پاش ئاڵوگۆری بەرچاو لە مکانیزمی چاوەدێری لە رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە ئاستی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا،
رژێمی ئێران بۆ جاری دووهەم نۆرەی هات کە نوێنەرانیان لە بەردەم ئەنجومەنی مافی مرۆڤ ئامادە بن کە هەم رەوشی مافی مرۆڤی ئێرانی ژێر دەسەڵاتیان لە زمانی خۆیانەوە و بە دڵی خۆیان بە گویی جیهان بگەیەنن و هەمیش هەلێک بێ بۆ وڵاتانی ئەندام کە رای خۆیان لە سەر رەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران بێنە سەر زمان.
ئەوەی دەگەرێتەوە سەر رژێم، هەڵسوکەوتیان لە گەڵ پرسی مافی مرۆڤ و گشت پرسەکانی تر روونە، و هاوکات ئاشکرایە کە بە چ شکڵ و شێوەیەک وێنە لە دۆخی نالەباری ناوخۆ بۆ دونیای دەرەوە دەکێشنەوە. یان بە واتایەکی تر چ درۆ و دەلەسەهایەک لە سەر دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران رادەستی دونیای دەرەوە دەکەن.
بەشێک لەو چەواشەکارییانە راستەوخۆ پێوەندی بە دۆخی نالەبار و خەراپی مافی مرۆڤ بە تایبەتی مافی پێشێلکراوی نەتەوە بندەستەکان و کەمینە ئاینییەکان و ژنانەوە هەیە کە رژێم و نوێنەرانی نکۆڵی لە هەرجۆرە هەڵاواردن و پەرواێزخستن و بێ رێزی بە مافەکانیان دەکەن کە بە خۆشێوە کەموزۆر دونیای دەرەوە لە ناراست بوونی ئەم دیعایانەی رژیم تا رادەیەک تێگەیشتووە.
لایەنی تری چەواشەی کردنی راستییەکان، پێوەندییان بە بەڵێنی و وادەی درۆیینەی رژێم بۆ چارەسەری ئەم گرفتانە هەیە کە لەم کۆڕو کۆبوونەوانەدا دەرخواردی دەرەوەی وڵاتیان دەدات. رژێم هەموو ساڵێ بەڵێنی دەدات کە یاسای نوێی و رێکاری نوێی گرتۆتە پێش کە ئەم پێشێلکارییانە دووپات نەبنەوە و دۆخەکە باشتر دەبێت. بەشێکی زۆریش لەم دانیشتنانە، هەر وەک دانیشتنی ئەم ساڵ سەلماندی، پێهەڵاگوتن دەبێ لە لایەن هێندێک وڵاتی هەلپەرەست و نادێموکراتی هاوشێوەکانی رژێمی ولایەتی فەقیە کە خۆیان لە پێشلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران گێل دەکەن و بارەقەڵا بەم رژێمە دەڵێن و بە شان و پیلی هەڵدەڵەن.
بەشێک لەو وڵاتانەی ئافەرین بۆ ئەم رژێمە لێدەدەن، جێگای سەرسورمان نین و هەر ئەمەیان لێ چاوەڕوان دەکرێ: ولاتانی روسیە، چین، کوبا، کورەی باکوور، زیمبابوە و سوریە، وێنزوئێلا، بێلاروس و میانمار و کۆمەڵیک ولاتی تر کە رادەی داخراوەیی و پێشێلکاری ماف و ئازادییەکان بۆ گشت لایەک وەک رۆژی رووناک ئاشکرایە و نزیک بە نیوەی ئەو ٥١ ولاتە کە بە لایەنگری رژێم قسەیان کرد لە لایەن “ماڵی ئازادی” بە وڵاتانی داخراو دەستنیشان کراون. وڵاتانی تری وەک بێڕزیل، هیند، نیجێریە، کورەی باشوور، سینگاپور، کوویەت، قەتەر وعەمان پرسی مافی مرۆڤ قوربانی بەرژوەندییە ئابوورییەکان دەکەن. هێندێک ولاتی تر وەکوو ئەفغانستان، عێراق، یەمەن، لوبنان و زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی هاوسنووری باکووری ئێران وەکوو تورکەمەنستان، ئوزبەکستان و قەزاقستان لە ژێر رکێفی ئێران دان و لە ترسی دژکردەوەی رژێم هەڵوێستی بە دڵی رژێم دەگرن. هێندێک وڵاتی تر لە باشووری قارەی ئەمریکا بولیەوی و کوبا، لە ئاسیا لائۆ و بەنگلادێش و لە ئەفریقا غەنا و چاد هەن کە بە جۆرێک لە بەرەی دژ بە رۆژئاوا راوەستاون و نە ئەو پرسەیان بۆ گرینگە و نە پێیان خۆشە بە جۆرێک لە جۆرەکان بکەونە بەرەی رۆژئاوا.
هەر لەو چوارچیوەدا و لەم کۆبوونەوەیەدا خاڵی جێگای سرنج هەڵوێستی نوێنەری فەلەستین بوو. فەلەستینیەکان کە شەو و رۆژ هەرا دەکەن کە مافەکانیان لە لایەن ئیسرائیلەوە پێشێل دەکرێ و چاوەڕوانی پشتیوانی خەڵکی ناوچەکە و جیهانن و هەر کەس و لایەنێک ووشەیەک بە قازانجی ئیسرائیل زمان ببزێوی بە ناحزترین شت تۆمەتباری دەکەن، حازر نەبوون لە سەر دۆخی خەراپی مافی مرۆڤ لە ئێران یەک ووشەش بڵێن. دیارە ئەمە بە مانای نکۆڵی کردن لە دەرد و نەهامەتییەکانی خەڵکی فەلەستین نییە بەڵام خەڵکی ئێمەش بۆیان هەیە بزانن کێ و لە کوێ دۆست و نەیارن، و بە پێی هەلوێستی ئەم ولاتانە بە نیسبەت پرسەکانی پێوەندیدار بە ئێمەوە هەڵوێستیان لە سەر بگرن.
ئەوەی کە رژێمی ئێران چەند پابەندە بە یاسا و رێساکان و بگرە ئەو یاسا بنەڕەتییەکەی خۆشی چەندە جێبەجێ دەکات بۆ ئێمەمانان شاراوە نییە و بە تایبەتی ئەوەی دەگەڕێتەوە سەری پرسی نەتەوەکان بە تەواوی پاشگوێ خراوە و تەنیا وەک لاپەڕەیەک لە مۆزخانەکاندا ماوەتەوە و جاربەجار و لە کاتی پێویست وەک کارتێک بۆ فریودان و بەلارێدابردنی خەڵک تەپ و تۆزەکەی لە سەر دەتەکێنن و بە رووخساری خەڵکی دەکێشن. پابەندبوونی ئەم رژێمە بە پەیمانامە و کۆنوانسیونەکانی نێودەوڵەتیش کە واژۆی کردوون بۆ گشت لایەک روون و ئاشکرایە و بە دڵنییاوە زۆربەی ئەو وڵاتانە، بە تایبەتی وڵاتانی رۆژئاوایی و پێشکەوتوو دەزانن ئەو بەڵێنی و بەناوهەنگاوانەی رژێم لە باری یاساییەوە لە دەرەوە و نێوخۆوە بایی چەندەیە. روونە، رژێمێک کە سەڕەڕای ئەو هەموو چوارچێوە شەفافە نێودەوڵەتییەکان ئاوە بەم چەشنە و بەم رادەیە لە دونیای دەرەوە هار بووە چۆن بە هەبوونی ئەو دەسەلاتە هارو رەهایەی نێوخۆ گۆڕایەڵی یاسا دەستکردەکانی نێوخۆیی دەبێت و جێبەجێان دەکات.
بەڵام سەڕەڕای ئەوەش مەلاکان پرسی مافی مرۆڤ وەک هەلێک بۆ دیپلۆماسی بەکار دێنن و لەم خاڵە رەشەی نێوچاوانیان وەک ئامرازێک بە قازانجی بەرژوەندییەکانی خۆیان کەڵک وەردەگرن: یەکەم ئەوە کە بە هۆی پێکهاتەی وڵاتەکان و جۆرێک قەڵش بوون لە نەزمی نێودەوڵەتیدا کەڵکی خەراپ وەردەگرن و وڵاتەکان بە سەر لایەنگران و دژبەرانی خۆیاندا دابەش دەکەن. ئەوە بە جۆرێک تاران دەکاتە جەمسەرێک لە بەرامبەر وڵاتانی خاوەن پێگە و دەسەڵاتدا بە تایبەت رۆژئاواییەکان دا. دووهەم، ئەم کۆڕانە تریبون بۆ رژێم فەراهەم دەکەن کە بە کەیفی خۆی قسەکانی بکات و هەروەک پێشتر ئاماژەی پێکرا درۆودەلەسە تەحویلی دەرەوە بدات. هاوکات لە گەڵ ئەم قسە بەلاشانە قامک لە سەر زۆر پرسی هەستیاریتر دادەنێ کە خاڵی لاوازی کۆمەڵگایی ئاوەڵە و ئازادە و بەم جۆرە برینی کۆمەڵێک وڵات و نەتەوە دەکولێنێتەوە و هانیان دەدات بە قازانجی رژێم و بە دژ رۆژئاوا هەڵوێست بگرن. سێهەم، ئەم رژێمە لە گەڵ قەیران و بوحران تا ئەمڕۆی هێناوە و تا لەسەرکاریش بمێنێ بە بێ ئەم هاتوهەلایانە دەوام ناکات و بەشێکی زۆری بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم رژێمە پێ خۆشە سەری لە نێو سەراندا دەرکەوێ و شانی لە شانی ولاتانی زلهێز و بڕیاردەر بدات؛ ئەوەنێ هەموو رۆژی ئەمریکا و ئوروپا و چین و روسیە دەکێشێتە سەر میزی وتووێژ لە سەر بوحرانە دەستکردە ناوەکییەکەی و هەر ئەرۆ و سبەیان پێ دەکات. بۆ ئەم مەبەستەش ئەم رژێمە گشت هێلکەکانی خۆی خستۆتە نێو سەوەتەی دژبوون لە گەڵ نۆرم و رێسا نێودەوڵەتییەکان وەکوو، مافی مرۆڤ، دێموکراسی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، یەکسانی، ئاسایش و ئاشتی و هتد… و مانەوەی خۆی لەم شکڵ و قالبەدا، هەر لەوەدا دەبینێتەوە و تا ئەم رژێمەش بێ هیچ لەوە زیاتر چاوەروان ناکرێ؛ زۆربەی ئێمە ئەوە باش دەزانین و وڵاتانی چاوکراوە و تێگەیشتووش بە باشی لەمە ئاگاداران، بەڵام مخابن وەک ئێمە چاریان بێ چارە.
دیارە لە روانگەی عورفی نێودەوڵەتییەوە ئوسوولی نییە پرسی مافی مرۆڤ وەک دەسکەوتی سیاسی و ئامرازێ دیپلۆماسی کەڵکی لێوەرگیرێ و ئەوەی رژێم دەیکات لە سەر سیاسی کردنی پرسی مافی مرۆڤ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا قووڵترکردنی چەند قاتی ئەم برینانەیە کە خەڵکی قوربانی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامیدا لەبەری دەناڵێن، کە لە راستیدا هەر ئەوە لەو رژێمە چاوەروان دەکرێ و پێچەوانەکەی سەیر و سەمەڕە دەبێ. ولاتانی دەرەوەش، بە تایبەتی ئەوانەی بە دژی ئەم پێشێلکارانە رادەوستن و دەنگیان لێوەدێ ئەگەرچی لەوانەیە دەسکەوتی سیاسی و ئابووریان نەبێ و بگرە تووشی زەرەر و زیانی ماڵیش بن و زیاتر هەر لە روانگەی مافی مرۆڤییەوە لەو پرسە دەڕوانن و بۆی دەچن، کە چی رژێمی ئێران و هاوشێوەکانی بەردەوام رەخنەگرتن لە سەر ئەم پرسە وەکوو مەبەستی سیاسی چاو لێدەکەن و کەمنرخ و کاڵی دەکەنەوە.
ئەوە لە سەر رژێم و هەڵسووکەوتی بە نیسبەت ئەم پرسە، بەڵام ئەوەی دەگەرێتەوە سەرخۆمان وەکوو کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەبی چۆن هەڵسووکەوتی لە گەڵ بکەین و ئایا ئەوەی تا ئێستا کردوومانە سەرکەتوو بووە و چەند تواندراوە دەنگی پەنگخواردوو و کەپکراوی ئەم خەڵکە بە دونیای دەرەوە بگەیەندرێت و رژێم لەمبارەوە چەندە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لەقاو دراوە؟ لەوانەیە باس لە پێشێلکرانی ماف و ئازادییەکانی کورد وەک نەتەوەیەک لەم دانیشتنەی دواییدا پێوانەیەک بێ بۆ هەڵسەنگاندن و وڵامێک بۆ ئەم پرسیارانە.
پێشتر باسی ئەوە کرا کە چەند ولات بە قازانجی ئێران قسەیان کرد کە بێگومان شتێک بە قازانجی رژێم بێ ناتواندرێ قازانجێ خەڵکی ئێران وکوردی رۆژهەلاتیشی تێدابێ و لە راستیدا ئەو پێناسەی “رژیمی دژی گەلی” پر بە پێستی و پر بە مانای ووشەیە کە بەداخەوە ئەمڕۆژانە وەک زۆر ووشەی بەجێی تر کەمتر و کەمتر لە نێو نوخبەی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئەدەبیاتی سیاسیاندا رەنگدەداتەوە کە بەدەر لە حەوسەلە و تاقەتی ئەم باسەیە.
لە نێو ئەو ٤٦ ولاتەی کە رەخنەیان لە رەوشی مافی مرۆڤ لە ئێرانی داخراودا گرت تەنیا ١١ وڵات ئاماژەیان بە پێشێلکرانی مافی نەتەوەکان وەک کەمینەی ئیتنیکی گرت و لە نێو ئەم ١١ وڵاتەشدا تەنیا ٢ ولاتی فەرانسە و ئوتریش ئاماژەیان بە پێشێلکرانی مافی کورد لە ئێران شانەبەشانی عەرەبەکان کرد. دیارە جێگای خۆیەتی ئاماژە بەوەش بکرێ کە لە سەرجەم ئەم ٤٦ وڵاتە، جیا لە ولاتانی ئوروگوئو، بەحرین، شیلی، کاستاریکا، ئیتیوپی، ئیسرائیل، ژاپۆن، پاراگوئە، پرو و سیرالئون ئەوانەی تر هەموو وڵاتانی ئوروپایی، و ئەمریکای باکوور و ئیقیانووسییە بوون کە وەک پرەنسیب ناتوان لە سەر ئەم پرسە بێدەنگی هەڵبژێرن.
خاڵێکی تری جێگای سرنج، لایەنی ئاینی و مەزەبیی بوو؛ کورد کە هاوکات کەمینەیەکی مەزەبی و ئاینی لە ئاستی ئێراندایە و جیا لە سووننە بوون باوەردارانی یارسانیشی هەیە هیچ ئاماژەیەک بە چەوسانەوەیان لە ئێراندا لە بواری ئاینییەوە نەکرا و بەداخەوە جیا لە بەهاییەکان کە زۆربەی وڵاتانی رەخنەگر هێنایەنە سەرزمان ئاماژە بە هیچ ئاینێکی تر نەکرا. ئەوە لە کاتێکدایە کە پەیرەوانی ئاینەکانی تر وەکوو جوولەکە و فەلە و یارسانیش لە دۆخێکی خەراپ دانە و بە هۆی باوەڕیان رۆژانە لە گەڵ گرفت بەرەوڕوونە و تووشی تەنگ و چەڵەمە دەبنەوە.
ئەوەی کە هێندێک وڵاتانی رەخنەگر باسی پێشێلکرانی مافی نەتەوەکان لە ئێراندا دەکەن، وەلۆ کەمیش بێ، جێگای خۆشحاڵییە. بەڵام ئەوەی کە تەنیا دوو ولات لە وڵاتانەی رەخنەگر کە زۆربەی لایەنە کوردییەکان و حەشیمەتی کورد لێی نیشتەجێن وەکوو وڵاتانی سکاندیناوی، ئوروپای ناوەند و ئەمریکای باکوور، جێگای داخە کە لە هێنانی نێوی کورد وەک نەتەوەیەکی چەوساوە خوێ دەبوێرن و لێرەدایە کە چالاکی و دیپڵۆماسی کورد هەم لە بواری سیاسی و هەم لە بواری مافی مرۆڤیشەوە بۆشایی تێدا بەدی دەکرێ و پێویستی بە وردبوونەوەو پێداچوونەوەی زیاترە.
سەرەتا ئەوە کە زۆربەی ئەو وڵاتانەی ئوروپایی و کانەدا و ئەمریکا و ئوستراڵیا کە کوردیان لێ نیشتەجێیە و نوێنەرایەتی حیزب و لایەنەکان تێیاندا چالاکن بە رادەی پێویست گرینگی بە پێشێلکاری مافەکانی کورد لە ئێراندا نادەن و باسی لێوە ناکەن.
دیارە زۆرجار حیزبەکان و نوێنەرانیان رەخنە لەخۆیان دەگرن کە وەک رێکخراوی مافی مرۆڤیان لێهاتووە و بەردەوام دەبێ لە سەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بە تایبەت هی نەتەوەی کورد لە ئێران راپۆرت و زانیاری بدەن بەم وڵاتانە، و لە راستیدا دیپلۆماسی سیاسی ئەمڕۆیی کوردی رۆژهەڵات لە سەر ئەمە ساغ بۆتەوە (هەڵبەت لایەنی تری ئەم باسە گرینگە کە ئەویش لاوازبوونی دەرخواردی سیاسییە کە باسی ئێمە لێرەدا نییە). دیارە لەوانەیە ئاماژەی ئە دوو ولاتەش بە هەڵکەوت یان بەرهەمی ئەم سەرمایەگوزاری دیپلۆماسییە بێت، بەڵام بە رای من ئەوەش بەس نییە و گرفتەکە لە شتێکی تر دایە کە بە کورتی ئاماژەیان پێدەکەم:
یەکەم ئەوە کە کوردی رۆژهەڵات و بگرە کوردی بەشەکانی تریش بەو رادەیەی کە پێویست بێ نەیانتوانیوە رێکخراوەی مەدەنی و سیڤیل لە دەرەوە پێک بێنن کە فۆکس بکەنە سەر پرسی پێشێلکارییەکانی ماف و ئازادییەکانی کورد وەکوو مرۆڤ و پاشان وەکوو نەتەوە. بەداخەوە هەرچەند حیزبەکان دەتوانن وەک ئەرکێکی نەتەوەیی ئەوە لە ئەستۆ بگرن بەلام نابێ لەبیرمان بچێ کە ئیش و کاری ئەم حیزبانە دیپڵۆماسی بە واتای دروست و تەواوی ووشەیە نەک تەنیا بەشوێن کەوتنی پرسی مافی مرۆڤ. کۆمەڵگایی نێودەوڵەتی مکانیزم و کاناڵی تایبەت بۆ ئەم کارەی دیاری کردووە و کۆمەلگایی کوردیش دەبێ بە رێگای تایبەت و لەم کاناڵانە را بۆ ئاراستەکردنی ئەم پرسانە هەوڵ بدات.
دووهەم، ناشارەزابوون لە سەر سیستم و پێکهاتە و کارکردی ئەم ناوەندانەیە کە بە پرسی مافی مرۆڤ رادەگەن. لەوانەیە هێندێک جار رێکخراوی کوردیش هەبن کە بە شوێن پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێرانەوە بکەون بەڵام لە تاروپۆی ئەم مکانیزمانە، شێوەی کاریان، راپۆرت دانیان و هتد…شارەزا نین کە بتوانن بە شێوەی سیستماتیک و بەردەوام لە گەڵیان لە پێوەندیدا بن و لە جێگای خۆیدا لە جیات ولاتێک یان دوو بە دەیان ولات باسی مافی زەوتکراوی کورد لە ئێران بکەن و ببنە چەقڵی چاوی دوژمنان.
سێهەم، ئاستی شارەزایی بە زمان و شێوەی ئیش و کاری بواری مافی مرۆڤە کە مخابن لە نێو کۆمەڵگایی کوردەواریدا بە گشتی و کوردی رۆژهەڵاتدا بە تایبەتی زۆر لاوازە. تا ئێستا هیچ رێکخراوێکمان چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوە نەبووە کە بە شێوی رێک و پێک و ئەمرۆیی و بەردەوام راپۆرت لە سەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئامادە بکات و ببێتە جێگای متمانەی ئەم ناوەندە نێودەوڵەتییانە. ئەم کارەش وەک زۆر کاری تر پسپۆرییە و کەسی شارەزا و لێزان و ئۆگری دەوێ. بە دڵنییایەوە گرفتەکە تەنیا زماننەزانی نییە؛ ئەم راپۆرت و زانیاری و ئارشیوانەمان بە کوردی و فاریش نییە و کاتێک دەگاتە زمانی ئینگلیزی و زمانەکانی تر هەر زۆر کۆڵەوارین و بەشێکی زۆر لەم بێدەنگییەی کە لە هەمبەر پێشێلکارییەکانی مافی کوردی رۆژهەڵات لە ژێر دەسەڵاتی رژێمی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەرچاو دەکەوێ بە رای من لەم کەمایەسیانە سەرچاوە دەگرێ. جێگای نکۆڵی نییە کە بەهاییەکان لە ئێران لە ژێر زوڵم و ستەم دان، بەڵام بە بەراوەرد رادەی زوڵم لە سەر کورد و باقی نەتەوەکان لە بە زۆر هۆوە دەیان و سەدان قات لە هاووڵاتیانی بەهایی زیاترە، بەڵام رادەی دەرکەوتن و بەرگریکردن لە بەهاییەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە دەیان و سەدان قات لە کورد و باقی نەتەوەکان زیاترە کە بە ڕای من هۆی ئەساسی لاوازنەبوونیان لەو بوارانە دایە کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێکرا.
خاڵی چوارەم و هەرە گرینگ تەرخان نەکردنی سەرمایەی ماڵی و مەعنەوی پێویستە کە بەداخەوە وەکوو رێکخراوە سیاسییەکان و کۆمەڵگایی مەدەنی نە لە توانامان دابووە بۆی تەرخان بکەین و نە توانیویشمانە لە توانایی و ئیمکانەتی بەردەست، چ هی خۆمان چ هی دەرەوە، لە وڵاتانی ئیسکاندیناوی، ئوروپای و رۆژئاوایی بخەینە خزمەت ئەم پرسە گرینگە و ئەگەر هەلیش رەخسابێ بەداخەوە دووبارە لە بەر هۆکارەکانی تر تێیدا بەو جۆرەی پێویستە سەرکەوتوو نەبووینە.
بەر لە کۆتایی پێویستە ئەوەش زیاد بکرێ کە بەشی دیپڵۆماسی لایەنە سیاسیەکان تەنیا بە راپۆرت دان و هەواڵ ناردن لە سەر پێشێلکارییەکانی ماف مرۆڤ بەسەندە نەکەن و دەبێ شارەزاییەکی تەواویان لە سەر هەڵوێست و رۆڵی وڵاتەکان لەم ناوەندانەی کە قەرارە پێراگەیشتن بە مافی مرۆڤ لە ئێران بکەن هەبێ و هاوکات بزانن ئەم چاوەدێرییە لە سەر چ بەشێکە؛ لە سەر مافی کەمینەکانە، لە سەر مافی ژنانە، لە سەر پرسی منداڵانە، شکەنجەیە، رەگەزپەرەستیە، بەشی کۆمەڵایەتی و مەسکەنە یان مافی مرۆڤ بە گشتییە – هەر وەک ئەو کۆبوونەوەی کە ماوەیەک لەوە پێش گیرا کە بەداخەوە هەلێکە کە هەر چوار ساڵ هەڵدەکەوێ. ئەوکات ئەم نوێنەرانەی لایەنە سیاسییەکان بە روونی هەڵوێستی خۆیان لەمبارەوە دەرببڕن و داوای فەڕمی خۆشیان لەمبارەوە بە گوێی نوینەری وڵاتەکان بگەیەنن و داوا بکەن کەسانێک کە لەم ولاتە یان لەم وەزارەتە بەم پرسە رادەگەن پێیان بناسێنن و ئەگەر پێویست بێ لە گەڵ ئەوانیش پێوەندی بگیرێ یان دانیشتن بکرێ و ئەم داوایەیان لێبکەن کە لە نێو وتار و گوتاریاندا لەم ناوەندانە، مافی پێشێلکراوی نەتەوە ژێردەستەکانی ئێران بە تایبەتی کورد و پەیرەوانی ئاینەکانی کوردستان لەبیر نەکرێ و ئەگەر کەیسێک یان نموونەیەکی بەرچاو لەو پێشێلکارییانە هەیە ئاماژەی پێبکرێ. بە پێی ئەزموون ئەم ولاتانە زۆر پێیان خۆشە و پێشوازیش دەکەن و بە هیندی دەگرن و زۆرجاریش ئەم داوایانە دەگونجێنن. هەڵبەت ئەوە ئیرادە و بەرنامەڕیزی و هەماهەنگی لە ئاستی زۆر بەرزی لایەنەکاندا، چ یەک لایەن و چ یەکگرتوو، پێویستە و بە تاق و لۆق و پەرش و بڵاوی ناکرێ.
بە کورتی، پرسی مافی مرۆڤ و شێوەی هەڵسووکەوت و بە شوێن کەوتنی، دیپڵۆماسی و رێکاری تایبەتی خۆی دەوێ کە دەبێ باشتر فێری بین و بە دروستی کەڵکی لێوەرگرین و لە شوێن و جێگای خۆیی و بە رێگای خۆیی و بە کەرەستەی تایبەتی مرۆڤی و مادی بیهێنینە بەر باس. ئەو دەمەیە کە لە جیات ٢ وڵات بە دەیان وڵات دەنگیان لێ بڵیند دەبێتەوە و هەم دەنگی ماف زەوتکراوان بە گویی دونیا دەگات و هەمیش خاڵێکی بەهێزە بۆ بڕەوی زیاتری دیپڵۆماسی و پرسە سیاسیە پەراوێزخراوەکەی رۆژهەڵاتی کوردستان.
سەرچاوە: کوردپا