دوابەدوای دەست بەسەر بوونی شۆرشی گەلانی ئێران لە لایەن توێژی خۆ سەپێنی پێڕەوی ویلایەتی فەقیهه وە و سەپاندنی ناوی بێ نێوەڕۆکی”کۆمار”ی ئیسلامی بە حکوومەتەکەیانەوە، ئەو تابۆیە لە بوومەلێلی خەونەکانی خەڵکی ئێران دا تا دێ بزر و کاڵتر دەبێتەوە.
حکوومەتی بن دەستەواژەی داتاشراوی ”کۆماری ئیسلامی” لە نزیک بە چوار دەیە دەسەڵاتی دا گومانی لەوە دا نە هێشتۆتەوە کە هیچکام لە ماف و ئازادییە کانی تاک و کۆی ئەم کۆمەڵگا ڕەنگاڵەیە دەرەتانی دەستەبەر بوونیان بۆ ناڕەخسێ.
هەر لە جڵەو کرانی ئامانجەکەکانی شۆڕشەوە،پاوانخوازی و سەرە ڕۆییەکانی دەسەڵاتداری ڕژیمی ویلایەت کە خۆی بە راسپاردەی جی بەجێ کەری فەرمانی خۆدا دەزانی، لە سێبەری بیری”خەڵکی ناکامڵ و ڕێبەری ئاقڵ”دا ، دەستیان بەسەر هەموو جۆمگەکانی دەسەڵات داگرت و بە سەپاندنی یاسایەکی نەگۆرلە مەجلیسێکی دەستنیشانکراو دا جلی ”شەرعیت”یشیان بە بەر داکرد. ئەم لێکەوتەیە لە پاوان ، لە هەموو ئێران و لە کوردستان بە تایبەتی بەگژداچوونەوە و هەڵویستی لێبڕاوانەی لێکەوتەوە. بەرەنگار بوونەوەی دوو جەمسەری دیکتاتۆری و ئازادیخوازی کە بەرهەمی نەگونجان و تێنەگەیشتن لە نیاز و راستییەکانی سەردەم لە لایەن دەسەڵاتخوازانی تازە بەسەر داکەوتوو بوو، زەرەر و زیانیکی زۆر و قەرەبوو نەکراوەی لە ڕیزەکان و ویستەکان و ئامانجە هاوبەشە کانی گەلانی ئێران دا . ئەو سەرە ڕۆیی یە سی و حەوت ساڵە ماڵووی سەرکوت لەدووی خۆی دەکێشی و تاقە هەنگاوێک لە دەسەڵاتی ڕاستەقینە بە سەر خەڵکی تینووی ئازادی و ئاوەدانی دا نەچۆتە پێشی و بە پێچەوانەوە تا دێ بەرهەڵیخە کانی قەڵای دەسەڵاتی زۆرتر هەڵدەپریوێن.
دیکتاتۆریی توێژێکی بەرتەسکی کۆمەڵگا و پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانی زۆرینەی هەرە زۆری کۆمەڵ،بە یاسا و دەستوور و عورف و کلتوور و حوکمی حکوومەتیی وەللیی عاقڵ!، دیاردەیەکە کە بێجگە لە ”کۆماری ئیسلامی”ی ئێران دا ، دەبێ لە چاخەکانی نێوەڕاستی مێژوو دا بە دانستە بۆی بگەڕێی. ئاشکرایە لە وەها سیستمێک دا کە لە بەستێنێکی بەدەر لە ڕەخساوە دێمۆکراتیکەکان و بەتاڵ لە پرنسیپەکانی خەڵک سالاری دا گووراوە،”جمهوری”و”پارلمان” ناوی بێ ناوەڕۆکن و ناتوانن ئەومانا و نێوەرۆکە لەخۆ بگرن کە لە ڕژیمێکی ”کۆماری و پارلمانیی ” ئەمڕۆیی چاوەڕوان و بەدی دەکرێ.
بەربەست و ئاستەنگە یاسایی یەکان لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی دا کە چۆڕاوگەی گوشینی فەلسەفەی ویلایەتی موتڵەقەی فەقیهه، لە ڕێگرە سەرکییە کانی ئەو بنیاتانەن کە دەرفەت و دەرەتانی لەبار بۆ گەشەی دێمۆکراسی و ئازادییەکان پێک دێنن. هەر بە و هۆیەوە مافی بەربژاری و هەڵبژاردنیش کە لە هێماناسراوو کاریگەرەکانی دێموکراسین ڕووی ڕاستەقینەی هاتنە ئارا بە خۆیانەوە نابینن.
ئەزموونی مێژوولکەی ئەم ڕژیمە ئەوەی بەگەلانی ئێران و تاکە وریاکانی کۆمەڵگا سەلماندووە کە ، هەر جۆرە هەڵبژاردنێک کە نێڵەکانی دەسەڵات لە ئیرادەی خەڵکیان دوور دەخاتەوە و بەرەو ویلایەتی فەقیهیان هۆ دەداتەوە، لە ئاینوئۆینێکی چاوبەستانە و”ڕیا”کارانە زیاتر نین و ناتوانن ببن.
ئەگەرچی بە سەپاندنی کۆماری ئیسلامی ”ولی فەقیه”نوێژی مردووی لەسەر گۆڕی ”شۆڕشی گەلانی ئێران دابەست و هەر چەند ساڵ جارێک بەم جۆرە شانۆیە فاتیحایەک لە سەر قەبری ئازادی و دێموکراسی دادەدا،بەڵام ئاکامی ئەو تاقیکردنەوانە دەبێ دەری خستبێ کە نە خیز گوڵ دەکا و نە قیر سپی دەبێتەوە و نە هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامی دا بە مانای ڕێزدانان بۆ دەنگی خەڵکە ، بەڵکوو پەلەقاژە و گیانەڵڵای سیستمێکە کە لە بیرو ڕای گشتی دا مردووە و هەوڵدەدا بە چاوشارکێ و خۆدزینەوە لەڕاستییەکانی جیهانی دەورووبەری ،پی لە لێوی گۆڕ بدزێتەوە. لەوەها دۆخێک دا بەشداری لە بەربژێری وهەڵبژاردن دا بەمانای بەر پرسیاری هەمبەر سی وحەوت ساڵ سەرکوتکردن وسەرەڕۆیی و داکۆکییە لە بوونە داوەڵ لە مەجلیسێکی بی دەسەڵات و لارەمل کە نیری هەموو دەردە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی دەکەوێتە ئەستۆ وکۆتی تاوانە کانی کۆمەڵکوژی و زیندان و هەڵواسین،هەژاری،بێکاری و شەڕ و ئیعتیاد و کۆچ لە دووی خۆیان دەکێشن .
لە کوردستان کەمن ئەو کەسانەی چاویان لە ڕووی راستییەکان دەقووچێنن و دەکەونە داوی چەند بەکرێگیراو و قازانج ویستێک وتەڵە کە و پیلانەکانی ڕژیم لەوە ئاشکراتر و لەقاو دراوترن کە بە هۆیانەوە بتوانن خەڵکی وشیار و نیشتمانپەروەری پێ فریو بدەن و بیانکێشنە بەر سەکۆی شانۆی بێزراوی هەڵبژاردن و کەمرەیەکی دیکەیان پێ بخەنە سەر ئاوردووی کڵی داتەپیوی ئاوری تەمەنی کۆماری دژی گەلیی کۆماری ئیسلامی.
لەم خولە پیلانەش دا گەلی کورد قوڵەچۆماخ و بەرماولێسەکانی ڕژیم دلنیا دەکاتەوە کە مانگای دەوڵەتی تاران لە کوردستان کەڵ ناگرێ و بە ئەستێوری دەمێنێتەوە ، خەڵکی کوردستان بەدەنگ ڕۆلە خەباتکارەکانیانەوە دەچن و جارێکی دیکە ش لە بایکۆتی هەڵبژاردن دا بە ”نا بۆ بەردەوامیی ستەم ” بەگژ سەرکوت و سەرەڕۆیی دا دەچنەوە.