ماوەیەکی زۆرە لێکۆڵینەوەی خۆمم لە سەر چەند گوتار و کرداری برادەرانی “سەلەفی مەدخەلی” کوردستان دەستپێکردووە و بۆم دەرکەوتووە کە بەڕاستی ئەمانە بە ناوی دین و حدیسی سەحیحەوە گاڵتەجاڕی بە ئایینی ئیسلام و شوێنکەوتوانی دەکەن.
سەلەفییەکان ڕایان وایە ئەگەر سەرهەڵدانی بیر و هزری ئەوان نەبوایە، ئەوە خۆڕافات و بت پەرستی نوێ دەستی پێدەکردەوە، بەڵام بە داخەوە خۆیان بنچینەیەکی تازەن لە گەڕاندنەوەی باوەڕی ئایینی بۆ چاخەکانی بەردین و بگرە بەر لە موونیسم(تەک خودایی) و سەردەمی جادووگەریی و شەخس پەرەستی وەک ئەوەی لە ئێستادا لە هێندێک وەڵات بوونی هەیە.
یەکەم بەردی بناخەی هەڵە و کێشە نانەوە لە سەدەی دووهەمی مێژووی ئیسلامەوە تا ئێستا هۆکاری درووست بوونی گومان و ئاڵۆزی هزر و باوەڕی ئایینی بووە. بە خواستی ژومارەیەک مرۆڤی ئایینی لەمەڕ چەقاندنی حەدیس و “وتی وتی” لە جێگەی ئایاتی قورئان وەک کۆڵەکە سەرکییەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و لە کاتێکدا زۆربەی حەدیس و موحەدیسەکان دوو سەد ساڵ دوای ئایینی ئیسلام سەریانهەڵداوە و هەر لە وەڵاتانی عەڕەبیشدا نەبووەن، هۆکاری سەرەکی ئەم بەڵایە بووە!!.
مێژووی ئایینەکان بە گشتی و ئایینی ئیسلام بە تایبەت پێشانیان داوە کە بە بیانووی “تەشریح و شیکاری” دینەوە کەسانێک کە بە ناوی “شەمەن، کاهین، موغ، ڕاهیبە، قەشە، مەلا” ویستوویانە خۆیان بە نوێنەری ڕاستەقینەی کەسی یەکەم لە ئایینەکەدا و پیاوچاک و دڵسۆزی خەڵکی بناسێنن، لە ڕاستییدا زەرەیان لە خێر و بێریان زیاتر بووە و سەریان لە شوێنکەوتوانی ئایین شێواندووە و پێوەندی ڕاستەقینەی زاتی مرۆڤ و پەروەردگاریان تێکداوە.
پیاوانی ئایینی لە ژێر ناوی “حرام” و بە “تابوو” کردن دا، واتە دیاری کردنی سنووری موحەڕەمات بۆ کۆمەڵێک شت و کەسایەتی و پیرۆزی دان و “قەداسەت” بە ژومارەیەک تەنی سرووشتی و ڕۆحانی، بە پێچەوانەوەی نیشانە و هێماکانی خوداپەرەستی هەڵسووکەوتیان کردووە و جۆرێک شەڕ و ئاژاوەیان لە نێوان زانست و ئایین دا بنیات ناوە.
خودای مێهرەبان لەم ئایەتەدا” وَ جَعَلُواْ لِلَّهِ شرَُکاَءَ الجِْنَّ وَ خَلَقَهُمْ وَ خَرَقُواْ لَهُ بَنِینَ وَ بَنَاتِ بِغَیرِْ عِلْمٍ سُبْحَنَهُ وَ تَعَلىَ عَمَّا یَصِفُون” واتە بۆ خودای خۆیان شەریکیان لە جنۆکە دانا و لە کاتێکدا خودا هەموویانی درووست کردووە، لە ڕووی جەهل و نەزانیەوە کوڕ و کچیان بۆ خودا درووست کرد، لە کاتێکدا خودا لە هەموو ئەم پێناسانە گەورەترە و پاکترە و ئەم وەسفانە دوورن لە خودا.
لە زۆر یەک لە ئایینەکاندا و لەوانە مەسیحیەت و ئیسلام، جۆرێک وێکچوون لە تەک ئایینە سەرەتاییەکانی ڕابردوو بوونی هەیە، ئەگەر مرۆڤ ژیرانە مامەڵە نەکات ئەوە لە دەرئەنجامی هەڵخەڵەتاندن بە قسەی قەشەیەک یان خەتیبێکی ئیسلامی، باوەڕمەندییەکەی دەچێتە بازنەی سەرلێشێواوی و بە قولی شاعیر “سەر لە تورکستان دەردێنێت”.
ئەگەر موسڵمانێک بۆخۆی و لە ڕووی عەقڵ و لێکۆڵینەوەوە نەزانێت سووڕانەوە بە دەوری “کەعبە”ی پیرۆز و ڕێز گرتن لە “حجر الاسود” بۆ چیە، چ جیاوازییەکی دەبێت لە تەک ماچکردن و کڕنۆش بردن بۆ بتەکانی پێش ئیسلام.!
کەوایە دەخیل کردنی عەقڵ لە باوەڕمەند بوون بە ئایین دەمانپارێزێت لە هەڵەی موفتی و موحەدیس و مەلا. ئیتر بۆمان دەردەکەوێت جیاوازی نێوان ئایاتی قورئان و ئەوانەی وەک دمڕاستی ئایین ماناکەی لێکدەدەنەوە چیە، کاتێک عەقڵ و شەریعەت یەکتریان ڕەتنەکردەوە ئەوە ئەو کاتە ئایینەکەت بە درووستی وەرگرتووە وەک دەگوترێت” کلّ ما حَکَم به العقل، حَکَم به الشرع و کلّ ما حَکَم به الشرع، حَکَم به العقل”.
شەربەتی شیرمیزی حوشتر و سەلەفییەکان:
لە قورئانی پیرۆزدا ناوی ژومارەیەک ئاژەل هەتاووە، لەوانە کێچ و مێرولە و حوشتر، سەگ و بەراز و …هتد، بەڵام کاتێک ناویان هاتووە ڕوونیشکراوەتەوە و پێویست بەوە ناکات کەسانێک بە هەڵبەستنی چیرۆک و بە ناوی حەدیسی سەحیح و گێڕانەوەی بە ناوی پێغەمبەری ئیسلام د.خ لێبێت، لە سەردەمی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیای پزیشکی و دەرمانیدا “شیرمیزی حوشتر” بە جێگرەوەی تۆزی “ئۆ ئار ئێس”ی ئەمڕۆیی وەک چارەسەر و دەرمانی زگچوون و ئیسهاڵ بزانن.
خودای مێهرەبان لەم ئایەتەدا ئاوا باسی حوشتری کردووە و هیچ پێوەندی بە خواردنەوەی” شیرمیز”وە نیە!
” افلا ینظرون الی الابل کیف خلقت والی السماء کیف رفعت والی الجبال کیف نصبت والی الارض کیف سطحت”
واتە ئایا بەشەر لە درووستکردنی حوشتر ناڕوانێت کە چۆن درووستکراوە(کە مەبەستی جوانی و بێ گەردی ئافڕاندنی درووستکراوەکانی خودایە ) چونکە پاشان باسی دروستکردنی ئاسمان و کێوەکان وەک کۆڵەکەی ئاسمان دەکات.
بەڵام خۆ باسی خواردنەوەی شیرمیزی حوشتری نەکردووە!. خواردنەوەی شیرمیزی حوشتر پێوەندی هەیە بە حەدیسەوە، ئەویش ئەوەیە کە لە حیکایەتی عەشیرەتی” عرنییین” کاتێک هاتنە خزمەت پێغەمبەر تووشی زگچوون ببون، ئەویش فەرمووی، بچن شیری ئەم حوشترانە بخۆنەوە و ئینجا لە میزەکەشیان، وەک موحەدیسان باسی دەکەن!
یەکەم: بەڵام سەرەڕای ئەوەی ئەمە حیکایەتە و ئایەت نیە، تەنیا بە عەقڵی موحەدیس وەرگیراوە، ئەگینا خۆ زۆربەی فەقیهەکانی مەزاهیبی ئیسلامی کۆک نین ئەم فەرموودەیە هەموو کەسانی دیکەش بگرێتەوە و پێویست ناکات هەموومان شیرمیز بخۆینەوە!
دووهەم: داوبەدوای ئەم حیکایەتە، موحەدیسەکان ویستوویانە پلە و پایەی سەیر و سەمەر بە “حوشتر” بدەن، وەک لە کاتی هیجرەتی پێغەمبەر د.خ بۆ مەدینە، موحەدیسەکان دەڵێن حوشترەکەی لە بەر دەرکەی ماڵی “ئەبوو ئەیووبی ئەنساری” دەوەستێت کە هەژارترین ماڵی مەدینە بووە، بۆیە ئەو حوشترە بە گوتەی حەدیس “ئیلهامی پێ کراوە” لەوێ بوەستێت.!! وەک دەڵێن” خلّوا سبیلها فاّنها مأمورت”.
پێش لە ئایینی ئیسلام پێغەمبەری خودا “یەعقووب” زۆری حەز لە شیر و گۆشتی حوشتر بووە، و کاتێک تووشی نەخۆشی” عرق النسا” دەبێت دەست لە خواردنی شیر و گۆشتی ئەم ئاژەڵە هەڵدەگرێت، بەڵام هیچ دەقێکی ئایینی کۆنیش تەنانەت باسی ئەم داهێنانە عەجیبەی سەلەفییەکانمان بۆ ناکات کە ناوی شەبەتی شیرمیزە!.
عەقڵ لە دڵدا نیە:
مامۆستا عەبدوللەتیف سەلەفی و ژومارەیەکی زۆر لە زانایانی دیکەی هاوشێوەیان ڕایانوایە “عەقڵ لە دڵدایە”.
ئەوان ئەم ئایەتەی سووڕەتی “اعراف” وەک نموونە دەهێنەوە کە دەفەرمێت” و لقد ذرانا لجهنم كثيرا من الجن و الانس لهم قلوب لا يفقهون بها و لهم اعين لا يبصرون بها و لهم اذان لا يسمعون بها اولئك كالانعام بل هم اضل اولئك هم الغافلون”
کە دەفەرمێت: زۆربەی “جن و انس” بۆ جەهەنم درووست کراون، چونکە دڵیان پێدراوە و تێگەیشتنیان نیە و چاویان پێ دراوە پێی نابینن و گوێیان پێ دراوە پێی حاڵی نابن و نابیسن و وەک ئاژەڵەکانن و بگرە لە وانیش خوارتر…
یەکەم: دەبێ بزانین وشەی “ذرء” بە مانای ئافڕاندن و درووست کردنە، چۆن دەبێت خودای مێهرەبان مەخلووقێک درووست بکات و مەبەستی تەنیا بۆ ناردن بۆ دۆزەخ بێت! کاتێک خودای مێهرەبان خۆی دەفەرمێت کە مەبەست لە درووست کردن ڕەحمەت و بەهەشتە نەک شتی دیکە، وەک چۆن خودای گەورە دەفەرمێت کاتێک نێعمەتێک درا بە کەسێک لێی ناسەندرێتەوە مەگەر خودی کەسەکە ئاڵووگۆڕ لەم نێعمەتەدا بکات“ذلك بان اللّه لم يك مغيرا نعمه انعمها على قوم حتى يغيروا ما بانفسهم”.
دووهەم: خودای مێهرەبان کاتێک باسی ئەو کەسانە دەکات کە نێعمەتی خودایان ناوێت و باسی دڵ و گوێ و چایان دەکات، مەبەستی لەویە کە ئەوانە نایانهەوێت لە سەر ڕێگەی ڕەحمەتدا بمێنەوە و سوود وەرگرن. بۆیە دڵ لێرەدا بە مانای ناخی مرۆڤە وەک چۆن دەگوترێت فڵان کەس دڵ ڕەقە یان دڵێ ڕەش بووە و هیچ شتێک وەر ناگرێت یان فڵان کەس دڵی نەرمە و هەموو شتێک قەبووڵ دەکات …هتد، نەک بە مانای عەقڵی سەر.
عەقڵ بە مانا گشتگیرەکەی بریتیە لە تێگەیشتنی تەواوی مرۆڤێک بە زانست و کردارەوە، وەک چۆن زانایانیش عەقڵ بە دوو بەشی عەقڵی سەر و عەقڵی دڵ دابەش دەکەن.
لەم شێعرەی ئیمامی عەلی خودای لێ ڕازی بێت باسی هەر دوو جۆرە عەقڵەکە دەکات” العقل عقلان مطبوع و مسموع و لا ينفع مسموع اذا لم يك مطبوع كما لا ينفع ضوء الشمس وضوء العين ممنوع”.
کە لە لێرەدا مەبەست لە عەقڵی “مطبوع” هەمان عەقڵی دڵە کە سەلەفییەکان باسی دەکەن، بەڵام مەبەست لە عەقڵی مسموع یان وەرگیراو ئەو تێگەیشتنەیە کە لە ڕێگەی دەماغ و مێشکەوە وەر دەگیرێت.
لە کۆتاییدا دەبێ باسی ئەو شوێنانە بکەین کە لە قورئانی پیرۆزدا بە گشتی باسی مانای عەقڵ کراوە و بزانین چ واتایەک دەگەیێنێت.
چەند نموونە لە مانای “عەقڵ” لە قورئاندا:
بیستن و عەقڵ: ” و قالوا لو كنا نسمع او نعقل ما كنا في اصحاب السعير” (ملك 10)
دڵ و عەقڵ : ” افلم يسيروا فىالارض فتكون لهم قلوب يعقلون بها او آذان يسمعون بها” (حج46)
عەقڵ و هیدایەت: “…اولو كان آباؤهم لا يعقلون شيئا و لا يهتدون” (بقره 170)
عەقڵ و زانست: “…و ما يعقلها الا العالمون” (عنكبوت 43)
عەقڵ و ئیمان: ” افتطمعون ان يؤمنوا لكم و قد كان فريق منهم يسمعون كلام الله ثم يحرفونه من بعد ما عقلوه و هم يعلمون” (بقره 75)
کەواتە لە ڕوانگەی قورئانەوە عەقڵ بریتیە لە تێگەیشتنێک کە لە دەماغ و مێشکدا و بێ هەبوونی پێوەندی بە ڕۆحەوە ناتوانێت خۆی پێ بگەیێنێت و بە گشتی پێویستی بە دووبەشی زانست و کردار هەیە.
ئەو کەسەی دەیهەوێت عەقڵی تەواوی هەبێت، هاوکات دەبێت بە وەرگرتنی زانست لە ڕێگەی مێشک و پەروەردە کردنی نەفس و دوورکەوتنەوە لە داواکاری زۆر و لە ڕادەبەدەری خواستە حەیوانیەکان و دڵی جەستەیی، عەقڵی کامڵ بکات. وەرگرتن و تێگەیشتن پێکەوە مانای عەقڵ تەواو دەکەن، نەک بە تەنیایی.
بەڵام بە داخەوە سەلەفییەکان شوێنی عەقڵ بە دڵ ناودەبەن و بە کردەوە دەگەڵ زانست و قورئان لە لایەنی پێچەوانەدان. کاتێک کەسێک بە کارەساتی ماشێن و وەبەر کەوەتنی زەربەیەک بە سەری و تێكچوونی مێشکی هێشتا نامرێت، بەڵام بیرکردنەوە و تێگەیشتن و ئاخاوتنی دەوستێت، دڵی ناتوانێت بە تەنیا ئەرەکانی مێشکی جێبەجێ بکات، بەڵام زۆر نەخۆشی دڵ، کە دڵی دەستکردیان بۆ درووست کراوە چونکە مێشکیان تێکنەچووە، دەتوانن بیر بکەنەوە و قسەش بکەن و…هتد.!!
کەوابوو ئەوە مێشک و عەقڵی سەرە کە دڵ و ئۆرگانە جیاوازەکانی دیکەی جەستەی مرۆڤ ڕادەگرێت نەوەک دڵی جەستەیی وەک پارچە گۆشتێک کە سەلەفییەکان بە شوێنی عەقڵی ناو دەهێنن.
بۆیە برادەرانی سەلەفی بە دەست ئانقەست یان خود لە نەزانیدا ئەم دوو جۆرە جیاوازییە لێک نادەنەوە و بەو تەفسیرە سەقەت و هەڵەیەیان سەریان لە شوێنکەوتوانی ئایینی ئیسلام شێواندووە.