لێڤین پرێس لە هەوالەکانی ئەمڕۆی دا نووسیویەتی کە بە بۆنەی شەوی خۆشەویستی „ ڤالنتاین“ەوە لە سلێمانی ئاهەنگێک لەو شەوەدا ساز دەکرێ کە بلیتی چوونەوە ژوورەوەی ١٧٥ دۆلاری ئەمریکییە
ئاهەنگێک کە لەوانەیە چەندین بنەماڵە لە بنەماڵەکانی شەهیدانی نوێی گەلەکەمان لە شەڕی داعش لێوەی نزیک بن و دایکانی جەرگ سووتاو و مناڵانی بێ باوک بەجێماو گوێیان لە خۆشی و لۆغانی بەشدارانی ئاهەنگەکە بێ و کەس دەنگی لیوەنایات ، کەسیش ناڵێ کە لەو هەموو کوشتن و برینەدا ، لە کاتێکدا رۆژ و شەو نییە کە تەرمی پیرۆزی چەندین پێشمەرگەی شەهید بۆ نیشتمان و بەتایبەت بۆ سلێمانی نەگەرێنەوە و مزگەوت نییە کە پرسە و سەرەخۆشی تێدا نەبێ ، لێ ئەم بەزم و هەرایە چییە؟ تەنانەت گۆرانی بێژەکەش عەزیز وەیسی نەبێ ،بەڵکوو خانمە گورانی بێژی تونسی “ یوسری مەحنووش” بێ، یوسری مەحنووشی دەنگ خۆش و جوان و نازدار و ئەوانەی هێرشیان کردە سەر عەزیز وەیسیش متەقیان لێوە نەیات ، ئەوە جگە لە پێکهێنانی دەیان کۆنسێرتی گەورە گەورە بە بۆنەی سەری ساڵەوە و هێنانی گۆرانیبێژی فارس و تورک و عەریبیتر بۆ هەولێر و سلێمانی و شوێنەکانیتری کوردستان ! بۆیە باشترە عەزیز وەیسی بە فارس، عەرەبی یان تورکی گۆرانی بڵێ تا پاریزراو بێت و پارەی زۆرتریشی دەست دەکەوێ و قەدر و قیمەتیشی پتر دەبێ .
ئەمشەو هونەرمەندێک لە سلێمانییە بلیتی ئاهەنگەکەی 175 دۆلارە
بەش بە حاڵی خۆم لە نێو سەرجەم گۆرانیەکانی عەزیز وەیسی دا تەنیا ” هەرمێ و هەلووژە و قەیسی / ئەمنم عەزیزی وەیسی ” دەزانم، لەوەتی عەزیز وەیسی هەیە تاقە یەک جار حەزم نەکردووە گوێ لە گۆرانییەکی بگرم، هەرچەند بە درێژایی ژیانم بێ مۆسیقا و گۆرانی نەبووم، بەڵام بە کوردییەکەی حەز لە دەنگی ناکەم و کەیفم پێی نایات ،تەنانەت ئەو کاتەش کەشنگاڵ و کوبانی لاواندەوە هەر کەیفم پێی نەهات و ئەو لاواندنەوەی لە ڕوانگەی منەوە هیچ لە دەنگ و رەنگی عەزیز وەیسی نەدەهات ، بەو حاڵەش ئایا عەزیز وەیسی و یان هەر تاکێکی کۆمەڵگای کوردی شایانی ئەو بیریزی پێ کردنەیە ؟
با وای دابنێین کە عەزیز وەیسی نە خەمی کوردستانی هەیە و نە قرچە و هەڵکروزانی دایکی شەهید و نەهەتیو بوونی منداڵانی کورد قورسایی بەسەر شانیەوە دەکات و گۆرانی وتن و کەیفە و خۆشی خۆیی بە هەموو جیهان ناگۆڕێتەوە ،باشە تاوانی شوان پەروەر هونەرمەندی ناوداری کورد چ بوو، خۆ هەموو ژیانی بۆ کورد تەرخان کرد و هەموو توانا و هونەر و گۆرانییەکانی تەنیا بۆ ئازادی نیشتمان و سەرفرازی گەلەکەی بوو، ئەدی چۆن ئاوا کەوتە بەر هێڕش و بیرێزی و بێ حورمەتی و کەس دەنگی لێوە نەهات و تا ئێستاش هەروا درێژەی پی دەدەن ؟. باشە لە ناو نزیک بە 50 ملیۆن کورد ، ئەوە تەنیا عەزیز وەیسییە کە بەوجۆرە ژیان بەسەر دەبات و چاوی لە ئاست نەهامەتییەکانی نەتەوەکەی بەستووە ؟
ئەو سەدان و هەزاران گۆرانیانەی لە رادیۆ و تەلەفزیۆنەکانی باشووری کوردستانەوە بە رۆژانە بڵاو دەکرێنەوە ،کێن، ئایا هەموو ئەو گۆرانیانە عەزیز وەیسی دەیان ڵێتەوە ؟
خۆ ئەگەر لافی دڵسۆزی بۆ نیشتمان و خوێنی شەهیدان لێ دەدەین و دڵمان بۆ کەس و کاری شەهیدان دەسووتێ ، کەواتە با باس لە پێشێلکارییە مرۆییەکانی کوردەواری بکەین و تاوانەکان هەڵسەنگێنین ، پرسیار لە ویژدان و ئینسافی خۆمان بکەین و بپرسین :“ گۆرانی وتنی عەزیز وەیسی لەم دۆخەدا تاوانە یان ماستاو و بەرایی کردن بۆ دوژمنانی کورد و داگیرکەرانی کوردستان وەک ئێران و تورکیا و ناردنی نامەی سەرەخۆشی و پیرۆزبایی بە موناسبە و بێ موناسبە و فەڕشی سوور ڕاخستن بۆ پاسدارانی ئێرانی و ژاندرمەی تورک و ئەنفاڵ چییەکان و ئەوانەی هەڵەبجەیان بەو دەردە برد و ئەوانەی داعشیان بە گژ کوردستان دا کرد ،کامەیان تاوانە” ؟
ڕامۆسینی دەستی قاتڵی گەورە رێبەری کورد” شەهید دوکتور قاسملوو”تاوانە یان ریز لێنان لە جێژنی نەتەوەی کورد” نەورۆز” و گۆرانی وتن بۆ ئەو رۆژە پیرۆزە؟ لە خۆمان بپرسین گەڵۆ ئەو شەهیدانە بۆ ئازادی کوردستان و گەشانەوەی ئاگری نەوڕۆز نەبوو کە خوێنیان بەخشی و شەهید بوون ، کەواتە گۆرانی وتنی عەزیز وەیسی بۆ نەورۆز بۆ تاوانە ؟ نەورۆزێک کە بە سەدان سالە لاوانی کورد جەستەی خۆیانی بۆ ئەکەنە مەشخەڵی ئاگری پیرۆزی نەورۆزی کورد و بۆ بەرز راگرتن و زیندوو هێشتنەوەی ئەو رۆژە کە لێمان قەدەغە کراوە، ئاگر لە جەستەی خۆیان بەر دەدەن و بەو جۆرە نەورزۆ دەپارێزن؟
ئەوانەی کە بەشێکیان لە خشتە براوی ئەم لاو و ئەولان و فریو قسەی بێ بنەما و ئێحساساتی خۆیان خواردەوە، پێویستە بە خۆیاندا بێنەوە و بەوردی سەیری رووداو و پێشهاتەکان بکەن و بەباشی هەڵیانسەنگێنن و داوای لێبوردن بکەن کە بە هیچ پێوەرێک لەگەڵ کردەوە و رەفتار و ئەخلاقی کوردەواری دا یەک ناگرێتەوە، بەڵام قسەی من رووی لە بەشەکەیترە، ئەو بەشەی کە بە ئاگایی تەواوەوە هێڕش دەکەنە سەر عەزیز وەیسی کە یان لە تاقمەی بیری توندرەو و جینایەتکارانەی داعشن و دژی هەموو جوانی و خۆشییەکی ژیانن و تەنیا خوێن رشتن بە پیڕۆز دەزانن و یان بوونەتە داشی سەر دامەی دوژمنانی کورد و لە پێناو بێ واتاکردن و لەناو بردنی هێما و بنەمانەتەوەییەکانی گەلەکەیان بەکاریان دێنن و ئاژاوە نانەوە و دووبەرەکی خستنەوە لە نێو ریزەکانی گەلی کوردیان پێ ئەسپاردوون ، ئەگەر وا نییە و ئەو هەڵویستە نا مرۆڤانەیە و بیریزی کردن بە کەس و کار و شکاندنی هەست و شعووری تاکی کورد لە رووی دڵسۆزییەوەیە ، پرسیار دەکەم کە ئیوە تا ئێستا جەند جاران دیاردەی جاشایەتیتان مەحکووم کردووە و ئایا لە هەموو ژیانتانا بۆ تاقە جارێک شعووری ئەوەتان هەبووە کە دژ بە جاشایەتی کە لە هەر چوار پارچەی کوردستان بە دەیان و سەدان هەزار کەس بە نوێژی نیوەڕۆیە چەکیان لە دژی گەلەکەیان هەڵگرتووە و خزمەتیان بە داگیرکەران کردووە، هەڵویست بگرن و بێنە سەر جادە و یان هەر بەو شێوەیەی کە لە دژی وەیسی دەوەستنەوە، رووی قسەکانتان لەوانیش بکەن؟
عەزیز وەیسی بە هەموو خرابیەکانییەوە، بەلانی کەمەوە توانیویەتی لە ریگای گۆرانییەکانیەوە کەمێک خزمەت بە هونەر و ئەدەبی کوردی بکات، باشە ئێوە لە خۆتان پرسیوە کە لە کوێی ئەو کۆمەڵگایەدان و چیتان بۆ کردووە؟ ئایا بە بێرێزی کردن و سووکایەتی دەتاهەوێ داکۆکی لە نەتەوەکەتان بکەن؟ئیوە چیتان لە عەزیز وەیسی کەمترە، ئەگەر عەزیز وەیسی خەڵکی بەشێکیتری کوردستانە ، خۆ ئیوە خەڵکی ئەو بەشەن کە داعش هێرشی بۆ هێناوە ، بۆ ناچن بەرەوروویی ببنەوە و بۆ چاوەرێی عەزیز وەیسی دەکەن؟ ئەگەر ولامتان ئەوەیە کە پێشمەرگە بەرەورووی بوونەوە، لە بەشەکانیتری کوردستانیش بە سەدان و هەزاران کەس چ بە خۆ بەخش و چ لە رێگای حیزبەکانەوە بەشداری ئەو بەرگرییە بوون و شەهیدیان بۆ پاراستنی نیستمان بەخشی، ئاوا وڵامی چاکەکەیان دەدەنەوە؟ ئایا ئێوە توانیوتانە تاقە یەک دۆلار بۆ خەڵکەکەتان بنێرنەوە، بە پێچەوانەوە خەڵکەکەی عەزیز وەیسی ، رۆژهەڵاتی کوردستان ، بە گەورەو و بچووک، ژن و منداڵەوە بە هانای بەرپەرچدانەوەی ئەم هێرشەوە هاتن و بە ملیۆنان دۆلار یارمەتییان بە خوشک و براکانیان کرد ، ئاوا وڵامیان دەدەنەوە و ئەمە ناو دەنێن دڵسۆزی ؟
هەروەک لەسەرەتاوە باسم کرد، هەرگیز عەزیز وەیسیم خۆش نەویستووە و خۆشیشم ناوێ ، بەڵام ناکرێ بە تێفکرین و بینینی ئەو هەزاران هەزار نەهامەتی و بەدبەختییەی کورد کە هەیە ، هەمووی بە لارێدا بچێ و لە ژێر ناوی بێریزی بە عەزیز وەیسی پەردەپۆش بکرێن و لەوەش گرینگتر هێڕش بۆ سەر بێ دەسەڵات ترین کەسی ئەو نیشتمانە رەوا بێ .
هێڕش بۆ سەر عەزیز وەیسی و هەموو تاکێکی ئەو کۆمەڵگایە بە زمانێکی دوور لە ئەخلاق و بیڕێزی و هەڕەشە مەحکوومە و پێویستە هەموو تاکێکی کورد هەڵوێستی هەبێ ، هەڵوێست نە بۆ عەزیز وەیسی بەلکوو بۆ بە ئاکام گەیشتنی ئاواتی ئەو شەهیدانەی کە ئێستا کۆمەڵێک کەس لە ژێر ناوی ئەواندا بە لارێی دا دەبەن ، هەڵوێست بۆ رێگری کردن لە بیری توندئاژۆخوازی و زمانی هەڕەشە و بەر مەترسی خستنی دوارۆژی کوردستان ، هەڵوێست لە پیناو ئازادی رادەربرین و ئازادی ژیان و بە دێموکراتیزە کردنی نیشتمان . هەڵوێست لە پێناو وڵاتێکی شکۆمەند و خاوەن رێز و قەدر و قیمەتی مرۆڤەکان . بەڵێ کورد پێویستە هەڵویستی هەبێ ، هەڵوێستێک کە کۆتایی بە زمانی شڕ و هەڕەشە بۆ سەر گیانی مرۆڤی کورد بێنێ.
ئێمە ناتوانین داوای مافی یەکسانی و بە یاسامەندبوونی وڵاتێک بکەین و چاوەروان بین کەلەودا مافی هەموان بە ژن و پیاو و مناڵ و رۆژنامەوان و کاسبکار و شاری و دێهاتییەوە پارێزراو بێ بەڵام لە ئاست زمانی توند و زبر و مەترسی دارەکان دا بێ دەنگ بین .
ئەگەر دوێنێ گەلی کورد لەسەر بە ناهەق کوشتنی دۆعا وەجواب بەهاتایە ، بێ گومان ئەو سەدان و هەزاران ژنەی دوای دۆعا نەدەکوژران . ئەگەر لەسەر سەردەشت عوسمان وەجواب بەهاتایە، کاوە گەرمیانی نەدەکوژرا، ئەگەر لەسەر عەزیز وەیسیش بە جواب نەیات ، دەبێ چاوەروانی ئەوە بکەین کە لە داهاتوویەکی نە زۆر دوور دا عەزیز وەیسییەکان لە لاکۆڵانێک یان هۆڵێک و یان شوێنێکیتر دا گیانیان لێ بستێنرێ . ئەوەیە کە ئەرک دەخاتە سەر شانمان تا هەڵوێستمان هەبێ و رێگری لە دوبارە بوونەوەی بە ناهەق رژاندنی خوێنەکان بکەین و هەر بۆیەش لە لایەن خۆمەوە هەرجۆرە زمانێکی توند و زبر و هەرەشەکردنێک مەحکووم دەکەم و پێویستە لە وڵاتی ئێمەدا تەنیا یاسا سەروەر بێ و یاسا بتوانێ پێوەر بۆ تاوان دیاری بکات تاکۆ کۆمەڵگای کورد بەگشتی و رۆژنامەوانان، هونەرمەندان و ژنان و کەمایەتییە ئایینی و نەتەوەییەکان گیان و مافیان پاریزراو بێ .
رەشید زەرواوی