هەموو حیزب و ئۆرگانیزاسیۆنێکی سیاسی و، کولتووری، جڤاکی و …. بەجۆرێک خاوەن پەیڕەوێکی ناوخۆن کە چۆنیەتیی پەیوەندیی ئەندامانی ئەو ئۆرگانیزاسیۆنە دیاری دەکا. لەو پەیڕەوە دا هەم مافی ئەندامی ئۆرگانەکە دیاری کراوە و هەمیش ئەرکی ئەندام.
یەکەمین حیزبی سیاسیی کوردی کە پەێرەوی ناوخۆی بەشێوەیەکی دێمۆکراتیک و سەردەمیانە داڕشت ،حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بە لێزانی و شارەزایی ڕێبەری ناوداری سەدەی بیستەم دوکتۆر قاسملوو بوو. ئەو پەێرەوە دەگەڕێتەوە بۆ ٤٥ ساڵ لەمەوبەر. لەوکاتی دا تاکۆنگرەی سێزدە(ژمارە نەگبەتەکە)پەێرەوی ناوخۆی حیزب بەردەوام بەرەو پێش دەبرا و گەشەی دەکرد بۆ لای دێمۆکراتیزە بوون و مافی زیاتر و ئەرکی زیاتری بۆ ئەندامی ئەو حیزبە دیاری دەکرد. بەرابەریی ئەندامانی زیاتر دەستەبەر دەکرد.
لە کۆنگرەی ٩ دا بە ئیبتیکار و لێزانیی ڕێبەری بلیمەت دوکتۆر شەڕەفکەندی مافی کەمینە بەجۆرێک خرایە نێو پەیڕەو و دواتر لە کۆنگرەکانی ١٠ و ١١ و ١٢ دا دەوڵەمەندتر کرایەوە. فەرقی مافەتەشکیلاتییەکانی ئەندامانی ناوخۆی وڵات، دەرەوەی وڵات، کادر و پێشمەرگە، لەگەل ئەندامانی نیشتەجێی باشوور شتێکی ئەوتۆ نەدەما و هەموو کەس هەستی بە بوونی خۆی دەکرد و ئەوەی پێدەگوترێ پەڕاوێز زۆر کەم ڕەنگ بوو.
ڕێبەرایەتیی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١١ (شانازیی ئەندامەتیی کۆنگرەی ١١م هەبوو) بڕیارێکی هەتا بڵێێ دادپەروەرانەی دابوو. ئەوکات ڕۆژانە کادر و پێشمەرگەی حیزب ڕوویان دەکردە هەندەران ، بەڵام هەر وەک ئێستاش دەیبینین ، ئەو خەڵکە هەر ئەندام و دڵسۆزی حیزب بوون. بڕیارەکەی کۆمیتەی ناوەندی ئەوەبوو کە: هەر کادر و پێشمەرگەیەک کە واز لە پێشمەرگایەتی دێنێ و بە مەرجێک وەک ئەندامی حیزب بمێنێ، بە پلەیەک خوارتر درێژە بە تێکۆشانی حیزبی خۆی دەدات. واتە کادرێکی دەرەجە ٣ کە وازی لە ئەرکی تەواو وەختی حیزب دەهێنا و دەچووە هەندەران، پلەیەک دەهاتە خوار و دەبوو بە کادری دەرەجە ٤ و هەمان مافی کادرێکی دەرەجە چواری هەبوو.
کاتێک ئەو بڕیارە درا من لە جێژنیکان بووم و سکرتێری ئەوکاتی حیزب بڕیارەکەی باس کرد، کادرێک هەستا و گوتی ئەوە خیانەتە ڕێبەریی حیزب دەیکا! چوونکی ئەو پێیوابوو هەرکەس وازی لە پێشمەرگایەتی دێنێ بە جۆرێک خیانەتی کردووە! بەڵام وڵامی سکرتێر زۆر جیدی و توند بوو بۆ ئەوکادرە.
ئەوەبوو ململانێی دەسەڵاتی نێو ڕێبەرایەتیی حیزب لە کۆنگرەی ١٣ دا گەیشتە لووتکەی خۆی و هەر لە ساڵۆنی کۆنگرە بە هێنانی خاڵێک بۆ نێو مادەی هەشتەمی پەێرەوی ناوخۆی حیزب کە بوو بە هۆی دابەش کردنی ئەندامانی حیزب بە سەر دوو بەشی پێرسۆنێلی تەواو وەخت و ئەوانەی هەڵاتوون بۆ دەرەوە. بڕیارێکی هەتا بڵێێ نادێمۆکراتیک و نادادپەروەرانە درا ، کە ئیدی ئەوە بە جۆرێک هەڵتەکاندنی ڕیشەی تەشکیلاتی حیزب بوو.
لە پەێرەوی ناوخۆ دا باس لە ئەندام کراوە و دیاری نەکراوە کە ئەندامی کام جۆغرافیا مافی زیاترە لە جۆغرافیاکەی دیکە. ئەندام لە پەێرەوی ناوخۆ دا مێحوەرە. ئەندام خاوەن مافە و ئەندام خاوەن ئەرکە. ئەو ەلە ماوەی کۆنفڕانسی سێهەمی حیزب (١٩٧١) تا کۆنگرەی سێزدە (٢٠٠٤) بەردەوام بووە و کەسیش گلەیی نەبووە لەو ئەرک و مافانەیان.
خاڵە زیادکراوەکە کە تەنیا و تەنیا بۆ پەڕواێز خستنی ئەندامانی حیزب لە دەرەوەی وڵاتە، بەم جۆرەیە:
ماددەی هەشتەم کۆنگرەی حیزب
خاڵی ٣
کۆنگرەی نائاسایی لە سەرداوای کۆمیتەی ناوەندی یان ٢ لەسەر ٣ی پێرسۆنێلی تەواو وەختی حیزب پێکدێ.
لێرە دا دوو ئێشارەی کورت بە پیویست دەزانم:
یەکەم: لە دوای کۆنگرەی ١٣ و گەرم و گوڕیی ململانێ و دواکەوتنی کار و تێکۆشانی حیزب بە گشتی و بگرە دوا کەوتنی کۆبوونەوەکانی کۆمیتەی ناوەندی ، فەزایەکی خولقاندبوو کە پێویستییەکی سەد لە سەد بە کۆنگرەی نائاسایی هەبوو، کەچی ئەو خالە چاک بیری لێکرابووەوە، بۆیە مەجال نەمابوو کە ئەندامانی حیزب لە دەرەوەی وڵات کە ژمارەیان چەندین بەرابەر ی کادر و پێشمەرگە بوو ، داوای کۆنگرەی نائاسایی بکەن. کادر و پێشمەرگەش (بە قەول پێرسۆنێلی تەواو وەختی حیزب) دابەش ببوون بە سەر دوو باڵی دژ بە یەکدا و داوایەکی وەهایان نەهێنایە مەیدان. هەردوولاش بڕیاری خۆیان دابوو کە حیزب بکەنەوە دوو بەش.
دووهەم: پێموانیە لە هیچ حیزبێکی سیاسی دا بە ئەندام و چالاکی ئەو حیزبە کە هەموویان خۆبەخشانە کار دەکەن، بگوترێ “پێرسۆنێل” بیستوومە پێرسۆنێل بۆ کرێکاران و تێکنیککارانی فابیرکایەک، شیرکەتێک یان تەنانەت قوتابخانەیەک بگوترێ پێرسۆنێل بەڵما بۆ حیزبێکی سیاسی وابزانم تاریفێکی بەم جۆرە نیە. من ماوەی ٦ ساڵ کرێکاری فابریکایەک بووم کە ٤٠٠ کەس بووین. دیرەکتۆری گشتی ئاگاداری یەکی دەنووسی و لە دیواری نەسب دەکرد: بۆ هەموو بەڕێوەبەران و پێرسۆنێلی فابریک….
خوێنەران و هاوڕێیانی حیزبیم ، من و سەدان و بگرە هەزارانی وەک من کە تەمەنێکمان لەو حیزبە دا سەرف کردووە، نرخمان داوە، ئێستاش بە هەموو وجوودمانەوە ئامادەین خزمەت بەو ڕێبازە بکەین و دەشیکەین ، سەرەتایی ترین مافمان لێ زەوت کراوە کە داوای کۆنگرەیەکی نائاسایی یە لە سەردەمێک دا کە حیزب لە قەیران دایە. کەس لە خۆی نەشارێتەوە، حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لەگەل قەیران بەرەوڕوویە. کاتێک حیزبێک ناتوانێ ڕۆژانە ٢ سەعات بەرنامەیەکی تەلەویزیۆنی بەڕێوە ببات، ناتوانێ ڕادیۆیەک بەڕێوە ببات، ناتوانێ پێداویستیەکانی ژامرەیەکی نەچەندان زۆری کادر و پێشمەرگە دابین بکا، مەعلومە کە قەیرانی هەیە.
هاوڕێیانی بەڕیزم ، حیزب قەیرانی مودیریەتی هەیە. حیزب پیویستیی بە پێداچوونەوەی خۆی هەیە. ڕێبەرایەتیی کۆنگرەی ١٥ بە سکرتێریشەوە ڕێبەرایەتیەکی سەرکەوتوو نیە. ڕۆژ لەگەل ڕۆژ ئەو ڕێبەرایەتیە لە ناو ئەندامانی حیزب دا قورسایی خۆی لە دەست دەدات. زەرەرمەندی یەکەمیش ڕێبازی دێمۆکرات، گەلی قارەمانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و ئێمەی ئەندام و لایەنگری حیزبن.
ئێوەی کادر و پێشمەرگەی گەنجی دێمۆکرات کراون بە پێرسۆنێلی تەواو وەخت، مافی ئەوەتان پێدراوە کە داوای کۆنگرەی نائاسایی بکەن، ئێوەش بۆ نیجاتی حیزبەکەتان ئەو مافەی خۆتان بە کار بێنن و ئەو داوا دێمۆکراتیکە بێنننەوە بەرباس و ڕێبەرایەتیی حیزب بەو قەناعەتە بگەیەنن کە مل بۆ داوایەکی ڕەوای ئێوە ڕابکێشێ.
هەفتا ساڵ تەمەنی حیزبە، کوێرکردن و لاواز کردنی ئەزموونێکی هەفتا ساڵە، تاوانە بە نسیبەت نەتەوەیەکی ژیر دەستە. ئەگەر ئێمەی ڕێبوارانی ڕێبازی دێمۆکرات لە هەمبەر ئەو وەزعە دا بێ دەنگی هەڵبژێرین ، هەم دەبینە شەریکی ئەو غەدرە، هەم مێژوو خەراپ باسمان دەکا.
لام ڕوونە کە دوای بلاوبوونەوەی ئەم نووسراوە دەکەومە بەر تیغێکی جەوهەردار، بەڵام هەر ڕەوتێک کە بیەوێ بەرەو لووتکە هەڵکشێ، پێویستیی بە قوربانیدانە. با من ببمە قوربانی ، بەڵام ببێتەوە سەرەتایەک بۆ باسێکی جیددی تا ئەو حیزبە کە جێی هیوا و هومێدی بە میلیۆنان ئینسانی کوردە ، لە مردن ڕزگار بکەین. ڕەنگە هەبن بەرپرسانێک کە پێیانوابێ ئەو نووسراوەیە دەبا لە ڕێگای تەشکیلاتی یەوە بوایە، بەڵام من عەرزیان دەکەم کە ڕێگا تەشکیلاتییەکان سەهۆڵبەندانێک و بەستەڵەکێکن کە دەرباس بوون لێیان جوزوی غەیرە مومکیناتە . بەداخەوە ئیدی وا خەریکە بزماری ئاخەر لە تابووتی حیزب دەدرێ کە ئەو باسەش هەڵدەگرم بۆ کاتێکی دیکە.
با هەموو مان بە یەکەوە هەوڵ بدەین بۆ کرانەوەی دەرگای حیزب بۆ هەموو تێکۆشەرێکی دێمۆکرات و یەکگرتووی و یەکڕیزی بکەینە دیاری بۆ جێژنی ٧٠ ساڵەی حیزب. ئەگەر ئەوە نەکەین ئێمە شەرمەزاری نەتەوەی خۆمان و ڕەنج بە خەسار دەبین. چاوەڕێی هەڵوێستی بوێرانەی ئێوەم و نابێ قەت بیر لە بێ تەفاوەتی و خۆ پەڕاوێز خستنی تاکیی خۆمان بکەینەوە.