ئەم نووسینە هەوڵێک نییە بۆ گومان خستنە سەر توانای هوشیاری و تێفکرینی ئۆجەلان، بە پێچەوانەوە، ئەوە یەکلایی بووەتەوە کە ئۆجەلان یەکێکە لەو سەرکردە سیاسییانەی کورد کە لە ئاستێکی باڵای فیکری و فەلسەفیدا تێدەفکرێت،
بەڵکو قسە لەسەر ئەوەیە کە ئەو شەڕی چەمکبازییەی ئۆجەلان چەندە لەگەڵ ئەو واقیعە سیاسییەی ئەمڕۆی دونیادا دەگونجێ لە پەیوەست بە چارەسەری دیموکراسی دۆزی کورد لە تورکیا؟
بەو پێیەی کورد لە شەڕی سیاسیدا پێویستی بە قووڵبوونەوەی فەلسەفی و شەڕی چەمکەکان نییە، ئەوەندەی پێویستی بە سیاسەتێکی ریالیستی و پراگماتییە. کەچی هێشتا ئۆجەلان دەیەوێت ئەو شەڕە بە فەلسەفەی شکلانییەت و عەقلانی بەڕێوە بەرێت. ئەو هێشتا گیرۆدەی شتە سەرەتاییەکان و کۆمەڵێک بەها و گوتەزایە کە لەگەڵ پێدراو و دەرهاویشتەکانی واقیعدا یەکناگرنەوە. بەو پێیەی لەگەڵ شتە نوێیەکان و پێدراوە هەنووکەییەکان و دەرهاویشتە و کاریگەرییەکانیان لە گۆڕەپانی سیاسەتی تورکیا مامەڵەی نەکردووە و تاوەکو ئێستاش دەرگیری بەکاربردنی چەکمە سوواوەکانی سەردەمی جەنگی سارد و چاخەکانی کۆڵۆنیالیزمی پورتوگالی و ئیسپانی و هۆڵەندی و ئەوانی دیکەیە لە ناوچەکەدا!
بەکاربردنی چەمکی ئیمپریالیست و هاوشێوەکانی لە سەردەمی تاک جەمسەری دونیادا، جگە لە خۆبواردن لە جەوهەری دۆزێکی نەتەوەیی زیاتر، مانایەکی دیکە ناگەیەنێت. ئەو برایەتییەی گەلان کە ئۆجەلان باسی لێوە دەکات، لەگەڵ گەردەلوولی ململانێ و بەرژەوەندییەکانی هێزە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا بە بادا چوو و تادێت کاڵتر دەبێتەوە.
پەیامی ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە نەورۆزی ئەمساڵدا، هێندەی بە تورکیایی کردنەوەی دۆزێکی نەتەوەیی و کوردستانی بوو کە بە دەیان هەزار گەنجی کورد لە پێناویدا خوێنیان ڕژاند، ئەوەندە خستنەڕووی چارەسەرێکی ڕیشەیی کورد و کوردستانیانەی دۆزەکە نییە، کە بە درێژایی چڵ ساڵ کوردی پێ سەرقاڵ و گیرۆدە کرا. تا ئەو ئاستەی ئۆجەلان هێندەی شەهید ئازاد مستەفا و پەکەکە بە قەد پاسۆک، هەناسەی کورد و کوردستانیبوونیان لە پەیوەست بە سەربەخۆیی کوردستان درێژ نەبوو و لە نیوەی ڕێگا هەناسەسووار بوون!
پەکەکە و ڕێبەرەکەی کە بە درێژایی تێکۆشانی خۆیان، شۆڕش و بزووتنەوەی کوردایەتیی پارچەکانی کوردستان و لەناویاندا شۆڕشی باشوور و سەرکردەکانیان بە ناوچەگەرێتی و هەرێمچێتی تۆمەتبار دەکرد، تا ئەوەی پێیانوابوو باشوور ئیرادەی کورد و کوردستانیبوونی لە مانا و بەهای خۆی بەتاڵ کردووەتەوە و لە خەونی عێراقچێتیدا خنکاندوویانە، هات لێرە و لە ڕێگەی دروستکردنی دوکانی سیاسی و حزبی سێبەر، بەڕەی خەبات لەژێر پێی حزبەکانی ئێرە دەربهێنێ. ماوەیەکی باش توانی ئەو گەمە ئایدیۆلۆژییە بکات، بەتایبەتی کە شەڕی ناوخۆ زەمینەیەکی باش بوو، خەڵکێک کە بە دروشمی سەربەخۆیی و یەکپارچەیی کوردستان ئەبڵەق دەبوون، بەختی خۆیان بدەنە دەستی ئەو حزبە، بەڵام ساڵ دوای ساڵ، دەرکەوت کە پەکەکەش ئەو هێزە نەبوو، ببێتە وەڵامگۆی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی مرۆڤی کورد.
ئۆجەلان لەو پەیامەیدا کە درێژکراوەی پەیامەکانی نەورۆزی ساڵەکانی پێشووە، بەڵام بە کەمێک ترش و خوێی ئەنیتەرناسیونال و گەردوونیانە. هێندەی هەوڵی داوە پەیامەکەی بکاتە قەڵغانی خۆپارێزی لە تانە و ڕەخنەی ڕای نێودەوڵەتی، ئەوەندەی هەڵپەیەتی بۆ باوەڕپێهێنانی دونیا کە تەڤگەرەکەیان دەتوانێ نماییندەی ڕاستەقینەی برایەتیی گەلان بێت لە ناوچەکەدا. ئەوەندە خوێندنەوەی لۆژیکی بۆ ڕاستی ئەو ڕووداوانەی لە تورکیا و باکووری کوردستان لە پەیوەست بە هەڵوێستی حکومەتەکەی ئاکەپە لە ئاست دۆزی کورد لەو پارچەیەی نیشتمان دەگوزەرێن، نەکردووە. ئاخر هەمووی پێنج و دوو ڕۆژێک پێش ئەو پەیامە پۆست تورکیاییەی ڕێبەری پەکەکە. ئەردۆغان، سەرۆکی کۆماری تورکیا و داینەمۆی عەقڵ و سیاسەت و ستراتیژەکانی ئاکەپە لە مێرسین گووتی: لە تورکیادا کێشەیەک نییە بە ناوی کێشەی کورد. دەی ئیتر ئۆجەلان بە نیازە ئاشتی و چارەسەری دیموکراتی بخاتە گرەوی ئەو برادەرە!
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا کە خەمخۆری ڕادیکاڵانەی خۆی بۆ برایەتیی کورد و تورک دەربڕی، کەچی دوور و نزیک باسی کوردستان و ئەو تەحەددییانەی نەکرد کە ڕووبەڕووی کورد دەبنەوە، بە وشەیەک سۆزێکی بۆ برایەتی و هاوخەباتی و هاوپشتی نەتەوەیی کوردی پارچەکانی کوردستان لە شەڕی تیرۆر دەرنەبڕی. باسی لە ئیمپریالیزم و پیلانەکانی لە ناوچەکەدا کرد، وەلێ بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان ( وەک خۆی گوتەنی ئیمپریالیزم!)ی بۆ ئازادکردنی کۆبانێ لە دەست داعش نادیدە گرت و دەمی نەگرت باس لە گەمە هەرێمایەتییەکانی ئێران و مەترسی داعش و ڕۆڵی تورکیا لەو گەمانەدا بکات. ئۆجەلان تێکەڵبوونی خوێنی گەریلا و شەڕڤان و پێشمەرگەی نەبینی، تەختکردنی کۆبانی و شنگالی بیرنەهاتەوە، کە کورد ئەو قوربانییانەی لە پێناوی ئازادی و ئاشتی و بەیەکەوەژیانی گەلاندا داوە و دەدات.
بەداخەوە، ئۆجەلان ئاماژەی بە هەموو شتێک کرد بۆ بە تورکیایی کردنەوەی کورد و باکووری کوردستان، بەڵام ڕێگەیەکی نیشان نەداین بۆ کوردستانیبوون و داڕشتنەوەی بنەماکانی برایەتیی کوردان. ڕێبەری پەکەکە بە باسکرن لە شەڕی تایبەتی و دەروونیی ئیمپریالیزم، بە دەستی ئەنقەست و لەپاڵ بەلاغەتی زمان و بەرهەمهێنانەوەی چەمکگەلێک لە چوارچێوەی داڕشتنی فەلسەفییانە، زۆر شتی دیکەی لەبیر بردینەوە کە دەبنە بناغەی پتەوکردنی برایەتیی گەلانی ناوچەکە!
سەرچاوە: روداو
….
پێشمەرگەکان: دەقی پەیامەکەی ئوجەلان ، رۆژنیوز
بۆ هەموو گەلانمان
سلاو لە نەورۆزی گەلانمان و دۆستانیان و ئەوانەی لەگەڵ ئاشتی، یەکسانی و ئازادی و دیموکراسین.. ئەو قەیرانەی سیاسەتی نیولیبرالی سەرمایەداری ئیمپریالیست و نۆکەرایەتی دکتاتۆریەتی ناوچەکە ڕێی لەسەر کردوتەوە، بەشێوەیەکی زۆر تێکدەرانە کاریگەری لەسەر هەرێمەکەمان و وڵاتەکەمان کردووە. جیاوازییە ئەتنیکی و ئایینی گەلەکەمان و کولتورەکەمان لەم کەشی قەیرانەدا، ڕووبەڕووی شەڕێکی بێ واتا و دڵڕەقانەی بووهتەوە. نە بەها مێژوویی و سەردەمی و نە ویژدانی و سیاسییەکەمان لە ئاست ئەو تابلۆیەدا هەرگیز بێ دەنگ و دوورەپەرێز نابێت. بە پێچەوانەوە دەستوەردانی بەپەلە، وەک پێداویستییەکی بەرپرسیارێتی سیاسیی و ئەخلاقی و باوەڕی ئایینیمان دەبێنێت. ئەو تێکۆشانەی گەلانی وڵاتەکەمان بۆ دیموکراسی، ئازادی و برایەتی و ئاشتییەکی ئابڕومەندانە بەڕێوەی برد، ئەمڕۆ لە قۆناغێکی مێژوویی دایە. تێکۆشانی پڕ لە ئێشی بزوتنەوەکەمان لە ماوەی چل ساڵ دا بە هەدەر نەچوو، پێی ناوەتە قۆناغێکی وەها، کە ناکرێ بەهەمان شێوە بەڕێوەببرێت. مێژوو و گەلانمان داوای چارەسەریەکی دیموکراتی و ئاشتیانە بە پێی ڕۆحی سەردەم. لەسەر ئەو بنەمایەی لە قۆناغی مێژوویی دۆڵمەباخچە دا بەو ڕاگەیاندنەی لە دە خاڵ پێک هاتووە و، لە لایەن هەموومانەوە بە فەرمی ڕاگەیەندرا، ئێمە ڕووبەڕووی دەستپێکردنی پرۆسەیەکی نوێین. بە ڕێکەوتن لەسەر ئەو پرەنسیپانەی لە بەیاننامەکەدایە، بانگی بەستنی کۆنگرەیەک بە پێویست و مێژوویی دەبینم، بۆ ئەوەی پەکەکە ئەو تێکۆشانەی نزیکەی سی ساڵە لە دژی تورکیا بەرێوەی دەبات و لە چەک پێکدێت، دوایی بێنێ بۆ دیاری کردنی ستراتیژی و تاکتییکە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی بەپێی ڕۆحی سەردەم. هیوادارم کە لە ئایندەیەکی نزیک دا، لەسەر بنەمای ئەو پرەنسیپانە و بە ڕایی کردنی لە لایەن کۆمسیۆنێکی حەقیقەت و ڕووبەڕووبونەوە، کە له ئەندام پەرلەمانی هەنوکەیی و دەستەی چاودێری پێک بێ، بەسەرکەتوانە ئەو کۆنگرەیە ببەسترێت. بەوهی ڕێی ئەو کۆنگرەیە، سەردەمێکی نوێ دەست پێدەکات، بەو سەردەمە نوێیەش لە نیو کۆماری تورکیادا لەسەر بنەمای دەستوری بنەڕەتی، وەک کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی و خاوەن ناسنامەیەکی دیموکراتی، پێ دەنێینە نێو قۆناغی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە. بەوپێیە پاشخانی ئەو کۆماری تورکیایەی، کە ٩٠ ساڵە پڕێتی لە شەڕ، دەربازبین و بەرەو ئایندەیەکی ئاشتی ڕاستەقینە، بە پێوەری دیموکراتی گەردوونی ئاوێتە بووە، هەنگاو بنێین. شتێکی کە لە مێژوویی نەورۆزی ڕاستەقینەش دا دێت، سڵاو کردنە لە ژیانی کردنی وەها نەورۆزێک؛ بەڵام دیاردەیەکی کە بۆ گەل و وڵاتەکەمان ڕاستە، دەبێ لە هەمان کات دا بۆ هەرێمەکەشمان بە هەمان شیوەیە بێ. ڕاستینەی سەرمایەداری ئیمپریالیست بە گشتیی دوو سەد ساڵی دوایی بە تایبەتی لەم سەد ساڵەی دواییەدا لەسەر بنەمای نەتەوەپەرستی نەتەوە-دەوڵەت ، ناسنامەی نەژادی و ئایینی بەشێوەیەکە کە لە دژی جەوهەری خۆی، بە ڕووی خۆی دا داخستووە و یەکیان کردۆتە دوژمن. واتە بەپێی سیاسەتی پارچە بکە و بەڕێوەببە، بونی خۆی بێ بەزەییانە تا ڕۆژی ئەمرۆمان هێناوە!. دەبێ بزانین هێزەکانی ئیمپریالیست، کە دەستیان لە هیواکانیان لە ڕوژهەڵاتی ناوین بەرنەداوە، دواییین زۆرداریان بە شێوەی داعش هاتە ئاراوە، ئەو ڕێکخراوەی کە دڕاندایەتیشی بێ واتا کردووە، بێ ئەوەی بڵێ ئەمە ژن و منداڵە، کورد، تورکمان، عەرەب، ئیزیدی، ئاسوری-سریانییە لە دژی هەموو گەل و کەمینەکانی هەرێمەکە، کۆمەڵکوژی دڕندانە ئەنجام دەدات. ڕۆژ ئەو ڕۆژەیە، کە ئەو مێژووە بێ بەزەیی و وێرانکەرە، کۆتایی بێ و پێ بنێتە ئاشتی، برایەتی و دیموکراسییەکی کە بەپێی پاشخانی ڕاستەقینەمان بێت. بە ڕاستی دەبینم و بەوە باوەڕم ههیه، نەتەوە دەوڵەتانێکی کە نەتەوەپەرستی وێرانکار، لەناوبەر و پڕ ئاڵۆزی بەرهەمهێناوە بە کرانەوە بەڕووی سیاسەتی دیموکراتی و ناسنامەی دیموکراتیانە ناچارن وەرچەرخێن بۆ وڵاتی هاوبەش. بۆ ئەوەش بانگ لە نەتەوە-دەولەتەکان دەکەم لە ناو خۆیان دا بە سیاسەتی دیموکراتیانە جۆرێکی نوێی دیموکراتی هاوبەش پێک بێنن، نەتەوەدەڵەکان لە نێو خۆیان دا ماڵی هاوبەشی دیموکراتیانەی ڕۆژهەڵاتی ناوین بونیاد بنێن. بەم بۆنەیەوە داوا لە ژنان و گەنجان دهکهم کە بەرەو ئازادی لهشهقهی باڵدهدهن و زۆرینەی چەوساوەی کۆمەڵگەکەمانن، لە تێکۆشانی ئازادی و یەکسانی دا لە بواری ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسیی و ئاسایشی قۆناغی هەنوکەییەمان چالاکانە بەشداربن و، سەربخەن. وێڕای ئەوەش سڵاو لە بەرخودان و سەرکەوتنی کۆبانێ دەکەم، کە هەم بۆ هەرێمەکەمان و هەم بۆ کۆمەڵگهی نێونەتەوەیی واتایەکی مەزنی هەیە. لەسەر ئەو بنەمایە سڵاو لە “رۆحی ئاشمێ” دەکەم کە سەمبوڵێکی مێژووی نوێی نیوان گەلانمانە. ئەو ئاماژانەی لەسەرەوە هەوڵم دا دەست نیشانی بکەم ئەگەر بە دەستەواژەیەک بڵێم: ئەوە بۆ کۆمەڵگە سەرلەنوێ پاکسازی، بونیادنەوە و داڕشتنەوەی مێژوویی و ڕۆژانەیی، بانگەوازیەکی هێژایە. جارێکی تر سڵاو لە خودی ئەم نەورۆزە مێژووییە، بەو هیوای ئەوەی کە بۆ هەموو مرۆڤایەتی ببێتە مایەی خێر. بژی نەورۆز بژی برایەتی گەلان…
ع.ئۆجالان دوورگەی ئیمرالی
……
گەڵاڵەنامە دە خاڵییەکە بەم شێوەیە:
١- سیاسەتی دیموکراتیک؛ پێناسە و نێوەرۆکی
٢- داننان بە رەهەندە خۆجێیی و نەتەوایەتییەکانی چارەسەریی دیموکراتیک
٣- گەڕەنتی کردنی یاسایی و دیموکراتیکی هاووڵاتیبوونی ئازاد
٤- سەردێڕەکانی پەیوەندیی سیاسەتی دیموکراتیک لەگەڵ دەوڵەت و کۆمەڵگە و بەدامەزراوەکردنی
٥- رەهەندە سۆسیۆ – ئێکۆنۆمییەکانی پرۆسەی چارەسەری
٦- پێکهاتەی ئاسایشیی نوێ بۆ رێخۆشکردن لە پێش پرۆسەی چارەسەری
٧- چارەسەریی یاسایی کێشەکانی ژنان، کەلتوور و ئێکۆلۆژی و گەڕەنتی کردنیان
٨- گەرەنتیەکانی میکانیزمە یەکسان و دیموکراتیک و پلۆراڵ(فرەڕەنگ)ەکان بۆ پێناسەکردن و داننان بە زاراوەی ناسنامە(شوناس)دا.
٩- سەر لەنوێ پێناسەکردنەوەی نەتەوە، وڵات و کۆماری دیموکراتیک بەپێی پێوەرە دیموکراتیکەکان.
١٠- داڕشتنی دەستوورێکی بنەڕەتیی نوێ کە هەڵگری هەموو ئەم هەنگاو و گۆڕانکارییە دیموکراتیکانە بێت.