"an independent online kurdish website

لەبەر گرنگی بابەتەکە، لەدوای ئیزن وەرگرتن لە بەربرسی ڕۆژنامەکە بەپێویستم زانی، وەریگێڕمە سەر زمانی کوردی. هیوادارم کەڵکی بەسوودی بۆ خوێنەرانی کورد هەبێت.mejid-palani-2013

کرانەوەی خول.

کرانەوەی خولێکی فێرکردن و ڕاهێنان لەسەر چۆنییەتی پارێزگاری و چاوەدێری منداڵەکان،  بۆ ئەو ژن و مێردانەی لەیەک جیا دەبنەوە ـ جیابوونەتەوە ـ لە شارداری لۆرنسکوگ لە وڵاتی نۆروێژ، لەلایەن پزیشکی دەروونناس “ڕاگنا ڕوگە” و پزیشکی نەخوشی  گشتی”گریتە ترونگارد” و “کریستن هورباک – سیمونسن”.

بۆ یەکەمجار شارداری لۆرنسکوگ بە مەرجانی ئەم خولە دەکاتەوە. ئەم خولەش لەلایەن سێ پزیشکی دەروونناس و سێ پزیشکی گشتییەوە لە نهۆمی ٧ی لۆرنسکوگ هوس بۆ دانیشتوانی ئەم شاردارییە بەڕێوە دەچێ. شایانی باسە. بەشداریکردن تەنیا ئەو کەسانە ناگرێتەوە تازە جیا بوونەتەوە، بەڵکوو ئەوانەش دەگرێتەوە ماوەیەکی زۆرە جیا بوونەتەوە.

مەبەستی سەرەکیش فێرکردن و بارهێنانی دایک و بابە جیابووەکانە لەسەر چۆنییەتی پارێزگاری و سەرپەرەستی منداڵەکانیان، بۆ ئەوەی منداڵەکانیان باشتر و پارێزراوتر و ئاسوودەتر بژین.

پزیشکی دەروونناس “چەرستی هیلدونن” لە شارداری لۆرنسکوگ ئێژێ (کاتێک دایک و بابەکان لەیەک جیا دەبنەوە، زۆربەی کات ئاڵۆزییەکانی نێوانیان بەرز دەبێتەوە. لەو کاتانەدا، ئاستەمە کە بزانن چەندە لەسەر دۆخی ئاسایی نین، لەوەی کە تێیدان. کەوایە، زۆر پێویستە لەو کاتانەدا پێویستییەکانی منداڵەکان لەپێشچاو بگیرێ.

ناوبراو ئێژێ “دوای جیابوونەوەی دایک و بابەکان لەیەکتر، منداڵەکانیان تووشی گرفت دەبنەوە” هەروەها ئێژێ ” ئەگەر ئێمە دایک و بابە لەیەک جیابووەکان فێر بکەین چۆن لەگەڵ منداڵەکانیان هەڵس و کەوت بکەن، ئەوە پێشگیریمان لە نەخۆشکەوتنی منداڵەکان کردووە.”

بەڕێوەبەرانی خولەکە پێیان وایە ـ دایک و بابەکان دەبێ لە دۆخی منداڵەکانیان تێبگەن و لە چاوی منداڵەکانەوە بۆ دۆخەکە بڕوانن ـ

جیابوونەوەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵەکان دادەنێ.

پزیشکی دەروونناس “ڕوگنا ڕویگ سڤیلا” ئێژێ “کاتیک باب و دایکان پێکەوەن، ئاستەمە منداڵەکان بەخێو بکەن، ئاستەمتر ئەوەیە، کە لەیەک جیابن و چاوەدێرییان لێبکەن”. کەوایە، زۆر گرنگە دۆخی منداڵەکان لە چاوی خۆیانەوە تماشا بکەی و تێبگەی.

کریستن هورنباک ـ سیمونسن” ئێژێ ـ کاتێک من لە ژن و مێردە جیابووەکان دەپرسم، پێوەندی و هاوکاریتان پێکەوە بۆ چاوەدێری منداڵەکانتان چۆن پێش دەچێ؟ ئێژن زۆر باشین، بەڵام کاتێک من لە خوێندنگەکاندا لەمنداڵەکانیان دەپرسم، ئەوان بەتەواوی ڕای جیاوازیان هەیە” بۆیە، پێویستە لە ڕوانگەی منداڵەکانەوە تماشای دۆخەکەیان بکرێت.

 

چەند ئامۆژگارییەک بۆ ژن و مێردە جیابووەکان.

ئەمانەی خوارەوە هێندێک ئامۆژگارین لە لایەن بەڕێوەبەرانی خولەکەوە ـ پزیشکەکان  ـ بۆ ئەو ژن و مێردانەی لەیەک جیا بوونەتەوە!

ـ کاتێک گرفت لە نێوانتان ڕوو دەدات، پێوەندی بگرن بە لایەنی سێیەمەوە، کە دایرەی چارەسەری گرفتەکانە. ئەوان ئامادەی هاوکاری و یارمەتیدانن.

ـ هەوڵ بدەن شتەکان لە ڕوانگەی منداڵەکانەوە ببینن و منداڵەکە بکەنە ناوەندی دۆخەکە، چوونکە کاتێک مرۆڤ هەڵەچێ ئاستەمە لایەنی دیکە ببینێ.

ـ لەبیرتان نەچێت، لەبەر ئەوەی جیابوونەوەی دایک و بابەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵەکان دەبێت، پێویستە هەم کات و هەم هەلی گونجاویان پێ بدرێت بۆ ئەوەی منداڵەکان بتوانن لەگەڵ دۆخەکەدا بێنەوە.

ـ  دوای ئەوەی منداڵەکان لە دۆخە نالەبارەکە تێدەگەن، نابێ تەنیا بۆئەوەی دۆخەکە پەردەپۆش بکەی، لەپر بچن بۆ سینما یان هەرشوێنێکی دیکە ، چوونکە دۆخەکە دۆخێکی ناخۆشە بۆ منداڵەکان.

ـ لەبیرتان بێت، بێدەنگەکردن و نەدیتنی کێشەکان خراپترین شتن.

ـ هیچیش پێویست ناکات ئێوە باشترین دۆستی یەکتر بن بۆ ئەوەی پێکەوە کار بکەن بۆ باشتر بوونی چاوەدێری منداڵەکان.

ـ زۆرێک لە باب و دایکان پێیان خۆشە، کە پێوەندییەکی باشیان لەگەڵ منداڵەکانیان هەبێت، بەڵام ئەوە چارەسەری کێشەکان ناکات، ئەگەر بە چاوی بێڕێزییەوە تماشای یەکتر بکەن.

 ـ بەواتایەکی ڕوونتر، نابێ ژن و مێردەکان دوای جیابوونەوەیان پشتەسەری یەکتر بدوێن

 ـ (وەرگێڕ)

ئەمانەش کۆمەڵێک حەز و داوای منداڵەکانن، دوای دابڕانی دایک و بابیان لەیەکتر!

ـ کاتێک لەیەک دادەبڕێن و جیا دەبنەوە، پێمان بێژن (ئاگادارمان بکەنەوە)

ـ مامۆستاکانمان لە دۆخەکە ئاگادار بکەنەوە، بەڵام نەک هاوخوێندکارەکانمان.

ـ لەنزیکی ئێمەدا شەڕ مەکەن (ئێمە لە ئاژاوەی خۆتان تێوە مەگلێنن) (وەرگێڕ)

ـ لەنزیکی یەکەوە بژین (با ماڵەکانتان دووری یەک نەبن)

ـ لێمان گەڕێن با لە ژینگەی پێشووماندا بژین.

ـ ئاگادار بن، پێداویستی و جل و بەرگی من دەبێ لە هەردوو ماڵەکانی ئێوەدا ببێ.

ـ لەکۆتاییدا ئێوە بڕیار دەدەن، بەڵام منیش مافی ڕا دەربڕێنم هەیە.

ـ ئیزنم بدەن نێوبژیوانەکان لەگەڵم بدوێن (ئەوانەی، کە منداڵ پارێزن)

ـ بۆ هاورد و بردی پەیامەکانتان بۆ یەکتر، من بەکار مەهێنن (من مەکەن بە پۆستەچی نێوان خۆتان) ـ وەرگێڕ ـ

ـ هاوڕێ بن.

ـ سەبارەت بە پشووەکان و ڕۆژانی ئازادم، گوێم بۆ بگرن (خواستی من لەبەر چاو بگرن)

ـ با یاسایەکی هاوبەشتان لە هەردوو ماڵەکەدا هەبێت.

ـ لەوەی، کە کامتان دایک یان بابێکی باشن، کێ بەرکێ مەکەن (هەوڵ مەدەن لە ئاوی لێڵ ماسی بگرن. بۆ ئەوەی من بەلای خۆتاندا ڕاکێشن و تای تەرازووی خۆتانی پێ قورس بکەن، من وەک کەرەستەیەک بەکار ببەن) (وەرگێڕ)

ـ ڕای من لەبەر چاو بگرن، ئەگەر حەزم لێیە سڵاوی دۆستە نوێیەکەی ئێوە بکەم، یان، نە.

ـ ئێوە مافی خۆتانە هاوڕا نەبن، بەڵام ئەگەر هاوڕا نەبوونەکەتان پێوەندی بە منەوە هەبوو، لێم بپرسن.

ـ ئەوەندە باوەڕمان پێ مەکەن، هەموو هەست و ڕازەکانی خۆتانمان پێ بێژن.

 ئەوەی کە باس کرا گوڵبژێرێک بوو لە وتەی ئەو ناوبراوانە، کە لەو ڕۆژنامەیەدا هاتبوو، لەگەڵ هێندێک وردە تێبینی خۆم. هیوادارم کەڵکی بۆ خوێنەرانی کورد هەبێت.

مەجید پاڵانی، نۆروێژ.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی