لە بابەتێک دا کە لە ٥ـ ی یانوار، پێش کۆنگرەی ١٦ـ ی لایەنی مونشەعیبی حیزبی دێموکڕات دا بڵاوم کردبۆوە ئیشارەم بەوە کردبوو کە ئەگەر خالید عەزیزی جارێکی دیکە دەنگی متمانە لە کۆنگرە وەربگرێتەوە ئەوکات بەبێ بەربەست و ئاشکراتر لە جاران سیاسەتەکانی دەباتە پێش کە رەنگە ئەم سیاسەتانە جێگای ڕەزامەندی خەڵک و تەنانەت ئەندامەکانی خۆشیان نەبێت.
ئەگەر ئەم چەند مانگەی دوایی بە وەرزێک ناودێر بکەم، دەتوانم بڵێم وەرزی گۆڕانکاری و رووداوی گرینگی ئەوتۆ بوو کە تا رادەیەکی زۆر کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی وشیار کردەوە.
لە رووداوەکان و هەڵویستەکانی سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی دەیەمین خولی مەجلیسی ئێران تا دوایین وتووێژەکانی خالید عەزیزی هەمووی جێگای باس و شرۆڤەن و تا رادەیەک پێکەوە گرێدراون.
یەکێک لەو رووداوانە پەیامی نەورۆزی مستەفا هیجری بوو کە کاردانەوەیەکی زۆری لە ناو خەڵک و ئەندامان و لایەنگرانی ئەو حیزبە دا هەبوو.
دوا بە دوای ئەو پەیامە و کاردانەوەی خەڵکی رۆژهەڵات و شرۆڤە و لێکدانەوەی جۆراوجۆر و بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە لە ماڵپەڕە دەرەکی و ناوخۆییەکانی ئێران، خالید عەزیزی لە فەرانسە لە لە سیمینارێک دا لە درێژەی قسەکانی دا ئاماژەی بەوە کرد کە حیزبەکانی رۆژهەڵات بە هەموویانەوە ناتوانن گوندێکی کوردستان رزگار بکەن و پێویست ناکات دەست پێکردنەوەی خەباتی چەکداری مێدیایی بکرێت.
چەند رۆژێک دوای ئەو سیمینارە، پاش ئەوەی عەزیزی بەرەورووی رەخنەی زۆری ئەندامان و لایەنگرانی خۆیان و خەڵک دەبێتەوە، لە کەناڵی کوردستان داوای وتووێژێک دەکات و لەوێ روونی دەکاتەوە کە مەبەستی ئەوەیە کە ئەگەر گوندێکیش رزگار بکەن، بە هەموو حیزبەکان ناتوانن ئیدارەی بکەن !
خالید عەزیزی بەو هەڵویستانەی کە دەچێتە خانەی ریفۆرمخوازیی حکوومەتییەوە بەشێکی زۆر لە خەڵک و ئەندامانی خۆیانی تووشی سەرسوڕمان کردووە و زۆر جار خامی و کەم تەجروبەیی لە دەڕبرینەکان دا تووشی هەڵەی قەرەبوونەکراوەی کردووە.
پەیوەندی سیاسی نێوان سەلاحەدین خەدیو و خالید عەزیزی.
هاوڕێیانی بەڕێز ئەوەی کە لێرە دا باس دەکرێ و ئاشکرا دەکرێ هەر بە تەنیا بەراوردێکی ساکار لە نێوان دو رستەی دەربڕدراو لە لایەن دوو کەسی جیاوازەوە نیە بەڵکوو باسی پەیوەندی نیزیکی بیر و بۆچوونی دوو دەستە لە گۆڕێدایە:
ـ دەستەیەک کە بۆخۆیان لەناوخۆی کوردستان، لەباری دیسکۆرس و شێوەی بیرکردنەوەوە پاشکۆی ڕیفۆرمخوازانی حکوومەتین
ـ دەستەیەکیش لە دەرەوە کە هەڵوێستەکانی ئەم چەند ساڵەیان نیشانی داوە بە کردەوە بوونەتە پاشکۆی پاشکۆکەی پێشوو.
لە بابەتێک دا کە لە رێکەوتی ٢٦ی شەهریوەری ساڵی ٩١ لەلایەن سەلاحەدین خەدیو بە ناوی “این چند ده مسلح به چه درد می خورند” لە ماڵپەڕی “روز آنلاین”دا بڵاو کراوەتەوە، خەدیو پاش گەلێک فرەوێژی سەبارەت بە خەباتی چەکداری بەو شێوەیە دەنووسێت کە من دەقی قسەکانی کۆپی دەکەم:
“بعد از حدود ۲۰ سال از ترک مبارزه مسلحانه هنوز در اردوگاهها به آموزش نیروهای مسلح میپردازند. اینها برای چه است؟ به قول منصور حکمت این چند ده نفر مسلح که به درد خلع سلاح اولین پاسگاه روستای مرزی هم نمیخورد! آیا غیر از این است که به عنوان اهرم فشاری در بازیهای سیاسی احتمالی در آینده به کار خواهند رفت. اینجاست که باید نگران آینده باشیم.”
سەیر ئەوەیە چەند ساڵ دواتر هەمان ئەو قسە بێ بنەمایانە لە زمان خالید عەزیزییەوە دەبیسترێت:
” تەنانەت ئەگەر بتوانین گوندێکیش رزگار بکەین، زۆر ئەستەمە بتوانین رایبگرین و ئیدارەی بکەین“
ئەوەی راستی بێ، لایەنی جیابۆوە لە حیزبی دێموکرات وەسەر تەڵەیەکی ئەمنییەتی ـ سیاسی مەترسیدار پەڕیوە و بەشێکی زۆر لە کادرەکانی ئەم جەریانە ئاگاداری وردەکارییەکانی ئەم بۆسە سامناکە نین کە تووشی هاتوون.
ئەوەی لەو قسە و هەڵوێستە نەشیاو و سەیر و سەمەرانە دەردەکەوێ ئەوەیە کە هەڵوێست و تەحلیل و دیسکۆرسی زاڵ بەسەر ئەو لایەنە، لە ڕاستیدا گوتاری دەستی دوو و دەستی سێ و چواری بەشێک لە وردە ریفۆرمخوازانی سەر بە هەندێک بنکەن کە ڕەنگە دواتر باسێکی زۆرتر و وردتریان لەسەر بکەین.
ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە وەک چۆن ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی لە تاران لە لایەن حاکمییەتی ئێرانەوە بە هێند نەگیران، هەر بەم شێوەیە ڕێفۆرمخوازانی کوردیش لەلایەن ئەم ڕێفۆرمخوازە ناوەندنشینانەوە، هەتا ئێستاش حیسابێکی زۆریان بۆ نەکراوە، بەڵام هەر ئەم تاقمە پەراوێزخراوە بۆ ئەوەی گرینگ بوونی خۆیان بە حاکمییەت و بە ڕێفۆرمخوازانی ناوەندخواز بسەلمێنن خەریکی فیچقاندن و تەزریقی بۆچوونەکانی خۆیان بۆ ناو سەرۆکایەتی و بەدەنەی لایەنی جیابۆوەی حیزبی دێموکراتن. بەداخەوە ساویلکەیی سەرۆکایەتی ئەم جەریانەش کاری ئەو جەماعەتەی یەکجار زۆر هاسان کردووە.
ڕەنگە دەرخستنی هەندێک ڕاستی بۆ وشیار کردنەوەی بەشێک لە کادرە دڵسۆزەکانی ئەم لایەنە بێکەڵک نەبێ:
کۆی ڕوانگە و نووسینەکانی کەسێکی وەک سەلاحی خەدیو لەم چەند ساڵەی دواییدا، پاشکۆ و شوێنکەوتووی ڕوانگەکانی ئیحسانی هووشمەندە. ئەگەر بمانهەوێ پڕۆژەی سەرەکی کەسێکی وەکوو هووشمەند لە ڕستەیەکدا کورت بکەینەوە، ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە گومان دروست کردن لەوەی کە کورد نەتەوەیێکی واحیدە و زمانەکەشی زمانێکی سەربەخۆ و واحیدە و بزووتنەوی کوردیش نوێنەری خەڵکی کوردە. بەڵام هووشمەندیش خۆی پاشکۆ و شوێنکەوتووی کەسێکی وەک کاوەی بەیاتە کە بۆچوونە سەرەکییەکەی بریتییە لەوەی “میللەتی ئێران” میللەتێکی واحید و یەکدەستە. کاوەی بەیاتیش بەش بە حاڵی خۆی پاشکۆ و شوێنکەوتووی کۆمەڵە کەسانێکی وەک ڕەشید یاسەمی و جەماعەتێکی وەک ئەوە.
ئێستا خالید عەزیزی، ئەو “رێبەرە”ی لایەنی جیابۆوە، ئەو کەسایەتیەی کە هەندێک لایەنگر بە قاسملوویەکی دیکەی دەزانن! ئەوا خەریکە تەکلیفی شەوی خۆی لە ڕووی دەستی پاشکۆیەک دەنووسێتەوە کە ئەویش پاشکۆی پاشکۆیەکی ترە و پاشکۆیەکەی دیکەش هەر بەم شێوەیە.
ئەوە یەکەمجار نییە خالید عەزیزی قسە و پەیامەکانی بە سفارشی کەسانێکی وا تەنزیم دەکا و ڕستە بە ڕستەی قسەکانیان لەبەر دەکا و دەیانڵێتەوە. جێگای ئاماژەیە کە ئەو برادەرانەی کە تەکلیفی شەو بۆ خالید عەزیزی دیاری دەکەن، هیچ کامیان بڕوایان بە دیسکۆرسی ڕزگاریخوازانە و نەتەوەخوازانە و شۆڕشگێرانەی حیزبی دێموکرات نیە.
پێکەوە هەڵسەنگاندنی کەسێکی وەک خالید عەزیزی لەگەڵ کەسایەتییەکی مەزنی وەک دکتۆر قاسملوو زۆر لەوە ڕیسواتر و بێ بنەماترە کە تەنانەت بمانهەوێ رەتیشی بکەینەوە، بەڵام وا باشە لەم بارەیەدا ئاماژە بە خاڵێک بکەین.
قاسملوو کەسایەتییەک بوو کە لە یەک کاتدا، هەم ڕێبەر بوو، هەم ستراتێژیست و هەم ئیدئۆلۆگ و هەم تیۆریسییەن و هەم مودیر. خالید عەزیزی بەداخەوە نە ڕێبەرە و نە ستراتێژیستە و نە ئیدئۆلۆگە و نە تیۆریسیەنە و نە مودیریشە، تەنانەت ناتوانین وەکوو کادرێکی دەرەجە یەکیش چاوی لێبکەین و لە خۆشبیانەترین حالەتدا وتەبێژێکە کە دەکرێ حیساب لەسەر مەحفووزات و چاک دووپات کردنەوەی ئەم مەحفووزاتەی بکرێ.