"an independent online kurdish website

کورتە پێشەکی:هاوڕێیەک تەلەفوونی کردبوو، دوای نووسینی یەک دوو بابەت و ڕاهاتنی دەستی، ماوەیەک بوو قەڵەمەکەی لە نووسین چووبۆوە، لێم پرسی بۆ نانووسی؟ کوتی: نازانم لەبارەی چیەوە بنووسم.halmet_mairufi

سەرێکم ڕاوەشاند و عەرزم کرد مادام وابێ نووسەر نی، ئەگینا دەکرێ چالاکوانێک بیت یان لە ئێران بژی بەڵام بابەتت بۆ نووسین نەدۆزیەوە؟ لە ئێرادا کێشە و تەنگژە و ئاڵۆزی یەکجار زۆرن، مانگرتنی کرێکاران و نەدرانی مووچە، گیران و کوژران و سێدارە و مانگرتنی بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی و دۆخی خراپی بواری تەندرووستی و مانگرتنی مامۆستایانی قوتابخانە و کێشەی ئایینی و زۆرداری لەسەر ئایین و ئایین زاکان، ماددەی هۆشبەر و خۆ کوشتن و خۆ سووتاندن و مافی ژنان و …هتد، هەر هەمووی ئەوانە کەرەستە و بیانوون بۆ خەباتی مەدەنی، کە حیزبە کوردیەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەتوانن وەک دەرفەت بیانقۆزنەوە و بە بێ دانی دروشمی زەق و تەنانت بوونی ڕاشکاوانەیان، کەڵکی لێ وەربگرن و هەمیشە وەک مۆتەکە سێبەریان لەسەر سەری ئیران بێت و ببن بە فاکتەرێکی گرنگ لە ناو هاوکێشە سیاسیەکاندا.

بابەتی سەرەکی:

خەباتی چەکداری لە ساڵەکانی ١٣٧٦ بەو لاوە بە گشتی نەما و داڕما، حیزبەکان بە تەواوی کشابوونەوە باشور و جووڵە لە ناوچەدا نەما و هێز و شانە و …. هتد، کۆ کرایەوە و زۆرێک لە خەباتکاران، خزێنرانە سووچی بەندیخانەکانەوە و پەتەکانی سێدارە، بوونە ئامێزی زۆرێک لە شۆڕشگێڕەکان و …. ئەو چیرۆکە تراژدیکە هێشتاش بەردەوامە….

ئەوەی راستی بێت ئەوەیە کە خەباتی چەکداری ئێستا بە چەند هۆیەکەوە کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەکەم، ئەستەم و لە زۆر شوێن و کاتیشدا ئیدی هەر ناکرێ:

یەکەم: نزیکەی بیست و پێنج ساڵە لە ناوچە دوورین و ئەوەش زۆر شتی گۆڕیوە: وزەی پێشمەرگە، حەز بە ژیان، ژیانی بنەماڵەیی و شارستانی لە جێی ژیانی شاخ و پێشمەرگایەتی، ڕاهاتنی خەڵک لە ناوخۆ بە ژیانی بێ قڕە و بڕە، نامۆ بوونی نەوەی نوێ لەگەڵ پێشمەرگە و پارتیزان، گەشەی هۆکارەکانی ڕاگەیاندن و سیخوڕی و پەیوەندی، گەشە سەندنی سیخوڕی و جاشێتی لە پێناو خۆش کردنی ژیان، کەم بوونەوەی بڕوا و باوەڕ و …هتد.

دووهەم: قەندیل ئیستا لە لایەن پ ک ک و ئێرانەوە (بە هاوکاری و ئیزن و ڕەزامەندی پ ک ک) وە داگیر کراوە و حاجی ئەحمەدی کوتەنی خۆ بێ خاوەن نییە هەر کەس سەری داخست لێی وەژوور بکەوێ، چیای جاسووسانیش کە ماڵئاوایی لەگەڵ کورد کرد و خۆی ڕادەستی ئێران کرد و ئێستا لە زۆرێک لە قوژبنەکانی قەندیلیش، پایەگا و ڕێگای قیر دەبینرێت. کەواتە هەم بەڕێوە بردنی عەمەلیاتی چەکداری و سەربازی و هەم ڕێگاکانی چوون و سەرەوشۆڕ بوونەوە بۆ ئێران وا ئاسان نەماون و بۆی هەیە لەو ڕێیەدا تووشی شەڕی برا کوژیش ببینەوە.

سێهەم: ئێران لە هەموو ڕوویەکەوە پەرەی سەندووە و بە هیچ جۆر ناکرێ لەگەڵ ٣٠ یان تەنانەت ٢٠ ساڵ لەمەوبەر بەراوردی بکەین. لە ڕووی نیزامی و وزەی ناوەکی و پەیوەندی نێونەتەوەیی و پەیوەندی لەگەڵ دراوسێکانی و گرتنە دەستی ڕەشمەی ڕێبەری و بەڕێوەبەریان (ئەوە بەر لە هەموو وڵاتێک، هەرێمی کوردستانی باشوور دەگرێتەوە)، دەست تێکەڵاوی لەگەڵ گروپە تووندئاژۆ و ئیسلامی و تیرۆریستیەکان لە هەر قولینچکێکی ئەو جیهانەدا و هەبوونی کارامەیی لە بەرهەم هێنانی چەک و تەقەمەنی و …تاد، کپ کردنی زۆرێک لە نەیاران و لابیگەرییەکی بەهێز لە هەر شوێنێکی ئەو جیهانە کە بیری مرۆڤی سیاسیش لەوانەیە بۆی نەچێت و هەبوونی ژووری فکری کۆک و پۆشتە و…. تاد.

چوارەم: حیزبەکانی باشوری کوردستان، بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خۆیان (کە حیزبین نەک نەتەوەیی) لە هیچ خۆیان نەبواردووە (بەتایبەتی یەکێتی)، ئەوەش وای کردووە کە یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانیان و کارت و بەرگی یاریان، حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بن، ئەوەش سێ هۆکاری سەرەکی هەیە: کاریگەری ئێران لەسەریان و بەتایبەتی بۆ بردنەوەیان لە دژی یەکتری یان بۆ پێس گرتن لە دۆڕاندنی حیزبی، دژبەری و ڕکەبەرایەتی کۆنی دوو حیزبی سەرەکی باشوور و ترسان لە دۆڕان لە هەمبەر یەکتری، بێ خاوەنی و لاوازی و پێداویستی ماددی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بە کوردستانی باشور.

کەواتە ئێستا کە خەباتی چەکداری بە شیوەی ساڵەکانی پەنجا و شێست و هەندكیش لە حەفتاکان، ناکرێت (هەرچەند هەندێک لە شێوەکانی خەباتی چەکداری ئیستاش دەتواندرێت کاری پێ بکرێت کە ئەوەش کاری کەسانی پسپۆڕی بواری چەکداریە و من خۆی لە قەرە نادەم)، ئەدی ئەرکی حیزبێکی کوردی و پێشەنگی خەباتی گەلێکی چەوساوە چیە؟ ئایا دەبێ دەست لە سەر دەست، چاوەڕوانی قەزا و قەدەر و ڕەحمی ئەمریکا و هاتنی ڕۆژی ئەجەلی ئێران بوێستن؟ یان ئەوەتا دەکری ژووری هزر دابمەزرێنین و بە کۆ کردنەوەی کەسانی پسپۆڕ و وەرگرتنی ڕا جیاوازەکانیان، شێوازە نوێ و کەم تێچووەکانی تری خەبات و بەتایبەت خەباتی مەدەنی و ناتووندئاژۆیانە، بگرینە بەر و تێبکۆشین بە بەردەوامی ببین بە هەڕەشە لەسەر ئێران و بەم جۆرە هەم ببنە سەر ئێشە بۆ ئێران و هەمیش ببین بە فاکتەرێک لە ناو کێشە و چارەسەری کێشەکاندا و هەمیش هێز و وزەی خۆمان نیشان بدەین تا بەم جۆرە کەس بۆی نەبێ لە خەیاڵیشیدا، پەل ببزێوێ و ئەسپی سەرکەشی بێ ڕیزی خۆی لە ئێمە تاو نەدات و لە لایەکی تریشەوە، کاروانی خەبات بگەیێنینە مەنزڵ و بەو بەرنامە و ئەساسنامەی کە هەمانە، کیانێکی نەتەوەیی و ژیانێکی مرۆڤانە و شیاو بۆ خەڵکەکەمان دابمەزرێنین.

جین شارپ لە کتێبەکەی خۆدا بە ناوی (لە دیکتاتۆرییەوە تا دێموکراسی) باس لە شێوازە ناتووندئاژوێیانە و بە واتایەکی تر، شێوازە نەرم و نیانەکانی خەبات بە دژی دیکتاتۆر و هەوڵ بۆ لە ناو بردن و ڕووخانیان دەکات و لای وایە کە ئەوم شێوازانە زۆر باشتر و کارامەترن لە شێوازە تووندئاژوێیانە و ڕەق و چەکدارییەکان.

شارپ بەشێک لە کتێبەکەیدا لەمەڕ ئەو شێوازانەوە دەنووسێت: کردار و چالاکییە ناتووندئاژوێیەکان بەسەر سێ بەش و تاقم دا دابەش دەبن کە بریتین لە: دەنگ هەڵبڕین و هاندان، خۆ بواردن لە هاریکاری و هێڕش.

هەروەها دەنووسێ: (٥٤ شێوە) هەیە کە لە شێوازی دەنگ هەڵبڕین و هاندان دا کەڵکیان لێ وەردەگیردرێت. شێوەکانی شێوازی خۆبواردن لە هاریکاریش، دابەش دەبن بە سەر سێ تاقم دا: هاوکاری نەکردنی کۆمەڵایەتی (١٦ شێوە)، هاوکاری نەکردنی ئابووری (٢٦ شێوە)، هاوکاری نەکردنی ڕامیاری (٣٨ شێوە)، هەر وەها لە شێوازی هێڕش بردنە سەریشدا (٤١ شێوە) مان هەیە کە دەتوانین بە کاری بێنین.

لە سەر جەم ئەو شێواز و شێواانەدا، خەباتی چەکداری و کەڵک وەرگرتن لە چەک و دەست بردن بۆ کوشتن و بڕین، کەمترین جێگە و پێگەی نییە مەگەر ئەوەی کە ئیتر لە کۆنترۆڵ بچتە دەر و چارەیەک نەمێنێت. کەواتە بە ڕاشکاوی دەتوانین بڵێین ئەگەر ئێمەی ڕۆژهەڵات و ئۆپۆزیسیۆن و هێزە سیاسی- چەکدارییەکانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئەمڕۆ دەست و قاچمان بۆ خەباتی چەکداری بەستراوە و هەل و دۆخمان لە خۆمان گرتووە یان لێیان گرتووین، ناتوانێ بیانوویەک بیت بۆ نەبوون و مردن و کپی شێواز و شێوەگەلی تری خەبات.

پێوستیەکی حاشا هەلنەگرە کە حیزبەکانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، هەم کارامەیی و هەم دەرفەت و هەم کەرستە و هێزی مرۆیی بۆ ئەنجام دانی خەباتێکی ئەوتۆیان هەیە و دەشکرێ بە بێ لێوە لەرزە بڵیین کە ئەو چەشنە لە خەبات لە زۆر قۆناغ دا کراوە، بەڵام تێر و تەسەل نیە و نەیتوانیوە ئاسۆ ڕوون بکات. کەواتە پێویستە حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، چی تر لە گوێی گادا نەخەون و جووڵەیەک لە خۆیان بدەن، ئەوەش بەو واتایە نیە کە تا ئیستا بە گشتی خەوتوون و جووڵەیان نەبووە، نا بە پێچەوانە جووڵەی بەردەوامیان بووە و ئەو جووڵانەشە کە ئیمەی هێشتۆتەوە و وا دەکا ئیستا منێکی خامە لاواز، لەسەری بنووسم، بەڵام ڕاستیەکە ئەوەیە کە جووڵەکە لاواز و کاتی بوون و لە لایەن تاکەکانەوە کراوە نەک حیزبەکان بە گشتی و نەیتوانیوە وڵامدەرەوەی پرسەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بێت.

پێویستە حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی بە کەڵک وەرگرتن و خستنە گەڕی ئەو وزە مرۆییە بەر بڵاو و بە توانایەی کە لە ناوخۆ هەیانە، زیاتر خۆ بخزێننە ناو قووڵایی کێشە و ناڕەزایەتییەکان و هەوساری ئەو بزاڤانە بگرنە دەستی خۆیان و دەوری کارایان تێدا ببینن، لەو ناوەشدا پێویست ناکات درووشمەکان، هەمان درووشمی حیزبیمان بن یان ئەوەتا بمان هەوێت لە پڕێکەوە ببین بە کوڕێک، پشوو درێژی و هەنگاو بە هەنگاو کار کردن، مەرجی سەرەکی براوە بوونی یەکجارەکیە، ئەزموون دەڵێ دەبێ لە ئەو گۆمە بە ڕواڵەت مەندەی ئێران، بە چوونە ناو ئەو جووڵە و مانگرتن ە بزاڤە نەرمانە، ڕووی ڕاستەقینەی دەربکەوێت و بسەلمێندرێت کە ئەو گۆمە مەندە لەمێژە شڵەقاوە!

 

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی