مەبەستی من لەم باسەدا شیکردنەوەیەکی کورتە لە سەر بەرخۆدان و وردە شیشە و وام بەباش زانی کە کۆبانی وەک نموونەیەک لە بەرخۆدان بێنمەوە.
لە کۆبانییەوە دەست پێدەکەم هەروەک هەمووان دەزانن کۆبانی شارێکە لە ڕۆژئاوای کوردستان و ماوەیەکی زۆرە کە داعش و لایەنگرانی یان نەیارانی کورد بە هەموو توانەوە هەوڵدەدەن تا ئەو شارە بخەنە نێو بازنەی دەسەڵاتی کاتی داعشەوە بەڵام خەڵکی بەشەرەف و ماف ناسی ئەو شارە بە بێ ئیمکانی و بەسگی برسییەوە بەربەرەکانێ دەکەن و بە دەیان و بگرە سەدان کەسیان شەهید بووبێت و ژیان، مانوو و بوونی خۆیان لە پێناوی سەربەستی و مافی نەتەوایەتی دا قوربانی کردووە، ئەو بەرخۆدان و فیداکارییە وێرای ئەوەی کە تێگەیشتوویی ئەو خەباتکارانە پیشاندەدات ئەوەش ڕوون دەکاتەوە کە ئەو تێکۆشەرانە وێرای بەرخۆدان و خۆ بەخت کردن لە پێناو دژایەتی لە گەڵ داگیرکەریکی لایەنگری شەڕ و هۆکاری دابڕانی مرۆڤەکان لە پێوەندییە نێونەتەوەییەکان بەشیوەیەکیش فاکتەرێکی دروستکردنی مێژووی دواڕۆژن، یانی فاکتەری دانانی بناخەی کۆمەڵگایەکی داپەروەر و ئازادن بۆ نەوەی داهاتوو.
ئەمرۆکە لە جیهانی مەوجوددا بەتایبەتی لە وڵاتانی دواکەوتوو نیوەدواکەوتوودا کە کوردستانیش بەشێکە لەو وڵاتانەیە دوو شێوە بۆچوون هەیە کە هەر دووکیان باس لە دواڕۆژ دەکات، ئایدیایەک (بیرۆکە) کە باس لە دواڕۆژێکی کورت کاتی دەکات کە قازانجی زۆری هەیە بۆ دەسەڵاتدار و ئەو کەسانە کە وەها بیردەکەنەوە لەگەڵ بنەماڵەکانیان بەڵام زۆر زیان دەگەیەنێت بەداهاتوو و هەوڵی کەسانی دیکە بۆ دەستەبەرکردنی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو لە بەرژەوەندی هەموواندا.
من هەوڵ دەدەم تا لە سەر ئەو دوو شێوە بیرکردنەوە و ئاکامەکانی بەگوێرەی توانی خۆم شیکردنەوەیەکی ساکارانەم هەبێت. ئەوەش لە بیرنەکەین کە شەڕ شتێکی زۆر خراب و هۆکاری دواخستنی کۆمەڵگایە و بەرخۆدانیش تەنها شەڕ نییە و شێوەی جۆراوجۆری هەیە، دوو شێوە شەڕ یان بەرخۆدان هەیە، یەکێکیان ناهەق و ئەوی دیکەیان هەقە، بەرخۆدانی کۆبانی شەڕێکی زۆر هەق و دەبێت لە بەرژەوەندی خەڵک و داهاتوودا ئەو شەڕە بکرێت، لە ئایدیایی بەرخۆدانی بەهەقی وەک کۆبانی شەڕ شەڕی بۆپێشەوە چوون و بەرەودواوە گەڕانەوەیە، یانی یەکێک دەڵێت ئایینەکەم وەک شتێکی تایبەت بەخۆمە و دەمهەوێت وێرای هەبوونی ئایین کۆمەڵگایەکم هەبێت کە لەودا هەموو کەسێک بە ئاییەنەوە و بێ ئایینیش بتوانێت بە شێوەیەکی سەربەست و سەردەمیانە بژیت، ئەوی دیکە دەڵێت دەبێت ئایین بڕیاردەر بێت و پێشکەوتنی کۆمەڵگا و پێوەندییە نێونەتەوییەکان لە بەرژەوەندی ئاییندا نییە و کۆمەڵگایەکم دەوێت کە ئایینێک زاڵ بێت بە سەر ئایین و بۆچوونی خەڵک و هتددا…، ئاکامی ئەم دوو شێوە بیرکردنەوەیە کە پێکدادان دروست دەبێت و ناوەندی پێکدادانەکە باس لە چارەنووسی و دواڕۆژی خەڵک و کۆمەلگا دەکات. جا من لێرەدا باسی لە داعش کە دەبێت وەک داگیرکاریش پێناسە بکرێت ناکەم چوونکە ئامانجی من بەرخۆدان و وردە شیشەیە و باسکردن لە چۆنیەتی بیرکردنەوەی داعش دێڵمەوە بۆ خوێنەر و دەگەرێمەوە سەر عەقڵیەتی بەرخۆدانی بەهەق.
ئەگەر لە ڕوانگەی منەوە باسی بەرخۆدان لە کوردستاندا بکەین ئایدیایی بەرخۆدان بۆ پێشکەوتن و دابین کردنی مافی نەتەوەیی و مرۆڤییە بەشێوەی سەردەمیانە یانی ئامانج بنیات نانی کۆمەڵگایەکی دادپەروەرە بۆ هەمووکەس کە لە بەردەوامی ڕەووتی گەشەیی مێژوودا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەبێت گەشە بکات تا بتوانێت وەڵامی پێداویستییەکانی سەردەم و گەشەی بیری مرۆڤەکان بداتەوە، بەکورتی لەو بەرخۆدانەیی کە لە مێشکی و بۆچوونی مندایە مافە نەرێنییەکانی (مەنفی) مرۆڤ وەک مافێکی سرووشتی تاک ڕێزی خۆی هەیە و دەبێت هەوڵ بدرێت کە مافە ئەرێنییەکان (موسبت) بەگوێرە ڕەووتی گەشەیی مێژوو زیاد و زیاتر بکرێت تا بتوانێت وەڵامی گەشەو پێداویستی کۆمەڵ و کۆمەڵگا بداتەوە.
ئایدیا و بۆچوونی جۆراجۆر لە سەر کۆمەلگایەکی باش هەیە، هێندێک بۆچوونی دەڵێت کۆمەڵگایەکی باش ئەوەیە کە، ڕادەی بێکاری زۆر لە خوار بێت، چاودێری نەخۆشی (تیمارکاری) لەو پەری خۆیدابێت، ژێرخانی وڵات لە سەر ئاستێکی بەرزی پەروەردە و فێرکردن بۆ هەمووان دانرێت، بەشداری هەراوی کۆمەڵانی خەڵک لە ئاست چارەنووسی خۆیان لە کۆمەڵگا لە پێناو ئازادی تاکەکەسی دا، هەروەها زۆر لە خواربوونی تاوانکاری لە کۆمەڵگادا و هتد….
کورتەی هێندێک خاڵی دیکە لە هێندێک بۆچوون دا دەبێت بە، ئابوورییەکی زۆر باشی لیبراڵیزمی، خۆ ویستیی نەتەوەیی، سامان دانی نەتەوەیی (چاکسازی نەتەوەیی)، بڕیاردان بەگوێرەی لۆژیک و بیرۆکەی باش، مافی ئافرەتان، کۆمەڵگایەکی فرە کولتوری، سیاسەتیکی چەپی، بناخەی بڕیارەکان لە سەر واقعیەتی هەستیاریی و گۆڕینەوەی بیروڕایە و هتد…
زۆر بیرۆکە دەڵێت بناخەی کۆمەڵگایەکی (وڵات) باش لە سەر خۆشەویستی، هاوڕایی، وەفاداریی و هاوکارییەکی بەهێز دروست دەبێت بەڵام کۆمەڵگایەکی خراب یان بەپێچەوانە باش ئەوەیە کە لە سەر ئاستی مەیلی نەخۆشی دەروونی هێندێک خەڵک و قابلیەتی ئەوان، یان لە سەر سەرەوویی، خۆ بەزلزانی و هەستی بەدخوازی (دژی مرۆڤی) ئەوان دروست دەبێت!
بۆ ئەوەی زیاتر لە نێوەڕۆکی بیروبۆچوونەکان بگەیت پێشنیار دەکەم کە بابەتێکی دیکەی من بە ناوی دیموکراسی کە لە هەمان ماڵپەڕەدا (پێشمەرگەکان) هەیە بیخوێنتەوە.
هەموو ئایدیاکان لە کۆتایی دا لە سەر یەک شت ڕێکدەکەون ئەوەش ئەوەیە کە وێرای ڕەفا و ئاسایش بوونی سەرپەنایەک لە گەڵ ئاوی خواردنەوەی خاوێن و زکی پڕ لە خورادن وەک مافێکی نەرێنی بۆ هەمووان زۆر بەگرنگە دەزانن بەڵام لە هەموو شتێک گرنگتر رەفاهی دەروونیی و سرنج و خۆشەویستی مرۆڤەکانە بۆ یەکتر کە زۆر بە پێویست و جێگای سرنج چاوی لێدەکەن!
جارکیان لە هاوکارێکی خۆمم پرسی بۆ خۆشحاڵی کە لە ئوروپادا دەژیت وەڵامی دایەوە و وتی لە ڕاستیدا ئێمە لە وڵاتێکدا دەژین کە بناخەکەی لە سەر بناخەی زۆر لە بەها لۆژیکییەکان و باوەڕ دانراوە و خەڵک هەمووکات هەوڵ دەدات کە دووری بکات لە کلاوچییەتی و هەوڵ دەدەن بۆ کۆمەڵگایەکی باشتر و باشتر، هەروەها ئەو کۆمەڵگایە کە من لێی دەژیم وێرای ئەوەی کە بەردەوام لە هەڵ دەدەین کە تاوانبار نەمێنێت بەڵام لە هەمان حاڵدا هەولمان ئەوەیە کە کەمترین کەس سزا بدرێت بۆ ئەوەی بێ تاوانێک سزا نەدرێت.
جارێکیان بۆچوونی یەکێک لە ئەندامانی بەرزی حیزبی کریس دیموکراتەکانی سوئێد پێتر کۆلگرێنم خۆێندەوە کە هێندێک خاڵی بۆ من جێگای سرنج بوو و بە باشم زانی یادداشتێکی لێ هەلگرم.
ئەو بەشە لە نووسراوەکەی پێتر لە سەر کۆمەڵگایەکی باش و کە بۆ من جێگای سرنجە ئەوە بوو کە نووسابووی کە” گەورەترین خاڵ ئەوەیە کە خەڵکانێک هەن کە یەکتریان بۆ جێگای سرنج و گرنگە و حازرن لە سەر بناخەی مرۆڤدۆستی هەڵوێستی باش و بە نرخ لە بەرژەوەندی کۆمەڵ و یەکتردا بگرن و ئەمە هەستێکی زۆر گەورە و دەڵخۆشکەرە، بەڵام لەمە گرنگتر ئەوەیە کە ئەم خەڵکە کە هەستیکی وایان هەیە تەنها نین و ٨٠ لە سەدی مرۆڤەکانی سەرەوەی ١٨ ساڵ لە سوئێددا لانیکەم ئەندامن لە کۆمەڵەیەکدا (سەندیکا) و نێوەشیان بە شێوەی خۆبەخشانە لە کۆمەڵەیەکی ئایدیالی (نابازرگانی) و فەرهنگی دا کاردەکەن و ئەمانە پێکەوە هێندێک لەو هۆکارانن کە وڵاتی سوئێد وڵاتێکی باش بێت بۆ جێگای ژیان”.
بەکورتی وێرای شی کردنەوەکەم لە سەر کۆمەلگایەکی لەبار و باش لە ڕوانگەی منەوە ئامانج لە بەرخۆدان (شۆڕشی کوردان) یانی دانانی بەردی بناخەی وڵاتێکی دادپەروەرە بۆ هەموو مرۆڤەکان بێ جیاواز ئایین، ڕادەی سروەت وسامان، ڕەگەز و دەسەڵات، یانی کۆمەڵگایەک کە بناخەکەی لە سەر ئاسوودەگی و ئازادی هەمەلایەنە بێت.
درێژەی هەیە