"an independent online kurdish website

 لە بەش یان بەشەکانی دیکە دا لە سەر حیزبی دیموکرات هێندێک خاڵمان هێنایە بەرباس و شیکردنەوە لێرەش دیسان بەردەوام دەبینەوە.fatih_aresh12

  لە ڕاستیدا دەبا باسی هەڵوێستی ساڵی ٢٠٠٦ و ئەو خاڵانە کە وەک ئامانجی (هێڵە گشتییەکان) جیابوونەوە هاتنەگۆڕێ کردبا بەڵام بە دوو هۆکاری تایبەتەوە بە سەر ئەو خاڵانەدا (هەڵوێستە) تێدەپەڕم چوونکە یەکەم پێم وایە ئەو خاڵانە تەنها بیانوویەک بوون بۆ جیابوونەوە، دووهەم ئەگەر شیکردنەوەکەی من کە درێژەی باسدا لە خوارەوە لە دێت بخوێنیتەوە ئەو دروشمانە دەکەونە قۆناخی جووڵانەوە بەپێچەوانەی ڕەوتی گەشەیە ڕامیاری، کولتوری سیاسیی و بارودۆخی حیزب و ئیمکانی جێبەجێکردنی نییە چوونە بڕواکان شتێکی دیکە دەڵێن و بۆ گەیشتن بەو قۆناخە پێویست بە بناخەیەکی ساختاری بە میتۆدی زۆر ڕامیارانەوە هەیە، بەکوردی ئەگەر بتهەوێت دیپلم وەرگریت دەبێت سێ قۆناخ لە قوتابخانەدا تێپەڕکەیت، یان قۆناخی سەرتایی کە شەش بەشە (ساڵ) قۆناخی ناوەندی کە سێ بەشە و قۆناخی کۆتایی (دەبیرستان) کە کۆی گشتیی دەبێتە سێ قۆناخ و ئەگەر بەباشی دەرسەکەت خوێندبێت بە ١٢ بەش دیپلومەکەت وەردەگریت.

لە ڕووانگەی خۆمەوە حیزبێکی سیاسیی”یش” دەبێت سێ قۆناخی تایبەت کە هەر قۆناخێک ستراتیژی و بناخەی کاری تایبەت بەخۆی هەیە تێپەڕ بکات و بگوێرەی بۆچوونی خۆم حیزبی دیموکرات ئێستاکەشی لە گەڵ بێت پۆلی یەکەمی سەرتایی بە پلەی (نمرە) ١٢دەوە وەرگرتووە یانی لە پۆلی یەکەمدا کەموکوڕی هەبوو و نمرەی ٢٠ی نەهێناوەتەوە و ئێستاکەش لە لاپەڕەی یەکەمی پۆلی دووهەمی سەرەتایی دایە، بەکورتی مرۆڤێک کە تازە ڕۆیشتبێتە پۆلی دووهەمی سەرەتایی کاتێک کە بڵێت ١+٢ دەبێتە چەند چاو لە قامکەکانی دەستی خۆی دەکات و تۆ ناتوانیت چاوەڕووان بیت کە هاوکێشت بۆ بکاتەوە (حەلکردن)، بەشێوەیەکی دیکە دیوار لە سەر بنچینە دادەنرێت و کاتێک بنچینەیەک نەبوو ناتوانیت دیوارەکە دانەیت، هەر بۆیە منیش لێرە لە باسەکەمدا ئەو هەڵوێستە وەک داشکاندنەوەیەکی ڕامیاریی تایبەت بۆ ئەو باڵەی حیزب حساب دەکەم و لەبەرچاوی ناگرم و تیشک دەخەمە سەر خاڵەکانی وەک ساختار، میتۆد، سترێس، بوون و ماف لە حیزبی دیموکراتدا بەتێکڕا.

درێژەی باس، لە کاری ڕامیاریی و کۆمەڵایەتیی دا دەبێت پێوەندی (بەلانس) لە نێوان ساختار، میتۆد و سترێس دا دابین بکەیت بەڵام ئەگەر وزەو بیرەکان تەرخان بکرێن بۆ باس و بابەتی بەپێچەوانەی ئایدیا و تێپەڕ بوونی ناتەبایی لە قۆناغی ئاسایی خۆی ماندوویی دروست دەبێت، یان ئەتلە توانا لە بواری چارەسەری کێشە لە لاپەرەی ٩ی کتێبی دەبێت و نابێتەکان لە کاردا” دەنووسێت کە ناتەبایی ساختار، ڕێزمان، چۆنیەتی و شێوازی تایبەت بە خۆی هەیە کە دەبێت ڕچاوکرێت(بیزانیت) و دەڵێت کێشەی بێ چارەسەری لە هێندێک بواردا دەبێتە هۆکاری دەستتێوەردانی لایەنی دەرەکی و دەسەڵاتدار، هەروەها هۆکارەکانی وەک ماندوو بوون، بێزاری، کورتی تەمەن، دوورەپەەرێزی خەڵک و هتدی لێ دەکەوێتەوە

کێشەی حیزبی دیموکرات باری ئاسایی خۆی لە مێژە لە دەستداوە و بووە بەشێوەیەک ئاستەنگ و هۆکارێک تا نەتوانن کاری ساختاری بکەن، لێرەدا بەسەر چۆنیەتی کێشەی نێوخۆیەکانی حیزبدا تێدەپەڕم و سرنجی خۆم دەدەمە ئاسەوارە نەرێنییەکانی ئەو ناتەباییانە کە یەکێکیان ماندوویی و دەڵێم مرۆڤی ماندوو فشاری لە سەرە و ناتوانێ بەشێوەی خۆی کاری باشتر و ساختاری تر بکات و کاتێک کاریگەری ڕوو لە نزم بوونەوەیە ساختار لە دەست دەچێت و بەشێوەی سرووشتیی زەخت دروست دەبێت، لە حیزبی دیموکراتدا لە ‌هێندێک بواردا بەپێچەوانە کەڵک لە میتۆد وەرگیراوە و جێگای ئایدیایان بە بەرژەوەندی پڕکردووەتەوە کە هۆکارەکانی لاواز بوونی ساختاری لێکەوتووتەوە، هەر بۆیە منیش لێرە بەو شێوەیە بیردەکەمەوە کە ئەو حیزبە لە گەڵ بێ بەرنامەیی ڕووبەڕوویە و ئیمکانی هەیە ئەگەر کۆماری ئیسلامی بتوانێت لە شێوەی هاوبەری کورد دا ئاڵوگۆڕ دروست بکات بەشێوەی ئۆتۆماتیک ئاڵوگۆڕ لە ساختار و نیزامبەندی کار لە باشووردا دروست دەبێت و ئاکامەکەی دەبێتە سەرهەڵدانی سترێس یان دەستەپاچەیی بۆ حیزبی دیموکرات و هتد… هەروەک یان ئەتلە نووسیویەتی ئیمکانی هەیە کە ئەو نەخۆشییە هۆکاری دیکە وەک بەستراوەیی جۆراوجۆری لێکەوتبێتەوە.

 

هەروەک لە سەرەوە باسمکردووە چوونکە سەرچاوەی کێشەکە ئەندامانی ڕێبەرایەتیی (کۆمیتەی ناوەندی) حیزب بوون بەرهەمی نەرێنی زۆرن کە یەکێکی دیکەیان پاڵپێوەنانە کە بە کرداری تاکێکی شۆڕشگێڕ پێناسە ناکرێت و مێژووی سەر هەڵدانەکەی ئەم ناتەبایەش دیسان دەگەڕێتەوە بۆ ڕابردوو کە وەک وایروسێک لە لاواز کردنی ساختاری حیزبدا کارتێکردنی تایبەتی خۆی هەبووە، لە ڕاستیدا هێندێک کرداری ڕابردوو ئاسەواری نەرێنی لە سەر خوارەوە داناوە و ئەندامانی بەدەنەش لە هێندێک بواردا هەوڵ دەدەن تا پاڵ بە خەباتکارێکی هەواڵی خۆیانەوە بنەن، وتەیەکی باوی کوردی هەیە کە دەڵێن گەورە ئاو دەڕژێنێت و بچووک پێی لێ دەخزێت یان زانایان دەڵێن ژیان شێوە ڕەنگ دانەوەیەکە (تیشکدانەوە) و هەرچی بەڕێکەیت هەر ئەوەت بۆ دەگەڕێتەوە یان هەرچیت چاند هەر ئەوە درەو دەکەیت. ناکرێت چاوەڕووان بین کە بارودۆخی جێگای باس بێجگە لە لاواز کردنی ئەو حیزبە کە ئەرکی ڕابەری بەشێکی گرنگی جوڵانەوەی نەتەوایەتی لەو بەشی کوردستاندا لە ئەستۆیە شتێکی دیکەی لێ بکەوێتەوە…

 

جیهانی مەوجود بەگوێرە بەرژەوەندی، میتۆدیکاری، ساختار، هەڵسوڕانی ڕامیاریی، کۆمەڵایەتیی و ئابووری بەشێوەی زانستییانە و بە پێچەوانەکەی هەڵدەسوڕێت و ئەگەر بوونت هەبێت بەشێوەیەک دەکەویتە نێو ڕووداوەکانەوە، سەردەمێک جوڵانەوەی فەتح بە رێبەرایەتیی یاسر عەرەفات بە تیرۆریست ناودێری کرا، سەردەمێک بە گەرمی تەبلیغی تیرۆریست بوونیان بۆ پەکەکە (پارتی کرێکارانی کوردستان) دەکرد… بەڵام کاتێک کە فەتح لاواز یان کەوتە بەرژەوەندیەوە و حیزبوڵا بەهێزبوو یان کەوتە دەرەوەی بازنەی بەرژەوەندییەوە شتەکە گۆڕا و یەکسەرە فەتح باش بوو چوونکە ئاستی هاوبەرییەکەیی هاتەخوارەوە و حیزبوڵا بوو بە هاوبەر و… ئێران لە ئاست جیهانییەوە وەک لایەنگری تیرۆریست تەریک خراوەتەوە و داعش دروستکرا یان سەریهەڵدا کە کردەوەکانی ئێرانیان پێ شاردەوە یان شاردییەوە و بەکورتی بەناوبانگ کردن و سڕینەوە یان بەدناو کردن و خۆشناو کردن لەم سەردەمەدا کارێکی زۆری پێویست نییە و ئیمکانی بوونی کاترین ئەشتون (ئوروپا) بە دەستە خوشکی محمدجەواد زەریف (ئێران) و ناردنی داوخوازینامە لە لایەن ئوباماوە بۆ بوون بە ئومەت (قبووڵکردنی خامنەای وەک ئیمام) هەیە و…

 

حیزبێک کە سەردەمێک هاوبەر و لە باسەکاندا لە ناوچەکەدا کاریگەری خۆی هەبوو ئێستاکە ڕۆڵی سێبەری پێداکردووە و لە هاوبەرییەکاندا جێگای دروستی خۆی لە دەستداوە و دەبێت بترسین کە نەکاو کۆماری ئیسلامی ئێران (قاسم سلێمانی) پرۆژەی سڕینەوەی مێژووی لە کوردستاندا دەستەبەر بکات.

لە معادلاتی (هاوکێش) هەندەسی (ئەندازەناسی) دا هەر شتێک کە بەشێک لە بۆشایی بگرێت شتە (جسم) و دەتوانیت بەکاربێت بەڵام حیزبێک کە سەردەمێک لە سەرەوەی هاوبەرییەوە بووە بە دانانی ویستی بەرژەوەندی و کورسی لە جێگای ئایدیا ئاڵوگۆڕیان لە میتۆدیکاردا پێکهێناوە و سترێسیان بۆ دروستکردووە کە وێرای بوونی بەڵام بەداخەوە ڕەنگ و بۆنی ڕاستەقینەی خۆی لە هاوبەریدا بەو شێوەیە کە دەبوو بوایە لە دەستداوە و…

 

ئەندامانی ڕابەرایەتی (کۆمیتەی ناوەندی) حیزبی دیموکرات دەسەڵاتیان بەسەر کوردستانەوە نییە و لە کۆیەدا دەژین و کۆیەش هێشتاکە بەخاکی عێراق پێناسە دەکرێت بەڵام شەڕی دەسەڵات دەکەن، لێرەدا ئەوە جێگای پرسیارە داخۆ ئێوە کە لە تاراوگەدا دەژین و چواردەورتان بە مەترسی تەناوەتەوە ئەو شەڕە دەسەڵاتە چ مانا و نێوەڕۆکێکی هەیە؟ چ دابەش دەکەن؟ لە ڕاستیدا شەڕ لە سەر دابەشکردنی بەدەنەیە چوونکە ئەوان ئەمڕۆکە تەنها بەدەنەیان هەیە کە دابەشی بکەن! لەم دابەشکردن یان بیرۆکەی دابەشکردنەدا بەداخەوە خاڵێکی نەرێنی دیکە پێش چاو دەکەوێت کە ئەویش لە لاوازکردنی حیزبدا کارتێکردنی خۆی هەبووە و بەو ئامانجە دەگەین کە ڕێبەرایەتیی وەک سەرمایەیەکی نەتەوەیی و تەشکیلاتی (حیزب) چاو لە بەدەنە ناکات و لە هێندێک بواردا بیرکردنەوەکەیان یان ململانێکان هەستی ئامرازی بەرژەوەندی بەڕێوەبەرایەتی دەدەنە بەدەنە و مافی ڕامیاریی ئەوان دەبەنە ژێر پرسیارەوە و…! بێشک کاتێک بەدەنە دابەشکرا وزە و تواناکان دابەش دەبن و ئاکامەکەی لاوازی یان بە سێبەرکردنی حیزبی خۆشەویستی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لێ دەکەوێتەوە.

حیزب هەروەک ڕابردوو لە مەیدانی خەباتدایە و زۆر مرۆڤی شۆڕشگێڕ و بە ئیمان پێکهێنەری ئەو حیزبەن بەڵام هەڵسوکەوتەکان ئاڵوگۆڕی بەرینی بەسەردا هاتووە و بووە بە جێگای پرسیار.

 

لە ڕاستیدا کاتێک کە باسی یەکگرتنەوە بەهێز دەبێت هێندێک لە ئەندامانی ڕێبەرایەتیی لە هەردووک باڵەکەی دیموکرات یان هێندێک لە ئەندامانی بەستراوە بە ڕێبەرایەتییەوە یان کەسانێک کە ئەوانیش بە شێوەیەک بەرژەوەندییان لەو پرش و بڵاویی و دابڕاندایە بەگورجی باسێکی دیکە دەخەنە نێو بەدەنەوە و بەدەنە بەو باسەوە سەرگەرم دەکەن بۆ نموونە، ڕێبەرایەتیی شۆڕشگێڕ. مێژووی حیزب ڕازاوەتەوە بە ڕووداوی ڕەنگاوڕوەنگەوە کە هێندێک لەو ڕووداوانە لە ئاکامی بیرکردنەوەی ئەندامانی ئەو حیزبەدا سەریان هەڵداوە، ڕێبەرایەتیی شۆڕشگێڕ”ش” ڕووداوێک بووە کە لە ئاکامی کۆنگرەی ٨ دا ڕوویداوە یانی شتێک لەو گۆنگرەدا هۆکار بووە کە ناتەبایی سەرهەڵدات و ئاکامەکەی ئەو سەرهەڵدانە بووە بە شتێک بە ناوی ڕێبەرایەتیی شۆڕشگێڕ کە لە بەردەوامی خەباتدا ئەو ڕووداوە کە ناوی ڕ ش بووە بەگۆێرەی لۆژیکی ئەو سەردەمە چارەسەرکراوە و ناوی ڕ ش بە مێژووی خەباتی نەتەوەکەمان سپێردراوە، بەڵام ئەو تاکانە کە فاکتەری دروستبوونی ئەو ناوە بوون ماون و وێرای دەستەبەر کردنی شێوە ناتەباییەک و هێنانە خوارەوەی ئاستی هاوبەری هەموو ڕووداوێکی ڕامیاریی و هەڵسوکەوتێک کە لە بەرژەوەندی کۆمەڵ و کۆمەڵگا دەرنەچێت هۆکاری بەرزبوونەوەی ئاستی ڕامیارییە. ڕ ش”ش” مێژووی کارتێکردنی خۆی هەبووە وێرای تاواندنەوەی لە بەرژەوەندی گشتیی گەل و حیزبدا ناکرێت هەستیاریی تاکەکان لە بەرچاو نەگریت، بە کورتی ئەو کەسانە کە پێکهێنەر بوون هەڵسوڕ و خەباتکاری ئەمڕۆن و نادادپەروەری ڕامیاریی لە گەڵ کەسێک کە هاوفکرتە ناتەبایی زیاتر دروستدەکات و لە بەرژەوەندی گەل و حیزبدا نییە و واتاکەی دەکەوێتە خانەیی خەبات لە پێناو ژیانەوەی ناتەبایی بە مەبەستی بەرژەوەندی و دەسەڵاتی تاک و کەم ڕەنگ کردنی باری کارتێکردنی تەشکیلاتی.

دەتهەوێت ڕووداو ڕووندات دەبێت هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ڕووداو لە نێو بەریت و من پێم وایە ئامانج لە ژیانەوەی باس یان کێشە نێوخۆیی و کۆنەکانی حیزب هۆکارێکن بۆ دژایەتی لە گەڵ بەرز کردنەوەی ئاستی هاوبەری حیزب کە بەداخەوە کە هێندێک لە ئەندامی دڵسۆزی ئەو حیزبە لەم پێوەندییەدا ئاگاهانە یان خۆ ناگاهانە دەبینە ئامرازی پاڕاستنی بەرژەوەندی و هەرچی زیاتر لاواز کردنی حیزب، بەکورتی بەو شێوە کە زانایانی بواری چارەسەری کێشە پێشنیار دەکەن واباشە کە لە کاتی چارەسەری ناتەبایی دا باسی ناتەباییەکی چارەسەرکراوی کۆن نەهێنیتە گۆڕێ، شتێک کە کارا نییە چ پێویست بە باسکردن دەکات و…

ویست و ئامانجی نەیاری گەل و حیزب لاواز بوون و نەمانی حیزبە و ئێمەش بێ ئەوەی خۆمان بزانین هەرکەس بەشێوەیەک ئەوان لە گەیشتن بەو ئامانج هاوکاری دەکەین و خۆشمان بە ڕامیاریکار پێناسە دەکەین یانی لە جێگای ئەوەی کە بە پێچەوانەی پرۆژە و پلانەکانی نەیار بجوڵێنەوە بەشێوەی ناڕاستەوخۆ لە گەڵی دەکەوین و…

ئەگەر بتوانین بڕواکان بگۆڕین ڕێگای زۆر هەن بۆ گۆڕانکاری ئەرێنی بەڵام من هەر ئەوەندی لێدەزانم کە وێرای ئەوەی کە نابێت ئەوە لە بیر بکەین کە بەشی زۆری ئەندامانی ڕێبەرایەتیی حیزب هێمای شۆڕشگێڕی و سنبوولی ئەخلاقی ڕێبەرین بەڵام هەروەک لە سەرەوە باسمکردووە ناتەباییەکان لە کاتی خۆیدا لە ڕێبەرایەتیی هەر دووک لایەنی حیزبدا سەری هەڵداوە و بۆ ئەوەی کە ئاکامە نەرێنییەکانی ئەو سەرهەڵدانە پوچەڵکرێتەوە دەبێت ئەو کەسانە کە لە ڕێبەرایەتیی دان ئاڵوگۆڕ لە شێوەی تێڕامانی خۆیان لە سەر حیزب و بەدەنە پێکبێنن تا بتوانن هۆکارەکانی پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی ئەرێنی و سەردەمیانە بن بۆ بردنە سەری ئاستی هاوبەری حیزب، بەڵام بەداخەوە لە ڕووانگەی منەوە لەوە دەچێت کە ئەم بەشەیان لە بەرانبەر ئایدیایی بەرژەوەندی دا هەرەسی هێنابێت، ڕێگای دووهەم کە دەتوانێت هۆکارێک بێت بۆ هەلوەسانەوە و پێداچوونەوە بنیات نانی شێوە دیاڵۆگێکی بەپەلەیە لە نێوان هەر دووک بەدەنەدا بە مەبەستی پێداچوونەوە و هەڵسنەگاندنی جیابوونەوەکە، کاتێک بەدەنە توانی لە سەر هۆکارەکانی جیابوونەوە شێوە یەکدەنگییەکی پێداکرد ئەوکاتەیە کە ڕێبەرایەتیی بیر لە بەخۆدا چوونەوە دەکات، بەکورتی کاتێک کە بەدەنە خۆی ناسی ئەو کاتەیە کە ڕێبەرایەتیی بیر دەکاتەوە و بەشێوەیەک کۆسپێک بۆ جیابوونەوەی دیکە لە داهاتوویی حیزبدا بناخە دەنات. هەروەها ئەگەر بەدەنە لە سەر ئەوە ڕێکەوتن کە شەڕ لە سەر کورسی و دەسەڵاتە دەبێت ئەوەشمان قەبووڵ بێت کە دەسەڵاتی ڕێبەرایەتیی حیزب لەم سەردەمەدا ئەندامانی حیزبن کە وابوو شەڕکە لە سەر ئێمەیە و ئێمەش برا و هاوخەباتی یەکین و بەرژەوەندی و گیانی خۆمان فیدای نەتەوەکەمان دەکەین نابینە کەرەستەی بەرژەوەندی تاک و گرووپ!

من کە ئەم بابەتە دەنووسم هیچ کێشەیەکم لە گەڵ ئەندامانی ڕابەرایەتیی حیزب نییە بەڵکو زۆر ڕێز لە خەبات و ماندوو بوونی ئەوان دەگرم و بە چاوی ڕێزەوە چاویان لێدەکەم و نابێت ئەم باسە پێوەندی بدەن بە دژایەتی لە گەڵ سەرکردایەتی(ڕێبەرایەتیی) حیزب، بەڵام ئێمەش هەست و مافمان هەیە و کەسێک کە لە هەستمان بۆ ویستی تایبەتی خۆی کەڵک وەرگرێت ئەگەر بتوانین هەوڵ دەدەین تا ڕێگای ڕاستی خۆی پێداکاتەوە، بەکورتی باشتر وایە بەمەبەستی ڕزگارکردنی نەتەوەکەی لە ڕابەرایەتی دا بێت و بەدەنەی یان ئەندامانی ئەو حیزبە وەک سەرمایی گەل و حیزب پێناسە بکات و وزە و توانی ئەوان لە پێناو ئامانجەکانی نەتەوەکەیاندا بەکار بێنن و ئەوەش قبووڵکەن کە بەرهەمی بەرژەوەندی بەو شێوەیە زۆر کورتخایەنە و گەلی کورد لەو پارچەیی کوردستاندا لە ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتدا زیاتر لە پەنج هەزار شەهیدی فیدای بەرژەوەندی گەل و نیشتمان کردووە نە تاک و گرووپ و…

 

وێرای خاڵ و بابەتی دیکە لە ڕووانگەی منەوە کاریگەرترین هەنگاو تەنها شٶڕشگێڕانی بەدەنەی ئەو باڵانەی حیزبە کە دەتوانن بە یەکگرتوویی خۆیان هەڵیگرن و بە لە قاودانی بەرژەوەندی تاکەکەسی و گەڕانەوەی هەستی هاوخەباتی بۆ نێو ڕیزەکانی حیزب و ڕووخاندنی دیواری بێ هیوایی دژبەر بۆ پلانی داگیرکار دروست بکەن و ئەو حیزبە لە قەیرانی زیاتر نجات دەن و لەرزە بخەنە نێو دڵی دژمنانەوە و هەست و هیوا بدەن بە گەلی کورد لەو پارچەیی کوردستاندا.

لە کۆتایی دا دەمهەوێت ئەوە بڵێم کە مەبەستی سەرەکی لەم باسەدا میتۆدی کارە کە هۆکاری بنچینەیی لاواز بوونی ساختار بووە، هەروەها ئەگەر حیزب بتوانێت ئاڵوگۆڕی ئەرێنی لە میتۆد دا دەستەبەر بکات بردنە سەری ئاستی ساختاری بۆ حیزبێکی وەک حیزبی دیموکرات کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا خاوەنی ژێرخانێکی ڕامیاریی و کۆمەڵایەتیی بەهێزە ئەوندە ئەستەم نییە، ئەوەش نابێت لە بیرکەین کە بناخەی شیکردنەوەکەم لە سەر حیزب بەگوێرەی ئەو خاڵانەیە کە بۆخۆم لە دورەوە دەیبینم یان بیری لێدەکەمەوە و ئیمکانی کاری تاکتیکی بەگوێرەی دەرفەت لە حیزبێکی سیاسیدا زۆر زۆرە و نابێت لە بیری بکەین، هەروەها بە چاوپێکەوتنی تیرۆریستان و بکوژانی دوکتور قاسملوو بە زرێپۆش کاتیوشا و تۆپەوە لە مێدیاکانی کوردستانی جێگای هیواو ئومێدەوە بۆ منی زامدار هەست بزوێن بووە و ئیمکانی زۆرە کە ئەو بینان و هەڵپەڕکێیی نەیارانی کورد لە کوردستاندا هۆکارێک بووبێت تا زیادەڕەویم لە باسەکەمدا لە سەر حیزب کردبێت.

سەرکەوێت خەباتی ئازادیخوازی گەڵانی بندەست، سەرکەوێت خەباتی گەلی کورد لە پێناو دابین کردنی مافی نەتەوایەتیی خۆیدا.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی