مێژوو لایه‌نه پڕ باییخ و بێ باییخه‌كان، لایه‌نه به‌هێز و لاوازه‌كانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌ڕه‌وتی ڕووداوه‌كانی مێژوو له ناخیدا چاڵ ده‌كات و پێداچوونه‌وه به‌و ڕووداوانه و لێكۆڵینه‌وه له‌هۆ و هۆكاره‌كانی
ئیتر ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی تیژبیرانی سیاسیی و نه‌ته‌وه‌یی نه‌ته‌وه‌كان. به‌ڵام كاتێ كه تیژبیرانی سیاسیی و نه‌ته‌وه‌یی، ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تیی له ئاست ڕووداوه‌كان خاوه‌ن هه‌ڵوێستی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و نه‌ته‌وه‌یی نین و بێ ده‌نگ و بێ ڕه‌نگ و بێڕا ژیانی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی خۆیان تێپه‌ڕ ده‌كه‌ن و به هۆی هندێك به‌رژه‌وه‌ندی سیاسیی و ئابوورییه‌وه كه ده‌ستیان كه‌وتووه له‌هه‌مبه‌ر دۆخی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی گه‌له‌كه‌یان بێ هه‌ڵوێست ده‌بن، ئیتر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یان ده‌چێته چوارچێوه‌ی خیانه‌ت له ئایین و نیشتمان. چونكه نه ئایین كۆیله‌بوون به ڕووداوێكی ئاسایی پێناسه ده‌كا و نه نیشتمانیش بێ هه‌ڵوێستیی ڕۆڵه‌كانی له‌هه‌مبه‌ر ڕووداوه كێشه‌خوڵقێنه‌كان وه‌ك خزمه‌ت به نیشتمان ئه‌ژمار ده‌كات. كه‌واتا ده‌مێكه كاتی ئه‌وه گه‌ییشتووه كه خوێندنه‌وه‌ی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی بۆ ڕووداوه‌كانی مێژوو بكه‌ین و دۆست و نه‌یاری نه‌ته‌وایه‌تیی خۆمان یه‌كلایی بكه‌ینه‌وه. ئاریتما موحه‌ممه‌دی.
له‌وانه‌یه زۆر كه‌س و كه‌سایه‌تیی كورد له‌م نووسینه‌دا من به كه‌سێكی فاشیت یاخود ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ست ئه‌ژمار بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌مه گرینگ‌ترین و به‌هێزترین خاڵی لاوازبوونی كورد له مێژووی كوردستانه. هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كی سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه له ڕێگای دیموكراسیی و گفتووگۆوه مافی خۆی به‌ده‌ست نه‌هێناوه و دیموكراسیش پتر نه‌ته‌وه بنده‌سته‌كانی توواندووه‌ته‌وه و كێشه سیاسیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌بیر و زه‌ینی كۆمه‌ڵگا ده‌بات، چونكه كاپیتالیسم له پڕۆسه‌ی كێشمه‌كێشی ئابووریدا كۆمه‌ڵگا نوقمی سه‌رمایه ده‌كات و تێكڕای كێشه‌كانی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی وڵات و كۆمه‌ڵگا به ئاستی گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووریی تاك له كۆمه‌ڵگا ده‌به‌ستێته‌وه و مافی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌كانیش به‌و كێشانه‌وه گرێ ده‌دات و وه‌ك كێشه‌یه‌كی ئابووریی هه‌ژماری ده‌كات و هاوكات پێی وایه كه ئه‌و كۆمه‌ڵه پێوه‌ره سیاسیی و كولتوورییه كه گرێدراوی ئاماژه‌كانی مافی مرۆڤه ده‌توانێ كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌ژێرده‌سته‌كان چاره‌سه‌ر بكات. به‌ڵام له ڕه‌وتی ڕووداوه‌كانی مێژوودا نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌دی ناكه‌ین كه به‌بێ خه‌بات و تێكۆشان، به‌بێ دانی خوێن و گیانبازی ژێرخانی كیانێكی سه‌ربه‌ست و ئازادی داڕشتبێ و گه‌له‌كه‌ی به ئازادی و دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تیی گه‌یاندبێت و له ڕێگای دیموكراسییه‌وه سه‌ربه‌ستیی یه‌كجاریی مسۆگه‌ر كردبێت.
مه‌زنترین كۆڵه‌كه‌ی دیموكراسیی به‌ده‌ر له پێناسه كاپیتالیستییه‌كه‌ی، هه‌مان زاڵبوونی ده‌سه‌ڵاتی زۆرینه به‌سه‌ر كه‌مینه‌دایه. له‌و دۆخ و هه‌لومه‌رجه‌ی ئه‌مڕۆشدا زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری نه‌ته‌وه بنده‌سته‌كان هه‌رچه‌ند ڕێژه‌ی حه‌شیمه‌تیان زۆربێ و خاوه‌ن نیشتمانێكی پان و به‌رین بن، به‌ڵام له‌نێوان چه‌ند نه‌ته‌وه‌دا دابه‌ش كراون و له‌نێو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌شدا كه‌مینه پێك ده‌هێنن. كورد، به‌لووج، ئازه‌ری و عه‌ره‌ب ئاماژه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی پێناسه‌ی ئه‌م چه‌مكه‌ی دیموكراسی له پاشه‌ڕۆژی وڵاتێكی وه‌ك ئێران دان. فیدرالیزمیش گرێبه‌ستێكی سیاسیی و پتر ئابوورییه كه ده‌كرێ له‌پاش ڕزگاربوونی نه‌ته‌وه‌یه‌ك له بنده‌ستیی یانخود بۆ خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك سیسته‌مێكی له‌و چه‌شنه بێته‌كایه‌وه و پێوه‌ندیی به مافی نه‌ته‌وایه‌تیی و مافی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌كانه‌وه نییه. دیموكراسی كێشه‌ی سیاسیی نه‌ته‌وه‌بنده‌سته‌كان ئاڵۆز و دژوار ده‌كات و ڕێگای گه‌ییشتنه ئامانجی كۆتایی درێژتر ده‌كات و له‌باری زانستیشه‌وه له‌و پێوه‌ندییه‌دا كێشه‌ی مه‌زنی هه‌یه و به‌ربه‌ستی جیاوازی له‌به‌رده‌م دایه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كۆمه‌ڵێك مافی سه‌ره‌تایی و ده‌ستكه‌وت كه پێوه‌ندیدارن به مافه‌كانی مرۆڤ و مافی كه‌مینه‌كان به‌دی ده‌هێنێت، به‌ڵام هه‌میشه وه‌ك كه‌مینه سه‌یریان ده‌كات و ئه‌گه‌ر دیموكراتییه‌كی بته‌و بێ، ئه‌وكات له‌وانه‌یه مافی كه‌مایه‌تییان پێببه‌خشێت.
كه‌واتا دیموكراسی ناتوانێت و پێشی ناكرێ كه كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌كان چاره‌سه‌ر بكات و هه‌رده‌م چاره‌سه‌رێكی گشتگری سیاسیی بۆ سیسته‌م و چه‌مكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی له كۆمه‌ڵگاكان پێبووه. وه‌ك ئاماژه؛ كاتێ كه دیموكراسی له به‌شێكی زۆر له وڵاتانی ئه‌ورووپایی له سه‌ره‌تایی گه‌شه‌سه‌ندنیدابوو چه‌ندین نه‌ته‌وه‌ی خاوه‌ن زمان و كولتووری له ناسنامه‌كه‌یان ئاواره و بێگانه كرد. وڵاتانی به‌ریتانیا، فه‌ره‌نسا، ئیتالیا و سپانیا له ناوكی ئه‌م ئاماژه‌یه‌دا جێ ده‌گرن. به‌ڵام ده‌یان ساڵ دواتر كاتێ كه پلۆرالیسمی سیاسیی و كولتووریی وه‌ك ده‌سته‌واژه‌یه‌كی نوێی سیاسیی له گۆڕه‌پانی سیاسیی ئه‌و وڵاتانه‌دا هه‌ڵهات، هێدی هێدی خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێی سیاسیی گۆڕانكاریی خێرای له دۆخی سیاسیی ئه‌و كۆمه‌ڵگانه‌دا پێك هێنا.
ڕژیمی پێشووی ئێران كه سیسته‌مێكی دیكتاتۆری، گه‌نده‌ڵ و فاشیست بوو به كه‌ڵك وه‌رگرتن له چه‌مك و سیسته‌می سیاسیی فه‌ره‌نسا خه‌ریك بوو نه‌ته‌وه‌كانی وه‌ك كورد و … هتد له ئێران‌دا بنبڕ و ئاسیمیله بكات و زمان و ناسنامه‌ی ئه‌و نه‌ته‌وانه بۆ هه‌میشه له‌نێو ببات و نه‌ته‌وه‌یه‌كی نوێی ئێرانی كه زمان و ناسنامه‌ی فارس نوێنه‌رایه‌تی بكات بێنێته‌كایه‌وه. تاكوو هه‌نووكه‌ش كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ته‌وه‌كانی بنده‌ست له ئه‌ورووپا چاره‌سه‌ر نه‌كراوه و دیموكراسی پێشكه‌وتووی ئه‌و وڵاتانه‌ش له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ته‌وه‌كان سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست نه‌هێناوه و هه‌نووكه‌ش كێشه‌ی ئابووری پێوه زیاد بووه. چونكه دیموكراسی تێكڕای كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگا به ئاستی گه‌شه‌ی ئابووریی دانیشتووانی كۆمه‌ڵگا ده‌به‌ستێته‌وه و له‌وه‌شدا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست نه‌هێناوه. ئیستاش وڵامێكی زانستیی بۆ كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی بنده‌ستی ئه‌و وڵاتانه‌ی پێ نه‌ماوه. بۆیه له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا ناسیۆنالیزمی نه‌ته‌وه‌یی كه خاوه‌ن ده‌نگ و ڕه‌نگی تاییبه‌ت به‌خۆیه‌تیی له‌نێو نه‌ته‌وه‌كانی بنده‌ستی ئه‌ورووپا زیندوو بووه‌ته‌وه و هه‌ر له كه‌ته‌لۆنی سپانیاوه بگره تاكوو ده‌گاته سكۆتله‌ندی بریتانیا خوازیاری سه‌ربه‌خۆیی و سازكردنی كیانێكی سه‌ربه‌سه‌ت و ئازادن.
كه‌واتا كورد ناتوانێ بناغه‌داڕێژه‌ری دیموكراسیی و ئازادی بێ و به‌كه‌ڵك وه‌رگرتن له بنه‌ماكانی دیموكراسیی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆی پێك بهێنێت، خه‌بات بۆ سه‌رخستنی ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل و جێگیركردنی ئه‌و چه‌مكانه‌ی كه دادپه‌روه‌ریی سیاسیی، ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تیی دابین ده‌كات، ده‌كرێ یه‌كێ له ئامانجه‌كانی شۆڕش و به‌رخۆدانی مه‌زنی كورد بێ، مه‌زنترین خاڵی ئه‌و خه‌باته ده‌بێ دوورخستنه‌وه‌ی داگیركه‌ر له‌نێو نیشتمانی كورددا بێ، به‌ڵام ده‌كرێ كه بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی كورد هه‌ڵگری په‌یامی ئاشتی و ئارامیی بێ. ئه‌وه‌ش له كاتێكدا كه نه‌ته‌وه‌ی كورد له هه‌ر چوارلاوه ده‌چه‌وسێنرێته‌وه و وزه‌كه‌ی به فیڕۆ ده‌برێ و لاوه‌كانی له‌دار ده‌درێ و سه‌رمایه‌كه‌ی حه‌په‌لووش ده‌كرێ، ناكرێ باس له ئاشتی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له ڕێگای دیموكراسی، دیالۆگ و گفتوگۆوه بكه‌ین. چونكه فه‌لسه‌فه‌ی ئاشتی و ئازادی كاتێ ماناكه‌ی واتا ده‌دات كه دوولایه‌ن خوازیاری جێگیر كردنی بنه‌مای پڕۆسه‌ی ئاشتی و ئارامیی بن و ڕێز له بوونی یه‌ك و سه‌ربه‌ستیی و سه‌ربه‌خۆیی یه‌كتر بگرن.
ئه‌وه‌ی كه ئه‌مڕۆ ده‌یبینین و نه‌وه‌كانی ڕابردووش بینیویانه ئه‌وه‌یه كه ئاشتیی و ئازادیی به كوشتن و داگیركاری نایه‌ته‌كایه‌وه و به‌رده‌وام تۆی شۆڕش و تێكۆشان له‌نێو گه‌لانی بنده‌ستدا چالاك ده‌كات و درووشمی دیموكراسیی و یه‌كێتی نێوان گه‌لان كاتێ مانای ڕاسته‌قینه ده‌به‌خشێت كه نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست به‌كرده‌وه هه‌ڵگری په‌یامی ئاشتی و ئازادی بێ و سه‌ربه‌خۆیی سیاسیی نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ست به مافێكی سرووشتیی ئه‌و گه‌له ئه‌ژمار بكات و هه‌نگاوی مه‌زنی بۆ هه‌ڵنێت. هاوكات نابێ ئه‌و وزه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد كه به‌رهه‌می سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستانه‌ی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌سته هه‌رزانفرۆش بكرێ و به‌فیڕۆ بدرێ. چونكه ئه‌و وزه‌یه به‌رابه‌ره به وێرانكردن و سووتاندنی سه‌دان گوندی كوردستان و خوێنی ده‌یان هه‌زار لاوی كورد كه به ده‌ستی داگیركه‌ر شه‌هید بوونه. ده‌بێ ئه‌و وزه‌یه بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی چه‌وساندنه‌وه و داگیركاریی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست به‌كار ببردرێت و ناكرێ كه‌ڵكی به‌رژه‌وه‌ندیخوازانه‌ی گرووپیی و تاكه‌كه‌سیی یانخود حیزبیی لێوه‌ر بگیردرێت.
درێژه‌ی هه‌یه…