پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی پەیوەندییەکی ئالۆز و پچرپچر و حیزبی کراوە و ئەمنییە، پرسیاری سەرەکی ئەو بابەتە ئەوەیە پەیوەندی نێوان باشوور و کۆماری ئیسلامی پاش رێککەوتنی ناوکی بەکام ئاقار دا دەروات؟
وڵامی ئەوە پرسیارە پێویستی بە روونکردنەوەیەک هەیە کۆماری ئیسلامی لە راستییدا ٦ ساڵە کەوتۆتە ژیر گەمارۆی ئابووری بەرینەوە هۆکاری ئەو گەمارۆیەش سیاسەتی پاوانخوازی ناوچەی و کەڵکەڵەی بوونی بە وڵاتێکی خاوەن بۆمبی ناوکییە نەک پاوانخوازی زلهێزانی جیهان، ئەو کەڵکەڵەیەشی بۆ ئەوەیە، کە وەکوو هێزێکی بەدەسەڵاتی ناوچەکە، بمێنێتەوە و لە بریارەکانی ناوچەکدا کارتێکەری هەبێت و ئاراستەی ناوچەکە بۆلای بەرژەوەندییەکانی خۆی داشکێنێتەوە.
ئەوەی ئێستاش لە عێراق روودەدا لە بوونی داعشەوە هەتا برینی موچەی خەڵکی باشوور بە فیتی ئێرانە و دەرنجامی سیاسەتەکانی قاسم سوڵیمانییە، کە وایە رێککەوتنی ناوکی ئێران و گروپی ٥+١ دەبێ کارتێکەری تایبەتی لەسەر پەیوەندی نێوان عیراق و ئێران و کۆماری ئیسلامی و باشووردا هەبیت.
پێش هەر چەشنە لێکدانەوەیەک دەبێ ئەوەمان لە بیرمان بێت کە رێککەوتنی ناوکی لەسەر باوەر پێککردنی دوولایەنە دانەمەزراوە و دەرنجامی زەختێکی ئابووری زۆر کە توانیویەتی ٢٠% پێکهاتەی ئابووری ئێران تێکدا، ئەو رێککەوتنە هاتۆتە دی؛ لەگەڵ ئەوە ئەگەر رێککەوتنی ئێران و گروپی ٥+١ ئێران لە دەستراگەیشتن بە پرۆژەی ناوکییەکەی دوریش بخاتەوە، ئێران لە ئامانجە و کەڵکەڵە ناوچەیەکەی کە یەکیان دامەرزاندنی دەوڵەتی شێعە لە عێراقە دوور ناخاتەوە و ئەوەش وا دەکا کە پاش رێککەوتنەکە ململانێیەکی ناوچەی نێوان ئێران و عەرەبستان، ئیسرائیل و تورکیا قوڵتر بێت.
بەڵگەکان و ئالۆزی دۆخی سوریە پێمان دەلێت کە ئێران دەستی لە سووریە شتۆتەوە و ئێران لە ئێستادا ناتوانێ ئەسەد لەوە زیاتر بپارێزێت چون نە ئەسەد دەتوانێ بەرگەی ئەو هەموو شەرە بگرێت و نە بە قازانجی ئێرانیشە لەوە زیاتر ئەسەد بپارێزت، کەوایە دوو ئالوگۆری گرینگی لە ناوچەکەدا روودەدا:
١: کۆماری ئیسلامی پشتی ئەسەد بەردەدا و نەیارانی ئەسەد لە سەروو هەموویان عەرەبستان، قەتەر و تورکیا، ئەسەد دەروخێنن؛ بەڵام کۆماری ئیسلامی رێگەنادات دەسەڵاتی پاش ئەسەد دەسەڵاتی ئاواتەخوازی عەرەبستان و تورکیا بێت. بەڵکوو بە دڵنیاییەوە چۆن لە عێراقی پاش رووخانی سەدام ئێران ، ئامریکای توشی سەرێشە کرد ئاواش کێشەی سوریە دەسەڵاتداری پاش ئەسەد لە سوریە درێژ دەکاتەوە، ئالۆزی سوریەی پاش ئەسەد بۆ ئێران زۆر ئاسانترو کەمتێچووترە لە سوریەی ئێستا و ئیران لە سوریەی پاش ئەسەد ئەوەندی کارت بەدەستەوەیە کە رێگەنەدات دەوڵەتێکی ئاواتەخوازی عەرەبستان و تورکیا بێتە سەر دەسەڵات.
٢: ئێران رەنگە پشتی ئەسەد چۆڵکات بەڵام بە دڵنییاییەوە پشتی دەوڵەتی شێعە لە عێراق چۆڵناکات، بەڵکوو ئەگەر ئەسەد بروخێت عێراق بۆ ئێران دەبێتە دوایین سنووری شەر لەگەڵ نەیارانی لەناوچەکە، هەر بەو هۆیەش دەتوانین بلێن لە پاش رێککەوتنی ناوکی ئێران و باشووری کوردستان لە سێ روو توشی کێشە دێن:
١: باشووری کوردستان چۆن پشتی سیاسەتەکانی ئێران لە عێراق دەگرێت و هەتا کوێ لەگەڵ دەوڵەتی شێعە بەدەسەڵات لە عێراقدا هەیە و پشتی ئەو دەوڵەتە دەگرێت؟
٢: باشووری کوردستان هێندێ خەونی وەکوو سەربەخۆی سیاسی و سەربەخۆیی ئابووری هێناوتە گۆرێ ئەوەیش لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئێران لە ناوچەکەدایە، ئەگەر بێتوو لایەنە سیاسییەکانی باشوور هەر لەسەر ئەو سیاستەی ئێستایان سوور بن لەگەڵ سیاسەتی ناوچەی و سیاسەتی ئێران لە مەر عێراقدا توشی قەیرانی زۆر قوڵ دێن.
٣: ئێران لە ئاستی ناوچەییدا سیاسەتی تایبەتی خۆی هەیە و ئیستا خۆی وەکوو جەمسەرێک پێناسە دەکات و لەگەڵ ئەوەش هەرێمی کوردستان هێندێ سیاسەتی ناوچەی تایبەت بە خۆی هەیە سیاسەتی ناوچەی ئێران و هەرێمی کوردستان لێکنزیک نین و لە جەمسەری بەرانبەری واتە ئامریکا، ئیسرائیل،عەرەبستان نزیکترە و لەو ئاستەشدا کۆماری ئیسلامی و هەرێمی کوردستان توشی تێکهەڵچوون دێن.
سەرکردایەتیی کورد لە باشووری کوردستان دەبێ ئاگاداری ئەوە بێت کە ئێستا توێژەرانی سەربە سپای قودس خەریکە بابەتی “هێلالی شێعە” لە بواری ئابووریدا تئۆریزە دەکەن و ئەوان لەو باوەرە دان کە ٧٠% نەوتی رۆژهەڵاتینێوەراست کەوتۆتە ناوچە شێعەنشینەکان رۆژهەڵاتینێوەراست و لەگەڵ ئەوە ئەوان دەلێن دەربەندی هۆرمز و بابواللمندب دەکەوێتە نیو ئەو هێلالە؛ ئەوەش یانی دەکرێت لە رێگەی هیلالی شێعەوە دەست بەسەر هەناردەکردنی ٧٠% وزە دا بگیرێت. هەموو ئەوانە بۆ ئەوە باس دەکرێت کە سپای قودس پاساوی ئابووری بۆ کردەوەکانی خۆی لە رۆژهەڵاتینێوەراست بێنێتەوە بە دڵنییاییەوە لە داهاتوودا کۆماری ئیسلامی زیاتر پێوشوێنی سیاسەتی دامەزراندنی “هیلالی شێعە” دەگرێت و ئەوەش بەو واتاییە کە داهاتوو پەیوەندی نێوان کۆماری ئیسلامی و هەرێمی کوردستان زۆر ئالۆز و بە پێوەرەی سیاسەتی هیلالی شێعە دەبێت.
لە پاش هەموو ئەو شتانە دەبێ ئەوەشمان لەبەر چاو بێت کە کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتی سیاسی باشور وەکوو مەترسییەک بۆ نێوخۆی ئێران سەیری دەکات کە واتە ئەگەر لە ئاستی ناوچەیشدا باشورییەکان لەگەڵ سیاسەتەکانی ئێراندا بن پاش ئەوەش ئێران و هەرێمی کوردستان ناتوانن دۆستی یەکبن، چون کۆماری ئیسلامی هەبوونی دەسەڵاتی کوردیی لەو پارچەیە بە مەترسی لەسەر ئەمنی ناوخۆی خۆی دادەنێت و پێی وایە ئەو دەسەڵاتە دەتوانێ لانیکەمی هاندەرێکی رووحی بێت بۆ گەشانەوەی بیری نەتەوەی لە نێو رۆژهەڵاتی کوردستاندا و ئەوەش بە مەترسی ئەمنیی نێوخۆی دادەنێت.
باشوورەییەکان دەبێ لە بیریان بێت کە گوتاری کوردی[کێشەی کورد] تەنیا تایبەت بە سنوورەکانی وڵاتێک نییە و لە ئاستی ناوچەی رۆژهەڵاتینێوەراستدا دەخوێندرێتەوە و هەڵدەسەنگێندرێ، چون هەر پارچەیەک راستەخۆ لەسەر پارچەکەیتر کارتێکەری هەیە، هەر بەو پێیەش هەرێمی کوردستان دەبێ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران و تورکیا لەسەر ئەو بیرۆکەیە دارێژێت کە لەو دوو وڵاتەدا گوتاری کوردی لە گۆرێیە و ئەوان هیچ بە قازانجیان نییە دەسەڵاتێکی کوردی لە دراوسێیەتیینان دامەزرێت و هەبوونی ئەو دراوسێیە بە مەترسی ئەمنی دادەنێن.
ئەگەر بمانەوێت بە کورتی بیلێن دەبێ بلێن کە کۆماری ئیسلامی لەسەر سێ بنەمایەی ١: دامەزراندنی دەوڵەتێکی شێعە پڕدەسەڵات لە بەغدا ٢: مەترسی ئەمنی حکوومەتی هەرێم بۆ نێوخۆی ئێران ٣: دۆستایەتی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ دژبەرانی ناوچەی و نێودەوڵەتی کۆماری ئیسلامی سیاسەت لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات؛ جا حیزب و سیاسییەکانی باشوور ئەوەیان قەبول بێت یان نەبێت.
لەگەڵ ئەوانە لە بیرمان بێت کە کۆماری ئیسلامی پێش لاچوونی گەمارۆئابوورییەکانی لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە بەشێک لە گەمارۆکانی دەشکاند و هەر ئەوەش وای دەکرد کە کۆماری ئیسلامی ئەمنییەتی هەرێمی کوردستانی بۆ گرینگ بێت نەمانی گەمارۆ ئابوورییەکان بە واتای کەم بایەخ بوونی ئەمنی هەرێمی کوردستانە لای ئێران، هەرچەند لە ئێستادا ئێران، هەرێمی کوردستان وەکوو دیوارێک بۆ پارستنی خۆ لە دراوسێتی داعش بەکار دێنێت بەڵام ئەو “حائل” بوونە هەتا سەر نییە.
پەیوەندی ئێران و هەرێمی کوردستان پەیوەندی سیاسی نییە و پەیوەندی ئەمنییە و ئەوەش بەو واتایەیە کە پاش رێککەوتنی ناوکی ئێران و گروپی ٥+١ ، بە هۆی ئەوەی ئێران لە رووی ئەمنییەوە دەستی ئاوەڵەتر دەبێت، پەیوەندی نێوان ئێران و حکوومەتی هەرێمی کوردستان تووشی ئالۆزی و قەیران دەبێت