و ناڕەوابوونی کەڵکوەرگرتنیان بە لانی کەمەکەیەوە. ئەم حیزبەی ئێمە کە بە دروشم ئاڵا هەڵگری عەدالەتی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەو جۆرەیە لە ”سۆسیالیزم“ کە ئیدیعای بۆ دەکەن، لە واقیعدا سەرچاوەی کۆمەڵێکی بەرفراوان لە هەڵاواردن و بێعەدالەتیە. لەم بارەوە نـموونە زۆرن و باسکردن و دانە دانە هێنانەوەیان مایەی سەرئێشانە. خۆت دەزانیت کە چەندین جار بە نووسراوە و بە دەمیی باس کراون و بە خۆت و ئەوانی دیکە گەیەندراوە.

٤ـ تا ئێستا ئێمە نەمانتووانیوە جێگاورێگایەکی شیاو بۆ دەواودەرمانکردنی پێشمەرگە بەتایبەت بۆ کاتە چاوەروان نەکراوەکان و یا شوێنکی شیاو بۆ دوورینی جلوبەرگی پێشمەرگە ئامادە بکەین کە بە ڕاستی جێگاورێگایەک کە شیاوی کارکردن بۆ مەبەستێکی پیرۆز و جێگای دانیشتنی ئەو کەسانە بێت کە کاری تێدا دەکەن.

٥ـ سەبارەت بە شوێنی خواردنی گشتیی ئوردوگا، واتە سێلڤ سیرویس، پاش ٦ ساڵ، ئایا بە ڕاستی ئەم مرۆڤانە شیاوی ماشێنێکی کاسە و کەوچک شتن نیین کە هەموو رۆژێک ناچارن بە دەست لە ناو ئەو چەوری و زبڵەدا ئەو شتانە بشۆن؟ ئایا هەر لە بیری ئەم خەڵکەدا هەن کە تووشی نەخۆشی لە شوێنی ئاوا گشتیی نەبن؟ ئایا تا ئێستا چەندە پارە بە خەڵکانێک دراوە کە بە پارە کاری کاسەوکەوچک شتن دەکەن؟

٦ـ ئایا بە راستی قەت بیر لە ئاوخواردنەوەیەکی ئاسایی کراوەتەوە کە ئەم خەڵکە لە سێلف سرویس دا بتوانن ئاوی خواردنەوەیان بە خاوێنی هەبێت، ئەویش بە کڕینی سیستەمێکی تەسفیە و خاوێنکردنەوەی ئاو، کە دیارە مافی سەرەتایی خۆیانە و بەو لاف وگەزافەوە کە کۆمەڵە لێی دەدات دەبا هەر لە مێژە شتومەکی لەو جۆرە هەبوونایە؟ خۆ پارەیەکی وای تێ ناچێت کە ئەسڵەن شایانی باس بێت.

٧ـ سەرەڕای بڕیاری کۆنگرەی سێزدە و چەندین جار باس و داواکاری پرسی مووچە و کێشەی کارکردنی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی لە دەرەوەی ئۆردوگاە کە ئیتر ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی بۆیان نییە کاری شەخسیی بکەن، هێشتا هەر بە بەردەوامیی کاری شەخسیی خۆیان دەکەن. بۆچی ئەندامانێک لە کۆمیتەی ناوەندیی دەتوانن دوو مووچەیان هەبێت؟ ئایا کاری خۆبەخشانە و دڵخوازانە یانی چی؟ ئایا دەکرێت ئەم کولتورە بەردەوام بێت کە پاش چەند کاژمێرێکی کاری کەمی حیزبیی، ئەمانە بە ماشێنی حیزب بڕۆن و لە دەرەوەی ئۆردوگاکە پاش نیوەرۆی هەموو رۆژێک کار بکەن/ هەروەها ماشێنی تەشکیلاتیش لە خزمەتیاندا بێت کە هات و چووەکانیان لە بەیانیان و ئێواراندا تائمین بکات؟

٨ـ ئایا دەکرێت هەڵسەنگاندن لە نێوان حەق و حقوقی پێشمەرگە و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندییەک بکەن کە سێ معاشی هەیە؟ (معاشی کۆمەڵە. معاشی کاری شەخسی. معاشی بایەعی). لە کاتێکدا پێشمەرگە تەنانەت بایەعیەکەشی لە ئیختیاری خۆیدا نییە؟ و هەر روون نییە، کێ وەری دەگرێت و لە کوێ دەیفرۆشێت، ئایا بە (٠٠٠٠) هەزار دینار معاش، بە ساڵی دوو دەست جلوبەرگ و دوو جووت کەوش و نانەسەکێی کەم و کورتی سێلف سرویس دەکرێت باسی سوسیالیزم و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی ژیانێکی ئینسانی بکەین کە وێردی سەر زمانی ئێوەیە؟ ئەوە لە حاڵەتێکدا عەرزمان کردیت کە گوایا کۆمیتەی ناوەندیی چۆن ”دەیگوزەرێنن.” و بەم بارودۆخەی ژیانی ئۆردوگاوە هێشتا ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی ئەم تەشکیلاتە داواکاری زیاتری هەیە چون بە قەولی ئەوان ”کۆمیتەی ناوەندیی ئەم حیزبە فەقیرن”، یانی ئیمکاناتی ماڵییان کەمە!

ئایا منداڵانی هاورێیان لە نێۆ ئۆردوگاکانی ئێمەدا مانای سەیرانگا و تەفریح دەزانن؟ هاورێیانی ئێمە بۆ وەکوو باقی کۆمەڵەکانی دیکە لە ئۆردوگادا لەسەرەتاییترین ئیمکاناتی “عادڵانە” بەهرەمەند نیین، لە کاتێکدا وەکوو حیزب ئێمە لەوانی دیکە کەمتر یارمەتیمان پێ ناگات ئەگەر زیاتریش نەبێت.

٩ـ ئایا کاتێک ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی هاتنە ریزی کۆمەڵەوە لە گەڵ خۆیان سەروەت و سامانی بنەماڵەی خۆیان بۆ ناو ئۆردوگای کۆمەڵەی زەحمەتکێشان هێناوە، کە دەبینین لەبەردەم پرسگە و پۆستی نیگابانییەکانی ئێمەدا، ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی ماڵی شەخسیی خۆیان کردووەتەوە؟ جگە لە یەکێکیان (ک.ک)، ئایا ئەوانی دیکە ئەو پارە و ئیمکاناتەیان چۆن بۆ رەخساوە؟

١٠ـ ئایا ئەو هەموو ئەو هاتوچووانەی شاری سلێمانی کە رۆژانە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی بە ماشێن و پێشمەرگەوە دەیکات بۆ چییە و لە پێناو چیدایە؟ و زۆرجاریش کە دەگاتە سلێمانی پێشمەرگەکان بەجێ دەهێڵێت و بۆ خۆی دەڕووات و تەنانەت شەو تا بەیانی ناگەرێتەوە! دەکرێت ئێمەیش بزانین یان پێوەندیی بە سوسیالیزمەوە هەیە و لە ئەگەری زانیندا بەتاڵ دەبێتەوە؟ ئەوە لە کاتێکدایە کە دەبینین رۆژانە تەنانەت ماشێنێکیش لە دەسترەسدا نامێنێت کە ئەگەر دەردومەرگێک بەرۆکی هاورێیەکی ئێمەی گرت لە کاتی پێویستدا بیگەیەنینە لای دوکتور. کە لە عەمەڵدا واقیعەن لەگەڵی روبەروو بووین و هاورێکەمان لەبەر دەرکی ماڵەکەی خۆیدا گیانی لەدەست‌دا.

١١ـ هەرەشەی بەرپرسی ئیجرایی (ع. خ)، لە پێشمەرگەی پرسگە بۆ وەدەرنان کە بە پێشمەرگەکەی گوتووە: “بە کاک… (کارمەندی ئاسایشی هەرێم) دەڵێم بە شەق بتکاتە دەرەوە”.ئەمە کولتوری بەرچاوی چەپ و سوسیالیستەکانی ناو کۆمەڵەی زەحمەتکێشانە.

سەیرە، هەر ئەم بەرپرسە و ئەندامی بەحیساب هەیئتی ئیجرایی حیزبەکە، هاتووە و باڵندەیەکی گرتووە و لە قفەسی هاویشتووە و پاشان بە بەرچاوی خەڵکەوە چاوی کوێرکردووە چون گوایا کۆترەکانی خواردووە/ چەکی لە سەگی ئوردوگا کێشاوە تا ڕادەی ئەوەی کە بە داواکاریی و تکای هاورێیانی ئۆردوگاە کە دەست لەکوشتنی سەگەکە هەڵبگرێت، وازی هێناوە. ئەویش پاش ئازاردانی سەگەکە/ کەڵک‌وەرگرتن لە ماشێن و پێشمەرگە بۆ کرینی سەیزە لە مەیدانی سەبزەفرۆشەکانی سلیمانی/ هەڕەشە لە پێشمەرگە لەسەر ئەوەی کە گوایا دژی کۆمیتەی ناوەندیی و “بەرێزیان” ـ “پرۆپاگەندەیان” کردووە/ هەڕەشە بە دەرکردنی پێشمەرگە تەنها بۆ ئەوەی کە داوای پارەی کردووە کە مۆڵەتی شۆفێری وەربگرێت و ئەگەر پارەکەی پێنادەن ئەوا ئیجازەی پێ بدەن کە بچێت کار بکات/ هەڵسوکەوتی ناشیاو و دوور لە شایان و کەسایەتی هەر مرۆفێک بەرامبەر بە هاورێیانی لە ئۆردوگادا/ بە زمانێکی ناشیاو بە منداڵی کەم تەمەن و بێ دەرەتانی یەکێک لە پێشمەرگەکانی گوتووە “تۆ حەقت نییە لە سێلف سرویس نان بخۆیت”. ئەوە لە کاتێکدا کە باوکی ئەو منداڵە لە مەئمووریەتی حیزبیدا بووە!

١٢ـ گرتن و دەستبەسەرکردنی دوو پێشمەرگە: یەکەمیان پاش ٢٢ رۆژ راگرتنی لە ژوورێکی تەنگ و تاریکدا و لەژێر هەرەشە و ئازاردا بەبێ ئەوەی کە تاوانێکی ئەوتۆی لەسەر سابت بێت! دووهەمیان کە بۆ خۆی ددانی بە تاوانەکەیدا ناوە بەڵام لە لایەن ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیەوە بە یارمەتی دوو پێشمەرگەی تر، خراوەتە ژێر ئەشکنجە و لێدان و کوتان و تەنانەت خراوەتە ناو چاڵ و پێیان گوتووە کە دەبێت لاسای فڵان حیوان بکەیتەوە! پاشان ئازاردانی زۆر و بەردەوام تەحویڵی ئاسایش دراوە و تەنانەت ئاسایش بە تووندی نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بەم کردەوەیە دەربڕیوە کە پێیان وابووە دژی ئینسانییە! گرووپێک ئەو کارەیان کردووە کە تەنانەت بەرپرسایەتی ئەو لێپرسینەوە لەسەر ئەو کارانەیان نییە. ماوەی چەند حەوتوو لەم رووداوانە تێپەر دەبێت بەڵام سکرێتری حیزبەکە هیچ لێکۆڵینەیەکی لەسەر نەکردووە و وەکوو دەیان و بگرە سەدان جۆری تر لەو کارانە وەڵامی نەدراوەتەوە.

١٣لە پلۆنۆمی دوو بەم لاوە پرۆژەی وەلانان و تەوابسازیی لە ریزەکانی کۆمەڵەدا بەتایبەت لە لایەن کۆمیسیۆنی بەڕێوەبەری ئۆردوگا (ع.خ‌) ـەوە بووەتە دیاردە و مەحفەلی دەستەی بەرێوەبەر. دەقاو دەق و بە بەرنامە بەرێزیان بۆ ئەم مەبەستە و بۆ دەرکردن و شکاندنی کەسانی دانا کە خاوەنی رای خۆیان و ئیرادەی سەربەخۆ و پاریزەری پرەنسیبەکانی کاری سیاسیی و حیزب بوون/. بە راستیی، هاورێ (غ. ش) لەم ماوەیدا زۆرتر ئەرک و کار و زەحمەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی لەسەر شان بوو یا بەرێز ع.خ کە بە دیار چاو جەنابتەوە بە هەڕەشە و گەلەکۆمە کردیان بە تەواب و تەوابنامەیان پێ نووسی و پاشان لەسەر کۆمەڵێک راو قسە و بابەتی بە راستیی دروست و رەوا، دەریان کرد؟ هەموو نامەکانی ماون لە کاتی پێویستدا بڵاو دەکرێنەوە.

بەڵێ، دروستکردنی هەموو جۆرە ئیمکان و خۆشگوزەرانییەک بۆ خۆیان و کەسانی دەوروبەریان و هەژاریی و گوشاریش بۆ سەر کەسانی راوەستاو و سەربەخۆ و دوور لە مەحفەلەکەیان، بریتییە لە جۆری چەپ و سۆسیالیزمەکەی ک ز.!

کاک عومەر حەتمەن دەزانیت کە رۆژی دوو هەزار دیناری بەنزینی م.س و مانگانەی بەنزینی د.ر و کەسانی دیکە لە شاکارەکانی ئەم دەورەی کاری کومیسیۆنە کە دەیان جار باس کرا و هەروا سەری نرایەوە.

هەروەها تەنگ هەڵچنین بە کەسانی ناو تەشکیلات تا ئاستی راونان و دەرکردن تەنیا لە بەر نەبوونیان لەو مەحفەلەدا. بێگومان ئاگاداری ئەو ئەدەبیاتە بەرزەش هەیت کە پەرەی پێدراو لەلایەن ع. ــەوە کرا بە فەرهەنگ و بە فڵانی ئینگلیزی دەنووسێ و دایکی فڵان کرد و تەنانەت راونان و شکنجەی گیانداران و باڵندەکانیش لەم دەورە بوو بە ڕەسم.

١٦کاک عومەر بێگومان ئاگاداری ئەوەیش هەیت کە کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لەم ماوەیەدا کاری پزیشکی قانونی و سەبت ئەحوالیشی گرتە ئەستۆی خۆی، بەڵام رێک بە پێچەوانە و بە بەمردووکردنی زیندوو دەستی پێکرد و حەتمەن دەزانیت کە هاوسەری کەسێک تەنیا بۆ بەرژەوەندیی شەخسی لە زیندوو کرا بە مردوو.

١٧دژایەتیکردنی هەموو چالاکانی ناوەوە و سووکایەتی کردن بەهەموو کاروکردەیەکی ناوخۆی وڵات و سووکایەتی کردن بە هەموو کەس و بەریانە باش و خاوەن هەڵوێستەکانی ناو کوردستان و بە ناونیتکە باسکردنیان کە لەم پێوەندیەدا دەیان نموونە هەیە و لە کاتی خۆیدا بە وردی باس دەکرێن.

١٨ـ دژایەتی کردنی هەموو هێزەکانی کوردستان و هەوڵدان بۆ سووک کردنیان و باسکردنیان بەئەدەبیاتێکی یەکجار بازاڕیی و نەشیاو، هەوڵی زیندووکردنەوەی گیانی شەڕخوازی و قبوڵنەکردنی هیچ کەس و لایەنێک هەر لە دیموکراتەکانەوە بگرە تا پاک و پەژاک و هەموو هێزە مەدەنی وسیاسیەکانی ناوخۆ، تەنها و تەنها بە مەبەستی گێرەشێوێنی. سەدان نموونە لەمانە هەیە.

١٨سەرلێشێواویی و پاشاگەردانیی فکریی بێ وێنە و خەتەرناک لە ژێر چەپ و سۆسیالیزمەکەتاندا لە هەوێندایە. هەندێک بەرنامەو پێڕەویان لاپەسەندە و هەندێک رەدی دەکەن و هەندێک جنێو بە سروودی نیشتیمایی ”ئەی رەقیب“ دەدەن و ئاڵای کوردستان دەکەنە گاڵتەجاڕ و هەندێک خۆ قوربانی چەپ و سوسیالیست دەکەن و هەندێک کۆمۆنیستن و هەندێک هەر کوردی رووتن و هتاد. ئەم سەرلێشێواوی و پاشاگەردانییە کە لەم دەورەیەدا هەیە لە هیچ کوێنە و لە هیچ رێکخراوێکی دنیادا وێنەی نییە و نەبووە.

١٩تۆ زۆر باش ئاگاداریت کە یەک زەڕە نرخ بۆ زیندانیانی کۆمەڵە و بنەماڵەی شەهیدان نەماوە و بە تەواوی لە دەفتەری کاری کۆمەڵەدا سڕاونەتەوە. بە راستیی کام جار؟ کەی؟ چۆن بە هانا و هاواریانەوە چووین و کەی یارمەتیمان داون؟ کاک عومەر، ئێمە بە یەک دانە نموونەیش رازین.

٢٠چوون و ڕۆیشتنی خۆت و کاک ڕ.ع کە ڕووبەدەرەوە خۆی بە ”جێگری سکرتێر“ لە قەڵەم دەدات، بۆ دەرەوەی کوردستان، ئایا بۆ کامە کاروباری حیزبییە؟ ئەو چاوپێکەوتن و کۆبوونەوە سکایپی و هاتنوچووانە لە کوێ تۆمار کراوە، کوا ڕۆژەڤ و پرۆتۆکۆلیان؟

لە ژێرپێنانی حورمەت و کەرامەتی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب!

١ـ زۆربەی ئەو بڕیارانەی کە بە ناوی کۆمیتەی ناوەندییەوە دەردەچێت دەنگی زۆرینەی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی لە پشتەوە نییە. بۆ نموونە دانانی هەیئەتی کۆمەڵە بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی. دانانی هەیئەتی دانوستان لەگەڵ کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، سازماندانی ئۆرگانەکانی کۆمیتەی ناوەندیی. دانوستان لەگەڵ هاورێیانی جنوب و دەیان نموونەی تر کە جگە لەژێرپێنانی پێڕەوی ناوخۆی حیزب بە شێوەی سیستەماتیک و رۆژانە لە لایەن سکرتێر و بەناو “جێگرەکەی“ و ”دەفتەری سیاسی” ـەکەیەوە، نەبێت هیچ ناوێکی تری نییە. بۆ نموونە هەڵوێستی سکرتێری حیزبەکە لەمەڕ خۆرئاوای کوردستان لە راگەیاندنی ٢٦ی رێبەندانی ٢٠١٤دا کە بڕیارێکی وەها سیاسیی بەبێ پلێنۆمێک یا کۆبونەوەیەکی بەرینی ک.ن ناتوانێت دروست بێت.

٢ـ ئێوە باش دەزانن کە لە بەرنامە و ساختاری کۆمەڵەی زەحمەتکێشاندا وشە و مەقام و شتێکمان بە ناوی ”جێگری سکرتێر“ نییە. ئەمە گەیشتووەتە ئاستێک کە خەڵک گاڵتەمان پێ دەکەن و وەکوو شۆخیی پێمان دەفرۆشنەوە. ئەم کارە بۆ پێشێلکردنی بەرنامە و ساختارە. دۆستان کاری دزێوی زۆر لەم جۆرەیان لەم کۆمەڵەدا بینووە و مافی خۆیانە بترسن و دڵیان بسووتێ.

٣ـ ماشێنی تایبەت، واحدی ئامادەی تایبەت، نیگابانی تایبەت بۆ سکرتێر و “جێگرە”کەی. بەڵام هاوکات کە هەندێک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی لەوانەدا بێ‌بەشن. چوار ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی لە ماشێنێکی دەستی دوو و سێدا جێگایان دەبێتەوە، بەڵام سکرتێر و “جێگرە دروستکراوەکەی سکرتێر” هەر یەکێک لە ماشینێکدا هاتوچوو دەکەن و هەردووکیشیان هەمیشە پاسەوانی خۆیان لەو دەشتی کاکی بەکاکیەدا بە دواوەیە. لە ناو ئۆردوگاە و سلف سرویسەکەیدا دوو و سێ ئێسکورتی جەنابی “جێگری” سکرێترمان هەیە (خودا ڕەحمی کردووە کە مەقامی وامان بە ڕاستیی لە بەرنامە و ساختاردا نییە دەنا شایەد هەموو واحیدی ئامادەی بە دوای خۆیدا بە کێش دەکرد! ئەمە جۆکە بەڵام راستیی زۆری تێدایە)، کەچی ئەم ”جێگری سکرتێر“ ـە بە شەو لە شاری سلێمانی چۆلەکەیەکیشی لەگەڵ نییە و سەردانی هەموو ئەو شوێنانە دەکات کە خۆی حەزی لێیە.

٣ـ پاش پلێنۆمی دووهەم کۆمیسیونی ئەندامەتی بەبێ ئاگاداریی پلێنۆم لە لایەن رەزا کەعبی‌وە، تەنانەت بەبێ ئاگاداری کۆمیتەی ناوەندیی هەڵوەشاوەتەوە، کە ئەو کارە بە پێی پێڕەوی ناوخۆ تەنها لە سەڵاحیەتی پلێنۆمدایە، و لەو ماوەیەدا لە ئۆردوگا ئەندامگیریان کردووە، کە کارێکە دژی ئەساسنامەیە.

٤ــ سازماندانی پێوەندیەکانی هەولێر و جێگری هاوڕێ عبدواڵلە کۆنەپۆشی لە سلێمانی بە پێی ئەساسنامە تەنیا لە سەڵاحیەتی سکرتێری حیزبدایە، بەڵام رەزا کەعبی راستەوخۆ دەخالەتی تێدا کردووە و لێرەیشدا دژی ئەساسنامە عەمەلی کردووە. دەستێوەوەردان لە ئۆرگانە حیزبیەکاندا بە دەیان جار کراوە و ئەمە لە حاڵێکدایە کە تەنیا پلێنۆم ئەو سەڵاحیەتەی هەیە. وەکوو زاگرۆس، پێوەندیەکانی هەولێر و سلێمانی، سازماندان و جیاکردنەوەی بەشی کاروباری پەنابەران و لایەنگران لە پێوەندیەکانی سلێمانی کە دامەرزاندنی ئۆرگانی هاوتەریبە و تەنانەت بە بێ هاوئاهەنگی و ئاگاداریی پێوەندیەکانی سلێمانی کراوە، هەرچەندە کە دانانی وەها ئۆرگانێک تەنیا لە پێوەندی لە گەڵ نوێنەرایەتیی کۆمەڵە لە سلێمانیدا دەکرێت. دیارە ئەو شێوە هەڵس و کەوتە زۆر مەبەستی دزێوی لە پشتەوەیە. ئەگەر وەها نییە، بۆ لە پێوەندیەکانی هەولێر ئەوکارە نەکرا؟ و هتد.

٥ــ تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات پاش پلێنۆمی دووهەم هەر بایەخی پێ‌نەدرا. بەرپرسی پێشووی کە لە نێوان پلێنۆمی یەک و دوو بە ئەستۆی هێرش عەلیزادە بووە و لە پلێنۆمدا ئەو بەرپرسایەتیەی قەبوڵ نەکردەوە و داواکار بوو کە بە کەسێکی دیکەی بسپێرن، بەڵام بە کەسی تر نەسپێردرا. ئەوە لە حاڵێکدایە کە چوار نەفەر لە کۆمیسیونی دەرەوەی وڵات و چەند کەسی تر ئەندامی کۆمیتەی ناوەندییمان لە دەرەوە بوون بەڵام کارەکەیان لە پلێنۆمدا پێ‌نەسپاردن.

٦ـ لە پلێنۆمدا ئاگاهانە و لە رووی پلانەوە کۆمیسیونی ئەندامەتی،کۆمیسیونی چاودێر و بازرەسی، چاودێرانی ماڵی، وتەبێژەکانی حیزب و…. جێبەجێ نەکرا تەنیا بەو مەبەستەی کە دەسەڵاتی حیزب لە دەستی یەک دوو کەسدا بمێنێتەوە کە بە جوانی دیارە، لەلایەک لەبەر شاردنەوەی بابەتە شەخسیەکانی خۆیان کە ئاگاداری کاری یەکترن و لەلایەکی ترەوە لە بەر پاراستنی بەرژەوەندیی خۆیان کە بە ئەو شەڕە حیزبەکەیان بەم چەشنە بە قازانجی شەخسیی خۆیان تێکداوە. تەنانەت بەشی راگەیاندنی حیزبەکەیش هەر بۆ بە قوربانی ئەم شەرە دزێوە لە ئاستی باڵای حیزبەکەدا/ بۆ نموونە پێرەووپرگرامی حیزب، مسەوەبی کۆنگرەی سێزدە بۆ لە سەر چاپ و بڵاوکردنەوەی کارێکی ئەوتۆ نەکرا تەنها یەکجار لەسەرەتادا چاپ کرا ئەویش لەسەر داواکاری یەک لەدوا یەکی بەرپرسی کۆمیسیونی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات‌دا بوو/ یەکساڵ بە سەر کۆنگرەدا تێپەر بوو ئەم حیزبە ماڵپەڕێکی نەبوو و ئەگەر ئێستایش ماڵپەڕێک کراوەتەوە پێڕەووپرۆگرامی حیزبەکەی تێدا نییە و هەمووشمان دەزانین لە ژێر کامە فشاردا کرایەوە! یەکساڵی رابوردوو کە کاناڵی ئاسمانی ئاسۆسات‌مان بوو بۆ یەکجاریش لە سەر مسەوباتی کۆنگرەی سێزدە باسێک لەم کاناڵەدا نەکرا، خەڵکی تێگیشتوو و بەدەربەست لەسەر لایەنێک کە خۆی وەکوو حیزبێکی کوردستانی ناوزەد دەکات چۆن لەسەر ئەمە قەزاوەت دەکەن؟ تەنانەت کاناڵە ئاسمانییەکەیشیان داخست بەبێ ئەوەی کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراوەی کۆنگرەی سێزدە ئاگاداری بێت!  

٧ـ پاش شەش یان حەوت ساڵ کە لە تەمەنی ئەم تەشکیلاتە تێدەپەرێت، ئێستایش تەنانەت تائیدیەک کە لە دەرەوەی وەڵات بۆ پەنابەرێک دەنووسرێت دەبێت بنێردرێتەوە بۆ کوردستان کە بەرێز “جێگری سکرتێر” مۆری بکات چون ئەو مۆرە تەنیا لە پاوەنی جەنابیان دایە. کاتی خۆی ئامۆژگاری و ڕێنماییەکانی هاوڕێ ڕێبوار رەشید لە سەر ئەم بابەتە و سەدان بابەتی دیکە کە دروست و حیسابیی و بە قازانجی کۆمەڵە و ئەندامان بوون، پشتگوێ خران و گوێیان پێ نەدرا، چون دەچوونە گیرفانی کۆمەڵەوە نەک یەک و دووان.

٨ـــ بەشی ماڵی و تەداراکات:

ئێمە مانگانە بڕی (٠٠٠/٠٠٠/٠٠٠) دینار یارمەتیی راستەوخۆمان لە لایەن لایەنی پێواندیدارەوە هەیە، هەروەها ناوە ناوە لەم لاو ئەولاوە بڕێکیتر یارمەتیمان پێ ئەگات. کارمان بە سەرچاوەکانەوە نییە، بەڵام رێژە و بڕی ئەو یارمەتیانە هیچکات روون نەبووە، هەروەک خەجکردنەکەیشی دیار نەبووە. مانگانە تا ئەمڕۆ بە ناوی خەرج و قەرزی “ئاسۆسات”ـەوە، بڕێکی بەرچاو پارە هەناردەی دەرەوەی وڵات دەکرێت، بەڵام لەم ماوەی ئەم حەوت ساڵەدا تەنانەت پاراگرافێکی سێ رستەیی راپۆرتی ماڵی لە دەرەوەی کوردستان نەهاتووەتە بەردەست، نە بەردەستی کومیسیۆنی ماڵی و نە کومیتەی ناوەندیی.

هاوڕێ عومەر، تۆ دەڵێیت: ”هەموو مانگێک راپۆرتی ماڵیی دەرەوە بە مایل نێردراوە بۆ خۆم!

باشە کاک عومەر با بڵێین بۆتان هاتووە، بەڵام پرسیار ئەوەیە کە ئێوە بۆ خۆتان مەگەر کومیسیۆنی ماڵیی تاکەکەسیی کۆمەڵەن؟ ئایا ئەو کومیسیۆنە ئەندامانی تری نییە کە شیاوی ئاگادار بوونی ئەو بابەتە بن و بە پێی پێویست ئەو راپۆرتە پوختەتتر و بە دروستییەوە پێشکەشی کۆبوونەوە و پلێنۆمەکانی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی بکەن؟

بە پێی ئەو باسانەی کە کراوە و دەکرێت، کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بڕێکی زۆر پارە قەرزدارە. بەڵام نە بڕی قەرزەکانمان مەشەخەسەن دیارە و نە قەرزدەرانیش. هاورێ هێرش لە پلێنۆمی دوودا پرسیاری کرد کە تەرەفی قەرزداری ئێمە کێن و ناویان چییە؟ و بە کێ قەرزدارین؟ و کۆمەڵێک پرسیاری دیکەی لەو شێوەیە کە بەداخەوە هەرگیز وەڵام نەدرایەوە.

لانی کەم خۆ دەبێت ئێمە بزانین کە بە کێ‌ها قەرزدارین کە سپاس و ماڵئاواییەکیان لێ بکەین. ئایا چۆن ئەو قەرزانە جێ‌بەجێ دەکەین؟ بە تەواوی لێڵ و تاریک و ناروونە. هیچ سەرچاوەیەکی داهاتی سەربەخۆمان نییە. هەموو ئۆرگانە حیزبیەکانمان داخراون و بە لە بەرچاوگرتنی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی کە بەسەرماندا سەپێندراوە، هیوایەک بۆکارابوونەوەیان بەدی ناکرێت. بەو دۆخە ماڵی و ئابووریەوە کە هەمانە، بەرەو کوێ رێ دەپێوین؟ کەس نازانێت. پلانمان بۆ بەیانی و دوو بەیانی و مانگ و ساڵانی داهاتوو چیە؟ هیچ!.

لە سەر بایەعیی کەلوپەل لەلایەن لایەنی پێواندیدارەوە ئێمە دەپرسین ئایا کێ ئاگاداری رێژە و ئاماری گشتیی کەسەکان و شت و مەکی وەرگیراوە؟ ئێمە (لانی کەم) نزیک بە شەش سەد (…) بایەعی وەر ئەگەرین، کۆی ئەمانە هێشتا بە پێی چەند کارتی بایەعی وەر دەگیرێن، نادیارە. هەر کات داوای کارتەکان کراوە جارێکیان… کارتی بایەعی هێنراوە، جارێکیتر باس لە… کارت کراوە، جارێکیتریان… کارت ئەهێنرێتەوە. ئەو شپرزەیی لە ئاماری بایەعی و کارتانە بە چ هۆیەکەوەیە؟ لە پاییزی رابردوودا لە لایەن لایەنی پێواندیدارەوە بۆ هەر کارتی بایەعیەک (.) بەرمیل نەوت بە خۆڕایی دیاری کرا، ئێمە هەر لانی کەم بڵێین (…) کارتی بایەعیمان هەیە کە خۆی ئەکاتە (…) بەرمیل نەوت. ئەو نەوتانە چی لێهات؟ کێ لێی ئاگادارە؟ فرۆشراوە یان ماوە؟ ئەگەر ماوە چی لێدێت؟ ئەگەر فرۆشراوە، پارەکەی لای کێیە؟ ئەو پرسیارانە بێ وەڵام ماونەتەوە. هیچ راپۆرتێک لەسەر ئەم بابەتانە لە بەشی ماڵی و دارایی ئەم تەشکیلاتەدا دیار نییە!

دیسان لە سەر بایەعی، لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٣ دا راگەێندرا کە بووجەی قەرەبووکردنەوە بۆ ئەو کەلوپەلە بایەعیانەی کە دابین نەکراون، لە بەرچاو گیراوە و دابین کراوە، و هەر کەسەو بڕی (…،..) دینار بۆ تەرخان کراوە و پێی ئەدرێتەوە. ئەوەبوو ئاماری (…) کەس راگەیەندراو و بڕی (…/…/..) دینار وەرگیرا. ئایا چی لەو بڕە پارەیە درایەوە بەو خەڵکانەی کە بەناوی ئەوانەوە پارە وەرگیراوە؟ ئاماری ئێمە لە (…) کەس زۆرترە؟ بۆ لەو پارەیە بڕی (…/…/.) دیناری نەدرایەوە بە ئەو (…) کەسە و ئەوجا قەیدی ناکات هەرچی لە پاشماوەکەی ئەکەن بیکەن. ئایا ئەنجامی ئەو کارە چەشنێک نیشاندانی لە بەرچاوگرتنی بایەخی کەسەکان لە لایەن تاقمێکی دیاریکراو لە بە ناو رێبەریی حیزبەوە نەبوو کە دەبووە مایەی دڵگەرمی و متمانەی گشتیی؟

سەرەڕای هەموو حەول و تەقەلای زۆری هێندێک لە هاوڕێیان، ئێمە تا ئەمڕۆ خاوەن ئەنبارێکی دیاریکراو بۆ کەل و پەلەکانمان نیین. نە لە بواری کەلوپەلی خۆراک و نە زیست و تەئسیسات. هەموو بابەتەکان بە دڵخوازی کەس یان کەسانێک بەڕێوە دەبرێت نەک بە پێی مێکانیزمێکی روونی پەسەندکراوی ئەوڕۆیی. لە سەر هەر بابەتێک بڕیارێکی ناکارناسانە و بیر لێنەکراو دەدرێت کە زەرەرمەندی ئەو ناوە کۆی حیزبە بەگشتیی کە دیارە تەنها قازانجی کەسانێک دابین دەکات. و قوربانیانی ئەم بێسەروبەرییە بە پەلەی یەکەم کوڕان و کچانی ئەو خەڵکەن کە لەم ئۆردوگایەی ئێمەدا دەژین! چوون تەنها کانگای ژیانیان ئەوەیە کە لە لایەن حیزبەوە بەدەستیان دەگات.

لە بەدوادا چوون و بە جێگەیاندنی داخوازی منداڵانی ناو ئۆردوگا بڕی بیست ملوێن (…/…/.٢) دینار لە لایەن لایەنی پێواندیدارەوە درا، ئایا ئەو پارەیە چیی لێهات و چی پێ کرا؟ ئایا ئەوە مافی ئەو منداڵە رەش و رووتانە نەبوو کە بە رۆژ و شەو لە پێش چاوی هەمووانەوە تەنیا کەرستەی یاری و دونیای منداڵانەیان بۆتە زۆرانبازی لە گەڵ سەگ و تووتکی بە لێشاوی نێو ئۆردوگا؟ یان هەڵس و کەوت لە گەڵ گەورەتر لە خۆیان و سەرگەردانی و بێ بەری بوون لە دونیای منداڵانەی خۆیان و ناچار بوون بە ژیان و هەڵس و کەوت لە دنیای گەورەساڵاندا؟

دروشمی عەداڵەتخوازانەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان (بە تایبەت لە بواری منداڵاندا) گوێی ئاسمانی کەڕ کردووە، ئایا هەموو منداڵەکان وەکو منداڵەکانی ع.د، ن.ج، ب.ر، ف ز، س.ل و… لەو دونیا دروشمەی ئێمەدا بەشدارن و ئەوانیش دەگرێتەوە؟! یان سۆسیالیزمەکە تەنها بۆ چەند کەسێکە؟

٩ـ بەشی چەک و تەقەمەنی (بێ‌سەروبەریی):

ئەو کەسانەی کە لە سەردەمی جیابوونەوەکانی ٢٠٠٧ دا حزووریان هەبووەو ئاگادارن، پتر لە (…) کەس هاتوونەتە سەرەوە. بۆ ئەم ئۆردوگایەی ئێستا. ئەو کەسانە بڕێکیان دوو چەک و تەنانەت سێ چەکیشیان لە گەڵ خۆیان هێنابوو. ئەگەر ئێمە چەکە زیادیەکان بە سەر ئەوانەدا کە چەکیان پێ نەبووە یان چەکیان نەهێنابوو، دابەش بکەین، هەر کەسە و ئەبێتە خاوەنی چەکێک. ئەمە خۆی (…) چەکی بۆ دابنێین. لە ماوەی ئەم چەند ساڵەش دا چەندین جار لە لایە هاورێیانی پێشوومانەوە وەکوو بەرێزان ج.ن، ب.ر، م.ف و… ئەوانەوە ناوە ناوە چەک و تەقەمەنی کڕدراوە. کابرای چەک فرۆش ع.ت لە سەردان بۆ ئۆردوگای ئێمە پرسیارمان لێدەکات و دەڵێت: “ ئەوە چیە؟ ئەو چەکانەی کە من پێم فرۆشتوون، هیچیان دیار نین” یان دەڵێت “بڕێک لەو چەکانە کە پێم فرۆشتوون لە بازاڕ دەیان بینمەوە.

ئەگەر ئێمە کۆی هەموو چەکەکان بە سێ سەد (٠٠٠) دانە حیساب بکەین، (٠٠٠ )دانەی دابنێن کە کاک بارام رەزایی ناردیەوە، سووتاندی یان لەگەڵ خۆیان بردیان یان هەرچیەکی لێ بەسەر هات. ئەی ئایا ئەو دووسەد چەکەی دیکە لە کوێن؟ بۆ لە… پێشمەرگەی ئێمە زۆرێکیان چەک و رەختیان هەر پێ نییە یان هەر نا، لەو بارەوە چ ئامارێک لە بەردەستدایە یان کێ بەرپرسە؟

بە کورتیی ئەمە مشتێک لە تەنگ و چەڵەمە و لە گرفت و کێشەکانی ئێمەیە، هەموو ئۆرگانە حیزبیەکانمان داخراون، رۆژ لە دوای رۆژ نشستمان کردووە و ئەسڵەن هیچ جۆرە فەنکسیۆنێکی حیزبیمان نییە و هیچ جۆرە کاروبارێکی حیزبیی بەڕێوە نابەین.

شایانی باسە و بە تۆمارکراوی لەبەردەستدا هەیە کە ئێمە هەر لە خودی کۆنگرەی ١٣ و ڕۆژانی دوای ئەو بە شێوەی جیاواز و لە کەناڵەکانی تەشکیلاتەوە سکاڵا و رەخنە و گازەندە و گلەیی خۆمان گەیاندووە، بەڵام چ خەم؟

بەسپاسەو       ١٩/٠٣/٢٠١٤ زائینی   ــ   ٢٩/١٢/ ١٣٩٢ هەتاویی

جەلیل ئازادیخواز / بیژەن قوبادی/ عەبدواڵلە کۆنەپۆشی (عبەدلێر)/ رێبوار رەشید / هێرش عەلیزادە

………………………………………………………….

بۆ: پلێنۆمی دووهەمی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

روونوس: ئەندامان و جێگران و راوێژکارانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

روونووس: ئەندامانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

ئەمرۆ ٢٧/٥/٢٠١٣ زاینی کە کۆتایی پلێنۆمی دووهەم و لە هەمانکاتدا سازماندەهی و دابەشکردنی کار و ئەرکەکانی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بەرێوە دەچێت، ئێمە لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی پرۆسەی قسەوباسەکانی پلێنۆم و هەڵبژاردنی هەیئەتی ئیجرایی بە شێوەیەکی نادروست دەبینین کە بە ئاشکرا مەحفەلگرتن و بایکۆتکردنی بەشێکی تر لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی لە خۆ گرتبوو.

بەو شێوە هەڵوێستی پلێنۆم لە ئاستی هەڵبژاردنی هەیئتی ئیجرایی لەسەر ئەساسی پرنسیپەکانی حیزبێکی جیددیی و سیاسیی نییە کە دەبوایە بە پێی کار و پراکتیکی سیاسیی و حیزبی هاورێیانی کۆمیتەی ناوەندیی لە نێوان دوو پلێنۆم‌دا بەرێوە بچووایە، دیتمان نەچووە، بۆیە رایدەگەیەنین کە هەیئتی ئیجرایی بە نوێنەری دەنگ و هەڵوێست و مسەوەباتی کۆنگرەی ١٣ لە سەر ئەساسی بنەمای سیاسیی و ساختار و پراکتیکی نێوان پلێنۆمی یەکەم تا پلێنۆمی دووهەم نازانین. لەسەر ئەم ئەساسە لەکاتی دەنگدان‌ بە هەیئتی ئیجرایی ئێمە دەنگی متمانەمان نەدا.

بێشک لە داهاتوویەکی نزیکدا باسەکانی خۆمان لە سەر ئەو خاڵانە، لەسەر ئەساسی قسەوباسەکانی پلێنۆم و راپۆرتی کۆمیسیونەکەکان، دەخەینە بەر رووانین و رای هاورێیانی تەشکیلاتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان.

تێبینی:

١/ لە بەرێز سکرێتری حیزب داواکارین کە لە رێگە و کاناڵی پێوەندیدارەوە ئەم هەڵوێستەی ئێمە بە ئاگاداریی ئەندامانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە هەر جێگەیەک کە هەن بگەیەنێت، چوون پێمانوایە ئەندامانی حیزب مافی ئەوەیان هەیە کە ئاگاداری هەڵوێستی ئێمە وەکوو کۆرێک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی ک.ز.ک بن کە لە کۆنگرە دەنگی موتمانە خۆیان بۆ کۆمیتەی ناوەندیی بە ئێمە و هاورێیانی دیکە ‌بەخشیووە.

٢/ لە خوارەوە ناوی تەنها چوار کەس لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی هاتووە، بەڵام لیستەکە کراوەیە بۆ هاورێیان، ئەندامان و جێگران و راوێژکارانی کۆمیتەی ناوەندیی و ئەندامانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە هەر شوێنێک کە هەن.

بەسپاسەو       ٢٧/٠٥/٢٠١٣ زائینی   ــ   ٠٧/٠٣/ ١٣٩٢ هەتاویی

جەلیل ئازادیخواز / عەبدواڵلە کۆنەپۆشی (عبەدلێر) / رێبوار رەشید / هێرش عەلیزادە

…………………………………………….

تێبینیی: لە کاتی پەلەنۆمی دودا ٢٨/٥/٢٠١٣ ئێمە وەکوو گرۆپێک لە ک.ن بڕیارماندا کە فراکسیۆنێک لە ژێر ناوی ”فراکسیۆنی کوردستانیی سۆسیالدیموکرات“ رابگەیەنین بەڵام لەسەر داوای کاک عۆمەر ئیلخانیزادە دەستمان راگرت بەو هیوایەی کە کارەکان بە کۆی کۆمیتەی ناوەندی بەرێوە بەرین.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ  ٢٨/٥/٢٠١٣

راگەیاندنی ”فراکسیۆنی کوردستانیی سۆسیالدیموکرات“ لە کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

بۆ پلێنۆمی دووهەمی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

ئاگاداریی بۆ:

ئەندامان و جێگران و راۆێژکارانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان.

هاورێیان: لە باسەکانی پلێنۆمی دووهەمی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ئێمە وەک ”فراکسیۆنی کوردستانیی سۆسیالدیموکرات“ بەشداریی چالاکانەمان تێدا کرد، بۆ ئەوەی بنەما سەرکیەکانی بەرنامەی سەلمێندراوی گۆنگرەی ١٣ باشتر و بەرجەستەتر دەربکەون و بین بە ڕۆژەڤی کار و بچنە بواری پیادەکردنەوە. بەداخەوە گروپێکی دیکەی هاورێیانی کۆمیتەی ناوەندیی کە لە کۆنگرەی ١٣ دەنگیان بەم بەرنامە دابوو، ئێستا لە دەنگ و هەڵوێستی پێشووی خۆیان پاشگەزبوونەوە و پێ دادەگرن کە ئەوان لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستاندا باوەڕیان بە سوسیالدیموکراتیی نییە و خوازیاری ئەوەن، بێ هیچ باس و پۆلێنێکی فکریی وتیئۆریی، خۆیان وەک لایەنێکی چەپ و سوسیالیست ناوزەد بکەن. ئەم هاورێیانە تەنیا پێداگریی لەسەر نەریت رابردووی ”کۆمەڵە“ دەکەن بێ ئەوەی کە بە روونیی و کۆنکرێت پێناسەی جۆری ”کۆمەڵە“ و پێناسەی هزریی و تیئۆریی ئەم پارتە بکەن و روونی بکەنەوە لە کوێدا وێستاون.

قەیرانی ئەم ناڕۆشنییە فکریی و هزرییە هەموو لایەنێکی کاری حیزبیی گرتووەتەوە کە چارەسەرەکەی تەنها ئاماژە بە بەرنامە و ساختاری کۆنگرەی ١٣ یە، دیارە بە ڕوونکردنەوە و ئاماژەی کۆنکرێتی زیاتریش کە ئەو بیر و دونیابینیی و ئاییندەبینییە باشتر و قووڵتر ڕوون بکاتەوە بۆ ئەوەی ئەندامان و لایەنگرانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ناچار بە لێکدانەوەی جیاواز و بە ناڕۆشنیی ستراتیژیی و بە گومان لە کاری ڕۆژانەدا نەبن.

لە سەرئەنجامی خۆبەدەستەوەدان بە نەبوونی پێناسە و بنەمای فکریی و سیاسیی و بە نەبوونی بەرنامەی داڕێژراو، بەشێکی مەحفەلی هاورێیان لە کۆمیتەی ناوەندیی بە داخەوە دەستەیەکی کارگێریان ”هەیئەتی ئیجرایی“ هەڵبژارد کە رەنگدانەوەی را و باوەڕی زاڵی بەرنامەی پەسەندکراوی کۆنگرەی ١٣ کۆمەڵە نییە کە هاودەنگ و کۆدەنگ تەواوی دەنگی نوێنەرانی کۆمەڵەی لە پشت بوو. بۆ ئەم مەبەستەش بە داخەوە، هەروەکوو کۆپیی رووداوی لەو شێوەی سوننەتگەرایی و بازنەی غەیرەسیاسیی، دەستیان بە لابردن و پەراوێزخستنی ژمارەیەکی بەرچاو لە هاورێیانی کۆمیتەی ناوەندیی کرد.

ئێمە لە بڵاوکراوەکانی داهاتوودا زۆر بە وردیی هەموو جیاوازیە فکریی و تیئۆریی و تەشکیلاتییەکانمان دەخینە بەر دیدی رای گشتیی ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و کوردستانیان. ئەڵبەت لێرەدا زۆر بەکورتیی ئاماژە بە هەندێک خاڵی جیاوازمان دەکەین:

١. سەرەڕای پەسەندکردنی بەرنامەی کۆنگرەی ١٣ ی کۆمەڵە و بە ئاشکرا دیاربوونی خەتی کوردستانیی و پلورالیستیی و ”سۆسیالدیموکراسی“ وەکوو ئایدیۆلۆژییەکی سیاسیی بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵە، بەشێک لە هاورێیانی کۆمیتەی ناوەندیی لەم بەرنامەیە پاشگەزبوونەتەوە، بێ ئەوەی بەر لە کۆنگرەی ١٣ و پاش کۆنگرەی ١٣ توانیبێتیان ڕۆشنایی فکریی و سیاسیی و ڕەووشتیی و پراکتیکیی بۆ ئەو جۆرە لە ”کۆمەڵەبوونی“ خۆیان بەیان بکەن.

٢. ئێمە ”فراکسیۆنی کوردستانیی سۆسیالدیموکرات“ رای دەگەیەنین کە لە سەر ئاستی ڕۆژهەڵات لە کوردستان کۆمەڵە حیزبێکی سەراسەرییە و بەو شێوەیە خۆمان بە هێزێکی کوردستانیی دادەنێین، نەک ئێرانیی. لەم رووانگەیەوە دەزانین کە بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان و هێزەکانی ناو هەناوی ئەم بزووتنەوەیە داواکار و خوازیاری دابینکردن و بە دەستهێنانی مافە نەتەوەییە زەوتکراوەکانی خەڵکی کوردستانن.

زۆر راشکاو و کۆنکرێت رای دەگەیەنین کە رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران رژێمێکی کۆنەپەرست و دیکتاتۆر و تیئۆکرات و هاوکات داگیرکەری خاک و خەڵکی کوردستانە کە دەستی لە خوێنی خەڵکدا سوورە و تاوانبارە و زوو یان درەنگ بەرەو ڕووخان و لەناوچوون دەچێت و وەک هەر ڕژێمێکی تاوانبار فڕێ دەدرێتە زبڵدانی مێژوو. ئەم کۆمارە ئیسلامییە نە لەوەپێش توانیوویەتی ڕیفۆرم بکات، نە ئێستا و نە لە داهاتوویشدا هیچ جۆرە ریفۆرم وگۆرانکاریەک قبوڵ دەکات، چون هەر لە بناخەدا ناتوانێت ڕیفۆرم قبوڵ بکات و لە سەر پایەی دژ بە خەڵک بوون و دژ بە ئازادیی دامەزراوە.

ئێمە دەزانین کە باوەر بە گۆڕان یان بە گۆڕینی ئەم رژیمە تا سەر ئێسک بێ هودەیە، بەڵام ئێمە بە راشکاویی رای دەگەیەنین کە دروشمی رووخاندنی رژێمی ناوەندیی کە لە ئیستادا کۆماری ئیسلامییە و لە داهاتوودا شایەد شێوەیەکی دیکە لە حکومەتی سەرکوپ بێت، نابێت لە مانای ئەرکدارییماندا دروشمی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان بێت. ئەم دروشمە لە هەناو و ستراتیژی هێزگەلی چەپ و سەراسەریی ئێرانییەوە هاتووتە ناو گوتاری بزووتنەوەی کورد و بە سەریاندا سەپاندووە. دروشمی ڕووخاندنی ڕژیمی ناوەندیی لە داهاتوودا کێشەی سەرکیی و بنەڕەتیی، کە هەم سیاسیین و هەم یاسایی، بۆ کورد دروست دەکات و دەبێت بە هۆشیاریی و وردبینیی سیاسیەوە وەڵامی بدەینەوە. بە روونیی دەبینرێت کە دروشمی رووخانی رژیمی ناوەندیی لە سەرەتای بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی کوردستاندا نەبووە و پاشان بە بزووتنەوەی کورد تەحمیل کراوە. لە ڕاستییدا هیچ خەباتێکی ئازادیخوازانەی نەتەوەیی لە جیهاندا نییە کە خۆی بە دروشمی رووخان/ یان رووخاندنی ڕژیمی ناوەندییەوە کە داگیرکەرییەتی مەشغوڵ کردبێت.

حیزب بوون لە سەر ئاستی ڕۆژهەڵات بەو مانایە دێت کە ئەرکی سەرشانی ئێمە ڕزگارکردن و پاراستنی کوردستان و خەڵکەکەیەتی لە دەستدرێژیی. دیارە کۆمەڵە هیچ کاتێک هاوپشتیی سیاسیی و مرۆڤیانە و هاوسۆزیی و هاوهەستیی لەگەڵ لایەن و نەتەوەکانی ئێران رەت ناکاتەوە.

٣. ئێمە دەمانەوێت کۆمەڵە لە پراکتیکی ڕۆژانەدا پلورالیزمی سیاسیی و ئایینیی و فەرهەنگیی لە سەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پیادە بکات و ڕێزی لێبگرێت. لەبەرئەوە دژی هەموو جۆرێک لە حەزف و لە نەخوێندنەوە و لە بەکەم دانانین و دەمانەوێت بە روونیی و ڕاشکاویی لەگەڵ هەموو ئەو پارت و ڕێکخراوانە کە لە ڕۆژهەڵاتدا هەن و چالاکن و کە دڵخوازانە دەیانەوێت، پێوەندییمان هەبێت و بەرەو هاوکاریی و هاوبەرنامەیی ڕێ بپێوین.

ئێمە هەموو جۆرێک لە قسەوباسی نادروست و پشتەملە و خۆپەڕاندنەوە و شێوەکانی دیکە لە بێمەسئولییەتی بەرامبەر ئەوەکانی دیکە، رەت دەکەینەوە و بە سوننەتێکی زیانەخرۆ و تێکدەر و ڕووخێنەر دەبینین.

٤. ئێمە دەمانەوێت ئۆردوگای کۆمەڵە تەواو و سەرتاپا سیاسیی و نیزامیی بێت و لە هەموو شێوەکانی وابەستەییبە بێ پرینسیپیی، جا هەر چییەک بن، بپارێزرێت. ئێمە دەمانەوێت چی تر ئۆردوگای کۆمەڵە وەکوو بەردەباز بۆ مەرامیی شەخسیی و غەیرە سیاسیی و فکریی و نیزامیی بەکارنەبردرێت و ئۆردوگا لە خەسڵەت و مۆرکی نیشتەجێبوونی موڵکی ڕزگار بکرێت. دیارە کۆمەڵە دەبێت بەرپرسایەتی خۆی بە شێوەی یارمەتیدان و پشتگیریکردن بۆ هەموو ئەوانەی دڵسۆزی کۆمەڵە بوون هەڵ بگرێت کە نایانەوێت یان ناتوانن لە فەزایەکی نوێدا بمێننەوە و بەشدار بن و بژین.

٥. ئێمە حیزب بە ئامرازی کاری سیاسیی دەبینین و دەبێت لە هەموو جۆرە گروپبەندیی و دەستەبەندییەک کە بەرژەوەندی حیزب دەخاتە پەراوێز و مەترسییەوە وەدوور بگرین و باسەکان، لە مەیدانی مەحفەل و قسەی لابەلاوە، بخەینە ناو کۆڕ و کۆمەڵ و کۆبوونەوە و مەیدانی ئاشکرا و لەبەرچاو، چون پێمانوایە سیاسەت و فکر و ئەندێشە بەرهەمی ڕاشکاویی و ڕۆشنایی و مەیدانین.

٦.فراکسیۆنی کوردستانیی و سۆسیالدیموکرات“ ی کۆمەڵە پێی وایە کە لە ئاییندەی کوردستانێکی ئازادی پلورالیستی پارلەمێنتارییدا خەتی سۆسیالیستی ڕیفۆرمیست کە باوەڕی بە جێگۆڕکێی حکومەتە لە ڕێگای هەڵبژاردن بە شێوەی ئاشتیی و سیاسیی و دیموکراتیک، دەتوانێت نەخشی بەرچاوی لە چەسپاندنی دادوەریی کۆمەڵایەتیی و فەراهەمکردنی مافەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و دابینکردنی بیمەی گشتیی کۆمەڵایەتیی هەبێت، دوور لە سیاسەتی دروشمگەریی و ماجەراییگەریی و بەرخوردیی ڕۆمانسیسزم و دۆنکیشۆتیزمی سیاسیی چینایەتیی. ئەمە بۆ ئێمە سەنەد و زامنی سەقامگیرکردنی کۆمەڵگای کوردستان و پێڕەوی پێشکەوتنە لە پرۆسەیەکی دیموکراسیی بەرەو یەکسانیی و ڕووەو کۆمەڵگایەکی هاوسۆز و هاوپشتی هاوچەرخ.

جێی داخە سەرەڕای هەوڵی جیددیی ئێمە، کار و ئاخافتن و ئەنجام و بەرئەنجام و جۆری بەڕێوەبردنی پلۆنۆم، نیشانی دا کە ئەم ئاراستە و شێوانە لە کارکردن، دەقاودەق دژی پرینسیبی حیزبیی و بەرنامە و پێڕەوی حیزبە. بە هیوای هەرچی پەیگیریی و هاوپشتیی هاوڕێیانی دڵسۆزە بۆ بەهێزکردنی خەتی ”فراکسیۆنی کوردستانیی و سۆسیالدیموکرات“ ی کۆمەڵە.

بەسپاسەوە                    ٢٨/٠٥/٢٠١٣ زائینی / ٠٨/٠٣/ ١٣٩٢ هەتاویی

جەلیل ئازادیخواز / عەبدواڵلە کۆنەپۆشی (عبەدلێر) / رێبوار رەشید / هێرش عەلیزادە  

……………………………………….

هاوڕێیانی دڵسۆز و خەباتگێڕی کۆمەڵە لە هەر شوینێک هەن،

سڵاوتان لێ بێت

بەرێزان، پاش کۆنگرەی ١٣ کۆمەڵە هەم لە باری ناوخۆ و هەم لە باری کەشوهەوای سیاسیی لە ناوچەکە لە دۆخێکی تەواو جیاواز لە پێشوودایە. بۆ ئەوەی وەکوو حیزبی کۆمەڵە بتوانین بە رووداوەکانی ئاییندە وەڵامگۆ و ئامادە بین، پێویستە هەموومان، سەرەڕای جیاوازیی پۆست و تەمەن و شوێنی نیشتەجێ و هتاد، دەبێت سەرلەنوێ خۆمان بەو ڕەووشتە بەرزانە چەکدار بکەین کە ڕۆژێک لە رۆژان کۆمەڵەی کرد بە حیزبێک کە بتوانێت لە دونیایەکی داگیرکەریی و دیکتاتۆریی و تاکحیزبیدا، نەک هەر جێی خۆی بکاتەوە، بەڵکو بتوانێت نەخشی خۆی لە کوردستان لە سەر مێژوو دابنێت، بە تایبەت لە ناو کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنان و ڕۆژشنبیراندا وا کە ببێت بە پارتێکی کۆمەڵگایی.

بەرێزان، خەباتگێڕیی و یەکسانیخوازیی و پێویستی بە کولتوری ڕەووشتبەرزیی و وەفاداریی بە پریسنیپپەروەریی و دیسپلینپەروەریی هەیە. مامەڵەکردن لەگەڵ یەکتر بە ڕێز و خۆشەویستیی، هاوکاریکردن و یارمەتیدانی یەکتر و رێنماییکردنی یەکتر، دەبێت بەشێکی گرینگ لە کارەکانمان بێت.

دەبێت هەمیشە لە هەوڵی بەردەوامدا بین بۆ ئەوەی کۆتایی بە بەخیلی سیاسیی، لە پاشملەقسەکردن، قسەهەڵبەستن و لەکەدارکردنی یەکتر بهێنین. ئەمە دەبێت بەشێکی دیکەی گرینگ بێت لە کاروخەباتمان.

ئێوە دەزانن کە دڵسۆزانی کۆمەڵە لە سەرەتای خەباتی کۆمەڵەدا خۆبەخشانە، فیداکارانە و دڵخوازانە، نەک هەر بە ڕەووشتی بەرز و بە پارە و بە کۆمەکی ماڵیی و بە سامانی خۆیان، بەڵکو بە ژیانی شیرین و بە نرخی فیداکردنی گیانی خۆیان، کۆمەڵەیان لە سەر زەوی دامەزراند. زۆرن ئەوانەی گیانیان سپارد و تەنانەت یەک جاریش بە یەک تاقە وێنە یادنەکراونەتەوە و تەنانەت یەک جاریش لەبنە ماڵەو کەسووکاریان نەپرسراوەتەوە. زۆرن ئەوانەی زیاتر لە یەک ئەندامی لەشیان لەدەسداوە، کە ئێستا لە زەحمەت و مەینەت و ئازاری بەردەوامدا دەژین، بەڵام هیچ کاتێک گلەیی لە خەبات و ڕابردووی خۆیان ناکەن.

هاورێیان، ئێستا لە زەمانێکدا کە چەندین حیزبی سیاسیی هەین، کە لایەنەکانی کێبڕکێکار لە مەیدانی سیاسییدا بە ئەژمارن کە بەرامبەر یەکێک لە هەرە خوینڕێژترین و وەحشیترین لە سیستەمە سیاسیەکانی دونیا وێستاوین، لە کۆمەڵەدا پێویستمان بە هەرچی زیاتر لێبووردن و ئاشتبوونەوە و گەردنئازادیی لەیەکنزیک بوون ولەیەکگەیشتن هەیە. کاتی تووڕدانی هەرچی جۆرێک، کەم بێت یان زۆر، لە دڵکرمێیی و دڵکرمێبوون، دڵرەنجاویی و دڵئێشاویی و لە شێوەکانی دیکە کەبوونەتە هۆگەلی دوورکەوتنەوە و دڵساردبوونەوە لەیەکتر.

بەرێزان، خۆشەویستان

ئێمەی ئەندامان و دۆستانی کۆمەڵە، بەتایبەتیی ئەوانەمان کە بەرپرسیارتیی حیزبیمان قبوڵ کردووە، لە هەر کاتێک زیاتر پێویستمان بە کاری خۆبەخشانەی بێبەرانبەر هەیە، دەبێت لە هەر حەوزە و کۆمیتە و شوێنێک بین بەکردەوە نیشانی هاوڕێیانی چواردەوری خۆمانی بدەین کە بە خەرجی هەرچی کەمتر بەڕێوە دەچین، کە دەست بە ماڵ و سامانی کۆمەڵەوە دەگرین، کە زیادەمەسرەفیی لە هیچ شتێکدا ناکەین، کە ڕەسیدی کڕینمان بۆ هەموو شتێکی کڕدراو هەیە، ئەگەر تەنانەت بە قرانێکیش بێت، کە تۆمارەکان لە جێی خۆیاندان و پەیگیریان لە سەر دەکرێت. کە هەموو کەرەستە و شتومەکێک بە ڕێکوپێکیی ڕادەگرین و بەکار یان دەهێنین. هاوڕێیان، ئەم کارانە دەبێت هێندە لەبەرچاو و ڕوون و حاشاهەڵنەگر بن کە ببن بە کولتوری کۆمەڵە و ببین بە نموونەی ئایدیال بۆ ئەوانەی لە ریزەکانی کۆمەڵەدان و تەنانەت ئەوانەیش کە لەدەرەوەی بازنەی تەشکیلاتیدان.

هاورێیان، ئەمە ئەلفبێی یەکسانیخوازیی و بەرابەرخوازییە، ئەمە ئەلفبێی هەنگاوی یەکەمە بۆ جێبەجێکردنی دروشمەکانمان لە فەزای کۆمەڵگایەکدا کە چەندین ملوێنە و لە مەیدانی حیزبییمان زۆر گەورەترە. بەڵام هەروەها بەڵێنێکی پرینسیپیی و وەفادارییەکی هەرەوەزکارییە کە دەبێت پێرەوی بکەین تا بەکردەوە لە گشت بوارەکاندا بیسەلمێنین کە ڕێبواری ڕێگای کۆمەڵەین.

بەرەو دووبارە چەسپاندنی ڕەووشتی خەباتگێڕیی کۆمەڵە! ڕێبوار رەشید     ٧/١/٢٠١٣

…………………………………………………

پێشنیار و ئاگاداریی

هاوڕێیانی دڵسۆز و خەباتگێڕی کۆمەڵە لە هەر شوینێک هەن،

سڵاوتان لێ بێت

بەرێزان، لە درێژەی ئەو نامە سەرئاوەڵەیەی پێشوودا کە هاوڕێگەلێکی بەئەژمار وەڵامیان بە ئەرێنی دایەوە و هەروەها درێژەی باسی کۆنگرەی ١٣ کۆمەڵە، پێم خۆشە چەند خاڵێکتان بخەمە بەردەست:

١. سەرەڕای وەبیرهێنانەوەی چەندینجارە هێشتا هەر کۆمەڵە، بەتایبەتی ک.ن. سسیتەمی ڕۆژەڤ و پرۆتۆکۆل بەو شێوەیەی لە پێڕەوی ناوخۆدا هاتووە و بەشێکە لە کاری حیزبیی جیددیی و شەفاف پیادە ناکات و هێندەی من ئاگادار بم تەنها لە کۆمیسیۆنی دەرەوەی وڵات و کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی ناوخۆدا پیادە کراوە و دەکرێت. من پێموایە ئەمە یەکێکە لەو خاڵە شایانباسانەی کە دەبێت هەموو هاوڕێیەک لێی ئاگادار بێت.

٢. ئێمە هەروەها لەوەبەر باسی زیندووکردنەوەی کولتور و فەرهەنگی خۆبەخشانە و فیداکارانەمان کردووە و ئاماژەمان بە خەباتی سەرەتای دڵسۆزانی سەردەمی دەستبەکاربوونی کۆمەڵە کردووە. لەو رووەوە من دووبارە وەبیری هەمووانی دەهێنمەوە کە هەموو ئەندامێکی کۆمەڵە لە سکرتێرەوە بەرەو دوا ئەندامی خوارەوە دەبێت خۆبەخشانە و بێ بەرامبەر و پاداشت کار بکەن. شێوەی مووچە هەروەکوو مووچەی پێشمەرگایەتیی دەبێت سیمبولیک بێت و تەنیا وەکوو پارەی خەرجیی ڕۆژانە بێت. پێشنیارک کە من پێموایە هەر زۆرینەی هاورێیان دەتوانن لە پشتەوەی بن کۆتاییهێنانە بە هەموو شێوەکانی پارەدان بۆ کاری تەشکیلاتی لە ئوروپا، مەگەر ئەوە نەبێت کە بکەوێتە فەزای کاری ڕەسمیی و کاری تەواوی رۆژەوە بە پڕیی، واتە هەشت سەعات، یان نیوەکات، واتە چوار سەعات و دەبێت کاری بەردەوامیش بێت. دیارە لەو چوارچێوەیەشدا هەر هاوڕێیان دەتوانن لە دڵسۆزیی و وەفاداریی و جیددیەتیاندا بەرهەمی خۆبەخشانەیان هەبێت. سەبارەت بە هاورێیانی نیشتەجێ لە باشووری کوردستان، من پێموایە دەبێت لە سەداسەد سوود لە ئۆردوگا وەربگرین و بە هیچ شێوەیەک خەرجی کرێخانووی ناو شار/ دەرەوەی ئۆردوگا نەچێتە سەر شانی کۆمەڵە، و لە ڕاستییدا من هیچ پاساوێک بۆ لە دەرەوەی ئۆردوگا ژیانکردن نابینمەوە.

هەروەها بە پێی پێڕەوی ناوخۆ هیچ هاوڕێیەکی کۆمەڵە کە بەرپرسایەتی ڕەسمیی هەیە بۆی نییە لە مامەڵەی کڕین و فرۆشتن و کاروکاسپیی شەخسی بەردەوامدا بێت و هەروەها بۆی نییە سوود لە کەرەستە و ئامرازی کۆمەڵە بۆ ئەو مەبەستە وەربگرێت. هاوڕێیانی کوردستانیش هەروەکوو هاورێیانی ئوروپا نابێت وەکوو بەرامبەر یان پاداشت لە مانای مووچەدا وەربگرن. هەموو هاوڕێیەکی نیشتەجێی ئۆردوگا بە بێگومانییەوە دەبێت ماڵ و شوێنی خەو و پشوو و ژیانی خۆی بە شێوەیەکی ڕکوپێک و شایستە بە هاورێی ئێمە بۆ مسۆگەر بکرێت، خۆراک و بژێوی گشتیی و جلوبەرگ و پێویستیی لەو جۆرەیان بۆ دڵنییا بکرێت، و هەروەها پارەیەکی کەمیش بۆ خەرجیی ڕۆژانەیان پێ بدرێت کە بە ڕای من، بۆ نموونە بۆ ئەندامانی ک.ن. نابێت لە نێوان سەدهەزار و دوو سەدهەزار دینار تێپەڕ بکات. جیاوازیی نێوان خەرجیی ڕۆژانەی پێشمەرگە و سەرەوە دەبێت نزم بێت و نابێت بێ دەلیل و بێ هۆی تایبەتیی شایانباس بێت. لە حاڵەتی پێویستبوونی کەسێک، بۆ نموونە ئەندامێکی ک.ن. بە پارەی تایبەتیی جیا لە خەرجی ڕۆژانە، دەبێت خودی ک.ن ئاگاداری بێت و بە پێی بڕیار و پرۆتۆکۆل بجەسپێت.

٣. هەموو ئەو هاوڕێیانەی بە شێوەیەک وامی شەخسی خەڵکیان لایە کە ڕێژەکەی هێندە زۆر بێت کێشەی لە سەر بکەوێتەوە و بە شێوەیەک لە سەر کۆمەڵە بکەوێت، یان لە پێوەندیی دوژمنایەتیی و جۆری دیکە لە کێشە کە هەبێت و کە ڕەنگە بتوانێت ئێخەی کۆمەڵەش بگرێت، یاخود شتی دیکە کە بە چەشنێک بچێتە خانەی تاوانەوە، دەبێت ئەو کەسانە خۆیان دڵخوازانە ئەوە بە بەرپرسی خۆیان یان بە ک.ن. ڕابگەیەنن تا کۆمەڵە ئاگادار بێت. بۆ ئەوەی بتوانێت پێشوەخت چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە یان کۆمەک بە چارەسەرکردنی بدات و سنوور بۆ زیان و زەرەری دابنێت.

هاورێیان، زۆرینەی پارتە سۆسیالدیموکراتەکانی ئوروپا و بزووتنەوەی کرێکاریی بەو شێوەیە بوون بە خاوەنی سەرمایەی خۆیان کە بە هۆیەوە توانیوویانە و دەتوانن درێژە بە سیاسەت و بە هەبوونی خۆیان بدەن. لە حاڵەتی حوکمدارییدا دیارە کە سیستەمی مووچە بۆ هەموو ئەو کەسانە دەبێت کە کار دەکەن و ئەوە شتێکی تەواو جودایە کە پێوەندیی بەم دۆخەی ئێستاوە نییە.

بەرێزان، خۆشەویستان

ئێمەی ئەندامان و دۆستانی کۆمەڵە، بەتایبەتیی ئەوانەمان کە بەرپرسیارتیی حیزبیمان قبوڵ کردووە، لە هەر کاتێک زیاتر پێویستمان بە کاری خۆبەخشانەی بێبەرانبەر هەیە، دەبێت لە هەر حەوزە و کۆمیتە و شوێنێک بین بەکردەوە نیشانی هاوڕێیانی چواردەوری خۆمانی بدەین کە بە خەرجی هەرچی کەمتر بەڕێوە دەچین، کە دەست بە ماڵ و سامانی کۆمەڵەوە دەگرین، کە زیادەمەسرەفیی لە هیچ شتێکدا ناکەین، کە ڕەسیدی کڕینمان بۆ هەموو شتێکی کڕدراو هەیە، ئەگەر تەنانەت بە قرانێکیش بێت، کە تۆمارەکان لە جێی خۆیاندان و پەیگیریان لە سەر دەکرێت. کە هەموو کەرەستە و شتومەکێک بە ڕێکوپێکیی ڕادەگرین و بەکار یان دەهێنین. هاوڕێیان، ئەم کارانە دەبێت هێندە لەبەرچاو و ڕوون و حاشاهەڵنەگر بن کە ببن بە کولتوری کۆمەڵە و ببین بە نموونەی ئایدیال بۆ ئەوانەی لە ریزەکانی کۆمەڵەدان و تەنانەت ئەوانەیش کە لەدەرەوەی بازنەی تەشکیلاتیدان.

هاورێیان، ئەمە ئەلفبێی یەکسانیخوازیی و بەرابەرخوازییە، ئەمە ئەلفبێی هەنگاوی یەکەمە بۆ جێبەجێکردنی دروشمەکانمان لە فەزای کۆمەڵگایەکدا کە چەندین ملوێنە و لە مەیدانی حیزبییمان زۆر گەورەترە. بەڵام هەروەها بەڵێنێکی پرینسیپیی و وەفادارییەکی هەرەوەزکارییە کە دەبێت پێرەوی بکەین تا بەکردەوە لە گشت بوارەکاندا بیسەلمێنین کە ڕێبواری ڕێگای کۆمەڵەین.

بەرەو دووبارە چەسپاندنی ڕەووشتی خەباتگێڕیی کۆمەڵە! ڕێبوار رەشید   ٣/٢/٢٠١٣

……………………………………………….

ئاگاداریی و پێشنیار

(بە رای من جێی خۆیەتی ئەم نامەیەش بۆ هەموو ئەندامان بنێردرێت، بەڵام فەرموون ئێوە وەکوو (ک ن) بڕیار لە سەر ناردن یان نەناردنی بدەن!).

هاوڕێیانی دڵسۆز و خەباتگێڕی کۆمەڵە لە هەر شوێنێک هەن،

سڵاوتان لێ بێت

بەڕێزان، لە وەڵامی نامەی دووهەمی سەرئاوەڵەی من بۆ هاوڕێیانی کۆمەڵە، دوو کەس لە هاورێیانی (ک ن) بە نووسراوە وەڵامیان داوەتەوە و بۆچوونی خۆیان دەربڕیوە، یەکەم هاوڕێ جەلیل ئازادیخواه و دووهەم هاورێ سادق زەندی ـە کە لەبەر نووسراوەیی و تۆمارکراوەیی وەڵامەکان ڕێزێکی زۆریان بۆ دادەنێم و سپاسیان دەکەم بۆ تیشکخستنە سەر ئەو باسانە. لە ڕووی ڕەووشتیی و هاورێیەتیەوە بایەخییان زۆر بۆ دادەنێم و هەوڵ دەدەم ئەوانیش لەم نامەیەدا وەڵام وەربگرنەوە.

بەو شێوەیەی دەبیسترێتەوە یەکەم: لێرەولەوێ هاوڕێیانێک لە (ک ن) لە پاشملە کاردانەوەیان هەبووە و دووهەم: لە مێژووی ٢٠١٣/٣/١٠، ڕێککەوتی یەکشەممە (ک ن) کۆبوونەوەیەکی گرتووە و لە سەر ئەو نامە قسەوباس کراوە کە دیارە من تیایدا بەشدار نەبووم چون هاوڕێ عومەر شەوێک پێش ئەوە پێی راگەیاندم کە ئەسڵەن (ک ن) کۆبوونەوە ناگرێت لەبەرئەوەی هاوڕێ هێرش و ئەوانی دیکە کە مەبەستی لە هاوڕێ خەلیل دەشتی و عوسمان خەلیلیە لە سەفەردا دەبن، و سێهەم: هیچ پرۆتۆکۆلێکی ئەو کۆبوونەوەیەی ٢٠١٣/٣/١٠ بە دەست من نەگەیشتووە (ئەسڵەن ڕەنگە هەر پرۆتۆکۆلێک نەشنووسرابێت).

پێش ئەوەی بچمە ناو باسە ئەسڵیەکە من ئەو سێ خاڵەی سەرەوە بە پرینسیپشکێنیەکی کەم وێنە دادەنێم و لە سەر گەشەی دیموکراسیی و شەفافیەت لە ناو کۆمەڵەدا بە خەتەری زۆر گەورەی دەبینم.

بەرێزان،

١. وەکوو بیستومەتەوە و لە نامەیەکی ”سکرتاریەتی کۆمەڵە“ دا ئاماژەی پێ کراوە، کە ئیمزای هاورێ بیژەن قوبادی لە سەرە و کە لە راستییدا بە پێی پێرەوی ناوخۆی کۆمەڵە ”سکرتاریەتی کۆمەڵە“ خاوەن مافی نووسینی لەو جۆرە نامەیەی نییە. هەر لەبەرئەوەش کە من نازانم بە ناوی چەند کەسەوە نووسراوە هیچ بایەخێکی پێ نادەم. دیارە سپاسی هاوڕێ بیژەن قوبادی دەکەم کە ئیمزای خۆی لە سەر داوە و دەزانم کە هاورێیەک زەحمەتی کێشاوە.

بە هەرحاڵ، ناوەڕۆکی ئەو نامەیە ئەوەیە کە گوایا هاوڕێیانی (ک ن) پێیان وایە (دیارە نەگوتراوە ئەو هاورێیانە کێن) کە من نەدەبا ئەو نامەیە بۆ هەموو ئەندامانی کۆمەڵە بەڕێ بکەم و (ک ن) ئەم کارە بە هەڵە دەبینن.

وەڵام: بەرێزان، ئەگەر جوان سەرنج بدەن سەرەتای نامەکەی من بە سەردێڕی ” پێشنیار و ئاگاداریی“ و بە ” هاوڕێیانی دڵسۆز و خەباتگێڕی کۆمەڵە لە هەر شوینێک هەن“ دەست پێ دەکات. ئەمە بەو مانایە دێت کە من خودئاگا و بە خۆشییەوە پێم خۆشە بە دەست زیاتر و زیاتر لە ئەندامانی کۆمەڵە بگات. بە داخەوە من ئیمایلی هەموو هاورێیانم لا نییە و ڕەنگە زۆر هاوڕێ بە دەستیان نەگەیشتبێت و هیوادارم بە دەستیان بگات. لە پەیامەکەشمدا کە بڵاوم کردووەتەوە نووسیبووم کە تکایە بە دەست هاورێیانی دیکە بگات.

٢. حەتمەن بەڕێزگەلێک دەپرسن: بۆ ئەو نامەیە بۆ ئەندامان بچێت؟

وەڵام: لە هەرە سەرەتای کۆبوونەوەکانی کۆمەڵە – پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بۆ هەوڵدان بۆ بەیەکبوون، هاوڕێیانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە شوێنی جیاواز و کاتی جیاواز پێوەندیی زۆریان بە ئێمەوە دەگرت کە هیچ زانیاریەکیان سەبارەت بە دانیشتنەکانی نێوانمان پێ نادرێت. ئێمە بە ڕێزەوە داوامان لێدەکردن ڕووبکەنە ئێوە و داوای وەڵام لە ئێوە بکەن. ئێمە لە هەموو کۆبوونەوەکانماندا ئەمەمان عەرز دەکردنەوە.

بە ئینسیاتیڤی بەرێز کوێستان داودی بەرێزان کاک ناسری حیسامی کاک سەعیدی سەرهەنگی و کاک حوسەینی پەناهی کەوتبوونە خەمخواردن و بەدەربەستهاتنەوەی یەکگرتنەوەی هەردوو لامان. لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانماندا کە وا شکایەوە لە شاری یوتەبۆری بگیرێت چون دەبا لە مەراسیمی هاورێی دێرینی کۆمەڵە شەهید ڕەحمان لە ٢٦/٢/٢٠١٢ بەشدار بین. بەرێز هاوڕێ حوسەینی شەبەق ـیش لەو مەراسیمەدا بە پەیامی خۆیەوە بەشدار بوو.

کەمێک پێش ئەوەی کۆبوونەوەی هەردوولامان دەست پێ بکات، پێمان راگەیەندرا کە ئەو سێ هاوڕێیە، واتە کاک ناسری حیسامی کاک سەعیدی سەرهەنگی و کاک حوسەینی پەناهی، لەلایەن هاوڕێ رەزا کەعبی پێیان گوتراوە ئیتر پێویست ناکات بەشدار بن. دیارە بە پێچەوانەی خواستی ئێمەوە هەروەها هاوڕێ حوسەینی شەبەقیش پێی نەگوترا بەشدار بێت، لەگەڵ ئەوەشدا کە لەوێ بوو و لەگەڵمان بوو و یەکێكیش بوو لە هەرە ئەوانەی بە دەربەست یەکگرتنەوەیەکی لەو جۆرە دەهات. بە دڵنیاییشەوە سەهمی ئەو گەورەوگران دەبوو.

لە پاش یەکگرتنمان لە ١/٥/ ٢٠١٢ من چەندین جار داوام لە هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە، لە هاوڕێ جەمیلە ڕەحیمی و لە هاورێ ڕەزا کەعبی کردووە کە کۆبوونەوەی سەراسەریی بگرین و گرینگیی و بایەخی ئەو یەکگرتنەوە و مەبەست و ئامانجمان بۆ هاوڕێیان ڕوون بکەینەوە و هەوڵ بدەین هەمووان سەرلەنوێ کۆبکەینەوە و کۆتایی بە دڵکرمێبوون و ڕەنجاندن بهێنین. من ئێستایش وەڵامێکم وەرنەگرتەوە و کۆبوونەوەیەک هەرگیزاوهەرگیز ئەنجام نەدرا.

پاش کۆنگرەی ١٣ هەمان داوای من سەبارەت بە گرتنی کۆبوونەوەی جیاواز بۆ ئەندامان بە هیچ شوێنێک نەگەیشتووە و لە هەوڵی هاوڕێیانی کۆمیسیونی رێکخستنەکانی دەرەوەی وەڵاتی لێ دەربچێت کە هەوڵ دەدەن هاوڕێیان لە سەر ئاستی وڵاتەکان کۆبکەنەوە، یەک دانە کۆبوونەوەی ئەندامان ئەنجام نەدراوە.

بەو مشتە نموونانەی سەرەوە تەنها پێمخۆشە وەبیر بەڕێزتان بهینمەوە کە لایەنێکی خراپی ئەوی پێی دەڵێن ”تەیفی کۆمەڵە“ نەبوونی کۆبوونەوە و تەماسە لەگەڵ ئەندامان و ڕێزگرتن و بەهەند دانانی بۆچوون و پێشنیار و خەمی ئەوانە.

بەڕێزان، ئێوە ئاگادارن کە من پاش هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە دووهەم کەس بووم کە دەنگی متمانەم لە نوێنەرانی کۆمەڵە پێ درا. پاش کۆنگرە هەر زوو گەرماوگەرم سپاس و دەستخۆشیی خۆمم بۆ هەمووان نارد، تەنانەت ئەوانەش کە دەنگیان پێ نەدابووم.

پاش پێنج مانگ دوای کۆنگرەی ١٣، من خۆم بە قرزداری ئەندامان دەبینم کە ڕوو بەوان شتێک بڵێم. ئەگەر هەر نەتوانم گوزارشی چڕوپڕ بخەمە بەر دەستی بەڕێزیان، لانی کەم دەبێت بۆم هەبێت لە شێوەی نامەی سەرئاوەڵەدا هەندێک بۆچوون و پێشنیار و ئاگادارییان بخەمە بەر دەست. ئەمە مافێکە لە کەسی داوا ناکەم، خۆم بە خۆمی دەدەم.

هەروەها من ئەمە بە مافێکی تەواو دیموکراسیی و مرۆڤیانە و ڕێکخراوەیی دەبینم، هەم بۆ خۆم و هەم بۆ ئەندامان.

لە درێژەشدا من ئەمە بە درێژەدەری لانی کەم خەتی ڕەووشتیی و ویژدانیی و ئەمەکداریی فوئاد و سەدیق و حەمەحسێنەکان دەبینم بۆ خەڵکی کوردستان کە بەشێکی بریتییە لە هاواری شەفافیەتبوون و هێشتنەوەی تەماس لەگەڵ ڕەگەکانی تەشکیلاتدا، نەک فرۆشتنەوەی عەکس و دروشمی سوواو و شێوەگەلی ناسیاسیی لە کار.

٣. گوایا ئەو باسانەی من کردوومنەتەوە نهێنین یان دەبێت هەر تەنها لە ئاستی (ک ن) دا بهێرێنەوە.

وەڵام: من خاڵ بە خاڵ دێمە سەر ئەو باسانە. بەڵام با لە پێشدا وەڵام بە ”نهێنی“ بدەمەوە.

هاورێیانی (ک ن) و هاورێیانی دیکە لە هەر شوێنێک هەن،

بۆ من ”نهێنی“ ڕێکخراو کۆمەڵێک خاڵی ڕوونە کە منداڵی ٧ ساڵەش دەتوانێت لێیان حاڵی بێت، بۆ نموونە وەکوو ئەوەی کە زانیاریی سەبارەت بە شوێنی ژیان و هاتن و چوون و چەک شاردنەوە و سەرچاوەی دارایی و هتاد هاوڕێیان و کۆمەڵە بڵاو نەکرێتەوە. کە باس لە پلانێکی هەڵمەت بۆ سەر بنکە و پایەگایەکی داگیرکەر دزە نەکاتە دەرەوەی کۆمەڵە، کە زانیاریی شەخسیی لە سەر ژیان و ویژدانی هاوڕێیان و کەسوکاریان دزە نەکاتە دەرەوەی ڕێکخراو، کە بە ئەمەک و خۆشەویستیی و ڕێزەوە نهێنی شەخسیی مرۆڤەکان ببەینە ژێر گڵ. کە پلان و بەرنامەی کۆمەڵە بۆ کار و چالاکیی تا کاتی دیاریکراوی خۆی نەیەت، دزە نەکەنە دەرەوە.

ئەمانە نموونەن لە ”نهێنی پارێزیی“ و ”پاراستنی ڕازی پەنهان“.

بۆ من ”نهێنی“ ئەوە نییە کە بچووکترین پێشنیار و ئاگاداریی لاپەڕەی قورئان بێت و هەندێک کەس لێم ببن بە شێخ و مەلا و بە دۆزەخ و بە ئاگری دۆزەخ هەڕەشە بکەن.

٤. وا دەگوترێت و بڵاوکراوەتەوە کە گوایا ئەوە قسەکردنە دژ بە (ک ن).

وەڵام: ئا. هەر کەسێک ئەو نامەیەی خوێندبێتەوە دەزانێت کە من بە یەک وشەش باسم لە هیچ مرۆڤێک نەکردووە. هیچ کاتێکیش ئاستی باسی سیاسیی نابەمە سەر ئاستیی سەر تاکەکەس مەگەر باسەکە بە تایبەتیی وا پێویست بکات. هەمیشەش ڕێزم لە بچووکترین خەباتی خەڵک کردووە تەنانەت ئەگەر لە حیزبێکیشدا بێت کە من بە کۆنەپەرست و نادروستی دابنێم، چ جای بە هاوڕێیانی خۆمان.

ب. هەر کەسێک کەمێک بە سیاسەت ئاشنا بێت دەزانێت کە لە ئەدەب و زانستی سیاسییدا بەو شێوەیە لە نووسین دەگوترێت ”نۆرماتیڤ“ واتە ”جێی خۆیەتی وا بێت“. بە کوردیەکەی من چەند پێشنیارێکم نووسیوە بەو هیوایەی وردە وردە ئۆپینیۆن پەیدا بکات، بەو ئومێدەی هاوڕێگەلێک کە بە دەربەست کۆمەڵەوە دێن و سەریان بۆی دەئێشێت بکەونە هێنانوبردنی ئەو باسانە و شەنوکەوکردنیان بە هیوای پێشنیاری کۆنکرێتتر و ڕوونتر.

ئەگەر من توانای سەپاندنی ئەو خاڵانەم هەبووایە و بڕوام بە سەپاندن بووایە دەمکرد. بەڵام نە توانام هەیە و نە بڕووا بە سەپاندن و زەبروزەنگیشە. ئەوی من ویستوومە ئەوەیە کە هەموو ئەو هاورێیانەی بە دەربەست پێشخستن و سەربەخۆکردنی کۆمەڵەوەن لە رووی ئابوورییەوە، بکەونە باسگەلێک لە سەر چۆنیەتی بەهێزکردنی کۆمەڵە. کە دیارە ڕەنگە هەر هیچ کەسیش نەچێتە پشتیان، چون تا ئێستا نەریت و کولتورێک بۆ وەگەڕخستنی ڕای گشتیی لە ئاستی ئەنداماندا نییە و دەزانم کە دروستکردنی زەحمەتە، نەک هاسان.

ج. ئەسڵەن، بە ئێستایشەوە، تێ ناگەم کە هەندێک لە کۆمیتەی ناوەندیی، کە ڕێک‌وڕەوان خۆیان بەیان ناکەن و نازانم کامانەن، لەبەرچی بەو شێوە سەنگەریان گرتووە و دژایەتی ئەو پێشنیارنامەیە دەکەن.

٥. خاڵی یەکەم کە سەبارەت بە ڕۆژەڤ و پرۆتۆکۆڵە بەردی بناخەی ڕێکخراوەی دیموکراتیکە. من باسەکە هەر لە سەر ئاستی سادەی دیموکراتیک دەهێڵمەوە و ناچمە ناو دروشمی بریقەداری ”زندە باد سوسیالزم“ و دروشمی بریقەدار و ئاڵوواڵای دیکەی لەو جۆرە کە تەنها وشەبازیین و بەداخەوە کراون بە ستراتیژی کۆمەڵە. هەر رێکخراوێک پرینسیپی ”ڕۆژەڤ و پرۆتۆکۆل“ پیادە نەکات دەتوانێت بە ئارەززووی خۆی لە سەر خوێن و سامان و کەسایەتیی و ویژدان و ڕەووشتیی ئەوانەی خوارەوە ژیان بگوزەرێنێت. دەتوانم بە سەدان نموونەی کۆنکرێت بهێنمەوە. ئەمە بۆ من بە هیچ شێوەیەک قابیلی قبووڵ نییە و هیچ پاساوێک بە گوێمدا ناچێت و هەموو ئەندامێک دەبێت بزانێت. ئەندامان لە سیاسەت حاڵیی بن یان نا، بە لایانەوە گرینگ بێت یان نا، ئەمە بۆ من خەتی سوورە. هەروەکوو چۆن خەتی سوورە بۆ ئینتەرناسیونالی سۆسیالیستیی و ناتوانیت ببیت بە ئەندام، هەروەکوو چۆن خەتی سوورە بۆ هەموو ڕێکخراوەیەکی سۆسیالدیموکراتیی و بۆ چەپگەلێک کە لە عەمەلدا بڕووایان بە سۆسیالیزمی دیموکراتی هەیە و خەریکی شۆخیبازیی و گاڵتەجاڕیی نیین.

ڕێگام بدەن نموونەیەکی زۆر زۆر سادە و ساکار لێرەدا بهێنمەوە: ئەگەر ڕۆژەڤ هەبووایە و ئێوە بڕوواتان بە پرینسیپی ڕۆژەڤ هەبووایە، ئەوا بۆ کۆبوونەوەی یەکشەممە کە بە دزی منەوە کراوە و کە لە سەرەوە ئاماژەم پێ کردووە، لانی کەم بە هەفتەیەک هەموومانتان ئاگادار دەکردەوە، و هاورێیان دەیانتوانی خۆیان ئامادە بکەن و منیش ئامادە دەبووم. ئەگەر بڕوواتان بە پرۆتۆکۆل هەبووایە ئێستا پرۆتۆکۆلی ئەو خڕبوونەوەیە (بە رای من کۆبوونەوەی ڕێکخراوەیی نییە) لە بەر دەستی مندا دەبوو و من دەمخوێندەوە کە چیتان تیادا نووسیوە و کێ چی گوتووە.

ناوەڕۆکی ئەسڵیی نامەکە:

هیچ هاوڕێیەکی کۆمەڵە نییە نەزانێت کە باری ئابووریی کۆمەڵە هێندە خراپ و ناڕۆشنە کە مەترسی زۆر گەورە لە ڕێگادایە کە کۆمەڵە لە پراکتیکدا ببێت بە شتێکی ناجیددی ناشایان بە ناوبردن. هەر کەسێک خۆی لەم باسە نادات بەکەڵکی ئەوە نایەت قسەی سیاسیی لەگەڵ بکرێت.

من لە ئاستێکی سیاسی بڵندەوە کە وام داناوە هاوڕێیانی کۆمەڵە لە سەر هەمان ئاست بەرخوردی لەگەڵدا دەکەن و وەکوو سۆمای چاوی خۆیان لایان بەنرخ دەبێت، زۆر بە کورتیی و دوور لە باسی شەخسیی و تانەلێدان و شتی وا، باسی هەندێک خاڵم کردووە کە پێموایە وردەوردە لەم ناسەربەخۆیی و وابەستەگییە فرە ترسناکە وەحشەتناکە ڕزگارمان دەکەن.

لەبەرئەوەش لە ساختاری سەرەوەی پارتەکەمانەوە دەستم پێکردووە جونکە دەزانم تەنها بە مۆدێلی لە سەرەوە بۆ خوارەوە چارەسەر دەبێت، نەک لە خوارەوە بۆ سەرەوە. ئێمە دەبێت سەرەوەی تەشکیلات لە دەستپاکیی و ماڵداریکاریی و وەفاداریی و ئەمەک و کاری خۆبەخشانە و پرینسیپ پارێزیی و دیسپلین پارێزییەوە بکەین بە نموونەیەکی کۆنکرێتی قایم و نیشانی خوارەوەی بدەین. لە حاڵەتی وادا دڵنییام کە ئەندامان و بەدەنەی تەشکیلاتیی، نەک بە پارەی مانگانە، بەڵکو بە فرۆشتنی کەلوپەلی ماڵی خۆیان، کۆمەڵە لەم وابەستەگی و ناسەربەخۆییە ئابڕووبەرانەیە رزگار دەکەن. ڕەنگە هەڵە بم. بەڵام هەڵە بم یان نا، ئەمە مۆدێلێکە کە دەبێت تاقی بکەینەوە.

یەکەمین خاڵ باسی ئوروپام کردووە کە هیچ هاوڕێیەکی ئوروپا نابێت بە هیچ شێوەیەک پارەی پێ بدرێت و روونم کردووەتەوە.

ئەرێ هاوڕێیان، کەسانێک کە خۆیان بە ئەندامی کۆمەڵە دەزانن و بۆ نموونە لە ئاسۆسات چەند سەعاتێک کار دەکەن، و کە دیارە زۆر جێگای ڕێز و پێزانینە. بۆ خۆیان لەو سەعاتەدا خۆیان نیشان دەدەن، ناوی خۆیان لە بەرهەمەکان دەدەن، فێری مەشقی کار و سیاسەت و شتی دیکە دەبن و ئەندامی کۆمەڵەن. ئایا پێویستە مووچە، جا کەم یان زۆر، وەربگرن؟

بە رای م نا، نابێت وەری بگرن. بەڵام دیارە لە کۆتاییدا دەنگی گشتیی ئەندامان بریار دەرە.

ئایا بە قسەیەکی وا کفری کەعبەم لە شێخگەلێک کردووە کە دەبێت بە چواردەوری خۆیاندا سەنگ فڕێ بدەن؟

ئایا من بە جوانیی ڕوونم نەکردووەتەوە کە مەگەر هاورێیەک نیوەکات یان کاتی تەواو کار بکات و چی و چی؟

سەبارەت بە هاوڕێیانی نیشتەجێی ئوردوگا ئاوام نووسیوە: ”دووهەم: سەبارەت بە هاوڕێیانی نیشتەجێ لە باشووری کوردستان، من پێموایە دەبێت لە سەداسەد سوود لە ئۆردووگا وەربگرین و بە هیچ شێوەیەک خەرجی کرێخانووی ناو شار/ دەرەوەی ئۆردووگا نەچێتە سەر شانی کۆمەڵە. ئەگەر لەو جۆرە خەرجییە هەن دەبێت وردەوردە کۆتاییان پێ بهێنرێت. لە ڕاستییدا من هیچ پاساوێک بۆ لە دەرەوەی ئۆردووگا ژیانکردن نابینمەوە.“.

نازانم لێرەدا کفر لە کوێدایە؟

هاوڕێیان، من کاتم نەبوو زیاتر بچمە ناو ئەو باسەوە.

من کارم بە ئامار/ ستاتستیک کردووە و دەزانم دەتوانێت چەند بە سوود بێت. لەبەرئەوە تەنانەت پێموایە کە دەبێت هەموو شتێک تۆمار بکرێت. بۆ نموونە، ئێمە چ ڕۆنێک بۆ ئۆردوگا دەکڕین، ڕۆنی تورکییە، ئێرانییە یان کوێندەرییە، ئەو نرخانە چەندیان جیاوازە، لە رووی کوالیتیەوە چۆنن، هاوڕێیانی ئۆردوگا کامیان بە پەسەند دەزانن، کام هاورێ بەرپرسی کڕینیەتی، کام هاوڕی بەرپرسی هێنان و بردنیەتی، کامە هاورێ بڵاوی دەکاتەوە و بەو شێوەیە. من پێموایە دەبێت بە جوانیی و بە روونیی، واتە بە نووسراوە و تۆمارکراو، هەموو شتیک لە سەر نۆک و ماش و نیسک و پەردە و مێخ و هەموو شتێکی دیکە هەبێت. هەروەکوو لە سەر بەنزین، ئوتومبێل، هاتنوچوون، دوورودرێژیی رێگا و مەترسیی رێگاوبان و هەموو ئەو شتانە.

بە کوردیەکەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەبێت ببێت بە خاوەنی تۆمارێکی جێ باوەڕ و جێ متمانە.

تەنها لە رێگای ئەو شێوەیە لە کار دەتوانین بزانین چۆن کارەکان پێش بخەین و پاشەکەوت بکەین و خۆمان ڕێک بخەین.

بەرێزان، پاشان خاڵێکم وەبیرهێناوەتەوە کە لە کۆنگرەدا زۆر بایەخی پێ درا و کە ئاوا نووسراوە: ”بە پێی پێڕەوی ناوخۆ هیچ هاوڕێیەکی کۆمەڵە کە بەرپرسایەتی ڕەسمیی هەیە بۆی نییە لە مامەڵەی کڕین و فرۆشتن و کاروکاسپیی شەخسی بەردەوامدا بێت و هەروەها بۆی نییە بە هیچ شێوەیەک سوود لە هیچ جۆرە کەرەستە و ئامرازێکی کۆمەڵە بۆ ئەو مەبەستە وەربگرێت.“

ئایا نووسیومە فڵانە کەس و ئەو کەسانە وا دەکەن و وایان کردووە؟

هاورێیان، ئەگەر ئەم کارە لەبەر هۆگەلێک لە عەمەلدا پیادە ناکرێن، دەبێت باسی ئەو هۆیانە بکەین کە کامانەن، نەک خودی ئەو خاڵە خۆی ڕەت بکەینەوە یان پاساو بۆ پیادەنەکردنی بهێنینەوە. دەبێت هۆیەکان باس بکەین، بزانین دەتوانین چارەسەریان بکەین یان نا.

ئایا جوان دیار نییە کە من لە چوارچێوەی بەهێزکردنی باری ئابووریی کۆمەڵەدا دواوم کە بەشکم وردە وردە بزانین چی دەکەین، لە کوێدا هەڵەین، چۆن هاورێیان ڕێک بخەین، چۆن پلان بۆ بەخێوکردن و هتاد دابڕێژین؟

بە ڕاستیی حاڵیی نابم چ گرێکوێرەیەک لەو خاڵەدا هەیە.

پاشان نووسیومە: ”هاوڕێیانی کوردستانیش هەروەکوو هاوڕێیانی ئورووپا نابێت وەکوو بەرامبەر یان پاداشت بە مانای مووچە وەربگرن. هەموو هاوڕێیەکی نیشتەجێی ئۆردووگا بە بێگومانییەوە دەبێت ماڵ و شوێنی خەو و پشوو و ژیانی خۆی بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و شایستە بە هاوڕێی ئێمە بۆ مسۆگەر بکرێت، خۆراک و بژێوی گشتیی و جلوبەرگ و پێویستیی لەو جۆرەیان بۆ دابین بکرێت، و هەروەها پارەیەکی کەمیش بۆ خەرجیی ڕۆژانەیان پێ بدرێت کە بە ڕای من، بۆ نموونە بۆ ئەندامانی ک.ن. نابێت لە دووبەرابەری مووچەی پێشمەرگە تێپەڕ بکات. جیاوازیی نێوان خەرجیی ڕۆژانەی پێشمەرگە و سەرەوە دەبێت نزم بێت و نابێت بێ دەلیل و بێ هۆی تایبەتیی گەورە بێت. لە حاڵەتێکدا کە هاورێیەک، بۆ نموونە ئەندامێکی ک.ن. پێویستی بە بڕە پارەیەکی تایبەتیی بێت، جیا لە خەرجی ڕۆژانە، دەبێت ک.ن. ئاگاداری بێت و بە پێی بڕیار و پرۆتۆکۆل بچەسپێت و ماوە و میچی بۆ دابنرێت.“

ئێستایش دروست هەمان پێشنیار دووبارە دەکەمەوە.

ئەمە بەو مانایە نایەت کە بیر لە منداڵان و خانەوادەی (ک ن) نەکەینەوە کە پێویستان بە کۆمەکە، بەڵکو ناجار دەبین کە واقیعەن بیری لێ بکەینەوە و لەبەر چاوی بگرین و بزانین کارێکی وا چۆن دەکرێت. من نەمگوتووە کە حەتمەن هەر ئێستا لە سەعات یازدە و پەنجاوپێنج دەقیقەی شەودا وەکوو شێرەی ئاو، بیگرینەوە. بەڵام دەبێت هاوڕێیان بپرسن: ئایا ئەگەر کۆمەڵە لە ئێستای ئێستادا نەتوانێت پارەیەکی وا بدات، چی بکەین؟ ئەو هاورێیە چی بکات؟ لە کوێی دیکە چالاک بێت؟ و پرسیاری دیکەی گرینگی لەو شێوەیە.

وەڵامی ئەم پرسیارە بە تەنیا لای من نییە، بەڵکو لە کۆی بەدەربەستهاتن و مشورخۆریی هەموومانە بۆ ئەو پرسانە.

پاشان نووسیومە: ”هەموو ئەو هاوڕێیانەی جۆرێک لە قەرزی شەخسیی خەڵکیان لایە و ڕێژەکەی هێندە زۆرە کە ڕەنگە کێشەی لە سەر بکەوێتەوە و بە شێوەیەک لە سەر کۆمەڵە بکەوێت، یان دوژمنایەتیی و جۆری دیکەیان لە کێشە لەگەڵ خەڵکدا هەبێت کە ڕەنگە بتوانێت ئێخەی کۆمەڵەش بگرێت، یاخود شتی دیکە کە بە چەشنێک بچێتە خانەی تاوانەوە، دەبێت ئەو کەسانە خۆیان دڵخوازانە و لە زووترین کاتدا بە بەرپرسانی خۆیان یان بە ک.ن. ڕابگەیەنن تا کۆمەڵە ئاگادار بێت. بۆ ئەوەی کۆمەڵە بتوانێت پێشوەخت چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە یان کۆمەک بە چارەسەرکردنیان بکات و سنوور بۆ زەرەر و زیانەکان دابنێت. تکایە تێبینی بکەن کە من تەنها بەو مەبەستە ئەمە دەڵێم کە ئێمە وەکوو هاوڕێ بتوانین لەتەنگانەدا کۆمەك بە هاوڕێیانمان بکەین تا لە پڕێکدا نەبین بە ژێر باری پرسیار و بەرپرسیاریی و گلەیی و ڕەخنەی دەرەکییەوە.“

ئێستایش هەمان وشەگەل دووپات دەکەمەوە.

هاورێیانی بەڕێزم، من نەمگوتووە خەڵکانێک کە قسەیان بۆ هەڵدەبەسترێت، یان ناحەزی کۆمەڵە قسەیان وەدووا دەخات. بەڵکو نووسیومە ئەگەر فیعلەن کەسێک کێشەیەکی بە دواوەیە کە پێوەندی بە کۆمەڵەوە نییە بەڵام ئەو کێشەیە دەتوانێت ملی کۆمەڵە بگرێت، با باسی بکات تا بتوانین هاوکاری بکەین و ڕێگاچارەیەکی بۆ بدۆزینەوە، پێش ئەوەی لە سەر کۆمەڵە و هەموومان بکەوێت. پێش ئەوەی لە ناوەڕاستی خەڵکی دەرەوەدا ئێخەمان بگرێت.

ئەم قسەیە کوێی خراپە؟

پاشان سەبارەت بە ئیزندان و دەرکردنی خەڵک و لایەنگر و ئەندام لە ئورودگا نووسیومە. ئێستایش هەر بە هەمان شێوە دەینووسمەوە.

ئێمە دەبێت هەر لە ئێستاوە بەرخوردێکی لە سەداسەد مرۆڤیانەمان بەرامبەر بە هەموو کەس هەبێت، بەتایبەتی ئەوانەی چ وەکوو میوان و چ وەکوو هاورێ لە ئوردوگادا دەمێننەوە. ئەوە دەبێت بە سەبری ئەیوب و بە تۆلەرانسی سیاسیی شۆڕشگێڕانە و ئازادیخوازانەوە بکەین. چون لە ئۆردوگادا ژیانکردن مانای سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و یاسایی جۆراوجۆری هەیە و پێوەندیی بە دەسەڵاتی سیاسییەوە هەیە. هاورێیان، مەگەر کەسێک هەیە لە بیری چوو بێت کە من لە جنێڤ ئیمزای مافی مرۆڤم بە ناوی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانەوە بە دە شێوە لێداوە؟

پاشان نووسیومە: ” ٥. هەر ئەندامێکی کۆمەڵە و بەتایبەتی ئەوانەی لە پلەی بەرپرسیارییدان ئەگەر لەوەبەر لە ئێران زیندانیی بووبن، بە رای من دەبێت بە وردەکارییەوە گوزارش لە سەر بەسەرهاتی زیندانیبوونەکەیان بدەن و بەتایبەتیی باسی بکەن ئەگەر شتیان لێپێچرابێتەوە یاخود بە هەر شێوەیەک بوونەتە مایەی زەرەر بۆ هاوزیندانیان و لایەنانی دیکە. ئەم کارە لەبەرئەوە نا کە کەسی ناوبراو لێی بپرسرێتەوە و سەرزەنشت بکرێت یان سزا بدرێت، بەڵکو لەبەرئەوەی ڕێکخراو ئاگای لێ بێت و لە ئەگەری کێشەسازبووندا کاریگەریی خراپ لە سەر کێشە ئەسڵییەکە دانەنێت. هیچ جۆرە گوزارشێکی وا نابێت تەنها لە نێوان یەک دوو کەسی ڕێکخراودا بێت و دەبێت بە شێوەیەکی ئاوەڵە سەرجەم کۆمیتەی ناوەندیی لێی ئاگادار بن.“

هاورێیان لە نووسراوەکەدا زۆر جوان دیارە کە من باسی ”زیندان“ دەکەم، نەک ”زیندانی سیاسیی“. لە هیچ شوێنێکیش ئەسڵەن باسی ”زیندانی ئێران“ ـم نەکردووە. قازانجی تۆمارکردن لەوەدایە کە مرۆڤ دەتوانێت لێی برووانێتەوە. تکایە دووبارە نامەکە بخوێننەوە. یەک دوو جار بە کاوەخۆ بیخوێننەوە پێش ئەوەی قەزاوەتی لە سەر بدەن.

من باسی زیندانی سیاسییم نەکردووە و هەرگیز شتی وا ناکەم. بەڵام من دەزانم و ئاگادارم کە وردەوردە خەڵک لە ڕۆژهەڵات زیاتر و زیاتر هەڵ دێت. ئەگەری ئەوە زۆرە کە کەسانێک لەبەر تاوانی جۆراوجۆر هەڵبێن یان لەوەبەر هەڵهاتبن. من پێموایە دەبێت (ک ن) بزانێت و ئاگادار بێت ئەگەر هەر جۆرە سزایەکی زیندان یان شێوەی تر لە سزا بۆ سەرپێچی بە کەسێکی ئێمە درا بێت. ئەگەر هەر لە ئێستاوە ناوخۆی خۆمان بەهێز بکەین، توانای وەرگرتن و میوانداریی باشترمان دەبێت. ئێمە دەتوانین داوایەکمان لە سەر خەڵک هەبێت کە پێشوەخت لەسەرخۆمان هەمان بووە. ئەمە کوێی خراپە؟

ئێوە دەزانن کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو جۆرە کارێکی خراپی لە دەست دێت. هەر لەبەرئەوە خۆلەبێژەنگدان و خۆفیلتەرکردن و خۆپاڵاوتن بەردی بناخەی خۆپاراستن و گەشەکردنمانە. دیارە ئەمە ڕوویەکی ڕەووشتیی و ویژدانیشیی هەیە کە فرە گرینگە.

هەروەها نووسیومە: ”٦. هاوڕێیان، کۆمەڵەی پاش کۆنگرەی ١٣ گەلێک سوننەتی نادێموکراسیی بەجێهێشت. یەکێک لەوانە مەسەلەی بڕیاری ئینتیسابییە. تکایە هەوڵ بدەن بە پێی لێهاتوویی و توانا ودڵخوازیی و کات و خۆبەخشیی خۆتان، بەیانی بکەن کە پێتان خۆشە لە کوێدا چالاک بن، و روونی بکەنەوە بە چ شێوەیەک دەتوانن خزمەت بکەن. بەو جۆرە کۆمەڵە دەتوانێت بە باشترین شێوە سوود لە زانایی و توانا و خۆبەشیی ئێوە وەربگرێت، تا کارەکان بە شێوەی ڕاست و دروست بچێتە پێش.“

بەڵێ، دروست مەبەستم ئەوەیە کە نووسیومە، چون هاورێ هەیە نایەوێت تێبگات. ئەگەر وەکوو لەسەروە عەرزم کردن، ئێمە کۆبوونەوەی خۆمان و ئەندامانمان بە ڕێکوپێکی هەبووایە، لەوێدا رووبەروو ئەو شتانە ڕوون دەکرانەوە. ئەمە زۆر روونە. با کەس لە ئێمە رێگا بە کاری لەو جۆرە نەدات و ئاماژە بە سەرجاوەی بەرپرس بکات.

٧. باوەڕ ناکەم لە سەر خاڵی ٧ کە سەبارەت بە راگرتنی فەزای هاورێیەتی و دڵسۆزیی و شتی لەو جۆرەیە کەس قسەیەکی هەبێت.

کورتەیەک وەڵام بە نامەی هەردوو بەڕێز هاوڕێ جەلیل و هاورێ سادق:

بەڕێزان!

ئێوە وەڵامەکانتان گەیاندووەتە ئاستی شەخسیی. من نامەوێت باسەکەم ببەمە ئەوێندەرێ. مەبەستم ئەوە نەبووە کە کەس بریندار بکەم و بڕووام بە بریندارکردن و ڕەنجاندن نییە. دڵنیام ئەگەر بە کاوەخۆ چەند جارێک نامەکە بخوێننەوە، تێ دەگەن کە من بە هیچ شێوەیەک هیچ جۆرە مەبەستێکی شەخسیم نییە. هەر لەبەرئەوەیش لەگەڵ ئەوەشدا کە دەزانم شێوە تێگەیشتنی خۆتان بووە بە بائیسی ناڕەحەتییتان، بەڵام من هەر داوای لێبوردنتان لێ دەکەم و بە راستیی هیوادارم دڵتان نەئێشێت، و ئێستا کە ئەوە دەبیستن چیتر نارەحەت نەبن.

ئەوانەی من دەناسن دەزانن کە ئەگەر کۆمەڵە پارەی هەبووایە هەرام لە سەر ئەوە دەکرد، هاوڕێگەلێکی بەرچاو و دیار و خۆشناو و دڵسۆزی کۆمەڵە، بیانتووانیایە بە باشترین شێوەی خۆشگوزەرانیی و تێروتەسەلییەوە بەرامبەر دۆست و نەیار دەربکەوتنایە.

بۆ زانیاریتان:

١. هەتا ئێستا من بەش بە حاڵی خۆم لە پێنج مانگی رابردووەدا پێوەندییم بە هیچ تاکەکەسێکی ئەندامەنەوە وەکوو شەخس نەکردووە، چون بڕووام بە کۆبوونەوە و قسەی لە روو و قسەی ناو کۆبوونەوەیە، نەک چپەجپ و ورتەورتی تەلەفۆنیی. خەروارێک لە قسەی پاشملە و ناو کۆبوونەوەی بێ پرۆتۆکۆل بە دوو قڕان ناکڕم. من خودئاگا ئەوە دەکەم بۆ ئەوەی پێوەندیی ناو هاورێیان لە سەر بناخەی بیر و بۆچوون و کار بێت، نەک مەحفەلبازیی و ورتەورت و چپەچپ کردن. هیوادارم هەموو هاوڕێیەک جوان لەوە حاڵیی بێت چون پێوەندیی بە ژیان و ویژدانی مرۆڤەوە هەیە. ئەندامانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەبێت نموونەی بەرزی ڕەووشت و خووی خەباتگێڕیی بن.

٢. وادیارە هاورێ عومەر لە کۆبوونەوەکان لەگەڵتان هیچ باسێکی لە چالاکیی ئێمە نەکردووە کە باش ئاگاداریان بووە. ئەوەیش دەگەرێتەوە بۆ یەکێک لە نەریتە نادروست و چەوتەکانی کۆمەڵە کە حەتمەن دەبێت بگۆڕدرێت.

پێشنیار:

من پێموایە ئەگەر بە زووترین کات کۆنەبینەوە و نەخشەرێگایەکی کۆنکرێت و ڕوون بۆ خۆمان دانێین، و پێش هەر کەسێک لە ڕیزی سەرەوە هەر لە سکرتێرەوە کە بەرێز هاورێ عومەرە دەست پێ نەکەین، و تا هەرە نوێترین ئەندام و لایەنگر، بەردەوام نەبین، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ”خەتەری ناوی زل و دێی وێراندایە“.

دەزانم کەسان هەن بەم دۆخەی ئێستا رازین چون خۆیان هیچ جۆرە زەرەرێکی لێ ناکەن، بەڵام من ڕازیی نیم و تا پێم دەکرێت هەوڵی گۆڕینی دەدەم.

ئەمە پێویستی بە هەنگاوی عەمەلیی و قۆڵ هەڵکردنە، و زۆر زۆر زۆر دوورە لە دروشمی قسەیی ”زیندە باد سوسیالیزم“ و شەڕە عەکسی فەیسبوک بە ناوی شەهید و قسەی سۆز و سۆزئاوەر لە سەر کۆمەڵە. ئێستا وام لێهاتووە کە عەکسی هەندێک بەرێزی شەهید لە بازاڕەکانی فەیسبوکدا دەبینم، دڵم پڕ دەبێت و دڵم دەئێشێت. ئەفسوس، هەزار ئەفسوس، هەندێک جار بەراتی خوداوەندەکان هەر زۆر کورت دەهێنن!

ئێمە دەبێت هەموو ئەو دروشمە بریقوباقانە لە عەمەلدا پیادە بکەین. عەرزم کردن، لە سەرەوە بۆ خوارەوە.

بەڕێزان، نامەکەم هەر بە هەمان ئەو دێڕانەی پێشوو کۆتایی پێ دەهێنم:

ئێمەی ئەندامان و دۆستانی کۆمەڵە، بەتایبەتیی ئەوانەمان کە بەرپرسیارتیی حیزبیمان قبووڵ کردووە، لە هەر کاتێک زیاتر پێویستمان بە کاری خۆبەخشانەی بێبەرانبەر هەیە، دەبێت لە هەر حەوزە و کۆمیتە و شوێنێک بین بە کردەوە نیشانی هاوڕێیانی چواردەوری خۆمان و جەماوەریشی بدەین کە بە خەرجی هەرچی کەمتر بەڕێوە دەچین، و دەست بە ماڵ و سامانی کۆمەڵەوە دەگرین، و زیادەمەسرەفیی لە هیچ شتێکدا ناکەین، دەبێت ڕەسیدی کڕینمان بۆ هەموو شتێکی کڕدراو هەبێت، ئەگەر تەنانەت بە قڕانێکیش بێت، تۆمارەکان دەبێت ئارشیو بکرێن تا لە کاتی پێویستدا پێداچوونەوە و لێکۆڵینەوەیان لە سەر بکرێت، کە نیشانی بدەین ئێمە هەموو کەرەستە و شتوومەکێک بە ڕێکوپێکیی ڕادەگرین و بەکاریان دەهێنین.

هاوڕێیان، ئەم کارانە دەبێت هێندە لەبەرچاو و ڕوون و حاشاهەڵنەگر بن کە ببن بە کولتوری کۆمەڵە و ببین بە نموونەی ئایدیال بۆ ئەوانەی کە کۆمەڵەن یان لەڕێبازی کۆمەڵەدان و تەنانەت بۆ ئەوانەیش کە لە دەرەوەی بازنەی تەشکیلاتیدان.

هاوڕێیان، ئەمە ئەلفبێی یەکسانیخوازیی و بەرابەرخوازییە، ئەمە ئەلفبێی هەنگاوی یەکەمە بۆ جێبەجێکردنی دروشمەکانمان لە فەزای کۆمەڵگایەکدا کە دەیان ملوێنە و کە زۆر زۆر لە مەیدانی حیزبایەتی گەورەترە. ئەمە بەڵێنێکی پرینسیپیی و وەفادارییەکی هەرەوەزکارییە کە دەبێت پێرەوی بکەین تا بەکردەوە لە گشت بوارەکاندا بیسەلمێنین کە ڕێبواری ڕێگای کۆمەڵەین بە هەموو ئەو دروشمانەیەوە کە خۆمانی پێوە هەڵدەکێشین.

بەرەو دووبارە چەسپاندنی ڕەووشتی خەباتگێڕیی کۆمەڵە!

ڕێبوار رەشید   ١٥/٣/٢٠١٣

 

تێبینی:

سەبارەت بەو کۆبوونەوەی ٢٠١٣/٣/١٠ کە هاورێیانی (ک ن) بێ من گرتبوویان، من لە ٤/٣ دا بۆم نووسیبون کە سێ خاڵ بۆ کۆبوونەوەکە پێشنیار دەکەم کە ئەمانە بوون:

١. مەسەلەی باری ئابووریی کۆمەڵە و پێشنیار بۆ چارەسەرکردنی.، ٢. باسی ئەو خاڵانەی جێی خۆیەتی بۆ پلونۆم گەڵالەیان بکەین.، ٣. کێشەی نەبوونی ژن لە ناو ک.ن. و کۆمیسیۆنەکان

لە ٨/٣ دا هاورێ بیژەنگ نووسراوەیەکی بە پی دی ئێف نووسیوە کە بە دەلیلی مەشغوڵیی هاورێیان هێرش و خەلیل و عوسمان کۆنوونەوەکە ناگرین. هەر هەمان وەڵام کە شەوێک پێش ئەوە هاوڕێ عومەر بە پەیامی تەلەفۆنیی بۆی ناردووم.

بەڵام ١٠/٣، یەکشەممە، کۆبوونەوەیەکی بێ ڕۆژەڤی بێ پرۆتۆکۆل بێ ئاگاداریی من، گیراوە.

…………………………………….

بۆ: ئەندامانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

سڵاو و ڕێز

بابەت: تێگەیشتنێک لە پلونۆمی دوو (بەشی یەکەم)

بەڕێزان: لەو ماوەیەدا چەندین هاورێ دەردەدڵ دەکەن و لە ناوەڕۆکی پلونۆمی دوو دەپرسن. ئێمە پێمانوایە سەرەڕای هەوڵی هەندێک هاورێ، پلونۆمی دوو ئەو جیددیەت و دیسپلین و تێگەیشتنە قووڵەی تێدا نەبوو کە ئێمە چاوەڕووانیمان لێ دەکرد و پێمان وایە دەبێت خەسڵەتی سەرەکیی حیزبی سیاسیی بن.

لە سەرئەجامی ئەو بەڕێوەچوونە ئێمە تێکڕا پێشنیاری ٢٢ خاڵمان بۆ بڕیارنامە خستە بەردەست، کە دیارە بە داخەوە دەنگی پێ نەدرا. تەنیا ٨ دەنگی هێنا و یەک دەنگی دەویست کە پەسەند بکرێت. باقی هاورێیان بە بێدەنگی نەیانهێشت پەسەند بن.

لەوێدا ئێمە یەک یەک خاڵەکانمان دەخوێندەوە و روونیشمان دەکردنەوە بۆ ئەوەی خراپتێگەیشتن ڕوو نەدات. فەرموون ئێوەیش بیبینن، تا ئەو کاتەی کۆبوونەوەی سیستەماتیک و بەردەوام بە ڕۆژەڤ و پرۆتۆکۆلەوە لە خزمەت بەدەنەی تەشکیلاتدا دەبێت، ئەم جۆرە نامەگۆڕینەوانە، ئەگەرچی شێوەیەکی زۆر سەرکەوتوویش نەبێت بۆ کاری تەشکیلاتی، بەڵام بە هەرحاڵ لە هیچ هەر باشترە. دیارە ئێستاش پێمانوایە خاڵەکان بۆ ریکوپێککردن پێداچوونەوەی دەوێ، بەڵام ویستمان چۆن خراوەتە بەر دەست پلێنۆم، هەر ئاواش بینێرین بۆ ئێوە./ پێشنیار بۆ بڕیارنامەی پلونۆم:

١. پلونۆم بڕیاری دا کە ئەو ئەندامانەی کۆمەڵە کە دەکەونە خانەی موعتاد و نائارامیی ڕەووانیی کە دەست دەوەشێنن لە دەرەوەی ئۆردوگا لە ماوەی یەک مانگدا شوێنی ژیانیان بە شێوەی پێویست و رێکوپێک بۆ ئامادە بکات.

٢. پلونۆم بڕیاری دا کە هیچ کەسێک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی نابێت بە هیچ شێوەیەک شتومەکی کۆمەڵە بۆ بەکارهێنانی شەخسی بەکار ببات، بۆ نموونە ئوتومبێل و بەنزین و پەتو و هتاد

٣. پلونۆم بڕیاری دا کە لە ئۆردوگادا نابێت هیچ جۆرە مەوادێکی ئەکهولی بخورێتەوە و کێشانی مەوادی موخەدەر بەکار ببرێت. هێنانی هەموو جۆرە مەوادێکی ئەلکهولیی و موخەدەر، هەتا بۆ دەرمانیش نابێت بهێنرێتە ناو ئۆردوگا.

٤. پلونۆم بڕیاری دا کە بۆ هیچ کەسێکی دانیشتووی ئۆردوگا و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی نییە بە سەرخۆشیی و کە گومانی مەستبوونیان لێ دەکرێت بێتە ناو ئۆردوگا.

٥. پلونۆم بڕیاری دا کە هیچ ئەندام کۆمیتەیەکی ناوەندیی بۆی نییە بێ ئاگاداریی لانی کەم سکرتێر یان مەسئولی بڕیاردەر بچێت بۆ شوێنێک کە دەر لە مەسئولیەتی کۆمەڵەیە.

٦. پلونۆم بڕیاری دا کە حیسابڕەسیی خەرجی کۆمەڵە لە هەر ئۆرگانێکدا بێت دەبێت بە حیسابی ورد بێت و هەر کاتێک بویسترێت لەبەردەم کۆمیتەی ناوەندییدا بێت.

٧. پلونۆم بڕیاری دا کە هیچ ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی بۆی نییە زانیاریی قسەوباسی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵە بباتە دەرەوەی بازنەی کۆمیتەی ناوەندیی.

٨. پلونۆم بڕیاری دا کە هیچ گفتوگۆ و قسەوباسی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕوو بەدەرەوە نابێت لەگەڵ بنەما سەرەکیەکانی بەرنامە و پێڕەوی ناوخۆدا جیاواز بێت، ئەوە نەبێت کە ئەو کەسە بە ڕوونیی و بە تۆمارکراوی وەکوو ڕای شەخسیی خۆی بەیانیان بکات.

٩. پلونۆم بڕیاری دا کە ئەو کەسانەی گومانی موعتادبوون، دەستبڕیی و دزیی، ئاوەسوویی سیاسیی، قاتڵی و شێوەی دیکە لە تاوانی گەورەیان لە سەرە نابێت بە پێشمەرگە وەربگیرێن. هەروەها کە لە ٣ ساڵی ڕابردوودا تەسلیمی نەبووبن و ئەوانە دەبێت بە نووسراوە لای بەرپرسیار و سکرتێری کۆمەڵە هەبن.

١٠. پلونۆم بڕیاری دا کە هیچ کەسێک نابێت دەست لە کاروباری مەسئولی دیاریکراوی تەشکیلات وەربدات تا ئەو کاتەی کە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی بڕیار دەدات هاویار و هاوکاری بۆ دابنێت.

١١. هەموو ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی دەبێت مانگی یەک جار یەک سیمنار، ئەگەر نیوسەعاتیش بێت، ئامادە بکات و پێشکەش بە تەشکیلاتی کۆمەڵەی بکات

١٢. پلونۆم بڕیاری دا کە پێشمەرگەی کۆمەڵە لە ڕۆژی هاتنی بۆ ناو کۆمەڵەوە دەبێت لانیکەم یەک ساڵ تێپەڕ بێت ئەوجا بۆی هەیە مافی هاوسەری هەبێت و تا دوو ساڵیش بۆیان نییە منداڵیان ببێت.

١٣. پلونۆم بڕیاری دا کە بە هیچ جۆرێک ماشێن و ئوتومبێل کە هی کۆمەڵە نەبن نەیەنە ناو ئۆردوگا و دەبێت لە دەرەوەی ئۆردوگا ڕابگیرێن، بێ لە هەیئەتی ڕەسمیی میوانانی کومیتەی ناوەندیی.

١٤. پلونۆم بڕیاری دا کە هەر ئەندامێکی کۆمیتە ناوەندیی کە دیدار و سەردانەکانیان بۆ لای حیزب و کەسایەتیە ناسراوکان بە شێوەی حیزبیی بێت و وەکوو هەیئەت بەشدار بن، نەک وەکوو شەخس، و ڕاپۆرتیش ئامادە بکرێت. ئەمە ئەو سەردانانە ناگرێتەوە کە هاورێیەک بە ئیستیفادەکردن لە شتی خۆی بۆ سەردان و زیارەتی هاوڕێیەتی شەخسیی دەچێت.

١٥. پلونۆم بڕیاری دا کە ئاییننامەی پێشمەرگە لە ماوەی یەک مانگدا ئامادە دەکات و پێڕەوی بنەماکانی دەکات.

١٦. پلونۆم بڕیاری دا کە کۆمیتەی ناوەندیی ئامارێکی وردی کەرەسە و شتومەکی حیزب و ئەندامان و پێشمەرگەی دەبێت.

١٧. پلونۆم بڕیاری دا کە بەرنامەیەکی ئامۆزشیی ڕوون بە مەبەستی بردنە سەرەوەی ئاستیی سیاسیی و حیزبیی و وەفاداریی بە بەرنامە و پێڕەوی کۆمەڵە ئامادە بکات و وەکوو دەورەی پەروەردەکردن پێڕەوی بکات.

١٨. زیادکردنی موچەی بنەماڵە کان هەرکەس بە رێژەی ١٠ هەزاردینار.

١٩. زیادکردنی موچەی پ م هەرکەس بە رێژەی ٥٠٠٠ هەزاردینار لە مانگدا.

٢٠. دانانی سندوقێکی وام بەرێژەی یەک ملوێن دینار بۆ سندوقەکە

٢١. زیادکردنی مووچەی پزیشکی بەرێژەی یک ملوێن دینار مانگانە٢٢. پارتێشین بەندیکردنی میدیاکانی کۆمەڵە و داڕشتنی ستراتیژی نووسراو بۆ ئەم میدیایانە و کردنەوەی ناوەندێکی چاپ و بڵاوکردنەوە

بەڕێزان، ئەم خاڵانە قبوڵ نەکران، چون لانی کەم زەمینەی بۆ ئەوە خۆش دەکرد ئەو سوننەتانە نەمێنن کە بە راستیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی داغان کردووە. بە داخەوە کولتوری باوی سوننەتیی، نموونەی مەحفەلگەرایی و وڕکگرتن و تێکدانی باسە ئەسڵیەکان و ولادانیان بۆ کەنار و هتاد.، تا ئێستایش سێبەری خەتەرناکیان بە سەر کارەکانەوە هەیە.

ئێستایش پێشنیار و ڕێنمایی ئێمە بۆ ئێوە، کە بە دەربەستن بۆ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و دڵتان بۆی دەسووتێت، ئەوەیە کە ڕێگا بە برەوداریی نەبوونی ئەو خاڵانەی سەرەوە نەدەن. ئەگەر بێ دەنگ بن و هەڵوێست وەرنەگرن، ئەوا بەری ڕەنجتان وەکوو هەموو ئەو دڵسۆزانەی لێرەولەوێ و یەک یەک و دوو دوو وازیان هێنا و دوورکەوتنەوە، بە فیڕۆ دەرووات.ئێمە دەبێت ڕووەو گەورەکردنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و بەهێزکردنی کۆمەڵە ڕێبپێوین.

هاوڕێیان دیارە ئەم خالانە لەکاتی پێشکەشکردندا بە پلۆنۆم زۆر بەپەسەندی وەرگیراو لە لای کەس ناپەسەند نەبوو. بەداخەوە لەکاتی دەنگداندا توانی هەشت دەنگ بێنێ و نەکرایە بڕیارنامە، ئەمە سەرای ئەوەی کە پێشنیار کرا دەکرێت دەستکاری بکرێت ولیژنەیەک پیادا چوونەوەی بکات و بەپێی پێویست بیانگۆرێت یا بیان خاتە شوێنی گونجاوی خۆی. بەڵام بەوەشەوە دەنگی بۆ نەدرا.

جەلیل ئازادیخواز، هێرش عەلیزادە، عەبە دلێر و ڕێبوار ڕەشید     ٨/٦/٢٠١٣

…………………………………..

پلێنۆمی دووهەمی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و هەڵۆێستی ئێمە!

بابەت: تێگەیشتنێک لە پلونۆمی دوو (بەشی دووهەم)

بۆ ئەندامانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

هاورێیان: لە باسەکانی پلێنۆمی دووهەمی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کە ئێمە بەشداریی چالاکانەمان تێدا کرد، بۆ ئەوەی بنەما سەرکیەکانی بەرنامەی پەسەندکراوی گۆنگرەی ١٣ باشتر و بەرجەستەتر دەربکەون و ببنە ڕۆژەڤی کار و بچنە بواری پیادەکردنەوە، بەداخەوە هەندێک لە هاورێیانی کۆمیتەی ناوەندیی کە لە کۆنگرەی ١٣ دەنگیان پێ دابوو، لە دەنگ و هەڵوێستی خۆیان پاشگەز بووبوونەوە، بێ ئەوەی بتوانن هیچ باس و پۆلێنێکی فکریی وتیئۆریی بخەنە بەر دەست، خۆیان وەک لایەنێکی چەپ و سوسیالیست ناوزەد دەکەن. ئەم هاورێیانە تەنیا پێداگریی لەسەر نەریتی رابردووی ”کۆمەڵە“ دەکەن، بێ ئەوەی کە بە روونیی و کۆنکرێت پێناسەی جۆری ”کۆمەڵە“ و پێناسەی هزریی و تیئۆریی کۆمەڵە بکەن و وەڵام بە کارەساتگەلی ٣٤ ساڵی ڕابردوو بدەنەوە و روونی بکەنەوە لە کوێدا وێستاون.

قەیرانی ئەم ناڕۆشنییە فکریی و هزرییە هەموو لایەنێکی کاری حیزبیی گرتووەتەوە کە چارەسەرەکەی تەنها ئاماژە بە بەرنامە و ساختاری کۆنگرەی ١٣یە. دیارە بە ڕوونکردنەوە و ئاماژەی کۆنکرێتی زیاتریش کە ئەو بیر و دونیابینیی و ئاییندەبینییە باشتر و قووڵتر و هەمەلایەنتر ڕوون بکاتەوە بۆ ئەوەی ئەندامان و لایەنگرانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ناچار بە لێکدانەوەی جیاواز و بە ناڕۆشنیی ستراتیژیی و بە گومان لە کاری ڕۆژانەدا نەبن. هەروەها بۆ ئەوەی کۆمەڵە بتوانێت ماوەیەک بێ دەردری سەر و بێ هەراوهوریای بەرژەوەندیی شەخسیی کاری سیاسیی بکات.

لە سەرئەنجامی خۆبەدەستەوەدان بە نەبوونی پێناسە و بنەمای فکریی و سیاسیی و بە نەبوونی بەرنامەی داڕێژراو، مەحفەلێک لە هاورێیان لە کۆمیتەی ناوەندیی بەپێی پلانێکی شاراوە، دەستەیەکی کارگێریان ”هەیئەتی ئیجرایی“ هەڵبژارد کە رەنگدانەوەی را و باوەڕی زاڵی بەرنامەی پەسەندکراوی کۆنگرەی ١٣ کۆمەڵە نییە، کە هاودەنگ و کۆدەنگی تەواوی دەنگی نوێنەرانی کۆمەڵەی لە پشت بوو و تەنانەت خۆشیان دەنگیان پێ داوە. بۆ ئەم مەبەستەش بە داخەوە، هەروەکوو کۆپیی رووداوی لەو شێوەی سوننەتگەرایی و بازنەی غەیرەسیاسیی، دەستیان بە لابردن و پەراوێزخستنی ژمارەیەکی بەرچاو لە هاورێیانی کۆمیتەی ناوەندیی کرد. بەو شێوەیە لە ڕاستییدا نەک هەر تەواوی کارەکانی کۆمەڵە لە کار کەوتوون، بەڵکو زیانی بەرچاویش لە شێوەی نادروست لە وەدەرنان و لە ئەنداموەرگرتن و لە کاردابەشکردن و شتی دیکە بە کۆمەڵە دراوە.

لێرەدا زۆر بەکورتیی هەندێک لە جیاوازیەکانمان بە بەڕێزتان نیشان دەدەین:

١. سەرەڕای پەسەندکردنی بەرنامەی کۆنگرەی ١٣ ی کۆمەڵە و بە ئاشکرا دیاربوونی خەتی کوردستانیی و پلورالیستیی و ”چونە ناوتێرمینۆلۆژی سوسیالدیموکراسی“ واتە پەسەندکردنی بازنەی بەرینی ئەم جەریانە کۆمەڵایەتی و سیاسیە وەک سەرچاوەیەکی جێگای باوەر و کارای بزووتنەوەی جیهانی چەپ، و وەکوو رووانگە و لێکدانەوەیەکی سیاسیی بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵە، بەشێک لە هاورێیانی کۆمیتەی ناوەندیی لەم بەرنامەیە پاشگەزبوونەتەوە (کە خۆیان دەنگیان پێ داوە)، بێ ئەوەی بەر لە کۆنگرەی ١٣ و پاش کۆنگرەی ١٣ توانیبێتیان ڕۆشنایی فکریی و سیاسیی و ڕەووشتیی و پراکتیکیی بۆ ئەو جۆرە لە ”کۆمەڵەبوونی“ خۆیان بەیان بکەن و ئەڵتەرناتیڤ بخەنە بەر دەست.

٢. ئێمە رایدەگەیەنین کە لە سەر ئاستی ڕۆژهەڵات لە کوردستان کۆمەڵە حیزبێکی سەراسەرییە و بەو شێوەیە خۆمان بە هێزێکی کوردستانیی دادەنێین، نەک ئێرانیی. لەم رووانگەیەوە دەزانین کە بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان و هێزەکانی ناو هەناوی ئەم بزووتنەوەیە داواکار و خوازیاری دابینکردن و بە دەستهێنانی مافە نەتەوەییە زەوتکراوەکانی خەڵکی کوردستانن. حیزب بوون لە سەر ئاستی ڕۆژهەڵات بەو مانایە دێت کە ئەرکی سەرشانی ئێمە ڕزگارکردن و پاراستنی کوردستان و خەڵکەکەیەتی لە دەستدرێژیی. دیارە کۆمەڵە هیچ کاتێک هاوپشتیی سیاسیی و مرۆڤیانە و هاوسۆزیی و هاوهەستیی لەگەڵ لایەن و نەتەوەکانی ئێران رەت ناکاتەوە. پرسی پاراستنی مافی مرۆڤ بە هەموو مانایەکییەوە بناخەی سەرەکیی بەرنامەی کۆنگرەی ١٣ یە.

٣. ئێمە دەمانەوێت کۆمەڵە لە پراکتیکی ڕۆژانەدا پلورالیزمی سیاسیی و ئایینیی و فەرهەنگیی لە سەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پیادە بکات و ڕێزی لێبگرێت. لەبەرئەوە دژی هەموو جۆرێک لە حەزف و لە نەخوێندنەوە و لە بەکەم دانانین و دەمانەوێت بە روونیی و ڕاشکاویی لەگەڵ هەموو ئەو پارت و ڕێکخراوانە کە لە ڕۆژهەڵاتدا هەن و چالاکن و دڵخوازانە دەیانەوێت، پێوەندییمان هەبێت و بەرەو هاوکاریی و هاوبەرنامەیی ڕێ بپێوین. ئێمە هەموو جۆرێک لە قسەوباسی نادروست و پشتەملە و خۆپەڕاندنەوە و شێوەکانی دیکە لە بێمەسئولییەتی بەرامبەر ئەوەکانی دیکە، رەت دەکەینەوە و بە سوننەتێکی زیانەخرۆ و تێکدەر و ڕووخێنەر ی دەبینین. خۆهەڵکێشان و بەشانوباڵهەڵدانی خۆ و فشەی سیاسیی لە شوێنێکدا هەر دەبێت میچ و مەرزی خۆی هەبێت. ئەوانەی چواردوەرمان دەزانن و دەمانبینن ئێمە کێین، چاوبەستن و هەوڵی چەواشەکاریی کاری جادوگەرییە، نەک سیاسیی.

٤. ئێمە دەمانەوێت ئۆردوگای کۆمەڵە تەواو و سەرتاپا سیاسیی و نیزامیی بێت و لە هەموو شێوەکانی وابەستەیی بە بێ پرینسیپیی، جا هەر چییەک بن، بپارێزرێت. ئێمە دەمانەوێت چی تر ئۆردوگای کۆمەڵە وەکوو بەردەباز بۆ مەرامیی شەخسیی و غەیرە سیاسیی و فکریی و نیزامیی بەکارنەبردرێت و ئۆردوگا لە خەسڵەت و مۆرکی نیشتەجێبوونی موڵکی ڕزگار بکرێت. دیارە کۆمەڵە دەبێت بەرپرسایەتی خۆی بە شێوەی یارمەتیدان و پشتگیریکردن بۆ هەموو ئەوانەی دڵسۆزی کۆمەڵە بوون هەڵ بگرێت کە نایانەوێت یان ناتوانن لە فەزایەکی نوێدا بمێننەوە و بەشدار بن و بژین. دیارە ئەوەش پێوەندیی بە توانای ماددی کۆمەڵەوە هەیە کە بە داخەوە خۆتان دەزانن لاوازە.

٥. ئێمە حیزب بە ئامرازی کاری سیاسیی دەبینین و دەبێت لە هەموو جۆرە گروپبەندیی و دەستەبەندییەک کە بەرژەوەندی حیزب دەخاتە پەراوێز و مەترسییەوە وەدوور بگرین و باسەکان، لە مەیدانی مەحفەل و قسەی لابەلاوە، بخەینە ناو کۆڕ و کۆمەڵ و کۆبوونەوە و مەیدانی ئاشکرا و لەبەرچاو، چون پێمانوایە سیاسەت و فکر و ئەندێشە بەرهەمی ڕاشکاویی و ڕۆشنایی و مەیدانین. ئەسڵەن فکری نوێ و زانستی سەرکەوتوو زادەی مەیدانی ڕاشکاوبوون و ئاوەڵەبوون و سەلماندنە، نەک کاوێژ و جووینەوەی قسەگەلێکی زیانەخرۆ.

٦. ئێمە پێیمانوایە کە لە ئاییندەی کوردستانێکی ئازادی پلورالیستی پارلەمێنتارییدا خەتی سۆسیالیستی ڕیفۆرمیست کە باوەڕی بە جێگۆڕکێی حکومەتە لە ڕێگای هەڵبژاردن بە شێوەی ئاشتیی و سیاسیی و دیموکراتیک، دەتوانێت نەخشی بەرچاوی لە چەسپاندنی دادوەریی کۆمەڵایەتیی و فەراهەمکردنی مافەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و دابینکردنی بیمەی گشتیی کۆمەڵایەتیی هەبێت، دوور لە سیاسەتی دروشمگەریی و ماجەراییگەریی و بەرخوردیی ڕۆمانسیسزم و دۆنکیشۆتیزمی سیاسیی چینایەتیی. ئەمە بۆ ئێمە سەنەد و زامنی سەقامگیرکردنی کۆمەڵگای کوردستان و پێڕەوی پێشکەوتنە لە پرۆسەیەکی دیموکراسیی بەرەو یەکسانیی و ڕووەو کۆمەڵگایەکی هاوسۆز و هاوپشتی هاوچەرخ. ئێمە دەزانین ئەم باسە پێویستی بە ڕوونکردنەوەی زیاتر و بە سیمینار و خوێندنەوە و پەروەردەیە. کێشە ئەوەیە کە سوننەتگەرانی ناو کۆمەڵە سوودی زۆر لە نەبوونی ئەو میتۆدانە دەگرن و ئەسڵەن ڕێی پێ نادەن سەر هەڵ بدات.

٧. ئێمە پێمان وایە و هەر بەم رووانگەشەوە کاری حیزبی دەکەین کە حیزب بە ئامرازیکی مۆدێرنی دەستەبەرکردنی داوا و داخوازی گەل و جەماوەر دەزانین و دەبێت لە هەموو یەکەکان و ناوەندەکانیدا کەشی دیموکراسیی و گیانی بەرپرسایەتی و پاراستنی پێرەو رەچاو بکرێت و ببێتە کرداری رۆژانە. هەربەم هۆیە حیزب دەبێت لە گیان و لە کولتوری خێلەکایەتی و ناوچەگەرایی و بەرژەوەندیە شەخسیە تێکدەر و دواکەوتووەکان بپارێزرێت، دەبێت لە رێگای پەروەردە و بارهێنانەوە کلتوری مۆدیرن و دیموکراسی و ئاسانگیری و هاوکاری لەسەر بنەمای شایستەسالاریی ببێتە کولتوری گشتیی حیزب.

٨. چەقین لە نەریتە قەتیسبووەکان و مانەوە لەرابردوودا، بەتایبەتی کاتێک لەبەر بەرژەوەندیی شەخسیی و خۆبەخێوکردن بێت، خەساری گەورە لە حیزب دەدات و قەیرانی کوشندە سازدەکات کە ئێوە لەوەبەر چەندین جار نموونەکانتان دیتووە و هەر ئێستایش دووبارە ساز بووەتەوە. نوێخوازیی و رەخساندنی زەمینەی لاوبوونەوە و هاتنە پێشەوەی لاوان لە حیزبدا و پەروەدەکردنی کادری زانا و بەتوانا و گەورەکردنی بازنەی حیزب تەنها زامنی هێشتنەوە و گەورەکرنی کۆمەڵەیە.

جێی داخە سەرەڕای هەوڵی جیددیی ئێمە، کار و ئاخافتن و ئەنجام و بەرئەنجام و جۆری بەڕێوەبردنی پلۆنۆم، نیشانی دا کە ئەم ئاراستە و شێوانە لە کارکردن، دەقاودەق دژی پرینسیبی حیزبیی و بەرنامە و پێڕەوی حیزبە. بە هیوای هەرچی پەیگیریی و هاوپشتیی هاوڕێیانی دڵسۆز بۆ بەهێزکردنی پەسندکراوەکانی کۆنگرەی سێزدەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و نەهێشتنی کولتوری بەرژەوەندیی شەخسییە کە لە مێژووی ڕابردووی کۆمەڵەدا ئاسەواری بە ڕوونیی دیارە.    

سەرکەوتوو بن   ٢٥/٠٧/٢٠١٣

جەلیل ئازادیخواز / عەبدواڵا کۆنەپۆشی (عبەدلێر) / رێبوار رەشید / هێرش عەلیزادە

……………………………………

بەرێز سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

بەرێز کۆمیتەی ناوەندیی و جێگرەکانی و راۆێژکارانی ک.ن

سڵاوێکی گەرمی هاورێیانە

هەروەک جەنابتان دەزانن و ئاگادارن لە پاش پلۆنۆمی دوو بەو جۆرە هەڵبژاردنی دەستەی بەرێوەبەر سەرەڕای هەموو رەخنە و تێبینییەکانی ئێمە لە دەستەکە و لە جۆری هەڵبژاردنی، و ئەو کەش و دۆخەی کە بووە هۆی لەدایکبوونی دەستەی بەڕێوەبەر، ئێمە لە پێناوی کۆمەڵە و لە پێناوی باشترکردنی کاری حیزبی و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی باری ئالۆزیەکان بریارماندا هاوکاری بکەین و توانایەکانی خۆمان بێدریغ بخەینە خزمەت کۆمەڵە و کاری حیزبیەوە، بەڵام بەداخەوە هەرلەودەمەوە دەستەی بەڕێوەبەر دەستی داوەتە کاری ناحیزبی و لەبەرچاونەگرتنی پێڕەوی ناوخۆ نەقسکردنی سەرپاکی پێڕەووپرێنسبەکانی کاری سیاسی و حیزبی. لە راستیدا کاریان گەیاندوەتە ئاستێک کە ئیتر ناکرێت بێدەنگ بین و بە ناچار لەرێگای ئەم نامەیەوە جەنابتان و کۆمیتەی ناوەندیی و جێگرەکانی لە خەسار و کارە ناحیزبیەکانیان و شکاندنی پرێنسیپەکان و لە ژێرپێ نانی پێڕەوی ناوخۆی کۆمەڵە ئاگادار دەکەینەوە و خوازیاری هەڵوەشاندنەوە ئەو کارانەین لە زووترین کاتدا، وەگەرنا بەناچاریی ئێمە هەڵوێستی دیکەمان دەبێت و میکانیزمی گونجاوی دیکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی کارەناحیزبیەکانی دەستەی بەڕێوەبەر دەگرینەبەر.

یەکەم: ئەوە زیاتر لە دوو مانگ لە تەمەنی ئەم دەستەی بەرێوەبەرە تێپەر دەبێت بەڵام تا ئێستا ئێمە وەکوو ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی تەنانەت یەک پرۆتوکۆڵمان سەبارەت بە کارەکانیان و تەنانەت ئەو ئیقداماتەی کە کردوویانە بۆ نموونە ئەندامگیریی و دەرکردن و کۆبوونەوە و… بە دەستمان نەگەیشتووە.  

دووهەم: هەروەک خۆتان دەزانن و هەموو ئەندامانی ک ن ئاگادارن کۆمیسوێنی ئەندامگیری کۆمەڵە هەیە و بە رەسمیی هەڵنەوەشاوەتەوە و ئەگەریش لەبەر هۆیەک کە ئێمە لێی ئاگادار نیین، رەسمیەتی نەمابێت، ئەوە کۆمسوێنیکی دیکە بەجێی دانەمەزراوە. هەربۆیە هیچ کەس و ناوەندێکی حیزبیی تا ڕۆشنبوونەوەی کۆمیسۆینی ئەندامگیریی و رەسمی بوونی، بۆی نییە ئەندام بگرێت، بە پێی پێرەوی ناخۆ هەڵوەشاندنەوە و دانانەوەی هەر کۆمیسیۆنێک تەنها لە ئیرادە و سەڵاحیەتی پلێنۆمی حیزبدایە، بەڵام جێی داخە ئەو بەرێزانە بە مەیل‌ وسەلیقەی خۆیان دوور لە هەموو یاساوڕێسایەکی حیزبیی دەستیان کردوە بە ئەندامگیریی و پلەی ئەندمبوونیان داوەتە هەندێک کەس، لەگەڵ ئەوەشدا کە رەنگە ئەو کەسانە شیاوی ئەندامبوون لە کۆمەڵەدا بن، بەڵام پرۆسەکە ناحیزبیە و بەژێرپێنانی شێوەی دروستی داڕێژراوە و بە شکاندنی پرێنسیبە حیزبیەکان ئەم کارە کراوە، ئەم رەوتە نایاسایی و دژە پێڕەوەی ناوخۆ دەبێت دەستبەجێ ڕابگیرێت. لە کاتی پێویستدا ناوی ئەو کەسانەکە بەم شێوە کراونەتە ئەندام بڵاو دەکەینەوە.

سێهەم: بەخشینی پلەی ئەندامی فەخری بە هەرکەس نەک تەنیا کاری دەستەی بەڕێوەبەر نییە، بەڵکو لە راستیدا کاری کۆمسوێنی ئەندامگیریش نییە و ئەگەر شتێکی وا بکرێت دەبێت کۆی ک ن بریاری لە سەر بدات. جێی داخە کاک رەزا ئەو کارەی کردوە و ئەم پلەی بەخشیوەتە خانمێكی نیشتەجێی ئۆردوگا و ئامادەین لە کاتی پێویستدا ناوی بڵێین.

چوارهەم: دەستەی بەڕێوەبەر بەپێی پێرەوی ناوخۆ ئەو مافەی نییە کە سازماندەهی بکات و ئەم کارە لە ژێرپێنانی پێڕەوی ناوخۆی کۆمەڵەیە، داوادەکەین بە زوویی رابگیرێت و هەموو ئەوجۆرە سازماندەیانە هەڵبووەشێنەوە کە تا ئێستا کراون. رەنگە کەسی سازماندراو بۆ ئەو شوینە زۆریش شیاو بێت، بەڵام پرۆسە و بڕیارەکە خۆی هەڵەیە و ناحیزبیە و خەوشی ئاشکرای بێڕیزیی کردن بە پێڕەوەی دەنگپێدراوی کۆمەڵەیە.

پێنجهەم: لە پلۆنۆمەوە تا ئێستا گرفت و کێشەیان بۆ سازماندەی راگەیاندن دروستکردوە و نایەڵن ئەم ناوەندە رێبکەوێت. ئێمە بەداخەوەین جەنابتان وەکوو سکرێتری حیزب و ک ن لەم کارە بێدەنگن. ئێمە هۆیەکان نازانین چون شەفاف و هاوسەنگەرهاسا بەیان ناکرێن.

شەشهەم: کۆمیسوینی بەڕێوەبەری ئۆردوگا (ئیجرایی) بە پێی پێڕەوی ناوخۆ جگەلە پێشمەرگە و ئەندامان و کادرەکانی خوار بازنەی سەرکردایەتی کۆمەڵە کە (هەموو ئەندامانی ک ن و جێگران و راوێژکاران دەگرێتەوە) مافی سازماندەدانی ‌تری نییە، کەچی دەستیان داوەتە سازماندانی راوێژکاران، کە بێ گومان مافی کۆمیتەی ناوەندییە.

حەوتهەم: روونە کە دەرکردنی پ م و ئەندامی خوار سەرکردایەتی مافی کۆمیسوینی بەرێوەبەرییە و دەکرێت کەسانێک کە بە دەلیلی حاشاهەڵنەگر شایستەی ئەندامبوون نەبن، دەر بکرێن بەڵام بوختانی وەکوو ”سەر بە لایەنی دیکە بوون“ نیازی بە ئیسپات و دەلیلی ڕوون هەیە. ئەم جۆرە تاوانبارکردنانە هەم ناڕەوایە و هەم نیازی بە بەڵگەی سەلمێندراو هەیە کە بەداخەوە کۆمیسیۆن بە تاوانبارکردنی ناروون و ناسەلمێندراو کەسیان دەرکردوە.

بەرێزان، ئەم کارانە هەموو سەرەرای ئەوەی ژێر پێنانی پێڕەوی ناوخۆن ئاماژەن بۆ خۆکۆکردنەوە و ئامادەبوون بۆ بەئەنجامگەیاندنی کارگەلێکی ناتەندروستیی حیزبیی کە بە دڵنیاییەوە زیانی گەورە بە کۆمەڵە دەگەیەنن. بۆیە ئێمە هاوڕێیانە و دڵسۆزانە داواتان لێ دەکەین خێرا ڕابگیرین و هەڵبووەشێنرێنەوە، ئێوە زۆر باش زیان و زەرەری ئەو جۆرە کارانەتان لە مێژووی چەند ساڵی رابردووی کۆمەڵەدا دیتووە و دەبێت کۆتایان پێ بهێنرێت.

بۆیە داواکارین کە لە پێناوی کۆمەڵەیەکی بەهێز و حیزبێکی تەندروستدا ئەم کارانە رابگیرێن و هەڵبووەشێنەوە.

لەگەڵ رێز و سوپاسدا

رێبوار رەشید، جەلیل ئازادیخواز، هێرش عەلیزادە و عەبدوڵاکۆنە پۆشی ٢٤/٠٧/٢٠١٣

……………………………………….

بەڕێز هاوڕێ عومەر ئیلخانی‌زادە سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

سڵاوێکی هاوڕێیانە

بابەت: پێشنیار بۆ گۆرینی نوێنەری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە کۆنگرەی نەتەوەیی

هەروەکوو ئاگادارن لەسەر ئەو خواست و داواکارییەی لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و لایەنەکانی دیکەی کوردستان بۆ پێکهێنانی لێژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی نەتەوەیی کرا، جەنابتان بەبێ پرس و دەنگی گشتی کۆمیتەی ناوەندیی بەرێز رەزا کەعبی‌ـتان وەکوو نوێنەری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ناردە ئەو لێژنەیە، بەڵام ئێمە بە رێزێکی فەراوانەوە بۆ جەنابتان و بۆ بەرژەوەندی گشتیی کۆمەڵە بێ‌دەنگییمان هەڵبژراد، و هیواداربووین کە سەرەڕای رەخنەکانمان لە بەرێز کەعبی، ئەو بتوانێت لە کۆنگرەی نەتەوەییدا هەڵوێست و دەنگی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بێت، بەڵام بەداخەوە ئەو هەڵوێستی پێویست و شیاوی لەم ماوەدا لە خۆی نیشان نەدا.

ئێمە پێمانوایە بە چەند هۆیەک کە لە خوارە باسی دەکەین کاک رەزا کەعبی ناتوانێت نوێنەرایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە کۆنگرەی نەتەوەییدا درێژە پێ بدات، هەر بۆیە داواکارین ئەم ئەرکە بە یەکێکی تر لە هاورێیانی کۆمیتەی ناوەندیی بسپێردرێت. هۆیەکان ئەمانەن:

یەکەم: کاک ڕەزا کەعبی هەر لە یەکەم رۆژی دەستپێکی هەڵبژاردنی نوێنەرانی بەشەکانی کوردستان، بە پێی پرنسیپەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ئاستی کوردستانیبوون و دۆستایەتیی هەمە لایەنە لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکاندا، هەڵسوکەوتی نەکرد، و کۆمەڵەی خستە ژێر کاریگەریی سیاسەت و هەڵویستی چەوتی ئەو لایەنانەی کە بە درێژایی بوونیان لە گۆرەپانی خەباتی رزگاریخوازیی گەلی کورددا، ئێرانچیەتییان کردووە.

دووهەم: بەرێز رەزا کەعبی لە هەڵوێستیدا لەگەڵ مێدیای کوردیدا ناشیاو و ناشارەزایانە هەڵسووکەوتی کردووە و راستەوخۆ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی لە سەنگەری دژایەتی لەگەڵ لایەنەکانی باکوور و خۆرئاوادا خستووە، ئەوەیش دەگەرێتەوە سەر ئەوەی کە بەرێز رەزا کەعبی هەر لە یەکەم ڕۆژەوە وەفاداری بەرنامە و ساختاری ناوخۆی دەنگپێدراوی کۆنگرەی ١٣ نییە و بەرامبەر بە مسەوەباتی کۆنگرەی سێزدە خۆی بە پەرپرس نازانێت، چون هەر وەکوو خۆتان زۆر باش ئاگادارن، هەر پاش کۆنگرە لە پرۆگرام و پێڕەوی ناوخۆی مسەوەبی کۆنگرەی سێزدە پاشگەز بووەتەوە،و لە چەندین شوێندا باسی کردووە.

سێهەم: لە موناسەباتی ناوخۆیی و تەشکیلاتیدا یەک‌لایەنە و مەحفەلیی هەڵسوکەوتی کردووە و بە ئیرادەی خۆی کەسەکانی ناو تەشکیلاتی بۆ کارکردن لە کۆنگرەی نەتەوەیی دیاری کردووە، کە دەبا ئەوەندەی کە کەس یا کەسانێک پێویستبوون کە لە کاروباری کۆنگرەدا بەشدار بووایەن، یەکەم داوای لە سکرێتر بکردبا و سکرێتریش لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندییدا ئەو کەسانەی دیاری بکردبا. هەڵبژاردنی هەموو کەسێک بۆ هەر پۆستێک دەبێت لە سەر بناخەی توانا و وەفاداریی بە پرینسیپ و راستگۆیی و هاوڕێبەندیی و جۆری دیکە لە خەسلەتی سیاسیی و ڕەووشتیی بێت کە لە کاک رەزا کەعبی‌دا نییە و ئێمە لە ماوەی دوو پلونۆمدا لێمان نەدیتووە، سەرەرای ئەوەی کە چەندین جار وەبیرمان هێناوەتەوە.

چوارهەم: کەسایەتی بەرێز رەزا کەعبی لەسەر ئەساسی ئەو نووسراوەی کە بەرێز هێرش عەلیزادە سەبارەت بە هەڵسوکەوتی حەوت ساڵی لە ناو کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و تەنانەت رابوردوویشی لە ناو کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە نامەیەکدا بۆ خۆی و جەنابیشتان وەکوو سکرتێری حیزبەکە نوسیووە، تا ئێستا لە لایەن بەرێز رەزا کەعبی‌یەوە هیچ هەڵوێستێک نەگیراوە و ئامادە نییە وەڵام لە دیفاع لە خۆیدا بداتەوە، و لە هەمانکاتدا لە لایەن سکرێتری حیزبیشەوە هیچ روونکردنەوەیەک نەدراوە. ئێمە پێمانوایە کە رەزا کەعبی لەژێر چەندین پرسیاری بێ‌وەڵامدایە، و مۆتمانەی لەژێر پڕسیاردایە، هەر بۆیە پێویست بوو کە خۆی بۆ لابردنی ئەو ناڕوونیی و پرسیارانە کە لەسەریان هەیە، پێویست بوو پێش وەرگرتنی ئەو بەرپرسایەتیە لە کۆنگرەی نەتەوەیی روونکردنەوەیەکی رووەو کۆمیتەی ناوەندیی و ئەندامانی حیزبەکە بدابا. ئەگەر بەرێز رەزا ئەو کاری نەکردووە ئەرکی سکرێتری حیزب بوو کە هەڵوێستی وەرگرتبا و لەدانی وەها بەرپرسایەتیەک خۆت بپارستبایە.

پێنجهەم: کاک رەزا کەعبی لە موناسەباتی ناوخۆییدا لەگەڵ هاورێیانی کۆمیتەی ناوەندیی زۆر دوور لە ئەخلاقی سیاسیی و پرنسیپەکانی حیزبایەتی لە دونیای مۆدێرندا تەوهین و ئەهانتی ناشیاوی بە هاورێیانی کۆمیتەی ناوەندیی کردووە، ئەویش لە پاشملە کە ئەمە یەکەم و دووم جار نییە کە بەم جۆرە ناشیاو و بەدوور لە هەر ئەخلاق و پرنسیپێک کردوویەتی، هەروەکوو لە نامەکەی هاورێ هێرش‌دا بە روونی دیارە/ ئێوە ئاگادارن هەر لە مێژە ئەم جۆرە رەفتارەی کردووە بە هەڵسوکەوتی ڕۆژانەی خۆی بەرامبەر بە هاورێیان. لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەو هاوڕێیانە زۆریان پشت و پەنا و یارمەتیدەری ئەو بە شێوەی جیاوازبوون، و ئەو بە پێچەوانەوە هیچ جۆرە پیاوەتیەکی لە سەر ئاستی ناسیاوییشدا بە سەر ئەوانەوە نییە.

کەسێک کە تەوهین و ئەهانەت بە هاورێ و یان هاورێیانێک بکات کە ئێستا لەگەڵی هاورێی حیزبین و کە هەندێکیان لەوەبەر بە ساڵان پێکەوە لە حیزبێکدا بوون، دەبێت هەڵسوکەوت و وەفاداریی و هاورێبەندیی لەگەڵ بەرێزانێک لە شوێنێکی وەکوو کۆنگرەی نەتەوەیی کە تەنها حەوتوویەک یان چەند رۆژێک پێکەوە کار دەکەن، دەبێت چۆن بێت؟ بە ڕاستی مرۆفی وەها ناتوانێت نوێنەری حیزبی ئێمە یان تەنانەت هەر حیزبێکی تر بێت، بە تایبەت لە شوێنێکی وەکوو کۆنگرەی نەتەوەیی، کە بە تایبەت ئێمە دەبێت تیایدا نموونەی ڕەووشتی بەرز و ئەمەکداریی و وەفاداریی و ڕێز و هەڵوێستی ڕاستگۆیانە و ڕوون بین.

بەم هۆیانەی لە سەرەوە باسمان کرد ئێمە وەکوو بەشێک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی بە سکرێتری حیزب ڕادەگەیەنین کە بەرێز رەزا کەعبی بۆ ئەم کارە شیاو نییە، و داواکارین کە بەجێگەی ئەو هاورێیەکی تر لە هاورێیانی کۆمیتەی ناوەندیی بۆ ئەم ئەرکە تەرخان بکرێت.

ئێمە چاوەڕووانی وەڵامی جەنابتان وەکوو سکرتێری حیزب دەبین، هیوادارین پشتگوێ نەخرێت.

بەسپاسەوە   ٢٨/٠٨/٢٠١٣

عەبدواڵا کۆنەپۆشی/ جەلیل ئازادیخواز/ هێرش عەلیزادە/ رێبوار رەشید

………………………………

هاورێیانی ک.ز.ک: ئەم نامەیەی کە لەبەردەستتاندایە لە سێ بەشدا لە ١٣/٦/٢٠١٣ تا ٢٤/٠٧/٢٠١٣ بۆ بەرێز رەزا کەعبی و روونۆسەکەیشی بۆ هاورێ عومەر ئیلخانیزادە نێردراوە، هەر وەکوو لە خوارەوە دیبینن داوام لە هاورێ عومەر وەکوو سکرێتری ک.ز.ک کردووە کە ئیجازە بدات ئەم نامە بدەست ئێوە بگات، بەڵام وادیارە کاک عومەر یان بە دروستی نازانێت کە ئێوە ئاگاداری کێشەکانی ناو حیزبەکە بن، کە هەموو کاتێک سووتەمەنی ئەم کێشانە ئێوە بوون یان بەردەوامبوونی ئەم وەزعە بە قازانج ک.ز.ک دەزانێت. هەر وەکوو لە پێش‌دا بەرێزیانم ئاگادار کردووە لەسەر مەسئولیەتی خۆم ئەم نامەتان بۆ دەنێرەم و ئەگەر بەپێی پێڕەوی ناوخۆیش هەر سزایەکی هەڵگرێت ئەوا ئامادەم قەبووڵی بکەم.

بەرێزان: حەز دەکەم بزانن کاتێک کە کاک رەزا رەخنە و نامەکانی من لەسەر خۆی لە دەرەوەی حیزبەکە بە پێچەوانە راستیەکان باس کردووە و دیکات و گوایە من لە بەرامبەری ئەودا دیفاع لە کاک عومەر دەکەم، و تەنانەت لای هاورێیانم لە جنێو و ئەهانت بە من سڵ و شەرمی نییە، و بۆ سووککردنی باری گوناهانی خۆی پەنا دەباتە کۆمەڵەی شۆرشگێر و رەوتی سۆسیالیستی! من دەپرسم سنوورێک ماوە کە ئەم برادەرە نەی‌بەزاندبێت؟ سنوورێک مابێت کە ئێوە ئەندامانی ئەم حیزبە لەم کێشانە ئاگادار نەبن؟ بەسپاسەوە هاورێتان هێرش      

بۆ: بەڕێز رەزا کەعبی                        هێرش عەلیزاد   ١٣/٠٦/٢٠١٣

ڕوونووس: سکرێتری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بەرێز عومەر ئیلخانیزادە/ داواکارم لە کاناڵی تەشکیلاتیەوە نامەکەم بەدەستی هاورێیانی ک.ن و جێگرەکانی ک.ن و راۆێژکارانی ک.ن و کۆمیتە و بەرپرسانی حیزبی لە هەر جێگەیەک کە هەن بگات. هیوادارم کە بەدەستیان بگات!       

هەر وەکوو لە نامەکانی نێوان پلێنۆمی یەک و دوودا ئەو رەخنانەی هەمبوو لێت، دەمنووسی و بۆم دەناردیت و لە رۆژانی پلێنۆمی دوویشدا بە شێوەی جۆرباجور لە لایەن من و هێندێک لە هاورێیانی ک.ن ـیەوە بەکورتی ئاماژەمان پێکردوە، بەڵام بەداخەوە هەر بەو پێیەی تا ئێستا کردووتە، لە جیاتی وەڵام بە رەخنەکان، جگە لە ژێرپێ خاڵیکردن و ریاکاری سیاسی و مەحفەلگرایی نەبێت کارگەریەکی ئەوتۆ لەسەر پێشکەوتنی پرنسیپەکانی کار بە شێوەی حیزبی نەبووە. بەداخەوە وادیارە من خراپ لە تۆ تێگەیشتووم.

دەمەوێت لە رێگەی ئەم نامەوە بە نووسین لەسەر مەبنای فاکت و دەکۆمێنت ئەو زەرەر و و زیان و خەسارەتانەی کە تۆ بە پرنسیپەکانی کۆمەڵە بەگەشتی و پاشان رەوتی چاكسازی و کۆمەڵەی زەحمەکێشانی کوردستان بە تایبەتی لە پراتیکدا و بە شێوەیەکی دزێو و ریاکارانە گەیاندووتە، بیخەمە بەر رۆشنایی دیدی هەموو ئەو کەسانەی کە لە دەستی ئەمجۆرە لە گەمە و کایەی منداڵانە کە تۆوی نەوعی و ئەو کەسانەی کە پێتانوایە سیاسەتکردن و “کۆمەڵەبوون” ئەوەیە کە تۆ کردوتە و دیکەیت.

من پێموایە ئەم شێوە دزێوە لە کار و لە بەرخورد دەبێت لە سێبەرەوە بێتە بەر رٶشنایی و رووبەڕوو و شەفاف و بوێرانە قسەکانی بکات. لە رووانگەی منەوە چارەسەری ئەم دەردەی تۆ تەنها ئاشکراکردنی رووی دزێوی و ریاکاری تۆیە لە ناو ئەم حیزبەدا، من تا پێش پلێنۆمی دووم بە شەفاهی بە نووسین زۆر لە گەڵت حەوڵم‌دا کە دەستت لەو جۆرە کارانە هەڵگری، بەڵام وادیار کە من لەوەدا سەرکەوتوو نەبووم ئەم ئەزمۆنە منی هاندا کە ئیدامەی ئەو قسەوباسانە بە شێوەی پێشوو لە گەڵ تودا هەمبوو، هیچ یارمەتیەک بە کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و هەمووی ئەو کەسانیکە بە سەدان ئارەزۆەوە لەم تەشکیلاتدا ئامادەی کارەن و یان کار دەکەن ناگەیەنێت ئەگەر لە شۆێنەکدا راشکاوانە تەشکیلات بە گەشتی لێ ئاگادار نەبێتەوە. هەر بۆیە پاش پلێنۆمی دووم من بڕیارمدا کە نامە و قسەوباسەکانم بە شێوەی راشکاو بۆت بنوسەم و تەشکیلاتیش بە گەشتی لێی ئاگادار بێت.

هەر لە رۆژانی کێشەکانی ناو کۆمەڵەی شۆرشگێڕەوە، یەعنی سەرەتاکانی کۆنگرەی ١٠ تا لەیەکترازانەکانی ساڵی ٢٠٠٧ و پاشان چۆنییەتی دامەرزانی ئەم کۆمەڵەیەی کە ئێستا تیایدا هەردووکمان بەرامبەر بەیەک وەستاوین و تەنانەت حەوت مانگیشە روواڵەتی پێوەندیی دۆستانەمان بە یەکەوە نەدیوە. قسەوجەدلی سیاسیی و تەشکیلاتیی تووندمان پێکەوە بووە، بەڵام قەت لە ئاستی ڕاوانان و حەزفی یەکتردا نەبوو، بەداخەوە من ئەمڕۆ دەیبینم کە تۆ چۆن بە هەمان شیوە و شگردی رابردوت دەرحەق بە هاورێیانیتەرەت، ئەمجارەیان لە پشتەوە خەنجەر دەوەشێنیت و لەو پەری بێدەنگی و لە پراتیکدا لە وەلانانی من و هاورێیانکیتر هیچ شەرمێکت نییە. ئەمجارەیان بۆ من؟ خۆت چاک دەزانی کە من و هاورێیانیکیتەر وەکوو من بە مانعی پەلانەکانی خۆت دەزانیت، و هەر لەسەر ئەم ئەساسەیە کە لە پرۆگرام و پێڕەوی ناوخۆ پەسەندکراوی کۆنگرەی سێزدە پاشگەز بوویتەوە!

ئەڵبتە من لەم ماوەدا بە دەیان جار قسەکانی ئەو کاتەی کاک عەبدوڵڵا مۆهتەدی دێنمەوە بەرچاوم کە لە رۆژانی پێش کۆنگرەی یازدە ساڵی ٢٠٠٦ لە کوردستان، کاک عەبدوڵڵا من و کاک حوسەین پەناهی بۆ ماڵی خۆی بە مەبەستی ئاگاداری لە هەڵوێستی ئێمە بەرامبەر بە چۆنییەتی کۆنگرەی یازدە بانگ کردبوو، (ئەو کات من بەرپرسی کۆمیتەی مەڵبەندی سکاندیناڤی کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بووم) لە یەکەمین قسەوباسدا کاک عەبدوڵڵا باسی تۆی کرد و گوتی: “کا رەزا کەعبی شیاوی کۆمیتەی ناوەندیی ئەم حیزبە نییە و نابێت ببێت بە کۆمیتەی ناوەندیی..

کاک حوسەین بە تووندی هەڵوێستی گرت و دژی ئەو بۆچونە بوو. پاشان منیش وتم چۆن شتی وا دەبێت کاک عەبدوڵڵا؟ بۆ چی روویداوە؟

کاک عەبدوڵا گوتی: ئێوە نازانن و ئاگادار نیین ئەم برادەرە چی کردووە! بە ڕاستی ئێمە نەماندەزانی و ئاگادار نەبووین کە تۆ لای ئەوان و دژ بە ئەوان چیت کردبوو، پاش ئەوە لەم رۆژانەدا، لە خولیای ئەو بیرەوەریەدا، نامەکەی کاک حەمەی شافعی و وەڵامەکەی خۆتم لە وەڵام بە کاک حەمەدا و هەر وەها چەند نامەیتەری ئەو سەردەمم دەخوێندەوە. کاتێک لە یەکم دەدان و هەڵسەنگاندنی هەڵسوکەوتی ئەم چەند ساڵەی تۆم لە ناو کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەکرد، تێگەیشتم کە ئەو وەڵامەی ئەو کاتەی من و کاک حوسەین لە دیفاع لە تۆ لە بەرامبەر کاک عبدواڵلەدا چەندە هەڵە و ساکار بووە! تێگەیشم کە ئێمە ئەوسا تۆمان نەدەناسی.

من پێموابوو کە ئەوەی تۆ لە لای شوانە لالەحەمە لە کانادا و لە ئورۆپا لە لای خەڵکی دیکە بە کاک عبدواڵلە موهتەدیت گوتبوو هەمووی درۆیە، بۆت هەڵدەبەستن و قسەوباسێکە کە بۆت دروست دەکەن، دیارە باش لە بیرت دێت هەر لە گەرمی ئەو ئاڵۆزییەدا پێش کۆنگرەی یازدە لێم پرسیت “کە چۆن شتی وات کردووە”؟ تۆش وەڵامت دایەوە و گوتت “هێرش درۆ دەکەن، شتی وا مومکین نییە.

من ئەو کات باوەرم پێکردیت، بەڵام ئێستا، کاتێک هەڵسوکەوتەکانی چەند ساڵی رابردووت پاش جیایەکانی ٢٠٠٧و هەروەها پاش کۆنگرەی سێزدە تا ئەمرۆ هەڵیدەسێنگێنم بەو قەناعەتە گەیشتووم کە بەڵێم مۆتمانەم پێتنەماوە! مۆتمانە لە ئاستی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبێک کە بۆخۆت ئیدعایەکی قورسەت لەسەری هەیە. و شەری قورسەت لەسەر کردووە و زەرەری قورسەت کێشاوە! بەڵێم زەرەری قورسەت داوە دروستترە.

چون دەبینم و دەبیستم کە هەر ئەو کاتە هەر ئەوەی کە بە کاک عبدواڵلە موهتەدیت دەکرد ئەمرۆ و ئەم ساڵانە بە کاک عومەریش هەر ئەوەت کردووە و ئێستایش تەنانەت رۆحم بەو کەسانیش ناکەیت کە دەتگۆت ” مەگر مەرگ، ئەگینا دەست هەڵگرتن لە تو مۆمکین نییە” و یان هەر پێش کۆنگرەی سێزدەکەمان دەتگۆت ” تەنها ماڵێک کە لە دەرەوە تێدا دەحسێمەوە ئەم ماڵیە”. بەڵام من شاهدی بێ‌حومەرتیت بە کاک حەمەی میسری لە پلەێنۆمە مێژووییەکەی هۆلەند و شاهدی بێ‌حۆرمەتیت بە کاک جەلیل ئازادیخواز لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندییەکەی ئەمرۆماندا بووم و لە ئاخری هەموویشیاندا بێحۆرمەتیت بە خۆم لە لای هاورێ و هاوکۆمیتە و هاوحیزبیەکەی “هەر دووکمان”، و رەنگە زۆر شتی تر لەم قوماشە کە بەلای تۆوە ئاسایی بووە و هەیە!. من نەمدەزانی. من هەڵە بووم نەدەبووا بەمجۆرە باوەرم بێتکردبا کاک رەزا. تۆ لەگەڵ ئەوانیش کە خۆشێت ویستوون راستگۆ نەبوویت کاک رەزا. ئەگەر بپرسی بۆت باس دەکەم چۆن؟ دەزانم قەت ناپرسی! چون دەزانیت وەڵامەکەی چیە.

پێش جیایەکانی ٢٠٠٧ لە کاتی کێشەکاندا کاک حەمەی شافعی لە نامەکەیدا بۆ تۆ دەنووسێت: “کاک رەزا ئەوەی کە لە دژی کاک عبدواڵلە بە پشتیوانی لە کاک عومەر دەیکەی و هەموو حەولەکەت ئەوەیە کە کە کاک عومەر ببێت بە سکرتێر، خاترجەم پاش کاک عبدواڵلە هەر ئەوەش دژ بە کاک عومەر دەکەی و ئەمجارەیان بۆ ئەوەی کە خۆت ببی بە سکرتێر”. دەقاودەق هەر وەهات کرد.

من دەڵێم بە ڕاستی هەر وەهای لێهات! مانگ و ساڵی تێپەر نەکرد کە تۆ نەخشەی بێدەستکردنی ئەو برادەرەت دەست پێکرد/ شەرەکەت لەسەر کاک عومەر نەبوو! هەر پاش جیایەکانی ٢٠٠٧ تۆ بە هاوکاریی چەند کەسی تر بۆ گەیشتن بەم ئاواتەت زۆر رەزیلانە و ناهاورێیانە بە شێوەیەکی دزێو ئەم کارەت دەستپێکرد، با بۆت باس بکەم چۆن:

حەتمەن باشت لە بیر دێت ئەگەر حاشای لێنکەیت، هەر پاش جیابوونەوەکان لە سەرەتای هاوینی ٢٠٠٧دا لە ستۆکهڵم کۆنفرانسی ئەندامان گیرا، تۆ و کاک بارام رەزایی و کاک ناسر حیسام‌یش بەشداری کۆنفرانسەکە بوون. من لەسەر ئیدارە و سازماندهی و ناوی حیزب و پرۆگرامی ئەودەم لە کۆنفرانسدا قسەم کرد، وادیاربوو کە بە دڵت نەبوو و دەتزانی بە زەرەرتە. چون لە ئیستراحەتێکدا لە دەرەوەی کۆنفرانس تۆ و کاک بارام بانگتان لە من کرد کە چەند قسەیەکی خوسوسی پێکەوە بکەین. ڕووبەڕووم وەستان و گوتتان “کاکە لەوە بگەڕێ، تۆ دەبێت بزانیت ئێمە چی دەکەین. ئێمە ئەم پێنج کەسین کە لە پەشتەوە دەتوانین ئەم حیزبە ئیدارە بکەین و بۆ خۆمان ئەو جۆرەی کە دەمانەوێت دەیگێرین”. ناوی پێنج کەستان هێنا کە یەکیان من و ئەویتریان خۆت و کاک بارام و کاک ناسر و کاک سەباح بوون. دەزانم کە ئەو سەردەمیش تو لەمن خراپ تێگەیشتبوویت، هەر بەوەی کە دژی دەسەڵاتی رهای کاک عومەر و خوازیاری کۆنگرە دابەشکردنی دەسەڵاتی حیزبی بووم پێتوابوو کە دەتوانم لەم پەلانەدا جێگەم بێتەوە! بەڵام پرنسیپی کاری سیاسی و حیزبیمان زۆر جیاواز بوو هەربۆیە منیش وەڵامم دانەوە کە تکایا با برۆین بۆ ناو کۆبوونەوەکە و لەوێدا باسی ئەو حیزبە بکەن کە ئێوە دروستی دەکەن، و پێشمگوتن “من لە ناو حیزبێکدا نابم کە بەمجۆرە لەسەر ئەساسی تەوتەئە دابمەرزێت. من لە ناو حیزبێکدا نابم کە دووبارە سیاسەتی وەلانان و بایکۆت و مەحفەلگرایی لە بەرنامەیدا بێت.

مەبەستم ئەوەیە کە هەر لە یەکەم رۆژەوە تۆ هەر بەم خەونەوە لە دایک بوویت و دروشمی چاکسازیت بە درۆودەلەسە هەڵگرتبوو. هەر وەکوو بۆخۆیشێت لە چەندین مەحفەلی خۆسوسیدا باسێت کردووە کە هەمووی قسەی “قور” بوو! (مەبەستت لە رێفۆرم و….).

من بە راستی نەمدەزانی کە تۆ لە عالەمی خەیالاتی خۆتدا هەر لە مێژە خنکاویت و زۆر دەمێکە چاوەڕووانی مەرگی هاورێیانێکی کە لە پەشتەوە خەنجەریان لێدەدیت و لە حوزوریشیاندا فرمێسکی ریاکاری هەڵدەرژێنیت و بە “مامۆستای” خۆتیان دادەنێیت و زۆر جاریش پاش خەنجەرەک بەدوور لە جەمع خۆ‌تیان تەسلیم دەکەیت و معزەرەت دێنیتەوە!

ئەم ئەندامی کۆمیتەی ناوەندییە کە زۆرجار لەسەر چووک دەوستێت و دەڵێت من “جێگرەی سکڕێترم”، “دەفتەری سیاسیم”،”بەرپرسی ئاسۆساتم”، “دەبیری کۆمیتەی ناوەندییم”،”بیست ساڵە کۆمیتە ناوەندییم”. ئەم کەسە شەورۆژی خەریکی ئاخ و داخ هەڵکێشانە کە سکرێترەکان کەی دەمرن و کەی ئەو خاوەنداریەتی ئەم کورسیە دەکات. جا سەیر ئەوەیە کە ئەوی کە ئیدعایانی دەکات لە پێڕەوی ناوخۆی حیزبەکەدا نییە نە جێگرەی سکڕێتر، نە دەفتەری سیاسی، نە دەبیری کۆمیتەی ناوەندیی، و شانازی بیست ساڵ کۆمیتەی ناوەندیی بوونیش دەبینین هەر شکست بووە ئەگەر وەکوو یەکێک لە “رابەرانی کۆمەڵەی” ئەم بیست ساڵە گۆشەیەک لە بەرپرسایەتی شکستەکان قەبووڵ بکات!

تۆ ناتوانیت دژی بیر و باوەڕی سۆسیالدیموکراسی بیت و بە هەموو عەقڵی خوتەوە پێتوابێت کە دەتوانیت سۆئیستفادەی لێبکەیت و لە هەمانکاتیشدا پێش هەموو کەس رابکەی بۆ کۆبوونەوەکانی و بێشەرمانە وێنە لە گەڵ ئەندامان و هەیئەتی ئینترناسیونالیست سۆسیالیست بگریت! و وەکوو وێنەی گیانبەختکردووانی جوڵانەوەی خەڵکی کوردستان لەسەر فیزبووک و… فەخری پێوە بفرۆشیت.

تۆ ناتوانیت خەمخواری خەباتی باکوور بیت و دژی کچان و کوڕانی باکوور لە کوردستانی رۆژهەڵات، لە پلێنۆمی حیزبەکەدا هەوڵ بدەیت بڕیارنامە دژ بە پژاک بخەیتە بەر دەنگدان و ‌”هێزەکانیان ئەوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە جێی “گومان” و “گوماناوی” لە قەڵەم بدەیت! هەر پاش ئەوە بە هەڵەداوان بەشداری یازدەهەمین کۆنگرەی نەتەوەیی لە برۆکسل بیت و وتار پێشکەش بکەیت! هەر ئەو کارەی کە حەوت ساڵ پێش ئێستا لە کۆنگرەی ١١ی کۆمەڵەی شۆرشگێریشدا دەتویست بیکەیت، کە ئەو کاتیش هەر دژایەتم ئەو بڕیارنامەیەتم کرد.

تۆ پێش کۆنگرە سێزدە و بە درێژایی پێنج ساڵی رابردوو دژ بە دەسەڵاتی سکرتێر و بە ناروونی ماڵیی و بە بێسەروبەریی حیزب لە تێداچوون و بێسەرۆشۆێنی هەموو ئەو هاوڕێیانە بووی کە بەو جۆرە لە ساڵەکانی ٢٠١٠ و ٢٠١١ گیانیان لەدەستدا و خۆت لێ بە خاوەن نەدەکردن، و کاتێک کە من یا هەر کەسێکی دیکە لێتی دەپرسی کە بۆ وایە، لە وەڵامدا بە شانازیەوە دەتگوت کە جەنابت لە موقامی “جێگری سکرتێردا” هیچ دەخالەتێکت لەو کارانەدا نەبووە. کام شانازی؟! شانازی بە بێ ‌هەڵۆێستی و دەرچوون لەژێرباری مەسئوولییەت و بەرپرسایەتی؟

هەمووان بینیان کە لە کۆنگرەی سێزدەدا لەسەر هیچ یەکێک لەو بابەتە گرینگانە قسەت نەبوو کە لە دەرەوە و بە چرپە و بە تەلەفۆن گوێی هاورێیانت پێ قان دەدا. لە سەر ئەو هەموو دزیۆیانە کە گوایا سکرێتری حیزب کردوویەتی و تۆ خەمی خەرمانی بابردووت بۆ دەخواردن، بە هیچ جۆرێک نوتقتان لێوە نەهات. خۆ هەر لەسەر ئەو وەزعە لە کۆمەڵەی شۆرشگێر جیا بوویتەوە و درۆشمی “چاکسازی” گۆیی هەمووانی پڕ کردبوو.

هێندە بێ پریسنیپ و ناتێگەیشتوو لە سیاسەتیت کە تەنانەت لە رەواندنەوەی دەسەڵاتی سکرتێر و چەسپاندنی شەفافیەتی ماڵیی و هەموو ئەو میکانیزمانەی کە لە پێرەوی ناوخۆدا پێش کۆنگرە گونجاندمان و لە مێژووی کۆمەڵەدا باشترین دەستکەوت بوون بۆ بەدەنەی تەشکیلات، تۆ نەک هەر پشتگیریت نەکرد، بەڵکو زۆر زۆرت پێ ناخۆش بوو، کە ئێمە بێ جوێندان و قسەی پشتملە و دروۆدەلەسە و بوختان، هەموو ئەو ڕیفۆرمانەمان لە پێرەوی ناوخۆدا دەچەسپاند کە باسمان دەکردن.

لە نێوان حاڵی نەبوون و سەرلێ‌دەرنکردندا، لە ترسی سەرئەنجامەکانی کە نەتدەزانی چۆن و چی لە دەکەوێتەوە، لە کۆنگرەی سێزدەدا دەنگت بە بەرنامە و پێرەوی ناوخۆدا. جێی سەرنجە و لە مێژوودا دەمێنێتەوە کە هەر مانگێکی پێنەچوو کە تۆ لەگەڵ مەحفەلەکەی ئەمرۆتدا لێی پاشگەز بوویتەوە. و بۆ شاردنەوەی راستیەکان دووبارە درۆشمەی چەپ و سوسیالیستەکەت کردوەتەوە گردنێت، بەبێ ئەوەی بتوانی لە رووی سیاسی و تیئۆری تەنها دژایەتی یەک خاڵەی پرۆگرام و پێڕەوی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان کوردستان پەسەندکراوی کۆنگرەی سێزدە بکەیت.

سەیرە، تۆیەک کە بوختان و درۆودەلەسە لە سەر سکرتێر و ناشەفافی ماڵیی و ئاسۆسات و چی چی هەڵدەبەستیت!، کەچی لە باشترین ڕیفۆرمی مێژووی کۆمەڵە کە بە قازانجی بەدەنەی تەشکیلاتە، پەشیمان دەبیەوە. بەراستی تێدەگەیت خەریکی چیت؟

رەنگە پرسیارەکەم دروست نەبێت، ئەڵبەتە دەزانیت خەریکی چیت! دەزانیت و پێتوایە کە سەرکەوتنی بەرنامە و پێڕەوێکی وا پەردە لە سەر خەۆن‌وخەیاڵەکانت و چرپە چرپەکانت هەڵ دەدەنەوە و ئیتر ناتوانیت لە پاشملە ئاشی بە سکرتێربوونی خۆت بگێڕیت؟ بە راستی قەزاەوتی خۆێنەر دەبێت چی بێت ئەمە شەری چاکسازی و گەورەکردنەوەی حیزبە یان کورسی و مەقام؟ بەڵێی خۆێنەر یان چاکتر بڵێم ئەوانی کە بە فێکر و پرنسیپ لەگەڵ ئەم حیزبەدان دەتوانن لە خۆیان بپرسن بۆ هەر لە یەکەم رۆژەکانی دابڕان لە کۆمەڵەی شۆرشگێر، ئەم حیزبە هەر لە قەیراندا ژیاوە و بەردەوام خەڵکی لێ دابڕاوە؟ ئەو هەموو کادر و ئەندام و پێشمەرگە چی‌یان لێ‌بەسەر هات؟ ئامارێک دەکۆمێنتک لەسەر ئەم زەرەروزیانە هەیە؟

بە راستی ئایا کێشەکە ناڕوونی ماڵیی و دەسەڵاتی سکرتێر بوو یان دانیشتن لەسەر کورسی سکرتێر؟ بە راستی لەو بێ‌سەروبەریە کە دەناڵایت و دەتگوت هیچ‌شێتک دانامەرزێت و هیچ ناگۆڕدرێت. ئەی بۆچی لە کاتێکدا دەزانیت کە هەبوونی رۆژەف و پرتووکۆلنووسین و دەکۆمێنتکردنی کۆبوونەوەکان قازانجی کۆمەڵەی تێدا دەبێت و بە پێی پێرەوی ناوخۆش ئەرکێکی حیزبیە، بەڵام تۆ لە نێوان دوو پلێنۆمدا وەکوو دەبیری کۆمیتەی ناوەندیی کە بەرپرسایەتی کۆبونەوەکانی کۆمیتەی ناوەندیی بە ئەستۆ بوو، یەک جاریش پیادەت نەکرد، و سەرەرای تائکید و داواکاری و رەخنەی زۆرێک لە هاورێیانی کۆمیتەی ناوەندیی کە لە هەموو کۆبونەوەکاندا لێتدەگیرا بەڵام هەر گوێت پێ‌نەدا؟ بە ڕاستیی پێتوایە بەدەنەی تەشکیلات و زۆرێک لە کۆمیتەی ناوەندیی ناتوانن لە هیچ حاڵیی بن؟ تەنها لەبەرئەوەی بیست ساڵە جەنابت لە سەر بەشەڕدانی خەڵک و بوختان و قسەی پاشملە کۆمیتە ناوەندییت؟

یەکگرتنمان و هەڵوێستی تۆ!

دڵنییام باشت لە بیرە کە ساڵێک پێش کێشەکانی کاک بارام و تۆ و هاورێیانی تر من چەندین جار لە گەڵ تۆ و کاک بارام سەبارەت بە دانیشتن و دیالۆگ بە مەبەستی لەیەکنزیکبوونەوە و سازدانی زەمینەی سازانمان لەسەر پرۆگرام و پێڕەویک کە هەردوو لامان، ئێمە لە کۆمەڵە ــ پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان و ئێوەیش کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، لەسەری کۆک بین قسەوباسمان کرد و هەموو جارێک داوام لێدەکردن کە لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی خۆتاندا قسەی لێ بکەن. بۆ ئەوەی ئەگەر تەوافقی گشتیی هەمووتان لەسەر بێت ئەوا با بە فەرمیی دانیشتنەکانمان دەست پێبکەین. تەنانەت ئەوەیشم پێدەگوتن کە ئەوە تەنها داواکاریی من نییە، بەڵکو قسەی گشتی هاورێیانی کۆمەڵە – پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستانە، و چەندین جار پێم دەگوتن کە تەنها وەڵامی پۆزەتیفی هەرکام لە ئێوە بەس نابێت، (چون هەر دەتانگوت قسەکانت راستە حتما” وابکەین و…) بەڵکو هەڵوێست و بڕیاری گشتی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانمان دەوێت، و هەر بەم مەبەستەیش پێش پلێنۆمی ساڵی ٢٠١١ تان و پێش رۆیشتنەوەت لە ئاسۆسات بۆ کوردستان من بە تایبەتیی هاتم بۆ ستۆکهۆڵم و قسەوباسمان پێکەوە کرد.

هەر چەندە تۆ بڕیارت دابوو و دەتگوت کە لەو پلێنۆمەدا کاری سکرتێر یەکلایی دەکەنەوە، بەڵام ساڵێک پاش ئەوە لە یەکەمین دانیشتنماندا دەرکەوت، (کە بە هیمەتی هاورێیان ناسر حیسامی، کوێستان داودی، حوسێن پەناهی و سەعید سەرهەنگی جێ بە جێ کرا و من و هاورێ رێبوار لە لایەن کۆمەڵە/ پارتی سۆسیالدیموکراتەوە و هاورێ عومەر ئیلخانیزادە و هاورێ ئەمیر سەلاواتی لە لایەن کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانەوە پێکەوە قسەوباسەکانمان دەکرد)، کاتێک من لە قسەکانمدا گوتم بە ڕاستی ئێمە لە ساڵێک پێش ئێستا داوامان لە هاورێیانتان، کاک رەزا کەعبی و کاک بارام رەزایی. کردووە کە دانیشتن بکەین. بەڵام کاک عومەر لە وەڵامدا گوتی ئەوە یەکەم جارە کە من شتی وا دەبیستم و کە ئێوە لەوەپێش داواکاریی واتان کردووە.

هەر لەوێدا تێگەیشتم کە تۆ لە قسەوباسەکاندا راستیەکانت لەگەڵ من باس نەکردبوو و تەنها دژی سکرتێرەکەت دەتویست من و هاورێیانم بەکار بهێنیت، کە هەر خۆت لە هەموو کۆنگرەیەکدا دەنگی موتمانەت پێدەدا و هەر پاش دەنگپێدانیشت لەملاولا بە خراپی باست دەکرد. تۆ لە من و زۆر کەسی تر داوات دەکرد کە دژی سکرتێرەکەت شت بنووسین و هەر خۆشت دەگەڕایتەوە و دەنگی موتمانەت پێ‌دەداوە!

لە کۆبوونەوە دووهەمیشدا کە لە یوتۆبوری ساڵی رابردوو (مانگی چواری ٢٠١٢) بەرێوە چووە و تۆ راستۆخۆ لە گەڵمان بەشداری کۆبوونەوەکە بوویت، و هاورێیانی ناوبژیویش لە شاری یۆتەبۆری بە هۆی پرسەی ماتەمینی هاوڕێ ڕەحمان شافعی‌دا، لە یۆتەبۆری لەگەڵمان بوون. ئەو هاورێیانە کاک ناسر حیسامی، سەعید سەرهەنگی، حوسێن پەناهی و کوێستان داودی بوون. بەڵام تۆ بە بریاری خۆت بە زەمانی کۆمیتەی ناوەندییەوە، مانعی بەشداریی و حوزوری ئەو هاورێیانە بوویت کە هەموو لایەک دەزانن چەند دڵسۆزی کۆمەڵەن، مانعی بەشداریی کەسانێک بوویت کە لە ماڵی هەموویاندا شەوورۆژی جگە لە ئیحترام و مهماننەوازی و یارمەتی بە تۆ هیچ خراپەیەکیان دەرحەق بە تۆ ئەنجام نەدابوو (نابێت لەبیرت چووبێت کە لەسەرەتای جیایەکانی ٢٠٠٧دا چەند جار داوات لە ک. د. دەکرد کە بە برادەرانی یەکیەتی و پارتی کوردستانت بناسنێێت و قسەی خێرت بۆ بکات). تەنانەت هاورێ حوسێن شەبەقیش هەر لە یۆتەبۆری لەگەڵمان بوو کە نەیتوانی بەشدار بێت، ئەگەرچی هەم بۆخۆی و ئێمەیش پێیمانخۆش بوو کە بەشدار بێت.

تۆ هەر پاش کۆبوونەوەکەمان کە دوو سەعاتێک زیاتری خایاند و بە تۆمارکراوی هەیە، کاتێک هاوڕێ ک. د. لێی پرسیت کۆبوونەوەکە چۆن بوو، وەڵامەکەت ئەوەندە نزم بوو کە بڕوواکردنی ئەستەمە. تۆ وەڵامت دایەوە و گوتت “کۆبوونەوەکە هیچ نەبوو، ئێمە سۆسیالدیموکرات نیین و قەت نابین بە سۆسیالدیموکرات”! بەڵام من دەزانم و خەڵکیش دیبینن کە ئەوەی داوای یارمەتی لێدەکەی سۆسیالدیموکراتە، و ئەوەیش کە ئەمرۆ لافی یەکگرتنەوەی لەگەڵ لێدەدی هەر سۆسیالدیموکراتە! و ئەوەیش کە ۆێنەی لەگەڵ دەگری هەر سۆسیالدیموکراتە هاورێ رەزا!

بەڵام تۆ زۆر باش دەتزانی کە بەشێکی زۆر کەمی قسەوباسەکانمان لە سەر بیروباوەڕی سۆسیالدیموکراتی بوو. لە ڕاستییدا زۆرینەی قسەکانی ئێمە لە سەر دادوەریی کۆمەڵایەتیی و مافی بەدەنەی تەشکیلات و شەفافیەتی حیزبیی و ساختاری دیموکراتیک و ڕەواندنەوەی مەرکەزیەتی بڕیاردان و شتی لەو جۆرە بوو. ئێمە هەمیشە لە خۆمان دەپرسی ئەرێ کاک رەزا لە کوێدا وێستاوە و چی دەوێت، چون بە راستیی حاڵیی نەدەبووین هەڵوێستی سیاسیی تۆ چییە، بە دەم سەد جار چەپ و سۆسیالیست لە زارت دەبارێت، بەڵام لە عەمەلدا نە هیچی لە سەر دەنووسیت، نە قەت قسەی لە سەر دەکەیت و نە لە کولتور و هەڵۆێستیشدا دەردەکەوێت و لە زۆربەی ئەو دانیشتنانەی باسی لەو جۆرەی تێدا بێت لە هەموو کەس زیاتر پاسیفتر و بێدەنگتریت.

ئێمە هەر پرسیارمان لە یەکتر دەکرد و دەمانگوت باشە مەگەر کاک رەزا هەمیشە لە پاشملە هەر دادوهاواری ماڵوێرانیی کۆمەڵەی نییە؟ و ناڵێت پارە و سەروسامانی دیار نییە و کەس نازانێت چی بە سەر دێت و هتد هتد؟ ئەی باشە بۆ لە عەمەلی یەکگرتندا بەو شێوە بەرخورد دەکات؟

ئێمە هەر ئەو کات تێگەیشتین کە هەر لە سەرەتای پرۆسەکەدا نیشانت‌دا کە لەگەڵ گەورەبوونەوەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان نیت، بەڵکو لە عالەمی حەپەرۆتی خۆتدا غەرقی کورسی سکرتێر بوویت و ئێمەت بە موزاحمی خۆتی دەزانیت. قەت رووی راستی خۆت بەجددیی و بە نووسراوە نیشان نەدا و نەداوە، لە جیاتی لە کۆمەڵەدا شەڕ لە سەر چەسپاندنی نووسینەوە و تۆمارکردن و دۆکۆمێنتکردن بکەیت، ئەوەی کە فێر بوویت و ئێمە دیبینین ئەوەیە کە شت بە دەستەوە نەدەیت.

هەر لەملاوئەولا ناراستەوخۆ دژایەتی پرۆسەکەت کرد و تەنانەت بۆ کۆنگرەیش کە پێکەوە پێڕەوی ناوخۆمان ئامادە کردبوو تۆ لە کاتی مەعەرەفکردنی باسەکەدا، لە ئەنقەست زۆر لاواز و بێ ناوەرۆک کردت، و لەو پەری بێدەرەتانیدا لەسەر سەکۆی هیئەت رەئیسەی کۆنگرە بە جێگەی ئەوەی کە بۆ بە تەسیوب گەیاندنی پێڕەوی ناخۆ دیفاعی قورس و قایم بکەیت، پێشنیاری گرتنی “رێفەراندۆم لە پاش کۆنگرەت” بۆ پێڕەوی ناوخۆ دەکرد! بەبێ ئەوەی باسێکی جددی لە دژایەتی پێرەوی ناخۆدا هاتبێتە ئاراوە! و یا تەنانەت پێشنیاری وەها لە لایەن بەشداربووانی کۆنگرەوە کرابێت! خۆ لە محفلە چەپ و سۆسیالیستەکەتدا تەنانەت تاقە کەسێکیش بە مۆخالیفەت قسەیەکی نەکرد!

تو لەپێش کۆنگرە بڕیارت دابوو کە ئەگەر تەنانەت یەک دەنگیش بەدەست بهێنیت حتما” بۆ سکرتێریی کۆمەڵە خۆت کاندید دەکەیت. دیارە ئەوە مافی تۆ و هەر هاوڕێیەکی دیکەی کۆمەڵەیە و خۆ قەرار نییە هەتا هەتایە هەر کەسێک سکرتێر بێت، بەڵام دەرکەوت ئەو هەموو کێشە و هەڵایەی پێش کۆنگرە لەسەر شەفافیەتی ماڵیی و دەسەڵاتی سکرتێر سازت کردبوو، و ئەرزوئاسمانت لەیەک دەدا، هیچ خەبەرێک نەبوو، دیارە تێگەیشتین تۆ بە تەما بووبیت کە ئێمە بێین و دەفتەری ئەو کێشانەی رابوردووتان کە هیچ پێوەندی بە ئێمەوە نەبوو، بکەینەوە و شەڕەکە بە ئێمە بکەیت؟ ئەوەی کە بە کاک بارام و هاورێیانی کردەت، و یان ئەوەی کە ئەمرۆ بە یارمەتی چەند هاورێیەکیتەری ناو ک.ن کە خەریکە چەندپات دەبێتەوە.

هەموو ئەو قسەوباسانەت کە هەمیشە دەکرد و مێشکی هاورێیانەت پێ‌هەژاندەبوو، گوایا ئیتر لەوە زیاتر قبوڵ ناکەیت، ناراست دەرچوو. خۆت یەکەم کەس بوویت کە لە پلونۆمی یەک و دوودا دەنگت بە کاک عومەر دایەوە.

ئەوەش هەروەکو کاتی هەڵخراندنی کاک بارام کە بە هاورێیان (ک. د.) و (ل. م) دەگوت بە شەرەف و کەرامەتم ئەگەر ئەم مەسەلەیە سەر نەگرێت، یەعنی چوونەوەتان بۆ لای کاک عەبدوڵا، “ئەوا من هەر خۆم بە تاک و تەنیا دەچمەوە بۆ لای”. کاک رەزا، تۆ بڕیارەت دابوو بچیەوە بۆ لای کاک عەبدوڵا! بۆ دەستی ئەو هاورێیانەت بڕی کاک رەزا؟

تۆ نەتدەزانی کە ئێمە ئەو کاتە زۆر باش لە گەمەی ناجۆر و ناسالمی تۆ حاڵیی بووبووین و خستومانیتە ناو تاقیکردنەوەوە. هەر بۆیە لە کۆنگرە و تەنانەت پلونۆمی یەکەمیش تا دووم هەر بێدەنگیمان هەڵبژارد و ئاگاهانە و هاورێیانە ویستمان هەڵچرخانێکی پۆزەتیف لە خۆتدا پێک بەهێنی و پێکەوە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان گەورە بکەینەوە/ بەپێ پرنسیپ بایکۆت و وەلانانی کەسمان پێدروست نەبووە بەڵام ئەمرۆ دیبینین کە نەخشەکانت لە پراتیکدا چون منداڵێکیش دەیخۆێنەتەوە.

و لە هەمانکاتیشدا دیتمان کە کاتێک پرۆژەکەت سەری نەگرت کە بتوانیت شەڕەکەت بە خەڵکی دیکە بکەیت، رق و کینەی خۆت لە پلێنۆمی یەکەمدا هەر پاش کۆنگرە بە کۆکردنەوەی ئەو مەحفەلەی کە ئەمرۆیش هەر کامیان بە ئاواتێکەوە لەگەڵت رێکەوتوون، بەرامبەر بە من و هاورێیانی تر هەڵڕەژاند، هەروەها لە پلێنۆمی دوویشدا نیشانت دا کە کار و هەڵسوران، بە حیزبیکردن و خەبات و توانا و تێگەیشتن… هتاد لای تۆ هیچ بایەخێکی نییە. تۆ کۆمەڵەیەکی بچکۆلەی بێهێزت دەوێت، چون ئەوە تەنها زامنێکە کە بتوانیت، خۆت گوتەنی، بیست ساڵ کۆمیتەی ناوەندیی بیت.

شەڕی هەموو پۆستە حیزبییەکان دەکەیت! دەتەوێت بەرپرسی زاگرۆس بیت/ بەرپرسی تەشکیلاتی دەرەوە بیت/ پێوەندیەکانی سلێمانی و هەوڵیر و دەرەوە لە ژێر دەستدا بێت و هەروەها پایشت چەقاندووە کە راگەیاندن و ئاسۆساتیش هەر لە ژێر دەستدا بێت! خۆ خۆت سەدبەرابەری ئەو سکرتێرە خراپ دەبیت کە هەر لەیەکم رۆژی دامەرزاندنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانەوە دژایەتیەی کردووە و دەکەیت!

باشە، وا بیر دەکەیتەوە، زۆر جوانە، بەڵام قەت لەخۆت پرسیوە چەندەت لە ئەوەی کە تا ئێستا بە ئەستۆت بووە بەرێوە بردووە؟ من هیچ قەزاوەتێک لەسەر کارەکانی پێش کۆنگرەی ١٣ ناکەم، چون کاری من نییە و هاورێیانی ئەو حیزبە واقیعەن دەبێت قسەی خۆیان کردبێت یان بیکەن. بەڵام پاش کۆنگرەی سێزدە بە حەقی خۆمی دەزانم کە لێت بپرسەم کە لە ماوەی دوو پلێنۆمدا ئەو بەرپرسایەتیانەی کە بە ئەستۆت گرتوون کامانەن و کامەت جێ بە جێ کردووە؟ ئەوە مافی هەموو ئەو کەسانەیە کە لە کۆنگرەدا دەنگیان پێداویت و کە پۆستی کۆمیتەی ناوەندییان پێبەخشیویت، هەر ئێستا بزانن.

پاش پلێنۆمی یەکەم ئەندامی کۆمیسیونی راگەیاندن بوویت، بەڵام بەرپرسایەتیەکەت بە “دۆستەکەی” ئەمرۆت بەخشی، و بەقسەی خۆت و لە یەکێک لە کۆبونەوەکانی کۆمیتەی ناوەندییدا کە باست کرد، بەرپرسایەتی ئاسۆسات ـت بە ئەستۆوە بووە. سەبارەت بە بەرنامەکانی ئاسۆسات خەڵکی دەتوانن قەزاوەت لە سەری بکەن، چوون ئەوەندی من ئاگادار بووم لە داخی سکرێتر هەموو حەول و تێکۆشانت داخستنی ئاسۆسات بووە تا بە قەولی خۆت کۆمیتەی ناوندی ک.ز.ک لە فەقیری بێتەدەرەوە، ماشین و ئیمکاناتی هەبێت! هەیئتی ئیجرایی نەبێت با دەفتەری سیاسی بێت با رووەو دەرەوە قورب و ئیحترام هەبێت!

من ئەو کاتە لە گەڵ نەبووم بەڵام هاورێیانی ئەو کاتە باسی دەکەن کە هۆی رۆیشتنی و دەرپەراندنی حیزبی دیموکرات لە ئاسۆسات و بڕینی یارمەتی مانگانەی ١٠٠٠٠ (دە هەزار) دۆلار لە لایەن ئەو حیزبەوە بۆ ئاسۆسات تۆ بوویت،. هەر پاش کۆنگرەیش هەر ئەو کارەت دەرحەق بە رەوتی سوسیالیستیی ئەنجام دا (کە دڵنییام ڕووبەڕووی خۆیان لە گوڵ کاڵتریان پێ ناێژیت) و بەلابردنی رێکلامەکەیان لەسەر ئاسۆسات قەراردادەکەت باتەڵ کردەوە و ئاکامەکەی ئەوە بوو کە بەرێزت بە ئیمزای خۆت بکەیت و ئەو کارەت بووە هۆی تووڕە بوونی ئەوان و مانگانە ٣٥٠٠ دۆلار لە یارمەتیەکەیان کەم کردەوە، و لە بری قەرز هەڵیدەگرن، کەچی لە کۆبونەوەی کۆمیتەی ناوەندییدا دیفاعت لە کارەکەت دەکرد، و بەڵام لە پشتی کۆمیتەی ناوەندییەوە لە بەرامبەر کاک عومەردا پاشەکشەت کرد و بە کاک عومەرت گوت “کاکە من تەسلیمی تۆم، چی دەڵێیت وا دەکەم”. تەنانەت کاک عومەر فەرمانی پێدایت کە خۆت بچیت و کارەکە دروست بکەیتەوە. کە هەر وەهایشت کرد.

دەزانم سەرقاڵی “کاری زاگرۆس” بوویت بەڵام نەمدەزانی کە ئەو ئەرکە کێ‌ پێیسپاردوویت؟ لە کاتێکدا سایتەکەی کۆمەڵە لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا بە ئێستایشەوە نەکاری کرد و نە وەکار کەوت، و تەنانەت بووین بە گاڵتەجاڕی هەموو لایەک/ بەرپرسی کۆمیسیونی ئەندامەتی بوویت و منیش ئەندامی ئەو کۆمیسیونە بووم تەنها لە سەرەتاوە یەک کۆبوونەوەی بێ رۆژەڤ و بێ پرۆتۆکول‌مان بوو، و پاش ئەوە من سێ‌جار بە نامە داوای کۆبوونەوەم سەبارەت بە کاروئەرکەکانی و فۆرمەکانی ئەندامەتی و… کۆمیسیونەکە لێت کرد، بەڵام تەنانەت وەڵامی هیج کام لە داواکاریەکانمت نەداوە. پاش ماوەیەک تێگەیشتم کە کۆبونەوە و قسەوباس لەسەر فۆرمی ناساندنی ئەندامانی حیزب کێشەیەکی قورسە بۆ کەسانێک کە ئەمرۆ هاورێی جەنابتن، چوون دەبوا ئەوانیش ئەو فۆرمەیان پڕکردبا و رابوردووی خۆیانیان تێدا بەنۆسی‌با.

ڕاستیەکەی ئەوەیە کە لەبەرئەوەی ئەمجارەیان پێکەوە لەم بەلەمە شکاوەداین، و ناتوانم ڕێگات بدەم لەوە زیاتر کونی تێ بکەیت کە تا ئێستا کردووەتە. تۆیەک کە لە پاشملە قسە دەکەیت و نارەزایەتی قورست لەسەر حیزب هەیە، بەڵام لە کۆبوونەوەکاندا دەنگت دەرنایە و ئەگەر کەسێکیش لەسەر ئەساسی چپەکانت قسەیەک بکات لە ئاخریەکەی و لە کۆتایییدا خۆت رزگار دەکەیت و لێی هەڵدێیت.

من لە قسە و رەخنەی جیددی و ئاشکرا لە تۆ یان لە هاورێیانی کۆمەڵە ز.ک ماندوو نابم، چون دەمەوێت کۆمەڵە لە ئیستای گەورەتر و تەندروستر بێت. داوا و گلەیی لە لای ئەم و ئەو و تەنانەت پەنابردن بۆ کاک بارام رەزایی و خەڵکانیتر ناتوانێت یارمەتی بە تۆ بکات کە بتوانیت ئەم محەفەلگرایییە نەخۆشە کوشندەیە بەم جۆرە ئیدامە بدەیت. هەمووان وردەوردە تێدەگەن کە قوربانییەکانی ئەم فیتنەگەراییەی تۆ چەند گوناهن. بە راستی پێموایە زۆرینەی ئەوانەی کە ئاگایان لە ناوەرۆکی باسەکانە، تۆ بە عاملی سەرەکیی شکاندنی ئەم تەشکیلاتە دەزانن!

من لە هەڵسوکەوتەکانی رۆژانی کۆنگرە، لە هەڵوێستەکانی پلێنۆمی یەکەم لە پاش کۆنگرە، لە بوونت لە کۆمیسیونی راگەیاندندا و وەرنەگرتنی بەرپرسایەتی کۆمیسیونەکە، لە هاودەنگیت لەگەڵ هێندێکدا کە تەنانەت بۆ خۆت باوەڕت پێیان نەبووە و بە دەیان جار لە لای من باسی بێ کەفایەتیت کردوون، زیاتر و باشتر تێ دەگەم کە مەبەستت چەند ناخاوێنە. ئەگەر دەتەوێت بۆت باس دەکەم.

پێم بڵێ، ئەگەر تۆ مەبەستت چاککردنی ئەم حیزبیە چۆنە کە لە پلێنومەکەدا نە لەسەر ئەساسی کارکردن و لیاقەتی و توانای تاکەکانی ناو کۆمیتەی ناوەندیی یەک دانە وشەشت نەگوت؟ چۆنە کە یەک وشەش سەبارەت بە ئەخلاقی شەخسی و کەسایەتی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی کە هەیانبێت نەگۆت؟ ئەی حیزبێک بە چی پێش دەکەوێ و سەردەکەوێ؟ تو دەبێت وەڵامی هەموو ئەو کەسانی بەدیتەوە ‌کە دەنگییان بۆ کۆمیتەی ناوەندیی پێ‌داویت، کە معیار و پێوانی تو بۆ کۆمیتەی ناوەندیی و بەرپرسایەتی ئۆرگانە حیزبیەکان چیە؟ بۆ نموونە لە پلونۆم‌دا هەڵبژاردنی هەێئەتی ئیجرایی لەسەر ئەساسی چە پێوانییەکە؟ کارکردن و کەسایەتی و توانایەکان، رابوردوویان و ئەمرۆیان چوونە، پێوانەکان چیە؟

تۆ کە عەقڵیەتی خەڵک و بەدەنەی تەشکیلات کە دەنگیان بە هەموومان داوە ئاوا بە دەستکەم دەگریت، وەڵامی ئەندامانی ئەم حیزبە چۆن دەدیتەوە؟ کاتێک دەپرسن کەسێک ١٢ ساڵە نیشتەجێی وڵاتێک بێت زمانی ئەوە وڵاتە فێر نەبووبێت/ گەواهینامەی شۆفێری پێنەگیرابێت/کاری رەسمی وەرنەگرتبێت/ کاری رەش بکات / پرۆگرام و پێڕەوی حیزبی بۆ نەخوێنرابێتەوە و تەنانەت لە پلێنومدا دەڵێت کە لە کۆنگرەدا کڵاو چووەتەسەری، کە لە کۆنگرەدا دەنگ بە پرۆگرامی حیزبەکە دەدات و دەنگ بە پێڕەوی ناوخۆ نادات و تەنانەت نازانێت کە لەوانەدا چی نووسراوە و یان موخالیفی چییە و موافەقی چییە/ کە لە نێوان دوو پلێنۆمدا وەکوو ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی وەدووی یەک کاری حیزبەکە نەکەوتبێت/ ئایا بوونی هەر لە کۆمیتەی ناوەندییدا لەژێر پرسیاردا نییە، کاک رەزا؟

تۆ بە چ ویژدانێکی حیزبیەوە دەنگی بۆ “هیئتی ئیجرایی” پێ دەدیت؟ تۆ چ جۆرە کۆمەڵەیەکت گەرەکە؟ ئەگەر سکرتێر بیت چی بە سەر ئەم حیزبەدا دەهێنیت؟ بێشک پێوانەکانیشێت بۆ سکرێتری حیزب هەر بەمجۆرەیە کاک رەزا! رێگایەک کە گرتووتەبەر کاری ژێربەژێرە و کۆدەتایە هەر بۆیە تا ئێستا سەرکەوتنت لەم‌‌بوارەدا بە خۆتەوە نەبینووە. هەروەها بەردەوام بیت سەرکەوتنت مسۆگرە!

تۆ بۆ خۆت لە ژێر پرسیارێکی قورسدایت. هاورێکەی پاڵدەستت، مامۆستای بارهێنان و پەروەردەی هاورێی هەیئتی ئیجرایی پاڵدەستە، هەموو دەزانن کە کەی و چۆن هاتووەتە ناو کۆمەڵە و تەنانەت بە درۆ لە کۆنگرەدا خۆی مەعەرەفی کرد، تۆ بە خاتری چی بێدەنگ دەبیت کاک رەزا؟ ئەڵبتە لەم رۆژانەدا تێگەیشتم کە تۆ نەک هەر دەبێت بێدەنیگ بیت بەڵکو لەسەر دانی پۆست و مۆقام بۆ ئەم ”دۆستەت“ هەموو سنوورێک دەبەزێنیت و گوتووتە کە ئەگەر ئەو بەرپرسایەتیە بۆ ئەو هاورێیەت مسۆگەر نەبێت لە کۆمەڵە دەرۆیت! پێم‌سەیرە کە بەخاتری پەلەوپایەی کەسێکی تر، پۆستی بیست‌ساڵەی کۆمیتەی ناوەندیی خۆتی بۆ قوربانی دەکەیت! براستی مرۆفێکی فێداکاریت! کور و کچی خەڵکی کوردستان مەگەر نۆکەر و کارەکەری من و تۆن؟ خوێنی ئەندامانی کۆمەڵە هی ماڵی باوکی کێیە کە ئاوا هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت کاک رەزا؟

بەڵێ، تۆ بە کردەوە نیشانت دا کە نامەکەی کاک حەمەی شافەعی دەقاودەق پاش حەوت ساڵ دروستە. هەر بۆیە ئەمرۆ بۆ وەلانانی کەسانی وەدەربەست و جددی ناو کۆمەڵە کە لە خۆت زیاتر دەزانن و کار دەکەن لە هیچ بێ پڕنسیپیەک سڵ ناکەیتەوە. تۆ کۆمەڵەیەکی وا بچووکت دەوێت هەتا عومری سەد ساڵە بتوانیت بە قوەتی تەفرەقە و بوختان و قسەی پاشملە درێژە بە کۆمیتەناوەندبوونی خۆت بدەیت. (بە داخەوە ئەمە بەشێکی ئەو کولتورە خراپەی کۆمەڵەیە کە لە خەڵکی باش دەترسێن و دژایەتی دەکەن. نەک بە کولتوری گەورەی کۆمەڵە لە خۆفیداکردن و خۆبەخشین و ڕاگرتنی کەژوهەوای هاوڕێیەتی).

تۆ دەزانیت عاملی شکاندن و وێرانکردنی کاک بارام رەزایی و هاورێیانی دیکە لە یەکەم رۆژەکانی کێشەکانەوە و هەر لە سەرەتاکانی ٢٠٠٦ کانەوە تۆ بوویت، تۆ بۆ بەکارهێنانی کاک بارام لەگەڵ هەموو زەعف و کەم و کوریەکانی سازایت و تەنانەت بۆت دەشاردەوە. نەک لەبەر هاوڕێیەتی و خۆشەویستیی، بەڵکو دەتکرد بە بەردەبازی سەرکەوتنی خۆت/ من چەندین جار کە خۆت باست دەکرد رەخنەی تووندم لێدەگرتیت و پێمدەگوتیت تۆ نابێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانت بەم جۆرە لەگەڵ کاک بارام هەڵسوکەوت بکەیت.

تۆ لە ئاخرین شەڕ و کێشەکاندا هاندەری یەکەمی کاک بارام بوویت کە بەو جۆرە لە ئوردوگا چووە دەرەوە، کێ هەیە ئەوە نەزانێت یان نەیبیستبێت کە تۆ تا ئاخرین کاتەکان کاک بارام ــت بەکار هێنا و ئێستایش کە ساڵێک بەسەریدا تێدەپەرێت هەر لە ژێرەوە کەڵکی بەرئاوەژووی لێوەردەگریت.

چەند مانگ پێش ئێستا لە نامەیەکدا بە وردیی ئەوەم بە عەرزت گەیاند چۆن کاک بارام هەموو نەخشە گڵاوەکەتی بۆ باس کردووم. لەگەڵ ئەوەشدا کە پاش ساڵێک بە سەرچوون لە رۆیشتنی کاک بارام لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، من و ئەو تەنها یەک جار پێوەندییەکی تەلەفونیمان بوو، کەچی تۆ ئەوەندە نیگەران بووبوویت کە لە رێگەی کاک سادق زەندیەوە سەفارشت کرد بوو کە کاک بارام لە گەڵ من قسە نەکات، “چون هێرش قسەکانت زەبت دەکات و بڵاوی دەکاتەوە”. من هەر ئەوکات وەلامی کاک بارامم داوە و پێمگۆت بە جەنابتان بەڵێت کە فایلی ئەو دەنگی کە من بڵاوەم کردوەتەوە بۆتی بنێرێت، بەڵام بۆ بارام دەرکەوتووە کە تۆ خەرێکی چ گەمەیەکی تری کاک رەزا. تۆ ترسابووی کە کاک بارام نەخشە دزێوەکانتی بۆ من باس کردبێت.

بەڕێز، ئێمە چەند ساڵە یەکتر دەناسین؟ نازانم ئەوە چ ویژدانێکە کە ئەوەندە بێ‌ بەزەییە بێت کە هاورێیەکی دێرینی خۆی لە پێناو مەبەستی شەخسی خۆیدا جار لە گەڵ جار بەم جۆرە بەکار بهێنێت یان ئاوا بەو شێوەیە باسی بکات و بەرخوردی لەگەڵ بکات؟ بە ڕاستی پێت وایە ئەوانەی هیچیان لە دەست نایەت، یان تازە هاورێیەک، چەند فریات دەکەوێت یان باوەڕت پێ دەکات؟            

“یەکگرتنەوە”

لە هەمووان روون و ئاشکرایە کە تۆ پاش ماوەیەکی کورت لە جیایەکانی ٢٠٠٧، پاش ئەوەی تێگەیشتی کە پەنجەی سکرێترکەتت (کاک عۆمەر) بۆ ناشێکێنرێت، یەکەم کەس بوویت کە دەستت بە لێدانی تەپڵی “یەکگرتنەوە” کرد. لەراستیدا بۆ یەکگرتنەوە نا، بەڵکو تەنها لە پێناو سات و سەودای بەرژەوەندیی شەخسیی ئەم ئاڵایەت بە دەستەوە گرت. دەنا هەموو دەزانین کە جیابوونەوە و دابڕان گەمەیەکی سیاسی بۆ کەیفخۆشیی ئەم و ئەو نییە، بۆ پەیداکردنی پول و پارە و مەقام و پلەی حیزبی نییە، بۆ خۆ حەشاردان نییە کە ئەمرۆ جیا بیتەوە و سبەی لێی پەشیمان بیتەوە.

ئەگەر بۆ کەسانێک وابووبێت و ئێستا پەشیمانن لەوەی کە کردوویانە و پێیانوایە هەڵە بووە، ئەوە پێویست بە چاوەڕووانی و تەنانەت پڕوپاگەندە بە قازانجی ئەم و ئەو لایەن ناکات، بەڵکو هەر ئەوەندەی بەسە کە بڕۆن و لێبووردننامەی خۆیان بگەیەننە دەست حیزبی پێشوو، کە ئەویش لە راستییدا داوانامەی لێبووردنە لە خودی کاک عبدوڵاە مهتدی کە من پێموایە قبوڵی دەکات.

بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە پلە و پایەی حیزبیی بۆ کەسێکی وەکوو تۆ لای کاک عبدواڵلە ئەزمونێک نییە کە “ئوستاد” هەر بەو هاسانییە لە شاگردی زۆر گوناهباری خۆی خۆش بێت. گوناهی تۆ دیفاعکردن لەم کۆمەڵە یان ئەویان نییە، بەڵکو شتی دیکەن کە کردووتن. چون تو پێش کاک بارام و هاورێیانی سوێندت خواردبوو کە ئەگەر هەر بە تەنها خۆشت بیت دەچیتەوە بۆ لای کاک عبدواڵلە مهتدی، بەڵام دیتمان نەک هەر راستی تێدا نەبوو بەڵکو هاورێیەتیت لە گەڵ کاک بارام و هاورێیانی بە درۆ دەرچوو. ئەوە ئەوان دەڵێن کە تۆ بڕیاری خۆت نەبردووەتە سەر!

کایەکردن بە حیزب و لەقکردنی لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا لە پێناو بەرژەوەندیەکانی خۆتدا شتێک نییە کە تۆ بتوانی خۆتی لێ‌بشاریتەوە. ئەم گەمەیە هەر وەکوو گەمەکانی تر تەنها ریاکاریی سیاسیە بۆ بەکارهێنانی بەدەنەی تەشکیلات دژی سکرێتر تا بتوانیت هەندێک بەرژەوەندی شەخسیی ببەیتەوە و ئەگەر بکرێت دەسەڵات لەگەڵ سکرێتر بەش بکەیت. بۆ نموونە کە ئێستایش خۆت بە ”جێگری سکرتێتر“ ڕادەگەیەنیت کە لە ڕاستیدا ئەسڵەن پلەی وا لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشاندا هەر نییە. لە پراتیکدا بینیوومانە کۆمەڵەی زەحمەتکێشان تا ئەمرۆ چەندە لەم ریاکاریە سیاسیەدا زەرەرمەند بووە.

من پێموایە ئێستا زۆر لە ئەندامان لە هەموو کۆمەڵەکاندا دژایەتیەکیان لە سەر یەکگرتنەوەی کۆمەڵەکان نییە، بەڵام ئەوان دەیانەوێت بە پێی ئەساسی فکریی و سیاسیی و ڕەووشتیی ئەنجام بدرێت و دەیانەوێت سەرئەنجامی کارێکی وا کۆمەڵەیەک بێت کە لە هەموو ڕوویەکەوە گەورەتر بێت، نەک دووبارە کەسێکی ناشایستە لە سەر پشتی ئەندامانی دڵسۆز بۆ سەرەوە هەڵبزنێت و مەقامێک بۆ خۆی وەدەست بهێنێت. ئەمە جیاوازیەکی زۆر گەورەیە لە نێوان تۆیەک و دڵسۆزانێکی ئەندام لە کۆمەڵەدا کە هەوڵیان بۆ یەکگرتنەوەی کۆمەڵەکانە. (ئەڵبتە بە فێکر و عەقڵی من مەبەست ک.ز.ک و کۆمەڵەی ش.ز.ک.ئێرانە. چوون ئەمر دەبینین کە لەباری فێکریەوە هەدوکیان رەفۆرمیستن، هەردوکیان تێدەکۆشێن لە کۆرسیەکانی پێشەوەی ئینترناسیۆناڵی سۆسیالیستەوە جێگر بن و… و تەنانەت زۆر لە ساختاری حیزبی یان پێڕەوی ناوخۆی حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران کۆپیەک لە پێڕەوی ناخۆی کۆمەڵەــ پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان، کە پەسەندکراوی کۆنگرەی چواردەیە/ کە بە خۆشیەوە من ئەوە بەسەرکەوتن دەزانم بۆ ئەوانی کە راشکاو سیاسەت دەکەن/ چون کۆمەڵە سازمانی حیزبی کۆمونیستی ئێران سیاسەت و خەتی راشکاوی سوسیالیستی و کۆمونیستی خۆی هەیە).

روونکردنەوەیەکی کورت

ئەم نامەو دەقانە بەشێکی بەرچاوی ئەو نوسراوانەن کە لەماوەی چواردە مانگ دا لە نیوان ئێمەو سکرتیری ،ک ، ز، ک ، و کۆمیتەی ناوەندیدا نوسراون و بێ ولام ماونەتەوە ئێستا جێگای خۆیەتی کە خەلکی لێ ئاگادار بێت .

ئێمە وەک سایتی پێشمەرگەکان، بەرپرس نین لە ناوەرۆکی ئەم نامانە و وەک خۆی بڵاویان دەکەینەوە، هیوادارین کۆمەڵەی زەحمەتکێشانیش ئەگەر وەڵامێکی هەیە بۆمان بنێرێ و ئەویش وەک خۆی دادەنێن.

 

سەرجەم 119 لاپەڕەکە بە PDF 





نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی