وەک ئاگادارن کۆتاییەکانی مانگی دەی ٢٠١٤پرۆژە یاسای زمانی کوردی لە چەند بەنددا، لە لایەن ئەندامەکانی پارلەمانی کوردستانەوە، پەسند کرا
و بە فەرمی بڕیاردرا لەمەو بەدوا لە سەر دەرمان و کووتاڵی بازرگانی و… بە زمانی کوردی بنووسرێ، هەر لەو پێوەندییەشدا پەروەردە و فێرکردن کە سەر بە وەزارەتی پەروەردەیە لە قوتابخانەکاندا وەک پێشوو وانەی جۆراوجۆر بە زمانی رەسەنی کوردی بڵێتەوە. ئەم بڕیارە لە خۆیدا هەنگاوێکی بە پێزی نەتەوەییە و دەبوو زۆر زووتر هەڵگیرابایە هەرچەند لەو بڕیارەدا دیاری نەکرابوو بە کام زاراوە ئەو هەنگاوە هەلبگیردرێ، چونکە هێشتا خاوەن زمانی ستاندار نیین بەڵام وەک وتم، ئەم بریارە خۆی لە خۆیدا هەنگاوێکی بە جێ و بڕیارێکی نەتەوەیی بوو کە جێی خۆیەتی دەستخۆشی لە پارلەمان بکرێ.
لێرەدا باسەکەی من ئەوەیە کە هەر زمانێک خاوەن رێزمان و قەوارەی داڕشتنی خۆیەتی و جێکای لێکەر و بکەر و کرداری تاک و کردەی جووت یان ئاوێتە یان بە وتەیەکی دی جێگای فعل، فاعل، مفعول، قید، متمم، حال، صفت و موصوف یان پەسن و خاوەن پەس و… دیارە و وەک بەرپرسیاری باو کەس بۆی نییە جێگوڕکێیان پێ بکا. کە چی لە باشووری کوردستاندا لە نووسین و راگەیاند و مێدیاکان و رادیۆیەکاندا لەو بوارەدا کەس خۆی بە بەرپرسیار نازانێ کە ئەم چوارچێوە بپارێزێ!
بۆ نموونە لە هەواڵەکاندا و لە فەیسبووکدا ئەم رستانە دەبینین:
پێشمەرگەیەک هەوڵی خۆکوشتنی دا! من پێموایە دەبێ بنووسرێ: (پێشمەرگەیەک هەوڵیدا خۆی بکوژێ).
شانازییە شەڕی دڕندەترین رێکخراوی تیرۆریستی بکەن. دەبێ بگوترێ: (شانازییە لە گەڵ دڕندەترین رێکخراوی تیرۆریستی شەڕ بکەن).
پزیشکێکی خۆرهەڵات چارەسەری بریندارەکانی کوبانی دەکات. (پزیشکێکی خۆرهەڵاتی، بریندارەکانی کوبانی چارەسەر دەکات)
نابێ شارێک بە تەنیا شەڕی داعش بکا. (نابێ شارێک بە تەنیا لەگەڵ داعش شەڕ بکا).
تورکییە سووکایەتی بەرانبەر ئەو پێشمەرگانە دەکا کە چاوەڕوانن بچنە ناو کۆبانی (تورکیە بەرانبەر ئەو پێشمەرگانە کە چاوەروانن بچنە ناو کۆبانی سووکایەتی دەکا).
وەزارەتی پێشمەرگە روونکردنەوە لە سەر ئەم وێنە دەدات. (وەزارەتی پێشمەرگە لە سەرئەم وێنە، روونکردنەوە دەدات).
ئەمریکا و هەرێمی کوردستان بە یەکەوە، رێگری فرۆشی نەوت ئەکەن. (ئەمریکا و هەرێمی کوردستان، بە یەکەوە لە فرۆشی نەوت رێگریی دەکەن).
هەندێک بەرپرس دژایەتیم دەکەن! (هەندێک بەرپرس، دژایەتیم لە گەڵ دەکەن).
دوای گفتوگویان لەگەڵ یەپەگە، ئەو پێشمەرگانە چوو بوون بۆ کۆبانی گەڕانەوە تورکیا ( ئەو پێشمەرگانەی چوو بوونە کۆبانی، دوای گفتوگو کردن لەگەڵ یەپەگە، بەرەو تورکیە گەڕانەوە)
لە عەرەبیدا، بەندێکی رێزمان هەیە بە ناوی“اضمارقبل الذکر” کە نـــەگونجە. واتــــا هێنانی نـــازناو لە پێش ناوەکەدا. وەک دەبینین، لێرەدا نازناو هاتووە و دواتر ناوەکە “ئەو پێشمەرگانە”، هاتووە! لە زمانی کوردیشدا ئەم شێوە دەربڕینە، نادروستە.
بەڵام ناکرێ بە هیچ شێوەک بەراوەرد لە نێوان ئەو دوو کەسەدا بکرێ. (بەڵام بە هیچ شێوەیەک ناکرێ لە نێوان ئەو دووکەسەدا، بەراوەرد بکرێ). چونکە بکەری ئاویتەیە و نابێ، لێک جیابکرینەوە.
ئەمریکا هاوکاری کوردەکان دەکا بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی. (ئەمریکا بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی، لەگەڵ کوردەکان هاوکاری دەکا).
سووریا ئیدانەی ڕێگەپێدانی پەرینەوەی پێشمەرگە بۆ کۆبانی دەکات! بڕوانە، ئیدانە و دەکا وەک بکەری ئاوێتە (فعل مرکب)، چلۆن چەند رستە کەوتووەتە بەینیان! (سوریا رێگەدان بۆ پەڕینەوەی پێشمەرگە بۆ کۆبانی ئیدانە دەکات).
ئێران دژایەتی خۆی سەبارەت بە چوونی پێشمەرگە بۆ کۆبانی دەربڕی. (ئێران، سەبارەت بە چوونی پێشمەرگە بۆ کۆبانی، دژایەتی خۆی دەربڕی). سەیر بکەن، مەودای نێوان، “دژایەتی” و دەربڕین چەندە!
دوکتور رێگای خواردنی نەخۆشەکەی دا! واتا رێگای دا نەخۆشەکە بخوردرێ! کێ بیخوا؟
(دوکتور، رێگای دا نەخۆشەکە خواردەمەنی بخوا). خواردن چاوگەیە و چشتێک نییە بخۆردرێ، و کرداری جوینە.
پرۆژە بڕیارێکیان بۆسەرۆکی پارلەمانی کوردستان بەرز کردووەتەوە!
ئەم رستە بە تایبەت “بەرز کردووەتەوە” بە گشتی عەرەبییە! خۆ دیوار نییە بەرزی بکەیەوە. کوردیییە کەی دەبێ وابێ: “پرۆژە بڕیارێکیان، بە سەرۆکی پارلەمانی کوردستان، پێشکەش کرد”.
حکوومەتی عێراق هەوڵی دەست بەسەراگرتنی پارەی نەوتی فرۆشراوی هەرێم دەدات. (حکوومەتی عێراق، هەوڵ دەدات دەست بگرێ بەسەر پارەی نەوتی فرۆشراوی هەرێمدا).
لە کتێبدا: ئەوانەی لە ناوچە شاخاوییەکانی ئاسیای بچوک و ئێراندا پەیدا بوون، ئاڵوگۆڕی پێوەندییان لەگەڵ دانیشتوانی هاوسێدا کردووە. ئو.ل.فیلپچسکی، وەرگێڕانی، رەشادمیران، ل٣٢.
( پێکەوە پێوەنییان ئاڵوگۆڕ کردووە).
ماتریاڵی ئاسەوار کۆن، لە… ماوەمان دەدەن، ڕا دەربارەی سیمای کولتووری وئابووری ئەودانیشتوانە دەربڕین،ل٣٦،هەمان.(ماوەمان دەدەن سەبارەت بە وان.. رادەربڕین).
لە دانانی ناوی قوتابخانە و نەخۆشخانە و فڕۆکەخانەدا، هەڵەکان هێندە زەقن، مرۆڤی زمانزان، گیژ دەکەن! بۆ نموونە: قوتابخانەی کچانی ناوەندی! (قوتابخانەی ناوەندی کچان) کچان ناوەندی نیین، قوتابخانە ناوەندییە. ئـــەم شێوە داڕشتنە لـــە سەرکێشی زمــــانی عـــەرەبییە! فڕۆکەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی (فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر). هەولێر، نێودەوڵەتی نییە، فڕۆکەخانەکە، نێودەوڵەتییە.
کابانی ماڵ، بە میوان ئەیژێ: “دووهێلکەت بۆ بکەم”! مریشک هێلکە دەکا یان کابانی ماڵ؟
یان دەبێژێ، چ دەخۆی بۆت بکەم؟ کابان، چێشت لێدەنێ، چێشت ناکا. کردن، کردار و نیازەکانی لەشە کە لە شۆێنێکیترا ئەنجام ئەدرێ!!!!.
ئەمە کارەساتە و چەواشەکردنی زمانە و کەس یان وەزارەتخانەیەک لەو هەرێمەدا، لە بەرانبەر ئەم هەڵە بیژییانەدا، خۆی بە بەرپرسیار نازانێ! ئەگەر بێت و بڕیارەکەی پەرلەمانیش، هەر لە ئاخاڤتن و نووسیندا، خۆی ببینێتەوە و هەنگاوی بەکردەوەی بۆ هەڵنەگیردرێ، ئەوا ماوەیەکی دیکە، ئەم شێوە چەواشەکارییە، زمانەکە بەرەو گوڕستانی نەمان و تێکە و لێکە دەبا! زمان میراتی نەتەوەیە و بەشێکی زەقە لە پێناسەی نەتەوەیی، هەربۆیە، هەموو تاک و کۆ و ئورگانێک لە بۆ پاراستنی بەرپرسیارە و نابێ ریگا بدرێ، هەر کەسە چۆنی بۆ دەلوێ و پێیخۆشە، تێدا چەواشەکاری بکا. بەو هیوایە، دڵسۆزانی وڵات، گرنگی بەو بابەتە بدەن و تێبکۆشن، ئاکادیمیایەکی زمانەوانی دروست بکەن بۆ ئەوە پسپۆرەکانی زمان، لەو بنکەدا، بتوانن، لەو کارەساتە، رزگارمان بکەن.
خەلێقی،20 /١١/٢٠١٤ سوید / ستۆکهوڵم
سەرچاوە: پێشمەرگەکان
بابەتی پەیوەندی دار
زمانە فەرمییەکان لە پارلمانی کوردستان
ئەگەر ئەمەی سەرو نەکرایەوە، ئێرە کلیک بکە بۆ زمانە فەرمییەکان لە پارلمانی کوردستان