لە کاتی شەهید بوونی موسی قەناس، ئاماژەم بەوە کرد کە ئایا رێژوانی پەکەکە و رۆژهەڵات بە ژوانگە دەگات. ئێستا بە گەڕانەی حزبی دێمۆکرات بۆ قەندیل پرسیارێکیتر دێتەوە ئاراوە: رێژوانی پەکەکە و رۆژهەڵات بەرەو کوێ دەچێت: بەرەو مەرگی ئەم رێژوانە یان بەرەو رێژوانی مەرگ؟
پاش هەڵەی کوشەندەی دێمۆکرات لە چۆڵ کردنی قەندیل و هەڵبژاردنی کەمپنشینی،- لە ژێر هەر پاساوێک- فەزایێکی باش بۆ پەکەکە رەخسا تا ئەو بۆشاییە بە حۆزووری خۆی پڕ کاتەوە. بە تایبەت ئەو کاتەی دروشمی کوردستانی گەورەی هەڵکرد. بەم دروشمە، کوردی رۆژهەڵات لە پاڵ کۆڵەکەی سەرەکی پەکەکە کە کوردی رۆژئاوایە، بوون بە دوو کۆڵەکەی بە هێزی نەتەوەخوازیی پەکەکە. هەموو دەزانن کە ئەوەندە رۆژهەڵاتی و رۆژئاوایی رۆڵیان هەبووە لە بەهێز بوونی پەکەکە لە پڕۆسەی دوو دەیەی رابردوو، بە هەمان ئەندازە باکووریەکان رۆڵی نەبووە. بەڵام پەکەکە زۆر زیرەکانە ئەم دوو هێزەی بە کار هێنا بۆ خەبات لە تورکیا و توانیشی دەسکەوتی باش بە دەست بێنێ. لە کاتێکدا کە حزبی دێمۆکرات خۆی بە ئێرزای دەروونی هێرشکردنێکی نامەنتەقی بۆ سەر پەکەکە سەرگەرم کردبوو، پەکەکە هەم کاری خۆی دەکرد لە رۆژهەڵات و هەمیش شەپۆلی هیرشە زارەکییەکەکانی حزبی دێمۆکراتی دەکردە فیدبەکێکی نەرێنی بۆ دژی خودی دێمۆکرات. هەرچی حزبی دێمۆکرات تووڕەتر دەبوو، مەلەی پەکەکە لە رۆژهەڵات خۆشتر دەبوو!!! بەرگری کۆبانێ لە بەرامبەر داعش و بەشداری کچان لەو بەرگرییە مەزنە، پەکەکەی لای رۆژهەڵات و جیهان خۆشەویستتر کرد. لە ماوەی دوو دەیە رۆژهەڵاتییەکانی لایەنگری پەکەکە کە رۆژ بە رۆژ لە هەڵکشان دا بوون و سەرکەوتنە مەزنەکەی کۆبانێ دەنگیانی دلێر کردبوو و لە خۆیانیان دەپرسی: ١- بۆ ئێمەی رۆژهەڵاتی هەمان قارەمانییەتی رۆژئاواییەکان دووبارە نەکەینەوە؛ ٢- ئەگەر گەرەکمان بێ ئەو کارە بکەین پێویستمان بە چ هێزێکە؟ کۆی ئەو دوو خاڵە وەڵامەکەی دەبوو بە ٣- پەکەکە فریادرسە. لەم ماوەیە هێرش کردنە سەر حزبەکانی رۆژهەڵات، بە تایبەت حزبی دێمۆکرات و ناساندنیان بە حزبگەلێکی سونەتی لە لایەن پەکەکەییە رۆژهەڵاتییەکان دەکەوتە سێبەری سەرکەوتنە مەزنەکانی رۆژئاوا. چیتر پێویستی نەدەکرد راستەوخۆ هێرش بکرێتە سەر دێمۆکرات، بەڵکوو ئەبوا سەرکەوتنی پەکەکە لە رۆژئاوا مێحوەر بێ و جار و بارێکیش بە شێوەی نامەحسوس باس لە شکستی زەمەنی و پێگەی کۆمەڵایەتی دێمۆکرات و کۆمەڵە بکرێ. ئەو سیاسەتەی پەکەکە وای کردبوو کە حزبییەکان تووڕەتر بکات و زیاتر بەرەو سیاسەتی هەڵە و لێدوانی هەڵە بڕۆن، تا جێگایێک کە چاو لە سەرکەوتنەکانی کورد لە رۆژئاوا دابخەن، بەشداری ژنان بە سیستمەی تۆتالیتری کۆریای باکوور بشوبهێنن، باس لە رۆژهەڵات تەوەری و کوردستانی رۆژهەڵات بکەن، رەخنەگەرانی حزب بە ئامرازی پەکەکە ناوزەد بکەن، باس لە پێوەندی نێوان پەکەکە و فارسەکان بکەن و هتد. ئەم کارگەلە زۆرتر حزبی بەرەو لێواری ناشیرین بوون دەبرد. چونکە وا لێکدەدرایەوە کە حزبێکێکی کەمپ نشینی ماوە بەسەر چوو، خۆی کار ناکات و ئەکتەرەکانیش ناشیرین دەکات. بەڵام لە ناکاو شتێک رووی دا کە هەموو مۆعادڵاتەکەی شێواند و دەشێوێنێ: قەندیل.
دێمۆکرات لە ژێر فشاری جیلی نوێ بەرەو قەندیل هەڵکشا تا هەم مۆعادڵاتەکە تێک بدات و هەم ئەوە دەربخات کە حزبی دێمۆکرات ماوە بەسەر چوو نییە، بەڵکوو نیازی بە رێفۆرمێکە کە ئەقڵی ماوە بەسەر چوو، جێگای خۆی بداتە جیلی نوێ. بە رۆیشتنی دێمۆکرات بۆ قەندیل پەکەکە بە تەواوی غافڵگیر بوو، بۆیە ئەوە ئەمجارە پەکەکە بوو کە کەوتە دۆخی لاوازی و کۆنترۆلی خۆی لە دەست دا. جیا لەوەی کە هێرشی کردە سەر پێشمەرگە و کەسێکی شەهید کرد و چەن کەس بریدار، کەوتە ناشیرین کردن پاساو هێنانەوە کە هیچ بنەمای ئەقڵیان نییە: ئەوانە هاتوون گۆمرک بگرن، نە خەبات بکەن؛ ئەوانە بێ ئیزنی ئێمە هاتوونەتە ناوچەکانی ژێر دەسەلاتمان؛ دێمۆکرات هێزی پێشمەرگەی کەمە و توانای رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ دەسەڵاتی ئێران نییە و هتد. ئەو پاساوگەلە لەوانەیە لای کەسانی سادەلۆح قبووڵ بکرێ، بەڵام بێگومان هیچ بنەمای ئەقڵیان نییە. لە راستیدا ئەوەی کە پەکەکەی نگەران کردووە تا ئەو جێگایەی کە شەڕی براکوژی هەڵگیرسێنێ، هیچ کام لەو پاساوگەلە نین. کە وایە ئەو نگەرانییە دەتوانێ چی بێت؟! هەموومان دەزانین کە پەکەکە لەگەڵ ئێران رێککەوتنی جاسووسانی هەیە. درۆستە نازانین ناوەرۆکی ئەو رێککەوتنە چییە، بەڵام خۆ دەتوانین چەند پرسایر بخەینە بەردەم پەکەکە و لایەنگرە رۆژهەڵاتییەکانی پەکەکە: ئایا رێککەوتنی دەسەڵاتی ئێران و پەکەکە ئەتوانێ بەس یەک خاڵی هەبێ. ئەویش ئەوە بێ کە پەژاک وەک لقێ لە پەکەکە شەڕی چەکداری نەکات و ئێمەش هێرش ناکەینە سەرتان؟ ئەگەر وڵامی پەکەکەییە رۆژهەڵاتییەکان ئەرێ بێ، ئەوە هیچێکم بۆ وتن نامێنێ جگە لەوەی کە بێژم مەخابن یا زۆر سادەن، یان حزبگەرایی وای لێتان کردووە کە چاو لە راستییەکان داپۆشن. لە جیاتی ئەوە خۆم سەرقاڵی بەردەوامی پرسیار بکەم یەک پرسیار ئاڕاستەی رۆژهەڵاتییە پەکەکەییەکان دەکەم: ئایا ئەو رێکكەوتنە، رێککەوتنێکی ستراتژیکییە یان تاکتیکی؟ بێگومان ئەم پرسیارە بەرەو وڵامێک دەمانبات کە هەستیاری پەکەکە بەرامبەر بە حۆزووری دێمۆکرات لە قەندیل ئاشکرا دەکات و بێ بنەمایی پاساوەکان دەردەخات. ئەگەر ستراتژیک بێ، ماناکەی شتێ نییە جگە لەوەی کە کۆماری ئیسلامی و پەکەکە خاوەنی یەک سیاسەتی کەلانن؛ ئەگەر نا، تاکتیکی بێت، پێویستە رۆژهەڵاتییەکانی پەکەکە لە حزبەکەیان بپرسن چیتان داوە و چیتان وەرگرتووە؟ لەم دانوستانەدا رۆژهەڵات چ پشکێکی بەرکەوتووە؟ چ شتێکی رۆژهەڵاتتان بە دەسەڵات فرۆشتووە، تا لە رۆژئاوا یان باکوور، یان وەکوو حزب چی بە دەست بێنن؟ بێگومان ئەگەر پەکەکەییە رۆژهەڵاتییەکان لە جیاتی ئەوەی لە فەلسەفەی ئاپۆ!! بدوێن، بە دوای وڵامی ئەم پرسیارگەلە بکەون، هەم خۆیان لە سەرگەردانی رزگار کردووە و هەم رۆژهەلاتیش لە چەند دەستەگی.
رۆیشتنی هێمنانەی دێمۆکرات بۆ قەندیل، هەموو مۆعادلاتەکانی رۆژهەڵات و کوردستان بە گشتی تێک داوە. دێمۆکرات پەکەکەی کیش کردووە. ئەم رۆێشتنە جێگای تووڕە و هێمنی گۆڕی. ئێستا ئەوە پەکەکەیە کە تووڕەیە و شەڕی براکوژی دەکات. من دەبێژم شەڕی براکوژی، چۆن تا ئەو کاتەی ناوەرۆکی رێكکەوتنی پەکەکە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەر نەکەوێت کە ئایا ستراتژیکە یان تاکتیک، ئەگەر تاکتیکە چی داوە و چی وەرگرتووە، بەو ناوە ناوزەدی دەکەم. بەڵام ئەگەر ناوەرۆکەکەی دەرکەوێ یان نیشانەکانی بەرەو شوێنێ بمانبات کە ئەو شەڕە شەڕی دوو بەرەیە ئیتر ئەوە براکوژی نابێ. ئەم گڕییە کوێرە بە دەستی پەکەکە و کردەوەکانی پەکەکە باز دەبێت.
===
دێمۆکرات پەکەکەی(هەرەوەها یەکیێتی-شی) کیش کردووە. پێویستە زۆر هەستیارانە پەرە بە جووڵەو سیاسەتەکانی بدات تا ماهییەتی هاوکاری نێوان یەکیێتی و پەکەکە لەگەڵ فارسەکان دەرکەوێ. بۆ ئەوەش پێویستە خۆی لە ئەدەبیاتی توندئاژۆ بە دوور بگرێ و هێمنانە بجوڵێ؛ دەست لە رۆژهەڵات تەوەری و کوردستانی رۆژهەڵات هەڵبگرێ و باس لە چوار پارچەی کوردستان بکات و بەرامبەر بە رووداوەکانی کوردستانی گەورە و لایەنەکان بێ تەفاوەت نەبێ؛ ئەبێ ئەوە بزانن دۆڕوای دروشمی رۆژهەڵات تەوەری و کوردستانی رۆژهەڵات خودی کوردی رۆژهەڵات دێمۆکراتە، چۆن ئەم درۆشمە جیا لەوەی کەلێنێ لە نێوان پارچەکانی کوردستان درۆست دەکات و رۆژهەڵات مۆنزەوی، پێش بە سیاسەتی یەکیێتی و پەکەکە لە رۆژهەڵات ناگرێ. بۆیە بە پێچەوانە بۆ ئەوەی ماهییەتی ئەوان بۆ لایەنگەرەکانیان دەرکەوێ، ئەبێ هەم ئەوان بۆ خەباتی رۆژهەڵات داوەت بکەن و هەمیش رۆژهەڵات لە باقی بەشەکان ئەکتیڤ بێ؛ دێمۆکرات ئەبێ قەندیل چۆڵ نەکات و هێواش هێواش بێ گوێ بیست بوون بە پەکەکە و یەکیێتی بۆ ناو خودی رۆژهەڵات بخزێ. ئەگەر ئەم کارەگەلە بکرێ، ئەوا:
١- پێوەندی نێوان پەکەکە و یەکیێتی و ئێران، هەروەها پێوەندی نێوان یەکیێتی پەکەکە بۆ رۆژهەڵاتییەکان دەردەکەوێ. ئانجا دەزانین کە ئەم پێوەندی پێوەندیێکی ستراتژیکییە یان تاکتیکی و ئەگەر تاکتیکییە رۆژهەڵات چ باجێکی بۆ داوە؛
٢- لە جیاتی پشت کردن لە پەکەکە و باس لە کوردستانی رۆژهەڵات و رۆژهەڵات تەوەری، پەکەکە بۆ خەبات دژ بە ئێران داوەت بکرێ. ئەگەر ئەم داوەتە قبووڵ بکات ئەوە خەبات لە رۆژهەڵات بە گڕ و تینتر دەبێ. ئەگەریش قبووڵی نەکات بێگومان پاساوی بۆ دێنێتەوە. ئەم پاساوگەلە ئەتوانن چی بن. ئا) ئێمە لەگەڵ ئێران رێککەوتنمان نییە، بەڵام بە هۆی ئەوە کە لە چەن شوێن سەرقاڵی شەڕین ناتوانین بەرەیێکیتری شەڕ بکەیەنەوە. لەم حاڵەتە وەڵامی دێمۆکرات ئەمە دەبێ: تا ئەو کاتە کە سەرتان سووک بێ ئێمە خەبات دەکەین؛ کاتێ سەرتان سووک بوو تەشریف بێنن بۆ رۆژهەڵات هاریکاریمان بکەن؛بێ) ئێمە ناچینە ناو شەڕ لەگەڵ فارسەکان رێگەش نادەین ئێوە بچن چۆن لەگەڵیان رێککەوتووین. پرسیاری دێمۆکرات ئەمە دەبێ: ناوەرۆکی ئەم رێكکەوتنە چییە کە پێش بە خەباتی رۆژهەڵات دەگرن؟ جێ) ئێوە توانای رووبەڕووبوونەوەتان لەگەڵ دەسەڵات نییە؛ با سەرمان سووک بێ خۆمان رۆژهەڵات رزگار دەکەین.ئەمە گەمژانەترین پاساوە و شایانی وڵام دانەوە نییە. دێ) ئێوە دواکەوتوون و ئێمە خاوەن فەلسەفە و ئایدیۆلۆژیایێکی پێشکەوتوو. کە وایە ئێوە ئەبێ بن و بنچینەتان لە کوردستان کۆ بکرێتەوە. ئەم پاساوە دیکتاتۆرییەتی ئەوان دەردەخات. سنووری ئایدیۆلۆژیای ئێوە هەبوونی ئەویتر و بیر و باوەڕەکانیترە. ئەگەر فەلسەفەی ئاپۆ و نەتەوەی دێمۆکراتیک سڕینەوەی جیاوازییەکانە، ئەوە نەتەوەی دێمۆکراتیک نییە، بەڵکوو گماینشافتی مەڕ و ماڵاتە.
ئەگەر ئەوانەی وێژرا بە هێمنی لای دێمۆکرات باس بکرێ و خۆی لە شەڕی براکوژی دوور بگرێت و قەندیل چۆڵ نەکات، ئەوە یان لای پەکەکە قەبووڵ دەکرێ کە لە ئاکام هەم پەکەکە و پەکەکەییە رۆژهەڵاتییەکان رووسوور لەو ئەزموونە دێنە دەرەوە و خەبات لە رۆژهەڵات بە گڕ و تینتر دەبێ، یان قبووڵ ناکرێ. ئاکامەکەشی یان دەبێتە مەرگی رێژوانی رۆژهەڵاتییە پەکەکەییەکان، یان دەبێتە رێژوانی مەرگ کە دەستی پەکەکەییە رۆژهەڵاتییەکان بە هاوکاری پەکەکە و ئێران بە خوێنی رۆڵەی رۆژهەڵات سوور دەبێت. پەکەکە و لایەنگرانی ئەبێ ئەوە بزانن کە کوشتنی رۆڵەی کورد بە تایبەت رۆڵەی رۆژهەڵات، کەندنی گۆڕی ئەبەدیی خۆیانە لەو بەشەی کوردستان.
===
دێمۆکرات پەکەکەی کیش کردووە. پەکەکە یەک حەرەکەتی هەیە: یان رزگار بوونێکی سەربەرزانە یان مات و دؤراندنی کایە لە رۆژهەڵات. حەتا ئەگەر هەموو پێشمەرگەکانی دێمۆکرات بکوژێ، ئەوە هەر مات-ە و مات-ە و مات.
پێم وایە لە داهاتوویێکی کورت ئاکامەکەیمان دەس کەوێ. ئۆمێد دەخوازم پەکەکە و پەکەکەییەکان نەکەونە دۆخێ کە بکەونە بەر نەفرەتی رۆژهەڵاتییەکان.
سەرچاوە : لاپەڕەی فەیسبۆکی دوکتور مەسعوود رۆستەمی