Hoppa till innehåll
Hem » باشووری کوردستان لە دواکەوتنی مووچەی خەڵک تا پێشکەوتنی ژن قاپاندن!، عارف شێخ ئەحمەدی

باشووری کوردستان لە دواکەوتنی مووچەی خەڵک تا پێشکەوتنی ژن قاپاندن!، عارف شێخ ئەحمەدی

داوبەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی هەڵخەڵەتاندنی ژنێک لە لایەن عەبدولەتیفی مەدخەلی، ڕۆژ نیە کلیپ و قسە و باسی نوێ نەبینین و نەبیستین.jn-upiaw

بەڵام چەند ڕاستییەکی جەوهەری لە واقیعی ئێستای باشووری کوردستاندا هەیە کە بە هیچ شیوەیەک بۆ هیچ کەس و لایەنێک دیزە بە دەرخۆنە ناکرێت و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ جەماوەری کوردستان بە هۆی کەڵک وەرگرتن لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە دواداچونی بۆ دەکەن.

ڕەنگە زۆربەمان مێژووی سەرهەڵدانی کەسایەتی ”مەزدەک بامداد” بزانین کە لە سەردەمی حوکمڕانی قوبادی ساسانی دا بە هێنانی ئاینێکی تێکەڵە لە دژی سیستەمی مەزهەبی موغەکان و کاربەدەستانی ئیمپراتۆری ساسانی چالاکی خۆی دەست پێ کرد و توانی لە ماوەیەکی کەمدا لایەنگر و باوەڕمەندی زۆر بە ئایینەکەی لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە.

لێرەدا نامانهەوێت بە تێروتەسەلی باسی کەسایەتی مەزدەک بکەین و بە وردی خوێندنەوە بۆ مێژووی سەرهەڵدان و سەرجەم چالاکیەکانی ناوبراو بکەین، بەڵکوو تەنیا لە دوو ڕوانگەی هاوشێوەوە باروودۆخی کۆمەڵایەتی و مەزهەبیی حکومەتی ئێران لە سەردەمی قوبادی ساسانی و دەوری یەکجار نێگاتیڤی چینی مەزهەبیی موغ و موسمەغان(گەورەی موغەکان) و هاوکات بەشێک لە داواکارییە ڕاواکانی مەزدەک و وێكچوونی بە باروودۆخی ئەمڕۆی باشووری کوردستان دەشوبهێنین .

مەزدەک کە لە زۆر ڕوانگەی فەلسەفیەوە بە یەکەم فیلسوفی مارکسیست ناو دەبردرێت، کاتێک حاڵەتی چەوسانەوە و فرەژنی و حەرمسرای پڕاوپڕ لە ژنانی لە کوشکی پاشای ساسانی و گەندەڵی لە ڕادەبەدەری موغەکانی زەردەشتی و هەڵسووکەوتی ئەوانی دەدیت، سەرەتا بە ناردنی نامەیەک بۆ کاربەدەستانی حکومەت ڕایگەیاند پێویستە کە پاشای ساسانی دەبێ بە شێوەیەکی یەکسان و ئیشتراکی ژنان دابەش بکات، هەر بۆیەش موغەکان ئەم داوایەی مەزدەکیان بە دژی دەقەکانی ئایینی زەردەشت ناوزەد کرد و خراپیان مانا کردەوە.

 هەر بۆیەش دوای هاتنە سەرکاری خوسرەوی یەکەم (نوشیروان)ی ساسانی، بە داوای پاشا سەرجەم زانایانی ئایینی زەردەشتی و مەسیحی بانگهێشت کران بۆ ئەوەی دەگەڵ مەزدەک و باوەڕەکەیدا دیالۆگی لۆژیکی و ئایینی بکەن، بەم مەبەستەش لە سەرجەم شوێنەکانی ئیمپراتۆری ساسانی موغ و قەشە کۆبوونەوە و بەو ئەنجامە گەیشتن ئەو ئایینە نوێیەی مەزدەک دژی خودایە و هەربۆیەش مەزدەک و شۆڕشە فکرییە مەزنەکەی کەوتنە بە هێرش و پەلامار و لە ناوچوون.

یەکێک لە خواستە ڕەواکانی مەزدەک کە موغەکان بە دەست ئانقەست نەیاندەوسیت پاشای ساسانی گوێی بۆ بگرێت و جێبەجێی بکات و بەشێوەیەکی ناڕاست و گوماناوی مانایان دەکردەوە بریتی بوو لەوەی کە پێویستە هەر تاکێکی کۆمەڵگە ژنێکی هەبێت و ناکرێت هەرچی ژن هەیە لە حەرمسرا و بۆ پاشا و کاربەدەستان و چینی ئایینی موغەکان قۆرخ بکرێت.

بۆچوونێکی دیکەی مەزدەک ئەوە بوو کە هەرچی گەندەڵی و نابەرابەری چینایەتی هەیە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دوو لایەنی موغ و قەشەکان(پیاوانی ئایینی) و هەروەها شەخسی پاشای ساسانی و کارەبەدەستانی وەڵات(پیاوانی سیاسی).

بۆیە بە باوەڕی ئێمەش ئێستا لە زۆربەی وەڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت لە باشووری کوردستان، گەندەڵی و نەبوونی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و نایەکسانی ئابووری و هەژاری و زوڵم لە خەڵک هۆکارەکەی پیاوانی سیاسی و مەزهەبی پێکەوە دەخاتە دوو تای تەرازوویەک.

پیاوانی حیزبی و سیاسی زۆربەیان فرە ژنەیان بە کردەوە قەبووڵە و هاوکات پیاوانی مەزهەبیش بە هەمان شێوە، پیاوانی سیاسی لەمەڕ پەکنەکەوتنی سیستەمی دەسەڵاتەکەیان پێویستیان بە پیاوانی مەزهەبیە و هەر بۆیەش لە زۆر کرداری خراپی ئەوان چاوپۆشی دەکەن و زۆرجاران یاسا و ڕێسای وەڵات فیدای چاوی چەند کەسایەتیەکی ئایینی دەستەمۆی خۆیان دەکەن.

بە بۆچوونی بەندە دەبێت بە وردی خوێندنەوە بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە بکرێت:

یەکەم: کێشەکە تەنیا ئەوە نیە لەتیفی مەدخەلی دەیهەوێت ژنی سێهەم بێنێت و لاسای گەورە پیاوانی سیاسی و ئایینی دیکە بکاتەوە، بەڵکوو وەک چۆن ڕوانگەی مەزدەکیەکانیش بوو، لەم کۆمەڵگەیەدا کە جەنابیان دەیانهەوێت ژنی سێهەم بخوازێت بە هەزران کوڕی گەنج لەمەڕ نەبوونی و هەژاری ناتوانن هاوسەرگیری بکەن کە بێ شک و گومان لە ڕەنگ و روخساردا و لە دڵ و دەرووندا زۆر لە لەتیفەکان جوانتر و ڕاستگۆتر و پیاوترن.

دووهەم: بە هەر پێوانەیەکی سەردەمیانە کردوەی لەتیفی مەدخەلی هەڵسەنگێنین دەستی حیزب و سیاسەتی لایەنێکی دیاریکراو دردەکەوێت کە بە میدیا و پارە و سیاسەت پشتگیری ناوبراو دەکەن و هاوکاتیش لایەنێکی دیکەی سیاسی بەرامبەر دەیانهەوێت تەنیا بە فیکە و هات و هاوار و بە بێ خوێندنەوەیەکی لۆژیکی و هەبوونی چارەسەر بیکەنە مەیدانی شەڕی خۆیان و ئەوەی لەم ناوەدا قوربانی دەبێت مافی هاوڵاتیانی ئاسایی کوردستانە.

سێهەم: بۆ دەبێت کچێک کە تەمەنی ڕێک لە تەمەنی نەوەکانی لەتیفی مەدخەلی دایە ببێتە قوربانی مرۆڤێکی درۆزن کە بە ڕیش و پەشمێکی ڕواڵەتیەوە وا دەنوێنێت سکاڵای خەڵکی وەردەگرێت، کەچی لە ڕاستییدا وەک گورگ لە پێستی مەڕدا خۆی بۆ نێچیرێکی جوان و ڕێک و پێک تر شاردۆتەوە و بە پاساوی ئایین و مەزهەب و بەداخەوە بەشێک لە دەسەڵاتیش هەلی بۆ دەرەخسێنێت.

چوارەم: باشە ئەگەر ئەو دەسەڵاتە سیاسیەی باشووری کوردستان خۆی لە خۆیدا لە لەتیف درۆزنتر و گەندەڵتر و فێڵبازتر نەبێت و بۆخۆی ڕۆژانە قوتی خەڵک نەدزێت و مووچەیان دوا نەخات، چلۆن لەتیفەکان دەتوانن لەم بێ پارەیە و بێ مەعاشیەدا پەلاماری کەرامەتی کەسانی دیکە بدەن و کچانی کەم تەمەنتر لە خۆیان هەڵخەڵەتێنن و هاوسەرگیری دەگەڵ بکەن.

 

نووسەر خۆی بەرپرسە لە ناوەرۆکی نووسینەکەی 

…………..

پێشمەرگەکان: دوای ئەوەی ئەم تۆمارە دەنگیە لە سەر پەیوەندی نێوان عەبدوللەتیف و چاوان خسرەوی قوتابی بڵاو بۆوە،  هەم مەلا و هەم چاوانی 22 ساڵە ئەمەی وەدرۆ خستەوە، بەڵام ئێستا مەلا چاوانی کرد بە سێهەمین هاوژیانی خۆی و ئێستا بۆتە باسی ماڵپەڕەکانی باشووری کوردستان.

  بەشێك لە تۆمارە دەنگییەكانی عەبدوللـەتیف سەلەفی