نامە کراوەکەتانمان بۆ بەرێز سالح موسلیم‌مان لە سایتەکاندا خوێندەوە و وەک ژنانی ڕۆژهەلات و بەشێک لە کوردستان بە ئەرکی سەرشانی خۆمان دەزانین وڵامی ئیوە و کەسانێک کە وەک ئێوە بیردەکەنەوە بدەینەوە،
چونکە ئەگەرچی نامەکەی جەنابت ڕووی لە هەڤال سالح موسلیم‌ە بەڵام پێوەندی بە ژن و مافی ژنی کورد ولاتەکەمانەوە هەیە.
سەرەتا نووسیوتە “یه‌كه‌م مامۆستایه‌كی ئاینی بووی كه دژایه‌تی خۆت بۆ هه‌ڵوێستی گروپه ئیسلامیه‌كان و به تایبه‌تیش به‌ره‌ی نه‌سره ده‌ربڕی، هه‌روه‌ها یه‌كه‌م مامۆستایه‌كی ئاینی بووی كه دژایه‌تی خۆت ده‌ربڕی كه هه‌ر كوردێك له شه‌ڕی دژی كوردستانی ڕۆژئاوا بكوژرێت پێی ناوترێت شه‌هید و سته‌مكاره”. پێویستە بۆ ئەو واقع‌بینییە و نەتەوەیی‌بوونە دەست‌خۆشیت لێ بکەین. هەر بۆیە چاوەروانین کە زۆر واقعبینانە سەیری پرسەکانی تریش بکەن.
ئێمە ۳۵ سالە لە ئێران ئەزموونی “داعشی شیعە”مان هەیە کە دەسەڵاتی بە دەستەوە گرتوە و ئەوەی داعش دەیکا بە خەلکی ئێران و بە تایبەت بە ژن و بە نەتەوەکانی ئێرانی و کوردی کرد. ئەو کات ئینتەرنێت و سۆشیال‌میدیا نەبوو تا وەک ئیمرۆ ڕوالەتی ڕەشی جەنایەتی مەزهەبی خێرا نیشانی دونیا بدرێ.
لە ڕوانگەی ئێمە ژنانەوە ئایین شتێکە تایبەت بە تاکەکان، بەڵام ئەزموونی ئێران و جیهان نیشانی داوە هەر کات ئایین تێکەڵاوی سیاسەت و هەوڵ بۆ گرتنی دەسەڵاتی سیاسی بووە، هەم سیاسەتی تێک داوە و هەم ژیانی تاک شێواوە و هەم رواڵەتی ئایین ڕووشاوە. نمونەی بەرچاومان حکوومەتی ئێرانە کە وەک شێرپەنجەیەک کەوتۆتە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و تێرۆریزمی پەرە پێداوە و باوی کردوە. ئایا پێت وا نیە حکوومەتی مەلایانی شیعە کە خۆیان بە “وەلی ئەمر”ی موسڵمانانی جیهان دەزانن، هۆکارێکە بۆ شکل گرتنی داعش بۆ دامەزراندنی هەمان دەسەڵاتی سیاسی سۆننە؟
بۆ ئاگاداریت، ئامارەکانی ناوخودی کۆماری ئیسلامی ئێران باسی بێزار بوونی خەڵک لە ئایین دەکات و ئەوەی کە سەرەڕای ئیسلامی بوونی حکوومەت و یاسا لە ئێران، ئیستا نزیکەی نەود لە سەدی خەڵک نوێژ ناکەن و گرینگی بە تەکلیفە مەزهەبییەکان نادەن! سەروەت و سامان لە شاه و شازادەکانەوە گوێزراوە بۆ مەلا و ئاغازادەکانیان و سفرەی خەڵک لە چاو کاتی پاشایەتیدا خالی‌تر بوو و ڕادەی هەژاری ڕووی لە بەرزی کرد. هەژاری لەو ڕادەیە کە دایک ناچار بووە لەشی بفرۆشێ بۆ ئەوە منداڵەکەی قاشێک شووتی لە ناو زبڵی دراوسێ نەخوات؟
ئەوە ئاکامی بە کردەوەی تێکەڵاویی ئایین و سیاسەتە، تکایە دنیایەکی خەیاڵیمان بۆ نەقش مەکەن کە گوایا ئەوانە هیچی ڕاستەقینە نین و ئەوەی ئیوە باسی دەکەن ڕاستەقینەیە. ئەمە ئەزموونی واقعی و بەرچاوی کۆمەڵایەتی و سیاسییە و حاشا هەڵناگرێت.
جەنابت هەرەشە لە هەڤال سالح موسلیم دەکەی و دەلێن: “ده‌ركردن و په‌روایز خستنی ئاین له ژیانی خه‌ڵكی له بواری كۆمه‌ڵایه‌تی ئابووری و سیاسی… جگه له‌وه‌ی هاوسۆزی و هاو خه‌می موسڵمانان و زانایانی ئاینی میلله‌ته‌كه‌ی خۆت له ده‌ست ده‌ده‌یت، هیچ به‌رهه‌مێكی باشیشی نابێت و سه‌رئه‌نجام ده‌بێته هۆی به‌هێزبوونی بزوتنه‌وه ئیسلامیه‌كان و ئینتمایی ئاینی.”
ئێمە پێمان وایە باشتر دەبێ چاوێک لە بەستێنەکانی بەدیهاتنی داعش و داعشی ئێرانی بکەی و سەرنجێکی بیروڕای گشتی بدەن. زۆر کەس موسڵمانن بەڵام لە خۆیان دەپرسن ئایا بە ڕاستی ئیسلام ئەوەیە کە داعش و مەلای ئێران دەیڵێن و دەیکەن؟ دڵنیا بە وڵامی ئەو پرسیارە لە بەرژەوەندی زانایانی ئایینی‌دا نیە. ئێمە پێمان وایە ئەم شەڕە خوێناویە سەرەتایەکە کە ئەگەرچی ئایین لە ناو نابات بەڵام دەیگێرێتەوە بۆ ئەو شوێنەی کە دەبوو ببێت و بە حورمەتەوە دانیشێ، واتە ناو دڵی ئەو تاکانەی کە هەڵیدەبژێرن نە پانتای سیاسی.
هەروەها جەنابت نووسیوتە: “ئیسلام پێویستی خه‌ڵكه نه‌ك پێویستی به خه‌ڵك بێت.” دەبێ ئەوە بزاندرێت کە ئەگەر ئیسلام بێتە ناو پانتای سیاسی بە دڵنیایەوە ئیسلام و ئەوانەی ئیسلامیان بۆ مەبەستی دەسەڵاتداری بەکار هێناوە پێویستیان بە خەڵک دەبێ. هەروەک ئیستا کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاتی هەر هەلبژاردنێک هەزاران فێل دەکات تا خەلک بێنە پای سندووقی دەنگدان و دەنگی بۆ بدەن!
ئێوە ڕاست دەکەن کە ئایدیۆلۆژیای پ.ک.ک بێ ڕەخنە نیە، هەروا کە ئایدیۆلۆژیای ئایینی یان ئەوانی‌تر بێ ڕەخنە نین. منەتی ڕزگار کردنی ژنان لە زیندە بەچاڵێتی دەورانی جاهیلیەتی عەڕەب و دڵخۆش کردنیان بە نیوەی پێاو بوون، لەوانەیە ۱٤٠٠ سال لەمەوبەر ژنانی ڕازی کردبێ بەڵام ژنانی خوێندەوار و ئاگا و بە توانای ئیمرۆ مەحالە ئەوەتان لێ قبوول بکەن. بە خۆشییەوە ڕادەی خوێندەواری و ئاگایی ژنان لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا ڕوو لە بەرز بوونێکی بەرچاوە. بۆ ئاگاداریت سەدان و هەزاران ژنە کوردی خوێندەوار و بە توانای کورد هەن کە لە ئیوە بەڕێزانی مامۆستای ئایینی زیاتر ئەگەر نەبن بە دڵنیاییەوە کەمتر نین. ژنی ئیمرۆ کە شان بە شانی پیاو ئابووری مالیش لە ئەستۆ دەگرێ، چۆن هەڵاواردنی وا قبوول دەکەن کە میراتی ژن نیوەی میراتی پیاو بێ، چونکە بە رەگەز ژنە؟ ژنان چۆن قبوول دەکەن لە بڕی پارەیەک بە ناوی مارەیی و شیربەها بفرۆشرێن لە کاتێکدا ژن مرۆڤە و کۆیلە نیە؟ هەرچەند ئیسلام کۆیلەتی قەدەخە نەکرد بەڵام ئایا ئێوە مامۆستایانی ئایینی ئاگاتان لەوە هەیە کە کۆیلەتی باوی نەماوە؟ ئایا ئێوە بێزار نین لە پیاوانی داعش کە ژنی کوردی دیل وەک کۆیلە دەفرۆشن و دەیانهەوێ کۆیلایەتی زیندوو کەنەوە؟
ئایا باشتر نیە کە ماموستایانی ئایینی لە جیاتی پێداگرتن لەسەر بە نزم زانینی ژنان، چاوێک بەو یاسا و ڕێسایانەدا بخشێنیتەوە و ئایدیۆلۆژی ئیسلام ئاپدەێت بکەن تا لەگەل جیهانی هاوچەرخدا بگونجێ؟
مەلا کامەرانی بەرێز، هەڕەشە لە هەڤاڵ ساڵح موسلیم و هاوسەرۆکەکانی تر مەکەن چونکە ئەگەر بگاتە ئەو ڕادەی کە مامۆستایانی ئایینی نەتەوەیی، پشت لە نەتەوەکەیان بکەن، ئەوە ئێمە ژنانی کوردین کە وەک خوشکانی کوبانی بەرگری لە وڵات و مافمان دەکەین.
ئیمزاکان:
دوکتۆر رۆئیا تلوعی، مامۆستای زانکۆ، ئەمریکا
شەهلا دەباغی، ماجستێر لە علوم ئینسانی و ئەدەب بە ڕوانگەی فێمینیستی، سوێد
دکتۆر رووناک فەرهەنگ، Specialist general medicin، سوێد
پینا هەورامانی، PhD candidat in International Human rights Law
سارا پێلتۆنێن، مامۆستای زمانی کوردی
چەمەن حەداد، چالاکی مافی ژنان
رۆزا حسێن پەناهی، چالاکی مەدەنی
کوێستان هۆمەیلی، bachelor of information technology, nursing and freelance interpreter
گولالە سەمیعی، ئەندامی شۆرای شاری ستاڤانگێر، نۆروێژ
تووبا ئەلیاسی، خاوەنی بروانامەی زانستە سیاسییەکان، نۆروێژ
پەخشان عەزیزی، لیسانسی یاریدەری کۆمەلایەتی، چالاکی ژنان
کەنیرە هەورامی، نێرس، ئۆستۆرالیا
سەحەر دیناروەند، لیسانسی کامپیوتێر، مەنەیجری فرۆشگە، بریتانیا
سووسون محەممەدخانی غیاسوەند، هەوالنێر، فەرانسە
تووران زەندی، چالاکی مافی ژنان
مینا لبادی ماجیستری بابەتی مندال و مێرمندال, چالاکی ژنان، سوێد
مەهران ئەعزەمی، لیسانسی مودیرییەتی بازرگانی، پسپۆری بەرنامە رێژی مالی و بانکداری، مۆدیر، کانادا
ئەسمەر میعماری، System developers، Computer Engineering، سوێد
سارا شەرارە شەمامی master student- health and social Informatics
شیلا محەمەدیان، بایۆلۆژیست، ئەمریکا
هایا هەورامی ماجیستری زانستی کۆمەلایەتی
لەیلا محەمەدی، راوێژکاری ئیدارەی کار، سوێد
ئەفسانەی بەهەشتیزادە، ماجیستەری رۆژنامەوانی
مەهین شوکروللا پوور، ماجیستری هونەر، چالاکی مافی ژنان، فەرانسە
فەریدە قوبادی، نێرس، چالاکی مافی ژنان، نۆروێژ
شلێر باپیری، رۆژنامەنووس و چالاکی مافی مرۆڤ
شکۆفە قوبادی، ماجیستر لە زانستی دەروونناسی کۆمەلایەتی، سوێد
ئاتینا ئەحمەدی، لیسانسی وەرزش
گەزیزە باپیری، چالاکی مەدەنی
دکتۆر سۆما فیعلەگەری، پزیشکی ددان، چالاکی مافی ژنان
ناهید موکری، چالاکی مافی ژنان
……………..
دەقی نامەی مەلا کامران
نامەیەكی كراوە بۆ بەڕێز: “صالح” مسلم هاوسەرۆكی پەیەدە
بەرێزم: بەو پێیەی بەندە یەكەم مامۆستایەكی ئاینی بووم كە دژایەتی خۆم بۆ هەڵوێستی گروپە ئیسلامیەكان و بەتایبەتیش بەرەی نصرە دەربڕی ئەوكات كە لە عفرین و ناوچە كوردیەكان لە دژتان دەجەنگان، هەروەها یەكەم مامۆستایەكی ئاینی بووم كە دژاریەتی خۆمم دەربڕی لە چوونی گەنجانی كوردستان بۆ نێو ئەو گروپە ئیسلامیانە بۆ شەڕدژی كوردانی سوریا‌و بەڕاشکاوی ڕام گەیاند کە هەر کوردێک لەشەڕی دژی کوردستانی ڕۆژئاوا بکوژرێت پێی ناوترێت شەهیدو ستەمکارە، وە بۆ ئێستاش هەمووان هەڵوێستی بەندە دەزانن سەبارەت بە داعش و کۆبانی و پێشمەرگەو شەڕڤانەکان….هتد!.
بەهەرحاڵ ئەوەی دەمەوێت لەم نامەیەدا تۆخی بكەمەوە تا خراپ حاڵی بوون ڕوونەدات، ئەوەیە: بەڕێزتان و پەكەکەو پەیەدەو ئەو هێز گەل و ئایدۆلۆژیایە یەكسان نین بە یەك بست لە خاك و نیشتمانی کوردستان، ئێوەو هەڵوێستەكانتان یان بیروباوڕ و ئایدۆلۆژیاتان جیگەی ڕەخنەو قسە لەسەركردنە، ڕاستە ئێوە قوربانی زۆرتان داوە لە مێژووی شۆڕشی نەتەوایەتیدا، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە ئەوەی دەتوانن بیكەنە دەستورو نەهج و پرۆگرامی حیزبی خۆتان بەهەمان شێوەش بیسەپێنن بەسەر گەلانی ژێر دەستەتانداو ڕەچاوی ئاین و بیروباوەڕی زۆرینەی ئەو خەڵكە نەكەن!، بەتایبەتی ئاینی پیرۆزی “ئیسلام” كە ئاین و بەرنامەی ژیانی زۆرینەی خەڵكی كوردستانەو دەبێت ڕێزی لێبگیرێت، زۆر بەداخەوە وا خەریكە قسەی نەیارەكانمان لەسەرتان دەبێت بەڕاست و گومانە باشەكانی ئێمەش دەبنە هەڵە و بەرگری كوێرانەو دەمارگیری!، وا خەریكە شەرمەزارمان بكەن!، بەڕێزم: دەركردن و پەروایز خستنی ئاین لە ژیانی خەڵكی لە بواری كۆمەڵایەتی ئابوری و سیاسی… جگە لەوەی هاوسۆزی و هاو خەمی موسڵمانان و زانایانی ئاینی میللەتەكەی خۆت لە دەست دەدەیت، هیچ بەرهەمێكی باشیشی نابێت و سەرئەنجام دەبێتە هۆی بەهێزبوونی بزوتنەوە ئیسلامیەكان و ئینتمایی ئاینی، ئەوكات دەبێت بەڕێزیشتان یان وەك ستالین ببەنە دیكتاتۆرێكی خوێن ڕێژی موسڵمان كوژ كە ئەوەش هەر دادت نادات و سەرئەنجام شكست دەخۆیت و لە لوتكەی كۆشكەكەتدا ” قل هو الله أحد ” دەخوێنرێتەوە وەك ئەوەی لە كۆشكی كرملن دا خوێنرا، یان سەرئەنجام وەك ئێستای توركیات لێ بەسەردێ دوای حەفتا ساڵ علمانیەتی تۆتالیتاری و ستەم و نادادی بەرامبەر ئیسلام دواجار لەسەردەستی ئیسلامیەكان ملی شكا !، ئەوەش بزانە ئیسلام پێویستی خەڵكە نەك پێویستی بە خەڵك بێت، ئیسلام ناسەپەێت بەڵكو دەبێت خۆت زۆر مەمنونی ببیت ئەگەرنا منەتی پێت نیە، ئێمە لە زووەوە وتومانە داعش لیزمە لە ئیسلامی‌دا هەیە و لە چەپ و ماركسی و علمانیەتیشدا هەیە چونكە لۆژكەكەی سڕینەوەی هەموو ئەوانی تر و ڕەنگەکانی ترە ئەوكارەی ئێوەش كە لە
“میرات و مارەیی ئافرەتان” و وەك پێدەچێت لە هەمووشتەكانی تردشدا هەر وایە!، جۆرێكە لە داعشێتی بەسەر زۆرینەیەکی موسڵماندا، ئێمە گومانی هەڵەمان وابوو كە ئێوە هیچ كێشەیەكتان لەگەل خودی ئیسلامدا نیە، بەڵام پێچەوانەكەی ڕاست دەرچوو، ئێوە كێشەتان لەگەڵ خودی ئیسلامدا هەیە، بەم پێیە وا پێدەچێت لای ئێوە دەبێت ئیسلام پێشی موسڵمان باجی لەسەر بێت،
بەڕێز: وا خەریكە دەگەمە كۆتایی نامەكەم، دووبارەی دەكەمەوە بەڕێزت و پارتەكەت شتێكن و نیشتمان و خاك و نەتەوەی كوردوستان شتێكی تر، ئێمە بەردەوام دەبین لە هاوسۆزی و پەرۆشی و یارمەتی و پشتیوانی بست بە بستی خاكی كوردوستان لە هەر چوار پارچەكەداو جیاواز سلێمانی و کۆبانی بۆ ئێمە نییەو بە پەرستشیشی دەزانین، بەڵام لێرە بەدواوە چاوێك بەهەڵوێستەكانماندا دەگێڕینەوە لە پشتوانی و یارمەتی دانی تۆ و پارتەکەت و شەڕەڤانەكانت،خۆ ئەگەر ئێوە پەشیمان نەبنەوە لەو هەڵوێستەتان بەرامبەر بە ئیسلام ئەوە ئێمە پەشیمان دەبینەوەو تەوبەیەكی نەصوحیش دەكەین لەوەی گومانی باشمان زۆر بوو پێتان و زۆر بەتوندی ڕووبەڕووی زۆرێك لە مامۆستایانی ئاینی و برا موسڵمانەكانی ناو خۆمان دەبوینەوە، تا ئەوەی ئێمە ئەوانمان بە خەڵەفاوو ئەوانیش ئێمەیان تكفیر دەکرد لەسەر پشتوانیمان لە جەنابت و پارتە ئایدلۆژیەکەت!،
بۆیە بەندە پێیوایە: هێشتر كات زووە بۆ ئەوەی دڵنیابیتەوە لە سەلامەتی و سەقامگیری حوكومەتەكەت و بێ منەتیت لە ئیسلام و هاوسۆزی موسڵمانان و زانایانی ئاینی!!!، هەم كاتیش ماوە بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بکەن بە بڕیار و هەڵوێست و بیروباوەڕەتان بەرامبەر خودی ئیسلام و یاساكانی، بەتایبەتیش یاسای باریكەسێتی لانی كەم بەکۆی گشتی نابێت ڕۆڵی ئاین لەو كانتۆنەی ڕۆژئاوادا كەمتر بێت لە ڕۆڵی ئاین لە هەرێمی كوردستانی باشوردا، ئەگەرنا هەڵوێستمان زۆر لەوەش توندتر دەبێت ئەوكات لۆمەی كەس نەكەن خۆتان نەبێت!.
م ملا كامران علی خواڕەحم
هەینی ١٤-١١-٢٠١٤
………………..
پوخته‌ی یاساكه‌ی كانتۆنی جزیره
پره‌نسپه سه‌ره‌كیه‌كان:
* یه‌كسانی له‌نێوان ژن‌و پیاو له‌هه‌مو بواره‌كانی ژیانی گشتی‌و تایبه‌تی.
* ژن مافی هه‌ڵبژاردن‌و خۆپاڵاوتن‌و وه‌رگرتنی هه‌مو پۆسته‌كانی هه‌یه.
* پابه‌ندبون به‌پره‌نسیپی هاوسه‌رۆكی له‌به‌رێوه‌بردنی هه‌موو ده‌زگاكاندا.
* ژن مافی دامه‌زراندنی رێكخراوه سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابوری، كه‌لتوری، رێكخراوه‌ی پاراستنی ڕه‌واو رێكخراوه‌ی تری تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه كه له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی ناكۆك نه‌بێ.
* یه‌كسانی له‌نێوان پیاوو ژن له‌مافی كار‌و كرێ.
* یه‌كسانی له‌نێوان شایه‌تی ژن‌و پیاو له‌ڕوی به‌های یاساییه‌وه.
* قه‌ده‌غه‌یه كچان بێ ره‌زامه‌ندی خۆیان هاوسه‌گیریان پێ بكرێ.
* ماره‌یی به‌تاڵ ده‌كرێته‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ڕوی مادیه‌وه ئامانج به‌موڵك كردنی ژنه‌و له‌جێی ئه‌وه به‌شداری هه‌ردو لایه له‌دابینكردنی ژیانێكی هاوبه‌ش.
* قه‌ده‌غه‌كردنی فره‌ژنی.
* یه‌كسانی له‌نێوان ژن‌و پیاو له‌هه‌مو پرسه‌كانی میراتی.
* قه‌ده‌غه‌كردنی شیربایی، ژن به‌ژن‌و ژن له‌جیاتی خوێن.
*كوشتن به‌پاساوی شه‌ره‌ف تاوانه‌و له‌ڕوی مادی، مه‌عنه‌وی‌و یاسایشه‌وه وه‌ك تاوان ده‌بینرێ‌و ئه‌نجامده‌ری سزا ده‌درێ.
* سه‌پاندنی سزای توند له‌سه‌ر ئه‌نجامده‌رانی خیانه‌تی هاوسه‌ری به‌یه‌كسانی بۆ هه‌ردوولا.
حوكمه گشتیه‌كان :
* دابین كردنی مافی یه‌كسانی ژن‌و پیاو تایبه‌ت به‌یاسای ڕه‌گه‌زێتی.
* هاوسه‌رگیركردن به‌كچان قه‌ده‌غه‌یه له‌ژێر هه‌ژده ساڵیه‌وه.
* له‌كه‌یسه‌كانی تایبه‌ت به ژن‌و خێزان له‌دادگاكاندا ده‌بێ نوێنه‌رێك له‌ناوه‌ندی ژنانه‌وه ئاماده‌بن.
* ژن مافی مۆڵه‌تی دایكایه‌تی موچه‌داری هه‌یه‌و تا سێ جار منداڵخستنه‌وه.
* له‌حاڵه‌تی جیابونه‌وه‌دا، ژن مافی ئه‌و شتانه‌ی هه‌یه كه داویه‌تی له‌كاتی هاوسه‌گیریدا له‌ئاڵتون بێ یان هه‌ر شتێكی له‌هه‌مان به‌ها بێ، ئه‌گه‌ر لای خۆی بێ یان هاوسه‌ره‌كه‌ی خه‌رجی كردبێ.
* له‌سه‌ر به‌رێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ری دیموكراتیه ناوه‌ندی تایبه‌تی بكاته‌وه بۆ ئه‌و ژنانه‌ی له‌سه‌روبه‌ندی سكپڕی دا سزادراون، یان شیرده‌رن بۆ ئه‌وه‌ی جێگه‌كه به‌پێی دۆخی دوگیانی یان حاڵه‌تی ساواكه‌یان بێ.
سەرچاوە: هاووڵاتی
بابەتی پەیوەندی دار