ئه‌م بابه‌ته گرینگیی دیموكراسیی و هاوكات كێشه و كهمووكورتییهكانی ئه‌و پڕۆسه‌یه له چوارچێوه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگادا شی و شرۆڤه ده‌كات،
هاوكات باییخهكانی ئایین و ڕۆڵی مه‌زنی ئایین له مێژوودا شی ده‌كاته‌وه و كاریگه‌ریی ئه‌رێنیی ئایین له مێژووی مرۆڤایه‌تییدا ده‌خاته‌ڕوو.
باییخه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ئەو پڕۆسە گشتگیره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ن کە بەبێ تێگەییشتنی مرۆڤدۆستانه و کۆمەڵایەتیی هاوبەشی توێژ و تاکەکانی نێو کۆمەڵگا بەدی نایەت و پەیوەستە بە ئاستی هۆشیاری کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگاوه.
دیموكراسی له فه‌لسه‌فه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی دا؛
دیموكراتی به‌ده‌ر له‌و فه‌لسه‌فه‌یه كه ده‌یان پرس و باسی گرینگ و پڕ نێۆڕۆك له خۆ ده‌گرێت، هاوكات بنه‌ما و بنچینه‌كانی له‌سه‌ر پێوه‌ره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵگا و بیروڕاكانی جیاوازی نێو كۆمه‌ڵ سه‌رچاوه ده‌گرێت و بووه‌ته مۆڵێك بۆ حه‌وانه‌وه و پێكه‌وه هه‌ڵكردنی ده‌یان ڕوانگه‌ی دوور لێك و به‌رده‌وام هه‌وڵی چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كان له ڕێگای دیالۆگ و گفتوگۆوه ده‌دات و هه‌میشه هه‌وێنی هێمنی و ئارامی و ئاشتی له نێو كۆمه‌ڵگادا بووه. به‌ڵام چه‌سپان و جێگیربوونی سیسته‌م و پڕۆسه‌ی دیموكراتی له وڵات بۆ وڵات جیاوازه، له به‌شێك له‌و وڵاتانه‌ی كه ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵاتیی دیكتاتۆری به سه‌ریانه‌وه زاڵ نه‌بووه و هه‌رده‌م كرانه‌وه‌ی سیاسیی و كولتوورییان به‌خۆیه‌وه بینیوه و ده‌سه‌ڵاتی تنئاژۆ و فاشیست حوكمی تێدا نه‌كردووه، چه‌مكی دیموكراتی به ئاسانی جێگیر بووه و په‌لی ڕاكێشاوه و كولتووره‌كه‌ی جێگیر كراوه، به‌ڵام له‌و به‌شه له وڵاتان كه هه‌میشه ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆری به‌سه‌ریانه‌وه زاڵ بووه و له‌ژێر سێبه‌ری سیسته‌می دیكتاتۆریدا ژیانیان تێپه‌ڕ كردووه، دژوار بووه و به‌رده‌وام دژواره كه پڕۆسه‌ی دیموكراتی جێگیر بكرێت و له‌نێو كۆمه‌ڵگا و داموده‌زگاكانی حوكوومه‌ت و له كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیدا ڕه‌نگ بداته‌وه و ببێته به‌شێكی دانه‌بڕاو له دابونه‌ریتی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی كۆمه‌ڵگا.
به‌ڵام كاپیتالیزم له بنه‌مای دیموكراتیدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه و به‌شێك له‌و سیسته‌مه پێك ده‌هێنێت و ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر پێشكه‌وتنی ئه‌و سیسته‌مه داناوه و به‌رده‌وام باییخه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵگا پێشێل ده‌كات. چونكه به‌رده‌وام پرسه‌كانی پێوه‌ندیدار به ژیانی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی كۆمه‌ڵگه ده‌به‌ستێته‌وه به ئاستی گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری دانیشتووانی كۆمه‌ڵگا. ئه‌مه‌ش باییخهكانی ژیان له‌نێو كۆمه‌ڵدا كه‌مڕه‌نگ ده‌كاته‌وه و سه‌رمایه كاریگه‌ری و ڕووبه‌ری سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی به‌رفه‌راوان ده‌بێت. له هه‌لومه‌رجێكی له‌و چه‌شنه‌دا تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا به‌بێ ڕه‌چاوكردنی دۆخی سیاسیی، كۆمه‌ڵایه‌تیی و هه‌نووكه‌یی كۆمه‌ڵگا هه‌وڵ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رمایه ده‌ده‌ن و خۆیان له توێی ئه‌و پڕۆسه ئاڵۆزه‌ی دیموكراتیدا ده‌شارنه‌وه و بێ باییخانه سه‌یری بیروبڕواكانی كۆمه‌ڵ ده‌كه‌ن و هه‌موو باییخێكی مرۆڤایه‌تیی به ئاستی گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووریی ده‌به‌ستنه‌وه. به‌و چه‌شنه سه‌رمایه ژیانی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی كۆمه‌ڵگا داگیر ده‌كات و مرۆڤه‌كان په‌لكێشی گۆڕه‌پانی سه‌رمایه ده‌كات. كۆمپانییه‌كان، كه‌سایه‌تیی و تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا، ئه‌وانه‌ی كه ژیانیان بووه‌ته به‌شێك له یاریی سهرمایهخوازی هه‌موو باییخهكانی كۆمه‌ڵگا و مرۆڤ له‌و پێناوه‌دا ژێرپێ ده‌نێن و بۆ كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رمایه و گه‌شه‌پێدانی سه‌رمایه باییخ و بیروبڕواكانی كۆمه‌ڵگا له‌به‌رچاو ناگرن.
هه‌نووكه دیموكراتی ڕۆڵی چه‌ترێك ده‌گێڕێت كه هه‌موو بیروبۆچوونێكی ڕاست و هه‌ڵه له‌ژێر سێبه‌ری خۆیدا كۆده‌كاته‌وه و مافی گه‌شه‌سه‌ندن به‌هه‌موویان ده‌دات و له چوارچێوه‌ی بیروڕای سه‌ربه‌ست و ده‌نگی ئازاد‌دا كه به‌شێك له كولتووره‌كه‌ی پێك ده‌هێنێت ڕێگا بۆ هێرش كردنهسهریهك خۆش ده‌كات. دیموكراتی ئه‌و پڕۆسه گشتگیره‌یه كه هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات جیهانێكی سه‌رمایه‌داریی به‌سه‌ر كۆی زه‌ویدا بسه‌پێنێت. جیهانێك كه ته‌نیا سه‌رمایه ڕۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی تێدا ده‌گێڕێت. ئه‌م فۆرمه له دیموكراسی پتر باییخهكانی كۆمه‌ڵگای ئه‌ورووپی پێوه دیاره و باییخه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵگا ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان و كۆمه‌ڵگاكانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست بێ باییخ ده‌كات و ئه‌وه‌ی كه له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و بازنه‌یه‌دا بێت ڕاسته‌وخۆ یانخود ناڕاسته‌وخۆ ده‌كه‌وێته به‌ر هێرش و په‌لاماری كولتووری سهرمایهخوازیی ڕۆژئاوا. ئه‌مه‌ش پێكدادانه هزریی و ئایینییه‌كان به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت. ئه‌و كات هه‌موو تاكێك پێی وایه كه مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه له‌سه‌ر بۆچوونی خۆی ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ڵه و ناڕه‌واش بێت و هێرش بۆ سه‌ر باوه‌ڕ و ئازادییه‌كانی كه‌سێكی دیكه بێت پێداگری بكات.
ڕێدان به گه‌شه‌سه‌ندنی بۆچوونی هه‌ڵه ئاره‌سته‌ی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی كۆمه‌ڵگا ده‌گۆڕێت و كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵ داده‌نێت. ئه‌مه وێنه‌ی دیموكراسییه له به‌شێك له وڵاتانی ئه‌ورووپی. دیاره سرووشتی ئه‌م وێنه‌یه له هندێك له وڵاتان جیاواز و سنوورداره. دیموكراسی ده‌بێ پڕۆسه و سیسته‌مێكی سیاسیی كۆمه‌ڵایه‌تیی بێت كه پارێزگاری له هه‌موو باوه‌ڕه‌كانی كۆمه‌ڵگا به ڕاست و هه‌ڵه‌وه بكات و ئیزن نه‌دات كه كه‌س هێرش بكاته‌سه‌ر باوه‌ڕی كه‌سێكی دیكه. مرۆڤ له هه‌مبه‌ر كرده‌وه‌كانی به‌رپرسیاره، ئیتر له‌م جیهانه‌دا بێ یانخود له جیهانێكی دیكه‌دا به‌رهه‌می كرده‌وه‌كانی دره‌و ده‌كات. بۆیه پێویست ناكات كه مرۆڤ مرۆڤی دیكه به تاوه‌نبار بزانێت و بڕیار له‌سه‌ر ژیانی مرۆڤی دیكه بدات و هاوكات نابێ كه‌سیش هێرش بكاته‌سه‌ر باوه‌ڕه‌كانی كه‌سێكی دیكه، نابێ دیموكراسی ڕێ به پێكاكشانی بۆچوونه‌كانی جیاواز و دوور لێك بدات و سنوور بۆ به‌زاندنی ئازادی و هێرش كردنه‌سه‌ر باوه‌ڕه‌كانی یه‌كتر خۆش و كراوه بكات.
به‌پێی فه‌لسه‌فه‌ی ڕێگاچاره‌ی كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگا سنوور له‌هه‌موو پرس و ته‌وه‌رێكدا پێویسته و به‌بێ بوونی سنوور كێشه و به‌ربه‌سته‌كان چاره‌سه‌ر ناكرێن. ته‌نانه‌ت سنوور له نانخواردنیشدا هه‌یه، چ بگا به‌وه كه مرۆڤ له بێڕێزی كردن به باوه‌ڕی كه‌سانی دیكه سنوور دیاری نه‌كات. هه‌ر سیسته‌مێكی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی كه پارێزگاری له‌هه‌موو باوه‌ڕه‌كانی جیاوازی كۆمه‌ڵگه بكات و ئیزن به هیچ لایه‌نێك نه‌دات كه هێرش بكاته‌سه‌ر لایه‌نه‌كه‌ی دیكه، ده‌كرێت بڵه‌یین كه ئه‌و سیسته‌مه وڵامی بۆ كێشه‌كانی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی سه‌ده‌ی بیستویهكهمی پێیه. دیموكراسی وه‌ك سیسته‌م و پڕۆسه‌یه‌كی گشتیگیری سهرمایهخوازیی له‌و پێوه‌ندییه‌دا سه‌ركه‌وتنی مسۆگه‌ر نه‌كردووه و له‌گه‌ڵ قه‌یرانی بنه‌مایی به‌ره‌وڕوو بووه‌ته‌وه.
له دیموكراسی ئه‌ورووپیدا گرینگی به باییخه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی تاییبه‌ت به كۆمه‌ڵگای ئه‌ورووپی ده‌درێت. واتا مافی هێرش كردنه سه‌ر ئایینی ئیسلام له دیموكراسی ئه‌ورووپیدا ڕه‌وایه. چونكه له باییخهكانی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌ورووپیدا بێڕێزكردنی به ئایینه‌كان ئاساییه. به‌ڵام له باییخهكانی كۆمه‌ڵایه‌تیی كۆمه‌ڵگاكانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا ئه‌و ئازادییه بوونی نییه و ئه‌و كرداره به كرده‌وه‌یه‌كی ئاسایی ئه‌ژمار ناكرێت و بكه‌ره‌كه‌ی ڕووبه‌ڕووی یاسا و هه‌ڵوێست و دژكرده‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا ده‌بێته‌وه. واتا دیموكراسی ئه‌ورووپی تاییبه‌ت به كۆمه‌ڵگای ئه‌ورووپییه، چونكه باییخهكانی كۆمه‌ڵگای ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست ڕه‌چاو ناكات و نابێ دیموكراسی ته‌نیا تاییبه‌ت به‌خۆ بێ. ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگا ئه‌ورووپییه‌كان چین و توێژه‌كانی موسوڵمانی دانیشتووی ئه‌و وڵاتانه به هاوڵاتی خۆیان پێناسه ده‌كه‌ن، كه‌واتا ده‌بێ ڕێز له باییخهكانی كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئایینی ئه‌و هاوڵاتییانهشیان بگرن. ئه‌مه به‌و واتایه نییه كه له كۆمه‌ڵگای ئه‌ورووپیدا مافی یه‌كسان بۆ هه‌موو لایه‌ك نییه. پێچه‌وانه، مافی یه‌كسان بۆ هه‌موو چین و توێژه‌كانی جیاوازی كۆمه‌ڵگا له‌یاسادا پارێزراوه.
وه‌ك ئاماژه، ڕۆژی چوارشه‌مه ڕێكه‌وتی حه‌وتی مانگی یه‌كی دووهه‌زاروپانزه گۆڤاری چارلی هیبدۆ،ی فه‌ره‌نسایی كاریكاتۆرێكی پێغه‌مبه‌ری ئیسلامی بڵاو كرده‌وه. له ڕاستیدا پێغه‌مبه‌ری ئیسلام هیچ وێنه‌یه‌كی نییه تاكوو كاریكاتۆری بكێشنه‌وه. به‌ڵام به بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و كاریكاتۆره باییخه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵگاكانی وڵاتانی ئیسلامیی و هاوكات باوه‌ڕی مسوڵمانانیان ژێرپێنا و درزیان خسته نێو كۆمه‌ڵگای فره ئایینی فه‌ره‌نساوه، له لایه‌كی دیكه‌وه وێنه و په‌یامێكی نه‌رێنی له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی فه‌ره‌نساوه ئاره‌سته‌ی گه‌لانی موسوڵمان كرا. ئه‌و په‌یامه كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر پێوه‌ندی نێوان گه‌لانی مسووڵمان و فه‌ره‌نسا ده‌بێت. ئه‌وانه‌ی كه به‌و كاره هه‌ستان ته‌نیا له‌یه‌ك بوواردا سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست هێنا، ئه‌وه‌ش ڕێژه‌ی فرۆشتنی ئه‌و گۆڤاره‌یان له چه‌ند هه‌زار دانه به‌رزكرده‌وه بۆ نزیك به سێ ملیۆن دانه. ته‌نیا ئامانجیان له بڵاو كردنه‌وه‌ی ئه‌و كاریكاتۆره ڕاكێشانی سرنجی هاوڵاتییان بۆ كڕینی ئه‌و گۆڤاره بوو و له‌و نێوه‌نده‌شدا دژایه‌تی ئایینی ئیسلامیان كرد.
واتا ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه ڕێژی فرۆشتنی ئه‌و گۆڤاره به‌رز بكه‌نه‌وه و سرنجی هاوڵاتییان ڕابكێشن و سه‌رمایه‌یه‌كی پتر كۆكه‌نه‌وه، بێ‌ڕێزییان به ئایینی ئیسلام و باوه‌ڕی مسووڵمانان كرد. دیاره به‌ڕێوه‌بردنی پلانێكی له‌و چه‌شنه پێویستی به پشتیوانی ئابووری به‌ربڵاو هه‌یه و گۆڤارێك خۆی به‌ته‌نیا ناتوانێ هه‌نگاوێكی له‌و چه‌شنه بهاوێژێت. هاوكات لایه‌نه‌كانی دژایهتیكهری ئایینی ئیسلام كاریگه‌ریان له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و كاریكاتۆره هه‌بووه. كه‌واتا دیموكراسی وه‌ك سیسته‌مێكی سیاسیی پشتیوانی له كرده‌وه‌ی له‌و چه‌شنه ده‌كات و له چوارچێوه‌ی ده‌نگ و ڕه‌نگی جیاوازدا پێناسه‌ی ده‌كات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گرینگ‌ترین بنه‌مای دیموكراسی له تیئۆرییدا ڕێزگرتنه له باوه‌ڕ و ئازادییه‌كانی كۆمه‌ڵ و تاك، هه‌ركات یه‌كێ له‌و بنه‌مانه خه‌وشدار كرا و بێ ڕێزی پێكرا، ئیتر ئه‌وه به‌و واتایه دێت كه ئه‌و سیسته‌مه باییخه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پێشێل ده‌كات و ژێرپێ ده‌نێت و وڵامده‌ری كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگا نییه و ناتوانێ پردی پێوه‌ندی نێوان گه‌لان بتهوكات.
دیموكراسی له چوارچێوه‌ی بیروڕای ئازاد‌دا ماف به‌هه‌ر كه‌س و تاكێك ده‌دات كه به‌و چه‌شنه بۆچوونه‌كانی له‌دژی بڕواكانی كۆمه‌ڵگا بڵاو بكاته‌وه. ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه دیموكراسی ده‌بێ سیسته‌مێك بێت كه پارێزگاری له هه‌موو باییخهكانی كۆمه‌ڵگا بكات. هه‌رچه‌ند فه‌لسه‌فه‌ی دیموكراتی له‌بنه‌مادا باییخه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان لاواز و بێ هێز ده‌كات. كه‌واتا ئه‌گه‌ر دیموكراسی سیسته‌مێك بێ كه چینه‌كانی كۆمه‌ڵگا به‌گژی یه‌كتردا بدات و ماف به‌هه‌ر تاكێك بدات كه هێرش بهكاتهسهر باییخهكانی كۆمه‌ڵگا و بێڕێزی به باوه‌ڕه‌كانی ئایینیی به‌شێكی مه‌زن له كۆمه‌ڵ بكات، سیسته‌مێكی دادپه‌روه‌ر نییه و ناتوانێ چاره‌سه‌رێكی دادپه‌روه‌رانه بۆ كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگا دابین بكات. بۆیه ده‌ڵێم دیموكراسی سیسته‌مێكی سیاسیی تاییبه‌ت به سه‌رمایه‌دارییه و هه‌وڵ ده‌دات كه سه‌رمایه وه‌ك چاره‌سه‌ری هه‌موو كێشه‌یه‌ك پێناسه بكات، هاوكات هه‌موو باییخه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵگاش له‌نێو ئه‌و سیسته‌مه‌دا ده‌توێنێته‌وه. ئه‌و بۆچوونه درووسته و به‌رپرسانه‌یه كه ده‌ڵێت له كاتێكدا كه سیسته‌می سه‌رمایه‌داری ناتوانێ هه‌موو قه‌یرانه‌كانی تاییبه‌ت به سه‌رمایه چاره‌سه‌ر بكات، ئیتر چۆن ده‌توانێت چاره‌سه‌رێكی دادپه‌روه‌رانه بۆ كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگا دابین بكات.
درێژه‌ی هه‌یه…