Hoppa till innehåll
Hem » لەپەراوێزی لەق بوونی متمانەی خەڵک بە حکوومەتی ھەرێم! محەمەد چاوشین

لەپەراوێزی لەق بوونی متمانەی خەڵک بە حکوومەتی ھەرێم! محەمەد چاوشین

ھەموو ڕژێمەسیاسییەکان لەھەوڵی ئەوەدان کە سیستمی سیاسی وڵاتەکەیان بە سیستمێکی ”دێموکراسی” و ”ھەڵبژیردراوی خەڵک” نیشان بدەن و ڕێگا و شێوازی ھەمەچەشنیش بۆ درێژەدان بە ھێز و دەسەڵاتەکەیان بەکار دێنن.mihemmed_chawshini

تەنانەت ڕژێمە سەرکوتگەر و تۆتالیتارییەکانیش ،لەڕێگای خراپ کەڵک وەرگرتن لە چەمکی دێموکراسی و  ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ساختە و نمایشی ، دەیانەوێ نیشانی دنیای بدەن کە نیزامەکەیان نیزامێکی دێموکراسییە و ھەڵبژێردراوی خەڵکە.

نموونەی لەو وڵاتانەمان لە ئافریقا و ئامریکا و ئاسیا زۆر لەبەردەستە و پێویست بە ناوھێنان ناکات.

بنەماکانی ھێزی سیاسی و دەسەڵاتی سیاسی و  ڕەوایەتی (مەشروعیەت – Legitimation)ی سیستمی سیاسی ، جیاوازی سەرەکی و بنچینەیی و چارەنووس سازی نێوان  ھەرحکوومەتێکی  دێموکراسی و  و نا دێموکراسییە.

بەشێوەیەکی گشتی ، لە سیستمە دێموکراتییەکاندا ، ئیرادەی خەڵک کۆڵەکەی سەرەکی  دەسەڵاتی سیاسییە و  ڕەوایەتییەکەشی  لە خواست و ئیرادەی گشتی خەڵکەوە ھەڵدەقوڵێت.

لە سیستمە دێموکراتییەکاندا ، دەسەڵاتی سیاسی لەڕێگای بەشداری کردنی خەڵکەوە بینا دەکرێ کە لەسەر ئەو بنەمایە ، ئۆرگانە جۆراوجۆرەکان لەڕێگای  دەنگی خەڵکەوە دادەمەزرێن و  چاودێری دەکرێن.

ڕەوایەتی ھەریەکێک لە ئۆرگانەکانیش ، بەندە بە ڕێژە و ئاستی  ”متمانەی گشتی خەڵک” بەو ئۆرگانانە.

لەبەرامبەریشدا ،لە سیستمە دیکتاتۆری و تۆتالیتارییەکاندا ، ”سیستمی سیاسی” ھیچ ڕەوایەتییەکی جەماوەری نییە و ”دەسەڵاتی خەڵک” فەرامۆش کراوە ، دەسەڵاتی سیاسیش ، ھێزی خۆی لە ڕێگای سەرکوت و ترس و تۆقاندنەوە دەستەبەر دەکات، نەک متمانە و ھێزی خەڵکەوە.

ھەرھێزێکیش لەسەر ئەوبنەمایانە درێژەی بە دەسەڵاتی خۆیدا ، پایەکانی ئەو سیستمە لەرزۆک دەبن و ئاکامەکەی لەناوچوونە.

ڕێژە و ئاستی ”متمانە”لەنێوان (خەڵک  – حکوومەت) ، جیالەوەی فاکتەری سەرەکی  مانەوەی ھەرحکوومەت و سیستمێکی سیاسییە لە وڵاتێکدا ، هاوكات فاکتەری ئارامی و خۆشگوزەرانی و جێگیری سیاسی و ئابووریشه.

بێ گوومان ، ھیچ دەسەڵاتێکی سیاسی لە دنیادا بەدیناکرێ کە توانیبێتی متمانەی کۆی دانیشتوانی وڵاتەکەی بەدەست بێنێ و ناڕەزایەتی خەڵکی کەم کردبێتەوە ، دەستەبەرکردنی متمانەی ڕەھای خەڵک بۆ دەسەڵاتێکی سیاسی نامومکینە.

بەڵام دەسەڵاتی سیاسی ، لەڕێگای پەرەپێدانی دێموکراسی و  گرنگیدان بەخواستی خەڵک ،دابین کردنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و دابەش کردنی سامانی وڵات بەبێ جیاوازیی ئینتیمای حیزبی و مەزھەبی و دینی ، دەتوانێ  ئارامی و جێگیریی ڕێژەیی لە سوچ و ناوچە جیاوازەکانی وڵاتدا  دەستەبەر بکات و لەو ڕێگایەشەوە ، متمانەی خەڵک بەدەست بێنێ و درێژە بە حاکمیەتی خۆی بدات.

مانایەکی سادەی فەلسەفەی حوکمڕانی ھەر حکوومەتێک، واتای خزمەتکردنی خەڵک و گوێگرتن لە خواستەکانی خەڵک و ھێنانەدی عەدالەتی کۆمەڵایەتییە لەکۆمەڵگادا .

بەڵام  لە سیستمە دیکتاتۆری و  سەرەڕۆکاندا ، بەھایەک بۆ ”ئینسانی بوون” دانانرێ و  حوکمڕانەکانیش بەشێوەیەکی ”ناشەرعی و ملهووڕانە” ، دەست بەسەر کۆی جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری وڵاتدا دەگرن و سامانی وڵاتیش تاڵان دەکەن.

لێرەدا ڕاستییەک ھەیە کە ئەویش ئەوەیە ، ھەتاسەر ھیچ  ڕژێمێکی دیکتاتۆری و خۆسەپێن کە  دەسەڵاتەکانی لە خەڵکەوە سەرچاوەی نەگرتبێ ، ناتوانێ درێژە بەدەسەڵاتی سیاسی خۆی بدات و دواجار چارەنووسی بەرەو ڕووخان و لەناوچوونە.

جێگای حوکمڕانە سەرەڕۆ و دیکتاتۆرەکانیش زەلکاو و زبڵدانی مێژووە.

بەھەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژووی کۆن و نوێی جیھان ،چارەنووسی زۆرێک لەو دیکتاتۆرانەمان بۆ دەردەکەوێ کە بەچ دەردێک گەیشتوون.