Hoppa till innehåll
Hem » لە ناو بەلبەشۆی سوریەدا پلانی گەمەی ئێران وەدی دێ: ڕێگەیەک بەرەو دەریای ناوەڕاستم، و. قاسم رەیانی

لە ناو بەلبەشۆی سوریەدا پلانی گەمەی ئێران وەدی دێ: ڕێگەیەک بەرەو دەریای ناوەڕاستم، و. قاسم رەیانی

چەکدارانێکی بە هۆی ئێرانەوە کۆنترۆڵ دەکرێن، ئامادەن ە باریکە ڕێگەیەک بکەنەوە کە دەسەڵاتێکی یەکجار زۆر لە ناوچەکەدا  بۆ ئێران فەراهەم دەکا.qasem-riani

نەک زۆر دوور لە موسڵ هێزێکی زۆری سەربازی سەرقاڵی تەواوکردنی پلانێکن کە سێ دەهەیە خەریکی داڕشتنین. ئەو هێزانە چەکدارانی شیعەن کە بە دژی داعش شەڕیان کردوە، بەڵام لە هێرشی داهاتوو بۆ ئازاد کردنی دووەمین شاری مەزنی ئێراق لە دەستی داعش دەورێکی ڕاستەوخۆیان نەدراوەتێ.

لە باتیانی، هاوکات کە ئەڕتەشی ئێراق لە باشوورەوە هێرش دەکاتە سەر موسڵ، ئەو هیزە چەکدارانە دۆخێکی بەربەست کردن  بەرەو ڕۆژئاوا دەگرن هەتا بەری دەربازبوونی داعش بەرەو دوایین پێگەکەیان ڕەقە لە سوریە بگرن. نەبوونی ئەوان نیشانەی دڵنیا کردنەوەی موسلمانەکانی سونی موسڵە کە لە گرتنەوەی شار دا فشاری تایفەگەریان بە دژی ئەنجام نادرێ. بە هەر حاڵ، لە ناو ئەڕتەشی شیعەسالاری ئێراق دا بڕیاری چەکدارانی شیعە لە ئاست دوور مانەوە لە شەڕی موسڵ وەک ڕەتکردنەوە چاو لێدەکردرێ.

ئێستاش لە نێو پشتیوانانی چەکدارانی شێعە لە ئێران دا هێندێک دڵ نیگەرانی لە ئارا دا هەیە. لە سەرەتای درووست بوونیانەوە، چەکدارانی شیعە ناویان لە مەیدانەکانی شەڕی ئێراق دا تۆمار کردوە، بەڵام ئەوان هەمیشە لە بەرزەفڕییەکانی تاران دا لە شوینی تر لە ناوەند دا بوون. بە یارمەتی نەدان بە گرتنەوەی موسڵ، ئەو چەکدارانە دەستیان ئاواڵایە بۆ وەگەڕ خستنی یەکێک لە پڕ لایەنگرترین پڕۆژەکانیان واتا، دەستەبەرکردنی کەوانێکی نفوز لە ئێراق و سوریە دا کە کۆتاییەکەی دەریای ناوەڕاست دەبێ.

ئەو باریکە ڕیگەیەی ڕۆژئاوای موسڵ کە چەکدارانی شیعە عەملیاتی لێ دەکەن، بۆ ئامانجەکە گرینگە. دوای 12 ساڵ کێشە لە ئێراق و هەروەها کێشەی توندوتیژتر لە سوریە، ئێران پتر لە هەر کاتێک نزیکترە لە دابین کردنی داڵانێکی زەمینی کە ناوچەدا لەنگەر داکوتێ و، ئەو دەرفەتە دەخۆڵقێنێ کە بوونی کۆماری ئیسلامی بۆ لای وڵاتانی عەڕەبی بگوێزێتەوە. کاربەدەستێکی ئوڕووپایی کە ڕؤڵی ئێرانی لە هەر دوو شەڕی پێنج ساڵی ڕابوردوو چاوەدێری کردوە، کوتی ”ئەوان زۆر بە سەختی و وردی لە سەر ئەو پڕۆژە کاریان کردوە. ئەوە بۆ ئەوان لە لایەک پرسی شانازییە و لە لایەکی تریش پراگماتیسم. ئەوان توانای گوازتنەوەی خەڵک و کەرەسەیان لە نێوان دەریای ناوەڕاست و تاران دەبێ هەر کاتێک بیانهەوێ و، ئەوان بە تەمان کە هەموو ئەو ڕێگەیە بە هۆی خەڵک یان نوێنەری خۆیان دەستەبەربەر بکەن.”

بە گوێرەی وتوووێژەکانی چوار مانگی ڕابوردوو دەگەڵ کاربەدەستانی ناوچە، ئێراقییە بە نفووزەکان و دانیشتوانی باکووری سوریە، ئەوەی دەرخستوە کە ئەو داڵانە زەمینییە لە ساڵی 2014وە بە شێنەیی شکڵی گرتووە. ئەوە ڕێگەیەکی پڕ پێچ و خەمە کە بە سەرانسەری ئێراقی عەڕەب، باشووری کوردستان لە باکوور تێدەپەڕێ و دەچێتە ناو ڕۆژئاوای کوردستان لە باکووری ڕۆژئاوای سوریە بەرەو مەیدانەکانی شەڕ لە باکووری ئالیپۆهەڵدەکشێ، کە ئێران و هاوپەیمانەکانی تێی دا دەستی باڵایان هەیە. ئەوە لە بن لووتی دۆست و دوژمن رووی داوە، ئەوە لەو دواییانە دا بووەتە هۆی لێدانی زەنگی مەترسی لەم حەوتوانەی دوایی دا. تورکیا بە تایبەت دژایەتی خۆی دەربڕیوە، لە ترسی ئەوەی کە ئەو گۆڕانکارییە چ مانایەکی بۆ پەیوەندی نیوان ئێران و پ.ک.ک (پارتی کرێکارانی کوردستان) دەبێ، کوردەکانی نائارام لە ناوەڕاست دا کۆڵەکەیەکی گرینگی پلانەکەن.

ئەو پڵانە بە دەست کاربەدەستانی باڵا و ئەمنییەتی لە تاران، بەغدا و دەمیشق داڕشتراوە، .هەمووی ئەوانەش ملکەجی سەرنووکی سیاسەتی دەرەوەی ئێران هێزی قودسی سەر بە سپای پاسداران بە سەرۆکایەتی ژێنڕاڵ قاسم سولەیمانیین، کە شەڕی سوریە و ئێراقی بەڕێوە بردوە. قسە لە گۆڕانی دیمۆگرافییە کە لە ئێستاوە لە ناوەندی ئێراق پیادە کراوە و بەرەو باکووری سوریە بەڕێوەیە. ئەو پلانە بە قورسی بەستراوەی پشتیوانی ژمارەیەک هاوپەیمانە کە بە گوێرەی پێویست ئاگاداری ناوەڕۆکی بەرنامەکە نین بەڵام، بەرجەوەندییەکی پەرەسەندوویان لە داکوتانی جودای قاچیان لە پڕۆژەکە دا هەیە.

ئەو داڵانە لەو خاڵە ڕا دەستپێدەکا کە ئێران پێی دا بۆ ناردنی کەرەسە و هێزی ئینسانی بۆ ئێراق لە 12 ساڵی ڕابوردووە سوودی لێ وەرگرتووە. ئەوە هەمان هێڵە کە سپای قودس بۆ شەڕی پارتیزانی دژی هێزەکانی ئامریکا کاتی داگیرکردنی وڵات سوودیان لێ وەرگرتوە، ئەم هەرەوەز بەهۆی هەمان چەکدارانی ئێراقی کە شەڕەکەیان کرد ئەنجام دەدرێ و، لەوە کاتیشەوە تێوەگلاوی شەڕ بە دژی داعش بوون.

گرووپگەلی، عەسایبی ئەهلی هەق، کەتائیبی حیزبوڵا و لقەکانی سەر بە ئەوان، عودەداری 25٪ لە قوربانییە کانی ئەمریکا لە بەرەی شەڕ دا بوون. ئەوان لەوەتی هێزەکانی ئامریکا وڵاتیان بەجێهێشتوە نفوزیان پتر بووە. لە یەکێک لە گاڵتەجاڕییەکانی شەڕی مودێرن دا، لەو دوو ساڵەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ شەڕ دژی داعش گەڕاونەتەوە ئێراق لە هەمان کات دا جار جار لە ژێرپۆششی هەوایی ئەمریکا دا شەڕی دژی داعشیان کردوە.

ئەو هێڵە بە نێو بەعقوبە، ناوەندی پارێزگای دیالە نزیک بە 60 مایلی باکووری بەغدا دا تێدەپەڕێ. ئاسایشی جادەکان کە بە هۆی ئەو چەکدارنەی کە لە وێندەرێ بە ناوی ”حەشدی شەعبی” ناسراون دابین کراوە و، بەرەو باکووری ڕۆژئاوا ناوچەیەکی گرووپی تێرۆریستی داعش لەو دواییانە دا داگیری کردوە خۆ ڕادەکێشێ. شاری شیرقەت لە پارێزگای سەلاحەدین ناوچەیەکی گرینگە. ئەو شارە بە هۆی حەشدی شەعبی و هێزەکانی ئێراقی لە ڕێکەوتی 22ی سیپتامبر دا گێرایەوە و، زەبرێک بوو لە گرووپێکی دیکەی تێرۆریستی و یارمەتییەکی گەورە بە بەرزەفڕییەکانی ئێران. ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی شێعە ئێستا لە شاری شیرقەت دامەزراون و، ئامادەن کە بەرەو کەناری ڕۆژئاوای موسڵ بڕۆن، بۆ شوێنێک نزیک بە 50 مایلی باشووری ڕۆژئاوای شەنگال، کە لەم شوێنەوە، هەنگاوی دوایی دەنرێتە ناو داڵانەکە. نێوان هێزەکانی حەشدی شەعبی و شەنگال شاری تەل عەفەر پێگەیەکی داعەش، هەڵکەوتووە کە شوێنێکی مێژوویی سونی و تورکمەنی شیعە بووە.

ئەفسەرێکی پایەبەرزی دەزگای سیخوڕی کوتێ کە هەنگاوی نێوان تەل عەفەر و شەنگاڵ بۆ پڵانەکە زۆر گرینگە.

شەنگاڵ شوێنی کەونی ئیزەیدییەکانە. شەنگاڵ بە هۆی هێزەکانی کورد لە مانگی نۆڤێمبری ڕابوردوو دا گیرایەوە. لەو کاتەوە هەتا ئێستا هێزەکانی پ.ک.ک لە سنووری سوریەوە لەو شارە و لە سەرانسەری دوەور و پشتی چیای یەکپارچەی زەبەلاحی شەنگال نیشتەجێ بوون. دەوڵەتی ئێراق مووچەی شەڕڤانانی پ.ک.ک دەدا و بە حەشدی شەعبییەوە گرێدراون. کاربەدەستانی دەزگای سیخوڕی ئێراق و ڕۆژئاوا دەلێن ئەو حەڕەکەتە لە لایەن فەلاح فەیاز ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەییەوەپەسەند کراوە.

شێخێکی بە نفوزی عەشیرەتی ئێراقی، بە ناوی عەبدولرەحیم ئەلشەماری، وەک کەسایەتییەکی کلیلی لە ناوچەی باکوورترە. ئەو لە سەر سنووری سوریە خاوەن مەقەڕ(رەبیعە)ێکە و، لە لایەن حەشدی شەعبییەوە پشتگری دەکردرێ و لە ڕژیمی ئەسەد لە دیمیشق نزیکە، ئەو لە بەغدا بە گۆڤاری ئۆبزێڕڤێر دەڵێ ”بە باوەڕی من لە ناوچەی ئێمەدا ئێران زۆری نفوز نییە، هیچکەس لێرە نییە، هیچ زلهێزێک لە بابەت چەکەوە  یارمەرتیمان نادا. لە ئاست ئیدئۆلۆژییەوە پ.ک.ک پەیوەندی بە کوردانەوە هەیە، کە واتا بوونی ئەوان هیچ گرفتێک نییە.”

لەو ڕەبیعەوە ڕێگەی باسکراو بە تەنیشت شارەکانی قامیشلو و کوبانێ بەرەو عەفرین دەچێ کە هەموویان بە دەست شەڕڤانانی کوردی یەپەگەوە کۆنترۆڵ دەکرێن.یەپەگە جارجار بە دژی داعش هاوپەیمانی ئەمریکا بووە و کاتی تریش لە تەنیشت ڕژیمی سوریا بووە. سەرچاوەیەکی ئوڕووپایی کوتی ”ئێران پێی وایە ئەوانی لە شوێنێک هەیە کە دەیهەوێ ئێستا لەوێ بن، من دڵنیا نیم کە تورکەکان بە درووستی هەڵسەنگێندرا بن، بە هەر حاڵ.”

لە گشت خاڵەکانی نێوان تاران و قەراخ ئاوەکانی سوریە دا، شاری ئالێپۆ هەموو هێز و وزەی ڕژیمی ئێرانی لە هەموو شوێنێک زیاتر بە خۆیەوە خەریک کردوە. 6000 چەکداری شیعە کە پتریان خەڵکی ئێراقن، لەوێ کۆبوونەوە بۆ گرتنەوەی ڕۆژئاوای شار کە بە دەست شەڕکەرانی دژی ڕیژیمە، کە ئەویش لەوانەیە  هاوکات دەگەڵ گرتنەوەی موسڵ دا دەست پێبکا.

ئەوانەی لە نزیکەوە سرنجیان داوەتە قاسم  سولەیمانی کاتێک بەرەکانی شەڕ لە سوریە و ئێڕاق چاوەدێری دەکا، یان لە کۆبوونەوەی دەمیشق و بەغدا دیوایانە کە تێ دا پڕۆژەکانی دەسەڵاتی مەزنی خۆی  بە شێوەیەکی ئارام سەنگ و سووک دەکا، دەڵێن هەموو شتێکی لە سوریە دا بە سەرمایە داناوە کە ئەوەی دەستەبەر بکا، ئێران لە شەڕێکی بێبەزێیانە  و گران بە بەرزەفڕییەکی زیادەترەوە دەرباز بێ. بە گوێرەی گۆڤاری ئۆبزێرڤێر سولەیمانی لە ساڵی 2014 دا بە سیاسەتمەداری ئێراقی ئەحمەد چەلبی کوتووە کە ”ئەگەر ئێمە سوریە لە دەست بدەین، تارانیش لە دەست دەدەین. ئێمە هەموو ئەم بەلبەشۆیە بۆ دەرفەت دەگۆازینەوە.”

ئەمن کردنی باری ئالێپۆ قاچێکی گرینگە لەو داڵانە دا کە دوو گوندان بەرەو باکوور دەبوێرێ کە لە ئاست مێژووییەوە لە دەست شیعەکان دا بووە. لەوێوە، کاربەدەستێکی پایەبەرزی سوریە و هەروەها کاربەدەستانی ئێراقی لە بەغدا دەڵێن،  ئەم ڕێگەیە بەرەو کەنارەکانی چوارەمین شاری سوریە. حومس، هەڵدەکشێ و پاشانیش بە ناو دڵی ناوچەی عەلەوییەکانی سوریە دا بۆ لای باکوور دەچێ کە، ماوەی ساڵێکە هێزی هەوایی روسیا دیسان بۆ ئەسەدی ئەمن کردوەتەوە. ئەو ڕێگەیەی ئێران بە دژواری وەدەستی خستوە لە لەنگەرگەی لاتاکیە کە بە درێژایی شەڕ هەر لە دەستی رژیمی ئەسە دا بووە، کۆتایی پێدێ.

عەلی خدری کە گشت سەفیرەکانی ئەمریکا و چوار فەرماندەری ناوەندی فەرماندەیی ئێراقی لە ساڵی 11-2003 ڕاوێژ داوە، کوتی ئەمن کردنی هێڵێکی دەریای ناوەڕاست لە ئێران وەک سەرکەوتنێکی ستراتێژیک چاو لێ دەکردرێ. ئەو دەڵێ ”ئەوە بە مانای قورس و قایم کردنی کونترۆڵی ئێران بە سەر ئێراق و شامە کە  ئەوەش بە نۆرەی خۆی تەئییدی هێژمۆنی بەرزەفڕییەکانی ناوچەیی ئێرانە. ئەوە دەبوایە هەر ڕێبەرێکی ڕۆژئاوا و هاوپەیمانەکانی ناوچەمانی نیگەران کردبا، چونکوو ئەوە بیچگە لەوەی کە ئێران پتر هان دەدا کە درێژە بە پەلهاوێژی خۆی بدا، لەوانەیە هەنگاوی دوایە وڵاتانی کەنداو بێ، ئامانجێکی کە جار دەگەڵ جار جەختیان کردوەتە سەر. بۆچی ئێمە دەبێ چاوەڕانی ئەوە بین کە ئەوان دەست لەو کارەیان هەڵگرن کاتێک کە بە ماوەی دەیان ساڵە ئەوان لە قومارخانەن و پارەکەیان دوو قات و دیسان دوو قات دەکەنەوە؟”


Ghasem98@hotmail.com

وەرگێڕانی ئازاد لە ئینگلیسییەوە: قاسم رەیانی، 16.10.16،

سەرچاوە:

www.guardian.com

سەرچاوە: