"an independent online kurdish website

کتێبی “نسکۆو دابڕان” بە پێنووسی کاک مستەفا هیجری کە لە سەرەتای ساڵی ٢٧١٥ی کوردی بڵاو بۆوە، ئەم تەوەرانەی خوارەوەی لە خۆ گرتووە:nesko-babet

١ـ کارەساتەکانی ڤییەن و میکۆنۆس. ٢ـ جیابوونەوەکانی دوای کۆنگرەکانی ٤، ٨ و ١٣. ئەم کتێبە لە نێو کوردی رۆژهەڵات بە گشتی و ئەندامان و لایەنگرانی حدکا و هاوڕێیانی جوێ بۆوە لە حیزبدا، بۆچوون و لێکدانەوەی جیاوازی بە دوای خۆیدا هێناوە.

پێش ئەوەی سەرنجی خۆم سەبارەت بە ناوەرۆکی کتێبەکە دەرببڕم، بە پێویستی دەزانم ئاماژە بە سەرنج و دژکردەوەی ئەو کەسانە بکەم کە سەبارەت بەو کتێبە دەریان بڕیوە:

ئەوەی تەنیا کوردە و بە کوردبوونی خۆی چاو لە کێشەکان دەکا، ئەم کتێبە لە دوو روانگەوە هەڵدەسەنگێنێ. روانگەی یەکەم، پێی وایە کورد دەبێ لە باتی ناساندنی کێشەکان، یەکڕیزی خۆی بپارێزێ و بە چاوی لێبوردنەوە سەیری هەڵەکان و هەڵەکاران بکا. ئەم روانگەیە، بە ناوی تەبایی و رەبایی و پێکەوە بوون، ناخوازێ پەردە لە سەر هەتیو لابدرێ. هەڵەی ئەم روانگەیە لەوە دایە کە هەڵە و کێشەکان “دێزە بەدەرخۆنە” دەکا و بە هەڵگرتنی دروشمی “لەم ستوونەوە بۆ ئەو ستوون فەرەجێکە”، بیر لە ئاکامی دوا رۆژی رووداوەکە ناکاتەوە.

روانگەی دووهەم، حەز دەکا هەڵە و کێشەکان دەست نیشان بکرێ و بە بێ ئەوەی مافێک لە کەس و لایەنێک ژێرپێ بکرێ، هەڵەکار لەقاو بدرێ و دەرگایەک بۆ چوونە دەرەوە لەو تەنگ و چەڵەمانە، بدۆزرێتەوە. ئەم روانگەیە، روانگەیەکی بێلایەن و چاو کراوەیە. خۆی ناخاتە چواچێوەی گروپ و تاقم و دەستە و فراکسیون. دیاردەکان بەو شێوەیە دەبینێ، هەر بەو شێوەیەش لێکدانەوەیان بۆ دەکا.

لە دەرەوەی کوردبوونێکی پەتی، دوو روانگەی دیکە جێگەی ئاماژەپێکردنە. ئەو کەسانەی سەر بە حدکا و ئەندامی ئەو حیزبەن کە کاک مستەفاهیجری بەرپرسی یەکەمیەتی. روانگەی دووهەم، لایەن و تاکی جیابۆوە لە حیزبن.

روانگەی یەکەم بە چەند شێوە کتێبەکە دەنرخێنن، ١ـ ئەو کەسانەن کە بە هەست و نەستەوە، خەساری جیابوونەوەیان دیوە و بە خوێندنەوەی کتێبەکە و ناسینەوەی سەر لە نوێی ئەندازیاری لێکترازانەکە، دێنە دەنگ و سەرنجی خۆیان دەردەبڕن. ٢ـ ئەو کەسانەن کە ئەندامی حیزبن. دوای خوێندنەوەی کتێبەکە، بە بێ ئەوەی زانیاری پێشتریان هەبووبێ، تەنیا لە رێگەی کتێبەکەوە کێشەکە هەڵدەسەنگێنن. بۆیە ئەم دەستەیە تووشی هەڵچوون دەبن و زیاتر دەکەونە هێرش تا لێوردبوونەوە لە رووداوەکە. ٣ـ دەستەی سێهەم، بە ناوی ئەوەی ئێستا حیزب و هاوڕێیانی پێشوو لە وتووێژی یەکگرتنەوەدان و ئەم کتێبە کێشەکە ئاڵۆزتر دەکا، دەبێژن: لەم کاتەدا دژی بڵاوبوونەوەی کتێبەکەن.

روانگەی بەرامبەری روانگەی یەکەم کە لە نێو هاوڕێیانی جیابۆوەدان، ئەوانیش بە شێوەی جیاواز بەڵام بە ناوەرۆکی لێک نزیک دێنە دەنگ. تاقمێکیان بە کلیشەکردنی چەند رستەیەکی نێو کتێبەکە و بە دووپاتکردنەوەی وشە و دەستەواژەگەلێکی وەک سەرشۆڕی، خەیانەت و… ، دەکەونە دووپاتکردنەوەی ئەو سەرنج و بۆچوونانەی کە لە سەرەتای جیابوونەوەیان لە حیزب، لە ماڵپەڕەکانی “راستییەکان” و “رۆژهەڵات” و…بڵاویان دەکردەوە. ئەم دەستەیە، نە تەنیا وەک سەرەتای جیابوونەوە دێنە زمان، بەڵکوو بە ناوی ئەوەی ئەو کاتەش وایان وتووە و ئێستاش هەر وا بیر دەکەنەوە، بە بێ ئەوەی ئاماژە بە ناوەرۆکی کتێبەکە بکەن، بە خراپترین لوژیک و دەستەواژە، هێرش دەکەنە سەر نووسەری کتێبی نسکۆ و دابڕان. دەستەیەکیتریان بە بێ ئەوەی تۆزقاڵێک خۆیان بەو دروشم و پرۆگرامەوە خەریک بکەن کە کاتی جیابوونەوە، بانگەشەیان بۆ دەکرد، بە بێ ئەوەی تەنانەت رەخنەیەک لە ناوەرۆکی کتێبەکەی بەڕێز هیجری بگرن، دەکەونە نرخاندن و پیاهەڵاگوتنی بەڕێز عەبدوڵڵا حەسەنزادە کە نووسەر بە ئەندازیاری دوایین دابڕانی دەزانێ.

گشت ئەم سەرنج و بۆچوونانە، بە ئەرێنی و نەرێنی، هەر کامێکی لە کات و ساتی خۆیدا، جێگای لێوردبوونەوە و هەڵسەنگاندنن. بەڵام ئەو بابەتانەی نووسەر ئاماژەی پێکردوون و وێڕای گێڕانەوەی رووداوەکان، کۆمەڵێک باسی شاراوەی خستۆتە بەردەمی خوێنەر، لە هیچ کام لەو نووسینانەدا نەکەوتۆتە بەر سەرنج و رەخنە. چۆنیەتی کارەساتەکانی ڤییەن و میکۆنۆس، تاقمی حەوت کەسی و جیابوونەوەکانی دوای کۆنگرەکانی ٨ و ١٣، ناوەرۆکی ئەو کتێبەن. گەلۆ، ئەوەی کاک مستەفا باسی کردوون، ناڕاستن؟

ئەوەندەی من ئاشنای نووسینی قەڵەم بەدەستانی ماڵپەڕی رۆژهەڵات تایمز بم، کەس نکووڵی لە راستی گێڕانەوەی رووداوەکان نەکردووە. تەنیا یەک کەس هاتۆتە قسە، ئەویش بەڕێز “رەحمان پیرۆتی”ە. ناوبراو بە سەردێڕی نووسینەکەی دەیهەوێ بابەتی تاقمی حەوت کەسی و رۆڵی رەحمان کەریمی و خۆی لەوەی کاک مستەفا باسی دەکا، بە قسەی خۆی راست بکاتەوە، بەڵام لە ئەنجامدا گشت ئەو وتانەی پشتڕاست کردۆتەوە کە لە کتێبەکەدا هاتووە.

بۆچوونی من وەک خوێنەرێکی ئەو کتێبە، سەبارەت بە ناوەرۆکی  کتێبەکە، ئەرێنییە. یەکەم، نووسەر باسی ئەو رووداوانە دەکا کە بۆ خۆی لە نزیکەوە لە وردەکارییەکانی ئاگادارە. دووهەم، زانیاری وا بە خوێنەر دەدا کە پێشتر یان نەبیستراوە یان چەواشە کراوە. ئەو بە هێنانە بەر باسی بارودۆخی ئەو کاتی پێش روودانی رووداوەکان، خوێنەر دەباتە شوێنێکی دیار و بێ پێچ و پەنا و ئەو کات، پێی دەڵێ: لێرە رووداوەکە رووی داوە. ئەکتەری شانۆی ئەو رووداوە دەست نیشان دەکا و لە کۆتاییدا، بە چاوێکی خەسارناسانەوە، سەیری بوویەرەکان دەکا.

سەبارەت بە تاقمی حەوت کەسی، پێشەکی خوێنەر بە مێژووی پێوەندی نێوان حیزبی توودە و حدکا ئاشنا دەکا. کەش و بارودۆخی ئەو کاتە و خۆشەویستی کۆچکردوو غەنی بلووریان دوای ٢٥ ساڵ زیندانی و کەڵک وەرگرتنی توودە لەو خۆشەویستییە و بەگژادانەوەی ناوبراو دژی حیزب و د.قاسملوو، ئەو ئاکامەی لێدەکەوێتەوە کە هەموان لێی ئاگادارن.

نووسەر سەبارەت بە جیابوونەوەی رێبەرایەتی شۆڕشگێر و ئەکتەر و هاندەرەکانی پشتی ئەو لێکدابڕانە، دواوە و نووسیویەتی کە ئەکتەری سەرەکی ئەو جیابوونەوە کاک حەسەن رەستگار بووە. بە کاندیدنەکردنەوەی دووبارەی رەستگار بۆ رێبەری حیزب، کۆمەڵێک هاوڕێ و دۆستی ناوبراو و بە دنەدانی موجاهیدینی خەڵکی ئێران ئەو جیابوونەوەیە رێکخرا. بە دەست نیشان کردنی سەرجەم ئەو بیانوو و پاساوانەی رێبەرایەتی کە وەک خاڵی جیاواز لە گەڵ حدکا، گوایە لە کاتی جیابوونەوەدا بانگەشەیان بۆ دەکرد، هیجری دێتە سەر ئاکامی مایەپووچی رێبەرایەتی و لە ئەنجامی ئەو مایەپووچییەدا، بەڕێز حەسەنزادە دەبێتە ئاڵاهەڵگری بە رواڵەت یەکگرتنەوەی رێبەرایەتی شۆڕشگێڕ لە گەڵ حیزب.

بە هاتنەوەی ئەو لایەنە بۆ نێو حیزب، حەسەنزادە زیاتر دەکەوێتە زەقکردنەوەی باڵی خۆی لە بەرامبەر هیجری دا. ئەم رەوتە درێژە دەکێشێ تا لە کۆنگرەی ١٣، جارێکیتر دەتەقێتەوە. ئەوەی دوێنێ زۆرینە بوو، ئەمڕۆ دەبێتە کەمینە لە رێبەریی حیزبدا. ئەم کەمینە، ئەمجارە بە لایەنگرانی باڵی رێبەرایەتی شۆڕشگێڕەوە دژی حیزب دەوستنەوە. دەمڕاست و ئەندازیاری جیابوونەوەی ئەمجارە، بەڕێز عەبدوڵڵا حەسەنزادەیە. جیاوازی ئەم جیابوونەوەیە لە گەڵ جارەکانی پێشوو ئەوەیە کە هەم حیزب و هەم جیابۆوە لە نزیکی یەکدان. ئەگەر دنەدەری تاقمی حەوت کەسی ، حیزبی توودە و هیی رێبەرایەتی موجاهیدین بووە، ئەوجارە نادیارە.

نووسەر باسی سەرەتای جیابوونەوەی ئەو هاوڕێیانە دەکا و شێوەی چارەسەرکردنی خێرای ئابووری و کێشەکانی دامەزرانی جوێ بۆوەکانی بۆ دەبێتە پرسیار. هیجری لە کتێبەکەیدا دەڵێ حیزب، لە سەرەتاوە کەمێک یارمەتی ماڵی جیابۆوەکانی داوە، بەڵام وەڕێخستنی بەشی راگەیاندن وەک رادیۆ و رۆژنامە، پرسی ئابووری و شێوەی بەڕێوەبەری ئۆرگان و بنکە و بنیاتەکانی ئەو لایەنە بەو خێراییە، پرسیارخوڵقێنە. رەنگە نووسەر راستییەکە بزانێ، بەڵام کاتی درکاندنی بە بۆچوونی ئەو گونجاو نەبێ. ئەگینا، لایەنێکی جیابۆوە لە حیزب، دوور لە خەڵکی رۆژهەڵات، بە بێ سەرچاوەیەکی ئابووری و پشتیوانییەکی بەهێزی ئابووری، چۆن دەتوانێ لە ماوەیەکی ئەوەندە کورتدا بکەوێتە سەر پێی خۆی؟

سەبارەت بە کارەساتەکانی ڤییەن و میکۆنۆس، زانیاری نوێ دەدا بە خوێنەر و بە ئاماژە بە چۆنیەتی روودانی هەر دوو رووداوەکە، خوێنەر دەباتە شوێنی رووداوەکان و لە گەڵ هەموو رێز و خۆشەویستییەک کە بۆ رێبەرانی شەهید د.قاسملوو و د.سەعید (سادق شەرەفکەندی) هەیەتی و بۆ مەرگەکەیان بەداخە، ئەوەندەش لە شێوەی شەهیدکرانیان تووڕەیە.

من، ناوەرۆکی کتێبەکە بە دوور لە هەر هەڵچوون و دەمارگرژییەک، بەرز دەنرخێنم. بۆیە دەستخۆشی لە نووسەری کتێبی نسکۆ و دابڕان، کاک مستەفاهیجری دەکەم  و خوێندنەوەی بۆ هەموو کوردێک بە گشتی و ئەندامان و لایەنگرانی حیزب بە تایبەتی، ئەوانەیش کە لە حیزب جوێ بوونەتەوە، بە پێویست دەزانم.

 

بابەتی پەیوەندی دار

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی