له ژیانیدا هیچ ساڵ و قۆناغێك نه‌بووه، تووشی مه‌رگه‌سات و نه‌هامه‌تی نه‌بووبێت
“كه‌وتوومه به‌ر تووكه‌شه‌قی چاره‌نووس و وه‌گ گۆیه‌كی سه‌رگه‌ردانی نه‌فه‌رتی خوام
زه‌وی له‌به‌ر گرانیی له‌شمان ئه‌ناڵێنێ..
ئاسمان له حاندی من چاوی هه‌ڵنایه،
شێره به‌فرینه‌ی ده‌ستی منداڵانی چاره‌نووسم.”
خاوه‌نی ئه‌م دێڕانه، قه‌ڵه‌مێكی تووڕه، جه‌سته‌یه‌كی له‌ڕ و لاوازه و وه‌ك خۆی ده‌ڵێ: “دووپشك گه‌ستووی ئازارێكم”، به‌ڵام پڕ هه‌ست و سۆز و هه‌ڵوێست و به‌رخودان. شیعری تژییه له نیشتمان، خوا و بیر و باوه‌ڕ له‌لای ئه‌م ئه‌دیبه كورده، هه‌موو كات له‌گه‌ڵ ئاواته به‌دینهاتووه‌كانی ده‌سته‌وئێخه‌یه.
ژیانێكی پڕ له هه‌وراز و نشێو، خه‌م هه‌میشه سیمای داپۆشیوه و زیندان و ژووری تاكه‌كه‌سی، وه‌ك مۆته‌كه‌یه‌ك كه‌وتوونه‌ته گیانی و له كۆڵی نابنه‌وه، كه‌له‌پچه و زڕه‌ی زنجیر هاوده‌می بێ ئۆقره‌ییه‌كانی ئه‌م شاعیره‌ن.
جه‌لال مه‌له‌كشا، شاعیر، نووسه‌ر و وه‌رگێڕی به‌توانا، ساڵی 1951 له گوندی “مه‌ڵه‌كشان”ی سه‌ر به شاری سنه له‌دایك بووه، هه‌ر له شاری سنه خوێندوویه‌تی و هه‌ر له ته‌مه‌نی مێرمنداڵییه‌وه هۆگری شیعر و ئه‌ده‌ب بووه.
سه‌ره‌تای نووسینی به‌هۆی زاڵبوون و هه‌ژموونیی ئه‌ده‌بی فارسی، به نووسینی شیعر و چیرۆكی فارسی ده‌ست پێ كردووه و به‌هۆی قه‌ڵه‌می سیحراوی و گرتنه‌به‌ری رێباز و ژانری ئه‌ده‌بی به‌ره‌نگاری، خێرا توانی له كۆڕی ئه‌دیبانی فارس‌دا جێگه‌ی خۆی بكاته‌وه.
له ته‌مه‌نی 18 ساڵیدا به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ به‌رهه‌مێكی چاپكراوی هه‌بێ و ته‌نیا له‌به‌ر توانایی له نووسین و نزیكایه‌تی له‌گه‌ڵ چه‌ند نووسه‌رێكی گه‌وره‌ی وه‌ك ئه‌حمه‌د شاملوو، غوڵام حوسێن ساعیدی و… بوو به ئه‌ندامی “كانوونی نوسه‌رانی ئێران” و له ماوه‌یه‌كی كورتدا له چه‌ندین گۆڤار و بڵاوكراوه‌ی فارسی زماندا، به‌رهه‌مه‌كانی بڵاو كرانه‌وه و له ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌دا، توانی گه‌لێك به‌رهه‌م و شاكاری هه‌رمان له بواری شیعر و چیرۆكدا، به زمانی فارسی بنووسێت.
هه‌ڵوێستی كوردانه و لایه‌نگریی چه‌وساوه‌كان و بوونی بیری دژ به داگیركه‌ر و ده‌روه‌ستبوون له هه‌مبه‌ر نووسین، ئه‌ركی هه‌موو كات و هه‌موو قۆناغێكی جه‌لال مه‌له‌كشا بووه و ئه‌مه‌ش كردوویه‌تیه شاعێرێكی خۆشه‌ویست و نیشتمانپه‌روه‌ر.
بوێری و راستگۆیی له كردار و نووسینی جه‌لال مه‌له‌كشادا بۆ ده‌زگا ئه‌منی و ئیتلاعاتییه‌كانی حكوومه‌تی پاشایه‌تی قه‌بووڵ نه‌ده‌كرا، بۆیه چه‌ندین ساڵی ته‌مه‌نی له ده‌یه‌ی 1970 له زینداندا بووه و گه‌لێك ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی بینیوه و به‌شێكی زۆر له نووسینه‌كانی هی كونجی زیندانن و كاریگه‌ریی زیندان و زوڵم و زۆر و سووكایه‌تیی دوژمنانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی به هه‌موو نووسینه‌كانیه‌وه دیارن.
هاوكات له‌گه‌ڵ ده‌سپێكی شۆڕشی گه‌لانی ئێران و ره‌خسانی ده‌رفه‌ت و هاتنه ئارای تۆزقاڵێك ئازادیی نووسین، جه‌لال مه‌له‌كشا وه‌ك ئه‌دیب و شاعێرێكی ده‌روه‌ست رووی قه‌ڵه‌م و هزر و نووسینی به ئاراسته‌ی زمانی كوردیدا وه‌رگه‌ڕاند. مه‌له‌كشا به‌هۆی شاره‌زایی له زمانی كوردی و به‌تایبه‌ت ژانری شیعر و بوونی ئه‌زموونی ده‌وڵه‌مه‌ندی ئه‌ده‌بی فارسی و بیانی، توانی له پانتایی شیعری نوێی كوردیی رۆژهه‌ڵاتدا و پاش سواره ئیلخانی زاده، ببێـته یه‌كێك له ده‌نگه دیاره‌كان و له شێواز و رێچكه‌ی خۆیدا كه ئه‌ده‌بی به‌ره‌نگارییه، بوو به شاعێرێكی ناسراو و شوێندانه‌ر و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر نووسین و شیعری زۆرێك له شاعیرانی هاوسه‌رده‌م و پاش خۆی دانا.
پاش دامه‌زرانی ناوه‌ندی بڵاوكردنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بی كوردی و گۆڤاری (سروه) له‌لایه‌ن مامۆستا هێمن و چه‌ندین نووسه‌ر و ئه‌دیبی دیكه‌وه له ساڵی 1984، جه‌لال مه‌له‌كشاش له‌لایه‌ن مامۆستا هێمنه‌وه بانگهێشت كرا و بوو به ده‌سته‌ی نووسه‌ران و بۆ ماوه‌ی 15 ساڵ له‌و گۆڤاره‌دا به‌وپه‌ڕی دڵسۆزی و هۆگرییه‌وه كاری كرد و به‌رپرسی به‌شی شیعر و “ئێمه و خوێنه‌ر” وه‌ڵامدانه‌وه به نامه و نووسینی شاعیرانی لاو بوو و ئه‌مه‌ش بووه هۆی به‌ستنی په‌یوه‌ندییه‌كی قووڵ له‌گه‌ڵ ئه‌دیبانی رۆژهه‌ڵاتدا.
له‌م قۆناغه‌شدا دیسان له‌به‌ر نووسین و هه‌ڵوێست و گوێڕایه‌ڵ نه‌بوون و ملكه‌ج نه‌كردن بۆ ویست و داخوازیی حكوومه‌تی ئێران، كه‌وته به‌ر رق و بێزاریی ده‌زگای ئه‌منییه‌كان و چه‌ندین جار راپێچی زیندان كرا و دیسان كه‌له‌پچه و ژووری تاریكی زیندان و خه‌مه ته‌نیاییه‌كان، بوونه‌وه هاوه‌ڵی رۆحی سرك و بێ ئۆقره‌ی شاعیری هه‌ڵوه‌دای ئازادی.
جه‌لال مه‌له‌كشا، له ژیانیدا هیچ ساڵ و قۆناغێك نه‌بووه تووشی مه‌رگه‌سات و نه‌هامه‌تی و وه‌ك خۆی ده‌ڵێ نغرۆبوون نه‌بووبێت. عه‌شق و خۆشه‌ویستیی نیشتمان، ده‌روه‌ستبوون له هه‌مبه‌ر كۆمه‌ڵگه و خه‌مه جڤاكییه‌كان، لووتكه‌ی شیعر و چیرۆكی جه‌لال مه‌له‌كشان، هه‌ڵبه‌ت به زمان و ده‌ربڕینی هونه‌رییانه‌ی به‌دوور له دروشم و بانگه‌شه بۆ هیچ ئایدۆلۆژیایه‌كی تایبه‌ت.
بووم به شاعیر
ده‌رد و ئازارم هه‌ڵبژارد
له كارگه‌ی چه‌وساوه‌كانا
شیعره‌كانم كرده تفه‌نگ
به‌ڵێنم داوه چه‌پكێ تیشك
له خۆر بدزم
بیده‌م له پرچی شه‌وه‌زه‌نگ!
تفه‌نگ و قه‌ڵه‌م، پێشمه‌رگه و چیا، خوێن و خه‌بات و شه‌هید، كوردستان و كورد، پێكهاته و چه‌قی شیعری جه‌لالی مه‌له‌كشا پێكدێنن.
شیعری مه‌له‌كشا لێوانلێوه له تووڕه‌یی، پاڕانه‌وه، گله‌یی و گازنده، قوربانیدان، سیخوڕ، خیانه‌ت، زیندان، كه‌له‌پچه، دیل، زنجیر، هاوار و زریكه، تانه و توانج، پرسیار، چه‌قۆ، كاره‌سات و ده‌یان وشه‌ی دیكه‌ی له‌م چه‌شنه به‌رۆكی شیعریان گرتووه و ئه‌مانه‌ش بوونه‌ته ناسنامه‌ی شیعریی ئه‌و.
به‌گژداچوونه‌وه‌ی گه‌ردوون و زه‌مانه، ساده‌یی و ره‌وانیی زمان و گرنگیدان به ناوه‌ڕۆك، مانای قووڵ و زمان. كه‌موكوڕی و نایه‌كسانییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌لایه‌ك و دۆخی ناله‌به‌رای جه‌سته‌یی و ژیانی تاكه‌كه‌سی و تووشبوونی به خه‌م و ئازار، ژان و بڕكی ده‌روونی و باری ئه‌سته‌می ژیان، سه‌رانسه‌ری نووسین و شیعری جه‌لالیان ته‌نیوه و به شێوه‌یه‌كی هونه‌رییانه له‌گه‌ڵ خه‌مه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی تێكه‌ڵی كردوون.
له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه زاڵبووون به‌سه‌ر زمانی كوردی و تێكه‌ڵكردنی شیعریه‌ت به داستانه جیهانییه‌كان، لایه‌نێكی دیكه‌ی به‌رجه‌سته‌ی شیعر و چیرۆكی جه‌لال مه‌له‌كشایه و هه‌ر ئه‌مه‌ش له شاعیرانی دیكه‌ی جیا ده‌كاته‌وه.
عه‌شقی رۆمانتیك له شیعری مه‌له‌كشادا له گره‌وه‌ی رزگاربوون له كۆتوبه‌ندی چه‌وسێنه‌ر و زاڵمدایه. چونكه مه‌له‌كشا زوڵم و هۆڤانیگه‌ری به به‌ربه‌ستێك له هه‌مبه‌ر ماشووقه خه‌یاڵییه‌كه‌ی ده‌زانێ.
له‌خۆبردوویی و فیداكاری بۆ گه‌یشتن به ئامانج، هیچ كات له شیعری مه‌له‌كشا جیا نه‌بوونه‌ته‌وه.
چاوه‌ڕوانی، خۆزگه و بێهووده‌یی زه‌مه‌ن و جۆرێك له نهیلیزم له ده‌سپێكی شیعری مه‌له‌كشادا هه‌ست پێ ده‌كرێ و له كۆتاییدا سه‌ره‌ڕای كێشانی ره‌نج و كوێره‌وه‌ریی زۆر، شاعیر وه‌ك كێ‌و قایم و خۆڕاگر وه‌ستاوه، بۆیه هیچ كاتێ شیعری نه‌كردووه‌ته قوربانیی ناو و نازناو.
له كۆتایی ده‌یه‌ی 1990دا دیسان خه‌م و ئازاره‌كان به‌ربینگیان به مه‌له‌كشا گرت به‌هۆی زه‌خت و گوشاری هێزه ئه‌منییه‌كانی ئێران رووی له هه‌رێمی كوردستان كرد و لێره‌ش له‌ناو هێزه سیاسییه‌كان و له كۆڕ و كۆبوونه‌وه ئه‌ده‌بییه‌كان پێشوازیی باشی لێ كرا و بۆ ماوه‌یه‌ك له شاری هه‌وڵیر به‌رپرس و سه‌رنووسه‌ر گۆڤاری “پرشنگ” بوو كه 5 ژماره‌ی لێ چاپ و بڵاو كرایه‌وه. به‌ڵام رۆحی هه‌ڵوه‌دا و بێ ئۆقره‌ی جه‌لال و شیعر، له هه‌رێمی كوردستانیش نه‌گیرسایه‌وه و پاش كوێره‌وه‌رییه‌كی زۆر دیسان ساڵی 2002 رووی كرده‌وه رۆژهه‌ڵات و له شاری سنه گیرسایه‌وه و دیسان خه‌م ده‌وری ته‌نییه‌وه و له‌گه‌ڵ ئازاره‌كان ده‌ستله‌ملان بوو.
چه‌ند ساڵێكی دیكه له شاری ورمێ له ناوه‌ندی ئه‌نستیتۆی خانی سه‌رقاڵی كار بوو و ئێسته‌ش دانیشتووی شاری سنه‌یه و ئه‌ویش وه‌ك زۆری تر له ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ندانی رۆژهه‌ڵات، په‌راوێز خراوه و له‌لایه‌ن ناوه‌نده ئه‌منی و ئیتلاعاتییه‌كانه‌وه له‌ژێر زه‌خت و گوشاردایه.
هه‌رچه‌ند نه‌وه‌ی نوێ و نووسه‌ر و ئه‌دیبی هاوته‌مه‌نی خۆی زۆر به‌ده‌ورییه‌وه‌ن و ئاگایان لێیه و رێز و حورمه‌تی ده‌گرن و هه‌تا ئێسته چه‌ندین جار له كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ی به‌ریندا خه‌ڵات كراوه، به‌ڵام نه‌خۆشیی دڵ و پیری به‌رۆكیان گرتووه و وزه و توانای كاركردن و چالاكیی جارانی نه‌ماوه.
له ماوه‌ی نزیك به 65 ساڵ ته‌مه‌ندا جیا له شیعر و چیرۆكی فارسی، كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌می وه‌رگێڕانیشی هه‌یه و به‌شێكی زۆر له به‌رهه‌مه‌كانی له‌لایه‌ن وه‌زراه‌تی فه‌رهه‌نگ و ئیرشادی ئێرانه‌وه قه‌ده‌غه‌ن و مۆڵه‌تی چاپیان پێ نادرێ.
هه‌تا ئێستا گوڵبژێرێك له شیعره كوردییه‌كانی به‌ناوی “زڕه‌ی زنجیری وشه دیله‌كان” و به‌شێك له چیرۆكه كوردییه‌كانی به‌ناوی “كاره‌سات” چاپ و بڵاو بوونه‌وه‌ه و چه‌ندین كۆمه‌ڵه شیعر و چیرۆكی كوردی و فارسیشی ئاماده‌ی چاپن.
سەرچاوە : ماڵپەری باس نیوز