Hoppa till innehåll
Hem » کیژۆڵە گول فرۆشەکە (١)، و: حەمید تەیموری

کیژۆڵە گول فرۆشەکە (١)، و: حەمید تەیموری

کورتەیەک لە سەر نووسەری ئەم چیرۆکە

ناوی (کریم میثاق) و لە دایک بوی ساڵی ١٣١٥ هەتاوی و لە گوندی ”سربید جرمتوی جغتوی غزنی” ئەفغانستان لە دایک بووە.gol-frosh

لە بەر ئەوەی لە گوندەکەیان قوتابخانە نەبووە و ئێستاشی لەگەڵ بێ نیە، ناچار لای مەلای گوندەکەیان فێری خوێندن و نووسین بووە. لە تەمەنی لاویەتی دەچێتە شاری کابل و لەوێ دەست بە کار کردن دەکا. لە تەنیشت کارەکەیەوە دەست دەکا بە خوێندنی کتێبی ئەدەبی و زانستی و پاشان دەفتەرێک دەکاتەوەو کاری میرزایی (نووسینی شکایەت …) دەست پێی دەکا. سەرئەنجام ڕوو دەکاتە نێو جووڵانەوەی چەپ و سیاسەت و لە کۆنگرەی حیزبی دیموکراتیکی خەڵقی ئەفغانستان و لە ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی وەک ئەندامی کومیتەی ناوەندی ئەو حیزبە هەڵدەبژێردرێ. لە ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی دەبێتە ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزب و لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی وەک وەزیری ”مالیە” تاکو ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی لەو کابینەیە مایەوە. پاشان بە داگیرکرانی ئەفغانستان لە لایەن سپای ئەو کاتی سۆڤیەتەوە دەسگیرکراو لەگەڵ هەموو ئەندامانی کابینەکە خرانە بەندیخانەی ”پل چرخی”. پاش ئازاد بوونی لە بەندیخانە، نزیکەی دە ساڵ لە ماڵەکەی خۆی لە ژێر چاودێری و تەنانەت مافی نووسینیشی نەبوو. میثاق لە سەردەمی دەوڵەتی  دوکتور نەجیب اڵلە  و لە ساڵی ١٣٦٩ وەک شارداری کابل دەستی بەکار کرد، بەڵام ئەم کارەشی زۆر دەوامی نەبوو. ئەوە بوو لە ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی وەک پەنابەر چووە بریتانیا و لە لەندەن نیشتەجێی بوو. ناوبراو لە نووسینی چیرۆکی کورتدا لە ساڵانی چل و پەنجاکاندا لە ئەفغانستان بەناوبانگە و چەندها چیرۆکی نووسیووەو کتێبی” دخترک گوڵ فرۆش” یەکێک لەو شاکارانەی نووسەرە. لەو کتێبەدا من چیرۆکی کیژۆڵەی گول فرۆشم بۆ خوێنەرانی بەڕێز هەڵبژاردووە. ڕەنگە زۆر کەس پرسیار بکەن بۆ ئەم چیرۆکەت هەڵبژاردووە. هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئەم چیرۆکە ڕاست ئەو دەرد و نەهامتیانە باس دەکا کە بەرۆکی کۆمەڵگای کوردەواریشی گرتووەو زۆربەی خەڵک بە دەستی نەداری و بژیوی ژیان خۆیان بە ئاو ئاگردا دەدەن و دەسڵاتداران و چڵکاوخۆرانی دەوروبەری رژیمە داگیرکەرەکانی کوردستانیش بوونەتە هۆکاری ئەو هەژاری و ماڵوێرانی و نەبوونی خزمەت گوزاری بۆ خەڵک و خەڵکیش تووشی دەیان و سەدان نەخۆشی کوشندە بوونەتەوەودەبنەوە و دەیان هۆکاری تر. هیوادارم ئەم کورتە جێرۆکە بەکەڵک بێ بۆ خوێنەرانی ئازیز!

 

کیژۆڵە گول فرۆشەکە

فرمێسکە زۆڵاڵەکان کە لە  ڕۆخساری نەشۆراوی کیژۆڵە گول فرۆشەکە دەهاتنە خوارەوە، دڵۆپ دڵۆپ لە سەر پشتە دەستە چرچ و تەرەکاوەکانی دەڕژان لە بیر ناچێ. مووە خۆرماییەکانی پەلکە پەلکە بە دەوری ملیدا شۆڕ ببونەوە و چاوە بایەمیەکانی بە هۆی گریانەوە سوور ببوونەوە. لە سەر ڕۆخسارە زەردەکەی دڵۆپەی فرمێسک دەبینرا. بە هۆی برۆ لە یەک نزیکەکانی، ددانە مرواری و وردەکانی، لێوە نازکەکانی و قامەتی باریکی هێندەی تر کیژۆڵەکەی جوانتر کردبوو.  پێیەکانی پەتی و قوڕاوی بوون، کراسە شۆڕ و دڕاوەکەی کە بۆ داپۆشینی لاقە لاوازەکەی کە بە هۆی دڕک و داڵەوە بریندار ببوون، دڵۆپەی خوێن لە سەر برینەکانی دەبینرا، غەمبار دەهاتە بەرچاو.

چەپکە گوڵەکان کە هەموویان سوور بوون، سووری نوێ سیسراو، بەو جۆرەی گوڵە سیسراوەکان لە نێوان گوڵە نوێیەکان، دەستە دەستە  دەبینران. هەموو هیوای کڕینی گوڵیان بوو. کۆمەڵێک دەستە گوڵەکانیان باش ئەم دیو ئەو دیو دەکرد و دەستە گوڵێک کە تازە و نوێ بوو، هەڵدەبژارد و کۆمەڵێک  خەڵک بە دەستی بەتاڵ لە جێگاکانی خۆیان هەڵدەستان و دەیان وت: ”بە کەڵکی کڕین نایە”.

من لە کیژۆڵە گوڵ فرۆشەکە پرسیم ”ناوت چییە”؟

زۆر بە سادە و ساکارییەوە وتی: ”بلپەک”. ”تەمەنت چەندە”؟

دە ساڵە”.

هەر کەسێ کە لە ”قەزەل قەلعە”  لە ”بغلان” ڕۆیشتبێ ”جر خشک” ی بینیوە. مینی بووسەکەی ئێمەش لە ”جر خشک” ڕاوەستا. لە نێو دڕکوداڵی تەنیشت جادەکە کیژۆڵەیەک بەرەو لای مینی بووسەکە هەڵات، لە هەمان کاتیشدا بەدەم قسە کردنەوە دەگریا و بە گریانەوە وتی: ” خێرا کەن، گوڵەکانم بکڕن!”

 سەوەتە پڕ لە گوڵەکەی شەکاندەوە و هاواری کرد: ”لەم گوڵانە بکڕن! لەم گوڵانە!”

من بەرەو لای کیژۆڵە چووم. بە گریان و هاوارەوە هەڵات. لە جێگاکەی خۆم وشک بووم، کەسێکی تر بانگی کرد: ” وەرە مەترسە، کاری پێتەوە نیە!” گەڕایەوە. دوورتر لە من ڕۆیشت بۆ نێو خەڵکەکە و بە گۆشەی چاوی سەیری دەکردم. منیش هێواشی نزیکی بوومەوە و لە سەرە خۆ دڵیم دایەوە. پاشان دەستم بە سەریا هێناو مووی سەری کیژۆڵەم ساف دەکرد. بەڵام سەرەڕای ئەوەش بە دوو دڵییەوە سەیری دەکردم. لێم پرسی ”بۆ لە من دەترسی؟

چەند جار پرسیارم لێ کرد، بە ترسەوە سەیری دەکرد و هیچی نەوت. لاوێکی مسافر کە پیاوێکی جەسور بوو، وتی: ” لەبەر ئەوەی پیاوانی کۆت و شەرواڵ لەبەر دژی ئەم خەڵکە زۆڵمیا زۆر کردووە، هەر لە بەر ئەم هۆکارەشە کە ئەم منداڵە هەژارە کە کۆت و شەرواڵت لە بەرە، لێت دەترسێ

مرۆڤە بەتەمەنەکان  بە تووڕەیەوە سەیری ئەو لاوەیان دەکرد. سەیرکردنەکانیان ئەوەی نیشان دەدا کە لە قسەکانی ئەو لاوە ناڕازین و بە بۆچونی ئەوان دەربڕینی ئەو جۆرە شتانە چ قازانجێکی هەیە. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم لاوە هەر بە ڕووی خۆشیا نەهێنا و سەیرە مانادارەکانی پیرەکان هیچ کاریگەری لە سەر بیرو بۆچوونەکانی  نەکرد، بە شێوەی وەستان و ژست گردنی دیارە دەیەوێ قسەی زۆرتر بڵێی. تفێکی قووت دا و ئەم جار نۆرەی ئەم بوو کە بە تەواشایەکی مانادار سەیری پیرەکانی کرد. پیاوە پیرەکان لە بەرانبەر ئەو تەواشا مانادارەی ئەم لاوە تاقەتیان نەگرت و هەر کەسێک و بەرەو لایەک بەڵاوەیان لێی کرد.

لاوەکە دەستەکانی نایە کەلەکەو  سەیری جێگایەکی دووری دەکرد. مرۆڤ وای هەست دەکرد کە لە دەروونی خۆی دا خەریکی باسێکی تووندە. پاش هەڵکێشانی ئاهێکی قووڵ، دەستێکی بە سەری کیژٶلەی گوڵ فرۆش دا کێشا. مشتێک پۆڵە وردەی ڕەشی کردە نێو کیسەکەی و دوو دەستە گوڵی هەڵگرت. گوڵە سیسیاوەکانی فڕی داو و لە گوڵە تازەکان دەستەیەک گوڵی پێچایەوەو و کەمێک بۆنی کرد . پاشان هێواش هێواش دوور کەوتەوەو و لە بەرە خۆی شتهایەکی دەوت. ویستم لەگەڵی قسە بکەم، بەڵام دیتم مەیلی قسە کردنی نیەو ئیتر نەمویست کاتی بگرم.

لە کیژۆڵەکەم پرسی: ”باوکت هەیە؟


نووسینی: عبدالکریم میثاق

و: حەمید تەیموری