"an independent online kurdish website

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو دا بە هۆی هێرشی پکک بۆ سەر دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی حدکا ، کەلە ئاکامی ئەو هێرشە دا کادرێکی حدک. ئیڕان بە ناوی قادر کەیمی شەهیدو سێی دیکەش بریندار بوون ،کۆمەڵێک سیما ی کۆن و نوێ دەرکەوتن و سیمای ڕاستەقینەی خۆیانیان دەرخست . لەو بڕگە کورتە دا جگەلە (منظومە) ی پکک، نیزیک بە هەموو هێزو لایەنە سیاسی و جڤاکییە کوردییەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان ئەو کردەوەیەی پکک یان بە ناڕەوا زانی و شەرمەزاریان کرد کە ڕەنگ بێ پکک چاوەڕوانیی ئەوەی نەکردبوو.pkk_narun

لەم جەریانە دا هیندێک کەس بێ ئەوەی تەماشای وەزعەکە وەک خۆی بکەن و ببینن، کەوتنە پرسیار و لێدوانی خەڵک هەڵخەلەتێن و هەوڵی بەلاڕێدا بردنی ڕەوتی ڕووداوەکەیان دا بە ئاقاری کەم کردنەوەی تاوانی تاوانبار و بکەری ئەو کردەوە نابەرپرسانەیە.

با لێرە دا ئەو پرسیارانەی کە دەکران و وڵامیان مەگەر هەر خۆیان پێی ڕازی بن، بە کورتی ئیشارە بکەین:

بۆچی ڕاست لەم کاتە دا؟

بۆچی ڕاست لەو نوقتەیە دا؟

بۆچی فڵانە ڕاگەیاندن لە بڵاوکردنەوە دا چالاکە؟

ئەو سێ پرسیارەی سەرەوە لە هەموو لێدوان و باسی ئەو چەند ڕۆژەی کۆمەڵێک کەسی ئەرکدارکراوی دەستی لایەنی بکەری تاوانە کە و لایەنە هاوکارەکانیان بوون و بەردەوام تیکرار دەکرانەوە. لێرە دا لەگەل ئەوەی من ئەندامم لە لایەنی مەغدووری ئەو ڕووداوە، بەڵام هەوڵ دەدەم وێڕای پاراستنی پڕەنسیپی ئەندامەتیم ، ڕاو بۆچوونی تاکەکەسیی خۆم دەرببڕم و ئەو بۆچوونانەشم مەرج نیە بە دڵی لایەنەکەی من بێ و تەئیدی بکا، وەک لە ڕابردووش دا زۆر بۆچوونم دەربڕیوە کە لایەنەکەم نەک موافیق، بگرە زۆریش موخالیفی بۆوە، چوونکی ئەو لایەنە باوەڕی قووڵی بە دێمۆکراسیی دەروون حیزبی هەیە.

با بچینەوە سەر وڵامی پرسیارەکان:

بۆچی ڕاست لەم کاتە دا؟

ئەرێ گەلۆ کام کات؟ئەو کاتە چۆن وادیاری کراوە  تا بۆتە مەبدەء؟ ئەوکاتە چ ڕەبتێکی بە حەرەکەتی بزووتنەوەیەکی ڕۆژهەڵاتی  کوردستانەوە هەیە؟ ئەم کاتەی کە باسی دەکرێ تەنیا بۆ هێزێکی بچووکی چەند کەسی کە بەرەو ئەرکێک لە ناوخۆی بەشەکەی خۆیان دەڕۆن و کار و ئەرکی حیزبیی خۆیان هەیە و دەبی جێ بە جێ بکەن گرینگە ، یان ئەو لایەنەی کە پێیوایە کاتەکە حەساسە و زێرینە بۆ ئەو ؟ کامیان دەبێ ڕەعایەتی ئەوکاتە بکا؟ ئەگەر ئەو کاتە هیندە حەساس و گرینگە،و بکەری تاوانەکە ی ڕژانی خوێنی ڕۆڵەی کورد خۆی بە خاوەنی ئەو ڕووداوە دەزانێ کە قەرارە لەم کاتە حەساسە دا ڕووبدا(مەبەست هەڵبژاردنی تورکیە) ، بۆچی دەبێ ئەو دان بەخۆیدانەگرێ و هەڵنەچی؟ مەگەر نە دەبوو پکک لەهەمبەر بوونی هێزیکی ٣٠،٤٠ کەسیی کوردی پارچەیەکی دیکە دا دژ کردەوە لە خۆی نیشان نەدا و تەحەمول بکا؟ بڵێی ئەو هێزە چ تەهدیدێک بووبێ بۆ پکک و داهاتووی پکک؟ ئەگەر لەونێوە دا دەستی دوژمن لە هەناوی پکک دا دەرنەهاتبێ بۆ بریندار کردنی جەستەی بزووتنەوەیەکی غەدرلێکراوی وەک ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، دەبێ چیدیکە بووبێ؟

پکک لە تەواوی سالانی تەمەنی دا هەمیشە و بەردەوام هەموو حەرەکەتێکی بە کۆمپلۆ و تەوتعە بە دژی خۆی دیتووە. بوونی هەموو حیزب و لایەنیکی کوردی بە خەتەر بۆ سەرخۆی دەزانێ و لە هەمان کاتیش دا ئامادەیە لە دژی هەموو هێزێکی کوردی واریدی شەڕ بێ کە بەداخەوە تا ئێستا زۆربەیانی تاقیکردۆتەوە. ئەو حیزبە لەو شێوە ڕەفتارەی دا وابزانم کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە میناک گرتووە کە لە هەموو کاتە قەیراناویەکان دا گوتویەتی ئەوە ئیمپریالیزم و ئیستیکبارە خەریکە دێتەوە سەرمان و خەڵک نابێ باسی هیچ شتێک بکەن. هەڵبەت ساڵانێکی زۆریش پکک دەیگووت: ئێمە و کۆماری ئیسلامی خاڵێکی هاوبەشمان هەیە کە هەردووکمان دژی ئیمپریالیزم و ئیسرائیلین!

ئەسڵەن کاتێک دەلێن لەم کاتە دا! یانی چی؟ بۆ چی هەڵبژاردنی تورکیە بۆ کوردی باکوور گرینگ و چارەنوس سازە ، بەڵام خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە راستەوخۆ تەئسیری لە سەر ژیانی ئێمەی ڕۆژهەڵاتی هەیە، گرینگ نیە، حەساس نیە و دەبێ جارێ ڕاوەستین؟ ئەوە کام مەنتیقە کە بڵێ : تۆ ڕاوەستە با کارەکانم تەواو بن، کێشە و گرفتەکانم چارەسەر بکەم، جا ئەوکات تۆ کەیفی خۆتە چی دەکەی؟ مەگەر شتی وا لە مەنتیقی تێکۆشانی سیاسی دا وجوودی هەیە؟ بۆ دەبی هەر کوردی ڕۆژهەڵات ببێتەوە قوربانیی کاتەکە و ، حەساسیەتەکان و مەوقعیەتەکان بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان؟ ئەوە چ مەنتیقێکە؟ کام نموونە هەیە کە پارچەکانی دیکەی کوردستان و یەک لەوان باکوور و پکک تاقە خولەکێکی خۆیان ڕاگرتبێ بۆ ئەوەی کوردی ڕۆژهەڵات هەنگاوێک بڕۆنەوە پێش؟

کەوایە ئەوانەی باسی “کاتەکە” دەکەن، دەبی ئەوەش بپرسن کە : بۆچی پکک ڕاست لەم کاتە دا شەڕ فرۆشی دەکا وخوێنی ڕۆڵەی کورد دەڕێژێ؟ چ دەبوو ئەگەر ئەو وتە بێژ و قازی یە بێ ئینسافانەی کە ڕۆژانە لەم لا و لەولا لێدوان دەدەن ، لانی کەم ویژدانی خۆیان بۆ چەند چرکەساتێک کردباوە قازی یەکی بە ئینساف و ئەوەیان لە پکک پرسیباوە کە؛ بۆچی شەڕ هەڵگیرساندن لەم کاتەدا؟ داخوا بوونی چەند پێشمەرگەیەک لەم ناوچەیە کە خاک و نیشتیمانی خۆشیانە چ زیانێکی بۆ پکک و هەڵبژاردنی تورکیە هەبووە؟ دەتوانرا چ تەئسیرێکی نەگاتیڤ لەو پڕۆسەیە بکا کە پکک وا هەڵچوو و دیسان ڕابردووەکەی زیندوو کردەوە؟ داخوا بەڕاستی حدکا دەتوانێ چ کاریگەری یەک لە سەر ڕەوتی هەڵبژاردن لە تورکیە دابنێ؟ کام عەقلی سەلیمە ئەوە قەبووڵ بکا و گاڵتەی پێ نەیە؟ لە لایەک پکک دەڵێ حدکا هێزی نیە، لاوازە، نەماوە، ١٥ پێشمەرگە بوون ، لە لایەکی دیکەش ئەو هەموو ئەرکە بۆ ئەو حیزبە و ١٥ کەسەکەی پێش بینی دەکا بۆ تاوانبار نیشاندانیان:

داگیرکردنی هەرێمی پاراستنی میدیا

چەک کردنی گریلاکانمان

وەرگرتنی باج و سەرانە لە خەڵک!!

کەم کردنی دەنگی هەدەپ

زیاد کردنی دەنگی ئاکاپە

ڕەش کردنی یەپەگە لە ڕۆژ ئاوا!

 

پرسیارەکەی دیکە کە دەڵێ: بٶچی ڕاست لەم ناوچەیە؟

لێرەشدا دیسان ئەو ئەرکدارکراوانەی کە لێدوان دەدەن هەم خۆیان بە هەڵەدا چوون هەم دەیانەوێ ڕای گشتی تووشی هەڵە بکەن.

بە دڵنیایی یەوە ئەو ئەرکدارانە جۆگرافیای کوردستان دەناسن . بۆیە زۆرچاکیش دەزانن کە کاتێک هێزێکی حدکا لە ناوچەی هەڵگورد، کێلەشین و خنێرە وخاکورک دا دەچنەوە بۆ مەبەستی ڕۆژهەڵات ، واتای ئەوەیە کە ئەرکیان لە پیرانشار، شنۆ، نەغەدە و شیمالی کوردستانە و حەوزەی ئەرکیان لەوێ یە. بۆیە ئەو هێزە ناتوانێ بە سوورکیوی بانە و بەمۆ و…. ئەوانە دا وارید بێ کە بە دەیان ڕۆژ و سەدان خەتەر ناگەنە شوێنی کاری خۆیان. لە ڕابردووش دا هەر وابووە. قەت هیزێکی جنووبی کوردستانی حدکا نەهاتووە لە هەڵگورد ڕا واریدی ڕۆژهەڵات بێ.

کەوایە ناچارن هەربەوێدابڕۆنەوە. کەسێک بیستوویەتی کە مەڵبەندی چواری بادینانی یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان لە کاتی خەباتی شاخ دا لە ناوچەی سلێمانی ڕا واریدی بادینان بووبێ؟ کەسێک دیویەتی کەلقی چواری پارتی دێمۆکراتی کوردستان لە بادینان ڕا واریدی سلێمانی بووبێ؟ یا باقی سازمانەکانی دیکەش بە هەمان شیوە. کەوایە ئەو هیزە هەر دەبێ لە نیزیکترین نوقتەی حەوزەی ئەرکی خۆیدا واریدی ناوچەکەی بێ، نەک ئەوەی کە ئەرکدارکراوەکان پێیان خۆشە لە کوێ ڕا وارید بنەوە.

بەڵام ئەو ئەرکدارانە قەت جارێک نەیاپرسی ئەرێ پکک و چیای قەرەداغی گەرمیان ، بەمۆ ی سەرپێڵ، جاسووسانی بەخشراو ، سوورکێو ی بانە، قەندیل و هەڵگورد و کێلەشین شوێن و حەوزەی تێکۆشانی پکک بوون ، یان دێرسیم و ئاگری و دیاربەکرد و وان؟ بۆ نەتان پرسی بۆچی قەندیل؟ بۆچی لە قەرەداغ شەڕی یەکیەتی تان کرد؟ قەندیل تان بە شەڕی کورد کوژی داگیرتان کردووە؟ بۆ ناپرسن؟ بۆ ناپرشن کە ئێستاس دەیان گوندی ناوچەی زاپ لە ژێر فیشاری پککدا ئاوەدان نەکراونەتەوە؟ بۆچی ناپرسن بۆ خاکورک هەر چۆڵە کە بەقەدەر خاکی وڵاتی کۆزامبۆرگ، لیختاین ئیشتەین وئاندۆرا کە سێ دەوڵەتن خاکە و سوودی بۆ کەس نەماوە؟

ئەرکدارکراوەکان لە بیریانە کە سالی ١٩٩٢ کاتێک لە ئەسەر شەڕەنگێزیی پکک لەهەمبەر حکوومەتی ٤مانگەی هەرێم دا و تەسلیم بوونەوەی پکک لە ئاکامی دۆڕانی لەو شەرەدا ، هێزەکەیان بە ئایفای هێزی پێشمەرگە وەک هێزێکی شکست خواردووی تەسلیم بوو ، هێنرانەوە لە نۆکان و زەڵێ و دۆلە ڕەقە جێگیر کران، دواتر بۆچی پکک بوو بە ساحیبی ئەو ناوچەیە و ئێستاشی لەگەل بێ دەیان گوند ئیزنی ئاوەدان کردنەوەیان لە لایەن پکک وە پێ نەدراوە. مەگەر پێش پکک هەرئەو قەندیلەی کە ئێستا پکک لێ یە، هێزەکانی حدکا و بنکە سەرەکیەکانی حدکای لێ نەبوو؟ مەگەر حکوومەتی چۆنی پێیان چۆل کردن؟ بۆچی دوای حدکا پکک جێگیرکرا؟ ئەوانە پرسیارن نەک ئەوەی کە بۆچی پێشمەرگە لەو نوقتەیە ڕا دەڕۆنەوە ڕۆژهەڵات؟ قەت پرسیتان لەو سالانەی کە پکک لەوێ بووە، چەندەها کەس بە هۆی بۆمبارانی تەیارەی تورکیە شەهید کران، چەندەها زیان بەو خەڵکە گەیشت؟ وەرن ئەمەش بپرسن. وەرن ئەمە بپرسن کە لە بناری قەندیل پکک هاتووە ئیدارەیەکی جیاواز لە ئیدارەی یاسایی لە عێراق و کوردستان دامەزراندووە؟ ئەوە لە کوێێ دونیا دا ڕەوایە؟ عیراق و کوردستان یاسایان هەیە و شێوەی ئیدارەی وڵاتیان هەیە، بەڵام پکک هاتووە شێوەیەکی خەیاڵی لە ئیدارەکردنی بۆ چەند گوندێک داناوە کە تەنیا یاغی بوونی پێوە دیارە. بۆ نایەن بپرسن کە بۆچی لە قامیشلۆ تەنها ٣٥ لە سەدی خەڵک بەشداریی هەڵبژاردنیان کردو ئیزن نەدرا کاندیدی لایەنەکانی غەیرە پکک بێنەوە مل ملانێی هەڵبژاردن؟ بۆچی ناپرسن کە ڕێکەوتنەکانی هەولێر و دهۆک چیان بەسەر هات؟

ئەوەش زۆر سرنج ڕاکێشە کە پکک دژی دابەش بوونی ئێران و سووریە و تورکیەیە ، کەچی هاتووە چەند گوندی لە خاکی کوردستانی باشوور دابڕیوە کە جارێ بەشێکە لە وڵاتی عێڕاق و ناوی ناوە ناوچەی پاراستنی میدیا و ئیدارەکەشی جیایە لە ئیدارەی وڵاتی عێراق.

دەڵێن حدکا نیەتی شەڕ فرۆشیی بووە!

ئەوە ئیدی درۆی مەحز و خۆڵ کردنە چاوی خەڵکە. هەموو خەڵکی کوردستان دەزانن کە پکک نیزیک بە ١٠ ساڵ لەو سنوورانە بووە کە بەردەوام بنکە و بارەگای حدکای لێ بووە، زۆر جار شەڕی بە پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە فرۆشتووە، کەچی بۆ تاقەجارێکیش پێشمەرگەی حدکا دەستیان بۆ چەک نەبردووە. لەکاتێک دا نە چۆنایەتی و نە چەندایەتیی هێز قابیلی موقایسە نەبوون. چۆن بوو کە ئەوکات حدکا لە کاتێک دا کە بۆ ناردنی بریندارێک بۆ نەخۆشخانە، موحتاجی دەوڵەتی تورک بوو و قەتیش دەستی بۆ درێژ نەکرد، شەڕی بە پکک نەفرۆشت ؟ بڵێی ئەوکات ئەگەر حدکا تووشی وەها کارێک بووبایە چەندە ئیمتیازی لە تورکیە وەردەگرت؟ بە ڵام حدکا کردی؟ مەگەر دووجار حدکا هەر جارە و ٨ شەهیدی بەدەست  عەسکەری تورک نەبوو؟  بەڵام بە شاهیدی هەموو خەڵکی شاری ورمی  و دەورووبەری، هەرچی برینداری پکک بوون لە نەخۆشخانەی تالەقانیی ورمێ دەرمان دەکران و بنکەی پەیوەندییەکانیان لە شاری ورمێ بوو. خودی ئەو جەمیل بایەقەی کە ئێستا بریاری کورد کوژی سادر دەکا، ئەوکات رۆژانە لە ورمێ را بە توویتای میگ زەمینی دەهاتەوە سنوورەکان و سەردانی هێزەکانی دەکرد و دەگەڕایەوە. بڵێێ ئەوکات پێشمەرگەی حدکا نەیان زانی بێ کە ئەوە پکک خەریکە کایەیەکی خەتەرناک بەڕێوە دەبا؟ بڵێی هە رئەوکات پێش بینیی ئەمڕۆیان نەکردبێ؟

 

لە ولامی ئەو پرسیارەی کە: بۆچی ڕووداو تی ڤی ئەو جەریانەی هێرشی پکک بۆ سەر حدکای زەق کردۆتەوە؟

وڵامەکەی لای رووداوە و من سیاسەتی ئەو کانالە نازانم. بەڵام ڕووداو دەزگایەکی ڕاگەیاندنی بەرین و فەعالە لە زۆربەی ڕووداوەکان دا. لە بیرمانە کە خودی ریبەریی یەکیەتیی نیشتیمانی ئیعترافی کرد کە رووداو لە کاتی هێنانەوەی مام جەلال دا فەعالترین کانال بووە بۆ گەیاندنی هەوالی پەیوەندیدار بەو هێنانەوەیە. لە شەڕی کۆبانێ دا ڕووداو فەعالترین کاناڵی کوردی بووە، سەرەڕایی بەربەستەکانی پکک بۆ ئەو کاناڵە. کەوایە رووداو کاناڵێکی فەعالە و ئیمکاناتێکی زەبەلاحیشی لەبەر دەستە.

بەڵام من وەک خۆم ئاوای دەبینمەوە کە : هەمووی میدیاکانی مەنزوومەی پکک و بەداخەوە هیندێک لایەنی باشووری کوردستانیش لە یەک سەنگەر دا هەوڵیان ئەوەبوو ،و ئێستاش بەردەوامە کە پکک لەو تاوانە بە نیسبەتی حدکا ، یان بێ بەری بکەن، یان تاوانەکەی کەم ڕەنگ نیشان بدەن. لە کاتێکدا حدکا تەنیا سایتی کوردستان میدیای هەیە و هیچی دیکە. کورد گوتەنی میدیای ئەو لایەنانە وێرای میدیای بەرینی مەنزوومەی پکک لە باتی مەغدوور ،غەداریان هەڵبژارد بۆ پشتگیری!هیوادارم خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو هەڵوێستەی ئەوان وەک هەلپەرەستییەکی نابەرپرسانە ببینێ و لە حافیزەی خۆیدا تۆمار بکا.

 

وتەی کۆتایی

پکک چەندە ڕێکخراوێکی توندئاژۆ و تەکرەوە لە سیاسەت و پراکتیک دا، چەندە مایەی کێشە و بگرە شەڕی براکوژی بۆوە و هەیە، بەڵام بەلای منەوە ڕێکخراوێکی بە ئەزموون و ئاکتیڤی کوردە کە ئەگەر بە پەیوەندییەکانی و سیاسەتەکان و کردەوەکانی خۆیدا بچێتەوە، دەتوانێ لە هێزێکی فەعالی کوردەوە ، ببێتەوە هێزێکی شۆڕشگێڕی فەعال و هیوا بەخشی کورد کە من لەو ڕێبەریەی ئێستای دا وەها گەشەیەکی نەتەوەیی و تەحەمولی لایەنی دیکە نابینمەوە.

وەک خۆم بە پێێ جۆگرافیایەک کە لێی هاتووم ، شاهیدی ئەوەم کە پکک لە چ ڕۆژگارێکی تاریک داهاتەوە مەیدان و تا ڕادەیەکی زۆر هیوای بەخشی بە کوردی باکوور کە ئیدی خەریک بوو دەتوانەوە . بەڵام بەداخەوە دواتر شاهیدی کوردکوژی، نەحەوانەوە لەگەل باقی هێزە کوردییەکان، تەون وبەستی تاریک لە سەر حیسابی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش بووم . دیتم کە بۆ دلخۆش کردنی داگیرکەرێک تەنانەت حاشایان لە پارچەیەکی کوردستان کرد. دیتم بۆ پاراستنی حیزبەکەیان ، ئامادە بوون دەستی داگیر کەربکێشنەوە ناو خاکی کوردستانی باشوور و جەمیل بایەق لە کتێبەکەی دا دەنووسێ: سیاسەتی ئێمە ئەوەبوو کە کارێک بکەین تا ئەرتەشی تورکیە پەلکێشی باشووری کوردستان بکەین کە کردمان بۆ ئەوەی بتوانین دەسەڵاتی بارزانی بڕووخێنین و خۆمان ببینەوە دەسەڵاتی باشوور(نقل بە مضمون) .

بەو ڕەفتارانەی ئێستای دا، بەوتارەکانی ئێستای دا بەڕاستی تەواو جێی نیگەرانی یە. هەر لە یەکەم ڕۆژی شەهید کردنی پێشمەرگەی حدکا دا، وتەبێژی پکک بە ناوی دەمهات عەگید لەگەل کاناڵی ئێن ئار تی دەڵێ: ئێمە ناتوانین ئیجازە بدەین هیندێک هێز کە ئیدی توانایان نەماوە، بێن و خۆیان لە ناوچەی ژێر دەستی گریلا دا گەورە بکەنەوە!

پکک ئەو ڕۆژەی کە رۆژهەڵاتیەکان هاتنە سەر شەقام و هوسۆزیان لە هەمبەر گیرانی ئۆجەلان دا نیشان دا، لە میدیای فەرمیی خۆیان بە خەڵکیان گوت: نۆکەرانی ئیمپریالیزم، سەهیۆنیزم و کەمالیزم. هەر هەمانساڵ ٩ پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان کوشت و تەرمەکانیان ڕادەستی سوپای پاسدارانی پیرانشار کردەوە.

هەر ئەم چەند ڕۆژە شیرزاد کەمانگەر کادری ڕێبەریی پکک لە نەورۆز تی ڤی دەڵێ: قەندیل ناوچەیەکی سەربازیی تایبەتە و پارتی و یەکیەتی ئیعترافیان پێکردووە، جگەلە گریلای پکک هیچ هێزێکی دیکە ناتوانێ لەو ناوچەیە حوزووری هەبێ!

ئەوە خەتەرناکترین بۆچوونە! چوونکی وادەردەخا کە پکک ئیزن بە هیچ هێزێک نادات لە قەڵەمڕەوی ئەو دا سەرهەڵداتەوە. هەڵبەت لە ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان ئەو سیاسەتەی بەتەواوی پەیڕەو ، و پراکتیکیی کردووە. لە ڕابردوو دا هەر لە” سۆسیالیستەکان” کووک” کاوە و ….. هەموویان کەوتوونەتە بەر زەبری چەکی ئەو ڕێکخراوە خۆەپێنە . هەر ئەمڕۆ دەستی ئەفرادی باڵی سیاسیی پکک بە خوێنی دوو کەس لە ئەندامانی لایەنێکی ئیسلامیی کوردی بێ چەک سوور بووە.

گەلۆ با هەمومان بپرسین کە ، داخوا ئەگەر پکک بەو شێوە سیاسەتەی ڕۆژێک لە ڕۆژان ببێتەوە دەسەڵات، دەبێ بەراورد بکەین لەگەل کام یەک لە دیکتاتۆڕەکان ؟ چوونکی ئەو ڕێکخراوە لە ڕەفتار وگوتاریدا ، لە کار و خەباتی دا، تەنانەت لە ئەدەبیات و ئیماژی ڕێکخراوە توندئاژۆکانی فەلەستینی و ئیسپانیایی و کۆلۆمبیایی کەلکی وەرگرتووە. بەرپرسەکانیان ئەو ڕەفتارانە نیشان دەدەن کە کاسترۆ و قەزافی و نەسروللا نیشانیان داوە. پکک لە شیوەی تەبلیغاتی دا ڕاست پەیڕەوی لە سیاسەتی تەبلیغاتیی بەشێک لە دەوڵەتە دیکتاتۆرەکان  دەکا کە سیاسەتی حاشا کردن لە بوونی  هەموو  تێکۆشەرانی غەیرە خۆی. 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی