جاران هەر وەخت و لە هەر قوژبنێکەوە کە وشەی تێرۆر، تونخوویی و رەشەکوژی دەهاتە ئاراوە، بروسکەیەک ئارامی مێشکمانی دەشێواند و بە نفرینەوە باس لە رێخراوی ئەلقاعیدە دەکرا.
“ئەلقاعیدە” وشەیەکی ناشیرین و بێزراو کە زۆر جار “ئوسامە بێن لادێن” و “مەلا عومەر” و ” تالیبان”یشی لە گەڵ دەهات. ئیمرۆ ئەم وشەگەلە بە بۆنەی خووی فرامۆشی مێشکەکانەوە چکێک کەم رەنگ بوونەوەو دەستەواژە بێزراوەکانیش بوونەتە “داعش” و “دەوڵەتی ئیسلامی” و “ئەبووبەکر بەغدادی” و شتانێکی لەم چەشنە. ئەوە نەبێ وشەکان لە ناخی خۆیان دا ناشیرین بن، بەلکوو ئەوە تاقمێک لە هاوشێوەکانی ئێمەین کە بە ئامانجی خراپ کەڵکیان لێوەردەگرین و بە ناهەق دەیانخەینە بەر تیری بەڵای مرۆڤە بێ تاوانەکان.
راستە مێژووی کرداری ترسنۆکانەی گرووپە ئیسلامیەکان دەگەرێتەوە بۆ ساڵەکانی ١٩٧٠ بەم لاوە، بەڵام نابێ لە بیرمان بچێ کە پێش ئەمانە رەفتاری ترسێنەری لە چەشنی تێرۆری ئەلقاعدە، دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ١٨٠٠ کە سەبارەت بە ناپۆلیۆن بۆناپارتی فەرانسەوی هاتە ئاراوە و دواتریش لە رووسیە، یوگسلاوی، ئەلجەزاییر، ڤییەتنام، کامبۆج و هتد هێرشە تێرۆریستیەکان بەرین تر کرانەوەو ئەم دیاردەیە بوو بە هەڕەشەیەک بۆ سەر کۆمەڵگای نێونەتەوەیی. ئەوەی کە رێکخراوی ئەلقاعیدە وەک هێزێکی تێرۆریستی نێونەتەوەیی ناوی دەرکرد، دەگەرێتەوە بۆ ئەوە کە لە سەردەمی تێکنۆلۆژی و ئێلێکترۆن و میدیاوە سەری هەڵداو هەموان لە وردەکاری یەکانی ئەم ناوەندە ئاگادارن. رووداوی سەیرو سەمەرەی ١١ سێپتامبر ناوی ئەم شەبەکەیەی لە رادە بەدەر زڕاند. بەم جۆرە دیاردەیەکی راستەقینە بە ناوی ئەلقاعیدە، سەرنجی، سیاسەتوانان، رۆژنامەوانان و دەوڵەتانی بۆ لای خۆی راکێشاو هەریەکە بە جۆرێک رەهەندەکانی ئەم تووفانەیان دەخستە روو. لە سێبەری ئەم ناوزڕینە دا کۆمەڵێک گەنج لە سەرتاسەری وڵاتانی دنیاوە بێ ئەوەی کە بزانن بەرەو هەڵدێر دەچن، بە حەزو خولیایەکی خەیاڵی و بە هیوای موژدەی جەننەت، چوونە خزمەت ئەم بیرە ترسناکەو بە کردەوە لە بەرەی دژی ئاسایشی جیهان جێگیر کران.
هێڵی فیکری و بەستێنی چالاکی دە ساڵی دوایی ئەلقاعیدە و هاوشێوەکانی بە رادەیەک کاریگەر بوون کە مچڕکیان بە لەشدا هێناوەو زۆر جاریش چەمکی مرۆڤایەتی یان خستۆتە ژێر پرسیار. گەلۆ بێجگە لە مات و واق مانەوە، زمان و قەلەم هەیە کە لە تەفسیری کردارەکانیان دا ەب ئاسانی بگەڕێ و تەفسیرییان بکا؟ لە بەرانبەردا، بونیادە تێرۆریستەکان توانیان زۆرترین بەهرە لەو سەرنج و رێپۆتاژانە وەربگرن کە لە سەر ئەوان ساز کرابوون. چون بەشێک لە ئامانجەکانی ئەوان ئەوە بووە کە باسیان بکرێ و لە سەریان بنووسرێ، جا لە هەر بارێکەوە بێ بۆ ئەوان گرینگ نەبوو.
ئەمرۆ هەموان بەو ئاکامە گەیشتوون کە ئەوان هیچ هەڵوێست و روانگەیەکی شیاویان لە بەرانبەر پرس گەلی وەک دیالۆگ، بەرژەوەندی گشتی، فرەچەشنی، پلۆرالیسم و پێکەوەژیانی سالم نیە. ئێستا خەمی گەورەی مەمانان لە بزوتنەوە ئایینی یە تونەمەزاجەکان بۆ سەر مرۆڤایەتی ئەوەیە کە لە لای ئەوان هیچ شتێک نا مومکین نیەو هیچ کردارێکیش ناچێتە خانەی هێڵی سوورەوە. هەر لە ئەنجامی ئەم رەهاییە بەڕبەڕی یەدا سەلماندوویانە کە لە بەرانبەر زۆر لە ئارادا نەبێ، لە هیچ حاڵەتێکدا بەرپرس نین. هەروەها خەمی گەورەتر ئەوەیە کە زۆرجار ئەم رێخراوەگەلە دەبنە کەرەسەی دەستی دەوڵەتە نادیموکراتیکەکانی ناوچە. وەک دەبینین مەیدانی چالاکی تالیبان، ئەلقاعیدە و داعش بەردەوام لە نێوان وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناڤین لە باڵانس دایەو هەر کام بۆ ئامانجی تایبەتی خۆی وەک کەڵکی خراپ بە دژی بەرژەوەندی لایەنەکانی تر بە کاریان دێنن.
بە واتایەکی دیکە، لە پشت ئاکارە ترسناکەکانی بزوتنەوە ئایینی یە رادیکالەکان دا، کۆمەڵێک کارێکتێری گرینگ لە ئارادان کە تا ئێستا کەمتر شیکراونەتەوە و بەهایان پێ دراوە. ئەویش چۆنیەتی خۆبەرێوەبەری ئیستبدادی و شێوازی تەشکیلاتی سازمانی کۆمپلێکس و زاڵمانەیانە. هەروەها ئامانجی سەرەکی ئەم وتارەش ئەوەیە کە بە کورتی پێداگری لە سەر دەرخستنی رەهەندە شاراوەکانی سازمانە ئیسلامی یە بناژۆخوازەکان بکات و شێوەی دارشتنی تەشکیلاتی ئیداری وەک یەکیان لە گەڵ رێخراو گەلێکی بە ناو ئازادیخواز و پێشکەوتنخوازی کورد کە خۆیان بە ئاڵاهەڵگری سکۆلاریتە پێناسە دەکەن، دەربخات و خسڵەتە هاوبەشەکانیان پێکەوە گرێ بدات.
لە هەمان کاتدا، دەبێ دان بەو راستی یەدا بنێین کە لە جیهانی ئەمرۆدا کەم نین ئەو حیزب و گرووپە توندڕەوانەی کە لە لایەک دروشمی وەک سکۆلاریتە،لیبراڵ و مافخوازی بەرز دەکەنەوە، و لە لایەکی دیکەشەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان دەست بۆ هەر کردەوەیەک نادیموکراتیک و ناشیاو درێژ دەکەن بێ ئەوەی بیر لە بەرژەوەندی گشتی نەتەوەیی بکەنەوە. ئەگەر حیزبێکی چەپی ناسیۆنالیست لە پانتایی خاکی کوردستان، بۆ دەستەبەربوونی ماف و ئازادی یەکانی گەلی کورد چارتی سازمانی و تەشکیلاتی رێکخراوە مەزهەبی یە بونیادگەراکان رەچاو بکا، چ پێناسەیەک لەوە باشترە کە ناوی مارکسیسمی رادیکاڵ یان کوردیسمی رادیکاڵ یان سوسیال دیکتاتۆری بۆ دیاری بکەین؟ ئەمەش بەو مانایە نیە کە ئەم جۆرە پارت گەلە، هێڵی فکری و ئیدئۆلۆژیکی هاوبەشیان لە گەڵ رێخراوە تێرۆریستی یە ئایینی یەکان دا هەیە. بەڵکوو مەبەست ئەوەیە کە شێوازی بەرێوەبەرایەتی تەشکیلاتی ناوحیزبی و هەڵس و کەوتیان لەگەڵ دەوروبەر گرژو ناسەردەمیانەیە کە کارتێکەری خراپی لە سەر ناوچە بە گشتی و کردستان بە تایبەتی هەیە.
بۆ وێنە، رێکخستنی ئەندامان، بەرێوەبەری ماڵی،ئیدارەی حاکمیەتی ناوچەی ژیر دەسەڵات، هەوڵی خۆ سەپێنی، نەبیستنی دەنگی جیاواز، گوێ نەدان بە رای گشتی، بە کارهێنانی عەقلیەتی هەڕەشە، دەرفەت قۆزی ناجوانمێرانە، سنوور پەڕاندن و چەواشەکاری راستی یەکان بە بێ شەرمی، تەنها بەشێکن لە پارامێترە گرژەکانی رێخراوی ئەلقائیدەو تالیبان کە هەندێک لە رێخراوە کوردی یەکانیش دەقاودەق رەچاوی دەکەن و کۆپی یەکانیان بۆ ناو کاری ئورگانی و سازمانی خۆیان گوازتۆتەوە. ئەمەش رەفتارانەش بە گشتی سیمای کورد لە ئاستی نێودەوڵەتی کە بە ئاشتیخواز ناسراوە ناشیرین دەکەن.
رێکخراوێکی سیاسی با بانگەشەی بیری مافخوازی بکا، بەلام ئەگەر لە ناو حیزبەکەی دا زیندانێکی بۆ ئەندامەکانی دروست کردبێ، بە چەشنی بەسیج و پاسدارەکانی داردەستی رێژیمی ئێران هەر وشەی زارەکی”لبیک امام” و “مرگ بر امریکا” وەک تووتی بڵێنەوەو مافی خوێندنەوەی ئازادو کەڵک وەرگرتنیان لە میدیای جیهانی نەبێ، دەبێ چ پەیامێکیان بێجگە لە کۆنەپەرەستی و چەوسانەوە بۆ گەل لە دوارۆژدا بە دەستەوە بێ؟ لە سێبەری هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێران و سەقامگیر کردنی سیستمی زەبرو زەنگی دواکەوتووی ویلایەتی فەقیە لە لایەک و کاردانەوەی ناشایست و دژە ئینسانی ئیسلامی رادیکاڵ لە لایەکی دیکەوە، زۆر کەس خۆڵی ئەوە چووەتە چاویان کە هەر بزوتنەوەیەک مەزهەبی نەبوو حەتمەن دەبێ بزوتنەوەیەکی رەهایی بەخش بێ! لە حالێکدا وا نیەو ئەمە بۆچوونێکی هەڵەیە. خۆ حکوومەتە پێشووەکانی ئێران، ئێراق و ئەفریقای باشوور، یان حکوومەتی نووکەی کورەی باکوور و سووریە، لایەنی مەزهەبی یان پێوە دیار نیە، ئەی بۆ هەموویان دژی گەلی دەرچوون و مەحکووم بە فەنان؟
ئەو حیزبە کوردیەی کە ناسنامەی دایکیی ئەندامەکانی خۆی دەشواتەوەو بە لەبەرکردنی رۆحێکی موبهەم، دێ لە بەرانبەر ستاتووسێکی بە ناو پیرۆز چۆکی کڕنۆشیان پێ دادەدا تا لەو هێڵەی کە بۆیان دیاری کراوە دەرنەچن، حیزبێکی سەرکوتکەر و ماف پێشێلکەرە. حیزبێک کە ئاکارەکانی پارادۆکسی تێدان ئەو لە لایەک دەسەڵاتی ولاتەکەی بەوە تاوانبار دەکا کە نەتەوەکەی ئاسیمیلاسیۆن دەکا،بەلام لە هەمان کاتدا بۆ خۆی گەورەترین فاکتۆرە بۆ ئەنجامدانی ئاسیمیلاسیۆنی نژادی، زمانی، هۆویەتی، و هزری لە ناو ئەندامەکانی خۆیدا. حیزبێک کە مافی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش بۆ ئەندامەکانی زەوت دەکاو داهاتوویان بە بارەمتە دەگرێ، بەڵام لەم لاوە بانگەشەی بەرنامەی ژن و ژیان دەکا! باشە ئەمە کارەسات نیە؟
دیارە لەم بارە گەلێک گرفت هەیە کە ئاماژەیان پێ بکەین بەلام، باسی ئەم بەشە لێرەدا رادەگرین و جارێکی تر دەگەرێینەوە بۆ بابەتەکەی پێشوومان کە پێوەندی بە رێکخراوە رادیکاڵەکانی تالیبان، ئەلقاعیدە، داعش و وەچەکانیانەوە بوو. دیارە کۆمەڵگای کورد کەم تا زۆر لە گەڵ رەفتاری ئەم بزووتنەوە بێزراوانە ناسیاوی هەیە، بەڵام بە ئامانجی وەبیر هێنانەوەو بەراوردی کۆتایی، چەند خاڵی جێی سەنج لە سیستمی ئورگانی و شێوازی هەڵوێستی ئەم گرووپانە دەخەینە بەرچاو کە لە کاتی پێویستدا بە بێ سڵ کردن بە کاریان دەهێنن.
لە حاڵێکدا کە دەستی ئیتیهام بۆ هیچ لایەنێک درێژ ناکەین، وای دابنێین کە حیزبێکی کوردی لە پانتایی خەباتی سیاسی کوردستان دا بەم تایبەتمەندیانەی خوارەوە زۆر چالاکەو بە بێ دوودڵی خۆشی بە نوێنەری راستەقینەی گەلی کورد دەزانێ، تەنانەت لافی فەراحیزبیش لێدەدا:
١. پێکهاتەی ئەندامان فرە چەشنی یەو هیچ سنوور یان مەرجێک لە باری ناسیۆنی یان ژیۆگرافی لە مەڕ وەرگرتنی ئەندامان لە بەرچاو ناگرێ. بە کارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتی یەکان سنووردارە و مەرجی تایبەتیان هەیە. بەشێک لە مافی کۆمەڵایەتی و شەخسی یەکانیان لێ ئەستێنێ و رێ و شوێنی ژیانی هاوبەش و پەرەپێدانی پرۆسەی بنەماڵەیان پێ کوێر دەکاتەوە.
٢. هەر هەڵس و کەوتێک کە شوناسی راستەقینەی ئەندمان دەربخا قەدەغەیە. ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی کە سازمان بە کەیفی خۆی بڕیار لە سەر چارەنووسی هەر یەک لە ئەندامان بدات. بە واتایەکی تر، ئەگەر لە لایەن رێبەری یەوە بە پیلان ئەندامێک لە ناو ببردرێ بە هۆی ئاشکرا نەبوونی شوناسەکەی کەس لە دەرەوەی بازنەی جینایەتەکە لەم مەسەلە ئاگادار نیە. لە ئاکامدا ئەگەر ئەم کردەوە لە ئەفغانستان رووی دابێ ئەوان رایدەگەیەنن کە ئەم موجاهیدە لە سووریە بە شەهادەت گەیشتووە، بۆ شوێنەگومکێ کارەساتەکەش قوربانی یەکە زۆر گەورە دەکەنەوە و زۆریشی پێدا هەڵ بڵێن.
٣. بۆ چارەسەری کێشەکانیان ئەگەر ناچار نەبن مل بۆ دیالۆگ راناکێشن. پرەنسیپی پێوەندیان زۆر لاوازە، نە بە عورفی دۆستایەتی شارەزان نە بە هی دوژمنایەتی. تا دوورتر لەوان بی بێتر. ئەوان زەمانێک هەست بە ئارامی دەکەن کە هیچ بیرێکی جیاواز لە تەنیشت خۆیانەوە نەبینن. بە قۆرخ کردنی میدیای ئازاد و شاردنەوەی راستیی یەکان لەو ناوچانەی کە بە فیتی داگیرکەر لە برابەشەکانیان دابڕیوە بە “جنە العدل” دەیانشوبهێنن و موژدەی شەرابە رەوانەکانی تێدا بڵاو دەکەنەوە.
٤. زمانی هەڕەشەیان زۆر درێژە،نمایشی چەک و چۆڵیش زۆر دەکەن،تەنانەت ئەگەر بەرپرسێکیان لە بەر چاوی کامیراش لێدوان بدا دەبێ چەند چەکدار ئەملاو ئەولای بگرن. بێ ئیعتمادی بێداد دەکا تا ئەو جێیەی کە باوەڕیان بە فیلم هەڵگرەکەی خۆیشیان نیە.
باسی لای ئەوان باسی شەڕ و شۆرو کوشتنە. ئەمەش ئەم پەندە ئینگلیسی یەت بیر دەخاتەوە کە “ترسنۆکەکان ئەغلەب دەربارەی شەڕ قسە دەکەن”. هیچ کەسیان نیە کە لە بەرانبەر هەڵەکانیان دا بەرپرس بێ،ئەوەش رادەی ترسنۆکی ئەوان نیشان دەدا. بڵاو کردنەوەی دەنگۆی سەیرو سەمەرەو خەڵکی ساویلکە ترساندن لە رۆژەڤی ئەوان دایە. تەنانەت ئەگەر رۆڵی داوەڵیش بگێرن گرینگ نیە.
٥. دەسەلاتی رێخراوەیی ئەوان هێرەمی یە، ئەویش لە سەرەوە بۆ خوارێ. ئەفرادی جێگیرکراو لە قاعیدەی هیرەم دا ئیختیاری هیچیان نیەو تەنها وەک مۆرە لە خزمەت بەرژەوەندی کەسانی سەرەوە دان. داخوازییە کانیان ئێستاش ناروونە، ئەگەرچی بە ناوی تاکتیک خۆ لە راستیی یەکان دەدزنەوە. بەڵام مەودای نێوان کردەوەو رێکلامەکانیان یەکجار دوورەو بە ساناهی یەک ناگرنەوە.
٦. هەر کەس و لایەنێک ئەگەر پاش چەند ساڵ خزمەت بە رێکخراوەکەیان، لێیان دوور کەوتەوەو وەدوای کارو ژیانی خۆی بکەوێ، ئەوە خائینەو دەبێ یان یان تێرۆری فیزیکی یان کەسایەتی بکرێ.
دەی باشە لەم نێوەدا جێگەی ئەو هەموو لایەن و جودابیرانە لە کوێ دایە کە بە درێژایی تەمەنیان لە خزمەت ئازادی گەل و نیشتمان دابوون؟ باشە مەگەر خەباتی گەلی کورد پرۆژەیەکە بۆ وەدەست هێنانی دەسەڵات لە بەرژەوەندی تاقمێکی سەرەرۆ یان خەباتێکی رەوایە بۆ دەرچوون لە دیلی و دەسبەسەری؟ کە واتە جێگۆرکێی دەسەلات بە بێ دەسکەوتی سەربەستی هیچ گونجاو نیەو مەحکوومیشە، جا لە لایەن هەر تاقم و لایەنێکەوە بێ.
با بچینە خاڵی کۆتایی،بۆ وێنە ئەگەر کەسێک رابگەیەنێ کە حیزبێکی سیاسی مافخوازی کورد، بەم خسڵەتانەی سەرەوە پێوەندی بە رێخراوی ئەلقاعیدە یان داعشەوە هەیە، رەنگە لە سەر لایەنگرانی زۆر شوێندانەر بێ و بۆیان هەزم نەکرێ. دەبێ لە وەڵامی ئەو بەرێزانەدا بوترێ، هەر لایەنێکی داواکاری مافی گەلی کورد کە رێگەی بە خۆی دابێ لە سەر حیسابی نەتەوەکەی پێوەندی ستراتژیک و نەهێنی لە گەڵ نیزامی ویلایەتی کۆنەپەرەستی ئاخوندی دابمەزرێنێ، رێگەش بە خۆی دەدا کە هاوپەیمانەتی دۆستانە لە گەڵ ئەلقاعیدەو هاوشێوەکانی دروست بکا.
ئەرکی گشتی کۆمەڵگای کوردستانە کە پەردە لە سەر زاتی ئەو رێخراوە رادیکاڵە هەڵبداتەوە کە بە ئاشکرا شیعرە ناودارەکەی مامۆستا برایم ئەحمەد کە دەڵێ “گەلان هەموو برای منن هەر زۆردارانم دوژمنن” بە پێچەوانە بە کار دەهێنێ. بڵاو کردنەوەی زانیاری پێویست لە سەر کردەوە چەوتەکانی وەها بزووتنەوەیەک دەبێتە هۆی ئەوەی کە چیتر نەتوانێ خۆی بکاتە سەرچاوەی ئانارشیزم لە بەرانبەر یەکریزی هێزی گەلەکەمان و لەوە زیاتر بە چارەنووسی نەتەوەی کوردو خوێنی بە ناهەقرژاوی هەزاران شەهیدی رێگای ئازادی نیشتمان یاری نەکات.