"an independent online kurdish website

لەو یادەدا بۆ ناسین و تێگەیشتن لە هەستو سۆزو نیشتمان پەروەری مامۆستا هێمن بەسە کە لەناوەرۆکی ئەو شێعرەی تێبگەین.glkoy-hemn-0

لە گیاندانا دەگوڕڕێنم ، بژی هەر کوردو کوردستان

بە گوللەی دوژمنانی گەل دڵیشم بێتە ڕاوەستـان

پشوی دواییم دەخوێنم بۆ گوڵ و گوڵزاری ئەو خاکە

لە سایەی ئەم گوڵ و گوڵزارەیە بۆمە بەهزار داستان

لە 30 هەمین ساڵی کۆچی دوایی شاعیری ناوداری کورد مامۆستای جوان بێژی جوان پەرست . مامۆستای گەل دۆستی خۆ نەویست . شاعیری گەل مامۆستا هێمن کە بە هەق هێدیو هێمنیش بو ،بۆ ڕێز گرتن لەڕووحی پاکی دەچمەوە ئەو سەردەمەی کە بۆ یەکەمن جار لە نیزیکە مامۆستام ناسی . بە دروستی ساڵەکەم لە بیر نیە ،بەڵام من کتێبی (جامی ) م دەخوێند کە ئاخری قۆناغی سوختەییو دەسپێکی موستەعیدایەتیە. بۆ ئاگاداریتان ئەوانەی لە بەشی سەرەتایی زانستی ئایینیدا دەخوێنن پێیان دەکوتن (سوختە ) لە کتێبی جامی ڕا هەتا تەواو دەبون پێیان دەکوتن موستەعید. لە گوندی ( ئاڕنێ) سەر بەشاری (نەغەدە ) دەمخوێند . دەگەڵ مامۆستاکەم مەلا (عەوڵای شێخ شەرەفی ) ناسراو بە مەلا عەوڵای (گەرگولی ) و مەلا ( بایزی مام کاکە اڵلە ) ئەگەر ماون یادیان بەخێرو ئەگەر نا ڕووحیان شادبێی بڕیامان دا بچینە ( خانەقای شێخی برهان ) بە قەولی کوردی هەم زیارەتو هەم تیجارەت . دەرسیش دەخوێنینو زیارەتانیش دەکەین. ئیزنمان لە ڕێزداری خوا لێخۆشبو مامۆستا مەلا ( گەوڵای شامخی ) ناسراو بە مەلا (عەوڵای مەلا تەها )وەرگرتو بەڵێنمان پێدا پاییزێ بگەڕێینەوە. کە چونینە خانەقایە بەڕێزان ( مە هەباس و مەلا ڕەحیمی دەنگخۆش ، مەلا یوسفی خزری ناسراو بە مەلا یوسفی دەشتی قوڕێی ، مەلا عەلی حەدادی ) لەوێی بون . دیارە خوا لێخۆشبو ( شێخ محەممەد) یەکێک لە مەلا هەرباشەکانی لانی کەم مـوکریان بـوو . دیـارە ئێمە ببوینە (7) کەس کە پێشتر هەمو یەکترمان دەناسی، پێکەوە لە حوجران دا ببوین گشتمان خەڵکی لاجان بووین.

لە خانەقایە وەک گوندەکانیتر نەدەچوینە ڕاتبە واتە نانو پێخۆر کۆ کردنەوە بـەڵکو وەک ئەوانەی لە خانەقا بوون سێی جەمە جیرەمان وەردەگرت و پێخۆریش هەرچی بۆ خانەقا لێندرابایە. جاری وابوو کە شۆرباو قەیسیان لێدەنا مەنجەڵی زینجیرداریان هەبوو ئەو نـدە گەورەبـوو دەبـوو مەلەی تێدا بکەی ، کەچی چۆڕی تێدا نەدەما . من جیرەی (٧) کەسم وەردەگرت . دنیایەکی خۆش بوو خانەقاش تایبەتمەندی خۆی هەبـوو ڕیـزو ئیعتیباری گەلێک بوو.

پێشتر ناوی مام هێمنم بیستبوو بەڵام نەم دیبوو، ئەوە هەوەڵین جارم بوو کە لە نیزیکەوە دەمدیت. عەلاقەیەکی زۆری بە حوجرەی فەقێیان هەبـوو ئـەغڵەب وابـوو بۆ نان و چا خواردن لەلای ئێمە دەبوو. کە بەشە جیرەی ئەویشم وەردەگرت . هەوەڵ ڕٶژ کە گەیشتینە ئەوێی لە حوجرە نەبوو ، سبەینێ سەرنان خواردن هات و کوتی: بیستم فەقێی تازەمان بـۆ هاتون، هاتوم بەخێر هاتنیان بکەم . موستەعیدەکان خۆیان ناساندو نۆرەی من هات . لە ڕێوە پرسی چ دەخوێنی؟ جامی. کوتی: ئەوەی جامی بخوێنێ لە زۆر جێگایان وەک موستەعید حیساب دەکرێی، بـۆ ئەوەی وەک سوختە نەبێی بـەخاڵـم دەڵێم دەرست پێبڵێ و ئەوە بۆی بە مەستەعید. پرسی ناوت چیە ؟ برایم. زۆر باشە برایم کوڕەکەی بۆ خوا دەکردە قوربانی ئەتوش خۆت بکە بەقوربانی !! پیرۆزت بێ و لەو ڕۆشڕا ئەو مامۆستایانە نابێ بڵێن فەقێ برایم، دەبێ بڵێن مەلا بـرایـم. لـەو ڕٶژەوە مام هێمن کردمی بە مەلا برایم و تا ئێستاش هەروا بەو ناوەوە ماومەوە .

لە پێشدا کوتم مام هێمن بەشی زۆری لەگەڵ ئێمە دەبـوو ، شتی دەنوسی ، کتێبی دەخوێندنەوە، ڕۆژانی سێی شەممۆو هەینی کە دەرس نـەبوو دەگەڵ مـوستەعیدەکان شتیان لێک دەپرسیەوە. ڕۆژێک پرسی ، لە نێو فەقێیاندا دەنگخۆش زۆرن ، ئەرێ ئێوە هیچتان دەنگتان خۆش نیە؟ کوتم: بەڵێی دەنگ خۆشمان هەن بەڵام وا دەزانن لە خانەقایە گۆرانی کوتن قەدەغەیە و ئیزن نیە! بەڵی مامۆستا (هەباس و ڕەحیم ) یەک لەیەکتری دەنگیان خۆشترە ، بەڵام مەڵێ ئەمن کتومە. بەڕاستی مەلا (رەحیم ) ئەگەر گۆرانی کوتبایە لێت دیار نەبایە، دەتکوت ئەوە (سەید عەلی ئەسغەرە). کوتی :شەوی هەینی گەڕەلاوژەی دەکەین، بەبێی ئەوەی بڵێین کەس کتویە، خۆمان دەنگ خۆش دەدۆزینەوە. لە بیرت بێ هەر لە ئێستاوە لە تۆڕا دەست پێدەکەین نەڵێی وەڵا لە ڕووم هەڵنایە. کوتم: نا مامەگیان من شەرم ناکەم و گۆرانی خۆشم دەڵێم. با لە بیری نەکەم پیاوێکی باڵا بەرزی خوێندەوارو خەتخۆشێکی دەگمەن کە بەداخەوە ناوەیەکەیم باش لە بیر نەماوە، وابزانم (عەزیز خانی بەردەزەردی فەیزوڵابەگی ) بوو زۆر جار دەگەل مام هێمن دەهات. ئەویش و مام هێمن لە دەوڵەت قاچاغ بوون ، ئەودەم هەرکەس قاچاغ بایە و چوبا خانەقایە پارێزراو بوو. زۆر کەس کە ژنی بەمێردیان هەڵدەگرت یان کەسێکیان بەدەست زایە دەبوو کێشەکەیان بۆ یەکلا نەدەکراوە پەنایان بـۆ (خانەقا) دێناو گرفتەکەیان بۆ حەل دەبوو. هەموو ئەو فەقێیانە لەلای شێخ محەممەد دەرسیان دەخوێند بە منیشەوە. جیا لە زانستەکەی بیاوێکی قسە خۆش و جەفەنگی بوو ، کە دەگەڵت دادەنیشت بۆ ئەوەی خۆی وەک پیرۆز نیشان نەدا خۆی زۆر خاکی دەنواند .

شەوی هەینی هات مەجلیس گیراو مام هێمن کوتی: کاکینە گەڕە لاوژەیەو کەسیش بۆ نیە بڵێی من نازانم یان نایڵێم. لە مەلا برایم ڕا دەست پێدەکەین، دەبڵێ کاکە بزانین چیمان بۆ دەلێی. منیش زۆر بە ئارامی دەستم لە بنان گوێم ناو گۆرانی خەجێ و خەزێنەی خوا لێخۆشبو ماملێم بۆ کوت. زۆری پێخۆشبوو کوتی: ئەوەی لە کوێی فێر بوی؟ کوتم لە محەممەدی ماملێ. تۆ ماملێت لە کوێی دیوە؟ لەسەر داوەتی ماڵە (مارفاغای شاوەلەی) کوتی : زۆرباشە ئەتۆش دەنگت خۆشە. هەر چۆنێک بوو گەڕە لاوژە تەواو بوو. مام هێمن کوتی : ئەوە دەنگ خۆشەکانم دۆزیەوەو ئەو جار هەموو شەوانی سێی شەممۆو هەینی بەزمەکەمان گەرم دەکەین. کوتیان کاکە ئەوە ناکرێ شێخ بزانێتەوە ئابڕومان دەچێی. کوتی: براینە مەلا برایمی دەکەمە قەڕەوڵ ئێشک دەکێشێ، ئەگەر شێخ هات بڕواتەوە ماڵێ کە بێرەدا دەڕوا ئاگادارمان دەکا. کاک (قازیش) بانگ هێشتن دەکەم ئیدی ترسێک لە گۆڕێدا نامێنێ. من بومە ئێشکچی، نازانم بۆچی چەند خولەکێک پۆستەکەم چۆلکرد، کە گەرامەوە دیتم شێخ محەممەد لە پشت پەنجەرە گوێی لە لێهەڵخستون. کوتم قوربان ئەوە بۆ هاتویە ئێرە؟ فەرموی ئێوە گۆرانی خۆتان بڵێن و منیش نیگابانیتان بۆ دەدەم . پاشان کوتی: دەنگی خۆش بەشێکی زیادیە کە خوا بە هەمو کەسی نەداوە، بەشی خواییش دەبێ بەشی بەندەکانی خوای لێبدرێی تاچێژی لێ وەرگرن و بۆ ماوەیەک دەرونیان ئارام و شاد بکەن . بەم چەشنە ئەو سنورەی کە بەناوی شێخ دیاری کرابو بە فەرمانی شێخ لابران . بەسپایی چومەوە ژورو دانیشتم، مەلا هەباس کوتی: کوڕە بۆ هاتویەوە بڕۆ کێشکەکەت بکێشە.. کوتم بەڕێزان بە خاترجەمی گۆرانی خۆتان بڵێن، شێخ ئیزنی داوەو هەر ئێستا لە پشتی پەنجەرە ڕاوەستاوە، داواشی لەمن کردوە هەر شەوێک ئێمە بەزمی گۆرانیمان هـەبـو بـەدزی ئاگاداری بکەم .

بە باوەڕی من کەس ناتوانێ تەعبیر لە مەزنی و بەرزی هەست و سۆزو خۆشەویستی مام هێمن بۆ گەل و نیشتمان بکا ، تەنیا ئەوانە نەبن کە بە سرنجەوە شێعرەکانی دەخوێننەوەو لێزانانە لێکی دەدەنەوە. بەداخەوە ئێمە تا ئێستاش قەدری پیاوە گەورە کانمان لە بوارە جیاوازەکانی خەباتی ڕزگاریخوازانەماندا نازانین، حورمەتی شیاوی خۆیان وەک پیویست ناگرین. هەر شتێکی ئەوان کە بەدڵمان نەبوو ئەگەر دروستیش بێ وەری ناگرین و بە ناڕەوا پەلاماریان دەدەین. باسی ماوەی مانەوەی ئێمە لە خانەقا و بیرەوەریە خۆشەکانی مام هێمن زۆرن کە من بەدرێژی نوسیومن و ئەگەر بۆم بلوێ چاپیان دەکەم و ئەگەریش بۆم نەکرا ئەوە وەک میرات بۆ میراتگرەکانم دەمێننەوە جا نازانم ئەوان چۆنیان ڕەفتار دەگەڵ دەکەن. دوهەمین جار کە چاوم پیێی کەوت لەکۆنفڕانسی نەغەدە بۆ هەڵبژاردنی نوێنەر بۆ کۆنگرەی چوار لە شیرکەتی (دارەلەک) بە خزمەتی گەیشتمەوە . من کە نۆرە قسەم هات و ڕاو بۆ چونی خۆم کوت و لە پشت میکڕۆفونەکە واوە هاتم کوتی: مەلا وەرە، کە چومە لای کـوتی:  هـەوەڵێ نەمناسیەوە بەڵام کە قسەکانت کرد کوتم ئەوە مەلاکەی منە، وادیارە لەوەدا کە کردمی بەمەلا هەڵەم نەکردوە ئەوەی ئێستا تۆ قسەی لێدەکەی ئەوەیە مینبەر بـۆ خـزمەتی گەل و نیشتمان پێموایە خواش هەر ئەوەی لێتان دەوێێ.

دەگەڵ ڕێـزو حورمەتی بێی پایانم بەڕێزەوە یادی دەکەمەوەو دەگەڵ کەس و کارو دۆست و هاواڵانی هاو خەمی دەکەم . ڕووحی شاد بێێ

 براتان مەلا برایمی مەجید پور . ١٦ / ٤ / ٢٠١٦

بابەتی پەیوەندی دار

سی ساڵ بەرلە ئێستا مامۆستا هێمن شاعیری میللی مان لە دەست دا. کاووس عەزیزی


 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی