لەجەرگەی بوونەوەرەزیندووەکاندا، گیانلەبەرێک سەری هەڵداوە کە دواتر، ناوی”مرۆڤ”یان لێناوە. ئەم دیاردەی سرۆشتە، هەم خاوەن سۆزو خۆبەخشە و هەم بۆزە و بێویژدان! 
زۆرجار لەئەنجامدانی کاری چاکدا، هێندە هەڵدەکشێ، پەسنی فریشتە و پەری وەردەگرێ و زۆرجاریش، لە کردار و بیرو بروادا، هیج گیانلەبەرێکی دڕندە، باڵ لە شاباڵی ستەمی نادا! لەم بوارەدا، چاوچنۆک و پاوانخوازە و هەموو بەرهەمی سرۆشت و کۆمەڵگاو بەهاکانی تەنیا بۆ خۆی دەوێ و کەس لە دەوروبەریدا نابینێ! تەنیا لە بیری پاراستنی بەرژەوەندی خۆیدایە و ئەگەر کەسانیتر، بیانەوێ وەک ئەو خاوەن ماف بن، لای ئەو دێو و درنجن و ڕشتنی خۆێنیان رەوایە!
ئەمانە، هەرچەند لە کۆمەڵگای گەورەی جیهانیدا دەژین، ئامادەنین، مل بۆ یاساو ڕێسای ئەو کۆمەڵگا، دابنوینن و” مرۆڤ” وەک مرۆڤ ببینن چی بۆ خۆیان پەسند دەکەن، بۆ ئەویش بەڕەوای بزانن! بۆ پاساودانی ئەم لاساری و لادانە، پەنا دەبەنە بەر بڕوا گەلێکی دژ بە ژیربێژیی و دوور لە هۆشیاری مرۆڤایەتی کە هەزاران ساڵ پێش، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەوکات، دۆڵمە پێجکراون. سەیر لەوە دایە، بۆ دامرکاندنی بیری قەتیسماوی دژە مرۆڤیی خۆیان، زۆر جاریش، چەمک و یاساو ڕێسای ئەو بروا گەلەش، پیشێل دەکەن! سەیرتر لەوە، بە میلیونان خەڵکی وڵات و تەنانەت دەوروبەریش، لەوانە و لە بڕوادواکەوتووەکانیان پەیرەوی دەکەن و بە فتوای ئەوان، مافخوازان تێرۆر دەکەن یان لە سیدارەیان دەدەن و بەمجۆرە لەگەل یاساو رێساگەلی پەسندی جیهانی مرۆڤایەتی، دژایەتی دەکەن!!
ئەم ئافڕێندراوانەی سرۆشت،٣٧ساڵ پێش، لە ئێران و لە گوڕستانی نەزانینەوە سەریان هەڵدا و جڵەوی دەسەڵاتی وڵاتیان گرتە دەستەوە! دینی ئیسلامیان کردە قەڵخان و بە کردەوە، زۆر لە یاساو ڕێساگەلی ئەو دینەشیان خستە پشت گوێ. کۆشتیان و لە سێدارەیان دا و تاڵانیان کرد و ئەوەی ویژدان بهەژێنێ ئەنجامیان دا! هەرکەس و گروپ و نەتەوەیەک خوازیاری یەکسانی ماف لەگەڵ ئەوان بوو، بە راڤەکردنی ئایەتەکانی قورئان، خوێنیان کردە کەڵەشاخ و بە ئاور و ئاسن وەڵامیان دایەوە!
ئەوەتا ٣٧ساڵە بۆ نموونە کورد لەئێراندا، خوازیاری یەکسانی مافە و بە شێوەی جۆراوجۆر، لەگەڵ بەرپرسانی رژیم، بەرەوروو بووگە. لە کاتی لاوازیاندا، گوتاری ”وتووێژیان”، پێشنیارکردو لە کاتی دەسەڵاتدا، بە فتوای جیهاد و بە کۆ هێرشیان کردەسەر خەڵکی بێتاوانی کوردستان و وەک داگیرکەرێکی درندە، لەگەل ئەو خەڵکە بەرەوڕوو بوون! شار و گوند و چیا و دۆلیان پڕ کرد لە چەکداری بەکرێگیراو و بەکردەوە نیشانیان دا، بێجگە لە داپڵۆسین، ژیربێژییەکیتر ناناسن! بۆ چاو ترساندن و کپکردنی دەنگی ئازادیخوازی، هیتلێر ئاسا، دەسگیریان کردن، بەندیان کردن و بەکۆ کۆشتیان و سنووری مرۆڤایەتییان بەزاند. داوای ڕێکخراوی سیاسی کوردیان، بۆ کۆتاییهێنان بـەو دۆخـــە و تیکۆشان بـــۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکی مرۆڤدۆستانەیان، بە تیرۆر لە سەر مێزی وتووێژ، وەڵام دایەوە! دواتر دەستیان لەو خەڵکە هەڵنەگرت و بە تاوانی پێوەندی بەو رێکخراوانەوە، دەیان و سەدان کەسیان بەند کرد یان لە سێدارەیان دان!
هەرچەند، خۆیان بە ئیسلامەوە گرێداوە، وەک باسم کرد، دژ بە یاساو ڕیسای ئەو ئیسلامەش، رەفتاردەکەن! ئەوەتا لە قورئاندا هاتووە ”ئەی خەڵکینە! هەر لە نێرومێ یەکەوە، ئێوەمان وەدی هێناوە و کردوومانن بە چەند گەلێک و چەند هۆزێک، هەتا یەکتر بناسن. بەڕێزترینتان لای خودا، پارێزگارترەکانتانن و خودا زانا و ئاگادارە، الحجرات١٣”. لێرەدا ناسین بە واتای ناسینی ئەو ”جیاوازیگەلە”یە، وەک جیاوازی فەرهەنگ بە گشتی و لەودا زمان بە تایبەتی. ئەوەتا لە سەر جیاوازی زمان و ڕەنگ، لە قورئانە وەلانراوەکانیاندا هاتووە: ”هەر لە نیشانەکانی ئەوە، داهێنانی ئەم ئاسمان و زەوینە و وێک نەچوونی زمانی پێ ئاخافتن و ڕەنگ و ڕووتان، کە لەمەدا بەڵگە زۆرن بۆ زانایان، روم ٢٢”. بەڵی بۆ زانایان نەک بۆ گەمژە و خۆ بەزلزان!
وەک دەبین لەوێدا، ئەم جیاوازیگەلە بە نیشانەی دەسەڵاتی ئافڕاندنی جیا لە یەکتر دیتە ئەژمار، بەڵام ئاخوندی پەناگرتوو، لە سێبەری ئەو کتێبەدا، لەبەر خۆ بەزلزانی و بێ منەت بوون لە خەڵک و خودا، ئەم باسە ناناسێ و ڕەفتاری پێ ناکا و بە پێجەوانەی چەمکی ئەو ئایەگەلە، ڕێگانادا، کورد یان نەتەوەکانی دیکە بۆ پەروەردەی زاڕۆک لە زمانی خۆیان کەڵک وەرگرن و بە کورتی ئەو مافە سرۆشتییەی لێی پاوانکردوون!
گەلۆ، لێرەدا، ئێمە چ بکەین؟ ڕیپێوان، نا، سکاڵا، نا، وتووێژ یان نا یان تیرۆر! وڵات ملیتاریزە کراوە، و داروبەرد، ئاوروئاسنە! ئایا دەست لە سەر دەست دابنین و مل بۆکویلەیی و ژێردەستی و بێ مافی دابنوێنین و دژ بەو ستەمە رووت و بێشەرمانە هەڵوێست نەگرین، یان نرخی ئازادی بدەین و بە دیکتاتۆر بێژین”نا”؟ و مێرانە وەک مرۆڤی ئازادە و ئازادیخواز، بچین بەگژ داگیرکەر و ستەمگەر و ماف پێشێلکەردا؟
ئەگەر بیتوو ئێمەی کوردی ئاوارە و سامان زەوتکراو و وڵات پەل پەلکراو، لە پاوانخوازی و کرداری ڕابۆردوومان سەبارەت بە یەکتر واز بێنین، ئەوە بخەینەوە بیری خۆمان کە ئەو پەسنە ناپەسندە، لە ٣٧ساڵی رابۆردوودا، چ بەڵایەکی وەسەرهێناین و لانی کەمی زیانەکەی ئەو کێشە و ململانێیە، زالبوونی رژیمی ئێران بە سەر کوردستاندا، و پێکهێنانی ئەو دۆخەیە کە ئێستا تێداین، ژیربێژی و ئەمەگناسی بۆ خەڵکەکەمان، داوامان لێدەکەن، یەکبگرین، و بـــە کـــۆ و بـــە پشتیوانی گەلەکەمان، جارێک بۆ هەمیشە بچینەوە بەگژ ستەمکارە بێویژدانەکانی کۆماری ئیسلامیدا. گومان لەوەدا نییە، هیچ هێزێک لە دنیادا نییە، لە بەرانبەر یەکگرتوویی و هێزی گەلدا بەربەرەکانێ بکا.
خەلێقی٢٩/٨/٢٠١٦، سوید.