کۆماری ئیسلامی رژێمێکی دیکتاتۆری و سیستەمێکی سیاسی بێ وینە لە جیهاندایە، کە لە دامەزراوەکانی لە دوو بەشی هەڵبژێردراو و هەڵنەبژێردراو پێک دێن. 
دامەزراوە هەڵبژێردراوەکان سەرەرای شی کردنەوەی ئەرکەکانیان لە دستووری بنەڕەتی ئێراندا، خاوەنی دەسەڵاتێکی ئەوتۆ نین و ئەو ناوەند و دەزگایانەی کە راستەوخۆ لە لایەن رێبەری رژێم واتە خامەنەیی و دەزگاکانی ژێر رێبەری ئەودا دیاری دەکرێن خاوەنی دەسەڵاتی سەرەکی و بڕیاراتی کۆماری ئیسلامی لە رێگای ئەو دەزگایانەوە ”شەرعیەت” و رەوایی بەدەست دێنن.
هیچکام لە پێوانەکانی دێموکراتیک لە رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا وەدی ناکرێن و تەنانەت کاندیدەکانیش دەبێ لانی کەم دووجار لەلایەن ”شوورای نیگەهبان”ەوە پەسەند بکرێن، جارێک کاتێک کە خۆیان بەربژێر دەکەن و جاری دووەمیش دوای دەنگدانی دەنگدەران و بەپێی کارنامەیان لە کاتی هەڵبژاردن دا دووبارە فیلتێر دەکرێن. سیاسەتی رژێمی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا لە ماوەی 37 ساڵی رابردوودا سیاسەتی دەولەتێکی داگیرکەر دژی نەتەوەیەکی داگیرکراو بووە. جەهادی خومەینی دژی نەتەوەی کورد ئێستاش هەڵنەوەشاوەتەوە و بە شێوەکانی جۆراوجۆر لە هەموو ئاستەکانی ژیانی خەڵکی کوردستان درێژەی هەیە. رۆژ نیە رۆڵەیەکی کورد و نەتەوە بندەستەکانی دیکەی ئێران لە سێدارە نەدرێت، زیندانی نەکرێت و بە وەشاندنی سیستماتیکی مادەهۆشبەرەکان ژێنۆسایدێکی بێدەنگ دژی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان جێبەجێ نەکرێت.
کۆماری ئیسلامی هەوڵی داوە بە واتای تەواوی وشە ”مرۆڤایەتی ” لە ئینسانی کورد و نەتەوە بندەستەکانی ئێران بستێنێتەوە و ئەوان بکاتە کوێلەیەکی گوێرایەڵ بە سیاسەتەکانی خۆیان. ئەمانە هەمووی بەشێکی بچووک لە کارنامەی پڕلە جینایەتی کۆماری ئیسلامین. بۆ نیشاندانی رواڵەتێکی دێموکراتیک بە جیهانی دەرەوە و هەروەها کۆنترۆلی شەپۆلی نارەزایەتی خەڵک و لەراستیدا ”بەتاڵ کردنی سایکۆلۆژی” هەستی دژایەتی و دژبەری لە گەڵ ئەو رژێمە، کۆماری ئیسلامی لەماوەی 37 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 30 شانۆی هەڵبژاردنی بەرێوە بردووە. هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەش بەر لە هەموو شتێک بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری ئەو رژێمە و ”تەخلیەی” رەوانی هێزی کۆکراوەی دژی ئەو رژێمەیە. دەوترێت بۆ هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی ئیسلامی کە لە مانگی رەشەمەی ئەمساڵدا بەرێوە دەچێت، لە 3000 کاندیدی ”ئیسلاح تەڵەب” تەنیا 30 کەسیان پەسەند کراون (واتە 1%) و زۆربەی بەرئەئەندامە پەسەندکراوەکان لایەنگرانی بەشی تونداژۆی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامین.
لەوەها هەلومەرجێکدا، بایکۆتی هەڵبژاردنەکان باشترین و لۆژیکی ترین ئاڵترناتیڤ دێتە بەرچاو. هەر چۆنێک بێت، ئەرکی سەرەکی کاندیداکان پاراستنی حکوومەتی ئیسلامی و پێرەوی لە ”ولایت مطلق فقیە”ە. لە ماوەی 37 ساڵی رابردووداشدا جگە لە یەک دوو جار نەبێت، حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی رۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی شانۆی هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بایکۆت کردووە و خەڵکیان هانداوە بەشداری هەڵبژاردنەکان نەکەن. بە پێچەوانەی هەمووی ئەو داواکاریانەش رادەی هەڵبژاردن بە پێی ئامارەکان لە کوردستان بەرزتر لە شوێنەکانی دیکەی ئێران بەتایبەت ئەو شوێنانەی نەتەوەکانی دیکە لێ ژیاون بووە. بایکۆت کردنی هەڵبژاردن وەک داوایەکی مەدەنی رەوا و لە جێی خۆیدایە و ئەگەر بتوانێت ”رەفتاری” رژێمی ئێران بەرامبەر بە پرسی کورد بگۆڕێت یەکێک لە ”کەم هەزینەترین” رێگاکانی خەبات و مافێکی مەدەنیە.
ئەوەی تا ئێستا بینراوە و ئەزموون کراوە، بایکۆت کردنی هەڵبژاردنەکان نەتەنیا نەبووتە هۆی گۆڕانی رەفتاری رژێم بەرامبەر بە پرسی کورد، بەڵکوو لەو رێگایەوە رژێم توانیویەتی بە هێزی پرۆپاگەندەی بەهیزی خۆی و بە بەکارهێنانی سەرمایەکی زۆر توانایی و شیانی بایکۆت کردن و سیاسەتی بایکۆت لە پەراوێز بخات. لە ئاکامدا ئەو مرۆڤە دڵسۆزانەی کە دەیانتوانی لە چوارچێوەی یاساکانی کۆماری ئیسلامیشدا بێت هەندیک خزمەتگوزاری بۆ خەڵکی خۆیان وەدی بکەن و هەنگاوێک بچووک بەرەو بەرەوپێش بردنی پرسی رەوای نەتەوایەتیان هەڵگرن نەتوانن رۆڵێکی کاریگێر بگرێن و کورد لە ناوەندە بڕیاردەرەکان و بەرێوەبەریەکان دوور کەوتەوە. ئەو دوورکەوتن و پەراوێز خرانە بەتایبەت لە ناوچەکانی پارێزگای ورمێ و ئەو شارانەی دوو نەتەوەی جیاواز پێکەوە دەژین زۆرتر وەدی دەکرێت.
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا خەباتێکی بەرفراوانی مەدەنی لە کوردستان پێک هاتووە و لە زۆر بوارەوە پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. لە پارێزگای سنە بە هۆی خەباتی ئەندامانی مەجلیسی شەشەم و حەوتمەوە زۆر پێشکەوتنی چاک وەدی دەکرێن کە بەبێ بوونی ئەوان و هەوڵدانیان لەوانەیە ئەو خزمەتگوزاری و پێشکەوتنە ”نسبی”یانەی کە ئەمرۆ لەو پارێزگایە دەبیندرێن جێبەجێ نەکرایە. بەشداری لە پەرلەمانی ئێراندا بەرلەوەی کە بە ئامانجی گۆرینی یاساکان و یاسادانان بێت، دەتوانرێت وەک خەباتێک بۆ لۆبیگەری بە مەبەستی بەرەوپێش بردنی ژیانی ئابووری خەڵکی کوردستان و بەشداری لە بەرێوەبەریەکانی ناوچەیی و بۆچوونی ئەمنیەتی نوێنەرە فارسەکان بەرامبەر بە پرسی کورد سەیر بکرێت. رژێمی ئێران لە لایەن ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵات و لەوانە ئۆپۆزیسیۆنی کورد کە بەداخەوە زۆر پرش و بڵاو و لە دەست نەبوونی ستراتێژی هاوبەش و قەیرانی بڕوادا دەناڵێت نەدەرووخێت و نەش تەنانەت رەفتاری لە گەڵ خەڵکی کوردستان دەگۆردرێت، بەڵام بەشداری چالاکانە بۆ بەرزکردنەوەی لێگەری دەنگ لە بەرامبەر پرسە نەتەوایەتیەکاندا دەتوانێت ببێتە هۆی نیگەرانی زۆرتری ئەو رژێمە لە دەنگی خەڵک.
پرسی کورد لە ئێراندا بەداخەوە لە قەندیل و کۆیە و ئورووپا چارەسەر ناکرێت. پرسی کورد بەکەسانی ناوخۆی کوردستان و لە تاران چارەسەر دەکرێت. ئەوانەی لە ناوخۆی کوردستان و ئێراندا دەژین، چاکتر لە ئێمە ئاگاداری دەرد و رەنج و شێوازی خەبات و چۆنیەتی هەڵسوکەوت لە گەڵ رژێمن. ئەوان گونجاوترین بڕیاردەران و کارناسانن لەو بارەدا. خەباتی سیاسی ئێمە زۆرتر یەکرەهەندی و دوور لە راسیۆنالیزمی ناو کۆمەڵگا و بە بێ لەبەرچاوگرتنی پێویستیەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بووە. لە بڕیاردان لە مەڕ ”بایکۆت” یان ”بەشداری کردن” دا جێی خۆیەتی ”رەفتاری دەنگدەر” لە رووی سایکۆلۆجی و پێویستی سیاسی، تاکەکەسی و ئابووری و تەنانەت ئاسایشی هاووڵاتیان لێک بدرێتەوە. داخوا ئێمە ئاڵترناتیڤێکی هێمنانەتر و چاکتر کە بتوانێت دەنگدەر هان بدات لە ماڵەوە بمێنێت هەیە؟ بە بڕوای ”نە”. کەوابوو بۆچی بازنەی نفووزی خۆمان بەرفراوانتر نەکەین و ئاسۆی دوورتر نەبینین لە بەرەوپێش بردنی پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان؟ لە هەمووی گرینگتر بۆچی ئەومافە بە خەڵک نەدەین بە پێی لێکدانەوەی خۆیان بڕیار بدەن و ئێمەش هاندەریان بین لە پێکهێنانی خەباتێکی مەدەنی چالاکتر و بەرزکردنەوەی ویستەکانی نەتەوایەتی خۆمان.
کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی نەتەوەکانی دیکەی ئێران بەتایبەت تورکەکانی ئازەربایجانی لەوبارەدا شتێکی خراپ نیە. وەک وتەی کۆتایی: بە بڕوای من بایکۆت و دەنگدان دوو هەڵوێستێکن کە ئەگەر بە جوانی مودیریەت بکرێن دەتوانن پێکەوە ئاکامێکی چاکتریان هەبێت. لەوکاتەدا فرەرەهەندی خەبات و بەرەوپێش چوونی خەبات چاکتر لەبەرچاو گیراوە. هەڵبژاردن دەتوانێت هەروەها ببێتە هۆی ستاندنەوەی رەوایی لە کۆماری ئیسلامی، بە مەرجێک دروشمی گونجاو و بەشێوەیەکی گونجاو هەڵبژێردرێت بەرێوەبەری بکرێت. با ئەوانەی ”سەلاحیەتیان” پەسەند کراوە هان بدەین لە بەرامبەر خەڵکدا بەرپرس بن. لەبەرامبەر یەکتر راوەستان و یەکتر تاوانبار کردن دەتوانێت زۆرتر خزمەت بە کۆماری ئیسلامی بکات تا دروشم و ئاواتەکانی ئێمە.
مەجید حەقی – 18.1.2016 هێلسینکی