رووداوی گیان له‌ده‌ستدانی کچێک له هوتێل تارای مەهاباد بووه هۆی ناڕه‌زایه‌تی و رژانه سه‌ر شه‌قامی رێژه‌یه‌ک له لاوان. بە سوتاندن و کاولکردنی هوتێلەکە کێشەکە په‌ره‌ی سه‌ند و بریندار و گیراوی زۆری لێکەوتەوە.
ئەم کێشەیه چەندین هەڵوێستی جیاوازی لێکەوتەوە کە من دەمەوێت باسی سێ ئاراسته‌ی سەره‌کیی ئەم هەڵوێستانە بکەم. ئەوه‌ی کە هۆکاری گیان لەدەستدانی کچەکە چی بووە، بۆ زور خەڵکی وەک من کە لە دووری رووداوەکەوه‌ن هیشتاش نادیارە. بەڵام ئەوه‌ی کە ئێمە دەیبینین هەڵوێستەکانە کە لە مێدیا و سایتە کۆمەڵایه‌تییه‌کاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه.
هەڵوێستەکان سێ لایه‌ن لە‌خۆ ده‌گرێت. یەکەم، لایه‌نی دەوڵەتە کە لە یەکەم ساتەکانی گیان لەدەستدانی “فه‌رینازی خوسرەوانی” دەیهەویست رووداوەکە خامۆش و بە بێدەنگیی چارەسەری بکات. بەڵام ئەو شتە به‌وجۆرەی دەیویست سەری نەگرت و زۆر زیاتر لە خودی رووداوەکە دەنگی داوە و گەورە بۆوە. بەڵام ئەوه‌ی دیارە دەوڵه‌ت دەیەوێت بە هەر شێوەیه‌ک بێت کۆنترۆڵی بارودۆخه‌که بکات و نەیەڵێت زیاتر تەشه‌نە بکات. گەرچی بۆچوونی ئەوه‌ش هەیە کە لایه‌نێک لە حکوومەت دەیەوێت لەو رێگایەوە کێشە بۆ دەوڵه‌تی رۆحانی ساز بکات و نانی لە میلیتاریزەکردنی ناوچەکە دایە، هەروەها ئەو خەڵکانه‌ی دەیانویست سەرمایه‌کانیان لە مەهاباد بخەنەگەڕ بترسێن و خوش کردن و توریستیکردنی شاری مەهاباد فەرامۆش بکرێت.
لایه‌نی دووهە‌می ئەو رووداوە، حیزب و ئۆپۆزیسیۆنی نه‌یاری حکوومەتن کە دەیانەوێت هەتا دەتوانن زیاتر تەشه‌نە بە رووداوه‌که بده‌ن. ئەوان دەیانەوێت کە ناڕه‌زایه‌تییه‌که ته‌نیا له مهابادا نه‌مێنێته‌وه و په‌ل بهاوێت بۆ شاره‌کانی دیکه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان.
به‌شێک له‌و حیزبانه بێ ئه‌وه‌ی به‌رنامه و پلانێکیان هه‌بێت بۆ دواڕۆژی ئه‌و بزووتنه‌وانه، ته‌نیا پێیانخۆشه ده‌رفه‌تێک بۆ ریکلامکردن بقۆزنه‌وه. به‌ڵام چه‌ند حیزبێکی کوردیی هه‌ن که ده‌یانه‌وێت ئه‌وه بکه‌نه بیانوو بۆ ئه‌نجامی چالاکیی چه‌کداریی خۆیان له ناوچه‌که‌دا. ئه‌وان ده‌یانه‌وێت به بۆنه‌وه‌ی ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌وه ره‌وایی بده‌ن به چالاکیی چه‌کداری بۆ کۆکردنه‌وه‌ی لایه‌نگر.
وەک دەزانین لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت لە سوریە و ئێراق، لیبیا و لەم دوایانه‌ش لە یەمەن زۆر حیزب و لایه‌نی چەکدار درووست بوون بە بێ ئەوه‌ی دەنگ و پشتیوانیی خەڵکیان لەگەڵ بووبێت و یان رۆژێک لە رۆژان لە خەڵکیان پرسی بێت ئەرێ ئێمە دەمانەوێت شەڕی چەکداریی بکەین و ئەو شەڕە بۆ ئێوە زۆر گران تەواو دەبێت، لەوانەیه ماڵەکانتان بسووتێن، باوکتان بکوژرێت، منداڵەکەتان نوقستان بێت، ژنه‌کانتان بە دیل بگیرێن و تەنانەت ئاوارە بن و زور کارەساتی دیکە کە ئەو شەڕانە بەدوای خۆیدا هێناویه‌تی. ئەو تاقم و رێکخراوانە کە دەستیان داوەتە چەک و شەڕ دەکەن خۆیان و ئەندامەکانیان وەها تێکەڵ بە شەڕه‌کە بوون کە تەنانەت جارێک نەیتوانیوە ئاوڕ لە ئاکامی شەڕەکە بده‌نه‌وه و لە خۆیان بپرسن کە ئایا دەسکه‌وتی ئەو شەڕە ئەوە بوو کە ئێمە دەمانەویست و یان نا؟ وته‌یه‌کی باو هه‌یه که ده‌ڵێ هەڵگیرساندنی شەڕ ئاسانە بەڵام کۆتایی پێهێنان و ئاکامەکانی شەڕ شتێکی نادیارە.
پرسیارێک لێره‌دا دێته گۆڕێ که هه‌ر که‌س باوه‌ڕی به مافی مرۆڤ هه‌یه ده‌بێت له خۆی بپرسێت که ئایا ئه‌وان حه‌قیان هه‌یه بۆ مه‌به‌ستی خۆیان و رکه‌به‌ریی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ که‌سانێک له شه‌ڕه‌وه بگلێنن کە شەڕیان ناوێت و یان ناتوانن بەشداریی شەر و تێکهەلچوون بکەن؟ یان شەڕ بۆ ئه‌وان واته کۆتاییهاتن به هه‌موو شتێک وه‌کوو ژن و منداڵ و پیر و په‌ککه‌وته و به‌شێکی زۆر له رووناکبیران که هیچ له سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاتخوازیی نازانن یان ده‌سه‌ڵات و حوکمڕانییان ناوێت؟ ئایا ئەو کەسانه‌ی کە خۆیان بە لایه‌نگری مافی خەلک دەزانن بەخۆیان حەق دەدن بە بێ پرس و ئیجازە چارەنووسی خەلکانی دیکە تووشی ناخۆشی و کێشە بکەن؟
لایه‌نی سێهه‌م له‌م رووداوه‌دا هه‌ڵوێستی چالاکانی مه‌ده‌نی و رووناکبیرانه. چالاکانی مه‌ده‌نی و رووناکبیران له رووداوه‌کانی پێشووتردا یان بێده‌نگ ده‌بوون یان ئه‌گه‌ر باسی بابه‌تێکیان کردبووایه ته‌نیا وه‌کوو هه‌واڵ ده‌یانگێڕاوه، به‌ڵام ئه‌مجاره هه‌ڵوێستی باشیان گرت و ده‌نگیان دیار بوو. ته‌نانه‌ت هه‌م لایه‌نی ده‌وڵه‌ت و هه‌م لایه‌نی نه‌یارانی ده‌وڵه‌ت داوایان ده‌کرد که ئه‌وان بێده‌نگ بن! به‌ڵام زۆر بوێرانه هه‌ڵوێستیان گرت و قسه‌ی خۆیان کوت.. ئه‌و جۆره‌ی که من لێیان حاڵی بووم ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی داخوازی روونکردنه‌وه‌ی رووداوه‌که بوون، ره‌خنه‌یان له که‌مته‌رخه‌میی ده‌سه‌ڵاتدارانی حکوومه‌ت گرت که شه‌فاف نه‌بوون و بوونه هۆی گه‌وره‌بوونه‌وه‌ی کێشه‌که. دواتر شێوه‌ی هه‌ڵسوکه‌وتی هێزه نیزامییه‌کان بوون به هۆی هاندان و تێکهه‌ڵچوون له‌گه‌ڵ ئه‌و لاوه دڵگه‌رمانه‌ی مه‌هاباد. دیاره باسی زۆر هۆی دیکه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییش وه‌کوو بێکاریی لاوان و هه‌ژاری و بێهیواییش هه‌ن که پێویستییان به لێکۆڵینه‌وه‌ی زیاتر هه‌یه. به‌ڵام ئه‌وان ده‌یانه‌وێت به دیننه‌وه‌ی هۆیه‌کانی ئه‌و رووداوه دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره‌ی حه‌لکردن ، کێشه‌که له‌وه زیاتر ته‌شه‌نه نه‌کات. ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئه‌وه هه‌ن که خه‌ڵک مافی خۆیه‌تی داوای ماف و پێویستییه‌کانی خۆی له ده‌سه‌ڵاتداران بکه‌ن و ته‌نانه‌ت رێپێوان بکه‌ن و مان بگرن، به بێ ئه‌وه‌ی دوایی تووشی گیران و زیندان بن. به‌ڵام له‌گه‌ڵ چالاکیی توندوتیژیی و ئیحساسیی نین.
لێره‌دا ئه‌م پرسیاره دێته‌گۆڕێ که کام یه‌ک له‌م سێ ئاراسته‌یه واته بێده‌نگی، توندوتیژیی یان چالاکیی مه‌ده‌نیی خۆی له دواڕۆژی کوردستاندا ده‌بینێته‌وه؟