مێژووی پ ک ک (پارتی کرێکارانی کوردستان) و چۆنایه‌تی گه‌شه کردنی و بوونی به هێز و هه‌روه‌ها کاریگه‌رییه ئه‌رێنی و نه‌رێنییه‌کانی له‌سه‌ر باکووری کوردستان و پارچه‌کانی تر ڕاشکاوانه دیاره و زۆر جار له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانان و دژبه‌رانیه‌وه و هه‌ڤاڵانیه‌وه ڕاڤه و سه‌رکۆنه کراوه و پاساوی بۆ هاتۆته‌وه و ئه‌و سه‌رکۆنه و پاساوانه‌ش بێ گومان به‌رده‌وام ده‌بێ و نابڕێته‌وه، هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌و بابه‌ته به نیاز نییه بپڕژێته سه‌ر ئه‌و مژاره قووڵ و قسه هه‌ڵگره.
ئه‌وه‌ی که جێگای تێڕامان و هزرینه دوایین کرده‌وه‌ی ئه‌و حیزبه‌یه له هه‌مبه‌ر هێزێکی ڕۆژهه‌لاتی کوردستان واتا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و گه‌مارۆدانی ژوماره‌یه‌ک له پێشمه‌رگه‌کانی ئه‌و حیزبه له کێله‌شینی ناوچه‌ی شنۆ که به پێی زانیارییه‌کانی خودی ئه‌و حیزبه، 15 که‌سن و به مه‌به‌ستی دانانی مه‌قه‌رێک (گومرگ) له‌و ناوچه‌یه چوونه ئه‌و شوێنه و لێی دامه‌زراون و تا ئێستاش لێی به‌رده‌وامن.
له کاتێکدا که باس له به‌ستنه‌وه‌ی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌روه‌ها پێویستی پێکه‌وه حاملانی کورد و هه‌بوونی یه‌کڕیزی له ناو کورد و هێز و لایه‌نه‌کانی وه‌ک سه‌ره‌کیترین پیویستی کورد بۆ سه‌رکه‌وتن و گه‌یشتن به مافه‌کانی دێته ئه‌ژمار و کاری بۆ ده‌کرێت، پ ک ک تا ئێستا و له ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ڕۆژه‌دا که ئه‌و هێزه کوردییه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان چوونه‌ته ئه‌و ناوچه‌یه، به به‌رده‌وام دووپاته و چه‌ند پاته‌ی ده‌کاته‌وه که هێزه‌کانی ئه‌و حیزبه و هه‌ر حیزبێکی تر بۆیان نییه به بێ ئیزن و ئاگاداری ئه‌وان (پ ک ک) بچێته‌وه ئه‌و ناوچانه و هاتووچۆی تێدا بکات، دێموکراتیش ده‌ڵێ کوردستان مڵکی هه‌ر کوردێکه و ئه‌وانیش هێزێکی به‌رچاو و سه‌ره‌کی کورد و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانن که‌واته نه ئیزن له‌که‌س وه‌رده‌گرن و نه که‌سیش مافی ئه‌و خاوه‌ندارێتییه و ئه‌و گه‌وره و مه‌زنایه‌تییه‌ی هه‌س.
لێره‌دا جیا له‌وه‌ی که ئه‌گه‌ری هاتنه ئارای شه‌ڕێکی براکوژی دێته گۆڕێ که به پێی به‌ڵگه‌کان تاوانباری سه‌ره‌کی یان ته‌نیا تاوانباری ئه‌و براکوژییه ئه‌گه‌رییه پ ک ک ده‌بێت و دێموکرات یان هه‌ر لایه‌نێکی تر ناچاره بۆ بووژاندنه‌وه‌ی خه‌باتی خۆی و هه‌روه‌ها زیندوو ڕاگرتنه‌وه‌ی خه‌باتی پارچه‌یه‌ک له کوردستان که تا ئێستا له لایه‌ن زۆر تاک و لایه‌نه‌وه به خه‌سیو پێناسه‌ی بۆ کراوه و له لایه‌کی تریشه‌وه بۆ ڕاگرتنی سه‌روه‌ری و مێژووی خۆی و لابردنی ئه‌و بیرۆکه‌یه که لای وایه قه‌ندیل و کوردستان مڵکی بێ ئه‌ملا و ئه‌ولای ئه‌وه و باڵدار به‌وێدا بڕوا باڵی ده‌وه‌رێنی و ناڵدار به‌وێدا بڕوات ناڵی ده‌وه‌رێنێ، ئه‌گه‌رێکی تریش هه‌یه ئه‌ویش هاتنه ئارای شه‌ڕ له نیوان ئیران و دێموکراته که به هۆی هه‌بوونی هێزی چه‌کداری پۆشته‌ی کۆماری ئسیلامی ئێرانه له‌و ناوچه‌یه، ئه‌گه‌ری زۆره، له ئه‌گه‌ری هاتنه ئارای شه‌ڕێکی ئه‌وتۆدا، ده‌بێ خاڵێکی ڕه‌شی زۆر ئاسته‌متر به ناوچاوانی مێژووی کورده‌وه سواغ بدرێت.
لێره‌دا هه‌ر شرۆڤه‌کار یان هه‌ر کورد یان بینه‌ر و بیسه‌رێک ئه‌و پرسیارانه‌ی له‌لا گه‌ڵاڵه ده‌بێت:
یه‌که‌م: پ ک ک بۆ و له پێناو چی دا، ئه‌و ملهوڕییه ده‌کات و حازره له پێناویدا ده‌ست بۆ هه‌ر جۆره کردارێک ببات و په‌رچه‌کرداری خه‌ڵک و حیزبه‌کانی تریشی به‌لاوه گرنگ نه‌بێت؟ له ڕاستیدا ئایا ئه‌وه سرووشتی ئه‌و حیزبه‌یه که دژ به هێزی کوردی تر جیاله خۆی بێت یان ئه‌وه‌تا شه‌ڕی خه‌ڵکه و ئه‌وان ده‌یکه‌ن؟
دووه‌م: که‌ی و کێ و چۆن و بۆچی ئه‌و مافه‌ی داوه به پ ک ک که قه‌ندیل یان هه‌ر هه‌موو کوردستان به هی خۆی بزانێت و له‌و لاشه‌وه بانگه‌شه‌ی چوارپارچه بوون بکات و خۆی به پاقژترین هێزی کوردی پێناسه بکات؟ ئایا ئه‌و کرداره ده‌چێته خانه‌ی کوردایه‌تی و کوردبوونه‌وه یان به پێچه‌وانه؟
سێیه‌م: له ئه‌گه‌ری هاتنه ئارای ئه‌و کاره‌ساته ئه‌گه‌رییه دڵته‌زێنه‌دا ئایا هه‌ڵوێستی خه‌ڵکی کوردستان به گشتی و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به تایبه‌تی چی ده‌بێت و چۆن هه‌ڵویست ده‌گرن؟
چواره‌م: له وه‌ها دۆخێک‌دا ئه‌وه دێموکراته که ده‌بێ واز له خه‌باتی خۆی بێنێت و هه‌مدیسان به په‌سیوی و خه‌سیوی له باشوور نیشته‌جێ بێت و توانه‌وه‌ی خه‌بات و خه‌ڵک و ته‌شه‌ری نه‌یاران و له هه‌مووان به گوڕتر هی پ ک ک ببیستێت و ببینێت و نه‌قه‌ی لێوه نه‌هێت؟ یان ئه‌وه‌تا ئه‌وه پ ک ک یه ده‌بێ لایه‌نه‌کانی تری کوردستان له ته‌نیشت خۆی قه‌بووڵ بکات و له جیاتی براکوژی، ده‌ست بخاته ئه‌ستۆی برایه‌تییه‌وه؟
ده‌کرێ وڵامی کۆی ئه‌و پرسیارانه ئاوا بدرێته‌وه، چونکه له ڕاستیدا ئه‌و پرسیارانه هه‌مووی ئاوێته‌ی یه‌کترین و له یه‌ک جیا نابنه‌وه. به پێی ئه‌وه‌ی که ئه‌و هه‌ڵویسته‌ی پ ک ک وه‌ک زۆرێکی تر له هه‌ڵویسته‌کانی وه‌ک گۆڕینی ئه‌و هێما و سیمبۆلانه‌ی که کورد به تێکڕا قه‌بووڵی کردووه و خۆی پێ پێناسه کردووه و له دوا ڕۆژدا هه‌ر ئه‌و هێمایانه‌ن که کورد له ده‌وری یه‌کتری کۆ ده‌که‌نه‌وه و هه‌روه‌ها ساز کردنی کانتۆنی بۆ زۆرێک له به‌ش و زاراوه و ئایین‌زاکانی کوردستان، ناچێته خانه‌ی کوردایه‌تیی و خه‌باتێکی کوردستانیانه‌وه. هه‌ر چه‌شنه خه‌باتێکی ناکوردستانیانه‌ش له لایه‌ن هه‌ر هیز و تاکێکی کوردییه‌وه، بێ گومان ده‌ستی نه‌یارانی تێدایه و ئاگره‌که‌ی له ماڵی نه‌یارانه‌وه هاتووه، که‌واته ده‌کرێ بڵێین ئه‌و کرداره‌ی ئێستای پ ک ک اش به فیتی نه‌یارانی کورد و به گشتی ئێرانه که به‌ڵگه‌کان باس له هاوپه‌یمانی چڕی نیوان ئیران و پ ک ک له کۆنه‌وه تا ئیستا ده‌که‌ن.
هه‌روه‌ها هیچ که‌س و هێزێک له هیچ کاتێکدا مافی به مڵکی خۆ زانینی کوردستان و به‌تایبه‌تی شاخ و چیاکانی وه‌ک قه‌ندیلی نه دواوه به خۆی و نه به هیچ که‌سی تر، له‌وه‌تا کورد خه‌بات ده‌کات، قه‌ندیل و شاخه‌کانی، قه‌ڵای به‌رخۆدان و ڕاپه‌ڕین بوون به بێ جیاوازی و هیچ که‌سیش داوای خاوه‌ندارێتی نه‌کردوون، له ئێستاشدا پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دێموکرات ڕوویان کردۆته‌وه به‌شێک له مه‌نزڵگه و کۆنه هه‌واری خۆیان و واش نیه که چووبن بارگه‌یان له‌سه‌ر هه‌واری پ ک ک ڕاخستبێت، که واته ئه‌و سیاسه‌ت و هه‌ڵویسته‌ی پ ک ک به ڕاشکاوی ناکوردانه و ناڕه‌وایه.
له‌لایه‌کی تره‌وه به گه‌شه‌ی زیاتری هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و چوونه سه‌ری ئاستی ڕووناک‌بیری له هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان و به‌تایبه‌تی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و هه‌روه‌ها چاوه‌ڕوانی له‌مێژینه‌ی چینه جیاوازه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات بۆ هه‌ستانه‌وه‌ی خه‌بات، گریمانه ده‌کرێت خه‌ڵکی کوردستان و حیزبه‌کانی پارچه‌کانی تر، به ڕوونی و ئاشکرایی دژکرده‌وه بنوێنن و ناڕه‌زایه‌تی خۆیان له‌هه‌مبه‌ر ئه‌و کرداره که ته‌نیا شه‌ڕی براکوژی لێ ده‌که‌وێته‌وه، بنوێنن که ئه‌وه‌ش به گشتی به زیانی بزووتنه‌وه‌ی کورد و ڕۆژهه‌ڵات و به فیڕۆچوونی وزه و کات و سارد بوونه‌وه‌ی خه‌ڵک و به‌تایبه‌تی به زیانی پ ک ک یه و گریمانه ده‌کرێ به‌ره‌و ڕووی دژکرده‌وه‌ی تووند بێته‌وه.
کوره‌ی ئاگری خه‌باتی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان هه‌ر دێت و به‌ره‌و گه‌رمی ده‌ڕوات و بووه به به‌شیک له ویست و مژاری ڕۆژانه و ئاشکرای خه‌ڵک و حیزبه‌کان و چالاکوانانی کورد به گشتی، حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتیش پێده‌چی به تۆخی له بیری ئه‌و خۆ ڕسکاندنه‌وه دابن که تا ڕاده‌یه‌کی زۆر به شیکردنه‌وه‌ی باروودۆخی خۆرهه‌ڵاتی ناڤینه که نووسه‌ری ئه‌و بابه‌ته له بابه‌تێکی تر له ژێر ناو نێشانی (شه‌ڕی نێوان میحوه‌ری سوننه و شیعه و ده‌رفه‌تێک بۆ کوردی ڕۆژهه‌ڵات) به پێی توانا ڕاڤه‌ی بۆ کردووه، که‌واته بار و دۆخ وه‌ها ده‌خوازێت که حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات ده‌رفه‌ت بقوازنه‌وه و له‌و پێناوه‌شدا وێده‌چی زۆر گریمانه‌یان هێنابێته ئارا و به‌رباس که یه‌کێکیان په‌رچه‌کرداری پ ک ک یه له قه‌ندیل و سنووره‌کانی نێوان باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا.
به پێی بووچوونی نووسه‌ر هه‌ر جۆره دانه‌واندن و داشکاندنێک بۆ هه‌ر هێزیکی تر، ڕۆژهه‌ڵات له قۆناغی ئیستای خه‌بات، ڕۆژهه‌ڵات له ئامانج دوور و له بێ هیوایی زیاتردا چه‌ق ده‌کاته‌وه. ئه‌و جۆره ڕووداوانه به کات چاره‌سه‌ر نابن و له هه‌ر چرکه ساتێکدا خه‌بات بگه‌شێته‌وه ئه‌گه‌ری هاتنه ئارایان له سه‌ر جێی خۆیه‌تی، به‌ڵام پێویست و درووست ئه‌وه‌یه به شێوه‌ی دیالۆگ و پێکه‌وه حاوانه‌وه و نیشتمانییانه چاره‌سه‌ر بکرێن و به‌ر به هه‌ر کردارێک بگیردرێت که خه‌باتی کورد ته‌پ و نامۆ و بێزراو ده‌کات. مشت‌ومڕ و گفتوگۆ و هێنانه ناوه‌وه‌ی هێزه‌کانی تر بۆ ناوبژیوانی، ڕێگاچاره‌یه‌کی گونجاوه به تایبه‌تی که هه‌رێمێک به ناوی هه‌رێمی کوردستان بوونی هه‌یه و ده‌توانێت ئه‌و ده‌وره کارایه بگێڕێت.
ئه‌وه‌ی ئێستا له نێوان پ ک ک و هێزێکی بچوک له‌و حیزبه ده‌بینرێت، ناچێته خانه‌ی نیشتیمانی بوونه‌وه و کرداری ئه‌وتۆی پ ک ک له هه‌مبه‌ر هیزێکی ڕۆژهه‌ڵات، ده‌چێته خانه‌ی به‌زاندنی سنووری کوردایه‌تییه‌وه و پێویستییه‌کی سه‌ره‌کیه که سه‌رجه‌م تاک و هێزێکی ڕۆژهه‌ڵاتی و کوردستانی به هه‌ر جۆره ڕوانگه‌یه‌که‌وه، به‌رپه‌رچی ئه‌و کرداره‌ی پ ک ک بده‌نه‌وه، له هه‌مان کاتیش‌دا ئه‌گه‌ر دۆخ و کردارێکی ئه‌وتۆ بۆ هه‌ر لایه‌نێکی تری ڕۆژهه‌ڵاتی یان پارچه‌کانی تر له لایه‌ن پ ک ک یان هه‌ر هێزێکی تره‌وه بێته ئاراوه، هه‌ڵوێست گرتن به بێ له‌به‌ر چاو گرتنی هزر و ڕامانی حیزبی، ئه‌رکێکی نیشتمانییه.