"an independent online kurdish website

بەر لە ساڵی ١٩٩٩ پ ک ک. لە ڕۆژهەڵاتدا هیچ ڕێکخستنێکی نهێنیی نەبووە و ئێران وەکوو هێزێکی دژە تورکیا، وەکوو کارتێک دژی ئەو دەوڵەتە سەیری کردووە. nusin-01

لە کاتی گیرانی بەڕێز ئۆجەلان بەدواوە، کاتێک پەکەکە هێز و پوتانسیەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دیت، کەوتە بیری بەکار هێنانی ئەو پوتانسیەلەوە. لەو کاتەوە ئیتر ئەو هێزە جەماوەرییەی ڕۆژهەڵات بووە کانگایەکی مەتریاڵ و وزە بۆ ئیمپریالیزمی پارچەیی؛ ئیمپریالیزمی پارچەیی لێرەدا مانای ئەوەیە کە حیزبی پارچەیەک، هێز و وزەی پارچەیەکی تری کوردستان بەکار بهێنێت بەبێ ئەوەی بیەوێت خەبات لە پارچە ژێردەستەکەدا بکات. کاتێک کە حیزبەکانی باشوور دەست و پێی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیان بەستبوو و کاتێک لە کەش و هەوایەکی زۆر بێڕوحمانەدا ئەو هێزانە کەوتبوونە بەر لێشاوی تیرۆر، هەر لایەنێک هەوڵی خۆی دا کە زۆرترین هێزی مرۆڤی لەم شوێنە بەبەرەکەتە هەڵبهێنجێت.
دیارە لەبەر ئەو کەشوهەوا نالەبارەی کە حیزبەکانی باشوور بەسەر بزووتنەوە و خەباتی ڕۆژهەڵاتدا سەپاندبوویان، کوردی ڕۆژهەڵات بەگومانەوە سەیری هەوڵەکانی حیزبەکانی باشووری دەکرد و ئەمە زەمنیەیەک بوو بۆ ئەوەی پەکەکە دەستی ژوور لەنێوان ئیمپریالیستەکاندا پەیدا بکات. بەڵام دوو بەربەست لەپێش ئەم تاکڕەوییەی پەکەکەدا بوونیان هەبوو:
یەکەم: ئێران لەگەڵ ئەوەیدا کە پێی خۆش بوو لایەنگریی کوردی ڕۆژهەڵات بۆ حیزبەکان کەم ببێتەوە، بەڵام نەیدەتوانی ڕیسکی سەرهەڵدانی هێزێکی تر بکات. ئەم بەربەستە بە ڕێککەوتنی پەکەکە لەگەڵ ئێران بەشێوەیەک چارەسەر بوو کە ستراتیژیی پەکەکە ببێت بە “دەرخستنی شەرڤان”، واتە خاڵی کردنی ڕۆژهەڵات لە شۆڕشگێڕ. ئاشکرایە ئەم ستراتیژییە بە سوودی هەردوولا بوو.
دووەم: بەربەستی دووەم بریتی بوو لە بەهێز بوونی نەتەوەخوازی و خۆشەویستیی خەڵکی ڕۆژهەڵات بۆ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات . ئەم بەربەستەیش دەبوو پروپاگەندای ژاراوی و ناولێنانی وەکوو “حیزبی کلاسیک”، “حیزبی سوننەتی”، “حیزبی لایەنگری ناسیۆنالیزمی سەرەتایی” و ئەو چەشنە چەمکانە چارەسەر و لاڕێ کرابا. ئەمەیش دیارە کاردانەوەی لەلایەن لایەنگرانی ئەو حیزبانەوە بەدواوە بوو. هەرچەند لە هەل و مەرجێکدا کە باروودۆخ بۆ کاری پەکەکە زۆر کراوە بوو، ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو پڕوپاگەندایە گەلێک دژوار بوو.
بۆ خۆڵ لە چاوی خەڵک کردن و نیشان دانی ئەوەی کە ئەوان دەتوانن جێگەی هێزەکانی ڕۆژهەڵات پڕ بکەنەوە، پەکەکە بە شێوەیەکی ڕواڵەت و هەڵخەڵەتێنەرانە و بە ناوی پژاکەوە کەوتە شەڕی ئێرانەوە. ئەوەی کە ئێستا وەک ئەنجامی ئەو شەڕە لە پێش دەستدایە، لێدانی پاسگای ڕاهنەمایی و ڕانەندەگییەکانی ڕوانسەر، بانە، سەرواباد و کوێ و کوێن. بەڵام ئەنجام و دەستکەوتێکی بەرچاو، پاش دەستێوەردانی ١٦ ساڵەی پەکەکە لە کاروباری ڕۆژهەڵاتدا بەدی ناکرێت.
ڕووداوی جاسووسان و پاشتر ڕێککەوتنی پەژاک و ئێران و پاشتر ڕاگەیاندنی کۆدار، پرسی جیددیی لەلای خەڵکی ڕۆژهەڵات دروست کرد. لێرەدا ئەو پرسیارە لە مێشکی بینەردا گەلاڵە دەبێ کە ئەگەر ئەمان دەڵێن کە هۆکاری بوونیان لە ڕۆژهەڵاتدا، نەبوونی حیزبە کلاسیکەکانە، ئەدی پاش ئەو ڕێککەوتنە، هۆکاری هەبوونی ئەوان چی دەبێت؟!
ئەوەی ڕاستی بێت ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی سووریا و شەڕی داعش و پاشتر شەڕی کۆبانی، ڕێی لە ڕەنگدانەوەی ئەو پرسیارانە گرت. هەرچەند بوونی پەکەکە لە میحوەری ئێران-سووریە-حیزبوڵڵادا و یەکگرتن لەگەڵ توندترین لایەنە چەپەکاندا و پشت گوێ خستن و بەرهەڵست بوونەوە لە هەمبەر خەونی دەوڵەتی کوردی و دژایەتی کردنی هێما و سیمبۆلە نەتەواەییەکان وەک ئاڵای کوردستان و دەست کردن بە پەرچەپەرچە کردنی کوردستان بە ناوی کانتۆن و کرداری هاوشێوە و تەنانەت باس کردن لە نەتەوە نەبوونی کورد، بووە پرسیاری جێگرەوەی ئەو پرسیارانە.
ئێستا کە هەر ئەو گۆڕانانە بۆتە هۆی ئەوەی کە زنجیر لە دەست و پێی هێزەکانی ڕۆژهەڵات بکرێتەوە و بتوانن هەوڵێک بدەن کوردی ڕۆژهەڵات بهێننەوە نێو هاوکێشە سیاسییەکانەوە، پەکەکە لە سێ شت زراوی ڕژاوە. یەکەم ئەوەی کە لایەنێک بەو لایەنانەوە زیاد دەبێت کە باسی دەوڵەتی کوردی دەکات و دیارە ئەمە بە زیانی پەکەکە دەبێت.
دووەم، دیارە ئەو هێزانە لە میحوەری ئێران-سووریە نابن و ئەمە قورسایی ناوچەیی پەکەکە دەخەنە مەترسییەوە.
سێهەم، پەکەکە سەرچاوەیەکی گرینگ بۆ دەرخستنی شەرڤان و هێزی مرۆڤی لە دەست دەدات.
بۆیە پەکەکە بە هەموو هێز و توانایەوە کەوتۆتە خۆڵ لە چاوی خەڵک کردن و ئەوپەڕی بێ‌ئەخلاقیی سیاسی دەنوێنێت. لەو پەرچەکردارانەی کە ئەم ماوەیە لە پەکەکەی دەبینین و دەخرێنە خانەی بێ‌ئەخلاویی سیاسییەوە ئەمانەن:
هاتنەوەی کوردی ڕۆژهەڵات پلانێکە بۆ تێکدانی ڕەوتی هەڵبژاردن لە تورکیا!! ئەوە درێژەی هەمان ڕوانینە کە پرسی ڕۆژهەڵات لە چاویلکەی بەرژەوەندیی باکوورەوە سەیر دەکات. ئەمە سەرەڕای ئەوەیە کە ئەنجامی نەرێنی و ئەرێنیی یەک کردەوە لەسەر شانی ئەو لایەنەیە کە بکەری کردەوەکەیە و لێدوانی لەو شێوەیە تەنیا خۆڵ لە چاوی خەڵک کردنە.
کاتێک هێزەکانی لە شاهۆ و دیکەی شوێنەکانی ڕۆژهەڵات دەکشێنێتەوە کە سنوورەکانی ئێران لە قەندیل پتەو بکات، بەوپەڕی بێ‌ئەخلاقییەوە ئەوەیش دەنووسێتە نێو کارنامەی خەباتی خۆی لەگەڵ حکوومەتی ئێراندا. دیارە ئەمەیش خۆڵ لە چاوی خەڵک کردنە و خەڵک کارنامەی ئەم ١٦ ساڵەی کاری پەکەکە لە ڕۆژهەڵات دەزانن.
بۆ شەڕ لەگەڵ هێزەکانی ڕۆژهەڵات کەڵک لە ئەو هێزانەی ڕۆژهەڵات کە لەنێو پەکەکەدان، وەردەگرێت. ئەوەیش بێجگە لە مەبەستی نانەوەی ئاژاوە چی تری لێ نابینرێت. لەبیرمان ناچێت لە شەڕی پەکەکە لەگەڵ یەکیەتیدا، لە ناوچەی قەرەداغدا، زۆربەی ئەو کەسانەی کە گیانیان لەدەستدا ئاخێوەرانی سۆرانی بوون. بە ئامراز سەیر کردنی گەریلا و نانەوەی ئاژاوە بۆ پاشتر، سەرەکیترین مەبەستەکانی ئەو پلانە بوون.
کاتێک کە هەموو فەزای کوردانی باشوور و ڕۆژهەڵات داوا لە پەکەکە دەکەن کە داوای لێبوردن بکات لەو خوێنەی بۆ پاراستنی سنوورەکانی ئێران ڕژاندوویەتی، ئەو باسی کوشتنێک دەکات کە بە وتەی خۆیان بەناوی حدکا-وە کراوە و داوای ڕوونکردنەوە دەکات.
فیلمێک بڵاو دەکاتەوە کە گوایە خەریکی تیمارکردنی بریندارەکانی ڕۆژهەڵاتن. ئەو فیلمە بێجگە لەوەی بیری فیلمی لەو جۆرەی حکوومەتەکانی ناوچەمان دەخاتەوە، ئامادەیی بۆ پەکەکە بۆ پێکدادانەکە و پروپاگەندای پاش ئەوەیش نیشان دەدات. ئەوەیش دیسان بۆ خۆڵ لە چاوی خەڵک کردنە و بۆ ڕێگرتن لەو پرسیارە کە گەلۆ، پەکەکە ئەو گوشت و بڕەی لە چییە.
بڵاویان کردۆتەوە کە ئەم هاتنەوەیەی هێزەکانی ڕۆژهەڵات بە پشتیوانیی بارزانی بووە و ئەمە بە زیانی پەکەکە و هێزە هاوپەیمانەکانیەتی. ئەمەیش هەمان بێ ئەخلاقیی لایەنێکە کە ڕێ بە خۆی دەدات هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی سووریا و تەنانەت دەوڵەتی عێراق ببێت، بەڵام کەمترین جووڵانەوەی لایەنەکانی تر بە ناوی هاوپەیمانییەوە لەقاو بدات.
لێرەدا مخابن بێ ئەخلاقترین هێزی بەناو کوردی دەبینین کە بۆ بردنە سەری ئامانجە ناڕەواکانی خۆی هەر چەشنە بێ ئەخلاقییەکی سیاسی ڕەوا دەبینێت و دەیکات. کردارێک لە لانیکەم لە خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا جێگە و پێگەیەکی ئەوتۆی نەبووە و نابێ.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی