"an independent online kurdish website

سید محمد امین شیخ الاسلامی (هێمن) لە بەهاری ساڵی ١٣٠٠ ی هەتاوی لە ئاوایی لاچین سەربە شاری مەهاباد لە دایک بووە. mamosta_hemn_mukryani_1

ئەو خوێندەواریی لە خانەقا و حوجرەکان بەدەستی هێناوە و دەرچووی زانکۆ ،یان خوێندنی خوێندنگا بەرزەکانی ئەوکات نەبووە، و خوێندن و نووسینی کوردی لە لای مامۆستا سەعید ناکام فێر بووە و دواتر بۆتەوە ئەو مامسۆتاا هێمنەی کە مێژووی ئەدەب و زمانی کوردی شانازیی پێوە دەکا.

خوێنەری هێژا، مەبەست لەو بابەتە نە هەڵسەنگاندنی کەسایەتی و توانای ئەدەبی و شێعر و هەڵبەستی ئەو مرۆڤە بەهرەمەندەی کوردە، نە لێکۆڵینەوە لە شێعر و هەڵبەستەکانی مامۆستا هێمن. چوونکی ئەو ئەرکی قەڵەمی کۆڵەواری منیش نیە . هەڵسەندگاندن و لێکۆڵینەوە لە سەر کەسایەتی و گەورەیی مامۆستا هێمن پیویستە لە زانکۆکانی کوردستانەوە بکرێ ژیان و خزمەتی ئەو مامۆستا پایەبەرەزەی نەتەوەکەمان وەک وانە لە خوێندنگا بەرزەکانی کوردستان بە منداڵانی کورد بگوترێتەوە. ئەوەی دەمەوێ ئەگەر بەکورتیش بێ باسی بکەم یەک لایەن لە ژیانی مامۆستای گەورە هێمن موکریانی یە، ئەویش ئەو وەزعەیە کە لە کۆتایەکانی ژیانی مامۆستا دا ڕوویداوە و زۆرتر بواری ژیانی سیاسی و حیزبیی ئەو دەگرێتەوە.

مامۆستا هێمن شاعیری میللی بوو

لە نێو هەموو گەلانی جیهان دا کەسانێک لە بوارە جۆراوجۆرەکانی نێو کۆمەڵگاکەیان دا نازناوی میللی یان پێ بەخشراوە. ئێمەی کورد لەگەل ئەوەی کە دەوڵەتێک مان نیە ، بەڵام ئەوەش نەبووە کە هیچ مەرجەعیەتێک مان نەبووبێ. لانی کەم ئەحزاب و ڕێبەرەسیاسییەکانی ئێمە مەرجەعی جێی باوەڕمان بوون و هەن و زۆربەی هێماکانی نەتوەییشمان هەر لە لایەن ئەو مەرجەعانەوە دیاری کراون و بوون بە هێمای نەتەوەیەک و تۆمار کراون.

مامۆستا هێمن شاعیری میللی یە. چوونکی مامۆستا هێمن وەک شاعیری کۆماری کوردستان و لە باوەڕ پیکراوەکانی سەرۆک کۆماری ئەو کۆمارە بووە. شێعر و هەڵبەستی بۆ کۆماری کوردستان داڕشتووە . مادام کۆماری کوردستان کۆمارێکی میللی یە، شاعیری ئەو کۆمارەش دەبێتەوە شاعیری میللی. هەڵبەت مامۆستا هەژاریش هاوشانی مامۆستا هێمن بووە ، بەڵام باسەکەم ڕووی لە مامۆستا هێمن ە.

کۆماری کوردستان تێکدەچێ و ئەویش دواتر ئاوارەی ئەودیوی سنوور دەبێ، لەوێ ساڵانێکی زۆر وێڕای کار و ئەرکی حیزبی ، لەگەل زۆربەی ئەدیب و شاعیر و نووسەرانی ئەوکاتی باشووری کوردستان پەیوەندیی دەبێ و لە زۆر گۆڤار و بڵاو کراوەی کوردی دا شێعر و هەڵبەست بڵاو دەکاتەوە. لەوێدایە کە مامۆستا هێمن زیاتر پێگەی شاعیرێکی میللی قایمتر دەکاتەوە. هەم لە ڕاگەیاندنی ئەوکاتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان دا جێ پەنجەی دیارە، هەم گۆڤار و بلاو کراوەکانی کوردستانی ئەودیو زیاتر بایەغ بە بیر و قەلەمی مامۆستا هێمن دەدەنەوە. ئەوە سەردەمی هەرە زێرینی بەهرەی مامۆستا هێمن بووە . مامۆستا لەو سەردەمی ائوارەیی دایە کە سنوورەکانی شێعر و هەڵبەستیشی بەرفراوانتر دەکاتەوە.

مامۆستا هێمن دوای گەڕانەوەی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی لە ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی سەرکەوت و زۆربەی تێکۆشەرانی کورد کە بەهۆی بیری ئازادیخوازی ،و ئەندامەتی لە حیزبی دێمۆکرات دا گەڕانەوە ناوخۆی وڵات کە مامۆستا هێمن یەکێک لەو کەسانە بوو کە خەڵک و ڕۆشنبیرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەمێک بوو چاوەڕوانی گەڕانەوەیان دەکردەوە و ئەوانیش بە زیدی خۆیان شاد بوونەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە مامۆستا هێمن هەم یەکێکە لە نووسەرانی ڕاگەیاندنی حیزب، هەم ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبە. ئەوەیە کە ڕاگەیاندنی حیزب دێتەوە شارەکان و بە ئیمکانات و دام و دەزگایەکی زیاتر دەست پێدەکاتەوە کە مامۆستا هێمن وەک کەسێکی کوردیزان و بە ئەزموون لەو ڕاگەیاندنە دا کار دەکا.

ئەو ڕەوتە درێژەی دەبێ تا کۆنگرەی چواری حیزب لە ئاخیر ڕۆژەکانی ساڵی ١٣٥٨.

شێعر و هەڵبەستی مامۆستا هێمن بیرو ئەندیشەی سیاسی و نەتەوەیی بوون

زۆر جار بیستوومە کە هیدنێک کەس گوتوویانە: مامۆستا هێمن کەسێکی سیاسی نەبوو ، بەڵکوو شاعیرێکی باش بوو!

لەگەل ڕیزم بۆ ئەو بۆچوونە، بەڵام بە جورئەتەوە دەتوانم بڵێم کە ئەو قسەیە یان ئەوکەسانە دەکەن کە لەهەمبەر مامۆستا هێمن دا کەمیان هێناوە، یان ئەوەی کە نایانەوێ لە ناوەڕۆکی قووڵی شێعر و هەڵبەستی مامۆستا هێمن تێبگەن. ئەگینا کام شێعر و هەڵبەستی مامۆستا هێمنە کە لە پێش هەموو بوارەکانی تر دا بواری سیاسی زەق نەکرابێتەوە؟ئەوە ئیدی نیهایەتی غەدرە لەو مرۆڤە دەکرێ. ئەگەر سیاسی بوون لە نەزەر ئەو کەسانەوە ئەوەیە کە مرۆڤێک لە حیزبێکی سیاسی دا بەرپرسایەتیی باڵا و پۆستی باڵای هەبێ جا مرۆڤێکی سیاسی یە، ئەوە ڕەنگە ئەو ئیدیعایە ڕاست بێ. چوونکی لەگەل ئەوەی کە مامۆستا ئەندامی ڕیبەرایەتیی حیزب بوو، بەڵام بەرپرسایەتیی ئۆرگان و پۆستی حیزبیی نەبووە، بەڵکوو هەر ئەو کارەی کردووە کە لەواقیعدا تەولیدی بیری نەتەوەیی و زیندووڕاگرتنەوەی ئەو بیرەیە.

مامۆستا هێمن نەتەنیا کەسێکی سیاسی بوو، بگرە بیرمەندێکی سیاسی بوو. کام ڕستە و کام پەیڤی نێو هەڵبەستەکانی مامۆستایە کە پڕاوپڕ نیە لە بیری سیاسی و دیاری کردنی خەت و ڕیبازی ڕزگاریی نەتەوەیی؟

لای مامۆستا هێمن وەک زۆر شاعیر و گەورە مرۆڤی هاوچەشنی خۆی لەم جیهانە پان و بەرینە دا سیاسەت و ڕیبازی سیاسی ئەوەبوو کە میللەتێک لە فەوتان ڕزگار بکا، زمان و فەرهەنگی ئەومیللەتە زیندوو بکاتەوە، حەماسەتی بەرخودان و مانەوە بکاتە کولتوور، سەنگەری بەرگری لە شێعر و ئەدەبیاتی بەرگری دا بەهێز بکاتەوە. ئەگەر ئەوە سیاسی بوون و سەیاسەتزانی نیە دەبێ چی بێ؟ داخوا مامۆستا هێمن لەومەیدانە دا لە کام سوار چاک دوا ماوە؟

مامۆستا هێمن هەر شێعر و هەڵبەستیکی نووسیوە ، پەیامێکی قووڵی سیاسیی گەیاندووە . کاتێک مامۆستا هێمن خەت دیاری دەکا کە ژن و پیاو پێکەوە بۆ ڕزگاری خەبات بکەن، کاتێک دەیان شێعر لە سەر خاک و نیشتیمان و پێشمەرگە بەرهەم دێنێ، ئەوانە هەموویان پەیامی قووڵی سیاسین. ڕەنگە بۆ سیاسەتوانێک کەلە مەیدانی سیاسی دایە، ئەو پەیامانە هیندێک هاسان بن، بەڵام ئەو پەیامانە بۆ ڕای گشتیی کورد، ئەویش لەو کاتی دا، هەموویان خەت و ڕێبازی سیاسی بوون. بۆیە من بە جورئەتەوە دەڵێم کە مامۆستا هێمن بێ ئەوەی تەزاهور بکا بیرمەندێکی سیاسی بوو، شاعیری زیندووکەرەوەی بیری ناسیۆنالیزمی کوردە . هەموومان پێویستە بۆ جارێکی دیکەش بچینە ناخی شێعر و هەڵبەست و سڕوود و ئەو دەقانەی کە مامۆستا هێمن نووسیونی تا پەیامە بەهێزە سیاسییەکانی هەڵدەینەوە.

mamosta_hemn_mukryani_2

**************

گورووهی ٧ کەسی و هەلوێستی مامۆستا هێمن و دژکردەوەی حیزب

خوێنەری هێژا ، ئەو بەشەی کە لەمەو دوا دەمەوێ باسی بکەم، دەتوانم بڵێم ئەو بەشەیە کە هانی دام بۆ نووسینی ئەم بابەتە.

مامۆستا هێمن لە کۆنگرە ی چواری حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران دا وەک ئەندامی ئیفتیخاریی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێدرابوو، کێشە و ململانێ یەک کێشرابووە ڕێبەریی حیزب کە ڕێبەری ئەو ململانێ یە غەنی بلووریان بە پشتیوانیی راستەوخۆی حیزبی توودەی ئێران بوو .

کێشەکە تا ئەو ئاستە قووڵ کرایەوە کەلە بەهاری ١٣٥٩ دا گورووهێک لە ئەندامانی ڕیبەریی حیزب بەیانیەیەکیان دەرکرد و جیابوونەوەی خۆیان لە ژێر ناوی حدکا. پەیڕەوانی کۆنگرەی چوار دا ڕاگەیاند کە دواتر بە ئیعترافی خۆشیان حیزبی توودە لە ڕێگای کادرێکی کوردی خۆیان بە ناوی عەلی گەلاوێژ لە نووسینی ئەو بەیانییە دا بەشدار بووە، کۆمەڵێک بوختان و درۆ یان دابووە پاڵ حیزب و شەخسی دوکتۆر قاسملوو . لە هەمووی سرنج راکێشترش ئەوەبوو کە ئەو تاقمە باوەڕیان بە هیچکام لە بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆنگرەی ٤ نەبوو، کەچێ ناوی خۆیان دانابوو پەیرەوانی کۆنگرەی چوار، یان باشترە بڵێم :   ئەو ناوەیان بۆ دیاری کردبوو!

بەیاننامەکە ٧ کەس لە ئەندامانی ڕیبەری ئێمزایان کردووە کە یەکێک یان مامۆستا هێمن بووە. ئەوە سەرەتای حەرەکەتێک بوو کە هیچ کەس چاوەڕوانی وەها هەڵوێستێکی لە مامۆستا هێمن نەکردووە . ئەو جیابوونەوەیە هەر زوو لە لایەن حیزب و خەڵکەوە ناوی نرا تاقمی ٧ کەسی و بە “جاش” ناودێر کران. چوونکی ئەوان جیابوونەوە و لە باتی مەهاباد تهران یان هەڵبژارد . ناو و هەموو هێماکانی حیزبیان کۆپی کرد و ڕایان گەیاند کە دوکتۆر قاسملوو و بە قەولی خۆیان “باندی قاسملوو” شەڕ خوازن و نایانەوێ مافی خودموختاری لە لایەن خومەینی یەوە ئیمزا بکرێ! ئەوان داوای چەکدانانی هێزی پێشمەرگەیان دەکرد. بۆیە نە حیزب و نە هێزی پێشمەرگە و نە خەڵکی کوردستان ئامادەی وەها داوایەک نەدەبوون لە هەمبەر ڕێژیمێک دا کە هەمووی چەند مانگ بوو حوکمی جیهادی بە دژی گەلی کورد سادر کردبوو.

بە هەرحال ئەو تاقمە ژمارەیەکی زۆری کادر و پێشمەرگەی لەگەل کەوت و ڕێبەرانی ئەو تاقمە کوردستانیان بەجێ هێشت بەرەو تاران و بوون بە بەشێک لە دژبەرانی بزووتنەوەی میللی دێمۆکراتیکی خەڵکی کوردستان و شەڕی دژی هێزی پێشمەرگە . ئەوان لە ناوچەکانی شیمال و شنۆ و پیرانشار وێڕای هێزەکانی سوپای پاسداران و میوانێکی نان خۆری سفرەدڕ هێرشیان کردە سەر ناوچە ڕزگارکراوەکانی کوردستان کە سەدان کەس شەهید کران .

تاقمی ٧ کەسی لە ساڵی ١٣٦٤ دا خۆیان هەڵوەشاندەوە و بوون بە بەشێک لە حیزبی توودە و دوای ١٠ ساڵ جیابوونەوەیان لە حیزب و ٥ ساڵ کار لەڕێزەکانی حیزبی توودە دا لە بەهاری ساڵی ٦٩ جیابوونەوەی خۆیان و پەشیمان بوونەوە لە هەڵوێستی پێشوویان ڕاگەیاند. ڕەنگ بێ باشترین بەڵگە بۆ نیشاندانی پەشیمانیی ئەوان ئەو ڕستەیە لە بەیانیەی جیابوونەوەکەیان بێ کە بە ئیمزای غەنی بلووریان و محمد امین سراجی لە خاکەلێوەی ١٣٦٩ دەرچووە بە ناوی :”بیانیەی گسست جمعی از کادر و اعضای کرد حزب تودە ایران” دەقی ڕستەی نووسراویان: “٧٠ سال تجربە لازم بود تا دریابیم کە حقیقت تنها نزد کمونیستها نیست”. ئەو ەلەحاڵێكدایە کە ەئوان دەیانگوت دوکتۆر قاسملوو نابێ ببێتەوە سکرتێر چوونکی سۆڤیەت پێیخۆش نیە. سۆڤیەتیش لای ئەوان واتە حیزبی توودە.

ئەوەش زیاد بکەم کە ئەو ٧ کەسە بریتی بوون لە: غنی بلوریان ، فاروق کیخسروی، نوید معینی، فوزیە قاضی، احمد عزیزی ، رحیم صیف قازی و مامۆستا هێمن کە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی بوون هەڵبەت مامۆستا هێمن ئەندامی ئیفتیخاریی کۆمیتەی ناوەندی بوو.  غەنی بلووریان و رەحیم سەیفی قازی ئەندامی دەفتەری سیاسی بوون.

هەر دوای ماوەیەکی کورت لە جیابوونەوەیان ، سنار مامدی و جهانگیر اسماعیل زادە دووبارە لەگەل سەدان کادر و پێشمەرگە هەوڵ یان دا پەیوەندی حیزبەوە بکەن و ڕێزی تاقمی ٧ کەسی بەجێ بەجێ بێڵن و هەر واشیان کرد. فوزیە قاضی درێژەی بە کار لەگەل ئەوان نەدا و لەماڵە خۆی دانیشت. فاروق کیخسروی خەریکی کاری نووسین بوو و فەعالیەتێکی لەگەل ئەوان نەبوو. رحیم صیف قازی بەس لە جیابوونەوەکە دا لەگەلیان کەوت و درێژەی نەبوو،دواتر چووە سۆڤیەت و تا کۆچی دوایی لەوێ بوو و لە ساڵانی کۆتایی تەمەنی دا چاوی بە دوکتۆر شەڕەفکەندی سکرتێری گشتیی حیزب کەوتبوو و ڕایگەیاندبوو کە نەدەبا ئەو بکەوێتەوە سەنگەری دژایەتی لەگەل حیزب و ئەو هەڵوێستەی خۆیانی پێ زۆر هەڵەببوو. ئەحمەد عەزیزی دواتر بوو بە ئەندامی حیزب و نەوید موعینیش پاش ماوەیەک وازی لەو تاقمە هێنا ، رحمان کریمی کە بە دەستووری ڕێژیم دەهەوڵی جێ بەجێ کردنی پیلانێك دا بۆ سەننار مامەدی و دەیەویست بەو بیانوویە کە دەوڵەت ئامادەیە هەم لەسەر مەسەلەی خودموختاری و هەمیش گێڕانەوەی ماڵ و مڵکی زەوتکراوت لە شاری سەڵماس چاوپێکەوتنت لەگەل بکا، سەنار ڕابکێشێ بۆ سەڵماس تا دەوڵەت بیگرێ.

سەننار مامەدیش ئەوەی دەزانی، بۆیە کاتێک هاتەوە لای سەننار بۆ پیادە کردنی پیلانی ڕێژیم، لەلایەن سەننار مامەدی یەوە گیرا و ئیعدام کرا( بۆیە دەڵێم لەلایەن سەننار مامەدی یەوە، چوونکی ئەوکات سەننار مامەدی و مهندس جەهانگیر ڕایانگەیاندبوو کە لەگەل ئەو تاقمە نەماون و پەیوەندی بە حیزبەوە دەکەن، بەڵام جارێ حیزب وڵامی ئەرێ ، یان نەخێری بەوان نەدابوو. واتە جارێ سەربە حیزب نەبوون ) ئەوەی کە زۆر دڵی پێ خۆش بوو و تا ئاستی دەفتەری سیاسیی حیزبی توودە چوونە سەر غەنی بلووریان و محمد امین سراجی بوون. سراجی بوو بە نوێنەری حیزبی توودە لە ئەفغانستانی سەردەمی دوکتۆر نجیب الله.غەنی بلووریانیش لە سەرەتا دا چووە سۆڤیەتی قیبلەکەی و دواتریش لە وڵاتێکی ئۆرووپا گیرسایەوە. دەگێڕنەوە جارێکیان ماوەیەک ەبرلە شەهید بوونی دوکتۆر قاسملوو، غەنی بلووریان داوا دەکا چاوی بە دوکتۆر بکەوێ. دوکتۆریش ئامادەیی خۆی نیشان دەدا و لە جێگایەک چاوی ەب غەنی دەکەوێ. بلووریان دەڵێ: کاک دوکتۆر ڕاستە من لێرە ئەندامی دەفتەری سیاسیم ، بەڵام خۆ هەر کار بۆ حیزب دەکەم. دوکتۆر لە وڵام دا دەڵێ: مامە غەنی سەد لە سەد باوەڕ دەکەم. چوونکی ئەوکات کە لای ئێمە بووی کارت بۆ ئەوان دەکرد، ئێستاش کە لای ئەوانی کار بۆ ئێمە بکەی باوەڕ دەکەم.

مامۆستا هێمن کاتێک ئەو تاقمە ویستیان هەڵوێست بگرن و جیاببنەوە، بە هۆی دڵی پاک و سەداقەتێک کە هەیبوو، باوەڕ بە قسەی غەنی بلووریان و ئەوانە دەکا و بە فرت و فێڵ بەیانیەکە پێی ئیمزا دەکەن. دواتریش مامۆستا زۆر جار باسی کردووە کە تەنانەت بەتەواوی ئاگای لە ناوەڕۆکی بەیانیەکە نەبووە و بەسەری دا کەتووە ، ئەوە دەتوانین بیکەینە خاڵی هەرە لاوازی ژیانی سیاسیی مامۆستا هێمن و ڕەنگە هەر ئەوەش بێ کە هیندێک کەس دەڵێن مامۆستا هێمن کەسێکی سیاسی نەبوو.

کاتێک تاقمی ٧ کەسی بەیانیەیان دا، حیزب و خەڵک ئەوانیان بەجاش زانیوە و بەداخەوە دواتر هەر واش دەرچوو. یەکێک لە دەمڕاستەکانیان کە رەحمان کەریمی بوو   شان بە شانی فەرماندەرانی سوپای پاسداران و میوانی سفرەدڕ فەرماندەهیی شەڕیان بە دژی پێشمەرگە لە شنۆ و شیمال بە ئەستۆ بوو و زۆربەی ناوچەکانیان داگیر کردەوە.

qasmlo_hemn

مامۆستا هێمن غەدری لێکرا

لە پێشدا ئەوەی ڕوون بکەمەوە کە تا ئێستا من لە هیچ بڵاو کراوەیەکی ڕەسمیی حیزب دا بە دیاری کراوی ناوی مامۆستا هێمن بە “جاش” نەدیوە. لە کاتێک دا ئەوان هەر لە بەیانیەی جیابوونەوەیان زیاتر لە ١٠ جار ناوی شەخسی دوکتۆر قاسملوو وەک سکرتێری گشتیی حیزب هێناوە و هێرشی ناڕەوایان کردۆتەوە سەری تا ئاستی ئەوەی کە قاسملوو “خائینە” . دواتریش بەردەوام موخالیفنی حیزب و دوکتۆر قاسملوو بە ڕواڵەت بۆ بەرگری لە مامۆستا هێمن هێرشیان کردۆتەوە سەر حیزب و کەسایەتیی دوکتۆر قاسملوو کە گوایە بە مامۆستا هێمن یان گوتووە”جاش”. بەڵام کەس نەهات بەڵگەیەک بە دەنگ، یان بە نووسراو بێنێ کە حیزب ڕاستەوخۆ ناوی مامۆستا هێمنی هێنابێ. بەڵێ حیزب بە تاقمی ٧ کەسی گوتووە جاش و خائین، ئەوە لەدوایش دا سەلمێندرا و خۆشیان نکۆڵیان لەوە نەکردووە. بەڵام مامۆستا هێمن تەنها لەیەک بەیانیەی جیابوونەوەیان د ابەشدار بوو نەک خیانەتەکانی دواتری ئەو تاقمە .

ئەوە ٣٠ ساڵە بەردەوام دەبیستین کە حیزب و شەخسی دوکتۆر قاسملوو غەدریان لە مامۆستا هێمن کرد! لە کاتێک دا خودی مامۆستا هێمن دەستپێشخەریی کردووە لەوەی کە غەدری لێ بکرێ و لە هەمان کاتیش دا مامۆستا نرخی خۆی وەک شاعیری میللی هێنایە خوار کە بە غەدر لە نەتەوەی کورد حیساب دەکرێ. چۆن دەبێ شاعیری میللی بکەوێتەوە وەها داوێک؟ . مامۆستایەک کە خاوەن ئەو کەسایەتی و ڕابردووە، چۆن دەبێ وا سووک و سادە بکەوێتەوە داوی ئیحساسات و سۆزی هاوڕێ یەتیەوە؟ ئەویش بۆ حەرەکەتێک کە نازانێ مەسیرەکەی بەرەو کوێ یە؟ ئامانجی حەرەکەتەکە چیە و ئاکامی دەبێتەوە چی؟ مامۆستا هێمن خۆشەویستی دوکتۆر قاسملوو بووە. هەرکەس پێشەکیی تاریک و ڕوونی مامۆستا بخوێنێ کە دوکتۆر قاسملوو بۆی نووسیوە دەزانێ کە دوکتۆر چەندە باوەری بە مامۆستا هێمن بووە و چەندە نرخی ئەوی زانیوە؟ دوکتۆر قاسملوویە کە نازناوی شاعیری میللی بە مامۆستا هێمن دەبەخشێ. بۆچی دەبی مامۆستا هێمن ببێتەوە شریکی قین وبوغزێک کە توودەییەکان بە نیسبەت دوکتۆر هەیانە؟ لە کاتێک دا دوکتۆر ڕێبەریی حیزب و بزووتنەوەی لە ئەستۆیە.

کەوایە چۆن دەبێ مامۆستا هێمن لە وەزعێکی حەساسی بزووتنەوەی کورد دا کە ڕۆژانە دەیان کەس لە خەڵک و پێشمەرگە شەهید دەبوون، بکەوێتەوە ئەو هەڵوێستەوە؟ لە سەرەوە گوتمان مامۆستا شاعیری نەتەوەیی بوو (کەواشە) بۆچی دەبێ وەها هەنگاوێک لە وەها دۆخێک دا هەڵگرێ تا بکەویتەوە بەر ڕق وکینی هاوێیانێک کە ئەویان قەبووڵە و ڕێزی دەگرن. کەوایە یەکەم غەدر خودی مامۆستا لە خۆی کردووە.

mamosta_hemn_mukryani_5

غەنی بلووریان و تاقمەکەی لە هەست و ئیحساسی پاکی مامۆستا هێمن کەلکی نامەردانەیان وەرگرت و مامۆستایان تووشی ئەو غەدرە کرد کە لێیکرا. ئەوان بۆ مەرامی شەخیی خۆیان و بە فیتی حیزبێکی دژ بە کورد هاتن باشترین سەرمایەی میللەتێک یان لەبەر چاوی خەڵک سووک کردەوە. مامۆستا هێمن سەرمایەی مەعنەویی نەتەوەیەک بوو، غەنی و تاقمەکەی هاتن لە پشتەوە هەم خەنجەریان لە حیزب و بزووتنەوە وهەمیش لە شاعیری ئەو نەتەوەیە وەشاند.

حیزب یەک غەدری لە مامۆستا کرد کە دەبێ ئیعترافی پێ بکەین کە ئەویش ئەوەیە : هاتن مامۆستا هێمن یان بۆ ماوەیەک دەست بەسەر کرد. مامۆستا هێمن زیندانی نەکرا. ڕەفتاری توندی لەگەل نەکرا، بەڵام بۆ ماوەیەکی کورت دەست بەسەر کرا . بەڵام دوای ئەوەش هەتا دەگاتە ساڵی ١٣٧٤ کە دەفتەری سیاسیی حیزب “اعادەی حیثت” لە مامۆستا هێمن دەکا، قەت شێعر و هەڵبەستی مامۆستا هێمن لە حیزب دا مەمنووع نەکران، بەردەوام لە ئەدەبیاتی حیزب دا کەلک لەو شێعر و هەڵبەستانە وەردەگیرایەوە. هەڵبەت ئیعادەی حەیسیەت لە دونیا دا باوە و ڕێگایەکە بۆ ئەوەی داوای لێبۆردن لە کەسی مەغدوور بکرێ. مامۆستا هێمنیش دوای هەڵوێستەکەی لای زۆر کەس باسی کردووەکە نەدەبا ئەو کارە بکا،نەدەبا وەها هەڵویستێک بگرێ و بە یەکێک لە هەڵەکانی ژیانی خۆی زانیوە.

ئێمە پێویستە یەک شت ببینین ئەوەیش ئەوەیە کە حیزب لەوکاتی دا هەم ئەرکی پاراستنی ناوچە ڕزگارکراوەکانی کوردستانی لەسەر شانە، هەم جارێ بەجۆرێك خەریکی وتوێژە بۆ چارەسەری ئاشتیانەی مافەکانی نەتەوەیی کورد لە ئێران دا، هەم بەرگری دەکا و هەمیش پیویستیی بە یەکڕیزی و بەهێزیی ڕێزەکانی هەیە، ڕاست لەوکاتی د اکۆمەڵێک کادری ڕێبەریی حیزب خەڵکێکی زۆر بە هیندێک قەول و بەڵێنی ناڕاست و فرێودەرانە لە خۆیان کۆدەکەنەوە و زەبر لە حیزب دەوەشێنن، دەبێ هەڵوێستی حیزب چی بێ؟ دەست لەسەر دەست دابنێ و سوپاسی ئەو کەسانە بکا کە ئەو زەبرەیان لەو حیزبە داوە؟ ئەوەش بڵێین کە ئەوکات تاقە حیزب کە ڕێبازی نەتەوەیی گرتبووە بەرلە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بوو، حیزبێکی دیکەی نەتەوەیی لە مەیدان نەبوو. بگرە زۆربەی ئۆپۆزیسیۆنیش دژی حیزب وەستابوونەوە.

کەوایە ئاوا باسی غەدر لە مامۆستا هێمن دەکەین: مامۆستا غەدری کرد کە پشتی کردە هاوڕێیان و ڕێبازی دەیان ساڵەی خۆی . ڕێبەرانی تاقمی بلووریان غەدریان کرد کە بۆ دڵخۆش کردنی حیزبێکی دژ بە کوردو ڕێژیمێکی کورد کوژ هەوڵیان دا لە سەداقەتی مامۆستا هێمن کەلک وەربگرن و ئەو سەرمایە مەعنەویەی نەتەوەیەک بیخەنە سەنگەری دژایەتیی ئەو نەتەوەیە. حیزب غەدری کرد کە مامۆستا هێمنی دەست بەسەر کرد. ڕەخنە گرانی دواتریش غەدری چەند قات دەکەنەوە کە بۆ دژایەتیی حیزب و دوکتۆر قاسملوو بەردەوام بێ ئەوەی بەبەڵگە قسە بکەن دەڵێن: حیزب مامۆستا هێمنی بە جاش ناوبردووە، بەڵام لەونێوە دا ئەوەی کە مافی لەبەر چاوناگیرێ حیزبە وەک ئۆرگانیزاسیۆنێکی بەرپرس. ماف دەدرێ بە خەڵکانێك کە لە ڕۆژگارێکی سەخت دا زەبر بوەشێنن، بەڵام ماف نادرێ بە مافدار کە بەرگری لە خۆی و گەلەکەی بکا.

بەڵێ ئەوانەی سەرەوە غەدر مرۆڤەکان بوون، غەدرێکی دیکەش لە مامۆستا کرا وە کە سروشتی ژیان بووە. مامۆستا تەواوی تەمەنی مرۆڤێکی دەست کورت و هەژار بووە، هەر بە هەژاری ژیا. غەدرەکەی ئاخەریش ئەوەبوو کە مامۆستا بەس ٦٥ ساڵ ژیا کە تەمەنێکی کەم بوو. زۆربەی هاونەسڵانی مامۆستا تەمەنی زۆرتریان کرد .

mamosta_hemn_mukryani_4

( مامۆستا هێمن دوای ئەوەی کە ناوەڕۆکی ناپاکانەی ئەو تاقمەی بۆ ڕوون بووەوە، پەیوەندیی خۆی لەگەلیان ڕاگرت و تا ئەو ڕۆژەی کە کۆچی دوایی کرد خزمەتێکی زۆری دیکەی بە زمان و ئەدەبیاتی کوردی کرد. مامۆستا لە دامەزرێنەرانی ناوەندی سەلاحەدینی ئەیووبی و گۆڤاری سروە بوو، بە دەیان بابەت و شێعر و هەڵبەستی تازەی لەو گۆڤارە دا بڵاو کردەوە، دەق و هەڵبەستی بەنرخی پێشکەش کردن . ئەوە قۆناغی کۆتایی تەمەنی مامۆستا هێمن بوون کە هێز و توانای بیر و ئەندیشەی مامۆستا هێمن یان زیاتر دەرخست، بەڵام بەداخەوە هەر نەیانتوانی ئەو تارماییەی کە کەوتبووە سەر کارنامەی مامۆستا هێمن ، بەتەواوی بیسڕنەوە.)

بەداخەوە مامۆستا هێمن لە ٢٨ ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٦٥ی هەیتاوی بە هۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

سڵاو لە ڕووحی پاکی مامۆستا هێمن

mam_hemn

شیوەنی من شیوەنی ئینسانییەبانگی ئازادی گڕۆی یەکسانی یە

…..

تێ بێنی: ئەم بابەتە دە ئەسڵ دا ساڵێ پار نووسیبووم و قەرار بوو لە ٢٩ ساڵەی کۆچی دوایی مامۆستا دا بڵاو بکەمەوە، بەڵام پەشیمان بوومەوە و ڕامگرت بۆ ٣٠ ساڵەی کۆچی دوایی مامۆستا. هەروەها هیندێک بەشیشم لە بابەتەکە قڕتاند کە وابزانم جارێ دۆخەکە ئیزن نادا بڵاو بکرێنەوە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی