لە بەرەبەری٨ی مارسی٢٠١٥ی زایینیدا کە بە رۆژی جیهانی ژن ناسێنراوە، کچە هونەرمەندێک بە ناوی چیمەن رەحمانی بەرهەمێکی هونەری بە شێوەی کلیپ لە ژێر ناوی “یەک لە هەزاران” بڵاو کردەوە.
کاتێک گوێم بۆ ناوەرۆکی گۆرانی یان بەستەکە راگرت، باسی ئازارەکانی کچ بوون دەکا. کچ هەر لە ئەو کاتەی کە لە دایک دەبێ، وەک نەنگێکی بنەماڵە سەیری دەکرێ. هێشتا منداڵە و حەزی لە یاری منداڵانەیە، بە نابەدڵی دەدرێ بە شوو و تا سەرەنجام بە ناکامی و جوانەمەرگی سەر دەنێتەوە.
تابلۆکانی کلیپەکە ئەوەندە روون و ئاشکران، بەبێ پێچ و پەنا بینەری ئاشنای ژیانی پڕ لە ئازاری کچ و ژنی کوردەواری تێدەگەیەنێ کە ستەمی رەگەزی نێوان نێرومێ، چەندە سامناکە!
دوای وردبوونەوەی زیاتر لە گۆرانییەکە، کەوتمەوە بیری مقامی “فەلای شاری خەم”ی هونەرمەندی نەمر یەدوڵڵا رەحمانی. یەدوڵڵای دەنگخۆش و هونەرمەندی ناسراوی دەڤەری سەرپێڵی زەهاو، لە سەرەتای ١٣٥٠ی هەتاوی(١٩٧١ی زایینی)، کۆمەڵێک گۆرانی بە کوردی شێوەزاری خوار یان ئەڕازوان بڵاو کردەوە کە مقامی “فەلای شاری خەم”، یەکێک لەو بەرهەمانەیە.
بۆ ئەوەی زیاتر لە بابەتەکە ورد بینەوە، دەقی ئەو مقامە لە خوارەوە دەنووسمەوە کە شیعری مامۆستا رەحمانی یە:
من کوڕئ خەم بیم، لە خەم بیم پەیدا
خەم نافم بڕی، خەم ناوم نیا
خەم چڕی لە لیم: ئەی چارەسیا
خەم خوەند لە گووشم: تونی چارەسیا
چیمە شارئ خەم، جفتی گا بەستم
نووسەد خەروار خەم، کەفتیەسە دەستم
چوارسەدی خەمە و پانسەد پەژارە
من وە کووڵ کیشمەی سوو تا ئیوارە
فەلای شارئ خەم
هەر خوەمم، هەر خوەم
***
جفتئ خەم بەستم وە خەمینەوە
توخمئ خەم شەندم وە زەمینەوە
بیڵی لەو خەمە نامە بانئ شان
ئاویاری خەم کەم، من وە دڵ و گیان
داسی لەو خەمە من ژەندمەوە
چەپچەپ لەو خەمە من کەندمەوە
تووڕی لە خوەم بی، ماڵی لە مەردم
کیشەخەمەکەم من تەمام کەردم
چانی لە خوەم بی، ماڵی لە مەردم
هووڵەی خەمەکەم من تەمام کەردم
شەنی لە خوەم بی، شەنیاری مەردم
ماسیەی لەو خەمە، جیاوە کەردم
ئاردئ خەم کردم، وینەی کووی زوخاڵ
بارئ خەم کردم، هاوردم وە ماڵ
نانی لەو خەمە، نیامە وەر داوان
روی کردم لە روی هەردەی بیاوان
خەم تو عەزیزی، خەم تو برامی
هەر کوورە مەچم، رەفیقئ رامی
یەدی دی بەسە، هەر تو خەم نەیری
خەڵک گشت خەمبارن، تو خەوەر نەیری
پاش نووسینەوەی هەڵبەستی فەلای شاری خەم، کەوتمە بەراوردکردنی ئەو بەرهەمە لە گەڵ بەستەی “یەک لە هەزاران”ی چیمەن. چیمەنی کچی هونەرمەندی کۆچکردوو”یەدوڵڵا رەحمانی”، دوای چل ساڵ بەستەی “یەک لە هەزاران” بڵاو دەکاتەوە. ناوەرۆکی ئەم گۆرانییە، لە گەڵ مقامی “فەلای شاری خەم” لە یەک بارەوە لە یەک دەچن. هەر دوو بەرهەم باسی ژیانی پڕ لە کوێرەوەری مرۆڤ دەکەن. فەلای شاری خەم، باس لەو ئازار و کەندوکۆسپانە دەکا کە لە کاتی لە دایک بوونی مرۆڤێکدا تا دوایین کاتەکانی ژیانی بەرۆکی بەر نادا و بەردەوام لە گەڵی دەژی. بەڵام بەستەی “یەک لە هەزاران” وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێکرد، چڕ دەبێتەوە لە ژیانی مرۆڤی ژن بە تایبەتی. بۆ ئەوەی لە ناخی ئەم دەقەش باشتر تێبگەین، سەرنجێکی هەڵبەستی”یەک لە هەزاران” بدەن کە شاعیری ئازیز کەڵهوڕ شێرزادی نووسیویەتی:
فەلەک گۆڕی لەبەختی من شەوانی پڕ هەسارەی گەش
دوو چاوی رەش دوو زوڵفی رەش، بەسەد ئاخ و بەچارەی رەش
لەدایکبوونی من بۆچی چرای کوژاوەی ماڵان بوو؟
لەبەرچی زەحمەتی ساڵانی دایکی من لەبیرت چوو؟
بەکۆیلەکردنی هەستم بەهانەی سوونەتی من بوو
بە تێغی تیژ باخی باوەڕ و هیوام بە تاڵان چوو
لەکاتێ مارەییم نایە، لە کاتێ زۆر منداڵم
بەزۆر مارەم دەکەن، هەی داد وەکوو مەل دەشکێنن باڵم
بزانە چیت کرد لەمن دونیا، کە ئاگر بوو بەچارەی من
لەگەڵ گیان و دڵم سووتا شەوانی پڕ هەسارەی من
تۆ خۆت باشتر دەزانی کە داتماڵیوم لە بوونی خۆم
بە لەش هی تۆم
بە هەست هی تۆم
بە بیروباوەڕم هی تۆم
لەبەر چی دەمکوژی بۆ؟
خۆ نیم کەمتر لە ئاستی تۆ
من کچی تۆم و خوشکی تۆم
من هاوژین وهاوچەشنی تۆمi
ئەگەر مەلی خەیاڵی ژن رەها ببێ لە زیندانی
هەموو دونیا تژی دەبێ لە ئازادی و یەکسانی
لەو روژەوە لە ئاسۆدا خۆری من خۆی دەنوێنێ
کە دەنگی کامەرانی من، دڵی دونیا دەلەرزێنێ
***
خوێنەری ئازیز
وەک بۆتان دەرکەوت، ژنی کورد لە چەند لاوە ستەمی لێدەکرێ. یەکەم وەک کورد، دووهەم وەک تاکێک لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و سێهەم وەک مێینە. فەلای شاری خەم، باس لەو ستەمانە دەکا کە مرۆڤێکی بندەست و هەژار، لە ژیانی رۆژانەیدا لە گەڵی دەستەویەخەیە. بەڵام بەرهەمی “یەک لە هەزاران” قووڵ دەبێتەوە لە ژن و ژیانی پڕ لە کولەمەرگی و چەرمەسەری ئەو بەشە لە کۆمەڵ. لە روانگەی ئایینییەوە بە لاواز و چاولەدەستی پیاو سەیری دەکرێ. لە دابونەریتی چەقبەستووی کۆمەڵی دواکەوتوودا ئەوە کە دەکرێ بە هۆپەڵی بەری پەڵی هەموو بەڵایەکی کۆمەڵگا. کە دوو بنەماڵە یان دوو هۆز بە شەڕ دێن و خوێن دەکەوێتە بەینیان، ئەوەی خوێنی پێخۆش دەکرێ، دیسان هەر ئەوە دەبێ بە قۆچی قوربانی.
بەم بەراوردە خێرایە، گیانی پاکی هونەرمەندی ئازیز و نەمر یەدوڵڵا رەحمانی بە نەمری هەتاهەتایی دەسپێرم و تەمەن درێژی بۆ چیمەن خانم لە پێناوی پەرەدان بە هونەری پێشکەوتوو و رەسەنی کوردی دەخوازم. هەر وەها ئاواتەخوازم ستەم بە گشتی و ستەمی نەتەوایەتی، چینایەتی و رەگەزی بە تایبەتی نەمێنێ.
ئەم نووسراوەیە، لە رۆژنامەی کوردستان، ژمارە ٦٥٦دا بڵاوکراوەتەوە!