"an independent online kurdish website

هەیاس کاردۆ کاک سیاوەش لە دۆستە نیزیکەکانی من لە کاتی پێشمەرگایەتی دا بوو. هەرچەند ئەو لە بەشی پزیشکی و دەرمانی و من لە ڕاگەیاندن کارمان دەکرد بەڵام پێوەندییەکی قووڵ و دۆستانەمان پێکەوە هەبوو. کاک سیاوەش ماوەیەک هاوکاری دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی کوردستان و گۆڤاری لاوان بوو کە ئەوە زیاتر لێکی نیزیک کردبووینەوە.heyas-kardo

ئێمە لە ڕەخنە گرە ناسراوەکانی نێو حیزب بووین. پیاسەکانی ئێوارانی من و کاک سیاوەش و چەند هاوڕێی نیزیکی دیکە دەنگی دابۆوە کە پێم خۆشە بیرەوەرییەکیشی لێ باس بکەم: جارێک بەڕێز کاک حەسەن شەڕەفی کە بەرپرسی ڕادیۆ بوو لێی پرسیم ئەرێ هەموو ئێواران ئێوە ئەو هەموو قەدەمەی لێ دەدەن باسی چ دەکەن؟ گوتم جەنابت وەرە رەگەڵمان کەوە بزانە باسی چ دەکەین. گوتی وەڵا دێم. ئێوارێ کاک حەسەن هات و بە هەڵکەوت باسی ئەو ڕۆژەمان هیچ پێوەندیی بە سیاسەتەوە نەبوو. کاک حەسەن زوو وەڕەز بوو و بەجێی هێشتین. ئێمە ماینەوە و درێژەی باسەکانمان. قەدەر وابوو من ڕووم کردە دەرەوە و حیزب و کاک سیاوەش و هاوسەنگەرانم بەجێ هێشت. بۆ ڕۆیشتنم حیزب نەک هەر هیچ هاوکارییەکی نەکردم بگرە ناڕاستەوخۆ بەردی هاویشتە سەر ڕێم هەتا نەتوانم دەرباز بم.

بەڵام بە سەت خۆ دێر و دەوێ هاویشتن توانیم خۆ ڕزگار کەم و بچمە تورکیە. دوو ساڵ لە تورکیە بە چەرمەسەری مامەوە و تەحەممولی هەموو سەختییەکانم کرد. کە هاتمە ئوستڕالیا یەکەم کارم، بە هاوکاریی چەند دۆستی بەڕێز و پێشتر پێشمەرگە، دامەزراندنی کۆمیتەی حیزب لەم ئەیالەتە بوو کە ئێستاش بەردەوامە. من لێرە هەموو ئەو ڕەخنانەی لە حیزب و مودیرییەتی حیزب و دەستە بەندییەکانی نێو حیزبم هەبوو وەلام نان و دووبارە تێ هەڵچوومەوە. بەڵام چ ئەو کات و چ ئێستا قەتم حیزبایەتی نەکردۆتە ئیدئۆلۆژی و هەمیشە وەک وەسیلە کەڵکم لێ وەرگرتوە.

کاک سیاوەش ماوەیەک دوای من دەگەڵ جەمعێک لە هاورێیانی دیکە بە هۆی بڕیارێکی حیزبی ماڵەکەیان دەگوازرێتەوە کۆیە و لە ڕێزی هاوسەنگەران دا نامێنن. بڕیارەکەش ئەوە بوو ئەوانەی خۆیان لە دەفتەری یو ئێن نووسیبوو هەتا بەڕێیان کەنە دەرەوە، دەبوا کاری تەواو وەختی حیزبی بەجێ بێڵن. کاک سیاوەش چونکە دەگەڵ دوکتورە فەڕانسەییەکان کاری دەکرد زۆر زوو کاری سەری گرت و هەر لە هەولێر ڕا یەکسەرە بەڕێ کرایە سوئێد. من لە تورکیە بووم کە ئەو گەیشتە سوئێد. ئەو بە هەر هۆیەک مەیلی حیزبی نا و ئیتر بەلای دا نەچۆوە. بەرە بەرە کە مێدیای پکک لە ئوڕووپا چالاک بوو زۆر ژمارەیەک کوردی ڕۆژهەڵات و یەک لەوان کاک سیاوەش جەزبی ئەو بازاڕە گەرمە بوون و و بەم جۆرە کاک سیاوەش بەردی بناخەی هاوکاریی پکک ی دانا.

من لە هەموو کار و چالاکییەکانی بەڕێز گوودەرزی دەگەڵ پکک ئاگادار نیم چونکە ناتوانم چاو لە تلویزیۆنەکانیان بکەم، بەڵام هەم بەشێک لە بەرنامەکانیم لە ڕێگای ئینتیرنێتەوە دیوە و هەم بەشێک لە نووسراوەکانیم خوێندۆتەوە. لە مێژە دەزانم بەڕێزیان بەشێکی دانەبڕاو لە سیاسەت و تەشکیلاتی پکک یە کە لەو بارەوە مافی خۆیەتی. بەڵام بۆخۆی لە لای من حاشا دەکا کە پکک بێ و دەڵێ تەنیا لە مێدیاکەیان دا کار دەکا. لەو ماوەیەدا کە دەرگیریی پکک و حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران لە سنووری کێلەشین ڕووی دا کاک سیاوەش لە نووسینێکی دا بەناوی حیزبی دێمۆکڕات و گرێی پککبە بیانووی ئەو تێکهەڵچوونە، مێژووی پێوەندییی حدکا و پکک ای وەرد دایەوە و هەرچی جوانیی بوو بە پکک ای بەخشی و بەشی حدکاشی بە پەردەیەکی ڕەش و تار داپۆشی. من لە کۆمێنتێک دا زۆر ڕەفیقانە ئەو بۆچوونەم بە هەڵە زانی و عەرزم کرد پکک بەو جۆرەش بێ خەتا نیە جەنابت لێی دەڕوانی. من عەرزم کرد تۆ لە لای من گوتووتە تەنیا لە مێدیای پکک دا کار دەکەی کەچی لە ئەندامانی ئەو حیزبە زیاتر دیفاع لە کردەوەکانی دەکەی.

کاک سیاوەش لێم تووڕە بوو منی بەمیرزا بنویسی عەبدوڵا حەسەن زادەلە قەڵەم دا. سوپاسی دەکەم کە دواتر کۆمێنتەکەی لابرد بەڵام خۆ کاک سیاوەش لە پێداگرییەکانی بۆ دیفاع لە پکک شل نەبۆوە و بگرە لە وتاری دیکەشی دا هێرشی کردە سەر دیمۆکڕات. ئێستا با بزانینمیرزا بنویسی عەبدوڵا حەسەن زادەباشترە یان بوونە سپەری کردەوە هەڵە و تیئۆرییە کەس لێ حاڵی نەبوەکانی بەڕێز ئۆجەڵان ( هەڵبەت ئەگەر بکرێ پێیان بگوترێ تیئۆری)؟ کاتێک کاک سیاوەش و (هەڵبەت سیاوەشەکان) جەزبی پکک بوو ئەو حیزبە ئەسپی سەرکێشی خۆی بۆ چوار پارچەی کوردستان لینگ دەدا و بستێکی بێ بستێک لە خاکی کوردستانی بە بێ ڕزگاری نەدەویست. ئەو کات دۆڵی بەقا لە نێوان لوبنان و سوورییە جێی هەڵۆ تیژ باڵەکانی گەریلا بوو کە سەردەرگای هەموو بنکە و بارەگاکانیان بە وێنەی باوکی ناسیۆنالیزمی کورد!؟ “حافز ئەسەدی” هاو سەرۆک ڕازابۆوە. ( من خۆم وێنەی حافز ئەسەدم لە سەر دەرگای دەفتەری پکک لە قامیشلوو دیوە).

ئەو کات کاری کاک سیاوەشەکان وا دیاری کرابوو حیزبەکانی دیکە بکوتن چونکە ئێرانچیەتی و عیڕاقی گەری دەکەن و لە کێشەی ئەسڵیی کورد حاڵی نین. ئەوکات بەڕێز ئۆجەڵان کاتی نەبوو تیئۆریی تازە دابتاشی چونکە کوردستانی بوون و کورد بوون خەو و خۆراکی لێ حەرام کردبوو. بۆیەش کاک سیاوەش کە لە نێو حیزبی دێمۆکڕاتیش دا بیری کوردایەتیی لە زۆران بەهێزتر بوو خۆی بۆ نەگیرا و ڕەگەڵ لەشکری سەربەخۆیی خوازان کەوت. ئەگەر پکک هەر لەسەر ڕەوتی کوردستانی ڕۆیشتبا و بە کردەوە سەلماندبای ئەوەی دەیڵێ باوەڕی پێی هەیە منیش ڕەنگە ڕۆژێک ڕێگای کاک سیاوەشم گرتبا و ئێستا وەک گەریلایەک لیباسی بۆرم دەبەر کردبا.

بەڵام ڕەوتی ڕووداوەکان و پێچی زەمان پێچەوانەی نیشان داین. دوای گۆڕانی سەت و هەشتا دەرەجەیی بە سەر سیاسەتەکانی پکک دا وەنەبێ کاک سیاوەش وەخۆ بێتەوە و خۆی لەو داوە دەرباز بکا. بەڕێزیان ئەوجار بوو بە نەجاڕی لێک و لووس کردنی ئەو باوەڕە سەیر و سەمەرانە کە سەرۆک ئاپۆ لە پشتی میلەکانی زیندانەوە بە تۆن و تەغار بۆ دەرێی داناردن. ئێستاش کە بوونەوەرێکی سەیر و سەمەرە بە ناویکانتۆنوخۆ بەڕێوەبەریی دیمۆکڕاتیکجێگای کوردستانی سەربەخۆی گرتۆتەوە کاک سیاوەش دەبێ شەوانە هەتا بەیانی تیئۆرییە تازەکانی ئۆجەڵان بخوێنێتەوە و کە ڕۆژیش بۆوە لە نەورۆز تی ڤی بیانکاتە زمانی خەڵک و دەرخواردی کوردانی ڕۆژهەڵات و باشووری بدا.

ئەمن سەرم سوڕ ماوە کارمەندێکی سادەی تی ڤی، وەک خۆی دەڵێ، چۆن دەتوانێ ئەوەندە بە باوەڕەوە خۆی ماندوو بکا و سەر لەبەری نازانم ئەو چەند سەت کتێبەی ئۆجەڵان بخوێنێتەوە کە گۆیا لە زیندان نووسیونی و بەوەش نەوەستێ بیان کاتە سۆرانی و لەوەش گرینگتر وایان لێ بکا شوانی بەر مەڕ و گاوانی گا لەوەڕێنیش لێی حاڵی بن؟ زەمانێک لە نێو حیزبی توودەی ئێران دا کەسێک هەبوو بە ناوی ئیحسان تەبەری. دەیان گوت ئەو کابرایە کاری ئەوەیە فکر و ئیدەی ڕێبەرایەتیی حیزبی توودە کە خۆشی یەک لەوان بوو بکلاتە تیئۆری و وایان دەگەڵ عیلمی سۆسیالیزم ڕێک بخا جێی باوەڕ بن. هیوادارم کاک سیاوەش کە دەزانم کوڕێکی بە ئیستیعدادە، بەو دەرەجەیە لە زانست گەیشتبێ کە جێگای تەبەری بۆ پکک پڕ بکاتەوە، بەڵام دەپارێمەوە قەت کاری نەگاتە چارەنووسی تەبەری کە دە ئاخری تەمەنی دا نەدامەتنامەی مۆر کرد و خەتێکی سووری بە سەر هەموو نووسینەکانی پێشتری خۆی دا کێشا. کاک سیاوەش ئەگەر تەنیا کارمەندێکی سادەی نەورۆز تی ڤی یە، واباشە خۆی لە قەرەی تیئۆری و پاساو هێنانەوە بۆ کردەوەکانی پکک نەدا چونکە زۆری گران لە سەر دەکەوێ.

ئەگەر کادرێکی چالاکی پکک ەشە هیچ عەیب نیە و با وەک باقیی کادر و ڕێبەرانی ئەو حیزبە خۆی دەر بخا و بە ئاشکرا بڵی کێیە و چی دەوێ. ئەوە ڕاستە چەقبەستوویی لە باوەڕ دا شتێکی باش نیە و مرۆڤەکان دەبێ توانای خۆ گۆڕینیان دەگەڵ ڕاستییەکان هەبێ. ئەوەش ڕاستە کە هیچ حیزب و لایەن و کەسێک بێ هەڵە نیە و هەرکەس جووڵەی هەبێ هەڵەشی هەیە. مرۆڤی وشیار ئەو کەسە نیە لە بەر هەڵەی حیزبێک خۆی بخاتە نێو هەڵەیەکی گەورەتر و کاریگەرتر. حیزبی دێمۆکڕات ڕاستە هەڵەی زۆر بوون و ئێستاش هەنی. هەر بۆیەش من و کاک سیاوەش و زۆری دیکەش لە قەدەماکانمان دا باسی ئەو هەڵانەمان دەکردن و هەوڵمان دەدا ڕێگا چارەیەکیان بۆ بدۆزینەوە. بەڵام بە شاهیدیی مێژوو حیزبی دێمۆکڕات قەت هەڵەی وای نەکردوە غرووری نەتەوەیەک بشکێنێ و چۆکی پێ دابدا. ئەو حیزبە لە سەرەتاوە هەتا ئێستا بە ڕاستە ڕێگای کوردایەتی دا هاتوە و کەم و زۆر پێداگریی لەسەر ماف و ئازادییەکانی ئەم گەلە بەشخوراوە کردوە.

چ ئەوکاتەی لە شار بوە و لە نێو ئاپۆڕای میلیۆنیی خەڵک دا کاری کردوە، چ کاتێک لە شاخ بوە و دەنگی قرمەی چەکی گوێی دنیای وەلەرزە خستوە و چ تەنانەت کاتێکیش سەرکردایەتییەکەی لە دەشتی کۆیە زەمین گیر کراوە وەک کاک سیاوەش پێی خۆشە بڵێ کەمپ نشین بوە، هیچکات وازی لە ئامانج و ڕزگاریی کورد نەهێناوە و بە پێی توانا دەنگی بۆ هەڵبڕیوە. هەڵەی حیزبی دێمۆکڕات فکری نین کە سەر لە خەڵک بشێوێنن و هەر ڕۆژەی بۆ لایەکیان پاڵ پێوە نێن. هەڵەی حیزبی دێمۆکرات هەڵەی کاریین و ئەوەش دیارە هەرچەند زەبریان لێداوە، بەڵام لە ڕاستە رێگای چوونە پێش بە لاڕێیان دا نەبردوە. پکک دوو هەڵەی بنەڕەتی و مەترسیداری هەن. یەکیان هەڵەی تیئۆری داتاشین و هەر ڕۆژەی بۆ لایەک لێخوڕینە. حیزبێک بناخەی خەباتەکەی بۆ ڕزگاریی کورد بێ نە بە گیرانی ڕێبەرەکەی هەڵوێست دەگۆرێ و نە بە هەڵکشان و داکشانی چالاکییەکانی. ڕاستە بۆ گەیشتن بە ئامانج دەبێ رێگای جۆراوجۆر تاقی بکرێنەوە، بەڵام خۆ ناکرێ هەر ڕۆژەی ئاسۆیەک بۆ دواڕۆژی نەتەوەکەت نیشان بدەی.

پکک لە چەپی چەپەوە دەستی پێ کرد، بوو بە ناسیۆنالیستێکی تۆخی چاردە عەیار و هەمدیسان سەری لە چەپی تێکەڵ بە مەزهەب وەدەر ناوە و شتێکی لێ ساز کردوە مەگەر هەر کاک سیاوەش بزانێ چیە و لە نەورۆز تی ڤی دا شی بکاتەوە. هەڵەی دووهەمی پکک لە بەرخورد و هەڵوێستی سەبارەت بە لایەنەکانی دیکە دایە. ئەم حیزبە لەوەتا دروست بوە خۆی بە تاقە سواری مەیدان زانیوە و هەتا بۆی کرابێ کۆسپی خستۆتە سەر ڕێی یەکگرتوویی کورد. زەمانێک نەک هیچ حیزبێکی سیاسیی دیکە لە باکوور زاتی خۆ دەرخستنی نەبوو، بگرە ئەندامانی خۆشی نەیان دەوێرا لێی دوور کەونەوە. مێژووی دروست بوون و پەرە گرتنی پکک بەداخەوە پڕە لە کردەوەی ناجوان کە مرۆڤ لە باس کردنیان عاجزە.

کاک سیاوەش حیزبی دێمۆکڕاتی بەجێ هێشت هەتا لە پەنا لایەنێک بحەسێتەوە کە هیچ شتێکی ڕوون نیە. سەیر ئەوەیە کاک سیاوەشی لە نێو حیزب دا ناسیۆنالیستێکی تۆخ، ئەمڕۆ ئۆباڵی کانتۆن سازی و خۆ بەڕێوەبەریی دێمۆکڕاتیک بۆ گەلەکەی دەکێشی و حیزبێک کە هەتا ئێستاش بەو ناسیۆنالیزمە نیوچڵە وەفادارە کە خەباتی بۆ دەکا، بە شکست خواردوو و هیچ لەدەست نەهاتوو لە قەڵەم دەدا. کاک سیاوەش کە زەمانێک لە ڕێی کوردایەتی دا شاخە و شاخی دەکرد و کۆڵە پشتیی پڕ لە دەرمان لەپشت هاو سەفەری پێشمەرگە بوو، ئەمڕۆ دڵی بۆ عەڕەبەکانی سوورییە و شیعەکانی ئێران لێ دەدا. من خەباتی نێو سەنگەری پێشمەرگایەتیم بەجێ هێشت چونکە بۆم نەکرا.

بەڵام بەو ئامانج و ڕێبازە وەفادارم کە بە ئاگاهییەوە هەڵم بژارد و و بە وشیارییەوە خەباتم بۆ کرد. کاک سیاوەش یان بە هەڵە حیزبی دێمۆکڕاتی هەڵبژاردبوو و لە ئامانج و ڕێبازەکەی بێ ئاگا بوو، یان بە داخەوە دەبێ بڵێم ڕەفیقی نیوە ڕێگا بوو و لە ڕۆژی تەنگانەدا پشتی بەردا. خۆ ناکرێ مرۆڤ هەر دەگەڵ لایەنێک بێ کە هێزی زۆری هەیە و دەنگی باش دەڕوا، دروست وایە دەگەڵ لایەنێک وەمێنێ کە ڕێگا و ڕیبازی دروستی هەیە جا ڕەنگە دەسەڵاتیشی نەبێ. (ئەم نووسینەم تەنیا وەک دەمەتەقەیەکی دۆستانە دەگەڵ دۆستی دێرینم کاک سیاوەشە و پێم خۆش نیە هیچ بەرداشتێکی خراپی لێ بکرێ.) هەیاس کاردۆ – ئوستڕالیا – ٣٠/٥/٢٠١٥

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی