Hoppa till innehåll
Hem » ئیلێرییەکان دەوڵەتی سەربەخۆ و ئێمەش ئیمارەتی عەشاییری، عارف شێخ ئەحمەدی

ئیلێرییەکان دەوڵەتی سەربەخۆ و ئێمەش ئیمارەتی عەشاییری، عارف شێخ ئەحمەدی

نەتەوەی ئیلێری ”ILLYRI” یان ئاڵبان لە ئێستادا نزیکەی شەش میلیۆن کەسە و خاوەنی دوو وڵات و دوو دەوڵەتی سەربەخۆییە بە ناوی ئاڵبانی یان ”ئێشچیپێری” و کۆسۆڤۆ.aref-shexahmadi-00

ڕەنگە لە داهاتووییەکی نزیکدا بەشێکی دیکە لە نەتەوەی ئیلێری کە لە حاڵی حازردا دەگەڵ نەتەوەکانی یۆنانی و تورک لە ناو دەوڵەتی مەقدوونیە دا دەژین بە هۆی زیادبوونی حەشیمەت و هەروەها کۆمەڵێک کێشە و گرفتی دیکە دەگەڵ نەتەوەکانی ناو مەقدوونیە، داوای سەربەخۆیی و جیابوونەوە لەم وڵاتە بکەن و بەمجۆرە دەوڵەت و وەڵاتی سێهەمیش لە سەر زێدی باب و باپیرانی خۆیان ساغ بکەنەوە.

Kosovo-

لە ئێستادا وڵاتی ئاڵبانی بە سێ میلیۆن کەس دانیشتوانی خۆیەوە لە زۆر ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دا حیسابی بۆ دەکرێت، دەوڵەتی ئاڵبانی ئەندامی ڕێکخراوی ناتۆیە و هەروەها وەک تەنیا ئەندامی ڕێکخراوی کۆنفڕانسی ئیسلامی لە ئورووپا دەناسرێت.


حکومەتی ئەم وڵاتە دێمۆکراسی پەرلەمانیە و سیستەمی ئابوورییەکەی لە جۆری ئابووری ئازادە و لە ساڵی ۲۰۰۹ وە داوای ئەندامیەتی لە یەکێتی ئورووپا کردووە.

وڵاتی نەتەوەی ئیلێری لە مێژوودا چەند جارێک داگیرکراوە، سەرەتا لە لایەن یۆنانیەکان و پاشان ئیمپراتۆری ڕۆم و دواتر ئیمپراتۆری تورکانی عوسمانلی و لە چاخی نوێشدا لە لایەن ئاڵمانی نازییەوە بۆ چەند ساڵێک داگیر کراوە.

دەتوانین بڵێین لە پاش سەردەمی ڕۆمەکان، زۆرترین و درێژترین ماوەی داگیرکاری وڵاتی ئاڵبانەکان سەردەمی تورکانی عوسمانی بووە، چونکە تا چاخی چواردەیەمی زایینی هیچ داگیرکەرێک نەیتوانیبوو شۆڕشگێڕانی ئیلێری لە چیاکانی خۆیان بهێنێتە خوارەوە و چۆکیان پێ دادات و حکومەتێکی بەهێزی ناوەندی جیاواز لە کلتوور و بە پێچەوانەی خواستی ئەوانەوە لە سەر ئاخی داگیرکراویان دامەزرێنێت.

سەرەتا زۆربەی ڕۆشنبیرانی مەسیحی و دواتر موسڵمانی ئەم وڵاتە ویستیان کۆمەڵگەیەکی جیاواز لە خواستی تورکی عوسمانی درووست بکەن و تورکەکان وەک داگیرکەری خوێنمژ پێناسە بکەن. هەر بۆیەش گەڕانەوە بۆ باوەڕی ئایینی پێشووتری خۆیان و ناساندنی شوناس و کلتووری نەتەوەیی پێش داگیرکەری عوسمانلیان کردە درووشمی خەباتی خۆیان و سەرکەوتنیان مسۆگەر کرد. وەک دەبینین دواتریش دەوڵەتی کۆمۆنیستی ئەڵبانی لە ساڵی ۱۹٦۸ ئەسکەندەر بەیگ” گیرگی کاستریۆتی” یان وەک قارەمانی نەتەوەیی ئەم وڵاتە دیاریکرد.

ئەسکەندەر بیک کە لە منداڵی دا موسڵمان بوونی خۆی ڕاگەیاندبوو و لە کۆشکی سوڵتان مورادی عوسمانی دا گەورە ببوو، گڕابوویەوە سەر باوەڕی مەسیحیەت و زیاتر لە بیست و پێنج ساڵ شەڕی داگیرکەری عوسمانی کرد و ئاڵاکەی نەخشاندبوو بە ڕەنگی سوور کە وێنەی دوو هەڵۆی ڕەشی تێدابوو و نەتەوەی ئیلێری ئەوەیان بە هێمای نەتەوەیی و مێژویی خۆیان دەزانی. ناوبراو قسەیەکی زۆر مەشهووری هەیە کە دەڵێت ” من ئازادیم بۆ ئێوە نەهێناوە بەڵکوو لێرە لە نێو جەرگەی ئەم شۆڕشە مەزنەی ئێوەدا دۆزیومەتەوە”.

دوای شکست پێ هێنانی ئیمپراتۆری عوسمانی لە ساڵی ۱۹۱۲دا، دەوڵەتی ئاڵبانی و دواتریش کڵێسەی ئۆرتۆدۆکس لەم وڵاتە سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاند.

پاشان بە هۆی کێشمەکێشی ڕووسەکان و ئۆتریش، لە ساڵی ۱۹۱۳دا، لە نێوان دوو زلهێزی ئەوکاتی ئورووپا واتە ئاڵمان و بریتانیا کۆنفڕانسێک لە شاری لەندەن بەڕێوەچوو و ویستیان بە درووستکردنی فەرمی دەوڵەتی ئاڵبانی، ڕێگربن لە دەستڕاگەیشتنی دەوڵەتی سربیستان بە دەریای ئازاد کە ڕووسەکان پشتیوانیان دەکرد و بەمجۆرە سەربەخۆیی یاسایش بۆ ئاڵبانی دەستەبەر کرا.

لە دەسپێکی شەڕی جیهانی دووهەم دا، بۆ جارێکی دیکەو بەڵام کورت ماوە، ئاڵمانی نازیی ئەم وڵاتەی داگیر کردەوە و بەشێکی زۆری جوولەکەکانی سەرجەم ئورووپای بۆ ئۆردووگای خۆی لە ئاڵبانی ڕەوانە کرد.

دوای تەواوبوونی شەڕی جیهانی دووهەم، دەسەڵاتی کۆمۆنیستی بۆ پەنجا ساڵ حوکمی ئەم وڵاتەی کرد و لە ساڵی ۱۹۹۰دا دەوڵەتی کۆمۆنیستی ”ئەنوەر خۆجە” لە ناو چوو و ساڵێک دواتر کۆماری ئاڵبانی لە لایەن خەڵی ئەم وڵاتەوە بونیاتنرا.

مخابن، ئێمەی کوردیش بە نزیک چل میلیۆن کەس و ئاخی دەوڵەمەند و سنووری زۆری کوردستانەوە دەگەڵ ئەو هەموو شۆڕش و بەرخۆدانە قارەمانانەی بەرانبەر بە دگیرکەرانی کوردستان لە مێژوودا تۆمار کراوە، کەچی نە تەنیا دەوڵەتێکمان بۆ خۆمان ساغ نەکردووەتەوە بەڵکوو تا ئێستاش لە باشووری کوردستان ئێمارەتی تاڵەبانی و بارزانی و دوو شاری هەولێر و سلێمانی ناتوانن لە یەکتر حاڵی بن و سەرەڕای ئەوەش لەمڕۆدا ئیمارەتی چکۆلەتریان لە ناو خۆیان دا لێ دەبێتەوە.

لە ئێستادا و لە باشووری کوردستان سێ ئیمارەتی قەندیل بە سەرۆکایەتی پ.ک.ک و ئیمارەتی بادینان و هەولێر بە سەرۆکایەتی مەسعوود بارزانی و ئیمارەتی سلێمانی و گەرمیان بە سەرۆکایەتی بنەماڵەی تاڵەبانی تێدا بەدیدەکرێت.

لەم ناوەشدا بزووتنەوەی گۆڕان وحیزبە ئیسلامیەکان و شیوعی و سۆسیالیست و حیزبەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان هەوڵ دەدەن یان پەرلەمان و مزگەوت و تەکیەی ئەم ئیمارەتانە وەرگرن یان خود وەک پارتە سیاسیەکانی پارچەکانی تر دەیانهەوێت لاسایان بکەنەوە و ڕێک دەخوازن کۆپی پەیستی ئەوان بن بۆ دواڕۆژی ئازادی بەشەکانی دیکەی کوردستان.

لە ساڵی ۱۹۹۱وە کە باشووری کوردستان ڕزگار کرا تا هەنووکە و سەرەڕای تەواوبوونی شەڕی ناوخۆ و ڕووخانی ڕێژیمی بەعس و ئازادکردنی تەواوی ناوچه دابڕاوەکان و گڕانەوەیان بۆ سەر سنووری کوردستان، هێشتا سەرکردایەتی سیاسی کورد لە باشووری کوردستان هیچ هەوڵێکی جیددی بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی حیزبی ئەنجام نەداوە و ناشیهەوێت باروودۆخەکە لە دەسەڵاتی حیزب و بنەماڵەوە بگۆڕێت بۆ دامەزراوەی یاسایی ڕێک و پێک و هیچ پلانێکی ئەوتۆیان نیە بۆ ڕێکخستنی بنەماکانی بە دەوڵەت بوونی نەتەوەی کورد.

لە ئاستی نێودەوڵەتیش دا، سەرکردایەتی سیاسی کورد هیچ هەوڵێکی گرینگ و بەرچاویان نەداوە و سەرەڕای ئەو هەموو دەوڵەمندییەی کوردستان، ڕێبەرانی باشووری وڵات زیاتر خەریکی قەرز و فەڕزن بۆ دابینکردنی مووچەی خەڵک و دەربازبوون لە قەیرانی دارایی کە هەر ئیمارەت و دەسەڵاتی خراپی خۆیان لە پاش دوو دەیە حوکمڕانی عەشاییری ئەم وەزعەی درووستکردووە. هێزی پێشمەرگەش بە فەرمانی ڕێبەرانی کورد کراونەتە کڵاو سووری پێش لەشکری ئەمریکا و ڕووسیە و لەم ناوەشدا تەنیا حوکمی دەستماڵی سەرچۆپی یان هەیە بۆ زلهێزەکان لە ناوچەکەدا.

بۆیە لە کۆتایی دا دەبێ بگوترێت نەتەوەکانی دیکەش بە درێژایی مێژوو وڵاتیان داگیرکراوە و تووشی مەینەتی و ناخۆشی بوون، بەڵام ڕێبەرانی سیاسی ئەوان گەلەکەیان نەکردووەتە قوربانی سات و سەودای بنەماڵە و حیزب و ئیمارەتی سیاسی خۆیان، بەڵکوو هەموو شتێکیان فیدای خاک و نیشتیمانی خۆیان کردووە، بۆیە وەک دەبینین نەتەوەی ئیلێری یان ئاڵبان توانیویانە دەوڵەت سەربەخۆی خۆیان درووست بکەن بە پێچەوانەی ئیمارەتی برایانی باشووری کوردستانەوە.