فرمێسکەکانی بە خوڕ هاتنە خوار و وتی: ”نە، مردووە.”
”کەی مردووە؟”
”چەند مانگ لەمەوبەر، زستان نەخۆش بوو، کاتێک بەهار گەیشت ئەو هەروا نەخۆش بوو. ئەربابەکەش (خاوەن کارەکە) پێی وت، کار ئەکەی باش کار بکە، دەنا مزوورێکی تر دەگرم. باوکم وتی، کار دەکەم. هەر چەند دایکم پێی وت نەخۆشی دانیشە، باوکم قەبووڵی نەکرد. ڕۆژێکیان چووە دەرەوە بۆ کار کردن، کەوت بوو، دایکم چوو هەواڵی بزانێ کە چی بێهۆش ببوو، کاتێک بۆ ماڵیان هێنایەوە، مردبوو.”
”ئێستا کێ ئێوە دەژێنێ؟”
”دایکم، بەڵام ئەویش ئێستا نەخۆشە. دوو برای چکۆلەم هەیە ئەوانیش نەخۆشن. هەموو ڕۆژێک دایکم دەمنێری بۆ گوڵ چنینەوە. دەڕۆم گوڵە گوڵاویەکان دەچنمەوەو و دەیانکەمە چاکم بۆ ماڵ دەیانهێنمەوە. دایکە نەخۆشەکەم گوڵەکان دەستە دەکاو لە سەوەتەیان دەنێ و دەیدا پێم و منیش دەیان بەم بۆ ”سرک” و بیانفرۆشم، ئایا لە یەک ڕۆژدا گوڵەکان دەفرۆشرێن، ئایا مسافرەکان لە ڕۆژێکدا ڕادەوەستن تاکو گوڵەکانم بکڕن، ئەمڕۆش تاکو کەمیک لەمەوبەر هەرچی دانیشتم، مینی بووسەکان ڕانەوەستان. بەرەو گوند دەڕۆیشتمەوە کە ماشینەکەی ئێوە ڕاوەستا. بە هەڵهاتن گەڕامەوە دواوەو ئێوەش خەیر دەستان بگرێ گوڵەکانمتان کڕی و دراوی زۆرترتان پێ دام. دایکم ئەمڕۆ باش دەبێتەوەو بێ کێشە دەڕوا ئارد بکڕێ.”
***
کیژۆڵە گوڵەکانی فرۆشت. هەموو کەس بە بێ گوێدان بە نرخی گوڵەکان پارەیان پێدا. وا دیار بوو کە زۆر خۆشحاڵە و ڕوومەتی کرایەوەو بزەی لێوەکانی دەهات. کاتێک ویستمان لەگەڵ کیژۆڵە خواحافیزی بکەین، دیتمان سی کەسی ئەسپ سوار بە ئەسپە بەهێز و گەورەکانیان کە بە شێوەیەکی جوان ڕازاندبوونیانەوە و بۆ خۆشیان جلی نوێیان لەبەر کردبوو…..
بە غاردانێکی خێرا بە لای ئێمەدا ڕۆیشتن. تەپ و تۆزی سمی ئەسپەکان و خێرا غاردانیان بەرز بوویەوە و هەر لەو ڕێگایە کە ”بلپەک” هاتبوو، ڕۆیشتن.
لە ”بلپەک”م پرسی ئەمانە کێ بوون؟”
سەیرێکی کردم و هیچی نەوت. دیسان ئەو لاوە بە دەنگێکی پڕ لە ڕق و کینە وتی ئەمانە ”کوڕەکانی ئەربابن!” هەواکەی هێواش هێواش گەرم دەبوو، نزیکی چێشتگە بوو، مینی بووسەکە ئامادەی ڕۆیشتن بوو.
بلپەک سەوەتەکەی هەڵگرت و لە ئێمە خواحافیزی کرد. سەرەتا هێواش هێواش وەک مرۆڤێکی زانا لە کوێرە ڕێگاکانەوە و لە نێوان پووش و پەڵاشەکانەوە بەرەو گوند دەچوو. کەمێک کە لە ئێمە دوور کەوتەوە، دەستی کردە هەڵهاتن. کیژۆڵە رۆیشت بەڵام ئیتر باشم دەناسی. لە نێوان مسافراندا باسی کیژۆڵە گەرم بوو. زۆربەیان سکیان بۆیدە سووتاو سەریان دەجووڵاندەوە. بەڵام ئەو لاوە هیچی نەدەوت، وەک ئەوە بوو کە گوڵ فرۆشی لە بیر کردووە. کاتێک هەموو لایەک بێدەنگ بوون و بەڕاستیش ”بەپەک” یان لە بیر کرد، ئەم لاوە دیسان بە دەنگی بەرز و سازگاری وتی: ”نا، نا، بە دڵسۆزی و خێر پێی کردن کێشەکە چارەسەر نابێ، دەبێ…”
هەموو لایەک بێدەنگ بوون، وەک ئەوی گوێیان لە وتەکانی ئەم نەبوو، یان خۆیانیان لێ گێل کرد. ئەگەر کۆمەڵێک گوێیان لێ بوو بێ، لێی تێ نەگەیشتن کە ئەم لاوە چی دەڵێ. بەڵام کەسانێکی لێ بوو کە دەیانزانی ئەم کوڕە باسی چی دەکا و واش دەردەکەوت کە لە ناخی دڵەوە ڕێزیان بۆ هەیە و ئامادەشن تاکو لێواری مردن پشتیوانی لێ بکەن. مینی بووس لیی دەخۆڕی بەرەو جێگای دیاری کراو. مسافرەکان هێواشی دەچوونە خوار و تاکو دواین کەس و لاوەکەش ڕۆیشت.
***
دیسان گەڕاینەوەو لە ”جر خشک” ڕاوەستاین. هەرچەند هەواکەی گەرم و تاقەت پڕۆکێن بوو، بەڵام هێدی هێدی بایەکی فێنکی دەهات و بۆیەکی خۆش و لەباری عەسرانەی لەگەڵ خۆی دەهێنا.
هەر لەو جێگایە کە کیژۆڵە گوڵ فرۆشەکەمان بینی بوو، گاڕێیەکی نوێ و جوان و ڕازاوە وەستا بوو. چەند منداڵێک بە پێکەنینەوە کە جلی جوانیان لەبەر کردبوو هاوکات جانتای قوتابخانەیان پێی بوو دابەزین. لەوانم پرسی: ”ئەرێ ئێوە ”بلپەک” دەناسن؟”
پاش گتێک سەیری یەکتریان کرد و پێکەنین. یەکێک لە منداڵەکان وتی: ”بەڵێ، سەر لە بەیان بۆ سەر قەوری دایکی دەچوو.”
”ئێی قەوری دایکی؟” بۆ دایکی مردووە؟”
”بەڵێ، خزمی ئێوەیە؟”
”بەڵێ؟”
منداڵەکان بە پێکەنین لێرە دوور کەوتنەوە. لەبەر خۆ وتم:”ئاخخ! ئێستا ئیتر ”بلپەک” بێ دایک وباوکە، ئەرێ چارەنووسی چی بێ؟”
بیرم لە چارەنووسی ئەو کیژۆڵەیە دەکردەوە. تاکو درەنگانێ هەر بیرم دەکردەوە. زۆر دڵم بۆی سووتا، بەڕاستی دەردێکی زۆر گران و ناخۆشە، بەڵام ئەوەی کە دڵی دەدامەوە، قسەی ئەو لاوە بەشەرەف و جوامێرە بوو کە دەیوت: ”بە دڵسۆزی و خێر کردن کێشەکان چارەسەر ناکرێن، دەبێ ڕێگا چارەیەکیتر بدۆزینەوە….”
نووسینی: عبدالکریم میثاق
و: حەمید تەیموری