"an independent online kurdish website

ئەوا زۆری نەماوە بۆ هاتنی مانگی ڕەمەزان و موسڵمانانی دونیا بە گشتی و کوردان بە تایبەتی خۆیانی بۆ ئامادە دەکەن.mejid-palani-2013

وەک دەزانین ڕێژەیەکی زۆر لە کوردانی هەرچوار پارچەی کوردستان بەزۆر یان بەدڵخواز، هاتونەتە سەر ئایینی ئیسلام و کەم و زۆر پێڕەوی لە یاساکانی ئیسلام دەکەن. ئیسلامەکانی دونیا “قورئان” بەسەرچاوەی یاسایی خۆیان دەزانن و پاشان،”حەدیس و شەرع و … ، ” کە، ئەوانیش لەو سەرچاوەوە هەڵدەقوڵێن، کەڵک وەردەگرن. بێگومان لەو ڕاستییەش حاشامان نییە، کە ڕێبازی ئیسلام لق و پۆپی زۆری لێدەبێتەوە و بگرە زۆرێکیشیان ئاویان بە جۆگەیەکدا ناچێ. لەهەر دۆخدا، ئەوەی من لێرەدا مەبەستمە و پێشوەخت ئاماژەیەکی پێبکەم، ئەوەیە، موسڵمانانی کورد دەبێ بە پێی ئەو یاسایە، کە بڕوایان پێیە، ڕۆژوو بگرن، نەک ئەوەی لە ناو کۆمەڵانی کوردا بۆتە کولتوور. بەواتایەکی ڕوونتر، دەبێ ڕۆژووگرتنەکانیان ئایینی بێت نەک کولتووری.

ئەوەش کە قورئان و یاسا ئایینیەکانی دیکەی موسڵمانان باسی لێوە دەکەن، ئەوەیە زۆر کەس و کەسان لە نەگرتنی ڕۆژوو، یان شکاندنی ڕۆژوو ئیزن پێدراون. جا ئەگەر هەر موسڵمانێک پێچەوانەکەی بجوڵێتەوە، ـ وەک ئەوەی بڕوایان پێیە ـ تووشی سزای خوایی دەبێتەوە.

کەوایە، چاوەڕوانی سزای ئایینی، دەبێ ئایینی بێت، نەک کۆمەڵایەتی.

لێرەدا چەند نموونەیەک لەو ئیزن پێدراوانە دەخەمە ڕوو:

ئەو ژنانەی سووڕی مانگانەیان هەیە.

ئەو ژنانەی منداڵیان تازە بووە.

ئەو ژنانەی سکپڕن و بە هۆی گرتنی ڕۆژووەوە، کۆرپەکەیان تووشی زیان دەبێت.

ئەو ژنانەی شیری کۆرپەڵەکانیان دەدەن و بە هۆی شیردانەکەیانەوە شیریان کەم دەبێتەوە و منداڵەکەیان تووشی زیانی لەشی دەبنەوە.

ئەو کەسانەی لەسەفەرن و دووری رێگەکەیان تووشی ئازاریان دەکا.

ئەو کەسانەی نەخۆشن.

ئەوانەی، کە پیر و پەککەوتەن.

ئەوانەی بەهۆی ڕۆژووگرتنەوە تووشی نەخۆشی دەبن، یان ڕۆژووگرتنەکەیان نەخۆشییەکەیان زۆرتر دەکا.

ئەو کەسانەی پزیشک ئیزنی ڕۆژووگرتنیان پێنادا و دەزانن ڕۆژووگرتنەکەیان زیانی بۆیان هەیە.

ئەمانە و چەندین هۆکاری دیکە هەن، کە مرۆڤی موسڵمانی خاوەن باوەڕ زۆر پێویستە پێڕەویان لێبکا . نابێ لەبەر تانە و تەشەری ئەم و ئەو خۆی تووشی سزای یەزدانی بکاتەوە، کە خۆی باوەڕی پێیەتی.

جا ئەگەر وا بوو، ئەوە دەتوانین بێژین ئەو ڕۆژوو گرتنە پێڕەوی لە دەستورێکە، کە خۆی باوەڕی پێیەتی، بەڵام ئەگەر پێچەوانە بوو، واتە لە ترسی ووتی، ووتی و چف و کوڕی ئەم و ئەو بوو، ئەوە پێی ئێژن ڕۆژووی کولتووری، واتە، باوی ناوی خەڵک.

من هیوادارم ئەو کوردانەی باوەڕیان بەم دەستوورە هەیە و پێیان وایە لای خواوە بۆیان دانراوە، دەبا بەو شێوەیەش بێت، کە لە یاسا بنەڕەتییەکەدا “قورئان” هاتووە ڕۆژووەکەیان بگرن.

وەک من بیستومە، یەکێک لە هۆکارەکانی ڕۆژووگرتن، بۆ بیرکردنەوە لە هەژاران و داماوان و کەم دەستانە، کەوایە با کاسبکاران و دوکاندارەکان لەم مانگەدا زۆرتر لە جاران کەل و پەل و پێداویستییەکانی خەڵک هەرزانتر بکەن. با سۆز و خۆشەویستییەکەیان سنوور نەناسێ، واتا ئەو سۆزە پێڕەوانی هەموو ئایین و ڕێبازە ئایینییەکان بە بێ جیاوازی بگرێتەوە. با دانیشتوانی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە لەم خزمەتە مرۆییەدا وەک یەک بەشدار بن.

با مامۆستایانی ئایینی کورد وتار و ئاخاوتنەکانیان بانگی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵی کوردەواری بکا، کە برا و خوشکی یەکتر بن، با جیاوازییەکان کە دەبێتە هۆی لەیەکترازانی کۆمەڵانی خەڵک لەبەین ببەن.

با بانگەوازی هەموو تاکێکی کورد بۆ پێکەوە ژیانی بەتەبایی بێت، نەک من کێم و تۆ کێیت.

لەکۆتاییدا، هیوادارم مانگی ڕەمەزان ببێتە هوێنی یەکگرتووی کۆمەڵانی کوردەواری لە گشت پارچەکانی کوردستان.

بەو هیوایە هەموو تاک و کۆیەکی کورد بەبێ جیاوازی و دانی گەورەیی هیچ ئایین و ڕێبازێکی ئایینی بەسەر ئەویتردا، ڕێزی بەرامبەر بۆ یەکتر دابنێن و پێکەوە بە تەبایی لە کوردستانێکی ئاوەدان و ئازادا بژین.

هاتنی مانگی ڕەمەزان پیرۆز بێت لە موسڵمانانی کورد.

مەجید پاڵانی، نۆروێژ.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی