Hoppa till innehåll
Hem » بۆ ڕیزدار خالیدی عەزیزی، کەژاڵ حاجی میرزایی

بۆ ڕیزدار خالیدی عەزیزی، کەژاڵ حاجی میرزایی

کاک خالیدی بەڕێز نازانم تا چ ڕادەیەک زانیاریت لە سەر جوگرافیای کوردستانی خۆرهەڵات هەیە، ئایا ڕادەی زانیارییەکەتان تێری ئەوەندە دەکا کە لانیکەم  ئاگاداری مێژوو و سەربووردەی شۆڕش و خەباتی  گوند و لادێیەکان بیت یان نا.kejaL_haji_mirzaei12

پێم خۆشە لە سەرەتای ئەم نامەیەدا باسی لادێی باوەرێز (لە چەمشاری سنە)ت بۆ بکەم کە خۆم خەڵکی ئەوێم و تا ئەو ڕۆژەش کە بە ناچاری ماڵئاواییم لە زێدی خۆم کرد لەوێ ژیام، بۆیە زۆر بە باشی خەڵکی گەڕناسی ئەو لادێیە دەناسم و دەمهەوێ چەند هەڤۆکێک لە سەر ئازایەتی و بەشداربوونیان لە شەڕ و هەروەها لەناوبردنی هێزی داگیرکەری دوژمن بۆ تۆی بەڕێزیش بنووسم.

دەگێڕنەوە: کە لە ساڵەکانی هێرش هێنانی قۆشەنی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان بە مەبەستی پەلاماردانی پێشمەرگەو هەروەها ماڵ وێران کردنی زێدەتری گەلەکەمان و نۆغرۆ کردنی لە سنوور بەدەری خاک و نیشتمانمان،خەڵکی ئازادیخوازی ئەو گوندە لە گەڵ ئەو نەیارە دڵڕقانە ڕووبەروو دەبنەوە و بەو پەڕی دلێریی و زۆر بوێرانە چۆمێکی گەورەی باوەرێز بە سەردوژمندا بەر ئەدەنەوە؛ ئەمە لە کاتێکدا دەبێ کە زۆر بە ڕوونی و  تا ئەو پەڕی دڵنیایی دەزانن کە هێزی هێرشکەری نەیاران زۆر زیاتر لەوانە و ڕەنگە هەمووشیان بە دەستی بێ بەزەییانەیان قڕ بکرێن بەڵام بەو حاڵەشەوە بڕوا بە خۆ بوونیان زۆر پتەو بووەو بە هەستی بەرپرسیارەتیی و ئازایانە لە بەرامبەریان ڕادەوەستن و تا قۆناغێکی باشیش توانیبوویان بەر بە هاتنی ئەو ستوونە نگریسە بگرن کە دەیانەویست لەوێوە بپەڕنەوەو خۆیان دەربازی سەقز و شارەکانی تر بکەن بۆ سەرکوت کردنی ئەو ‌هێزانەی لەوێ خەریکی شەڕێکی گەرم و گۆڕ بوون. ئەمە بەرخۆدانێکی حماسیی بووە کە خەڵکی ئەو ناوچەیە وێڕای ئەوەیکە لە باری نیزامییەوە سەدان قات لەهێزی ئەوان لاوازتر بوون بەڵام لە ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ داگیرکەر سڵیان نەکرد و خۆنەویستانە بەرگرییان لە ئاخ و نیشتمانی خۆشەویستی خۆیان کرد. ئەمە نموونەیەکی گچکەیە لە خۆراگری گەلێکی ماف پێشێل کراو لە بەرامبەر دوژمنێکی داگیرکەری پڕ چەک.

بەرێزتان لە کۆبوونەوەیەک لە پاریس فەرمووتانە کە ”ئەگەر هێزی پێشمەرگەی هەموو حیزبەکان بکەونەوە سەر یەک، یەک گوندی کوردستانی ئێرانمان بۆ ئازاد ناکرێ”. لە پێشدا پێویستە بزانین کە ئازاد کردنی گوندێک کە تەنیا پایەگایەکی بە ١٠-١٥ سەرباز و دەرەجەدارەوە لە تەنیشتە پێموانێ بۆ هێزێکی پێشمەرگە کارێکی زۆر ئاستەم بێ، بەڵام ئەو شتەی کە لێرەدا جێگای باسکردنە ئەوەیە کە پاراستنی ئەو دەسکەوتە لە باری نیزامییەوە نەک هەر بۆ درێژماوە، بەڵکوو لە کورت­­­­­­­ماوەشدا لە دەرەقەتی ئێمە بەدەرە. کەوابوو ڕزگارکردنی گوندێک شتێکی زۆر نامومکین نییە، ئەوەی ناگونجێ ڕاگرتینی هەمیشەیی ئازادییەکەیەتی.

ئەوە لە کاتێک دایە کە لە بنەڕەتدا قسەی جەنابتان، کە دەفەرمووی بە ”هێزەکانی هەموو حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ناتوانین گوندێک رزگار بکەین”، لە هیچ قۆناخێکی مێژووی بزووتنەوەی کوردستاندا مەوزووعییەتی نەبووە و نییە. هیچ کات، ئێستاشی لەگەڵ بێ، هیچ هێزێکی سیاسی-نیزامی لە دەورەی خەباتی مۆدێڕنی رزگاریخوازانەدا نەیویستووە و دروشمی ئەوەی نەداوە کە دەیهەوێ بە هێزی نیزامی جوغرافیای کوردستان ئازاد بکات. هەروەک ئاماژەم پێدا بە هۆی هاوسەنگ نەبوونی هیزی نیزامی دوو لایەنی شەڕ، تەنانەت ئەگەر ئەو ڕزگارییە ڕووش بدات ناتوانن بیپارێزن. جەنابت کە خۆت بە قوتابی دوکتور قاسملوو دەزانی، ئەگەر گوێ بتەکێنی بۆ وتەکانی کاک دوکتور، بە زمانێکی زۆر سادە دەفەرموێ کە ئامانجی حیزب لە خەباتی چەکداری چییە و چۆن فۆرمولە دەکرێ؛ واتا خەباتی چەکداری تاکتیکێکە بۆ زەخت خستنە سەر دوژمن بە مەبەستی دان پێدانانی بە پرسە و ویستەکانت و ناچار کردنی بە چارەسەرکردنی ئەو مەسەلەیە و لە ئاکامدا گەیشتن بە ئامانجی ستراتیژیکی دابین کردنی مافی نەتەوەیی، جا چ لە شکڵی خودموختاریدا و چ لە شکڵی فێدێراڵیدا. ئەمە بەو واتایەیە کە  قەت خەباتی چەکداری بۆ ئازاد کردنی جوغرافیا نەبووە و نییە. کەوابوو ئەو قسەیەی جەنابت شتێکی نوێ نییە و لە ئەساسدا  مەوزوعییەتی نییە. بەڵام ئەوەی جێگای سرنجە ئەوەیە کە لە قسەیەکی ڕاست بۆ سەلماندنی شتێکی ناڕاست کەڵک وەردەگرن. چۆن؟ دەفەرمووی ”بە هەموو هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ناتوانن گوندێک رزگار بکەن” (کە هەر وەک باس کرا لە درێژماوەدا ئەو قسەیە ڕاستە) کەوابوو خەباتی چەکداری هەر وەک لە قسەکانی ڕابردووشتاندا لە چەند شوێن باست کردووە هەر لە سەرەتاوە هەڵە بووە و کورد دەبا لە ”زەرفییەتەکانی” قانوونی لە کۆماری ئیسلامیدا کەڵکی وەرگرتبا و ئێستاش کورد دەبێ لە رێگای خەباتی پاڕلەمانی و مەدەنی و شۆڕای شار و لادێکان و ژینگەپارێزی و ڕێکخراوەی ئەدەبی  و هتد بۆ وەدیهێنانی مافەکانی کەڵک وەرگرێ، نەک لە رێگای خەباتی چەکداری کە دێیەکیشمان بۆ ئازاد ناکرێ. کەوابوو لە ڕوانگەی جەنابتەوە لە بەر ئەوەی دێیەک ئازاد ناکرێ، خەباتی چەکداری هەڵەیە و  لە ئاکامدا هەوڵ دان بۆ خۆ زەلیل کردن و بێ خاسییەت بوون پاساوی هەیە. لە ڕاستیدا، هەموو ئەو سەفسەتەیە بۆ ئەوەیە کە ”جیدییەتی” خەباتی کورد ئەوەندە کەم بکەنەوە کە بتوانن بە بێ چەک بگەڕێنەوە و ئەماننامە وەرگرن و بەشکەم لە پاڵ ئیسلاحتەڵەبەکان وە بەر خێری رێبەری نیزام بکەون و دەرفەتی خۆ کاندید کردن و ڕەدی سەلاحییەتتان پێ ببەخشن.

 بەرێز و هێژا، لە زۆربەی وتووێژەکانتدا بە ئاشکرا دەردەکەوێ کە هەموو جارێ بە شێوەیەک دەتهەوێ بڵێی کە کورد لاوازە و هیچ نییە و هیچی پێ ناکرێ و هەڵە بووە و هەڵەیە و واقعبین نەبووە، لە بەرامبەردا هەموو جارێ دوژمن بە بەهێز و لەشکان نەهاتوو و خاوەن نفووز کە زۆر زەرفییەتی خەباتی تێدا هەیە وێنا دەکەی. مرۆڤ ئەگەر هێندێ زانیاری سیاسی هەبێ و گوێی لە هەموو بیر و ڕاکانت بگرێت و لای یەکیان دابنێ، خەتێک یان ڕەوتێک لەو نێوەدا دەبینێت ئەویش خەتی هەول دان بۆ خۆ بێ خاسییەت کردنە. تەقەلا کردن بۆ سڕینەوەی شانازییە مێژووییەکان و بەهەڵە زانینی سیاسەتە درووستەکان بۆ ئەوەی بەشکەم دوژمن مایەت بۆ دانێ و خێرێکت پێ بکات. ئەو قسانەی جەنابت کە بانگەشەیان بۆ دەکەی و دەفەرمووی هەڵقوڵاو لە ڕوانینێکی واقعبینانەیە ڕەنگە لە کۆبوونەوەیەکی داخراوی ڕێبەریدا ڕێگاو شوێنیان پێ بدرێ بۆ دەربڕینیان، بەڵام لە سەر شاشەی تەلەویزیۆن و سایتەکان نە تەنیا پاساو هەڵناگرن بەڵکە رێک دەکەونە خانەی خزمەت بە دوژمنەوە. لەبە رئەوەی بە شێوەیەکی زۆر ئاشکرا ورەی خەباتگێڕانی تەنانەت ناو حیزبەکەتی پێ دادەبەزێ و ورەی دوژمنی پێ بەرز دەبێتەوە. ڕێبەرایەتی حیزبێک کە لە نێوخۆی وڵاتدا زیندانی سیاسی هەیە و تەشکیلاتی ناوشاری هەیە و لە شاخی پێشمەرگەی هەیە، چۆن دەبێ بەو شێوەیە باسی داماو بوون و بەسزمان بوونی خۆی بکات و هێزی دوژمن بە  هێزێکی لە شکان نەهاتوو بناسێنێ ؟! شێوە قسەکردنێک کە تەنیا خزمەت بە دوژمن دەکات و ورەی رۆڵە خەباتگێڕ و فیداکارەکانی خۆت لاواز دەکات.  تەنیا بۆ یەک جاریش بووە خۆت لە جیاتی بەندکراوێکی سیاسی دابنێ کە لە گرتووخانەکانی ورمێ یان مەهاباد یان سنەیە و بە حوکمی قورسی چەند ساڵە یان سێدارە مەحکووم کراوە و گوێی لەو ئاخافتنانەی جەنابت دەبێ. بەڕێز عەزیزی گەلۆ تۆ دەزانی کە گوتاری سکرتێری حیزبێک، یان نە، کەسایەتییەکی سیاسەتوان ئەبێ بەرامبەر بە دۆژمنەکەی چۆن بێت؟ گەلۆ دەزانی ئەو جۆرە لێدوانانە بێ ڕێزییە بە هەستی ڕاستەقینەی ئازادیخوازان و شۆڕشگێڕان لە نێو خۆی وڵات و هەروەها لە دەرەوەی وڵاتیش؟

لە چەند شوێنی ترا جەنابت دەفەرمووی ئێمە ئەبێ پەنا بۆ رێفڕاندۆم ببەین، پەنا بۆ چی دەبەی؟ پەنا بۆ کوێ دەبەی؟ تۆ کە لە ناوخۆی ئێران نیت تۆ کە یەک گۆندت (بە قسەی خوت) پێ ڕزگار ناکرێت لە کوێ ڕێفڕاندۆم ئەکەی؟ لە گەڵ کێ و لە سەر چ بابەتێک؟

کاک خالیدی بەڕێز بەو هیوایە و بەتەمای ئەوەیکە بە خوێندنەوەی ئەم نووسراوەیە خۆت و هاوهزرەکانت زوێر نەبن و دڵتان لە رەخنە و هەندێک پرسیاری من وەک هاونیشتمانییەک نەرەنجابێت.

ڕێز و سپاس

کەژاڵ حاجی میرزایی