Hoppa till innehåll
Hem » هەڵەی ستراتژیکی پژاک،حیسام دەست پیش

هەڵەی ستراتژیکی پژاک،حیسام دەست پیش

ناوە ناوە دەنگوباسی ئەوە بڵاو دەبیتە کە هێرش دەکرێتە سەر هێزە سەربازی، ئەمنییەتی و کەسە خۆجییەکانی کۆماری ئیسلامی لە خۆرهەڵات.hisam_destpish

ئەم هەواڵانە بە شێوازی جۆرراوجۆر لە میدیا، لایانگران، و چالاکانی خۆرهەڵات دەنگ دەداتەوە و هەر کەسێک لە دید و بۆچوونی خۆیەوە باسی ئەم بابەتە دەکات. هێندێ کەس بە دەستخۆشی ناوی دەبەن. کەسانێکیتر وەک پیلانێکی دەزانن و لەهەمانکاتیدا کۆمەڵگایش بوونی هەیە کە زۆرتر کپبوونی لەم بارەوە پێوە دیارە. هەرچەن کۆمەڵە چالاک یان چاودێری ناوخۆیش بوونیان هەیە کە لە بنەڕەتدا لەگەڵ ئەم جۆرە چالاکیانە کێشەیان هەیە. دەبێ ئاماژەش بەوە بکەین کە ئەم پەرچەکردارە بەر لەوەی لە خوێندنەوەیەکی جدییەوە سەرچاوە بگرێت، نیگەرانی لە تێکچوونی هەلومەرجێکە کە ئەوان خۆیان وەک تەنها بکەر حەزیان لە گەمەکردنە و لە بوونی ئەکتەرتەرانێکیتر دەترسن.

pej_ak12  

بەهەرحاڵ ئەوەی لێرەدا دەبێ پرسیاری بخرێتە سەر ئەوەیە کە ئاخۆ ئەم کردەوانە دەتوانی جووڵە بە خۆرهەڵات بکات؟ یان ئاخۆ ئەم کردەوانە دەچێتە خانەی ستراتژییەکی نوێوە یان دووبارەکردنەوەی ستراتژیکە ؟  خۆرهەڵات هەم پێی ئاشنایە و هەمیش دەزانێ بە کوێ دەگات و کۆتایەکەی چییە. لەهەمانکاتدا خستە بەر باسی ئەم پرسە گرینگە کە ئاخۆ خۆرهەڵاتی کوردستان لەم کاتەدا چ شێوە لە خەباتێکی پێویستە؟

خەبات لە خۆرهەڵات کە ساڵانێکە جۆرێک لە کزی بەخۆیەوە دەبینێ، بەر لەوەی دەرنجامی نەبوونی هێز بێ. دەرنجامی نەبوونی گوتارێکە کە ستراتژییەک ببەخشێتە ئەو بەشە لە کوردستان تاکوو خۆی تێدا ببینێتەوە تاکوو لەو رێگەوە هەنگاو هەڵبگرێت. بۆ ئەم مەبەستە زۆربەی پارتە سیاسیەکانی خۆرهەڵات بەر لەوەی بیریان بۆ داهاتووی ئەم خەباتە بچێ، بیریان بۆ لای مێژوی ئەم خەباتە دەچێ. جا ئەم مێژوییە قورسایەکەی بەلای جۆرێکە لە خەبات کە وەک خەباتی چەکداری ناسراوە. هەموو پارتەکان باسی خەباتی چەکداری دەکەن. بەڵام هیچ یەک لەوان مانایەکی نوێیان پێ نیە لە مانادارکردنی ئەم خەباتە. کە واتە ئێمە بەرەورووی هەلومەرجێکین کە تێدا دوو بەرە بوونی هەیە. بەرەیەک کە دەیهەوێ نمونە مێژویەکەی خۆرهەڵات زیندوو بکاتەوە و نمونەیەکیش کە ستراتژی هاوردە دەکاتە ئامانج و هەوڵدەدا کە ئەم نمونە هاوردە کە لە باکور لە سەردەمانێکدا توانیویەتی مانا بەهەرم بێنیت، بەهەمان شێوەش لە خۆرهەڵات وڵامدەر بێت.

گرفتی سەرەکی لێرەوە دەس پێدەکا. چونکە ئەم چەشنە لە بیرکردنەوانە ئەوەمان پیدەڵێ کە کەمن ئەو پارتانەی کە سەیری کۆمەڵگای کوردی بکەن و بەو پێیە ستراتژی خۆیان دیاری بکەن. بۆیە لێرەدا بەر لە هەر شتێک کۆمەمەڵگا لە بیر دەکرێ و مانفیستی ئامادە پێشکەش بە کۆمەڵگا دەکرێ. کێشەیەکیتر لۆجیک یان ئەو ئەقلییەتەیە کە خەبات دەبینێ. بە مانایەکیتر خەباتکردن وەک مەکۆیەکی شاخاوی دەبینرێ کە ئەم مەنتقە شاخاوییە پارتیزان بەرهەم دێنێت و ئیتر لە  بیری دەکات کە پارتیزان بۆ شاخە نەک شار. کێشەی سێیەم دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە مرۆڤ لەم ستراتژییەدا غایب دەبێ، بەو مانایە کە بیر کردنەوە لە پێکهێنەرانی کۆمەڵگای کوردی لە بیر دەکرێن و لە جێگای ئەو بکەر یان کۆمەڵە بکەرێک پێناسە دەکرێن کە دەتوانن جڵەوی کۆمەڵگا بەدەستەوە بگرن. کە واتە پێکهاتەی کۆمەڵگا لە بیر دەکرێ و جێگای خۆی دەداتە گروپی پێشەنگ لە کۆمەڵگا. کێشەی چوارەم کات یان زەمەنێکە کە خەبات تێدا روو دەدا. لەم بوارەدا کات شتێکی ئیستا یان ڕاوەستاوە و تەنها چاوەرێی فریاڕەسە کە وەجووڵەی بخات. لێرەوەیە کە کات مانایەکی هەمیشەی بەخۆیەوە دەگرێ، بۆیە هەموو ئەم کردەوانە لە هەموو زەمەنێکدا وەک کردەوەیەکی مانادار دەخرێنە بەرباس. کە واتە کاتێک کات لە بیر دەکرێ دەتوانێ هەڵەش روو بدات. 

بە لەبەرچاو گرتنی ئەم پێشەکییە کورتە لە تێگەیشتنێکی سەرەتای دەتوانم بلێم کە ستراتژی پژاک هەڵەیە، چونکە ئەم ستراتژییە لە زۆر ڕەهەندەوە ناتەباییە لەگەڵ تێگەیشتنن و پێگەیشتنی کۆمەڵگای کوردی لە خۆرهەڵات. بۆیە دەتوانێ مانایەکی نەرێنی ساز بکات. بەو مانایە کە ئەگەر تۆزقاڵە هیوایەک بۆ ڕاپەڕینی کۆمەڵگا هەبێ. ئەم ستراتژییە لە ناوی دەبات یان تووشی دڵەڕاوکێی زۆرتری دەکات. کە واتە هەوڵدان بۆ زیندووکردنەوەی ئەم ستراتژییە تەنها هەڵەیەکە کە بەلارێبردن یان لەرزۆکردنی زۆرتری کۆمەڵگای خۆرهەڵاتی لێدەکەوێتەوە.

مانفسیتی ئامادە و کۆمەڵگا

مانفیستی ئامادە بەرهەمی ئەو ئەقڵییەتانەیە کە هیشتا جیهان لە دەلاقەی دوو جەمسەرییەوە دەبینن. لەم ئەقڵییەتدا مانفیستیێکی ئامادە هەیە کە دەکرێ بکرێت بە واقیعێک. واتا لە شەڕی چەکدارییەوە دەس پێدەکەین. سیماکانی رژیم لە ناو دەبەین. ئیرادەی رژیم لاواز دەکەین. دواجار ئۆتۆریتە ساز دەبێ و خەڵک لەگەڵ واقیعێکدا بەروروو دەبن کە هێزی باڵادەستە. بۆیە رێگاکە بەروونی دیارە و تەنها دەبێ ئیدارەی خوڵقاندن بوونی هەبێ. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی پژاک لەم خانەدا جێگای دەبێتەوە هەر وەک بۆ ماوەی 12 ساڵە پێداگری لە سەر دەکات و هێشتا وەک بابەتێکی پیرۆزی دەزانێ کە دەبێ بیگەیەنێتە مەنزڵگە. هەرچەن خۆیان بە هێزی نوێ دەناسێنن. بەڵام لە ناخی ئەقلێیەتی ئامادەدا هیچ جێگا و پێگەیەک بۆ ئەم هێزە نوێیە نیە.  کاتێک دەیانهەوێ خۆیان لە پراکتیکدا پێشان بدەن دووپاتی مێژویەک دەکەن کە ئێدا کۆمەلگا مانای نیە. واتا کۆمەڵگا هەمان ئەو کۆیلەیە کە دەبێ ئەم بابەتە پیرۆزە وەر بگرێ. کاتێک دەلێین کۆمەڵگا ،مەبەست ئەو ئیرادەیە کە دەیهەوێ جووڵە بکات نەک جووڵەی پێ بکەن. بۆیە بەرەنگاری یان بەرخۆدان بابەتێکی راڤەکراو لە ناخی کۆمەڵگا نیە. بەڵکوو ئیرادەیەکی مانفیستکراوە کە تەنها ئەرکی کۆمەڵگا ئەوەیە کە لێ تێبگات.

شار یان شاخ

لە ستراتژی پژاکدا بەهاگەلێکی مانادار کراو هەیە کە هەموو بەرهەمی شاخ و دەستەخوشکەکەی گوندە. بە واتایەکیتر پژاک لەگەڵ ئەوەدا نامۆییە کە ئێمە لە خۆرهەڵات شارمان هەیە یان شار سەریانهەڵداوە. بۆیە ئەم شارە بە هەند وەرناگیڕدرێت و هەر مانای شاخی وەک پێخۆر دەدرێتێ. کاتێک کە ئەم ئەقڵییتە ستراتژی خەباتی خۆی دیاری دەکات نازانێ یان نایهەوێ بزانێ کە ئەگەر توانایەک هەبێ بۆ جووڵاندنی کۆمەڵگا لە ئەقلێیەتی جووڵانی شارەکاندا نوستوە نەک زاڵکردنەوەی شاخ. بەڵام لە نەبوونی ئەقلییەتی ڕاپەڕاندنی شار مکانیزمێک کە دەکرێتە پێوانە یان ئامانج هەمان بەها و رەفتارانەیە کە مێژو پێیان دەلێ یان مێژوو بۆی ساز کردوون نەک خوڵقاندنی مێژو. پێم وایە دوور و نزیک ئاگامان لە کاردانەوەی ئەو کردەوە چەکداریانەیە کە دەکرێ هەیە و لەهەمانکاتدا ئاگامان لەوەیە کە چۆن کۆمەلگا خوێندنەوەی لە سەر دەکات. پێم وا نیە کە لە کۆمەڵگای شاریەکەی خۆرهەڵاتدا ئەم کردەوانە مانایەکی بەرین ساز بکەن.

پێکهێنەرانی کۆمەڵگا  یان پێشەنگەکانی ئەو

پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردی لەگەڵ ئەو سەردەمانەی کە خەباتی کوردی لە خۆرهەڵات باو و ناوی هەبوو، زۆر گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ئەم پێکهاتە نە تودە یان پۆپۆلە کە تەنها فریا ڕەسیان بوێ و نە ئاغایە کە هیوای ئاغایەتی بکات. واتا کۆمەڵگایەک نیە کە چینە هەژار و داماوەکە بێ  و نە سەرچڵگەڵێکی تێدایە کە خولیای رێبەریان هەبێ. بەپێچەوانە کۆمەڵگایەکە کە پێکهێنەرەکانی چینێکی ناوەڕاستی تازە پێگەیشتووە کە هەم دەتوانێ شۆرشگێر بێ و هەمیش دەتوانێ لۆمپەن. بەڵام خاڵی سەرەکی ئەوەیە کە ناتوانرێ هیچ ناوێکی لێ بنێیت. لە هەمانکاتدا ناسنامەی ئەم چینە نوێیە بە مانا راستەقینەکەی خوێنەواریش ناگرێتەوە. بۆیە چێنێکی ئالۆزی خاوەن تواناییە کە یەک شت بە باشی دەزانێ. ئەویش ئەوەیە کە پێشەنگی ناوێ. بەڵکوو رێکخەری دەوێ. جا پرسیار ئەوەیە کە کردەوەی سەربازی لەم شێوە کلاسیکەی رێکخەری بەهەرم دێنێت یان پیشەنگی؟ بۆیە مرۆڤی پێکهێنەری کۆمەڵگا لەم ستراتژییە غەریب و غایبە.

چەکی پشتیوان یان چەکی رزگارکەر

بە درێژای خەبات لە کوردستان چەک مانا و واتایەکی رزگارکەری بەخۆیەوە گرتووە. زرگارکەر بەو مانای دەنگی تەقە: دەنگی رزگارییە. بۆیە چەک و هێماکانی رۆڵ و دەرکەوتەیەکی یەکجار بەرچاویان هەیە لە مێژوی خەباتی رزگاریخوازی کوردا. پرسەکە لێرەدا ئەوەیە کە ئاخۆ ئەم چەکە هەر هەمان چەکی جارانە یان دەتوانێ چەکێکیتر بێ؟ ئەگەر چەکەکەی جارانە کە واتا کاتەکە وەک چەکەکە یەک مانایان هەیە، کات ڕاوەستاوە و چەکیش دەکوژێ. بۆیە هەر دوویان لەهەموو کاتێکدا یەک مانایان هەیە. بۆیە چەکی رزگارکەر هەڵمەتی سەر داگیرکەر رێکدەخات. بەڵام لە بیر دەکەن کە ئەم چەکە تەنها دەتوانی بەدەس کۆمەڵە کەسێکی دیاریکراوە بێ . لەلایکیترەوە چەکی پشتیوان هەیە کە پارێزگاری دەکات. پارێزگاری لە جووڵە کۆمەڵگا. لە ستراتژی کلاسیکدا ورەی کۆمەڵگا بە شکاندنی ئیدارەی داگیرکەر مانای هەبوو. بەڵام لەمرۆدا شکاندی ئیرادەی داگیرکەر بە گۆڕەپانی سەر شەقامەکانە کە پارێزەریان دەوێ. کە واتا مەنتقێک دەتوانێ چەکی رزگارکەر بەکار بێنێت کە هێشتا مانای چەکی پشتیوان نەزانێ و مەنتقێک چەکی پشتیوان بەکار دێنێت کە لە کۆمەڵگا و خەباتی نوێیەکەی تێگەیشتبێ.

لە کۆتایدا پێدەجێ هێندێ کەس و لایانی پژاک ئەم شێوە لە نوسینەی منیان پێ باش نەبێ. بەڵام کێشە تەنها پژاک نیە. ئەمە هەژاریەکە لە ستراتژی خۆرهەڵاتدا بوونی هەیە. بەڵام پژاک هەژاربوونی خۆی زیاتر خستۆتە بەرچاو. بەهەرحاڵ هیچ جیاوازییەک نیە لە سیاسەت لە خۆرهەڵات تەنها ئەوە نەبێ کە ستراتژی هەڵە ئەم کۆمەڵگا زۆرتر کۆڵەوار دەکات، تاکوو ئیرادەی پێببەخشی. ستراتژییەک دەتوانێ هەوێنێ جوڵەی ئەم کۆمەڵگا بێ کە خۆرهەڵات وەک خۆی ببێنێ نەک وەک ئەوەی کە دەیهەوی ببێ و ئەوەی کە دەبێ ببێ. کۆمەڵگاکەی ئێمە گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بۆیە بەهەڵتەکاندنی ئەقلییەتی ڕابردوویە کە دەتوانین وێنای ستراتییەکی نوێ بکەین.  

سەرچاوە : ماڵپەری دیپلۆماسی کوردستان