"an independent online kurdish website

_ پێك نەهاتنی وڵاتی کوردستان و بە ئامانج و ئەنجام نەگەیشتنی شۆڕش و بەرخۆدانەکانی کورد لە ئاستانە و کەوشەنی دەسپێک و کۆتایی شەڕەکانی یەکەم و دووەمی جیهانی، چۆن و بۆچی بوونە قوربانیی گۆڕانکارییەکانی ناو بیرۆکە و ئامانجەکانی زلهێزان و پیلانی وڵاتانی تازە پێکهاتوویی خۆرهەڵاتی ناوین؟!mejid-kakeweisi-2014

یەکەم؛ پلانی چەپەڵ و سات و سەودای بازرگانی؛ و دووەم- بە هۆی چەندین هەڵەی کەم بایەخ بەڵام زیان هاوەر، وەک: ” سادەو ساکاری سەرانی کورد، خۆشباوەڕی و بێ بەرنامەیی، خاوی لە سیاسەت و کەم ئەزمونی کاروباری دیپلۆماتی، دابڕان و قەیرانی فەرهەنگی، دڕدۆنگی کورد لە خۆی و نیفاق و تەفرەقەی ناوخۆیی، چوونە ژێر باڵ و سایەی دژە کورد… ، بوونە هۆکارگەلی کەم کردنەوە و لە ناو چوونی ئەو دەسکەوتانەی کە دەبوو سەران و پێشڕەوانی ڕێبەرایەتی گەلی کورد لە هەل و کاتی هەڵکەوتوودا ببوونایە بە دەنگ و ڕەنگ و سەنگێک و بەشدار بوونایە. بۆیە بەداخەوە؛ لەو بۆشاییەدا بە پیلان و گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی و هەرێمی، خەونی خەمخۆران و ڕۆشنبیران لە کات و ساتی خۆیدا لە بار بران و بوونەوە خەون و خەیاڵ.!

پێشڕەوانی خەباتی کورد، بەشی زۆریان سەرانی ناوداری سەرۆک هۆز و خێڵ، وە یان کەسایەتی شەریعەت و تەریقەت ڕێبەرایەتییان کردووە. لە ڕێگای شۆڕش و سەرهەڵدانەوە ویستویانە بگەنە ئامانج. پێگەی جەماوەرییان دامەزراندووە، دەوڵەت و ناوچەیان بۆ خۆیان پێکهێناوە، و بە مەلیک و سەرۆک و ڕێبەر، لە ناوچە و تەنانەت جیهانیش ناوزەد کراون و ناسێنراون.

لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەوە، گەلێک هەوراز و نشێو بۆ کورد و کوردستانیانیش هاتبوونە ئاراوە. کوردان لە شەڕی یەکەم و دووەمی جیهانی، و لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەکانی، لە هەرێمەکانیاندا، گەلێک دەسکەوت و بنکەوتیان بە نسیب بووە. دامەزرانی ڕێکخراوی مەدەنی، دینی، سیاسی، بزوتنەوە و حیزبی نەتەوەیی لە کوردستانەکان هەرکام بە جۆریک و بە پێی زەمەن و دەرفەت، تەمەنێک تیکۆشان و خەباتیان ئەنجامدا.  – لە بابەتێکی پێشووترا باسم لە شۆڕشەکانی کۆن و نوێی کورد کردووە و لێرەدا تەنیا چەند نموونەیەکی دەورانی بە حیزبی بوون و سیاسیانە و بە قەوڵ، سەردەمیانە؛ کەمێک باس و هەڵوێستەیان لە سەر دەکەین.

– ((* بێجگە لە چەند ڕاپەڕین و سەر هەڵدان هەر لەو ماوەیەدا لە کوردستانی باکوور هاتبوونە ئاراەوە و لە مێژوودا تۆمار کراون لێرەدا وەک نموونە بۆ بەرچاو ڕوونی خوێنەران چەند دانەیەکیان دادەنێین و زیاتر لە سەری ناڕۆین؛ وەک:

ڕاپەڕینی شێخ سەعیدی پیران لە تورکیا لەساڵی ( ١٩٢٤-١٩٢٥  ( .

جوڵانەوەی سەید ڕەزای دەرسیم لە تورکیا لەساڵی ( ١٩٣٧( .

ڕاپەڕینی کوردەکان لە دیاربەکر لەساڵی ( ١٩٣٤(.

شۆڕشی ئاگری داخ لەتورکیا لەساڵی ( ١٩٢٦-١٩٣٠ (

 . ……..

 ٠ دیارە ئەوانەش بە هۆی ئەوەی کە بە باوەڕی من لە لایەکەوە بۆ خۆیان چیرۆک و ڕاز و باسێکی زۆر هەڵدەگرن، و لە لایەکیترەوە زۆر پێوەندار نیە بە مەبەست و ئەنجامی ئەم نوسینەوە بۆ خوێنەرانی بەڕێز بە جێیان دێڵین و هەرکەس پێی خۆش بوو دەتوانێت لە لاپەڕە ئینتێرنێتی و کتێبە مێژوویەکاندا بەو ناوانەوە بە دوایاندا بگەڕێ و زانیاری زۆرتر بزانێ..)

-* شۆڕشی، اسمایل خانی شکاک ” سمکۆ

-* هەر دوای شەڕی یەکەمی جیهانی و هاوکات لە تەک شۆرشەکەی مەلیک محمود، سمکۆش لە باکوری کوردستانی رۆژهەڵات لە ساڵی ١٩١٩ز. ڕاپەڕینی دەست پێکرد. هەر چەند پێشتر لە دەورانی شەڕی یەکەمی جیهانی لە هیچ تێکۆشانێکی ئاشکرای سیاسی بەشداری نەکردبوو، بەڵام لە لایەن سوپای سووری ڕووسەوە دەگیرێ و دوور دەخرێتەوە بۆ تفلیس. دواتر کە ئازاد ئەکرێ، پێی دەڵێن؛ کە بێدەنگ دانیشێ و دژی سوپای ڕووسیە نەجوڵێتەوە.

-* سمکۆ هەر دوای کۆتای شەڕی یەکەم دەستی کرد بە تێکۆشان لە پێناو ئیدارەیەکی کوردی، و گەلێک ناوچەی گرنگی خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. ساڵی ١٩٢١ز لەشکری ڕەزا شا ناچار بە پاشەکشە دەبێت و دەچێتە تورکیا. ساڵی ١٩٢٤ز گوایا بە بڕیارێکی لێبووردن دەگەڕێتەوە ئێران. ساڵی ١٩٢٦ز دیسان دەست دەکاتەوە بە شۆڕش و ڕاپەڕین، بەڵام مخابن ئەوجارەشیان شۆڕشەکەی تێک دەشکێ و دیسان بە ناچاری دەچێتەوە بۆ تورکیا و لەوێ تا دەس بەسەر دەبێ!. دواتر ئازاد ئەکرێ و ئەگەڕێتەوە بۆ کوردستانی ئێران. ساڵی ١٩٣٠ بە پیلانێکی نا مەردانەی سوێندی ‘عەجەمانە’، دەکەوێتە داوەوە و لە لایەن سوپای ڕەزاشاوە شەهید ئەبێ.

دیارە ئەوە بەو مانایە نیە کە سمکۆ بێ کەم و کۆڕی بوو بێ، نە؛ وەک باسی لێوە دەکەن و مێژووی نوسراوە، ئەویش هەروەک بەشێک لە سەرانی کورد تاکڕەوی و ناوچە گرایی و پاوانخوازی پێوە دیار بووە! نموونەی ئەوەیە کە بەشێک لە ئەو ناوچانەی باکور بە تایبەت ناوەندی کوردستانی ڕۆژهەڵات کە دەسەڵات و هێزی چەکدارانی بە سەریدا شکاوە گلەیی و گازەندەیان کردووە و خەڵکانێک لە ناوەند زەرەرمەند بوون، کە دەکری بێژم هەر بەو هۆیەوە بووە کە بەشێکی زۆری دانیشتوانی ژێر دەسەڵاتی بێ باوەڕیان لا دروست دەبێ و لە پشتیوانی پشتگری پاشگەز دەبنەوە و دووبەرەکی لێ دروست ئەبێ. لە لە یەکیترەوە بە لای باوەڕی هندێک کەسایەتی و بە پێی ڕووداوی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵیەوە، خوێنڕێژی و تاڵانی ناڕەوای تێدا ئەنجام دراوەو، و بە داسەپانی دەسەڵاتێکی تاکەکەسی ناوی ئەبەن. یان بەلای باوەڕی هندێک کەسی نەتەوە پەرەستیشەوە، بە قارەمانێکی نەتەوەیی کوردی دەزانن.

–  بە هەر حاڵ، تا ئەو جێیەی من ئاگاداری مێژژوەکەی بم و بیستبێتم قارەمانێک بووە و سەری بۆ هیچ لایەنێکی دژە کورد نەوی نەکردووە و نەچوەتە ژێر باڵیان بۆ کۆمەک وەرگرتن بە هەموو جۆرە سیاسی و سەربازیەکانیەوە، بەڵام بە لای باوەڕی منەوە باقی سەرهەڵدانەکانی پاش ئەو هیچکام بە تەواوی بێ لایەن و لە سەر پێی خۆیان نەبوون. یان هەر لەسەرەتاوە هێز و دەسەڵاتێکی بەرژەوەندخوازی کاتی بۆ ئامانج و مەبەستی خۆی یارمەتی داون لە پێکهێنان و ڕەوت و ڕووداوی شۆڕشەکانیان، وە یان ئەگەریش لە سەرەتاوە خۆ ڕسک بووبێتن، دواتر بە ناچاری و بە زۆر یان بە پلان و سیاسەت چوونەتە ژێر باڵی لایەنێکی لە ناوەڕۆکدا بەرژەوەند خواز، ئەوانیش هەروەک سادە بوونی پیشەی هەمیشەییان بێ سێ و دوو، دار و نەداریان خستووەتە ژێر دەسەڵات و تیشکی توانەرەوەیان، بۆیە هەر زۆر زوو تواونەتەوە و ڕووخاون!.

مەلیک محمود و ئیمارەتەکەی.”

= *یەکێک لە شۆڕشە مەزنەکانی سەرەتای سەدەی نۆزدە، شۆڕشی شێخ مەحمودی ‘حەفید ” مەلیک محمود” بووە کە لە ساڵی ١٩١٩ز دژ بە بریتانیای داگیرکار لە سلێمانی و دەوروبەری دەستی پێکرد. دوای ساڵێک شەڕ و بەر بەرەکانی لە تەک سوپای مەیدانی و ئاسمانی پڕ چەکی بریتانیا، بە برینداری دەگیرێت و دوو ساڵێک دوور دەخرێتەوە و دەس بەسەر دەنێردرێتە دووڕگەیەکی ” هندوستان”  کە ئەوێش ئەو کات لە ژێر دەستی بریتانیا بووە. پاشان دەهێنرێتەوە بۆ کوردستان، و لە سلێمانی حکومەتێک، یان بڵێین؛ ئیمارەتێک دادەمەزرێنێ و خۆی دەبێتە مەلیک و ڕێبەر، و دیسان لە گەڵ بریتانیەکان دەجەنگێتەوە. هەرچەند ئەو شۆڕشە ڕەنگ و بۆی حیزبایەتی پێوە نەبوو، و نمونەیەک بوو لە دووپاتکردنەوەی ڕەوتی ئیمارەتەکانی بابان و ئەردەڵان لە ڕۆژهەڵات و باشور، بەڵام جیاوازیان ئەوە بوو کە ئەم لە تەک یەکێک لە زلهێزەکانی ئەو کاتی جیهان واتە سوپا و سیاسەتی بریتانیا شەڕی ئەکرد یان شەڕیان توش کرد و ڕۆژئاواییان پێیان وابوو لە گەڵ ئامانج و پلان و بەرژەوەندیەکانیان ناگونجێ، چونکی گوایا هاوکاری پاشماوەی دەوڵەتەکانیی عوسمانلی و ئیسلام بۆنەکان بووە، و ڕەنگ و بۆی ئاینی و هۆزیی پێوە دیار بووە، بۆیە لە ڕوانگەی ئەوانەوە ئەکەوێتە خانەی دژبەرانەوە، و باوەڕیان نابێ بە هاوپەیمانییەکی دەوڵەتی کوردی لەو چەشنە!. – لە لایەکیترەوە دەوڵەتێکی نوێی مەلیکی لە بەغدا دادەمزرێنن و لە پێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیان هەوڵی یەکپارچەیی بۆ ئەدەن و نەتەوەی عەرەب لەو بەشەشدا دەکەنە باڵا دەست. مەلیکێکی لە وڵاتێکیتری عەرەبی دراوسێوە بۆ دەهێنن و دەیکەنە مەلیکی ئەو وڵاتە، وەک ئەوەی کە عێراق پیاوی شیاوی بۆ ئەو سەرۆکایەتیە تیا نەبووبێ!.

یا خۆ دەڵێن؛ باوەڕ پێنەکردن و گومانیان لە شێخ ئەوە بووە کە، ئەوانی بە کافر و دژە ئیسلام ناو بردووە و نەیویستووە هاوپەیمان و هاوکاریان بێت و لە تەک تورک و لایەنەکانیتری ناوچە دۆستایەتی کردووە و دژی بریتانیا جەنگاوە؛ کە وا بزانم هەر ئەوەندە بەسە بۆوەی ئەویش بە جۆرێک لە جۆرەکان سیاسەت و پلانی سەربەخۆی خۆی نەبووبێ و لە تەک لایەنێکی دژە کورد هاوپەیمان بووبێتن و پشتی دەرەکی و ناوەکی لێ بەردرا بێت.! هەر بۆیە ئەویش و دەسەڵاتەکەی بە ئاسانی قەتیس دەکرێن و پاش ماوەیەک لە ناو دەبرێن…

 

 

 ‘ درێژەی هەیە…’

 

 

* چەند بابەتێکی پێکەوە گرێدراو، لە زەنجیرە وتارێکی هەمەگیرو فراوان قۆناخ بە قۆناخ دەنێرمە بەر دیدی خوێنەرانی بەڕێز”.٠٠

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی